(کوردناسی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت)
هۆشه‌نگ ساڵح نه‌جاڕ
په‌یوه‌ندی كورد به‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌تایبه‌ت له دوای شۆرشی ئۆكتۆبه‌ر كه له لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردناسییدا ره‌نگی دایه‌وه ده‌كرێ له‌م لایەنانەی خواره‌وه كورتی بكه‌ینه‌وه:
1-هۆكاره‌كانی كه‌له‌پێشدا كوردی له ڕووسیا نزیك كردبۆوه، وه‌ك نزیكی سنوور‌و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری و پێویستی كورد به ڕووسیا وه‌ك ولاتێكی گرنگی ناوچه‌كه‌و پێویستی ڕووسیا به‌كورد له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خۆیدا.
2- له‌دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دروست بوو، جارێكی تر وه‌ك زلهێزێك ده‌ركه‌وته‌وه، كه یه‌كێك له دروشمه‌كانی بریتی‌بوو له پاڵپشتی هه‌موو بزاڤێكی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی له جیهاندا، كوردیش خاوه‌ن بزاڤێكی له‌و شێوه‌یه‌بوو بۆیه له سۆنگه‌ی ئه‌و دروشمه‌وه گرنگ بوو له‌یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نزیك بێته‌وه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پالپشتی ڕاسته‌وخۆی بزاڤه چه‌په‌كانی جیهانی ده‌كرد، كه‌له‌ناو كوردیشدا لایه‌نگرانی ئه‌و بزاڤه هه‌بوون.
3-بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له ناوچه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌وا له قۆناخه جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌ت (كورده‌كانی باكوور-توركیا) له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا له‌ئه‌نجامی جه‌نگه‌كانی ڕووس و عوسمانی له نێوان سالانی 1920-1930 كۆچیان كردبوو له جۆرجیا‌و ئازه‌ربێجان و ئه‌رمینیا و ناوچه‌كانی تری وه‌ك مۆسكۆ‌و لینینگرادو ئاسیای ناوه‌ڕاست نیشته‌جێبوون.
4- له زۆر قۆناغی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورددا، كورده‌كان هه‌وڵیان داوه، یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بكه‌نه په‌ناگه‌یه‌ك بۆ درێژه‌دان به خه‌باتی سیاسی، دیارترینیان له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م دوای هەرەسی كۆماری مه‌هاباد، چوونی مسته‌فا بارزانی و هاوڕێكانی بوون له ساڵی 1947دا، کە دوای په‌ڕینه‌وه‌یان له ڕووباری ئاراس گه‌یشتنه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و له‌وێش به‌سه‌ر ناوچهكانییدا دابه‌ش كران.
ناوه‌نده‌كانی كه بایه‌خیان به كوردناسی داوه:
هه‌رله‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی ڕووسیاوه تا سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌ت چه‌ند ناوه‌ندێك بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ی بابه‌تی ڕۆژهه‌لاتناسی و كوردناسی ده‌ركه‌وتن، ده‌وڵه‌تیش كه‌وته پشتگیری و هاوكارییان له پێناو به‌دیهاتنی ئامانجه‌كانی له هه‌موو ڕووهكانییهوه، وه‌ك به‌شی ڕۆژهه‌لاتناسی ئه‌كادیمیای مۆسكۆ‌و پهترسبۆرگ (لینیگرادی دواتر) ئه‌مه وێڕای ناوه‌نده سیاسییه‌كانی وه‌ك قۆنسولگهری و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان.
له دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917 ئه‌م بایه‌خپێدانه زیاتر له جاران په‌ره‌ی سه‌ند، جگه له ناوه‌نده‌كانی ڕۆژهه‌لاتناسی و به‌شی كوردی له مۆسكۆ‌و لینینگراد، هه‌ردوو شاری یه‌ریڤانی ئه‌رمینیاو باكۆی ئازه‌ربێجان بوونه دوو ناوه‌ندی گرنگی بایه‌خدان به بواری کوردناسی. له یه‌ریڤان وێڕای كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی كوردی هه‌رله سالی 1928ه‌وه، لێكۆلینه‌وه‌ی كوردناسی بایه‌خی تایبه‌تی وه‌رگرت، ته‌نانه‌ت له ساڵی 1958دا به‌شی كوردی له ده‌زگای رۆژهه‌لاتناسی كۆری زانیاری ئه‌رمه‌نستاندا كرایه‌وه، وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی پێده‌كات له نیوان سالانی (1923-1929) بۆ یه‌كه‌م جار په‌خشی كوردیی ڕادیۆ له قه‌فقازدا ده‌ركه‌وت، هه‌روه‌ها له (1ی كانوونی دووه‌می 1955) به‌فه‌رمی به‌شی كوردی له ڕادیۆی یه‌ریڤان كراوه‌ته‌وه، (جاسمێ جه‌لیل) كه یه‌كه‌م به‌رپرسی ئه‌م به‌شه بووه، كه هه‌فتانه بۆ ماوه‌ی (45) خولهك به‌رنامه‌كانی خۆی به زمانی كوردی په‌خش كردووه، له دوای سهرانیكردنی مسته‌فا بارزانی (كه ئه‌وكاته له سۆڤیه‌ت بوو) بۆ ڕادیۆكه، پێشنیاری زیادكردنی په‌خشی ڕادیۆكه‌ی دایه ده‌وڵه‌ت و به‌مه‌ش ماوه‌ی په‌خشه‌كه‌ی كرایه (سه‌عات و نیوێك) له هه‌فته‌یه‌كدا، هه‌رله یه‌ریڤان له ساڵی 1930دا یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی ڕێیا تازه ئۆرگانی پارتی كۆمۆنیستی ئه‌رمه‌نستانی به پیتی لاتینی بلاوکرایەوە، ئه‌م ڕۆژنامه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و بزاڤی ڕۆشنبیری كوردی له سۆڤیه‌ت دروستكرد، پاشان له ساڵی 1938دا لە دەرچوون وەستاو ساڵی 1955 جارێكی تر به پیتی ڕووسی-سلاڤی بلاوکرایەوە، له لێنینگرادیش هه‌ردوو كتێبخانه‌ی سالیكۆڤ و كتێبخانه‌ی په‌یمانگای ڕۆژهه‌لاتناسی له (لینینگراد) گه‌لێ ده‌ستنووسی كوردیان تێدا هه‌ڵگیراوه، هه‌روه‌ها په‌یمانگای رۆژهه‌لاتناسی له باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربێجان پێگه‌یه‌كی دیكه‌ی دیاری بواری كوردناسی یه‌كێتی سۆڤیه‌ته.
ببلۆگرافیای كوردناسان و به‌رهه‌می كوردناسان:
سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی كوردناسی له ڕووسیا بۆ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌م ده‌گرێته‌وه، ئیتر لێره‌وه تاسه‌ده‌ی نۆزده‌م و سه‌ده‌ی بیسته‌م ناوی گه‌لێ كوردناسی ڕووسی و سۆڤیهتیمان به‌ر گوێ ده‌كه‌وێ، كه به لێكۆلینه‌وه‌كانیان خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی بواری کوردناسیان كردووه، له‌وانه‌ش وه‌ك: ڤ.دیتێل و خ.ئایۆڤیان و ئی.بیریزین و پ.لێرخ و ئه‌لكسنده‌ر ژاپاو ڤیلیامینۆڤ و یهگیزارۆڤ و گەردلێڤسکی و ینۆرسكی و ڤاسیل نیكیتین …ئه‌گه‌ر زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م بكه‌ینه‌وه به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ی كوردناسی له‌لایه‌ن كوردناسانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت زیاتر له جاران په‌ره‌ی سه‌ند، له ئه‌رمه‌نستان (خاچادۆریان و ئاكۆبۆڤ) له لینینگراد (ئۆربیلی و ستۆكهرمان) كه ئه‌وه‌ی دواییان له ساڵی (1962) رێزمانی كوردی بلاو كرده‌وه، هه‌روه‌ها ژ.س.مۆسیلیان ساڵی (1963) ببلۆگرافیای كوردناسانی بلاو كرده‌وه، هه‌روه‌ها ڤیلچیسڤكی گه‌لێ وتاری ده‌رباره‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی بلاوكرده‌وه، هه‌روه‌ها ئی.تا.سمیرنۆڤا ساڵی (1968) به‌رهه‌مێكی به‌ناوی (دیالێكتی كوردی) به‌هاوكاری كه‌ریم ئه‌یوبی بلاوكرده‌وه، له مۆسكۆش هه‌ریه‌ك له خالفین و م.س.لازاریڤ كه له په‌یمانگای رۆژهه‌لاتناسی مۆسكۆ بوون، كاری گه‌وره‌یان سه‌باره‌ت به‌كورد كردووه، خالفین سالی (1963) كتێبێكی به‌ناوی (ململانێ له‌سه‌ر كوردستان)ی بلاوكرده‌وه، لازاریڤیش له ساڵی (1964) كوردستان و مه‌سه‌له‌ی كوردی بلاو كرده‌وه، ئه‌مه جگه له به‌رهه‌می كوردناسانی وه‌ك میللهرو باكاییف و فاریزۆڤ و تسابۆلۆڤ.
سه‌باره‌ت به كوردناسانی كوردی سۆڤیه‌تی ئه‌وانیش به‌شداری كارایان له ناوه‌نده زانستی و ئه‌كادیمی و ڕۆشنبیرییه‌كانی رۆژهه‌لاتناسی و كوردناسی سۆڤیه‌تدا كردووه، له یه‌ریڤان (حاجی جوندی) ده‌ركه‌وتووه، كه‌وا وێڕای كاركردنی له ڕادیۆی یه‌ریڤان و رۆژنامه‌ی رێیا تازه گه‌لێ به‌رهه‌می نایابی ده‌رباره‌ی كوردناسی به‌چاپ گه‌یاندووه، ئه‌مه ویرای كاركردنی له ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كانی مۆسكۆ‌و یه‌ریڤان هه‌ر له سالانی سییه‌كانه‌وه تا هه‌فتاكان. (ئه‌مینی عەڤدال)یش سالی (1948) كتیبیك به ناوی ئافره‌تی كورد چاپ ده‌كات، ویرای هه‌ردوو كتیبی (ئهتنۆگرافیاو فلكلۆری كوردی) له ساڵی (1952)دا، هه‌روه‌ها كتیبی (نه‌ریتی كوردی پشت قه‌فقاس)ی سالی (1952)، له ساڵی (1964)دا (ئۆردیخانی جه‌لیل) (چوارینه‌ی فۆلكلۆری كوردی) بلاوده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها (خالیدی چه‌تۆ) كه دواتر بووه سه‌رۆكی به‌شی كوردی په‌یمانگای رۆژهه‌لاتناسی ئه‌رمینیا، له شه‌ست و هه‌فتاكاندا چه‌ند نووسراوێكی له‌سه‌ر كوردانی ئه‌رمه‌نستاندا بلاوكرده‌وه، ئه‌مه وێرای زۆری تری وه‌ك (شاكرۆ خدۆی و خالید مرادوف و جلیلی جلیل) له (لینینگراد)یش گه‌لێ ڕۆشنبیری كوردی وه‌ك (عه‌ره‌بی شهمۆو قه‌ناتی كوردۆ) ده‌ستیان به چالاكی كوردناسی کرد، قه‌ناتی كوردۆ له سالی (1960)دا فه‌رهه‌نگی كوردی له مۆسكۆ چاپ ده‌كات، عه‌ره‌بی شه‌مۆ (1897-1978) یه‌كێكه له ناوه دیاره‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، چیرۆك و رۆمان و لیكۆلێنهوهكانی شوێنێكی دیاریان له بزاڤی ئه‌ده‌بی و كوردناسییدا گرتووه، یه‌كێك له رۆمانه دیاره‌كانی (قه‌لای دمدم)ه، كه‌وا له ساڵی 1966دا له مۆسكۆ بلاوی كرده‌وه. له مۆسكۆدا لێكۆڵه‌رێكی وه‌ك (چه‌ركه‌زی به‌كۆ) ده‌ركه‌وت كه‌وا له نێوان سالانی (1957-1965) دوو كتێبی سه‌باره‌ت به فه‌رهه‌نگی كوردی-ڕووسی و زمانی كورده‌كانی ئازه‌ربێجان بلاوكرده‌وه، كه له نووسیندا ناسناوی (باكاییف)ی به‌كارهێناوه.
سه‌باره‌ت به كورده‌كانی پارچه‌كانی كوردستان كه به‌هۆی خوێندن و باری سیاسی ڕوویان كردبووه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، توانیان به توێژینه‌وه‌كانیان و چالاكییه‌كانیان كاریگه‌ریێكی گه‌وره له‌سه‌ر پێشخستنی بواری کوردناسییدا دروست بكه‌ن، له كوردستانی عێراقدا به‌تایبه‌ت له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ده‌یان كوردی ئه‌و پارچه‌یه به هۆكاری سیاسی و زانستی ڕوویان له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كردبوو، مسته‌فا بارزانی و هاوه‌لانی له دوای نیشته‌جێبوونیان له ناوچه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت (1947-1958) به‌شداری كارایان له‌و بواره‌دا هه‌بوو، هه‌روه‌ها له بواری خوێندنیشدا ده‌یان گه‌نجی ئه‌و پارچه‌یه بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ئه‌كادیمی ڕوویان له سۆڤیه‌ت كرد، كه توێژینه‌وه‌كانیان بووه هه‌وڵێكی زیندووی په‌ره‌پێدانی بواری كوردناسی له‌وانه‌ش وه‌ك: مارف خه‌زنه‌دارو ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف و كه‌مال مهزههرو عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوول و كاوس قه‌فتان و ئه‌حمه‌د عوسمان ئه‌بوبه‌كرو كوردستان موكریانی و شوكریه ره‌سوول و جه‌مشید حه‌یده‌ری و عه‌بدوللا په‌شێوو ره‌شاد میران و جه‌رجیس حه‌سه‌ن و ئیبراهیم عهزیزو حسێن بارزانی و ئه‌نوه‌ر قادر‌و جه‌بار قادر‌و كه‌مال عه‌لی و فاروق عومه‌رو دلێر شاوێس، له كوردستانی ئێرانیشدا گه‌لێ نووسه‌رو بیرمه‌ندی وه‌ك عه‌زیز شه‌مزینی و ره‌حیمی قازی و عه‌بدولره‌حمان قاسملۆو عه‌لی گه‌لاوێژ، له به‌شی كوردستانی سوریاشدا به‌شیر سه‌بری ره‌سوول و عومه‌ر حهسۆو ئیسماعیل حه‌ساف، كه به هه‌موویان بوونه بنه‌مایه‌كی دیاری بواری كوردناسی، كه پێگه‌كه‌ی له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو.
سه‌رچاوه‌كان:
1-د.ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، له ربارهی كوردناسییهوه له ڕووسیاو یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، گۆڤاری كۆری زانیاری كورد، به‌رگی 2، به‌شی 1، 1974.
2.-د.اسماعيل حصاف، عرض بيبلوغرافي للمسيرة العلمية لنخبة من الباحثين في الكوردولوجيا السوفياتية خلال سنوات (1959-1990)، مجله الاكاديمي، ع:16، 2010.
3-وزيري اشو، دوسية البارزاني في محفظة ستالين الفولاذية، ت: د.اسماعيل حصاف، اربيل، 2008.
4-د.كه‌مال مه‌زهه‌ر، مێژوو، به‌غدا، 1983.