سه‌رده‌می كه‌ونارا
كورد كه ئه‌وڕۆ گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ نیشتمانی سه‌ر گۆی زه‌وییه یه‌كێك له كۆنترین نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێزیك و ناوه‌ڕاسته. سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناخی مێژوو. به‌ڵگه زانستییه‌كان پیشان ده‌ده‌ن كه كوردستانیش مێژینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كانگه‌ی كه‌ونارایه‌كی هه‌ره كۆن و دێرین.
له چاخی به‌سته‌ڵه‌كدا كه نێزیكه‌ی نیو میلیۆن ساڵ پێش له ئێسته ڕووی دا و نزیكه‌ی 20.000 ساڵ پێش له زایین كۆتایی هات زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكای باكووری داپۆشرابوون له سه‌هۆڵ. ئه‌و ده‌مه ناوچه بیابانی و چۆڵهوانییهكانی ئه‌فریقا و مه‌ڵبه‌نده وشكه عه‌ره‌بییه‌كان كه‌شێكی مامناوه‌ندییان هه‌بوو. كوردستانیش كه‌ش و ئاووهه‌وایه‌كی بارانی و مامناوه‌ندیی هه‌بوو.
ئاده‌میزادی دێرین په‌نای ده‌برده به‌ر ئه‌شكه‌وته‌كان بۆ زنج و ده‌شته‌كان بۆ ڕاوگه و له ڕێی ڕاوه‌وه ژیانی خۆی ده‌برده سه‌ر. بۆیه ناچار ده‌بێ ئامێری له‌بار دروست بكا كه له كاتی ڕاودا به‌كاری بێنێ. له پێشدا به‌ردی تیژ و پاشان ئێسقانی به‌كار ده‌هێنا و به‌ره‌به‌ره ئامێری نوێی ساز كرد.
به‌م قۆناغه‌ی مێژوو ده‌وترێ شارستانییه‌تی به‌ردی كۆن.
چاخی به‌ردین وا دابه‌ش ده‌كه‌ن:
1 ـ به‌ردی كۆن: ئه‌م چاخه نزیكه‌ی 350 هه‌زار ساڵی خایاند. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌وری به‌ردین و به‌ردی تیژ ساز كرا. له‌م چاخه‌یه كه ده‌وترێ مرۆڤ شێوازی له مه‌یموون ده‌چوو. پاشماوه‌ی ئه‌م شارستانییه‌ته له یه‌ك كیلۆمه‌تریی شاری چه‌مچه‌ماڵ (له ساڵی 1949دا) له ناوچه‌یه‌ك به ناوی «به‌رده‌به‌ڵه‌ك» دۆزراوه‌ته‌وه.
2 ـ به‌ردی ناوه‌ڕاست: له‌م ده‌ورانه‌دا مرۆڤی «نیانده‌رتال» به‌دی هات كه له ئه‌شكه‌وته‌كاندا ده‌ژیان. پاشماوه‌ی ئه‌م مرۆڤ و شارستانییه‌ته له چیاكانی كوردستان له ئه‌شكه‌وتی «شانه‌ده‌ر» دۆزراوه‌ته‌وه كه ده‌كه‌وێته باشووری چیای «برادۆست»ه‌وه كه زاڵه به‌سه‌ر ڕووباری «زابی گه‌وره» و زۆر له شاری «ڕه‌واندز»ه‌وه دوور نییه. ئه‌و ئه‌شكه‌وته چوار قات بوو.
له قاتی چواره‌مدا ئاگردان و خۆڵه‌مێشی تێكه‌ڵ به ئێسقان دۆزراوه‌ته‌وه كه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ ئاگری ناسیوه. هه‌روه‌ها ته‌ور و ڕنه و ئامێری كونكردن له جنسی به‌رد و ئێسقانی مرۆڤی نیانده‌رتال دۆزراوه‌ته‌وه. ئه‌م قاته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌فتا هه‌زار ساڵ پێش له ئێسته.
له قاتی سێهه‌مدا به‌ردی چه‌خماخ ده‌بینرێ كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاخی به‌ردی نوێ. مێژینه‌ی ئه‌م قاته هی نزیكه‌ی 3.000 ساڵ پێشه و به «پیشه‌سازیی برادۆست» به‌ناوبانگه.
له قاتی دووه‌مدا هه‌ندێ ئامێری چاخی به‌ردی ناوه‌ڕاست وه‌ك چه‌قۆ، ڕنه، گورزی به‌ردی ده‌بینرێ. هه‌ڵبه‌ت نموونه‌ی ئه‌م ئاسه‌وارانه له هه‌ندێ شوێنی تر وه‌ك نزیكه‌ی سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ و ڕه‌واندز و بێستوون و باكووری كوردستانیش دۆزراوه‌ته‌وه.
له قاتی یه‌كه‌مدا پاشماوه‌ی وا دۆزراوه‌ته‌وه كه نیشان ده‌دا مرۆڤ ئامێری نوێتر و جۆربهجۆرتری له به‌رد ساز كردووه.
3 ـ به‌ردی نوێ: ده‌ستپێكی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 35.000 ساڵ پێش. له‌م چاخه‌دا، له به‌رد و ئێسقانی قۆچ و عاجی فیل هه‌ندێ ئامێری پێشكه‌وتووتر ساز كرا. به مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌وترێ «هوموساپینس» و به شارستانییه‌ته‌كه‌ی ده‌ڵێن «كرومانیۆن».
لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی مێژینه‌ناسی پیشانیان داوه كه ناوچه‌ی كوردستان له چاخی به‌رددا جێگه‌ی ژیانی مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كان بووه.
كشتوكاڵ
مرۆڤی دانیشتووی كوردستان 3500 ساڵ زووتر له ئه‌ورووپا بۆ یه‌كه‌م جار قۆناغی ڕاوی تێپه‌ڕاند و هاته قۆناغی كشتوكاڵه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه كوردستان كه‌شێكی له‌باری بۆ سه‌وزبوونی گه‌نمی خۆڕسك هه‌بووه ئاده‌میزاد نزیكه‌ی10.000 ساڵ پێش له كوردستاندا هاتووه‌ته قۆناغی كشتوكاڵه‌وه. هه‌ندێ شوێنه‌وار و به‌تایبه‌ت چوار شوێنی گرنگی مێژینه‌یی كه له كوردستاندا دۆزراونه‌ته‌وه ئه‌م ڕاستییه ده‌سه‌لمێنن:
1 ـ شانه‌ده‌ر له نزیكی ڕه‌واندز. ته‌ور و به‌ردی تیژ، ئامێری پێش له كشتوكاڵی تیا دۆزراوه‌ته‌وه.
2 ـ كه‌ریم شار له نزیكی چه‌مچه‌ماڵ. قوڵنگی به‌ردین، ته‌ور و به‌ردی داتاشراو، ئامێری پێش له كشتوكاڵ.
3 ـ مه‌لفات له نێوان ڕێگه‌ی كه‌ركووك ـ هه‌ولێر. هه‌ندێ ئامێری له به‌رد داتاشراو و داس دۆزراوه‌ته‌وه. لێره ئه‌و ئامێرانه ده‌ستپێكی قۆناغی كشتوكاڵ نیشان ده‌ده‌ن.
3 ـ چه‌رمۆ له نزیكی چه‌مچه‌ماڵ له باشووری كوردستاندا. دوانزه قات شارستانییه‌ت دۆزراوه‌ته‌وه بۆ نموونه: جامۆڵكه‌ی له قوڕ بر‌ژاو، په‌یكه‌ری گڵیی گیانله‌به‌ران و سه‌ره‌تاییترین ئامێری چنین، ڕاده‌یه‌ك گه‌نم و جۆی ڕه‌ق بووه‌وه، ئێسقانی ئاژه‌ڵ كه نیشانده‌ری ئاژه‌ڵداریی مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه، په‌یكه‌ری گڵینی ژنێكی دووگیان.
به پێی زانیاریی و ئاگاداریی شوێنه‌وارناسان گوندی چه‌رمۆ 6700 ساڵ پێش له زایین ئاوا كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه كۆنترین گونده كه له جیهاندا ئاوا كراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها شوێنه‌وارناسانی ئه‌مریكی و ئه‌ڵمانی و تورك له ساڵی 1985دا له ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی ئه‌رخه‌نی، له دیاربه‌كر ماڵێكیان له بنی زه‌وی دۆزییه‌وه كه 9000 ساڵ كۆنه.
به‌مجۆره به‌ڵگه‌كان پیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه ئاده‌میزادی دێرین كوردستانی بۆ ژیان هه‌ڵبژاردووه و له كاتی سه‌رما و سۆڵه‌دا په‌نای بردووه‌ته ئه‌شكه‌وته‌كانی و له وه‌رزه لهبارهكاندا داوێنی چیا و ده‌شته‌كانی هه‌ڵبژاردووه و هه‌ر له‌وێش فێری كشتوكاڵ بوو و ئاژه‌ڵداریی كرد و ئامێری له به‌رد و ئێسقان و چێو به‌كار برد و له‌سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان نه‌خش و نیگاری كێشا و په‌یكه‌ری گڵینی ساز كرد و به ئاگر برژاندی و به‌و جۆره ده‌روازه‌ی شارستانییه‌تی بۆ مرۆڤ كرده‌وه له‌م به‌شه‌ی جیهانه‌دا.
دانیشتووانی كۆنی كوردستان:
له هه‌زاره‌كانی چواره‌م و سێهه‌می پێش له زایین‌دا خه‌ڵكانێك له كوردستان ده‌ژیان كه پێیان ده‌وترێ قه‌فقازییه‌كان یا ئاسیاییه‌كان و ئه‌مانه بریتی بوون له كۆمه‌ڵێ هۆز و تیره‌ی جۆربه‌جۆر وه‌كوو گۆتی، لۆلۆ، كاسی، نایری، میتانی، سۆباری و هتد. ئه‌مانه زۆر جار له‌گه‌ڵ دانیشتوانی میسۆپۆتامی به شه‌ڕ ده‌هاتن. له‌و شوێنه‌وار و پاشماوانه‌ی كه له سه‌رده‌می بابلییه‌كان به‌ده‌ست هاتووه زۆر جار باسی ئه‌م هۆز و خه‌ڵكانه هاتووه و باسی شه‌ڕ و شووڕهكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كراوه.
پاشتر له ده‌وروبه‌ری هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش له زایین خه‌ڵكانێكی تر به ناوی هیندوئورووپی یان ئاریایی كه دانیشتووی باشووری قه‌فقاز و ده‌وروبه‌ری ده‌ریای ڕه‌ش بوون هاتنه ناوچه‌كه. دوایی له‌و ئاریاییانه خه‌ڵكانێكی نوێتر له ناوچه‌كه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدا به ناوی ماد. به سه‌رهه‌ڵدانی ماده‌كان له ناوچه‌كه‌دا ته‌واوی خه‌ڵكانی ئه‌و ناوچه‌یه له ناو ئه‌واندا توانه‌وه. مه‌ڵبه‌ندی ماده‌كان له باری جوگرافیای سیاییه‌وه به‌ربڵاوییه‌كی گرنگی هه‌بوو كه دوایی باسی لێوه ده‌كرێ.
وشه‌ی كورد له مێژوودا
نزیكه‌ی 2000 ساڵ پێش له زایین ناوی كورد به شێوه‌ی جۆربه‌جۆر له لایه‌ن دراوسێكانیه‌وه له مێژوودا هاتووه. تۆزێ دواتریش له ساڵانی 700 ـ 800ی پێش له زایین‌دا باسی ماد یان میدییه‌كان كراوه.
له 401ی پ. ز. به به‌ڵگه‌وه ناوی كاردۆخ، كاردۆ، كاردوك، كاردوخ و … هتد هاتووه.
ئیمپراتۆرییه‌كان
ئیمپراتۆریی و ده‌وڵه‌ت و میرنشینییه كوردییه‌كان
ڕاپه‌ڕینه‌كان
ڕاپه‌ڕینی گئۆماتای مادی
ڕاپه‌ڕینی فرۆرتیشی مادی
ڕاپه‌ڕینی چیترانی مادی
شۆڕشی به‌درخانییه‌كان
ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵا
شۆڕشی حه‌مه‌پاشا
ڕاپه‌ڕینی شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی
شۆڕشی سه‌ردار ڕه‌شی
شۆڕشی قۆچگرییهكان (عومرانییهكان)
ڕاپه‌ڕینی سماییل ئاغای سمكۆ
ڕاپه‌ڕینی شێخ سه‌عیدی پیران
شۆڕشی ئاگری
ڕاپه‌ڕینی ده‌رسیم
كۆماری كورد له مه‌هاباد
شۆڕشی بارزانی
په‌یمانه‌كان
په‌یمانی قه‌سری شیرین
په‌یمانی سیڤه‌ر
په‌یمانی لۆزان
* * *
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سه‌رچاوه‌كان:
1 ـ كورته مێژووی كورد و كوردستان، ئاسۆ گه‌رمیانی و ئامه‌د تیگریس
2 ـ مێژووی ڕاپه‌ڕینی كورد، مامۆستا عه‌لائه‌دینی سه‌جادی.
3 ـ كورته مێژووی بزووتنه‌وه نهتهوایهتییهكانی كورد، دوكتور سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی، چاپی سوید.
4 ـ جنبش های كرد از دیرباز تا كنون، م. كاردۆخ، چاپی سوید.
5 ـ زبان شناسی كرد و تاریخ كردستان، بهزاد خوشحالی ـ چاپ فردوسی، همدان.
ئـیـمـپـراتـۆریـی مـاد
پێشه‌كی
له ئاخر و ئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین هۆزێكی ئازای ئاریایی له ڕیزه چیاكانی زاگرۆس سه‌ری هه‌ڵدا و خه‌ڵكانی ئه‌و ده‌مه‌ی دانیشتووی زاگرۆس كه بریتی بوون له گۆتییه‌كان، لۆلۆییه‌كان، كاسییه‌كان، هۆرییه‌كان و هتد نه‌یانتوانیبوو به‌رگه‌یان بگرن و ئاخری له ناوی ئه‌واندا توابوونه‌وه. ئه‌م خه‌ڵكه نوێیه “ماده‌كان” بوون (باپیره‌ی كوردانی ئه‌وڕۆكه) كه پاشتر توانییان ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زن پێك بێنن.
ئاخۆ ماده‌كان كه پاتشاكانیان بریتی بوون له:
1ـ دیاكۆ (708 تا 655ی پ. ز.) 53 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
2ـ فرۆرتیش (655 تا 633ی پ. ز.) 22 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
3ـ هوخشته‌ر (633 تا 584ی پ. ز.) 49 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
4ـ ئاستیاگ (584 تا 550ی پ. ز.) 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
كێ بوون و له كوێوه هاتن؟ چی‌یان كرد و چۆن له‌نێو چوون؟
هیندوئه‌ورووپی
نزیكه‌ی 6000 ـ 7000 ساڵ پێش له ئێسته، خه‌ڵكێك له ده‌شته‌كانی باكوور و ڕۆژئاوای ده‌ریای ڕه‌شدا ده‌ژیان و خاوه‌نی زمانێكی هاوبه‌ش بوون كه پێیان ده‌وترێ هۆزه‌كانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
ئه‌م خه‌ڵكه به‌درێژایی زه‌مان گه‌لێ هۆز و تیره‌ی جۆربه‌جۆریان لێ كه‌وته‌وه و دواتر ڕه‌نگه به‌شوێن له‌وه‌ڕگه و بژیوی باشترا كه‌وتنه كۆچكردن به‌ملا و ئه‌ولای جیهانا.
هه‌ندێ له‌م هۆزانه هه‌ڵكشان به‌ره‌و ڕۆژئاوا و پاش سه‌دان ساڵ شه‌ڕ و كێشمه‌كێش زۆربه‌ی ئه‌ورووپایان داگیر كرد. سویدی، ئه‌ڵمانی، یۆنانی، ئیتالی، پۆرتۆگالی و هتد پاشماوه‌ی ئه‌وانن.
هه‌ندێكی تر له‌و هۆزانه به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات كه‌وتنه ڕێ و له توركستانی ئیمڕۆی ڕووسیادا خۆیان گرته‌وه و ماوه‌ی هه‌زار ساڵێك له‌وێ مانه‌وه و له پاشان كه‌وتنه‌وه ڕێ و هه‌ندێكیان له ده‌وروبه‌ری ڕیزه چیاكانی زاگرۆس (كوردستانی ئه‌وڕۆكه)دا گیرسانه‌وه و هه‌ندێكیشیان له باشووری ئێرانی ئێستاكه‌دا نیشته‌جێ بوون. چینێكی تریشیان به‌سه‌ر هیمالیادا چوون به‌ره‌و هیندوستان و له په‌نجاب گیرسانه‌وه.
له‌م خه‌ڵكانه گه‌لێ هۆز و تیره‌ی نوێتر كه‌وته‌وه، له به‌ره‌ی زاگرۆس ماد و له‌وانه‌ی باشووری ئێرانیش پارسه‌كان كه‌وتنه‌وه.
ئه‌م ئاڵوگۆڕ و كۆچكردنه به‌م خێراییه نه‌بووه كه لێره باس كرا به‌ڵكوو پتر له هه‌زاران ساڵی خایاندووه و گه‌لێ قۆناغ و سه‌رده‌میان بڕیوه.
كه‌وابێ هیندوئه‌ورووپییه‌كان باپیره‌ی سویدی، ئه‌ڵمانی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسایی، كورد، هیندوستانی، ئه‌فغانی، فارس و گه‌لێ نه‌ته‌وه‌ی ترن كه ئه‌وڕۆكه بۆخۆیان خاوه‌نی وڵات و زێدی تایبه‌تی خۆیانن. زمانی هه‌موو ئه‌مانه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا ده‌چێته‌وه سه‌ر زمانی هیندوئه‌ورووپییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وڕۆكه هه‌ر كامه‌یان خاوه‌نی زمانێكی تایبه‌تمه‌ندن. زمانی كوردیش بۆ خۆی زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه و بناوانی ده‌چێته‌وه بۆ سه‌ر زمانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
دراوسێی ماده‌كان
وه‌ك وتمان له هیندوئه‌ورووپییه‌كان گه‌لێ هۆز و تیره‌ی تر كه‌وتنه‌وه، له ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین‌دا ماده‌كان له ناوچه‌ی چیای زاگرۆس و پارسهكانیش له باشووری ئێرانی ئێستاكه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو. ئه‌مانه به شێوه‌ی خانخانی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی ده‌ژیان و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌تی نه‌بوون.
له ده‌وروبه‌ری ئه‌وانیشدا گه‌لێ خه‌ڵك و نه‌ته‌وه و هۆزی تر هه‌بوون. بۆ نموونه له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی ورمێ خه‌ڵكێ به ناوی سكاییه‌كان ده‌ژیان. تۆزێ له ڕۆژئاواتر ئیمپراتۆرییه‌ك به‌ناوی ئیمپراتۆریی خالدییه‌كان هه‌بوو. له ڕۆژئاوای ماده‌كاندا ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زن هه‌بوو به ناوی ئیمپراتۆریی ئاشوورییه‌كان. پایته‌ختی ئه‌وان شاری نه‌ینه‌وا بوو كه كه‌وتبووه نێزیكی مووسڵی ئێستاكه‌وه.
ئه‌مانه له بنه‌ڕه‌تدا سامی بوون و له ناوچه‌ی عه‌ره‌بستانه‌وه هاتبوون و له‌وێ بۆخۆیان ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زنیان پێك نابوو. ئیمپراتۆریی ئاشوورییه‌كان زۆر به‌هێز و بێبه‌زه‌یی بوو و هه‌رده‌م بۆ په‌ره‌پێدانی مۆڵگه‌ی خۆی هێرشی ده‌برده سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كانی و توانیی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیدا گه‌لێ ئیمپراتۆری و ده‌وڵه‌ت بڕووخێنێ و بیانخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، بۆ نموونه ئیمپراتۆریی هیتییهكانی ڕووخاند، فه‌له‌ستینی داگیر كرد، ئیمپراتۆریی هه‌زاران ساڵه‌ی عیلامییه‌كان كه له لای خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێستاكه‌ی كوردستاندا بوو تێك دا. له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌تا چیای ده‌ماوه‌ند و كه‌ویری لووت كشان و به‌سه‌ر پارس و ماده‌كاندا زاڵ بوون. ئاشوورییه‌كان له گه‌لێ نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه پیتاك و سه‌رانه‌یان به زۆر وه‌رده‌گرت، ته‌نانه‌ت له پارسه‌كان و ماده‌كانیش وه‌ریان ده‌گرت.
ئیمپراتۆریی ئاشووری ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز و مه‌ترسیدار بوو بۆ هه‌موو خه‌ڵكانی ناوچه‌كه.
به‌ڵام…
به‌ڵام دواتر له نێو هۆزه ئاریاییه‌كاندا تاكه هۆزێك بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ری هه‌ڵدا و بوو به ئیمپراتۆرییه‌ك و دواتریش كه‌وته گیانی ئمپراتۆریی دڕنده‌ی ئاشوور و ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ی له ڕووپه‌ڕی مێژوودا بۆ هه‌میشه سڕییه‌وه. ئه‌ویش ئیمپراتۆریی به‌هێزی ماده‌كان بوو، باپیره‌ی كوردانی ئه‌وڕۆكه.
ئیمپراتۆریی ماد، ئیمپراتۆرییه‌كه كه كوردان ده‌بێ هه‌میشه به شانازییه‌وه یادی لێ بكه‌ن. ده‌بێ كۆڕ و كۆمه‌ڵی پسپۆڕ و تایبه‌تی ته‌رخان بكرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ئیمپراتۆرییه مه‌زنه.
ئاخۆ چۆن بوو ئه‌و ئیمپراتۆرییه پێك هات؟
1ـ دیاكۆ
وه‌ك وتمان ماده‌كان و پارسه‌كان كه هه‌ردوكیان له بنه‌ڕه‌تدا ئاریایی بوون، له ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو و به‌شێوه‌ی خانخانی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و پرش‌وبڵاو ده‌ژیان.
نزیكه‌ی 700 ساڵ پێش له زایین له نێو ماده‌كاندا كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌ژیا كه له لای هه‌موو ماده‌كانه‌وه ڕێزێكی تایبه‌تیی هه‌بوو، ئه‌و ناوی دیاكۆ بوو. دیاكۆ مرۆڤێكی به‌ئاوه‌ز، تێگه‌یشتوو و هه‌ڵكه‌وته‌ی گونده‌كه‌ی بوو كه بڕوای وا بوو له نێوان زوڵم و داددا خه‌باتێكی هه‌میشه‌یی و هه‌تاهه‌تایی هه‌یه.
خه‌ڵك كه لێزانی و تێگه‌یشتوویی و دادوه‌ریی دیاكۆیان دیبوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی گیروگرت و كێشه و ئاژاوه‌كانیان هانایان ده‌برده به‌ر ئه‌و.
دیاكۆ بوو به خۆشه‌ویستی هه‌مووان و ناوبانگی داخست، وای لێ هات كه له‌به‌ر دادگه‌ری و پیاوچاكییهكانی له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه داوای لێكرا كه ببێ به سه‌رۆك و پاتشایان. ئه‌ویش كه بشێوی و به‌ربڵاوی و هه‌ته‌ران و ته‌ته‌رانی ناوچه‌كه ئازاری ده‌دا، به داخوازییه‌كه‌یان قاییل بوو و بڕیاری دا ماده‌كان له ده‌وری یه‌ك كۆ كاته‌وه و له‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و هاوبه‌ش پێك بێنێ.
یه‌كه‌م كارێ كه كردی داوای له خه‌ڵكه‌كه كرد كه واز له ته‌رانشینی بێنن و له ده‌وری یه‌كدا كۆ بنه‌وه و فه‌رمانی دا كه پایته‌ختێك چێ كه‌ن. ئه‌وه بوو كه شاری (ئیكباتان)یان ئاوا كرده‌وه. شاره‌كه حه‌وت شووره‌ی بازنه‌ییی به‌ده‌وردا كێشرا بوو و هه‌ر شووره‌یه‌ك له‌وی تر به‌رزتر بوو و باره‌گای شا و خه‌زێنه‌كانی له نێو ئاخرین شووره‌كه‌دا بوو. چێوه‌ی دیواره ده‌ره‌كییه‌كانی زۆر له دیواره‌كانی (ئاتێن) پایته‌ختی یۆنان ده‌چوو. ڕه‌نگه‌كانی ئه‌و شووره حه‌وته‌وانانه به ڕیز بریتی بوون له سپی، ڕه‌ش، ئه‌رخه‌وانی، شین و نارنجی. له سه‌ربانی دوو شووره دوایینهكه، یه‌كێكیان به زیو و ئه‌وی دیكه‌شیان به زێڕ داپۆشیبوو.
به شاری ئیكباتان، هگمه‌تانه‌ش وتراوه و ئه‌وڕۆكه پێی ده‌ڵێن هه‌مه‌دان و هێشتاش هه‌ر ماوه و دراوسێی پارێزگای كرماشان ه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا و به گوێره‌ی دابه‌شبوونه جوگرافییهكانی وڵاتی ئێران‌دا بۆ خۆی پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه. دیاره درێژایی زه‌مان هه‌موو شتێكی لێ سڕیوه‌ته‌وه و بۆنوبه‌رامه‌ی ماده‌كانی لێ نایه، به‌تایبه‌ت كه پاش ماده‌كان ئه‌و شاره هه‌میشه له‌ده‌ستی ناحه‌زانی ماد بووه و هه‌رچی شارستانیه‌تی ئه‌و شاره بووبێ سڕیویانه‌ته‌وه یان بۆ خۆیان بردوویانه.
* * *
هه‌واڵێك له‌سه‌ر پایته‌ختی ماده‌كان:
{به‌ڵام له ڕێكه‌وتی 25 ـ 07 ـ 1999، ایرنا، ئاژانسی دهنگوباسی ئێرانی هه‌واڵێكی سه‌باره‌ت به پایته‌ختی ماده‌كان له‌سه‌ر ئینته‌رنت بڵاو كرده‌وه كه ده‌قی وهرگێڕاوهكهی له خواره‌وه ده‌بینن:
عه‌مه‌لیاتی لێكۆڵینه‌وه به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی پایته‌ختی سه‌ره‌كیی “ماده‌كان” ده‌ستی پێكرد.
ده‌هه‌مین به‌شی توێژینه‌وه‌ی گردی “هگمه‌تانه” یه‌كێك له گرنگترین گرده مێژینهییهكان له پارێزگای “هه‌مه‌دان” به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی پایته‌ختی سه‌ره‌كیی ماده‌كان له ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌دا ده‌ستی پێكرد.
“موحه‌مه‌د ڕه‌حیمی سه‌ڕاف” سه‌رپه‌رشتی شانده شوێنهوارناسهكهی گردی هگمه‌تانه وتی، ئه‌م شانده له ماوه‌ی 16 ساڵ و به جێبه‌جێكردنی 9 به‌شی توێژینه‌وه له گردی هگمهتانهدا توانیی یه‌كێك له كۆنترین شاره مێژینهییهكان له سنوورگه‌ی 25 هیكتاریی ئه‌م گرده مێژینه‌ییه له ژێر خاك و خۆڵ وه‌ده‌رخا.
ئه‌و وتی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون نیشانده‌ری هه‌بوونی شارێكن له “هگمه‌تانه”دا كه حكوومه‌تی تێدا كراوه و دۆزینه‌وه‌ی سیسته‌می تایبه‌تمه‌ندی بیناسازی و میعماریی ئه‌و شاره پیشانده‌ری بلیمه‌تیی بیناسازان، هونه‌رمه‌ندان، نه‌خشه‌كێشان و باقیی پسپۆڕانی ئه‌و شاره‌ن له جیهانی مێژینه‌دا.
به‌گوێره‌ی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م شانده شوێنه‌وارناسه، هه‌بوونی له‌مپه‌ر و پتهوگهی سروشتی و به‌تایبه‌ت شووره‌یه‌كی ئه‌ستوور و قایم، باس له نرخ و گرنگیی (سوق الجیشی)ی ئه‌م شاره مه‌زنه له سه‌رده‌می مێژینه و كه‌ونارا ده‌كا.
ناوبراو وتی، ڕێڕه‌و، شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌م شاره پایته‌خته، پاناییه‌كه‌ی 3 میتر و نیوه و له ڕاسته‌ی باكووری ڕۆژهه‌ڵات به‌ره‌و باشووری ڕۆژئاوا هه‌ڵكه‌وتووه و هاوته‌ریبن و به دوورییه‌كی 35 میتری له یه‌كه‌وه پێكهاتوون.
سه‌ڕاف درێژه‌ی دا، چه‌نده‌ها مۆر، په‌یكه‌ر، ده‌فری گڵین و شووشه‌یی، جۆره‌ها سكه له ده‌ورانی سلووكی هه‌تا ده‌ورانی ئیسلامی به‌شێكن له‌و ئاسه‌واره به‌ده‌ستهاتووه له‌م گرده مێژینه‌دا و به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه و نیشانانه‌ی كه به‌ده‌ست هاتوون وێده‌چێ ئه‌م شاره كهوناراییه پایته‌ختی سه‌ره‌كیی ماده‌كان بێ.
هه‌وڵ ده‌درێ كه به‌ڵگه‌ی پێویست به‌ده‌ست بێنن كه بتوانێ قسه‌ی مێژووزانان بسه‌لمێنێ كه ده‌ڵێن ئه‌م شاره مێژینه‌ییه هی “دیاكۆ” پادشای ماده‌كانه.
هه‌روه‌ها كێشانی نه‌خشه‌ی شاره مێژینهییهكهی گردی هگمه‌تانه، ڕێكخستن و چاكردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌ی كاتیی گردی هگمه‌تانه، سه‌رله‌نوێ چاكردنه‌وه‌ی شووره‌كه، ئاماده كردنی كاتالۆگ له ده‌رئه‌نجامی ههڵكهندنكارییهكانی شانده شوێنهوارناسهكه، ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ی ته‌واوی گرده‌كه و توێژه ههڵكهندراوهكانی، به‌شێكن له به‌رنامه‌كانی شانده شوێنهوارناسهكه له به‌شی دواییی توێژینه‌وه‌كه‌دا}.
* * *
دیاكۆ پاتشایه‌كی دادگه‌ر بوو و توانیی له ماوه‌ی ژیانیدا ته‌نانه‌ت پێش له پارسهكانیش ده‌وڵه‌تێك بۆ ماده‌كان پێك بێنێ و ماده‌كان له ده‌وری یه‌كدا كۆ كاته‌وه و بوو به دامه‌زرێنه‌ری ئیمپراتۆریی ماد كه دواتر له لایه‌ن كوڕه‌كانیه‌وه به‌هێزتر و به‌ربڵاوتر بوو. دیاكۆ پاش 53 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری، له ساڵی 655ی پێش زایین چرای ژیانی كوژرایه‌وه و پاش ئه‌و، حكوومه‌ت كه‌وته ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی كه ناوی فرورتیش بوو.
2ـ فرورتیش
فرورتیش پاش دیاكۆ ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و بۆ ماوه‌ی 22 ساڵ له نێوان ساڵانی 655 و 633 حوكمی گێڕا.
له كاتی هاتنه سه‌ر ته‌ختی فرورتیش، هۆزی سكایی كه تیره‌یه‌كی شه‌ڕخڕ و جه‌نگاوه‌ر بوون له ده‌وروبه‌ری گۆلی ورمێ‌دا ده‌ژیان. پارسهكانیش له باشوور ده‌ژیان. فرورتیش هه‌رده‌م هه‌وڵی ده‌دا كه سنوورگه‌ی ئیمپراتۆریی ماد به‌ربڵاوتر بكا، ئه‌وه بوو هێرشی برده سه‌ر پارسه‌كان و مهڵبهندهكهیانی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆریی مادی به‌رینتر كرد. به‌ڵام ئه‌و له خولیای ئه‌وه‌دا بوو كه هێرشیش به‌رێته سه‌ر ئیمپراتۆریی ئاشوور و كۆتایی به زۆڵم و سته‌می ئاسوورییه‌كان بێنێ و گه‌لێ نه‌ته‌وه كه ناچار بوون باج و پیتاك و سه‌رانه به ئاسوورییه‌كان بده‌ن له ژێری ئه‌و بێدادییه‌دا ڕزگار بكات.
سوپایه‌كی گرانی كۆ كرده‌وه و به‌ره‌و نه‌ینه‌وا پایته‌ختی ئاشووورییهكان كه‌وته ڕێ. هه‌واڵ گه‌یشته ئاشوورییه‌كان، ئه‌وان له پێشه‌وه به‌رپه‌رچی ماده‌كانیان دایه‌وه. سكاییهكانیش كه له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی ورمێ‌دا ده‌ژیان و هاوپه‌یمانی ئاشوورییه‌كان بوون، سوپایه‌كی گرانیان له پشته‌وه خسته‌ڕێ بۆ هێرشبردنه سه‌ر ماده‌كان و پشتیوانی له ئاشوورییه‌كان. ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ گه‌لێ شه‌ڕی قورس و گران له‌و نێوه‌دا كرا. ماده‌كان كه‌وتبوونه گه‌مارۆی سكاییه‌كان و ئاشوورییه‌كانه‌وه.
له یه‌كێ له‌و شه‌ڕانه‌دا له ساڵی 633ی پێش زایین فرورتیش كوژرا و ده‌وڵه‌تی ماد كز بوو و سكاییه‌كان كه هه‌لیان به له‌بار ده‌زانی كه‌وتنه داگیركرتن و تاڵانكردنی مه‌ڵبه‌ندی ماده‌كان. ئه‌وان نزیكه‌ی 28 ساڵ هه‌ته‌ران و ته‌ته‌رانیان له وڵاتی ماد‌دا ده‌كرد و كه‌وتبوونه كوشتوبڕی ماده‌كان.
3ـ هوخشته‌ر (سیاگزار)
پاش كوژرانی فرورتیش، كوڕه‌كه‌ی كه ناوی هوخشته‌ر بوو ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. دیاره ئه‌و كێشه‌ی زۆری له‌گه‌ڵ سكاییه‌كان هه‌بوو. هوخشته‌ر پێشه‌وایه‌كی له‌بار و له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات‌دا سه‌ركرده‌یه‌كی بێوێنه بوو.
ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانێ به‌ره‌نگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایه‌كی ڕێكوپێكی كۆ كرده‌وه و پسپۆڕانه باری هێنان. سوپایه‌ك بریتی له سواره و پیاده. سواره‌كانیان شانیان له شانی سواره‌كانی ئاشووری ده‌دا و پیادهكانیان له تیرهاویشتن بێوێنه بوون و به تیروكه‌وان و نێزه چه‌كدار بوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه وڵاتی ماد جێگه‌یه‌كی له‌بار بۆ په‌روه‌رده‌ی ئه‌سپ بوو و ماده‌كان هه‌ر له منداڵییه‌وه شاره‌زای ئه‌سپسواری و تیرهاویشتن بوون، كاری هوخشته‌ر ئاسانتر ده‌بوو بۆ پێكهێنانی سواره‌یه‌كی خاوه‌ن ئه‌زموون و بهزیپكوزاكوون. هوخشته‌ر توانیی جه‌نگاوه‌رانی ئازا و به‌جه‌رگی وا بار بێنێ كه له هیچ شتێ نهدهسڵهمین. هه‌ر به یارمه‌تیی ئه‌و سوپا نه‌به‌زه توانیی سكاییه‌كان كه ده‌مێك بوو له وڵاتی ماد‌دا كه‌وتبوونه تاڵان و كوشتوبڕ تێك بشكێنێ و له وڵات وه‌ده‌ریان نێ. به‌وجۆره تۆڵه‌ی باوكی و وڵاته تاڵانكراوه‌كه‌ی مادی له سكاییه‌كان كرده‌وه.
پاشانیش له‌گه‌ڵ (نه‌بوو پۆلاسار) پاتشای بابل كه پێشتر به یارمه‌تیی ماده‌كان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست هێنا بوو، یه‌كی گرت و به سوپایه‌كی گرانه‌وه هێرشی برده سه‌ر ئاشوورییه‌كان و شاری نه‌ینه‌وای له 612ی پێش له زایین‌دا گرت كه پایته‌ختی ئاشوورییه‌كان بوو. ساراكوس (سه‌نا خه‌ریب) كه پاش مه‌رگی (ئاشوور به‌نیپال) ببووه پاتشای وڵاتی ئاشوور، كه دیی به‌رگه‌ی ماده‌كان ناگرێ ئاگرێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵكرد و خۆی و خاووخێزانی خسته ناو ئاگره‌كه و به‌وجۆره چرای ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه‌ی ئیمپراتۆریی ئاشوور كوژرایه‌وه.
له سه‌رده‌می هوخشته‌ردا وڵاتی ماد گه‌لێك په‌ره‌ی سه‌ند. هوخشته‌ر به تێگه‌یشتوویی و زاناییی خۆی خزمه‌تی گه‌وره‌ی به ماده‌كان كرد. ئیمپراتۆریی ماد له سه‌رده‌می هوخشته‌ردا زۆر بڵاو و به‌رین ببوه‌وه.
هوخشته‌ر له ساڵی 584ی پێش زایین كۆچی دواییی كرد.
4ـ ئاستیاگ (ئه‌ژدیهاك)
پاش هوخشته‌ر، كوڕه‌كه‌ی كه ناوی ئاستیاگ بوو ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. ئه‌ویش نزیكه‌ی 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی كرد. له سه‌رده‌می ئه‌ودا وڵاتی ماد هێمن و كڕوكپ بوو. ئاستیاگ به لاساییكردنه‌وه‌ی پاتشایانی ئاشووری باره‌گای دروست كرد و خه‌ڵكێكی زۆر تیای كه‌وتنه كار كردن. دهربارییهكان جلی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان له‌به‌ر ده‌كرد و له ڕێوڕه‌سم و بۆنه تایبه‌تییه‌كاندا زنجیر و ملوانكه‌ی زێڕینیان ده‌كرده مل.
ئاستیاگ كچێكی هه‌بوو به ناوی ماندانا، ئه‌م كچه درابوو به مێرد به یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی پارس له باشوور. ئه‌ویش دواجار كوڕێكی ده‌بێ كه ناوی ده‌نێن كوورش. كاتێ كوورش گه‌وره ده‌بێ خۆی به پارسێكی ته‌واو ده‌زانێ و بڕیاریش ده‌دا كه وڵاتی ماد داگیر بكات.
له‌ملاو ئه‌ولا سوپایه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه و به سیاسه‌تیش خۆی له بابلییه‌كان نێزیك ده‌كاته‌وه و داوایان لێ ده‌كا كه پێكه‌وه هه‌ڵمه‌ت به‌رنه سه‌ر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییه‌كانیش كه ده‌مێك بوو له حه‌سره‌تی (هاران)دا بوون كه ڕێگای هاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و له‌ژێر ده‌ستی ماده‌كاندا بوو، ده‌بن به هاوپه‌یمانی پارسه‌كان و دوو قۆڵی هێرش ده‌به‌نه سه‌ر وڵاتی ماد و پاش گه‌لێ شه‌ڕی قورس و گران، ئاستیاگ كه زۆریش به‌ته‌مه‌ن بوو وپاتشا و سه‌ركرده‌ی سوپای ماد بوو، له لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه به دیلی ده‌گیرێ و چه‌مه‌سه‌ریی زۆر ده‌بینێ. به‌وجۆره ده‌سه‌ڵاتداریی ماده‌كان ده‌كه‌وێته ده‌ستی پارسه‌كان و كوورش ده‌توانێ حكوومه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار دامه‌زرێنێ.
به‌وجۆره ئیمپراتۆریی ماد له ساڵی 550ی پێش له زایین‌دا ئه‌ستێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی له ترووسكه ده‌كه‌وێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌رده‌می ماده‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌وه زۆر دوور بووه، هه‌ندێ له مێژووزانان له سه‌ر چه‌ند به‌شێكی ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریی ماده‌كان هه‌ندێ بیروڕای جیاوازیان هه‌یه. بۆ نموونه هروودت مێژووزانی یۆنانی ئه‌و ساڵانه وا ده‌خه‌مڵێنێ:
1ـ دیاكۆ، 727 تا 675ی پ. ز.
2ـ فرۆرتیش، 674 تا 653ی پ. ز.
3ـ سكاییه‌كان و ماد، 652 تا 625ی پ. ز.
4ـ هوخشته‌ر، 624 تا 585ی پ. ز.
5. ئاستیاگ، 584 تا 549ی پ. ز.
و دواجاریش ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ماد له ساڵی 550ی پێش له زایین ده‌زانێ.
سنووری ئیمپراتۆریی ماد
سنووری ئیمپراتۆریی ماد له باكووره‌وه ده‌گه‌یشته ڕووباری ئه‌ره‌س، له باشووره‌وه هه‌تا خووزستان، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌تا به‌لخ و له ڕۆژئاواشه‌وه ده‌گه‌یشته ڕووباری هالیس واته ئه‌و چۆمه‌ی كه ئه‌وڕۆكه پێی ده‌ڵێن قزل ئیرماق. ئه‌م ناوچه به‌ربڵاوه، به‌شێكی گرنگی ئاسیای بچووك و ده‌ڤه‌ره‌كانی ئازه‌ربایجان و كوردستان و هه‌مه‌دان و ئه‌راك و ڕه‌ی و دامغان و فارس و به‌لخ به‌شێك له خووزستان و ته‌واوی مازنده‌رانی ده‌گرته‌وه.
(سه‌رچاوه‌ی نه‌خشه: ماڵپه‌ڕی كاك سه‌ردار پشده‌ری)
وێنه‌كان:
(سه‌رچاوه‌ی وێنه: جنبش های كرد از دیرباز تا كنون)
جامی زێڕین به نه‌خشی شێر
هی ماده‌كان، سه‌ده‌ی 6 ـ 7 پ.ز.
جامی زێڕین له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می
پێش له زایین، به‌ده‌ستهاتوو له
ئیكاباتان
په‌یكه‌ری به‌ردین، یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی
ماد كه بێچووه شێرێكی له ئامێز گرتوووه.
وێنه‌یه‌ك له كوژرانی گئۆماتا و فه‌لاقه‌ی
ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به ده‌ستی داریۆشی یه‌كه‌م
كه له‌سه‌ر دیواره‌كانی بێستووندا هه‌ڵكۆڵراوه
سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان:
1ـ سه‌رچاوه‌ی نه‌خشه: ماڵپه‌ڕی كاك سه‌ردار پشده‌ری
2ـ تاریخ ده هزار ساله ایران ـ جلد اول ـ چاپ ده‌م ـ تابستان 1378 ـ عه‌بدولعه‌زیم ره‌زایی.
3ـ تاریخ ماد ـ چاپ چهارم ـ سال 1377 ـ ا. م. دیاكونوف، ترجمه كریم كشاورز.
4ـ تاریخ كرد و كردستان ـ چاپ اول ـ سال 1378 ـ سدیق سه‌فی زاده (بۆره‌كه‌یی).
5ـ جنبش های كرد از دیرباز تاكنون ـ چاپ اول ـ سال 1993 ـ سوئد ـ م. كاردوخ، سه‌رچاوه‌ی هه‌ندێك له باسه‌كه و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی وێنه‌كه‌ی دیاكۆ و باقیی وێنه‌كان، ئه‌م كتێبه بووه.
6ـ مێژووی ڕاپه‌ڕینی كورد ـ عه‌لائه‌دین سه‌جادی ـ چاپی دووهه‌م ـ 1996 ـ سه‌قز.
7ـ ئینته‌رنت، ئیرنا، 25 ـ 07 ـ 1999.
*************************
ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وی
كورد له سه‌رده‌می ئایینی ئیسلامیشدا له خاكی كوردستاندا چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی جیاوازی دامه‌زراندووه. به‌پێی باری ئه‌و ده‌مه ئه‌وانه ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی بوون و له ژێر سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ندێك خێزاندا بوون.
به‌داخه‌وه كورد له‌و كاته‌دا نه‌یتوانی له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا ده‌وڵه‌تێكی مه‌زن و ناوه‌ندی دامه‌زرێنێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی دامه‌زرا. له باشووری كوردستاندا، له شاری “جیبه‌ل” خانه‌دانێكی كورد به ناوی “حه‌سنه‌وی”یه‌وه، هێزی خۆی ڕێك خست و له ساڵی 941ی پاش زایین‌دا سه‌ربه‌خۆییی خۆی ئاشكرا كرد. به‌ره‌به‌ره سوپا و ده‌وڵه‌تی پێش خست و شاری هه‌مه‌دان، مه‌هاباد، كرماشان و شاره‌زوور كه‌وتنه ناو سنووری ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وییه‌وه. ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وی پاره و پووڵیشی هه‌ڵكه‌ند و سیستێمی ئابووریی ناوه‌ندیی پێك هێنا. له كوردستاندا ڕێگاوبان و ئاواییان دروست كرده‌وه. ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وی تاكوو ساڵی 1014 ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو.
ده‌وڵه‌تی شه‌دادی
له ساڵی 951ی پاش زایین‌دا سه‌رۆكی تیره‌ی ڕه‌وادی، محه‌مه‌د شه‌دادی ده‌وڵه‌تی شه‌دادیی كوردی دامه‌زراند و سنووره‌كه‌یشی، له شاری ڕه‌واندزه‌وه تاكوو شاری گه‌نجه ـ ئازه‌ربایجانی سۆڤێتی ـ ده‌كشا.
له‌و كاته‌دا له ڕۆژهڵاتی كورستاندا ده‌وڵه‌تی شه‌دادی و له ڕۆژاوای كوردستاندا ده‌وڵه‌تی مه‌روانی و له باشووریشدا ده‌وڵه‌تی حه‌سنه‌وی هه‌بوون. ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته‌ی كورد، هه‌موو هاوده‌می یه‌كتر بوون. له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی شه‌دادیدا، ژیانی كولتووری و هونه‌ری زۆر پێش كه‌وت.
له ساڵی 1088دا شای سه‌لجووقییه‌كان هێرشێكی مه‌زنی برده سه‌ر ده‌وڵه‌تی شه‌دادی و دوایی پێ هێنا.
ده‌وڵه‌تی مه‌روانی
له ساڵی 985ی پاش زایین‌دا باد دۆسته‌ك ده‌وڵه‌تی مه‌روانیی دامه‌زراند و مه‌ییافه‌رقین (سلیڤان)یشی كرده پایته‌خت بۆ خۆی. سنووری ده‌وڵه‌تی مه‌روانی له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا فراوان كرا و تاكوو هه‌رێمی نسێبین، جه‌زیره، مه‌عده‌ن، ئامه‌د، ڕه‌حا، به‌دلیس و مه‌لازگریی گرته‌وه.
ئه‌و پاشایانه‌ی كورد كه دوای دۆسته‌ك هاتن، ده‌وڵه‌تی مه‌روانییان به‌باشی و خۆشی ڕاگرت، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می پاشایه‌تیی ئه‌حمه‌د مه‌روان (ناسرلده‌وله)دا، خه‌ڵك به ئازادی و سه‌رفه‌رازی ده‌ژیا. له ده‌وڵه‌تی مه‌روانیدا شارستانێتی و هونه‌ر زۆر پێش كه‌وتن. په‌یكه‌ری مه‌ییافه‌رقین و ئامه‌د دیاربه‌كری سه‌رله‌نوێ دروست كرایه‌وه. گه‌لێك مزگه‌وت و كاروانسه‌را و پرد دروست كران. له كۆشكی پاشایانی كورددا مۆسیقا، سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێ په‌ره‌ی سه‌ند و كاری هونه‌ری پێش كه‌وت و ده‌وڵه‌مه‌ند بوو.
له كاتی بوونی ده‌وڵه‌تی مه‌روانیدا، ده‌وڵه‌تی توركه سه‌لجووقییه‌كانیش هه‌بوون، له سه‌رده‌می مه‌نسووری ناسرلده‌وله‌دا، توغرولبه‌گ سوڵتانی سه‌لجووقییه‌كان بوو.
له ساڵی 1043دا توغرولبه‌گ به سه‌رۆكایه‌تیی توغا ئاسغلی 1000 سواری نارده سه‌ر مه‌ییارفه‌رقین، به‌ڵام هێزی سه‌لجووقیی تورك به‌رانبه‌ر سوارچاكیی مه‌روانی خۆیانیان ڕانه‌گرت و پیس شكان و تاڵانیش كران، ئیتر له دوای ئه‌وه‌وه تورك خۆی دوور ڕا ده‌گرت.
له سه‌رده‌می ناسرلده‌وله‌دا ده‌وڵه‌تی مه‌روانی به‌ره‌و كزی چوو و نیزامولمولكی سوڵتانی سه‌لجووقییه‌كان، به هه‌لی زانی و هێزێكی سواره‌ی به سه‌ركردایه‌تیی فه‌خرولده‌وله‌ی نارده سه‌ر مه‌روانیه‌كان. فه‌خرولده‌وله له نزیكی ئامه‌د له‌شكری خۆی دوو به‌شه‌وه، به‌شێكیان به سه‌رۆكایه‌تیی كوڕه‌كه‌ی خۆی، زه‌عمیرولڕوئه‌سا، نارده سه‌ر ئامه‌د و خۆیشی له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی تردا هێرشی كرده سه‌ر وان كه پایته‌خت بوو، ناسرولده‌وله ناچار به‌ره‌و جه‌زیره هه‌ڵات.
له ساڵی 1086دا و دوای مه‌ییارفه‌رقین و ئامه‌د، ئیتر ده‌وڵه‌تی مه‌روانی كه‌وته ژێر ده‌ستی توركه سه‌لجووقییه‌كانه‌وه. له ساڵی 1097دا دوایی به ده‌سه‌ڵاتی مه‌روانی هات.
ئیمپراتۆریی ئه‌یووبی
ئه‌یووبییه‌كان تیره‌یه‌كی كوردن و له ڕۆژهڵاتی كوردستاندا ژیاون. نووره‌دین مه‌حموود، له سه‌ده‌ی دوانزه‌یه‌مدا ده‌وڵه‌تی زه‌نگیی له ناوچه‌ی كه‌ركووك، مووسڵ، حه‌له‌ب دامه‌زراند. له‌و ده‌مه‌دا خاچپه‌رستانی ئه‌ورووپا، به ئه‌نادۆڵدا هێرشیان كرده سه‌ر شاری قودس. نه توركی سه‌لجووقی و نه ده‌وڵه‌تی فاتمیی مسر توانییان پێشی ئه‌و له‌شكره‌ی خاچپه‌رستانی ئه‌ورووپا بگرن، تاكوو به‌رگری له شاری قودس بكه‌ن و بیپارێزن.
سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی زه‌نگی، نووره‌دین مه‌حموود بۆ پاراستنی سه‌رداری و سه‌روه‌ریی قودس، له‌گه‌ڵ خاچپه‌رستاندا كه‌وته شه‌ڕ. له‌به‌ر ئه‌وه هێزێكی مه‌زنی به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبیی نارده پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فاتمیی مسر.
سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی قوماندارێكی گه‌لێك زیره‌ك و قاره‌مان بوو. له ساڵی 1171دا هه‌لی بۆ هه‌ڵكه‌وت و ده‌ستی به سه‌ر ده‌وڵه‌تی فاتمیی میسردا گرت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئاشكرا كرد و له جێی ده‌وڵه‌تی فاتمی، ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبیی دامه‌زراند. سه‌لاحه‌دین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی كاروباری ڕاده‌په‌ڕاند. له ساڵی 1174دا سنووری ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبیی ئیسلامیی فراوان كرد و بوو به خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات. سنووری ئه‌م ده‌وڵه‌ته له مسره‌وه تاكوو حیجاز،یه‌مه‌ن، فه‌له‌ستین، سووریا، كوردستان بوو. سه‌لاحه‌دین بۆ خۆی هێزێكی چابووك و سوارچاكی له كورد دروست كردبوو.
سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی به قاره‌مانێتیی خۆی شاری قودسی له خاچپه‌رستانی ئه‌ورووپا ڕزگار كرد و هێزی خاچپارێزانی ڕه‌تاند و ناوی قوماندارێتیی كورد له ته‌واوی جیهاندا بڵاو بووه‌وه. ئه‌گه‌رچی سه‌لاحه‌دین و هه‌ندێكیش له له‌شكره‌كه‌ی كورد بوون، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبی خۆڕسك ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی نه‌بوو، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی بوو، چونكوو له سه‌رده‌می ئه‌و كاته‌ی ئیسلامدا، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی داده‌مه‌زران، له‌سه‌ر بنج و بناوانی نه‌ته‌وه‌یی دانه‌ده‌مه‌زراند، چونكه هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو كه ببێته مایه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی.
سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی له ساڵی 1193دا مرد و ئیتر ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبی به‌ره‌و سستبوون ده‌چوو، تاكوو له ساڵی 1250دا ده‌وڵه‌تی ئه‌یووبی كۆتاییی پێ هات. ئێستاش گۆڕی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی له شاری شامه و له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كه‌ی نووسراوه: “سه‌لاحه‌دینی كورد”.
میرنشینیی ئه‌رده‌ڵان
میرنشینیی ئه‌رده‌ڵان له لایه‌ن بابائه‌رده‌ڵانه‌وه دامه‌زرێنراوه، ئه‌م میرنشینه نزیكه‌ی 650 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو. كاتێ مه‌غۆله‌كان هێرشیان كرده سه‌ر كوردستان، بابائه‌رده‌ڵان سیاسه‌تی به‌رانبه‌ر ئه‌وان به‌كار هێنا و له‌گه‌ڵیاندا نه‌كه‌وته شه‌ڕ، جا له‌به‌ر ئه‌وه تا ده‌هات ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی ئه‌رده‌ڵان له هه‌رێمی شاره‌زوور و هه‌وراماندا مه‌زنتر و به‌رفراوانتر ده‌بوو. به ئامانجی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرێنێ. ئه‌وه بوو له دواییشدا تا ڕاده‌یه‌ك گه‌یشته ئامانجی خۆی و ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمیی نه‌ته‌وه‌ییی ته‌مه‌ندرێژیشی دروست كرد.
له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌مدا، له عێرقدا ده‌وڵه‌تی جه‌لائیری دروست بوو و توانییان به‌شی ڕۆژاوا و باكووری ئه‌رده‌ڵان بگرن. به‌ڵام له سه‌ده‌ی پانزه‌یه‌مدا سه‌رۆكی میرنشینی ئه‌رده‌ڵان، میرحه‌سه‌ن، باكوور و ڕۆژاوایشی له ژێر ده‌ستی جهلائیرییهكان ڕزگار كرد و زێی مه‌زنی كرده سنووری باكووری میرنشینی ئه‌رده‌ڵان و له ڕه‌واندزیشدا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی دروست كرد.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا وێژه و هونه‌ر و زمانی كوردی له مزگه‌وته‌كاندا زۆر پێش كه‌وتن و گه‌لێك به‌رهه‌م به زمانی كوردی بڵاو كرایه‌وه. عوسمانییه‌كان له ساڵی 1549دا هێرشێكی گه‌لێك مه‌زنیان برده سه‌ر ڕه‌واندز و له نێوان عوسمانییه‌كان و هێزی میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا شه‌ڕێكی دژوار ڕووی دا، عوسمانییه‌كان سه‌ر نه‌كه‌وتن و شكستیان هێنا.
میرنشینیی ئه‌رده‌ڵان تاكوو ساڵی 1864 له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی مایه‌وه.
دوا میری ئه‌م میرنشینه ئه‌مانوڵڵا بوو كه هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به ده‌ستی عوسمانییه‌كان له ناو برا و ئه‌م میرنشینه كۆتایی پێ هات.
میرنشینیی بادینان
میرنشینیی بادینان له نێوان شاری مووسڵ و چه‌می دیجله و زێی مه‌زندا دامه‌زرێنرا بوو. سنووری میرنشینیی بادینان، له ڕۆژئاواوه میرنشینیی بۆتان و له باكووره‌وه میرنشینیی هه‌كاری و له ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه میرنشینیی سۆران بوو. شاری ئامێدی پایته‌ختی میرنشینیی بادینان بوو. سنووری ئه‌م میرنشینییه ئه‌م شارانه‌ی ده‌گرته‌وه: زاخۆ، ئاكرێ و دهۆك.
ده‌وڵه‌ته هه‌رێمی و مه‌زن و ناوه‌ندییه‌كانیش هه‌رده‌م دووبه‌ره‌كییان ده‌خسته ناو میره كورده‌كانه‌وه و نه‌یانده‌ویست میره كورده‌كان یه‌ك بگرن و میرنشینه كوردییه‌كان ببی به یه‌ك.
دوای مردنی میرئیسماعیلی بادینان، میر محه‌مه‌دی سۆران میرنشینیی بادینانی خسته ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه و هه‌ردوو میرنشینه‌كه بوون به یه‌ك. میرنشینیی سۆرانیش له هه‌رێمی خۆیدا زۆر مه‌زن و به‌هێز بوو.
میرنشینی سۆران
دامه‌زراندنی میرنشینی سۆران له لایه‌ن كوردێكه‌وه بوو ناوی كه‌ڵۆس بوو. كه‌ڵۆس كوردێكی گه‌لێك ناودار بووه. له سه‌رده‌می مهر مسته‌فادا بارودۆخی میرنشینی سۆران گه‌شه ده‌كات و خۆش ده‌بێت. میر مسته‌فا له ساڵی 1813دا ده‌سه‌ڵاتی میرێتی ده‌داته ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی خۆیه‌وه كه ناوی میر محه‌مه‌د بووه، میرمحه‌مه‌د پیاوێكی هۆشیار و زیره‌ك بووه، زۆر به‌ناوبانگ بووه، ئه‌م میر محه‌مه‌ده زیاتر به پاشا كوێره به‌ناوبانگ بووه.
میر محه‌مه‌د كاروباری میرێتی ده‌كاته دوو به‌شه‌وه:
1 ـ چاره‌سه‌ركردنی شه‌ڕ و گێره‌وكێشه‌ی ناوخۆیی.
2 ـ خه‌بات له پێناوی به‌رفراوانكردنی میرنشینی سۆراندا. میرمحه‌مه‌د ـ پاشا كۆره ـ پاش تێپه‌ڕ بوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر میرێتییه‌كه‌یدا، واته له ساڵی 1816دا كارخانه‌یه‌كی چه‌كی له كاولان كه نزیكی ڕه‌واندزه دروست كرد.
له‌و كارخانه‌یه‌دا، شمشێر تفه‌نگ و گولله و تۆپ و چه‌رخی تۆپ و … هتد درووست ده‌كران.
پاش ئه‌وه‌ی میر سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕاگه‌یاند و ده‌ستی دایه خه‌باتی به‌رفراوانكردنی سنووری میرنشینیی خۆی و ئۆردووگایه‌كی سه‌ربازیی له 30000 (سی هه‌زار) سه‌رباز درووست كرد، له‌وانه 10000 (ده هه‌زار)ی سواره و 20000 (بیست هه‌زار)یشی پیاده بوون.
له ساڵی 1833دا سنووری میرنشینیی سۆران گه‌لێك به‌رفراوان بوو. له باكووره‌وه ده‌گه‌یشته جزیره و له باشووریشه‌وه تاكوو زێی بچووك و له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌گه‌یشته سنووری میرنشینی بۆتان.
میرمحه‌مه‌د بۆ به‌ڕێوه‌بردنی میرنشینیی خۆی، سیستێمێكی دانا.
له سیستێمه‌كه‌یدا خه‌زێنه‌یه‌كی سێ به‌شیی پێك هێنا:
1 ـ به‌شی ماڵ و مڵكی تایبه‌تیی میر.
2 ـ به‌شی داهات و باج.
3 ـ به‌شی دارایی و فه‌رمانڕه‌وایی و شاره‌كان و … هتد.
میرمحه‌مه‌د له ساڵی 1830دا له‌شكرێكی مه‌زنی به سه‌رۆكایه‌تیی ئیبراهیم پاشا، دژی سوڵتان مه‌حموودی دووه‌می عوسمانی نارده سه‌ر سووریا و له لایه‌كی تریشه‌وه له‌شكرێكی تری به سه‌رۆكایه‌تیی میرموراد نارده ئێران و ئه‌و ناوچانه‌ی كوردیان تیا ده‌ژیا.
میر له ساڵی 1834دا په‌یمانێكی ئاشتیی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا مۆر كرد.
ده‌وڵه‌تی عوسمانیش هه‌رده‌م خه‌ریكی پلانی هێرش بردنه سه‌ر میرنشینی سۆران بوو، به‌ڵام هه‌ر سه‌ر نه‌ده‌كه‌وت.
له ساڵی 1836دا عوسمانییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تیی ڕه‌شید پاشا، هێزێكی گه‌وره و گرانیان نارده سه‌ر میرنشینی سۆران و شه‌ڕێك قورس به‌رپا بوو. له دواییدا هێزی عوسمانی توانیی ده‌وروبه‌ری میرنشینیی سۆران بگرێ.
دوایی میرمحه‌مد خۆی چوو بۆ ئه‌سته‌مووڵ. سوڵتان مه‌حموودی دووه‌می عوسمانی میری ئازاد كرد، به‌ڵام له گه‌ڕانه‌وه‌دا بۆسه‌یه‌كیان بۆ دا نا و به نامه‌ردی میرمحه‌مه‌د ـ پاشا كۆره ـ یان كوشت و میرنشینیی سۆرانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
میرنشینی بابان
میرنشینی بابان له بنه‌ڕه‌تدا به ناوی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی بابانه‌وه دامه‌زراوه. له ساڵه‌كانی 1686 به‌دواوه به‌هێز بووه و دواییش ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته ده‌ست. له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا میرنشینی بابان له ڕووی سیاسییه‌وه و دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕۆڵێكی زۆر گرینگی بینیوه، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی ده‌سه‌ڵات و هێزی سه‌ربازیی میرنشینی بابان. ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 300 ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر. ئه‌م میرنشینه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی سلێمانییه‌وه، له باشووری میرنشینی سۆرانه‌وه و تاكوو به‌شێكیش له ڕۆژهڵاتی كوردستان ده‌گرێته‌وه. له ڕۆژئاواشه‌وه ته‌واوی ناوچه‌ی كه‌ركووكی ده‌گرته‌وه. به‌شێكی ناوچه‌ی شاره‌زوور له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان‌دا بوو. پایته‌ختی میرنشینی بابان قه‌ڵاچوالان بوو. دوای ئه‌وه‌ی دادوه‌ری گوندی مه‌ڵكه‌ندی، ئیبراهیم پاشا، به ناوی سلێمان پاشاوه، له ساڵی 1784دا ده‌ستی به درووستكردنی شارێك كرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش كرا به پایته‌ختی میرنشینی بابان.
له سه‌رده‌می میرنشینی بابان‌دا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئه‌مه زۆر كاری كرده سه‌ر بێهێزی و لاوازكردنی ئه‌م میرنشینه له لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی تریشه‌وه عوسمانی و فارس به پێی ڕێككه‌وتنی په‌یمانی قه‌سری شیرین میرنشینی بابانیان له ناو خۆیاندا به‌ش كرد. ئیتر له دوای ئه‌وه‌یش میرنشینی بابان جارێ ده‌كه‌وته ژێر ده‌ستی عوسمانی و جارێكی تریش ژێر ده‌ستی فارس.
له سه‌رده‌می میرعه‌بدولڕه‌حمان پاشادا جارێكی تریش میرنشینی بابان به‌هێز بووه‌وه و سه‌ربه‌خۆییی خۆی ڕاگه‌یاند. عوسمانییه‌كان له ساڵی 1822دا به له‌شكرێكی زۆر به‌هێز و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی مامه‌د پاشا خۆیدا، هێرشی برده سه‌ر سلێمانی كه پایته‌ختی میرنشینی بابان بوو.
نزیكه‌ی 500 كه‌س له له‌شكری عوسمانی كوژرا، به‌ڵام له دواییدا عوسمانییه‌كان توانییان شاری سلێمانی بگرن. مه‌حموود پاشا له دوای مردنی باوكی بوو به سه‌رۆكی میرنشینی بابان و تاكوو ساڵی 1834 ده‌سه‌ڵات به ده‌ستی ئه‌و بوو و دوای ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان تاكوو ساڵی 1851 به ده‌ستی سلێمان پاشا بوو.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی ئه‌م میرنشینه‌دا زمان و ئه‌ده‌بی كوردی زۆر په‌ره‌ی سه‌ند، به‌تایبه‌تی له كۆتایی سه‌ده‌ی شانزه‌وه تاكوو نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی هه‌ژده.
دروستبوونی قوتابخانه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی به ڕێبه‌رایه‌تیی نالی 1797 ـ 1855 و هاوڕێكانی، سالم و كوردی و مه‌حوی كه شهقـڵشكێنی شیعری كوردی بوون له دیالێكتی كرمانجیی خواروودا و دواییش بوو به زمانی ئه‌ده‌ب و نووسین و زۆر له شاعیرانی تریش هه‌ر له‌سه ئه‌و ڕێچكه‌یه ڕۆیشتن و په‌یڕه‌وییان كرد و په‌ره‌یان به‌و زمانه ئه‌ده‌بییه دا.
میرنشینی هه‌كاری
هه‌كاری ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه، میرنشینی هه‌كاری ده‌كه‌وته نێوان گۆلی وان، شاری وان و خۆشاوی. پایته‌ختی میرنشینی هه‌كاری شاری چۆله‌مێرگ بوو.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م میرنشینه له هه‌رێمێكی چیاییدا بوو، ده‌یتوانی خۆی له دوژمن بپارێزێ و بژێ. بۆیه‌ش هه‌تا ده‌هات به‌هێز ده‌بوو.
ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌م میرنشینه ده‌ترسا، بۆیه زۆر جار له‌شكری ده‌نارده سه‌ر گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری میرنشینی هه‌كاری و كاولی ده‌كردن و مووچه‌خۆر و ڕۆشنبیرانی كوردیان له‌و هه‌رێمه ده‌ر ده‌كرد.
له‌به‌ر هێرش و زوڵم و زۆرداریی عوسمانییه‌كان، خه‌ڵك په‌نایان ده‌برده به‌ر میرنشینی هه‌كاری و هێزی ئه‌م میرنشینه‌ش هه‌تا ده‌هات زیادی ده‌كرد. هێزی چه‌كداری له 40000 (چل هه‌زار) زێده‌تر بوو.
له لایه‌كی تره‌وه ده‌وڵه‌تی فارسیش ترسی ئه‌م میرنشینه‌ی لێ نیشتبوو، بۆیه جارهناجارێك به له‌شكری زۆر مه‌زنه‌وه هێرشی ده‌برده سه‌ری، به‌ڵام میرنشینی هه‌كاری به‌رده‌وام سه‌ربه‌خۆییی خۆی دژی عوسمان و فارس به سه‌رفه‌رازی پاراستووه. ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می مسته‌فا پاشای هه‌كاریدا كه میرنشینه‌كه‌ی زۆر به‌هێز بووبوو.
هه‌رچه‌نده میرنشینی هه‌كاری له‌م دواییه‌ی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا ناوی نه‌مابوو، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت تاكوو ئه‌مڕۆش نه‌یتوانیوه به ته‌واوی ده‌س به‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌دا بگرێ.
میرنشینی بۆتان
پایته‌ختی میرنشینی بۆتان شاری جزیره بوو. ئه‌م شاره ده‌كه‌وێته ته‌نیشت چه‌می دیجله‌وه كه ئه‌ویش هۆیه‌كی گرنگ بوو بۆ ناوچه‌كه. ڕێگای بازرگانیی دیاربه‌كر ـ مووسڵ ـ به‌غداد ـ ئه‌سته‌مووڵ به‌وێدا تێده‌په‌ڕی.
ئه‌م میرنشینه ڕۆڵێكی گرنگی له مێژووی ڕووناكبیریی كورددا بینیوه. له میرنشینیی بۆتاندا خه‌باتێكی زۆر بۆ پێشخستنی زمان و وێژه‌ی كوردی كراوه. له نێوان ساڵانی 1400 ـ 1570دا شاری جزیره بووبووه سه‌رچاوه‌ی زانیاری و ڕووناكبیری. له قوتابخانه‌كانی جزیره‌دا گه‌لێ مرۆڤی مه‌زن و ناودار هه‌ڵكه‌وتن.
له هه‌رێمه‌كانی میرنشینی بۆتان و هه‌كاریدا، فه‌یله‌سووف و نووسه‌ر و شاعیری وه‌كوو مه‌لای جزیری، فه‌قێ ته‌یران و ئه‌حمه‌دی خانی ده‌ركه‌وتن. مهم و زینی خانی ئه‌مڕۆ له ناو كلاسیكانی جیهاندا جێی خۆی گرتووه.
هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان له ڕووی خزمه‌تكردنی زمان و وێژه و هونه‌ره‌وه ڕۆڵێكی مه‌زن و گرنگیان بینیوه.له ساڵی 1880دا ڕۆژنامه‌ی كوردستان و ساڵانی 1930 ـ 1954، گۆڤاری هاوار، ڕۆژا نوو، ڕووناهی یان ده‌ركردووه.
له ساڵی 1821دا بنه‌ماڵه‌ی عه‌زیزان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م میرنشینه‌یان گرته ده‌ست.
له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا كوردستان له نێوان میرنشینه‌كاندا به‌ش كرا بوو. میرنشینی بۆتان دژی دوژمن تێكه‌ڵاوییه‌كه‌ی باشی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كورددا درووست كردبوو. هه‌وڵێكی زۆریش بۆ یه‌كبوون و سه‌ربه‌خۆیی میرنشینانی سۆران، بۆتان، بادینان،بابان درا، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عوسمانی زوو هه‌ستی به‌مه كرد و به له‌شكرێكی گه‌وره و گرانه‌وه هێرشی برده سه‌ر هه‌موو میرنشینه‌كان و به‌و په‌لاماره ئۆتۆنۆمیی میرنشینه‌كانی نه‌هێشت و ده‌زگای درووستكراوی داگیركه‌ری له جێی میرنشینه‌كاندا دامه‌زراند.