Home / بەشی مێژووی كورد / ڕێکەوتن نامەی ۱۱ی ئازار بۆچی سەرکەوتوو نەبوو

ڕێکەوتن نامەی ۱۱ی ئازار بۆچی سەرکەوتوو نەبوو

ڕێکەوتن نامەی ۱۱ی ئازار بۆچی سەرکەوتوو نەبوو

2352201132016_hjhykui

 

پاش ١٠ ساڵ لە هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلول و دەیان ساڵ لە بەردەوامیى شەڕى خوێناوى نێوان بزوتنەوەى کورد و ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانى عێراق، سەر لەئێوارەى ١١ ئازارى ١٩٧٠ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى بەغدا ڕاگەیەنراوێکى لەسەر ڕێککەوتنى حکومەتى ناوەندیى بەغدا و سەرکردایەتى شۆڕشى ئەیلول بڵاوکردەوە و لەمە بەدوا بە ناوى بەیانى ١١ ئازار ناسرا.

هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە لە سەردەمى حوکمڕانى بەعسییەکان و لەلایەن سەدام حسێنى جێگرى سەرۆک کۆمار و مەلا مستەفاى سەرکردەى شۆڕشى ئەیلولەوە ئیمزا کرا، بەڵام ڕەنگرێژى و سەرەتاکانى بیرۆکەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى شەستەکان و سەردەمى حوکمڕانى عەبدولڕەحمان عارف و عەبدولسەلامى براى، کەچى کودەتاى بەعسییەکان لە ١٩٦٨ نەیهێشت بگاتە ئاکام و سەرەنجام ڕێککەوتنەکە دواکەوت بۆ سەردەمى حوکمڕانیى ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێنى جێگرى سەرۆک کۆمار.

لە پاش بڵاوکردنەوەى بەیانى ١١ ئازار ئاهەنگگێڕان و خۆشبینییەکان بە ڕێککەوتنەکە گەلێک زۆربوون، چونکە بڕیاربوو چیتر کۆتایی بە شەڕو شۆڕ و ململانێیەکى خوێناوى دورو درێژ بهێنێت لەنێوان بزوتنەوەى کورد و دەوڵەتى عێراق کە مێژووەکەى هاو تەمەنى مێژوى خودى دەوڵەتەکە بوو.

بەپێى ڕێککەوتنەکە عێراق دانى نا بەمافى ئۆتۆنۆمى بۆ گەلى کوردستان، ڕێگەى دا کورد بەشدارى حوکمڕانى عێراق بن وەک هاوبەش و شەریک لە وڵات، زمانى کوردیی بەفەرمى ناساند، مافە کلتوریى و ڕۆشنبیرییەکانى گەلى کوردى سەلماند و دانى نا بەمافى کەمایەتییەکانیترى ناو عێراق.

خەڵکی کوردستانیش لەسایەیدا ئارامییان بۆ گەڕایەوە و بۆ ماوەیەک ڕزگارییان بوو لە مەترسی تۆپباران و ڕاوەدوونان.

بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەم ڕێککەوتنە هێزى بەیاننامەشى نیە و (شەیتانى وردەکاریی) وایکرد هەر بە مەرەکەبى سەر کاغەز بمێنێتەوە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن هۆکارى سەرەکى شکستهێنانى ڕێککەوتنەکە دەگەرێتەوە بۆ ناکۆکیى هەردولا لەسەر سنورى ئیداریی ناوچەى ئۆتۆنۆمى بەتایبەت مافى کورد لە شارى کەرکوک و خاوەندارێتیى سامانى ئەم شارە دەوڵەمەندە.

هۆکارێک کە فاکتەرى شکستهێنانى زۆربەى دانوستانەکانى نێوان کورد و بەغدا بووە و تا ئێستاش لەڕووى یاسایى و دەستورییەوە درێژەى هەیە و بەفەرمى چارەسەر نەکراوە.

لە ١٩٧٤ ڕژێمى بەعس یەکلایەنە و دوور لەسەرکردایەتى شۆڕش ناوچەى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەى کەرکوک و شەنگال و خانەقین لە خۆ بگرێت و کۆمەڵێک کوردیش بەپیرییەوە چوون، ئەمەش لەناو ئەدەبیاتى سیاسى کوردیدا بە ئۆتۆنۆمى کارتۆنى ناسراو تا ڕاپەڕینەکەى ١٩٩١ درێژەى کێشا.

هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ڕێککەوتنى ١١ ئازار یەکێکە لەدەسکەوتەکانى شۆڕشى ئەیلول، چونکە چیتر ڕژێمى عێراق تواناى سەرکوتکردنى شۆڕشى نەماو بڕیاریدا مل بۆ بەشى زۆرى داواکارییەکانى بدات، بەڵام هەندێکیتر پێیانوایە ڕێککەوتنەکە جگە لە فێڵ و چاوبەسکردن لە کورد بەولاوە هیچیتر نەبووە، بەو پێیەى رژێمى بەعس پێویستى بە پشوو ئاگربەستێک هەبوە بۆ ئەوەى باشتر خۆى ڕێک بخاتەوە دژ بەکورد و ئەوەبوو هەر لە مانگى ئازاردا بەڵام پێنج ساڵ دواتر و لە ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەى جەزایر و زیندەبەچاڵکردنى سەراپاى شۆڕشى ئەیلولى کرد بەسەریدا.
سەربارى ئەم دوو بۆچونەش زۆرێک هەر بەگرنگییەوە لە بەیانى ١١ ئازار دەڕوانن بەوپێیەى دۆکۆمێنتێکى فەرمی و تۆمارێکى نوسراوە لەنێوان کورد و بەغدا کە تێیدا زۆرێک لە مافە نەتەوەییەکانى کورد دانى پێدانرا، ئەمەش بۆ گەلێکى وەک کورد کە لاى هەندێ لە بیانییەکان وا ناسراوە زۆرجار کۆڵەوار و بێ پلان بووە لە دانوستانەکاندا بایەخ و گرنگیی تایبەتى هەیە و پێشینەیەکە لە هەر چارەسەرێکى یەکلایی و کۆتایی پرسى کورد لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراق.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …