بەپێی بەلگەنامەیەكی نهێنی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیی كە مێژووی نووسینی بۆ 8-10-1930 دەگەڕێتەوە و لە 10-10-1930 سادیرە كراوە، ئەوا چەندین ڕەهەندی سیخوڕیی و ڕێنیشاندەری سیاسیی ئینگلیزەكان بۆ دەسەلاتدارانی عەرەبی عێراقی تازە درووستكراو ئەسەلمێنێت لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەل جوولانەوەی باشوری كوردستان.
(كە لەو كاتەدا عێراق لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، هێشتا نەبوو بووە ئەندامی كۆمەلەی گەلان، كە جوگرافیایەكی نوێی تێكەڵكێش كراوبوو لە دەرەنجامی رێكەوتنی سایكس-بیكۆوە هاتبووە درووستكردن، ناویشی لێنرابوو دەولەتی عێراق!).
بەڵگەنامەكە لە دوو پەڕە پێكدێت و تەواو نهێنییە و ژمارەكەشی (پ.ن.225)ە. لەلایەن جەنەرالی ناوداری هێزی ئاسمانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیی (ڕۆبەرت برۆكی پۆپهام)ەوە بۆ نوری سەعیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نێردراوە.
شیاوی ئاماژەیە جەنەرال ڕۆبەرت برۆكی یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی هێزی ئاسمانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیی و لە بیستەكان تا سەرەتای سییەكانی سەدەی بیست ئەوا فەرماندەی گشتی هێزەكانی بەریتانیا بووە لە ولاتی تازەدروستكراوی عێراق و خودی خۆشی فڕۆكەوانی جەنگیش بووە، دوای ساڵی 1935 یش كراوەتە فەرماندەی گشتی هێزەكانی بەریتانیا لە خۆرهەلاتی ناوەراست و دواتریش بووەتە حاكمی بەریتانیا لە ولاتی كینیا دا.
كاتێك ئەم جەنەراڵە لە عێراق دا هەمەكارە بووە، ئەوا بە ناوەڕۆكی نامە نهێنییەكەیدا كە بۆ نوری سەعیدی سەرۆك وەزیری عێراقی ناردووە ئەسەلمێت كە خودی شێخ مەحموود بە وردی زانیویەتی كە ئەم جەنەراڵە یەكێكە لە دەستڕۆیشتووترین فەرماندەكانی بەریتانیا، هەربۆیە شێخ مەحموود بەنھینییەوە نامەیەك بۆ جەنەرال ڕۆبەرت برۆكی دەنێرێت و داخوازی مافە نەتەوەییەكانی كوردی بۆ دەخاتەڕوو، بەلام ئەم جەنەراڵەی ئینگلیز لە بری ئەوەی ڕاستەوخۆ وەڵامی نامەكەی شێخ مەحموود بداتەوە، كەچی نامەیەكی نهێنی ئاراستەی نوری سەعیدی سەرۆك وەزیری عێراق دەكات و چۆنیەتی لە خشتەبردنی كوردی بۆ ڕووندەكاتەوە!!
لە ناوەڕۆكی نامە نهێنییەكەی ئەم جەنەراڵەدا تەقدیرگرتن و ڕێزلێ گرتنێكی ڕوونی تێدایە بۆ نوری سەعید و بە سەرۆك وەزیری خاوەن پایە ناوی دەبات!! دەتوانرێ بەم ڕەهەندانەی خوارەوە لێكدانەوەی سیاسیی بۆ نامە نهێنیەكە بكرێ، كە لە سەرەتادا دێینە سەر باسی ڕەنگدانەوەی سیخوڕیكردنی ئینگلیزەكان بۆ دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراقی لە نامە نهێنییەكەدا.
1-لە سەرەتای نامەكەدا جەنەرالەكەی ئینگلیز بۆ نوری سەعیدی سەرۆك وەزیری عێراقی تازە درووستكراو ڕوونی دەكاتەوە كه: ناوبراو نامەیەكی لەلایەن شێخ مەحموودەوە بە نهێنی پێ گەشتووە و شێخ مەحموود داوای دابینكردنی مافەكانی كوردی لێ كردووە. هەربۆیە كۆپییەك لەو نامە نهێنییەی كە شێخ مەحموود بۆی ناردووە ئەوا بۆ نوری سەعیدی دەنێرێت، كە ئەمەش سیخوڕایەتی ئینگلیزەكان بۆ دەسەلاتدارانی عەرەبی عێراق و بڕوانەبوونیان بە مافەكانی كورد ئەسەلمێنێت!! هەرچەندە تا مانگی 10 ی ساڵی 1930 كۆتایی بە حكوومەتەكانی شێخ مەحموود هێنرابوو، بەلام ئەم نامەیە ئەیسەلمێنێت كە شێخ مەحموود دواتریش بە هەر ڕێگایەك بۆی لوابێت درێخی نەكردووە لە تێكۆشان بۆ مافە ڕەواكانی نەتەوەكەی.
2-لە بەشێكی تری نامەكەیدا، جەنەراڵەكەی ئینگلیز بۆ نوری سەعید دەنووسێت: من نامەوێت وەڵامی نامەكەی شێخ مەحموود بدەمەوە! هەتا ئەو كاتە نەبێت كە ئێمە دڵنیادەبین لەوەی كە شێخ مەحموود لە ولاتی پارس دەگەڕێتەوە، كاتێكیش شێخ مەحموود گەڕاشەوە لە وڵاتی پارس، ئەوا من وەلامی نادەمەوە بەلكوو پێویستە بەڕێز فرانسیس وەڵامی بداتەوە نەك من!!
(شیاوی ئاماژەیە تا ئەو كاتەش لە نووسراوە فەرمییەكان بە ئێران وتراوە ولاتی پارس – دواتر ڕەزا شا گۆڕیی و لە ژێر ئایدیای فاشیستی پان-فارسیزم دا كردیە ولاتی ئێرن!).
3-جەنەرال ڕۆبەرت برۆكی داوا لە نوری سەعید دەكات كە هەر پێشنیار و سەرنجێكی هەیە لە بارەی وەلامی ئەو نامە نهێنیەی شێخ مەحموود، ئەوا بۆ ئەوانی بنێرێت بۆ ئەوەی وەڵامەكان ئامادەبن و دواتر (سێر فرانسیس) وەڵامی شێخ مەحموودی پێ بداتەوە.
4-پاشان جەنەراڵ ڕۆبەرت برۆكی بە نوری سەعید ڕادەگەیەنێت كە وەڵامدانەوەی شێخ مەحموود دەبێت لە چوارچێوەی ئەم تەوەرانەی لای خوارەوە دا بێت.
ێ- دەبێت بە شێخ مەحموود ڕابگەیەنرێت كە: ئەمان هیچ ڕاسپاردەیەكیان نەبووە بۆ ئەوەی كردەوەی بێ-بەزەییانه و مامەڵەی خراپ لە سلێمانیدا ئەنجام بدرێت، بۆ نموونە ئەوانەشی كە بوونەتە قوربانی ئەوا هۆكارەكەی مامەڵەكردنێك بووە لە دەرەوەی فەرمانپێكردنی ئەمانەوە سەرچاوەی گرتووە لە ڕوبەڕوبوونەوە دژ بە ئاپۆڕای جەماوەری سلێمانی.
(كەوابوو ئەمە ساغی دەكاتەوە كە ئینگلیزەكان دەسەلاتدارانی عەرەبی عێراقیان فێركردووە كە چۆن كورد داپلۆسێنن و چۆنیش خۆیان لە بەرپرسیارێتییەكەی بێ-بەری بكەن، ئەم نامه نهێنیە كە وەك ئاماژەی بۆ كرا كە لە 8-10-1930 دا نووسراوە و پێشتریش ئەم جەنەراڵە نامەی شێخ مەحموودی پێ گەشتووه، ئەوا دەسەلمێت كە لە نامەكەی شێخ مەحموود دا باسی كشتوبڕی ئاپۆڕای خۆپیشاندەری خەلكی سلێمانی كراوە لە لایەن ئینگلیزەكانەوە لە بەرواری 6-9-1930 كە بە ڕۆژی شەشی ئەیلوول لە مێژووی كورد دا تۆماركراوە).
ب- دەبێت لە وەڵامەكەدا سەرنجی كوردەكان بۆ ئەوە ڕابكێشرێت كە: چەندین بڕیار دراوە بۆ پێدانی كۆمەڵە مافێك بە كورد، وەكوو: دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی یاریدەدەر بۆ كاروباری كوردان، دامەزراندنی فەرمانگەی وەرگێڕان، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی خوێندنی كوردی و هەروەها گەڵاڵەیەكی سەرەتایمان داڕشتووە بۆ ئەوەی زمانی كوردیش ببێتە زمانی یاسایی لە وڵات دا.
ج- دەبێت لە وەلامەكەدا بۆ شێخ مەحموود ئاماژە بەوەش بكرێت كە لە ساڵانی ڕابردوو دا عەرەب و كورد پێكەوە بەباشی ژیاون و كوردەكان پێویستە پێشوازی لە ژیانێكی دۆستانە بكەن لەگەڵ نەتەوەیەكدا كە زمانەكەیان زمانی قورئانە.
(بە پێی ئەم بۆچوونەی سەرەوەی جەنەراڵە ئینگلیزەكە بێت، ئەوا جەنەراڵە ئینگلیزەكە زۆربەباشی ویستوویەتی كەڵك لە سۆزی ئاینی كورد وەرگرێت و بە بیانووی برایەتیی ئاینییەوه ئەوا عەرەب و كورد پێكەوە لە وڵاتی عێراقی تازەدرووستكراو دا بئاڵێنێت! كەوابوو ئینگلیزەكان زۆربەباشی خوێندنەوەی كۆمەڵناسی-سیاسییان بۆ زۆرێك لە باوەڕ و سۆزی تاكەكانی كورد هەبووە لەو سەردەمەدا و، زانیویانە كە لە ڕێی پڕوپاگەندەی برایەتی ئاینیەوە ئەوا ئەتوانن بە شێوەیەكی ڕێژەیش بێت سۆزی هەندێك كورد بۆ پێكەوەژیان لەگەڵ عەرەب دا یەكبخەن!).
د- دەبێت لە وەڵامەكەدا سەرنج بۆ گووتارێكی لاوە كوردەكانی سلێمانیش بخرێتەڕوو، بەتایبەت ئەم ڕستەیە ئاماژەی پێ بكرێت كە: حكوومەتی بەریتانیی هیچ چالاكییەك پەسەند ناكات، كە خواستی جیابوونەوەی كوردانی هەبێت.
(كەوابوو بە پێی ئەم خاڵەش بێت ئەوا لەو كاتەدا و بەتایبەت لە ڕێپێوانی 6-9-1930 ی خەڵكی سلێمانیدا، ئەوا گوتار و داخوازی لاوانی سلێمانی سەربەخۆیی كوردستان بووە، بۆیە جەنەرالە ئینگلیزەكە بە پێویستی زانیووە لەم خاڵەی سەرەوەشدا بە ڕوونی دژایەتی كردنی دەولەتی بەریتانیا لە هەمبەر داخوازی سەربەخۆیی لەلایەن كوردەوە ئاماژە بۆ بكات.
و- دەبێت لە وەڵامەكە بۆ شێخ مەحموود ئاماژە بەوەش بكرێت كە: ئەوە خەونێكی باش نییە كە داوای سەربەخۆیی بكرێت، بەڵكوو خۆشگووزەرانی بۆ كورد لە پێشوازیكردنیان دایە بۆ بەردەوامی ژیان لە ناو عێراق دا و، تاكە هیوا بۆ بووژانەوەی ئابوریی و ئاسودەیی بۆ كوردەكان ئەوا كاركردنیانە لەگەڵ حكوومەتی عێراق دا، نەك ئەوەی دژایەتی بكەن!
ئیمزا
ڕۆبەرت برۆكی پۆپهام