لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
تێبینیی: ئەم باسە یان ڕاپۆرتە لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە و من وەک خۆی بە ئەمانەتەوە وەرمگێڕاوە و پێمخۆشە خوێنەری خۆمان ئاگاداری بێت. ئەو زانیارییانەی تێیدا هاتوون دەربڕینی ڕاوبۆچوونی نووسەری ئەم ڕاپۆرتەیە و مەرج نییە لەگەڵ ڕاستی و دروستیی سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکبگرنەوە. ئەم بەڵگەنامەیە و دەیان و بگرە سەدانی تر و زیاتر لەسەر کورد لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و بێگومان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد پێویستن، بەتایبەتی ئەوانەی کە هی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیی ئەو وڵاتەن بۆ کوردستان و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەرگێڕ.
دوانزە سوارەی مەریوان ئەفسانەیەکی گەورەی کوردییە کە دەوری میراتی عادیلە خانمی داوە. ئەم ئەفسانەیە لە کاتی داگیرکردنی میزۆپۆتامیا لەلایەن عەباس میرزا و سوپا ناپلیۆنییەکەیەوە ڕوودەدات، کە لە سەردەمی داود پاشادا دژی مەملووکەکانی عوسمانی شەڕیان کردووە. یەکێک لە حاکمەکانی بابان، کە ئەحمەد پاشای بابان بووە لە داود پاشا هەڵگەڕاوەتەوە و هاوکاریی ئێرانییەکانی کردووە بۆ لکاندنی ناوچەی باشووری کوردستان بەوانەوە. بەڵام دوانزە سوارەکەی مەریوان بە دڵسۆزی مەملووکەکان (لێرەدا مەبەست ئیمارەتی بابانە – وەرگێڕ) ماونەتەوە و دژی ئێرانییەکان ڕاپەڕیون و لەشکرەکەی عەباس میرزایان شکاندووە کە لە دە هەزار سەرباز پێکهاتووە.
داود پاشای بابان و مەملووکەکان سەرکەوتنیان بەسەر عەباس میرزادا بەدەستهێناوە و بەدوایدا میرێکی دڵسۆزی بابان، کە مەحمود پاشای بابان بووە، کراوە بە قایمقامی سلێمانی و یەکێک لە سوارچاکانی نەبەردییەکەی دوانزە سوارەی مەریوان ئەحمەد بەگی ساحێبقرانی باپیرە گەورەی عادیلە خانم بووە. ئەم سوارچاکە لە قەڵەمڕەوی باباندا دەسەڵاتێکی بەرفراوانی پێدراوە و مەحمودی کوڕی بووە بە باشچاوش و فەرماندەی هێزی چەکداری بابان و سەرکردایەتیی بەرگریی عوسمانیی لە خاک و ناوچە سنوورییەکانی میزۆپۆتامیای درواسێی ئێرانی کردووە. دواتر بنەماڵەی ساحێبقرانییەکان پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان لەگەڵ ئەردەڵانییەکان بەستووە و لە کۆتاییدا غوڵام شای ئەردەڵان لە ساحێبقرانەکان هەڵکەوتووە. هەروەها گەلێ کەسایەتیی گرنگی تر لە بواری کولتوور و ڕۆشنبیریی کوردیدا لە بنەماڵەی ساحێبقران هەڵکەوتوون وەک شاعیران ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ، عەبدولڕەحمان سەلیم و مستەفا کوردی. هەروەها ساڵح زەکی دەبێتە فەرماندەیەکی دیاری لەشکری عوسمانی و لە ناو حکوومەتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا ناوبانگێکی گەورە پەیدا دەکات.
عادیلە خانمی جاف، ژنە بەهێزەکەی هەڵەبجە، لە سەردەمی بەشێکی زۆری ماندێتی بەریتانی بەسەر میزۆپاتامیا و عێراقدا دەسەڵاتێکی گەورە بە سەر عەشیرەتی جافدا پەیدا دەکات. ئەو لە هۆزی ئەردەڵانەوە هاتبوو کە بنەماڵەیەکی گەورەی وڵاتی فارس (ئێران) و حوکمڕانی ئیمارەتێکی گەورە بوو، کە بە هاوبەشی لەگەڵ تەختی قاجار لە تاران حوکمڕانیی دەکرد و لەگەڵ ئەوانیشدا پەیوەندیی ژن و ژنخوازییان دروستکردبوو. ئەردەڵانییەکان پایەیەکی گرنگ بوون بۆ تەختی قاجار، وەک چۆن وەزیرەکانی قاجاریش بوون و بنکەی دەسەڵاتیان لە سنە بوو کە بە واتای قەڵای شا دێت. ئێرە ئەو شوێنە بوو کە عوسمان پاشای جاف تێیدا عادیلە خانمی مارەکرد،کە کچی وەزیرێکی تەخت و تاجی قاجار و سەر بە هێڵێکی دایکە ئێرانییەکە بوو کە هۆزی ئەردەڵانی تووشی ئازار کردبوو. فەتح عەلی شای تەختی قاجار کە هاوپەیمانی ناپلیۆن بوو، کچێکی خۆی بە ناوی شازادە حوسنی جەهان لە خوسرەو خانی ئەردەڵان مارەکرد. ئەمیش وردە وردە دەستی کرد بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی خوسرەو خانی ئەردەڵانی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی قاجارییەکانی باوانی تا دواجار دەسەڵاتی خوسرەو خان کۆتایییەکی دڵتەزێنی بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی ١٨٣٤دا ژەهرخواردوو کرا و مرد. دوای خۆیشی نەوەکانی تووشی ئاژاوە و ڕکابەری بوون لە ناو خۆیاندا. لە کۆتاییدا فەتح عەلی شای قاجار کچەزا ڕکابەرەکانی خۆی لە دەسەڵاتی ئەردەڵان دوورخستەوە و لە شوێنی ئەوان مامی خۆی شازادە فەرهاد میرزا موعتەمەدولدەولەی کردە حوکمڕان لە ساڵی ١٨٦٧دا.
خۆشبەختانە خوشکی خوسرەو خانی ئەردەڵان، شازادە نوور جەهان، لەگەڵ ئۆغڵی بەگی دووەم مونشیی بنەماڵەی وەزیر یان وەزیرەکانی حکوومەت لە سنە، کە زەڕیناڵیان پێدەگوتن، هاوسەرگیریی کرد. زەڕیناڵەکان لە سەردەمی نادر شادا لە ئاوارەیی ئەفغانستان گەڕابوونەوە، بۆ ئەوەی ئەردەڵانەکان لە ژێر ڕکێفیاندا بمێننەوە، وەک وەزیر لە سنە دانرابوون. شازادە نورجەهان لە ساڵی ١٨٤٠ لە کۆشکی نیشتەجێبوونی خوسرەوئابادی شاری سنە ئاغا میرزا زەمان کوردستانیی هێنایە دنیاوە. دواتر ناسرەدین شای نوێ بە سەردانێکی فەرمی هاتە سنە و زۆر سەرسام بوو بە ئاغا میرزا زەمانی کوردستانی کە خوێندەوارێکی باش بوو.
بۆ بەدبەختی ئۆغلی بەگی دووەمی مونشی هەموو پێداویستییە داراییەکانی ڕادەستی شا نەکرد، بۆیە شا کوڕی ئۆغلی بەگی دووەم مونشیی لەگەڵ خۆی برد و بەرزکرایەوە بۆ پلەی لەشکر نەویس و ساڵی ١٨٥٩ڕەوانەی تاران کرا و لەوێ لە فەرمانگەکانی دەرباردا کاری دەکرد. پاشان بوو بە بەرپرسی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە ناوچەی سنە و بوو بە یەکێک لە ڕاوێژکارە سەربازییە سەرەکییەکانی شا و موڵک و ماڵێکی زۆری بەدەستهێنا و ساڵی ١٨٦٨ لەگەڵ پەری سوڵتان خانمدا هاوسەرگیریی کرد و چەندین نەوەیان لێکەوتەوە.
عادیلە خانم: میراتی ئەردەڵان
کورشی مەزن کە لە تەوراتدا ناوی هاتووە و لە بنەماڵەی ئەخمینیەکانە و هاوڕێ لەگەڵ لەشکر و سوپایەکی گەورەی ئێراندا لە زۆنگاوەکانی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتی میزۆپۆتامیاوە پێشڕەویی کرد و بێ شەڕ وێرانەکانی بابلی گرت، پاش ئەوەی سەرکردایەتیی کلدان ساڵی ٥٥٠ پ. ز. لە ناوەوە هەرەسی هێنا. جەنەراڵە ژنەکەی ئارتشبۆد پانتیا، کە پێشتر فەرماندەی پاسەوانی ئیمپراتۆرییەکەی بووە و بە نەمران ناسرابوو، فەرماندەیی داگیرکردنی بابلی گرتە ئەستۆ.
ئیمپراتۆرییەتی ئەخمینی باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی بەناوبانگی بە میرات بۆ مایەوە کە لەلایەن سەنحاریبەوە دروستکرابوون. ئەم باخچانە شاری گومەز و زەقوورەداری خەمناکی نەینەوای کۆنیان گۆڕیبوو بۆ شارێکی بەپیتتر و گەشاوەتر بە مۆرکێکی ئێرانی – وەک ڕێزلێنانێک بۆ شکۆمەندکردنی شاژنە ئەمیتیس هاوسەرە نازدار و قەشەنگە ئیرانییەکەی – لە دەوروبەری ساڵانی ٨٨٣ – ٨٥٩ پێش زاییندا. لەو دەمەدا بابل بە ڕاستی بووە بە شارێکی وڵاتی فارس (ئێران)، چونکە بوو بە ناوەندی داگیرکردنی میزۆپۆتامیا لەلایەن فارسەکانەوە. لێرە ئایین و بیروباوەڕی بابلییەکان سڕدرانەوە و سیستەمی بیروباوەڕی تەواوی فارس جێگەیان گرتەوە. لەوە بەدوا وشەی “کلدانی” چیتر ئاماژەی بە ڕەگەزی بابلیی نەدەکرد، بەڵکو لەبری ئەوە ئاماژە بوو بۆ سەرکردایەتیی دەستەبژێری فارس کە کردبوویانە بنکە و بارەگای حکوومەتی خۆیان لە بابل و ناوچەی بابل و میزۆپۆتامیا. حوکمڕانیی ئەوان لە میزۆپاتامیا بۆ ماوەی هەزار ساڵ بەردەوام بوو. حوکمی ئەوان لە یۆنانییەکان و تەنانەت لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیش زیاتر بوو، چونکە ڕۆمانەکان لە ساڵی ١١٤ی زاینیدا نەیانتوانی لە دەستی ئەوانی وەربگرن، کاتێ کە پاسەوانانی نەمرانی ئێرانییەکان لە حەزەر بەریان بە هێزی سەربازەکانی ڕۆمان گرت و وەستاندنیان. ئەمەش بوو بەو بەڵگەیەی کەوا هێزەکەی ڕۆمان ئەوە نەبن کە لە شکان نەیەن و هانی شۆڕش و ڕاپەڕینی دا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
لەگەڵ داگیرکردنی ڕۆما لەلایەن گۆتەکانەوە، ئیمپراتۆرییەتی لاوازی بیزەنتە بوو بە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی. بیزەنتییەکان لە ماوەی سەدەی شەشەمدا پەنایان بۆ ڕازیکردن و هێورکردنەوەی دراوسێ ئێرانییەکانیان برد و گەلێ جاریش فیدیەیان پێدەدان بە مەبەستی پارستنی ئاشتی. لە ساڵی ٦٠٢ی زایینیدا، خوسرەوی دووەمی ئیمپراتۆری ئێران لە کوشتنی هاوپەیمانی بیزەنتینەکەی، ئیمپراتۆر مۆریس، تووڕە بوو و جەنگێکی بەرپاکرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی بە لەناوبردنی ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتە. لەم جەنگەدا میسر و سووریا و ئەنەدۆڵی داگیر کرد و کۆنترۆڵی بیزەنتیی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەهێشت. بەڵام ئەم داگیرکارییەی خوسرەوی دووەم بە کارەسات کۆتایی هات و خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لەلایەن کاوەی دووەمی کوڕیەوە خیانەتیان لێکرا و کوژران، بە پاڵپشتیی ڕۆستەم فەروخزادی فەرماندەی سەربازیی ئێران، کە دەستی بەسەر ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا گرت و کاوەی دووەمی کردە بووکەڵەی ژێردەستی خۆی. لەم ماوەیەدا محەممەد خەریکی ڕاگەیاندنی ئایینی ئیسلام بوو و بەشێکی زۆری عەرەبستانی داگیر کرد. کاتێ کە لە ساڵی ٦٣٢ لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد، ئەبوبەکری خەزووری بوو بە جێنشینی. ئەبوبەکر بە پێی باوەڕی چەسپاوی ئەوەی کە ژیانی دوای مردن شکۆمەندترە لە ژیانی دنیایی سوپایەکی بەدیسپلینی ئیسلامیی دامەزراند و مەشق پێکرد و سوپایەکی لێکەوتەوە کە سەربازەکانی زۆرترین گوێرایەڵی و ملکەچییان پەیڕەوی دەکرد. خالیدی کوڕی وەلیدی سەرکردەی سوپاکەی، دڵگەرمی و تووڕەییەکی توندی ئیسلامیی بەرپاکرد بەسەر هێزەکانی ڕۆستەمدا لە وڵاتی میزۆپۆتامیا و لە شەڕی ذات السلاسل، شەڕی ڕووبار، شەڕی وەلاجە و شەڕی ئولەیس لە ساڵی ٦٣٣ی زایینیدا شکستی پێهێنا. بەمەش هەموو وڵاتی میزۆپۆتامیای خستە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسلامەوە بێجگە لە تسیفۆن کە پایتەختی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بوو. ساڵی دواتر، واتە ساڵی ٦٣٤ی زایینی خالید کۆچی دوایی کرد و موسەننای کوڕی حاریثە (مثنی بن حارثة الشیبانی) شوێنی گرتەوە.
جەنەراڵ ڕۆستەم هێرشێکی پێچەوانەی بۆ سەر هێزە ئیسلامییەکان لە ئەلقادسیە دەستپێکرد و بڕیاری پڕ ئیرادەی دابوو کە شەڕەکە بباتەوە و لەبەر ئەوە پیاوەکانی بە زنجیر پێکەوە بەستەوە. بەڵام موثەننای کوڕی حاریثە، کە هێزەکانی خۆی لە ناو کۆشکی قەڵا و قایمکاریی قادسییەدا دامەزراندبوو، پاڵەوانەکانی ئێرانی شکست پێهێنا و دواتر تەواوی وڵاتی دوو ڕووبار (میزۆپۆتامیا)ی داگیر کرد و لە دەستی ئێرانی (وڵاتی فارسی) دەرهێنا.
ئەمە سەرەتای لەدایک بوونی هەژموونی عەرەبی بوو بەسەر میزۆپۆتامیا و وڵاتی عێراقی ئەمڕۆدا. بەڵام هەمیشە شوێنەواری ئەو نەمرە فارسانەی پێشوو کە عێراقی ئێستایان داگیرکردبوو، دەمێنێتەوە و ڕەنگە کورد نەوەی ئەو نەمرە ئێرانیانە بێت.
کاتێ عوسمان پاشای جاف هاوسەرگیریی لەگەڵ عادیلە خانمدا کرد، ئەوە لە هەمان کاتدا هاوسەرگیری بوو لەگەڵ میراتی نەمرانی پێشووی ئێراندا، چونکە خانم نەوەی یەکێک بوو لە بژاردەی بنەماڵە وەجاخزادەکانی ئێران، کە پێشتر کۆڵەکە و پایەیەک بووە بۆ تەختی حوکمڕانیی ئەو سەردەمەی ئێران، کە قاجار بوو. ئەوانە ئەردەڵانەکانی سنە بوون کە مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن زانیاریی زۆری لەسەریان بەدەستهێناوە.
ئەردەڵانییەکان ساڵی ١٣٠٠ی زایینی ئیمارەتێکی بەهێزیان لە سنەدا دامەزراند و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕەچەڵەکیان دەچێتەوە سەر سوڵتان سەڵاحەدین، کە خەلافەتی ئەیوبیی لە شکست ڕزگار کردبوو لە سەر دەستی هێزە گەورە و زەبەلاحەکانی پاپادا کە لە جەنگی خاچپەرستاندا لە ساڵانی ١١٠٠کاندا هێرشیان کردبووە سەر قودس و داگیریان کردبوو. دامەزرێنەری ئەم میرنشینە ئەردەڵ خان بوو. ئەوان لەسەر ئاسەوارە کۆنەکانی سەردەمی نەمرانی ئێرانی ساسانییەکان و ئەخمینییەکان خۆیان جێگیر کرد، کە دەبێتە شاری سنەی ئێستای. داگیرکەرێکی بەهێز، بە ناوی نادر شای ئەفشارەوە، لە ساڵانی ١٧٣٦ تا ١٧٤٧ تەختی ئیمپراتۆرییەتی ئەفشاریی ئێرانی بۆ تەواوی گەلی ئاریایی دامەزراند، کە لە قەوقازەوە تا هندستانی گرتبووەوە. تەختی تاووس و کوهینوور کە یەکێکە لە گەوهەرەکانی تاج، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و تاوەری کەللەسەری لە دوژمنەکانی دروست دەکرد. ئەردەڵان و کوردەکانی تر لە خوراسان دژی نادر شا ڕاپەڕین و سەربازەکانیان کوشت. بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت سوپاکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد بنێرێت، لە ساڵی ١٧٤٧دا لە قوچان لەلایەن پیاوەکانی خۆیەوە کوژرا.
دەسەڵاتی نادر شای ئەفشار لە تاران ڕووخا و کورد لە ساڵی ١٧٦٠دا لە ژێر دەسەڵاتی شا کەریم خانی زەنددا تەختی ئێرانی بەدەستهێنا و خوسرەو خانی بە والیی ئەردەڵان دانا و کردیە حاکم بەسەر هەموو خاک و ناوچەکانی کوردەوە لە ویلایەتی نوێی کوردستانی ئێراندا. بۆ بەدبەختی دەسەڵاتی تاج و تەختی زەند تووشی شەڕی ناوخۆیی بوو و لەو سۆنگەیەشەوە خوسرەو خانی ئەردەڵان وردە وردە دەستی کرد بە هەڵگەڕانەوە لە دژی زەندەکان و پشتگیریی لە هەوڵ و تەقەلای قاجارەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی تەختی پاشایی.
کاتێ ئاغا محەمەد خانی قاجار دەوڵەتی زەندی لە ١٧٨٩دا ڕووخاند، ئەردەڵان لە هەموو کاتێک بەهێزتر بوو، تەنانەت خوسرەو خانی ئەردەڵان هێزی سەربازیی ناردبووە یارمەتیدانی ئاغا محەمەد خانی قاجار بۆ ڕووخاندنی شا لوتف عەلی خانی زەند کە لە ڕێگەی شەڕەکانی دەوروبەری کرماشانەوە هاتبووە سەر دەسەڵات. دوای خوسرەو خانی ئەردەڵان ئەمانوڵڵا خانی کوڕی جێیگرتەوە، کە ماوەی حوکمڕانییەکەی بوو بە سەردەمێکی زێڕین بۆ ئەردەڵانییەکان. ئەردەڵان و تەختی قاجار لە یەکتر نزیکبوونەوە و قاجارەکان وەک هاوپەیمانێکی گرنگی خۆیان لە ناوچەکەدا پشتیان پێدەبەستن و خوسرەو خانی دووەمی کوڕی ئامانوڵڵا خانی ئەردەڵان لەگەڵ شازادە حوسنی جەهان کچی فەتح عەلی شای قاجار کوڕی ئاغا محەمەد خانی قاجار هاوسەرگیریی کرد. خوسرەو خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٨٢٥دا شوێنی باوکی گرتەوە. فەتح عەلی شای قاجار و کچەکەی تا دەهات تاکڕەوی و ستەمکارییان بەسەر ئەردەڵانییەکاندا زیاتر دەبوو، کە ڕێزیان لە شازادە حوسنی جەهان زیاتر دەگرت وەک لە هاوسەرەکەی. دواجار فەتح عەلی شای قاجار لە ساڵی ١٨٣٤دا خوسرەو خانی دووەمی ئەردەڵانی (زاوای – و) ژەهرخواردوو کرد و بەم کارەش شازادە حوسنی جەهان کۆنترۆڵی تەواوەتیی بەسەر ویلایەتی کوردستاندا بەدەستهێنا و بە چەپۆکی ئاسنین حوکمڕانیی دەکرد. خوسرەو خانی ئەردەڵان دوو کوڕی لە حوسنی جەهانی ژنی بەجێهێشت، یەکێکیان غوڵام شای ئەردەڵان بوو کە لە ژێر ڕکێفی دایکیدا، واتە حوسنی جەهانی فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی ویلایەتی کوردستاندا گەورە بوو. ئەم غوڵام شای ئەردەڵانە باوکی عادیلە خانم بووە کە عوسمان پاشای جاف لە ساڵی ١٨٩٥ لە کۆشکی نیشتەجێبوونی خوسرەوئاباددا لە شاری سنە هاوسەرگیریی لەگەڵ کردووە. (دیارە نووسەری ئەم باسە بە هەڵەدا چووە چونکە عادیلە خانم کچی قادر بەگی ساحێبقران بووە نەک غوڵام شای ئەردەڵان و لە چەند شوێنێکی تریشدا زانیارییەکانی لەگەڵ سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکناگرنەوە – وەرگێڕ).
عوسمان پاشای جاف لە ناوجەرگەی دژە تورانیزمی کورددا هاوسەرگیریی دەکرد، چونکە بنەماڵەی عادیلە خانم هەڵگری ناکۆکییە خوێناوییە کۆنەکانی جەنگەکانی ئێران – عوسمانی بوون. ئەم جەنگانە لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠کاندا خەرج و تێچووی قورسیان هەبوو بۆ ناسرەدین شای قاجار و عەباس میرزا لە دژی والییە مەملووکەکانی بەغدا. لە کاتی شەڕی نێوان والیی مەملووک و سڵێمان پاشا لە دوادوایی ساڵانی١٨٤٠کاندا – کە محەمەد پاشای جافی وەک فەرمانڕەوای گوڵعەنبەر دانابوو – سڵێمان پاشا بابانەکانی لەناوبرد کە هاوپەیمانی نزیکی ئەردەڵان بوون و چیتر ئەردەڵانەکان هەژموونیان بەسەر ناوچەکەدا نەما. هەروەها خێڵی جافی عوسمان پاشایش لە سەدەی هەژدەوە لە مێژە ملکەچی ئەردەڵان بوبوون، کە لە جوانڕۆ لە ژێر دەسەڵاتی قادر بەگی جافی باپیرەیدا دەژیان.
دەسەڵاتی گەورەی ئەردەڵان لە ناوچەکەدا بە هۆی دوژمنی کۆنی چەندین سەدەی عوسمانییەکانەوە دابەزیبوو و عادیلە خانم بوو بە هەڵگری ناڕەزایی توند و لەمێژینەی خێزانەکەی بۆ هەموو شتێکی عوسمانی لە شارەزووردا. هەروەها بوو بە هەڵگری چاو لەدوابوونێکی گەورەی بنەماڵەکەی بۆ گەڕاندنەوەی شارەزوور بۆ ڕۆژگاری شکۆمەندیی ئەردەڵانی ئێرانیی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم. بەو پێیە عادیلە خانم سەرۆکایەتیی ڕەعییەتە نوێیەکانی کرد، لە ژێر دەسەڵاتی عوسمان پاشای جافدا لە گوڵعەنبەر و هەڵەبجە، بەرەو ڕقهەڵگرتنی وەکیەکیان لە هەردوک ئەستەنبوڵ و بەغدا بەو میراتی دژە ئێرانەی کە بۆ یەکەمجار لە جەنگە کۆنەکانی موثەننا و شەڕی قادیسییەی ساڵی ٦٣٤ی زایینی ئیلهامیان لێوەرگرتبوو.
جافەکان دەستیان کرد بە پۆشینی جبە و عەبای سووری ئێرانییەکان و لە سەردەمی حوکمڕانیی عادیلە خانمدا ئاڵای ئەردەڵان و قاجارەکان لەگەڵ شێری بەنەڕەی ئێراندا لە هەموو شوێنێکی هەڵەبجە و گوڵعەنبەردا دەبینرا. عوسمان پاشای جاف وردە وردە کەوتە ئەوەی لە ژنەکەی بترسێت، چونکە دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر ناوچەکەدا بەتەواوی لاواز بووبوو. شەڕەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ڕووسەکان لە قەوقاز هەموو ناوچەکەیان خستبووە دۆخێکی پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەوە. ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ کوشتنی باوکی لەسەر دەستی ئەو جەردە و ڕێگرانەی کە لە ساڵی ١٨٨٠دا لەلایەن ڕووسەکانەوە چەکدار کرابوون. قاجار و ئەردەڵان دوو هێز و دەسەڵاتی لێکترەوە نزیک بوون لە ناوچەی شارەزووردا. لەبەر ئەوە عوسمان پاشا ملکەچی دەسەڵاتی ژنەکەی بوو کە قورسایی هەردوو تەختی قاجار و ئەردەڵانی لە پشت بوو. خانم دووبارە ناوچەی شارەزووری وا داڕشتەوە کە ببێتە شوێنکەوتەی قاجارییەکان و هەموو دامەزراوە عوسمانییەکانی ناوچەکەی سووک و بێبایەخ کرد و بۆ خێڵی جافیش فارسی بوو بە زمانی خەڵکانی دەستەبژێریان، هەروەها جافەکان کەوتنە سووکایەتیکردن بە عەرەب و تورک وەک یەک و هەستیان بەوە دەکرد کە باڵادەستن بەسەریاندا.
تاهیر بەگی جاف، کە هەنەزای عادیلە خانم بوو (واتە لە دایکێکی تری هەوێی خانم بوو)، لە وتووێژیدا لەگەڵ سیخوڕی بەریتانی مێجەر ئێلی بانیستەر سۆن، بیروباوەڕی کوردی بەرانبەر بە تورک و عەرەبی وێنا دەکرد. تاهیر بەگی جاف چاولەبەر و سوپاسگوزار بوو بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کە دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر شارەزوور و باکووری عێراقدا بە کوردەکان بەخشیبوو و وەک هێزی چەکداری خۆیان لە ناوچەکەدا و وەک سوارەی حەمیدی متمانەی دابوونێ. ئەمەش بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگ بوو، بەو پێیەی تورک ناشایستە بوون بۆ حوکمڕانیی ناوچەکە یان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەگشتی، وەک هەمیشە مێژوو سەلماندبووی. هەڵبەت عوسمانییەکان هەمیشە پشتیان بە کەمینەکان بەستبوو بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانیان لە یەنگیچەرییەکان بپارێزن و پشتیان بە سوارەکانی ئەو دەمەی حەمیدییە بەستبوو. ئەو وا دەیڕوانییە عەرەب کە ڕەگەزێکی خوارتر و پەرپووت و ناڕێکخراون و توانای پێکهێنانی هیچ جۆرە دەوڵەتێکی تۆکمە و یەکگرتوویان نییە و لەبەر ئەوە پێویستە کۆنترۆڵ و دەردەست بکرێن.
ڕاستییەکەی خێڵی جاف عەرەبیان دەردەست کردبوو. ئەمەش لەو نموونەیەدا دەردەکەوێت کە مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن لە دیوەخانی عادیلە خانمی جافدا شایەتحاڵی ئەوە بووە کە سوارچاکێکی جاف عەرەبێکی گرتووە خەریکی دزینی کا بووە لە کەسێکی سەر بە خێڵەکەی و هێناویەتێ دیوەخان. ئەوان لەڕادە بەدەر لێی بە سڵ و ئاگا بوون و هەموو عەرەبیان بە ڕەگەزێکی سواڵکەر و دز داناوە و داوایان کردووە عادیلە خانم ڕێگەیان بدات لەسێدارەی بدەن، بەڵام ئەو دواجار وەک ژنێکی دڵنەرم و خاوەن بەزەیی بەخشیوێتی.
دەستکەوتەکانی عادیلە خانم و هەڵەبجە لە بەرژەوەندییە ڕۆژئاواییەکانی ویلایەتی مووسڵ
هەشت سەدە پێش مەسیح، سەنحاریبی مەزن لە نەینەوا حوکمڕانیی کردووە و لە زیگوراتەکەیدا (زەقوورە) سوپایەکی هێجگار زەبەلاحی مۆڵداوە. دواجار بابلی تاڵانکردووە و یەکەم ئیمپراتۆرییەتی بابلی تێکوپێک داوە، پاشان ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەی لە کەنداوی فارسەوە تا نیمچە دوورگەی سینا دروستکردووە و بە هۆی ژن و ژنخوازییەوە لەگەڵ جووە دیلەکانی ئیسرائیل لە وڵاتی میزۆپۆتامیا و هەروەها لەگەڵ گرووپەکانی تری جوودا، توخم و ڕەگەزی سامیری دروست بووە. بەڵام گەورەترین فەتحەکانی، شاژنە ئەمیتیسی هاوسەری بووە. شاژنە ئەمیتیس لەلایەن پاشایەکی ئێران یان وڵاتی فارسەوە دیاری بووە بۆ سەنحاریب. ئەو لەبارەیەوە ڕایدەگەیەنێت: “ژنە خۆشەویستەکەم، کە سیماکانی خاتوونی خواوەندەکان لە تەواوی ژنانی تری دنیا سیما و ڕوخساری داهێناوە”. خۆشەویستییەکەی ئەو بۆ هاوسەرەکەی ئیلهامبەخش بووە بۆ دروستکردنی کۆشک و تەلارێکی گەورە و شکۆدار لە ناو شاری نەینەوا کە چواردەوری ٣١٤٠ پێ و بەرزییەکەی هەشتا پێ بێت و بە باخ و باخاتی جوان و ڕازاوە دەورەدراوە، هاوشێوەی ئەو کۆشکانەی کە لە وڵاتی فارسدا بوون. هەروەها هاوشێوەی ئەو باخ و دارستانە بەپیتەکانی وڵاتی فارس کە دەوری چیاکانی زاگرۆسیان دابوو، بۆ ئەوەی زێد و نیشتمانی ژنەکەی بیر بخەنەوە.
ئەم کۆشکە لەلایەن زانایانی یۆنانی و ڕۆمانی کۆنی وەک سترابۆند تۆمار کرابوو کە یەکێک بووە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی کۆن. شاری مووسڵ لەسەر وێرانەکانی نەینەوا بنیاتنراوە. شارە نوێیەکەی عوسمان پاشای جافیش کە هەڵەبجەی پایتەختی بوو لەسەر خاکی وێرانەکانی نزیکی نەینەوا دروستکراوە. عادیلە خانمی شاژنی عوسمان پاشای جاف بوو، وەک شاژنە ئەمیتیس، سیستەمی کۆنی باخداریی ئێرانی لە هەڵەبجەدا نوێکردەوە و هەستی شارستانییەتی بۆ خەڵکانی کۆچەری جاف هێنا.
هەڵەبجە شارۆچکەیەکی نوێ بوو کە جافەکان لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا دروستیان کرد و بێجگە لە کۆمەڵێک زنج و کۆڵیتی قوڕی ڕەقوتەق هیچی تر نەبوو پێش ئەوەی عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٩٥دا بچێتە ناو دیمەنەکەوە، کاتێک عوسمان پاشای جاف لە سنەوە هێنایە سەر ماڵ و مڵکی باوکی.
کۆڵیتە قوڕەکان لە نزیک وێرانەکانی شکۆمەندی ئاشووریی کۆنی ناوچەکەوە بوون. ساڵی ١٨٥٠ ئەم کۆڵیت و خانووە قوڕانە لە هەڵەبجە پەرەیان پێدرا و بوون بە شارۆچکەیەک و لە ساڵی ١٨٨٠دا ئەم شارە بوو بە پایتەختی سەنجەقی شارەزوور و عوسمان پاشای جاف پایتەختی لە شارە نەریتییەکەی گوڵعەنبەرەوە گواستەوە بۆ شارۆچکە تازە گەشەسەندووەکەی هەڵەبجە. لێرەشەوە بوو کە عادیلە خانمی جاف دەستی کرد بە زیندووکردنەوەی شکۆی باخداریی کۆنی ئاشووری لە ناو جافەکانی هەڵەبجەدا و کۆڵیتە قوڕین و پەرپووتەکانی هەڵەبجەی کردە باخچەی هەڵواسراوی گەشاوەی ئێرانی. هۆزی جاف پێکەوە لەگەڵ عادیلە خانم، کەوتنە ڕزگاربوون لەو خووە سەرەتاییە کۆنانەی کە لە دراوسێ عەرەبەکانی باشووریانەوە فێریان بووبوون و کەوتنە پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕەگ و ڕیشە ئێرانییە کۆنەکانیان. ئەمەش لە باخچەکانی هەڵەبجەدا دەردەکەوت. دار و گوڵی ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆسی وڵاتی فارس هێنران بۆ ئەوەی هەڵەبجە وەک ناوچە بەپیتەکانی چیای زاگرۆس دەربکەوێت. زیادبوونی سەروەت و سامان لە هەڵەبجە بۆ زیادبوونی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دەگەڕایەوە لە باکووری عێراق. لە دەوروبەری ئەو کاتەدا ئەڵمانەکان ساڵی ١٩٠٤ هێڵی ئاسنینیان دروستکردبوو کە بەغدای بە بەرلینەوە دەبەستەوە، بەو پێیەی کە بانکە ئەڵمانییەکان پارەیان بە حکوومەتی عوسمانی دابوو بۆ دروستکردنی. هێڵە ئاسنینەکە لە مووسڵ وەستا و ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد کە لێشاوی کاڵای ئەوروپی لە شارەزوور لە نێوان هۆزەکانی جافدا بازرگانی پێوە بکرێت. زۆری نەخایاند کەوا سوارەی جاف بە چەکی مۆدێرنی سەردەمی سوپای ئەڵمانیای ئیمپراتۆرییەوە ببینرێن، لەوانەش ماوزەڕ و لوگەر. ئەڵمانەکان ئارەزووی ئەوەیان دەکرد کە بەرژەوەندییەکانیان لە کەنداوی فارسدا جێگیر بکەن و بەسرە بکەنە بەندەری خۆیان بۆ زەریای هیندی. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ئەوروپی پەیوەست بوو بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی وڵاتی میزۆپۆتامیا و شوێنکەوتووانی شێخ خالیدی یەکەمی بەغدادی (واتە مەولانا خالیدی نەقشبەندی – وەرگێڕ) و لە باڵکانەوە سەردانی خەلیفە و شاگردەکانیان دەکرد لە شارەزوور. پاشان زۆرێک لە پیاوانی خێڵەکیی جاف زیاتر جلوبەرگی ئەوروپییان دەپۆشی چونکە لە جل و بەرگی ڕەسەنی خۆیان زیاتر بەرهەم دەهات. هەر تەنها ئەڵمانەکان بایەخیان بە ناوچەکە نەدەدا، بەڵکو هەر زوو ئینگلیزەکانیش دەستیان کرد بە پەرەپێدانی بەرژەوەندییان لە نەوتی باکووری عێراقدا و لە ناوچەی قەسری شیرین کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی نەوتی ئەنگلۆ – عوسمانییان دامەزراند و زۆرێک لە پیاوانی خێڵەکیی جاف وەک تەکنیکار ڕاهێنران بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکاندا. ئینگلیزەکان بایەخی زۆریان بەم تەکنیکارانە دەدا و دواتر گواستنیانەوە بۆ پاڵاوگەکانی ئابادانی ئێران دوای ئەوەی کۆمیسیۆنەکە بە هۆی جەنگی نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەریتانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەکارکەوت.
بەریتانییەکان ئەوەندە سەوداسەری سیاسەتی ناوچەکە بوون کەوا سیخوڕێکیان ناردە ئەوێ بۆ ئەوەی تا بتوانن هەموو شتێک لەبارەی سەرۆکایەتیی جافەوە بزانن و ئەم سیخوڕەش ناوی مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن بوو. سۆن خۆی وەک مامۆستای زمانی فارسی بە عادیلە خانم ناساند، چونکە دەیزانی خانم گەرەکیە ڕەگ و ڕیشەی ئێرانی لە ناو هۆزی جافدا زیندوو بکاتەوە. لە سەردەمی عوسمان پاشای جافدا، کوردە ئاژەڵدارەکان هەموو جۆرە شمەک و کاڵایەکی بەنرخیان بۆ بازرگانیکردن دەهێنا بۆ شاری سلێمانی، لەوانە پێستە و خوری و تووتن و ڕۆن. ئەوان هەموو ڕێگاکانی کاروانیان بۆ سلێمانی لە بەغدا و بانە و مەریوان و سنە و سابڵاخەوە کۆنترۆڵ کردبوو. سوارەی جاف بە باشترینی ئەو چەکانەی کە عوسمانییەکان لە سوپای ئیمپراتۆریی ئەڵمانیای هاوپەیمانیانە هاوردەیان دەکرد، پاسەوانی ئەم ڕێگایانەیان دەکرد. ئەوان بە تفەنگی ماوزەڕ و لوگەر چەکدار کرابوون و لە هەمان کاتیشدا “خەنجەری” ڕەسەنی خۆیشیان هەڵدەگرت، کە لە سەرانسەری بەڵکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بایەخ و نرخێکی بەرزیان هەبوو. لە خودی هەڵەبجەدا بازاڕێکی گەورە دروستکرا، کە تێیدا کاڵای ئەوروپی تێکەڵ بوو بە کەلوپەلی کشتوکاڵیی خێڵی جاف. خەڵکانی ئەوروپی و جوولەکە و جاف و ئاشووری هەموویان لە ناو ئەم بازاڕەدا تێکەڵ بووبوون. عادیلە خانم تاکە خاوەنی بازاڕەکە بوو و کرێ و باجی لە هەموو ئەو کەسانە وەردەگرت کە لە ناو بازاڕەکەدا بازرگانییان دەکرد و لەم ڕێگەیەوە سامانێکی زۆر باشی کۆکردەوە، ئەمەش ڕێگەی پێدا کەوا خەرجی نۆژەنکردنەوەی باخچەکانی ناو شاری هەڵەبجە دابین بکات.
خانم لە بازرگانیی ئەم بازاڕەدا سامانێکی گەورەی وای کۆکردەوە بە ڕادەیەک کە لە هەڵەبجە دەستیکرد بە دروستکردنی کۆشکی گەورە گەورە بۆ خۆی. ئەو لە تەمەنی منداڵیدا لە سنەی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا، لە کۆشکی گەورەی والییەکانی ئەردەڵانی ویلایەتە ئێرانییەکەی کوردستاندا دەژیا، کە لە سەردەمی فەتح عەلی شای قاجاردا دروستکرابوو. کۆشکەکە بە ناوی خوسرەو خانی ئەردەڵانەوە ناونرابوو و وەک دیارییەک بۆ هاوسەرگیریی ئەو لەگەڵ شازادە حوسنی جەهانی کچی فەتح عەلی شای قاجار دروستکرابوو. ئەمانە باوان و باپیرانی عادیلە خانم بوون. ئەو لە ناو کۆشکی خوسرەو ئاباددا منداڵییەکی خۆشی بەسەربردبوو. بینا مەڕمەڕە سپییەکان بە گومەزە بۆرگۆندییەکانیانەوە و بە باڵکۆنیان و کۆڵەکە و ستوونی گریکییانەوە و کەوانەی ئێرانییان لەسەر بوو. کۆشک و تەلارەکە لە چوار بینا پێکهاتبوو و لە ناوەڕاستیاندا باخچەیەکی هەبوو، لەگەڵ هەموو جوانییەکانی دار سیدرەکانی شاخەکانی زاگرۆس. لە ناوەڕاستی باخچەکەدا حەوزێکی گەورە لە شێوەی خاچ یان خاچی چەماوە هەبوو وەک نیشانەیەکی باوی ئێرانییانە بۆ خۆشبەختی. لێرەدایە کە عادیلە خانم خۆشەویستیی خۆی بۆ باخداری بەدەستهێنابوو.
هەرچەندە شتەکان بۆ غوڵام شای ئەردەڵانی باوکی بە شێوەیەکی سامناک کۆتاییان هاتبوو، کۆشکەکەش ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی فەتح عەلی شای قاجاری باپیرە گەورەی – کە لەبری ئەوە بەخشی بە زەڕیناڵەکانی کە دەبنە فەرمانڕەوای سنە – بەڵام قەڵاکە هەمیشە کاریگەریی لەسەر عادیلە خانم دەبێت چونکە ئەو بە ئاسوودەیی لەگەڵ هاوسەرەکەی، عوسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە نیشتەجێ بوو. لێرە عادیلە خانم، بەو پێیەی لە بازاڕە تازە دروستکراوەکەوە سامانێکی زۆری بۆ کۆدەبووەوە، چەندین کۆشکی بە مۆدێلی تەلارەکانی خوسرەو ئابادی شاری سنە لە هەڵەبجە دروستکرد. ئەم کۆشک و تەلارانە لە خشتی کاڵ دروستکرابوون، بەڵام هێشتا لە نەخش و داڕشتنە ئێرانییە ورد و درشتەکەیدا جوان بوون. لە ناو کۆشکەکەدا هەستێکی تاکڕەنگ و سپیی نموونەیی و ئاسایی هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆشکەکە بە فەرش و قاڵیی جوان و نایابی سنە ڕازێنرابووەوە، چونکە تەنیا کاڵای ئێرانی پێ پەسەند بوو. چەندین فەرش و لێفەی دەستچن و بە پەڕ ئاخنراوی بۆ ڕازاندنەوەی پشتی و سەرینی ئاوریشمی جوانی هەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوردە دەکران. ماڵەکەی ژووری زۆری هەبوو، زۆرجار ئەوروپییەکانی وەک ڤلادیمیر مینۆرسکی، مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن و گێرتروود بێڵ دەبوونە میوانی دیوەخانەکەی.
عادیلە خانم، ناوبژیوان و نێوەندگیری سروشتی
سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم، لە ناو باخچەی گوڵخانەی تەنیشت کۆشکی تۆپقاپی، لە ساڵی ١٨٣٩دا فەرمانی گوڵخانە ڕادەگەیەنێت و مافی یەکسانی بە مەسیحییەکان و کەمینەکان دەدا بۆ دڵخۆشکردنی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی. بەڵام ئەمە کاریگەریی لەسەر ناسەقامگیریی ناوچەکە بووە. دانیشتوانی ئەرمەنستان کە بە هۆی چاکسازییەکانەوە (تەنزیمات) بوێرتر بوون، ڕاپەڕینێکی گشتگیر بەرپا دەکەن، هەروەها کەمینەکانی تریش، لەنێویاندا بەشێک لە هۆزی جاف لە سەردەمی مەحمود پاشای جافدا و بەسەرکردایەتیی ئەویش. ئەم پێشهات و پەرەسەندنانە هانی سوپای ئیمپراتۆری ڕووسیای دا کە لە نزیکەوە جێگیر بوو بۆ داگیرکردنی قەوقازی عوسمانی وەک پشتیوانی بۆ ئەم ڕاپەڕینانە. لە ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨دا، پاڵتۆ سپییەکانی سوپای ڕووسیا بە هێزی ژمارە زۆرەوە لە سنووری قەوقازەوە پێشڕەوییان کرد و بایەزید، ئەردەهان، قارس و ئەرزڕومیان داگیرکرد لە دژی پاڵتۆ شینەکانی سوپای عوسمانی بەو چەکانەیانەوە کە ئەڵمانیا دابینی دەکرد. ئەمەش بوو بە هۆی ئاژاوە و پشێوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، لە وانەوە تا مووسڵ. سوپای عوسمانی و دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئەم ناوچەیە کەوتنە دۆخێکی بێسەروبەری و پشێوییەکی زۆر دروست بوو. ئەم دۆخی پشێوی و نائارامییە بووە هۆی پەرت و بڵاوییەکی زۆر بۆ عوسمان پاشای جاف، چونکە سەرقاڵ بوو بە سەرکوتکردنی ئەو باندانەی کە یاخیبوون لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی و لە دژی ڕاپەڕین. دوژمنە پلە یەکەکانی عوسمان پاشای جاف هەمەوەندەکان بوون کە لە محەمەد پاشای باوکیەوە بۆیان مابووەوە. هەمەوەندەکان لە کاتی داگیرکردنی شارەزووردا لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە سەرکردایەتیی عەباس میرزا ڕۆڵێکی گەورەیان بینیبوو، کە لە سەرەتای ساڵانی١٨٢٠کاندا خۆیان لەگەڵ مەحمود پاشای باباندا هاوپەیمانییان بەستبوو. بەڵام هۆزی جاف لەو دەمەدا بە سەرکردایەتیی محەمەد پاشای جاف دوژمنایەتییەکی خراپیان دروستکرد لە دژی بابان و هەمەوەند و لە کۆتایی ساڵانی ١٨٤٠کاندا هاوکاریی عوسمانییەکانیان کرد بۆ داگیرکردنی شارەزوور. هەمەوەندەکان دژی دەسەڵاتی جافەکانی عوسمانی ڕاپەڕین، بەڵام محەمەد پاشای جاف هێرشێکی دڕندانەی کردە سەریان بۆ تێکشکاندنیان و ناچاری کردن هەڵبێن بەرەو زەهاو لە ئێران.
لە کۆتایی ساڵانی ١٨٧٠کاندا، هەمەوەندەکان هاوپەیمانێکی نوێیان دۆزییەوە کاتێ سوپای ئیمپراتۆریی ڕووسیا قەوقازی عوسمانی داگیر دەکات. هەمەوەندەکان خۆبەخشانە سوارەی خۆیان ناردە پاڵ ڕووسەکان لە شەڕدا دژی عوسمانییەکان و چەکی زۆر مۆدێرنتریان دەستکەوت. پاشان دەستیانکرد بە شەڕوشۆڕ و هەڵکوتانە سەر دوژمنەکانیان لە شارەزووردا و بوون بە هاوپەیمان لەگەڵ جافی لایەنگری بابان لە بەشی عەزیز بەگی جافدا و لە شەڕێکدا محەمەد پاشای جافیان لە ساڵی ١٨٨٠دا کوشت. مەحمود پاشای برای عوسمان پاشای جاف پشتی کردە عوسمانییەکان و هاوکاریی نەکردن و هیچی نەدەکرد بۆ ڕێگریکردن لە جەردەیی و تاڵانکاریی هەندێ لە خەڵکانی جاف و ئەمەش دابەشبوونی ناو هۆزی جافی زیاد کرد، کە زۆرێکیان لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا چوونە پاڵ دۆزی شێخ عوبەیدوڵڵا. بە هۆی ئەم دۆخەوە سوڵتانی عوسمانی دەسەڵاتی دا بە عوسمان پاشا و لە شوێنی مەحمود پاشای برای کردی بە سەرۆکی خێڵی جاف، چونکە ئاژاوەی دژی عوسمانییەکان و تەنانەت لە ناو عەشیرەتەکەی خۆیشیدا دەگێڕا و ئەمەش وایکردبوو کە ئەو دەسەڵاتە پارچە پارچە بێت.
بەو پێیە عوسمانییەکان لە شوێنی مەحمودی برا پراگماتیکەکەی، عوسمان پاشای جافیان دانا. بەڵام مەحمود هەر لە سێبەریدا مایەوە و کاری لە دژیشی دەکرد. سەربازە خێلەکییەکانی عوسمان پاشا وەک سوارەی حەمیدی ناسران و دەسەڵاتیان پێدرا بۆ ڕاوڕووت و تاڵانکردنی هەموو ئەو هۆزانەی کە سەرپێچییان لە دەوڵەتی عوسمانی دەکرد، لەنێویاندا هۆزی هەورامان کە ڕکابەری جاف و مایەی ڕقلێبوونەوەی جافەکان بوون. بەڵام عوسمان پاشا بێدەسەڵاتانە خۆی دەبینییەوە کە لە دەربارە عوسمانییەکەی دوور دەخرێتەوە و بەرەو هۆزی ترسناکی ئەردەڵانی ئیمپراتۆرییەتی ئێران بڕوات کە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هۆزی جافدا زۆر توند و دڵڕەقانە بوو. بەم پێیە لە ئەردەڵانییەکانی سنە نزیکبووەوە کە بووبوون بە وەزیر لە دەرباری دەوڵەتی ئێراندا و ژنێکیشی لێخواستن. ئەم ژنەش عادیلە خانم بوو، کە بەدەر لە توانا و دەسەڵاتی مێردەکەی کەوتە ڕاکێشانی ئەو و هەموو هەڵەبجە بەرەو دەوڵەتی ئێران و وردە وردە دەسەڵاتی لێ زەوتکرد. ئەمە ئەو جیهانە بوو کە عوسمان پاشای جاف تا دەهات وزە و توانای خۆی لەدەست بدات و ڕێگەی دا بە عادیلە خانمی هاوسەری دەسەڵاتەکانی بۆ خۆی قۆرخ بکات. فشار و ناکۆکییەکان عوسمان پاشای جافیان لە هەڵەبجەی پایتەختەکەی دوور خستەوە و عادیلە خانمیان بە تاکە هێزی دەسەڵات لە ناوچەکەدا هێشتەوە. ئەو خەڵکێکی بە میرات کەوتبووە بەردەست کە بە دەم تاوان و پشێوییەوە دەیانناڵاند. جافەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان زۆر چووبوونە پێشەوە، چونکە چەکی مۆدێرن کۆنترۆڵکردنی خێڵەکەیانی قورستر کردبوو. زۆرجار کوشتنی ناپێویست ڕوویدەدا، چونکە بە هەڵە تێکەڵبوون دروست دەبوو لە نێوان جاف و هەمەوەندی دوژمنیاندا بێئەوەی بەیەکتر بزانن و بەردەوام هەڵیاندەکوتایە سەر یەکتر. باندەکانی جەردە و ڕێگر ڕۆژانە بەسەر گوندەکانیاندا دەدا و هەڵیاندەکوتایە سەر ئەو کاروانە زۆرانەی کە بە دێهاتدا گوزەریان دەکرد. تەنانەت هەندێ جار ژنانیش بەشداریی ئەم کارەیان دەکرد و دەبوونە ژنانی ئەمەزۆنی ڕاستەقینە. زۆر جار ئەم هەڵکوتانانە سەرە لە ناو تیرەکانی جاف خۆیاندا ئەنجام دەدرا و ئاژەڵ و ماڵات لە خێڵەکییە بێچەکەکان وەردەگیرا.
تەواوکەری ئەم ئاژاوە و پشێوییەش توندڕەویی ئایینی بوو لە ناوچەکەدا، کە لە ئەنجامدا دەستە و تاقمی جیاجیا لە خێڵەکەدا دروست دەبوو. شێخەکان بە ڕاڤە و لێکدانەوەکانی خۆیان بۆ ئیسلام دەکەوتنەکار و تەواوی خەڵکی ئەو گوندانەیان تاڵان دەکرد کە هەمان بیروباوەڕی ئەوانیان نەبوو. بەبێ دەسەڵاتی عوسمانی، ڕۆحانییەت و دەسەڵاتی ئایینی دەبووە کێشەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە دوورکەوتنەوەی عوسمان پاشای جافیش لە هەڵەبجە، هەموو خێڵەکانی جاف پشتیان بە عادیلە خانم دەبەست بۆ دابینکردنی دادپەروەری و تەواوی ئەندامانی خێڵەکە لێی دەترسان چونکە دیسپلینێکی توندی پیاوماقووڵ و دەستڕۆیشتووەکانی لە دەوروبەری خۆیدا سەپاندبوو. هەموو سوارچاکان فەرمانیان لەو وەردەگرت و دیل و دەستبەسەرەکانی خۆیان دەخستە بەردەستی ئەو بۆ سزادانیان.
مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن، خەفیە یان سیخوڕێکی بەریتانی لە ناو هۆزی جافدا، بە شێوەیەکی ورد و بەرفراوان لەسەر عادیلە خانمی نووسیوە، چونکە پیاوە دەسەڵاتدار و بەهێزەکانی هۆزی جاف فرەجار ئامادەی دیوەخانی عادیلە خانم دەبوون لە کۆشکە تازە دروستکراوەکەیدا.
گەلێ جار نموونەی ئەو کابرا خێڵەکییەی جاف باس دەکرێت کاتێ عەرەبێکی بە دزییەوە گرتبوو لە هۆزەکەیاندا. ڕق و کینەی توندی کورد بەرانبەر بە عەرەب هێندە سەرسوڕهێنەر بووە کە چۆن کوردەکە هەر لە شوێنی خۆیدا عەرەبەکەی نەکوشتووە و لەبری ئەوە هێناویانەتە لای عادیلە خانم بۆ ئەوەی لێپرسینەوە و بڕیار لەسەر سزاکەی بدات، کە لە ئەنجامدا لێیشی خۆشبوو و هەمووان پابەندی فەرمانەکانی بوون. ئەمەش نموونەی دەسەڵات و کاریگەریی گەورەی بوو بەسەر عەشیرەتەکەیدا لە هەڵەبجە. بێگومان ئەو دەستی کردبوو بە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی دادپەروەری، جیاواز لەوەی کە جافەکان پێی ڕاهاتبوون. سیستەمی دادپەروەریی سوننە لەسەر بنەمای دەستوورێک، یان فەرموودەیەک (حەدیسێک) دامەزراوە و فەرموودە ڕێنمایییەک بووە بۆ هەر تاکێک لە ناو هۆزی جافدا کە بە پێی لێکدانەوەکانی خۆی کاری لەسەر بکات. بەڵام عادیلە خانم کەوتە گۆڕینی هەموو ئەمانە و سیستەمێکی دادپەروەریی زیاتر ئێرانییانەی هێنایە ئاراوە، کە فەرموودەی ڕەتکردەوە و هەموو دادپەروەریی خستە دەستی نێوەندگیر یان ناوبژیوانەوە. ئەمەش فۆرمێکی دادپەروەریی شیعەگەرایی بوو و پشتی بە دەسەڵاتی ناوەندیی مەلا بەستبوو کە ناوبژیوانی سروشتی بوو. عوسمان پاشای جاف و هەر کەسێکی دیکەی نزیکەکانی بنەماڵەکەشی ئالەنگاریی ئەمەیان نەدەکرد، لە ترسی پەیوەندییە ئەردەڵانییەکانی عادیلە خانم. ئەو دەستیکرد بە دروستکردنی دەربار و دەستوپێوەندی تایبەتیی خۆی لە هەڵەبجە و ئەمەش بوو بە ناوەندی حوکمڕانی بۆ تەواوی هەڵەبجە و لە ڕاستیدا خۆی بە کردەوە بوو بە مەلای هەڵەبجە و بەم کارەش بە شێوەیەکی دیفاکتۆ شارەزووری بەست بە دەوڵەتی ئێرانەوە. دیسپلینی خانم و بەڕێوەبردنی توند و وردی بۆ خێڵەکەی سەریکێشایەوە بۆ دروستبوونی دوو چین لە ناو خەڵکی جافدا: وەجاخزدە یان بەگزادەکان وەک چینی سەرەوە و جووتیاران وەک چینی خوارەوە. بەگزادەکان لە ژێر کۆنترۆڵی توندی عادیلە خانمدا بوون و چاودێریی جافە ئاسایییەکانیان دەکرد، وەک جووتیار و ئاژەڵدار و وەک هێزێکی کاری بەرهەمدار، کە دواجار بەشێکی باشی بەرهەمیان لێدەسەندن. ئەم کارەش پێویست بوو بۆ ئەوەی عادیلە کۆنترۆڵی هەموو خێڵی جاف بکات و ئاستی تاوان سنووردار بکات. لە ڕێگەی ئەم چینەی خوارەوەش خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەڵەبجەدا ڕایی دەکرا. بەم ڕەنگە بەگزادە و وەجاخزادە و سەربازانی جەنگاوەر لە سەر حیسابی کۆیلایەتی و زەویبەندەیی خەڵکی جاف ئیمتیازێکی تایبەتیان هەبوو و ئەم چینی دووەمەیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی عادیلە خانمدا دەڕەتاند.
ئامانجی عادیلە خانم بریتی بوو لە بنبڕکردنی تەواوەتیی ئەو دەستەگەراییەی کە لەلایەن مەحمود پاشای برای هاوسەرەکەیەوە هاتبووە ئاراوە. بەمەش دەبوو بێکاریی و تەمەڵیی دانیشتووان کەم بکاتەوە بە ملکەچکردنیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیدا. ئەو ئەمەی لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی شێواز و ستایڵێکی سەرەوە بۆ خوارەوە ئەنجامدا. تا ئەو کاتەی جافە گەورە و باڵادەستەکان لە خۆی و ڕەگ و ڕیشە ئەردەڵانییەکەی دەترسان، ئەم دەیتوانی هەموو شتێک لە هەڵەبجەدا کۆنترۆڵ بکات، چونکە هەر کاتێ جافە باڵا و خاوەن دەسەڵاتەکانی بخستایەتە بندەستی خۆی ئەوە بە ئاسانی دەیتوانی خەڵکە ڕەشۆکی و ئاساییەکە جڵەو بکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە. بەم ڕەنگە بە شێوەیەکی کاریگەرانە ڕزگاری بوو لە هەموو تاوانکاری و ئاژاوەیەکی ناو هەڵەبجە. بەم ئیدارەدانەش شارەکەی کردە خاوەنی شەقام و کۆڵانی پاک و ڕێکوپێک و باخچەی گشتیی ڕازاوە کە بە باشی پارێزگارییان لێدەکرا و بازرگانیی لە بازاڕدا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچوو.
سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دیسیپلینی جافەکانی لە ژێر سەرکردایەتیی عوسمان پاشای جافدا بینی، کە لە ڕاستیدا بە کاریگەری و سەرەوکاریی عادیلە خانم بوو و کەوتە سەر ئەو باوەڕەی دەسەڵاتی زیاتری بداتێ. سوارەکانی بە حەمیدییە ناوزەد کران و ئەمەش دۆخ و پێگەی سوپای عوسمانیی پێبەخشی لە شارەزووردا. هێزی حەمیدییە هەوڵی عەبدولحەمیدی دووەم بوو بۆ پەرەپێدانی جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی دوای ئەوەی سوپای ئیمپراتۆرییەتەکەی لەلایەن ڕووسەکانەوە تێکشکێنرا و لەناوچوو لە کاتی شەڕی ڕووسیا و عوسمانی لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٧٠کاندا. ئەمەش دەسەڵاتی سوپای عوسمانیی بە عادیلە خانم بەخشی کاتێ دەستیکرد بە پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی شارەزوور و دەوروبەری و هەموو ئەو هەمەوەندانەی کوشت کە لە خاک و وڵاتی ئەمدا ئاژاوە و پشێوییان بەرپا دەکرد و لەگەڵ سوارەکانیدا دەکەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە. هەروەها بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕێگریی بکات لە هەڵکوتانە سەر ڕێگاکانی کاروان، هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی گران بوو، بەڵام ئەم توانی بە شێوەیەکی کاریگەرانە هاتوچۆی نێوان هەڵەبجە و سنەی دیوی ئێران بە ئارامی و سەلامەتی دەستەبەر بکات. پەیوەندیی بەردەوامی خانم لەگەڵ ئەردەڵان بواری ئەوەی بۆ ڕەخساندبوو کە هێز و دەسەڵاتەکانی گەشە بکەن. عادیلە خانم پێویستی بە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەردەوام ڕەعییەتەکەی لێی بترسن، بۆیە زیندانێکی بۆ هەموو ئەو کەسانە دروستکرد کە سەرپێچییان لە سیستەمی بەڕێوەبردنەکەی دەکرد. هیچ دوژمنێکی دەوڵەتەکەی عادیلە خانم بەرگەی ترسناکیی زیندانەکەی نەدەگرت، چونکە هێندەیان دەخستە ژێر ئەشکەنجە و لێدانەوە کە نزیکی مردنیان دەکردەوە. زیندان، هاوشانی دادگا، ئامرازی گەورەی عادیلە خانم بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و دیسپلین بەسەر هەڵەبجەدا و دواجار دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی هاوسەرەکەشی، تا وایلێهات لە کۆتاییدا عوسمان پاشای جافیش بوو بە یەکێک لە ڕەعییەت و ژێردەستەکانی و لە دەوروبەری هەڵەبجەدا کار و ئەرکی نزم و لاوەکیی ئەنجام دەدا.
History Of Kurdistan مالپهرێكی تایبهته به مێژووی كورد و جیهان