ئـیـمـپـراتـۆریـی مـاد
پێشه‌كی
له ئاخر و ئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین هۆزێكی ئازای ئاریایی له ڕیزه چیاكانی زاگرۆس سه‌ری هه‌ڵدا و خه‌ڵكانی ئه‌و ده‌مه‌ی دانیشتووی زاگرۆس كه بریتی بوون له گۆتییه‌كان، لۆلۆییه‌كان، كاسییه‌كان، هۆرییه‌كان و هتد نه‌یانتوانیبوو به‌رگه‌یان بگرن و ئاخری له ناوی ئه‌واندا توابوونه‌وه. ئه‌م خه‌ڵكه نوێیه “ماده‌كان” بوون (باپیره‌ی كوردانی ئه‌وڕۆكه) كه پاشتر توانییان ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زن پێك بێنن.
ئاخۆ ماده‌كان كه پاتشاكانیان بریتی بوون له:
1ـ دیاكۆ (708 تا 655ی پ. ز.) 53 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
2ـ فرۆرتیش (655 تا 633ی پ. ز.) 22 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
3ـ هوخشته‌ر (633 تا 584ی پ. ز.) 49 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
4ـ ئاستیاگ (584 تا 550ی پ. ز.) 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری.
كێ بوون و له كوێوه هاتن؟ چی‌یان كرد و چۆن له‌نێو چوون؟
هیندوئه‌ورووپی
نزیكه‌ی 6000 ـ 7000 ساڵ پێش له ئێسته، خه‌ڵكێك له ده‌شته‌كانی باكوور و ڕۆژئاوای ده‌ریای ڕه‌شدا ده‌ژیان و خاوه‌نی زمانێكی هاوبه‌ش بوون كه پێیان ده‌وترێ هۆزه‌كانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
ئه‌م خه‌ڵكه به‌درێژایی زه‌مان گه‌لێ هۆز و تیره‌ی جۆربه‌جۆریان لێ كه‌وته‌وه و دواتر ڕه‌نگه به‌شوێن له‌وه‌ڕگه و بژیوی باشترا كه‌وتنه كۆچكردن به‌ملا و ئه‌ولای جیهانا.
هه‌ندێ له‌م هۆزانه هه‌ڵكشان به‌ره‌و ڕۆژئاوا و پاش سه‌دان ساڵ شه‌ڕ و كێشمه‌كێش زۆربه‌ی ئه‌ورووپایان داگیر كرد. سویدی، ئه‌ڵمانی، یۆنانی، ئیتالی، پۆرتۆگالی و هتد پاشماوه‌ی ئه‌وانن.
هه‌ندێكی تر له‌و هۆزانه به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات كه‌وتنه ڕێ و له توركستانی ئیمڕۆی ڕووسیادا خۆیان گرته‌وه و ماوه‌ی هه‌زار ساڵێك له‌وێ مانه‌وه و له پاشان كه‌وتنه‌وه ڕێ و هه‌ندێكیان له ده‌وروبه‌ری ڕیزه چیاكانی زاگرۆس (كوردستانی ئه‌وڕۆكه)دا گیرسانه‌وه و هه‌ندێكیشیان له باشووری ئێرانی ئێستاكه‌دا نیشته‌جێ بوون. چینێكی تریشیان به‌سه‌ر هیمالیادا چوون به‌ره‌و هیندوستان و له په‌نجاب گیرسانه‌وه.
له‌م خه‌ڵكانه گه‌لێ هۆز و تیره‌ی نوێتر كه‌وته‌وه، له به‌ره‌ی زاگرۆس ماد و له‌وانه‌ی باشووری ئێرانیش پارسه‌كان كه‌وتنه‌وه.
ئه‌م ئاڵوگۆڕ و كۆچكردنه به‌م خێراییه نه‌بووه كه لێره باس كرا به‌ڵكوو پتر له هه‌زاران ساڵی خایاندووه و گه‌لێ قۆناغ و سه‌رده‌میان بڕیوه.
كه‌وابێ هیندوئه‌ورووپییه‌كان باپیره‌ی سویدی، ئه‌ڵمانی، ئینگلیزی، فه‌ره‌نسایی، كورد، هیندوستانی، ئه‌فغانی، فارس و گه‌لێ نه‌ته‌وه‌ی ترن كه ئه‌وڕۆكه بۆخۆیان خاوه‌نی وڵات و زێدی تایبه‌تی خۆیانن. زمانی هه‌موو ئه‌مانه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا ده‌چێته‌وه سه‌ر زمانی هیندوئه‌ورووپییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وڕۆكه هه‌ر كامه‌یان خاوه‌نی زمانێكی تایبه‌تمه‌ندن. زمانی كوردیش بۆ خۆی زمانێكی سه‌ربه‌خۆیه و بناوانی ده‌چێته‌وه بۆ سه‌ر زمانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
دراوسێی ماده‌كان
وه‌ك وتمان له هیندوئه‌ورووپییه‌كان گه‌لێ هۆز و تیره‌ی تر كه‌وتنه‌وه، له ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین‌دا ماده‌كان له ناوچه‌ی چیای زاگرۆس و پارسهكانیش له باشووری ئێرانی ئێستاكه‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو. ئه‌مانه به شێوه‌ی خانخانی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی ده‌ژیان و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌تی نه‌بوون.
له ده‌وروبه‌ری ئه‌وانیشدا گه‌لێ خه‌ڵك و نه‌ته‌وه و هۆزی تر هه‌بوون. بۆ نموونه له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی ورمێ خه‌ڵكێ به ناوی سكاییه‌كان ده‌ژیان. تۆزێ له ڕۆژئاواتر ئیمپراتۆرییه‌ك به‌ناوی ئیمپراتۆریی خالدییه‌كان هه‌بوو. له ڕۆژئاوای ماده‌كاندا ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زن هه‌بوو به ناوی ئیمپراتۆریی ئاشوورییه‌كان. پایته‌ختی ئه‌وان شاری نه‌ینه‌وا بوو كه كه‌وتبووه نێزیكی مووسڵی ئێستاكه‌وه.
ئه‌مانه له بنه‌ڕه‌تدا سامی بوون و له ناوچه‌ی عه‌ره‌بستانه‌وه هاتبوون و له‌وێ بۆخۆیان ئیمپراتۆرییه‌كی مه‌زنیان پێك نابوو. ئیمپراتۆریی ئاشوورییه‌كان زۆر به‌هێز و بێبه‌زه‌یی بوو و هه‌رده‌م بۆ په‌ره‌پێدانی مۆڵگه‌ی خۆی هێرشی ده‌برده سه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كانی و توانیی له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیدا گه‌لێ ئیمپراتۆری و ده‌وڵه‌ت بڕووخێنێ و بیانخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، بۆ نموونه ئیمپراتۆریی هیتییهكانی ڕووخاند، فه‌له‌ستینی داگیر كرد، ئیمپراتۆریی هه‌زاران ساڵه‌ی عیلامییه‌كان كه له لای خوارووی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێستاكه‌ی كوردستاندا بوو تێك دا. له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌تا چیای ده‌ماوه‌ند و كه‌ویری لووت كشان و به‌سه‌ر پارس و ماده‌كاندا زاڵ بوون. ئاشوورییه‌كان له گه‌لێ نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه پیتاك و سه‌رانه‌یان به زۆر وه‌رده‌گرت، ته‌نانه‌ت له پارسه‌كان و ماده‌كانیش وه‌ریان ده‌گرت.
ئیمپراتۆریی ئاشووری ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز و مه‌ترسیدار بوو بۆ هه‌موو خه‌ڵكانی ناوچه‌كه.
به‌ڵام…
به‌ڵام دواتر له نێو هۆزه ئاریاییه‌كاندا تاكه هۆزێك بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ری هه‌ڵدا و بوو به ئیمپراتۆرییه‌ك و دواتریش كه‌وته گیانی ئمپراتۆریی دڕنده‌ی ئاشوور و ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ی له ڕووپه‌ڕی مێژوودا بۆ هه‌میشه سڕییه‌وه. ئه‌ویش ئیمپراتۆریی به‌هێزی ماده‌كان بوو، باپیره‌ی كوردانی ئه‌وڕۆكه.
ئیمپراتۆریی ماد، ئیمپراتۆرییه‌كه كه كوردان ده‌بێ هه‌میشه به شانازییه‌وه یادی لێ بكه‌ن. ده‌بێ كۆڕ و كۆمه‌ڵی پسپۆڕ و تایبه‌تی ته‌رخان بكرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ئیمپراتۆرییه مه‌زنه.
ئاخۆ چۆن بوو ئه‌و ئیمپراتۆرییه پێك هات؟
1ـ دیاكۆ
وه‌ك وتمان ماده‌كان و پارسه‌كان كه هه‌ردوكیان له بنه‌ڕه‌تدا ئاریایی بوون، له ئاخروئۆخری سه‌ده‌ی هه‌شته‌می پێش له زایین‌دا سه‌ریان هه‌ڵدابوو و به‌شێوه‌ی خانخانی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و پرش‌وبڵاو ده‌ژیان.
نزیكه‌ی 700 ساڵ پێش له زایین له نێو ماده‌كاندا كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌ژیا كه له لای هه‌موو ماده‌كانه‌وه ڕێزێكی تایبه‌تیی هه‌بوو، ئه‌و ناوی دیاكۆ بوو. دیاكۆ مرۆڤێكی به‌ئاوه‌ز، تێگه‌یشتوو و هه‌ڵكه‌وته‌ی گونده‌كه‌ی بوو كه بڕوای وا بوو له نێوان زوڵم و داددا خه‌باتێكی هه‌میشه‌یی و هه‌تاهه‌تایی هه‌یه.
خه‌ڵك كه لێزانی و تێگه‌یشتوویی و دادوه‌ریی دیاكۆیان دیبوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی گیروگرت و كێشه و ئاژاوه‌كانیان هانایان ده‌برده به‌ر ئه‌و.
دیاكۆ بوو به خۆشه‌ویستی هه‌مووان و ناوبانگی داخست، وای لێ هات كه له‌به‌ر دادگه‌ری و پیاوچاكییهكانی له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه داوای لێكرا كه ببێ به سه‌رۆك و پاتشایان. ئه‌ویش كه بشێوی و به‌ربڵاوی و هه‌ته‌ران و ته‌ته‌رانی ناوچه‌كه ئازاری ده‌دا، به داخوازییه‌كه‌یان قاییل بوو و بڕیاری دا ماده‌كان له ده‌وری یه‌ك كۆ كاته‌وه و له‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و هاوبه‌ش پێك بێنێ.
یه‌كه‌م كارێ كه كردی داوای له خه‌ڵكه‌كه كرد كه واز له ته‌رانشینی بێنن و له ده‌وری یه‌كدا كۆ بنه‌وه و فه‌رمانی دا كه پایته‌ختێك چێ كه‌ن. ئه‌وه بوو كه شاری (ئیكباتان)یان ئاوا كرده‌وه. شاره‌كه حه‌وت شووره‌ی بازنه‌ییی به‌ده‌وردا كێشرا بوو و هه‌ر شووره‌یه‌ك له‌وی تر به‌رزتر بوو و باره‌گای شا و خه‌زێنه‌كانی له نێو ئاخرین شووره‌كه‌دا بوو. چێوه‌ی دیواره ده‌ره‌كییه‌كانی زۆر له دیواره‌كانی (ئاتێن) پایته‌ختی یۆنان ده‌چوو. ڕه‌نگه‌كانی ئه‌و شووره حه‌وته‌وانانه به ڕیز بریتی بوون له سپی، ڕه‌ش، ئه‌رخه‌وانی، شین و نارنجی. له سه‌ربانی دوو شووره دوایینهكه، یه‌كێكیان به زیو و ئه‌وی دیكه‌شیان به زێڕ داپۆشیبوو.
به شاری ئیكباتان، هگمه‌تانه‌ش وتراوه و ئه‌وڕۆكه پێی ده‌ڵێن هه‌مه‌دان و هێشتاش هه‌ر ماوه و دراوسێی پارێزگای كرماشان ه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا و به گوێره‌ی دابه‌شبوونه جوگرافییهكانی وڵاتی ئێران‌دا بۆ خۆی پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه. دیاره درێژایی زه‌مان هه‌موو شتێكی لێ سڕیوه‌ته‌وه و بۆنوبه‌رامه‌ی ماده‌كانی لێ نایه، به‌تایبه‌ت كه پاش ماده‌كان ئه‌و شاره هه‌میشه له‌ده‌ستی ناحه‌زانی ماد بووه و هه‌رچی شارستانیه‌تی ئه‌و شاره بووبێ سڕیویانه‌ته‌وه یان بۆ خۆیان بردوویانه.
* * *
هه‌واڵێك له‌سه‌ر پایته‌ختی ماده‌كان:
{به‌ڵام له ڕێكه‌وتی 25 ـ 07 ـ 1999، ایرنا، ئاژانسی دهنگوباسی ئێرانی هه‌واڵێكی سه‌باره‌ت به پایته‌ختی ماده‌كان له‌سه‌ر ئینته‌رنت بڵاو كرده‌وه كه ده‌قی وهرگێڕاوهكهی له خواره‌وه ده‌بینن:
عه‌مه‌لیاتی لێكۆڵینه‌وه به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی پایته‌ختی سه‌ره‌كیی “ماده‌كان” ده‌ستی پێكرد.
ده‌هه‌مین به‌شی توێژینه‌وه‌ی گردی “هگمه‌تانه” یه‌كێك له گرنگترین گرده مێژینهییهكان له پارێزگای “هه‌مه‌دان” به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی پایته‌ختی سه‌ره‌كیی ماده‌كان له ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌دا ده‌ستی پێكرد.
“موحه‌مه‌د ڕه‌حیمی سه‌ڕاف” سه‌رپه‌رشتی شانده شوێنهوارناسهكهی گردی هگمه‌تانه وتی، ئه‌م شانده له ماوه‌ی 16 ساڵ و به جێبه‌جێكردنی 9 به‌شی توێژینه‌وه له گردی هگمهتانهدا توانیی یه‌كێك له كۆنترین شاره مێژینهییهكان له سنوورگه‌ی 25 هیكتاریی ئه‌م گرده مێژینه‌ییه له ژێر خاك و خۆڵ وه‌ده‌رخا.
ئه‌و وتی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون نیشانده‌ری هه‌بوونی شارێكن له “هگمه‌تانه”دا كه حكوومه‌تی تێدا كراوه و دۆزینه‌وه‌ی سیسته‌می تایبه‌تمه‌ندی بیناسازی و میعماریی ئه‌و شاره پیشانده‌ری بلیمه‌تیی بیناسازان، هونه‌رمه‌ندان، نه‌خشه‌كێشان و باقیی پسپۆڕانی ئه‌و شاره‌ن له جیهانی مێژینه‌دا.
به‌گوێره‌ی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م شانده شوێنه‌وارناسه، هه‌بوونی له‌مپه‌ر و پتهوگهی سروشتی و به‌تایبه‌ت شووره‌یه‌كی ئه‌ستوور و قایم، باس له نرخ و گرنگیی (سوق الجیشی)ی ئه‌م شاره مه‌زنه له سه‌رده‌می مێژینه و كه‌ونارا ده‌كا.
ناوبراو وتی، ڕێڕه‌و، شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌م شاره پایته‌خته، پاناییه‌كه‌ی 3 میتر و نیوه و له ڕاسته‌ی باكووری ڕۆژهه‌ڵات به‌ره‌و باشووری ڕۆژئاوا هه‌ڵكه‌وتووه و هاوته‌ریبن و به دوورییه‌كی 35 میتری له یه‌كه‌وه پێكهاتوون.
سه‌ڕاف درێژه‌ی دا، چه‌نده‌ها مۆر، په‌یكه‌ر، ده‌فری گڵین و شووشه‌یی، جۆره‌ها سكه له ده‌ورانی سلووكی هه‌تا ده‌ورانی ئیسلامی به‌شێكن له‌و ئاسه‌واره به‌ده‌ستهاتووه له‌م گرده مێژینه‌دا و به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵگه و نیشانانه‌ی كه به‌ده‌ست هاتوون وێده‌چێ ئه‌م شاره كهوناراییه پایته‌ختی سه‌ره‌كیی ماده‌كان بێ.
هه‌وڵ ده‌درێ كه به‌ڵگه‌ی پێویست به‌ده‌ست بێنن كه بتوانێ قسه‌ی مێژووزانان بسه‌لمێنێ كه ده‌ڵێن ئه‌م شاره مێژینه‌ییه هی “دیاكۆ” پادشای ماده‌كانه.
هه‌روه‌ها كێشانی نه‌خشه‌ی شاره مێژینهییهكهی گردی هگمه‌تانه، ڕێكخستن و چاكردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌ی كاتیی گردی هگمه‌تانه، سه‌رله‌نوێ چاكردنه‌وه‌ی شووره‌كه، ئاماده كردنی كاتالۆگ له ده‌رئه‌نجامی ههڵكهندنكارییهكانی شانده شوێنهوارناسهكه، ئاماده‌كردنی نه‌خشه‌ی ته‌واوی گرده‌كه و توێژه ههڵكهندراوهكانی، به‌شێكن له به‌رنامه‌كانی شانده شوێنهوارناسهكه له به‌شی دواییی توێژینه‌وه‌كه‌دا}.
* * *
دیاكۆ پاتشایه‌كی دادگه‌ر بوو و توانیی له ماوه‌ی ژیانیدا ته‌نانه‌ت پێش له پارسهكانیش ده‌وڵه‌تێك بۆ ماده‌كان پێك بێنێ و ماده‌كان له ده‌وری یه‌كدا كۆ كاته‌وه و بوو به دامه‌زرێنه‌ری ئیمپراتۆریی ماد كه دواتر له لایه‌ن كوڕه‌كانیه‌وه به‌هێزتر و به‌ربڵاوتر بوو. دیاكۆ پاش 53 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری، له ساڵی 655ی پێش زایین چرای ژیانی كوژرایه‌وه و پاش ئه‌و، حكوومه‌ت كه‌وته ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی كه ناوی فرورتیش بوو.
2ـ فرورتیش
فرورتیش پاش دیاكۆ ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و بۆ ماوه‌ی 22 ساڵ له نێوان ساڵانی 655 و 633 حوكمی گێڕا.
له كاتی هاتنه سه‌ر ته‌ختی فرورتیش، هۆزی سكایی كه تیره‌یه‌كی شه‌ڕخڕ و جه‌نگاوه‌ر بوون له ده‌وروبه‌ری گۆلی ورمێ‌دا ده‌ژیان. پارسهكانیش له باشوور ده‌ژیان. فرورتیش هه‌رده‌م هه‌وڵی ده‌دا كه سنوورگه‌ی ئیمپراتۆریی ماد به‌ربڵاوتر بكا، ئه‌وه بوو هێرشی برده سه‌ر پارسه‌كان و مهڵبهندهكهیانی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆریی مادی به‌رینتر كرد. به‌ڵام ئه‌و له خولیای ئه‌وه‌دا بوو كه هێرشیش به‌رێته سه‌ر ئیمپراتۆریی ئاشوور و كۆتایی به زۆڵم و سته‌می ئاسوورییه‌كان بێنێ و گه‌لێ نه‌ته‌وه كه ناچار بوون باج و پیتاك و سه‌رانه به ئاسوورییه‌كان بده‌ن له ژێری ئه‌و بێدادییه‌دا ڕزگار بكات.
سوپایه‌كی گرانی كۆ كرده‌وه و به‌ره‌و نه‌ینه‌وا پایته‌ختی ئاشووورییهكان كه‌وته ڕێ. هه‌واڵ گه‌یشته ئاشوورییه‌كان، ئه‌وان له پێشه‌وه به‌رپه‌رچی ماده‌كانیان دایه‌وه. سكاییهكانیش كه له ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی ورمێ‌دا ده‌ژیان و هاوپه‌یمانی ئاشوورییه‌كان بوون، سوپایه‌كی گرانیان له پشته‌وه خسته‌ڕێ بۆ هێرشبردنه سه‌ر ماده‌كان و پشتیوانی له ئاشوورییه‌كان. ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ گه‌لێ شه‌ڕی قورس و گران له‌و نێوه‌دا كرا. ماده‌كان كه‌وتبوونه گه‌مارۆی سكاییه‌كان و ئاشوورییه‌كانه‌وه.
له یه‌كێ له‌و شه‌ڕانه‌دا له ساڵی 633ی پێش زایین فرورتیش كوژرا و ده‌وڵه‌تی ماد كز بوو و سكاییه‌كان كه هه‌لیان به له‌بار ده‌زانی كه‌وتنه داگیركرتن و تاڵانكردنی مه‌ڵبه‌ندی ماده‌كان. ئه‌وان نزیكه‌ی 28 ساڵ هه‌ته‌ران و ته‌ته‌رانیان له وڵاتی ماد‌دا ده‌كرد و كه‌وتبوونه كوشتوبڕی ماده‌كان.
3ـ هوخشته‌ر (سیاگزار)
پاش كوژرانی فرورتیش، كوڕه‌كه‌ی كه ناوی هوخشته‌ر بوو ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. دیاره ئه‌و كێشه‌ی زۆری له‌گه‌ڵ سكاییه‌كان هه‌بوو. هوخشته‌ر پێشه‌وایه‌كی له‌بار و له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات‌دا سه‌ركرده‌یه‌كی بێوێنه بوو.
ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانێ به‌ره‌نگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایه‌كی ڕێكوپێكی كۆ كرده‌وه و پسپۆڕانه باری هێنان. سوپایه‌ك بریتی له سواره و پیاده. سواره‌كانیان شانیان له شانی سواره‌كانی ئاشووری ده‌دا و پیادهكانیان له تیرهاویشتن بێوێنه بوون و به تیروكه‌وان و نێزه چه‌كدار بوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه وڵاتی ماد جێگه‌یه‌كی له‌بار بۆ په‌روه‌رده‌ی ئه‌سپ بوو و ماده‌كان هه‌ر له منداڵییه‌وه شاره‌زای ئه‌سپسواری و تیرهاویشتن بوون، كاری هوخشته‌ر ئاسانتر ده‌بوو بۆ پێكهێنانی سواره‌یه‌كی خاوه‌ن ئه‌زموون و بهزیپكوزاكوون. هوخشته‌ر توانیی جه‌نگاوه‌رانی ئازا و به‌جه‌رگی وا بار بێنێ كه له هیچ شتێ نهدهسڵهمین. هه‌ر به یارمه‌تیی ئه‌و سوپا نه‌به‌زه توانیی سكاییه‌كان كه ده‌مێك بوو له وڵاتی ماد‌دا كه‌وتبوونه تاڵان و كوشتوبڕ تێك بشكێنێ و له وڵات وه‌ده‌ریان نێ. به‌وجۆره تۆڵه‌ی باوكی و وڵاته تاڵانكراوه‌كه‌ی مادی له سكاییه‌كان كرده‌وه.
پاشانیش له‌گه‌ڵ (نه‌بوو پۆلاسار) پاتشای بابل كه پێشتر به یارمه‌تیی ماده‌كان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست هێنا بوو، یه‌كی گرت و به سوپایه‌كی گرانه‌وه هێرشی برده سه‌ر ئاشوورییه‌كان و شاری نه‌ینه‌وای له 612ی پێش له زایین‌دا گرت كه پایته‌ختی ئاشوورییه‌كان بوو. ساراكوس (سه‌نا خه‌ریب) كه پاش مه‌رگی (ئاشوور به‌نیپال) ببووه پاتشای وڵاتی ئاشوور، كه دیی به‌رگه‌ی ماده‌كان ناگرێ ئاگرێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵكرد و خۆی و خاووخێزانی خسته ناو ئاگره‌كه و به‌وجۆره چرای ته‌مه‌نی هه‌زار ساڵه‌ی ئیمپراتۆریی ئاشوور كوژرایه‌وه.
له سه‌رده‌می هوخشته‌ردا وڵاتی ماد گه‌لێك په‌ره‌ی سه‌ند. هوخشته‌ر به تێگه‌یشتوویی و زاناییی خۆی خزمه‌تی گه‌وره‌ی به ماده‌كان كرد. ئیمپراتۆریی ماد له سه‌رده‌می هوخشته‌ردا زۆر بڵاو و به‌رین ببوه‌وه.
هوخشته‌ر له ساڵی 584ی پێش زایین كۆچی دواییی كرد.
4ـ ئاستیاگ (ئه‌ژدیهاك)
پاش هوخشته‌ر، كوڕه‌كه‌ی كه ناوی ئاستیاگ بوو ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. ئه‌ویش نزیكه‌ی 34 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی كرد. له سه‌رده‌می ئه‌ودا وڵاتی ماد هێمن و كڕوكپ بوو. ئاستیاگ به لاساییكردنه‌وه‌ی پاتشایانی ئاشووری باره‌گای دروست كرد و خه‌ڵكێكی زۆر تیای كه‌وتنه كار كردن. دهربارییهكان جلی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان له‌به‌ر ده‌كرد و له ڕێوڕه‌سم و بۆنه تایبه‌تییه‌كاندا زنجیر و ملوانكه‌ی زێڕینیان ده‌كرده مل.
ئاستیاگ كچێكی هه‌بوو به ناوی ماندانا، ئه‌م كچه درابوو به مێرد به یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی پارس له باشوور. ئه‌ویش دواجار كوڕێكی ده‌بێ كه ناوی ده‌نێن كوورش. كاتێ كوورش گه‌وره ده‌بێ خۆی به پارسێكی ته‌واو ده‌زانێ و بڕیاریش ده‌دا كه وڵاتی ماد داگیر بكات.
له‌ملاو ئه‌ولا سوپایه‌ك كۆ ده‌كاته‌وه و به سیاسه‌تیش خۆی له بابلییه‌كان نێزیك ده‌كاته‌وه و داوایان لێ ده‌كا كه پێكه‌وه هه‌ڵمه‌ت به‌رنه سه‌ر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییه‌كانیش كه ده‌مێك بوو له حه‌سره‌تی (هاران)دا بوون كه ڕێگای هاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و له‌ژێر ده‌ستی ماده‌كاندا بوو، ده‌بن به هاوپه‌یمانی پارسه‌كان و دوو قۆڵی هێرش ده‌به‌نه سه‌ر وڵاتی ماد و پاش گه‌لێ شه‌ڕی قورس و گران، ئاستیاگ كه زۆریش به‌ته‌مه‌ن بوو وپاتشا و سه‌ركرده‌ی سوپای ماد بوو، له لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه به دیلی ده‌گیرێ و چه‌مه‌سه‌ریی زۆر ده‌بینێ. به‌وجۆره ده‌سه‌ڵاتداریی ماده‌كان ده‌كه‌وێته ده‌ستی پارسه‌كان و كوورش ده‌توانێ حكوومه‌تی هه‌خامه‌نشییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار دامه‌زرێنێ.
به‌وجۆره ئیمپراتۆریی ماد له ساڵی 550ی پێش له زایین‌دا ئه‌ستێره‌ی ده‌سه‌ڵاتی له ترووسكه ده‌كه‌وێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌رده‌می ماده‌كان له‌م سه‌رده‌مه‌وه زۆر دوور بووه، هه‌ندێ له مێژووزانان له سه‌ر چه‌ند به‌شێكی ساڵی ده‌سه‌ڵاتداریی ماده‌كان هه‌ندێ بیروڕای جیاوازیان هه‌یه. بۆ نموونه هروودت مێژووزانی یۆنانی ئه‌و ساڵانه وا ده‌خه‌مڵێنێ:
1ـ دیاكۆ، 727 تا 675ی پ. ز.
2ـ فرۆرتیش، 674 تا 653ی پ. ز.
3ـ سكاییه‌كان و ماد، 652 تا 625ی پ. ز.
4ـ هوخشته‌ر، 624 تا 585ی پ. ز.
5. ئاستیاگ، 584 تا 549ی پ. ز.
و دواجاریش ڕووخانی ده‌وڵه‌تی ماد له ساڵی 550ی پێش له زایین ده‌زانێ.
سنووری ئیمپراتۆریی ماد
سنووری ئیمپراتۆریی ماد له باكووره‌وه ده‌گه‌یشته ڕووباری ئه‌ره‌س، له باشووره‌وه هه‌تا خووزستان، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌تا به‌لخ و له ڕۆژئاواشه‌وه ده‌گه‌یشته ڕووباری هالیس واته ئه‌و چۆمه‌ی كه ئه‌وڕۆكه پێی ده‌ڵێن قزل ئیرماق. ئه‌م ناوچه به‌ربڵاوه، به‌شێكی گرنگی ئاسیای بچووك و ده‌ڤه‌ره‌كانی ئازه‌ربایجان و كوردستان و هه‌مه‌دان و ئه‌راك و ڕه‌ی و دامغان و فارس و به‌لخ به‌شێك له خووزستان و ته‌واوی مازنده‌رانی ده‌گرته‌وه.
ئیكاباتان
په‌یكه‌ری به‌ردین، یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی
ماد كه بێچووه شێرێكی له ئامێز گرتوووه.
وێنه‌یه‌ك له كوژرانی گئۆماتا و فه‌لاقه‌ی
ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به ده‌ستی داریۆشی یه‌كه‌م
كه له‌سه‌ر دیواره‌كانی بێستووندا هه‌ڵكۆڵراوه
سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان:
1ـ سه‌رچاوه‌ی نه‌خشه: ماڵپه‌ڕی كاك سه‌ردار پشده‌ری
2ـ تاریخ ده هزار ساله ایران ـ جلد اول ـ چاپ ده‌م ـ تابستان 1378 ـ عه‌بدولعه‌زیم ره‌زایی.
3ـ تاریخ ماد ـ چاپ چهارم ـ سال 1377 ـ ا. م. دیاكونوف، ترجمه كریم كشاورز.
4ـ تاریخ كرد و كردستان ـ چاپ اول ـ سال 1378 ـ سدیق سه‌فی زاده (بۆره‌كه‌یی).
5ـ جنبش های كرد از دیرباز تاكنون ـ چاپ اول ـ سال 1993 ـ سوئد ـ م. كاردوخ، سه‌رچاوه‌ی هه‌ندێك له باسه‌كه و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی وێنه‌كه‌ی دیاكۆ و باقیی وێنه‌كان، ئه‌م كتێبه بووه.
6ـ مێژووی ڕاپه‌ڕینی كورد ـ عه‌لائه‌دین سه‌جادی ـ چاپی دووهه‌م ـ 1996 ـ سه‌قز.
7ـ ئینته‌رنت، ئیرنا، 25 ـ 07 ـ 1999.
*************************
ماڵپه‌ڕی دیاكۆ
http://www.geocities.com/dyako700/index.htm