Home / مێژووی ئیسلام / دامەزراوەکانی بەتورک کردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون – بەشی دووەم

دامەزراوەکانی بەتورک کردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون – بەشی دووەم

دامەزراوەکانی بەتورک کردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون – بەشی دووەم

لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

کورتەی ئەزموونی منداڵانی ئەرمەن لە ماڵە موسڵمانەکاندا

چارەنووسی منداڵانی ئەرمەنی بە شێوازی جیاواز لە ماڵە موسڵمانەکاندا کۆتاییان هات. چارەسەرە تایبەتەکانی منداڵان، کە لەم توێژینەوەیەدا باسکراون، ئاماژەیان بە ١) سەربازانی تورکیا، یان زەبتییەکان کە یاوەری کاروانەکان بوون، جیاکردنەوەی منداڵان بە درێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستن، سەربڕینی منداڵان بە تایبەتی زۆر بچووک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەوانیتر لە بازاڕدا لەلایەن بازرگانانی کۆیلەوە دەفرۆشران، ٢) چیچان و چەرکەسییەکان هێرشیان دەکردە سەر کاروانەکان، سەربڕینی منداڵی بچووک، ڕفاندنی منداڵی گەورەتر بۆ ئەوەی وەک کۆیلەی سێکسی و کرێکاری زۆرەملێ بەکاریانبهێنن، یان بیانفرۆشن، ٣) گوندنشینانی موسڵمان بەدرێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستن کە ئازادییان پێدرابوو دەستکەوتی خۆیان لەو کاروانانە بەدەستبێنن کە بە گوند و ناوچەکانیاندا تێپەڕ دەبوون، وەک مێرمنداڵانی تەمەنی کارکردن وەک یارمەتیدەر و کۆیلە و ئافرەتانی گەنج وەک هاوسەر و کەنیزەک و کۆیلەی سێکس، ٤) دایک و باوکان، بە هۆی نائومێدییەوە منداڵەکانیان بە خێزانە موسڵمانەکان دەسپارد، لە پێش ڕاگواستندا یان بە درێژایی ڕێگاکان بە هۆی مەترسیی فەوتان و فڕاندنەوە، ٥) سەربازانی تورکی هەڵیاندەکوتایە سەر هەتیوخانەکانی ئەرمەنی و میسیۆنەرییەکان و دەرکردنی منداڵەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک لە خاڵی یەکەمدا هاتووە، ٦) بەرپرسانی تورک دەسکەوتی تایبەتی خۆیان هەڵدەبژارد بۆ ئەوەی لای خۆیان بیانهێڵنەوە یان وەک دیاری بۆ سەرووی خۆیانی بنێرن، ٧) تورک و کورد و عەرەبەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا “سەردانی” خانەکانی هەتیوانیان دەکرد و کچان و کوڕانیان وەک یاریدەدەر و کرێکاری کۆیلە و هاوسەر و کەنیزەک و کۆیلەی سێکس دەبردە ماڵەکانی خۆیان. ئەمانە تەنها ئەو کەناڵە سەرەکییانە بوون کە منداڵانیان بەرەو چارەنووس یان گۆڵگۆتای کۆتایی دەبرد کە لەوێوە ئازارە گەورە و سەختەکانیان دەستی پێدەکرد بە گۆڕینی ناو و سووکایەتیکردن بە ئایین و باوباپیرانی منداڵەکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری و دەستدرێژیی سێکسی بەسەر کچان و کوڕان و بێگومان ناچارکردن و ئەشکەنجەدانی موسڵمانبوون، ئەم دواییشیان بە هۆی فەتوای سوڵتان عەبدولحەمیدەوە بوو کەوا کۆیلەکردنی ئەرمەنەکان و مەسیحییەکانی تری لە ماڵ و خێزانە تورکەکان قەدەغە دەکرد ئەگەر نەهێنرابنە سەر ئاینی ئیسلام. پاڵنانی ئەو منداڵ و کچ و ژنە گەنجانە بۆ ناو خێزانە موسڵمانەکان سیاسەتێکی دیراسەکراو بوو بە ئامانجی قووتدان و تواندنەوەیان بوو لە کۆمەڵگەی تورکیادا. حکوومەت بە ڕاگەیاندنی فەرمانێک بۆ ئەو مەبەستە هانی ئەم کارەی دا و تەنانەت لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتەوە کە ناوی “سندووقی پەنابەران” بوو بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر ئەو جۆرە خێزانانەی ئەو منداڵانەیان دەگرتە خۆیان، یارمەتیی دەدان. لە هەندێک حاڵەتدا مڵک و خاوەنداریی خێزانی منداڵە ڕفێنراوەکە دەگوێزرایەوە بۆ سەر خێزانە موسڵمانەکە.

بە حوکمدان و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی منداڵانی ئەرمەنی لە ماڵە موسڵمانەکاندا لە شایەتحاڵەکان خۆیانەوە کە لەم توێژینەوەیەدا باسکراون و کورتەکەی سەرەوە، دەمەوێت هێما بۆ ئەو بەڵگانە بکەم کە بە ڕاستی ئەم ماڵانە هەریەکەیان دامەزراوەیەکی بەئیسلامکردن بوون و جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو هەتیوخانانەی تورکیادا نییە کە لە خوارەوە باسیان لەسەر کراوە.

ئەزموونە دڵتەزێنەکانی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانەکانی تورکیادا

پێشوازی کردنی منداڵانی ئەرمەنی لە هەتیوخانەکانی تورکیادا، کە وەک دامەزراوەیەکی بەتورککردنی بێبەزەییانە و بێوچان کاریان دەکرد، پێشهاتێک بوو کە دواتر پەرەسەندنی بەخۆوە بینی یان بیرۆکەیەکی لاوەکی بوو بۆ بەکارهێنانی ئەو منداڵە هەتیوانەی کە مابوونەوە و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تورک لێیان و کە تەنها هەندێکیان تەمەنیان ئەوەندە بوو کە ڕەگ و ڕیشەی ئەرمەنی خۆیان لەبیر نەکەن. هەرچەندە ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێویستیان بە ڕێکخستن و ستاف و بودجەی دیاریکراو هەبوو، ئەگەرچی کەمیش بوو، بەڵام بەڵێنی ئەنجامێکی باشتریان بە حکوومەت دا بەراورد بە کوشتنی ڕاستەوخۆ بە مێتۆد و شێوازە سەرەتاییەکان کە تێچوویان لەسەر حکوومەت شتێکی ئەوتۆ نەبوو لە کاتێکدا جەنگ شڕوهووڕی کردبوو. بەڵام وەک پۆلادیان و سورمێلیان و زۆری تریش ئیشارەتی پێدەدەن، حکوومەت ئامراز و توانای پێویستی نەبوو بۆ ئەوەی لە هەموو گۆشەیەکی وڵاتدا خانەی هەتیوان دابنێت و بەو پێیە پرۆسەی کوشتنی بەکۆمەڵ بەردەوام بوو.

بەگشتی هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی خانەی هەتیوان یان پەناگە تەنانەت بۆ منداڵە هەتیوەکانی تورکیاش. ئەمە دیاردەیەکی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو. دەوڵەت پێویستی بە دابینکردنی ئەم جۆرە دامەزراوە و ئاسانکارییە بوو بۆ منداڵانی سەربازانی تورکیا کە لە شەڕدا گیانیان لەدەستدابوو یان بە سەختی بریندار و کەمئەندام بووبوون، بەتایبەتی لە بەرەی جەنگی ڕووسیادا. ئەم هەتیوخانە تازە ڕێکخراوانە لە زۆر ناوچە لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتەکەدا کاریان دەکرد، زۆربەیان لە بیناکاندا دانرابوون کە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگدا لە دامەزراوە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو. نزیکەی ٨٠ خانەی هەتیوان هەبوون،٣٣ کە هەندێکیان منداڵانی ئەرمەنیشیان وەردەگرت سەرەڕای ناڕەزایەتیی حکوومەت لە سەرەتاوە بۆ ئەوەی منداڵانی ئەرمەن وەرنەگرن و خۆراکیان پێ بدەن.٣٤ جێی داخە کە هەندێک لە دایکانی ئەرمەن، لەوانەی لە ڕێگای ڕاگواستنیاندا شەکەتی و بێبەشبوون و برسێتی ڕووی تێکردبوون منداڵەکانیان بردە ئەم دامەزراوانە بە ترووسکاییەکی هیواوە کە لە ژیاندا بمێننەوە. بەڵام کاتێ کە منداڵە ئەرمەنییەکان وەردەگیران دەستبەجێ ناوێکی تورکییان پێدەدرا و ناچار دەکران ببنە موسڵمان و ئەگەریش کوڕ بوونایە خەتەنە دەکران. پاسان ناچاری خوێندنی قورئان دەکران و ڕۆژانە چەندین جار نوێژی تورکییان پێدەکردن و وتەی “تەنها خودایەک هەیە و پێغەمبەرەکەی محەممەدە – لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە” دووبارە بکەنەوە. هەروەها بەکارهێنانی هەر زمانێک جگە لە تورکی قەدەغە کرابوو. ئەو زۆرەملێیە کاری خۆی کرد پاش ماوەیەک ئەم منداڵانە و بەتایبەتی زۆر بچووکەکان ڕابردووی خۆیان لەبیرکرد و ناسنامەی زۆرەملێیان وەرگرت. ئەم چارەسەرە تایبەتەی منداڵان لە کاتی خۆیدا شێوەی گرت و بوو بە شێوازێکی فەرمی و هاندەری قڕکردنی تەواو.

دیارە شایەتحاڵەکان سەبارەت بە ژیان لە هەتیوخانەکانی تورکیادا زۆر نین. بەڵام هەموویان باس لەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییە ترسناکانە دەکەن کە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن تووشی بوون بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ناوی خۆیان و باوانیان و کولتوور و زمان و ئایینەکەیان لەبیر بکەن. دیارە یەکەم هێدمە بۆ هەموویان ئەو ناوە تورکییە بوو کە پێیاندرا بێجگە لە کردەوەی ئازاربەخشی خەتەنەکردنی زۆرەملێش.٣٥

لە ڕۆمانی “تانتان Tantane”دا، هاگۆپ ئۆشاگان باس لە هەڵهاتنی کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵانی ئەرمەنی دەکات لە خانەی هەتیوانی تورکیا لە قوستەنتینیە.٣٦ گێڕانەوەکە ڕەنگدانەوەی شڵەژانی دەروونیی منداڵەکە دەردەخات کە لە ئەنجامی ئەزموونی ئەو جیابوونەوە زەبربەخشە لە دایکی دروستبووە، کە بە هەر جۆرێک بووە لە کاتی ڕاگواستن و ڕێپێوانی مەرگدا لەدەستیداوە و لەو ترس و تۆقین و بێزارییەی کە هەتیوخانەکە وروژاندوویەتی لای. بە گوتەی ئۆشاگان، “تورکێکی خێرخواز” منداڵە کوڕەکەی بە زیندوویی لە ژێر ژمارەیەک تەرمی ڕاگوێزراوی کۆمەڵکوژکراودا دۆزیوەتەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لە “خواپەرستی و تەقوای ناوازەی ڕەگەزەکەی و بە دڵخۆشییەکی دادپەروەرانەی کە کارێکی چاکەی کردووە”،٣٧ منداڵەکەی بردووە بۆ خانەی هەتیوان کە بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی ئەرمەنی وەک موسڵمان دامەزرابوو. چیرۆکەکەی ئۆشاگان بەرجەستەکردنێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەو بارە دەروونییە سەختەی کە بەرەوڕووی هەموو منداڵانی هەمان چارەنووس بووەتەوە لە دۆخی ئەو کاتەیان و دواتر لە ژیانی گەورەییاندا کاتێ بە ڕێگەی یادەوەریدا گوزەر دەکەن. لە یادەوەرییەکانیدا منداڵە پێنج ساڵانەکە بە پێی پەتی و برسێتی و مێزەرە شڕێکی سپی بە سەریەوە لە کاروانێکی مەرگدا ڕێدەکات. خوشک و براکانی هەموویان لەگەڵیدان، هەموو منداڵانی شارۆچکەکە … و خوشکەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبنەوە … و براکانی یەک لە دوای یەک لە ڕێگا لێی دادەبڕێن”. یادەوەرییەکانی منداڵەکە تێکەڵەیەک دیمەنی ترس و تۆقینی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، لە پاڵ ئەو دەگ و ڕەنگانەدا کە لە گوندە بنەڕەتییەکەی خۆی و ماڵە پڕ بەختەوەرییەکەیدا ئاشنا بوون پێی. بەڵام ڕۆژێکیان دەرگایەکی بچووکی دۆزییەوە لە دەروازە گەورەکەی لەم کۆشکە کۆنەدا کە لە زیندان دەچێت و بە کراوەیی هێڵراوەتەوە و کوڕە بەپەلە خۆی دەخزێنێتە دەرەوە و چاوی بە تەلار و ساختمانەکان دەکەوێت، تاریک و چۆڵن بە شێوەیەک کە دڵەڕاوکێیان دەرووژاند و ئەمیش کەوتە ڕاکردن. لە مەودایەکی دوورتردا دەگاتە ئاپۆرەیەکی زۆری خەڵک کە قەشەیەک پێشیانکەوتووە. ئەو سروودەکە و پۆشاکە درێژەکەی پیاوەکە دەناسێتەوە. “تێر پاپا” (قەشە – باوک) هاوار دەکات، بەڵام کەس گوێی لێناگرێت. دڵتەنگە بەڵام بەدوای جەماوەرەکەدا دەڕوات و لەناکاو شەقامەکان چالاکتر دەبنەوە. تەنانەت گوێی لە وشەی ئاشنا دەبێت کە لە ماڵەکانی پەنجەرەی کراوەدا دەگوترێ. پاشان گوێی لە زرنگەی زەنگەکان دەبێت، “تان، تان، تان” هەر وەک زەنگی کەنیسەی گوندەکەیان. ڕادەکاتە ژوورەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو ئەو پیرە پیاوەکە دەڕوات کە پەتی زەنگی کەنیسەکە ڕادەکێشێت. گێڕانەوەکە بە دیمەنێکی دراماتیکیی دۆزینەوە و ژنێکی ڕەشپۆش کۆتایی دێت، کە منداڵەکانی و هەموو خێزانەکەی لە بیابانەکەدا لەناوچوون، دەستی کوڕەکە دەگرێت و هەردوکیان بە هیوایەکی نائومێدەوە دەڕۆن بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ.

هامپارتزوم چیتجیانیش هەموو ئەو ترس و زەلیلییەی ئەزموون کرد کە دامەزراوەکانی تورکیا بوون بە هۆکاری. ئەو و براکانی لە مەکتەبێکی (واتە قوتابخانەیەکی) تورکیدا دانران.

هەر چوار براکە، پێکەوە لەگەڵ ١٥٠ – ٢٠٠ کوڕ کە تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ شانزە ساڵدا بوو، لە مەکتەبەکەدا مانەوە، ئەو “بینا ترسناکە”، وەک هامپارتزوم بیری دێنێتەوە، سەربازێکی تورک پاسەوانی دەرگاکەی دەکرد. شەوی یەکەم پڵاوی ساوەریان هێنا، لە ماڵێکی چۆڵکراوی ئەرمەنییەکانەوە، بەڵام کۆن و بۆگەنی کردبوو. مەنجەڵەکە پڕ بوو لە کرم. کوڕەکان برسی بوون، بەڵام کەس دەستی لێ نەدا.

ئەم قوتابخانە تورکییە بە دڵنیاییەوە ناوەندێکی بەتورککردن بوو بە زۆر، بە هەر جۆرە زۆرەملێیەک بووە. ناوی هامپارتزۆم گۆڕدرا بۆ ڕوشدی. کوڕەکان پارچەیەک نانی وشکیان پێدرا و ڕێگەیان پێدرا ئاوی فوارەکە بخۆنەوە. بەڵام وێرانکەرترین ئەزموون بۆ ئەم کوڕانە نادڵنیایی چارەنووسیان نەبوو، یان دوورکەوتنەوە لە دایک و باوکیان، بەڵکو ئەو کارە پڕ شەرمەزارییە بوو کە چەند ڕۆژێک لە دوای یەک ناچار بوون ئەنجامی بدەن. کوڕە گەورە و بەهێزەکان ڕەوانەی دەرەوە کران بۆ تاڵانکردنی ماڵە ئەرمەنییەکان کە ئێستا هەموویان چۆڵ بوون، هەروەها بۆ هێنانی کەلوپەل بۆ ئەو کەنیسە ئەرمەنییەی دەستی بەسەردا گیرابوو کە تاڵانی و دەستکەوتەکانی وەک موڵکی حکوومەتی تورکیا تێدا بپارێزرێت. بێگومان ئەو ئەفسەرە تورکانەی کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەکرد، ئەوەی پێیان خۆش بوو، دەیانبردە ماڵەوە. نە یاسا هەبوو، نە لێپرسینەوە. نزیکەی ساڵێک دواتر لە کاتی یاخیبوون و هێرشی کورد بۆ سەر پێری، کوردەکان ئاگریان لە شارۆچکەکە بەردا. شوێنەواری منداڵیی هامپارتزۆم لە دووکەڵدا نوقم بوو. لە دوورەوە سەیری دەکرد، کەنیسەی ئەرمەنیش سووتا و هەموو ئەو گەنجینە و کەلوپەلە بەنرخە ئەرمەنییەکانی بیرهاتەوە کە منداڵانی قوتابخانەی تورکی ناچار بوون بۆ ئەوێی بگوازنەوە و هەڵیانبگرن. هەستی بە ئازاری لەدەستدانی هەمیشەیی دەکرد بۆ ئەو شتەی لە لای خۆشەویست و بەنرخ بوو، تێکەڵ بە هەستێکی تۆڵەکردنەوە بۆ ئەوەی دەیزانی کە تاوانباران خۆشی لە ماڵ و سامانی ئەرمەنیش نابینن.

چەند ڕۆژێک لە مەکتەبدا مامۆستا و مەلاکان هەوڵیان دەدا کوڕەکان فێری ئیسلام بکەن، بەڵام دواتر ڕەنگە بەو بیرکردنەوەی کە بەتورککردنی کوڕە گەورەکان زۆر قورس دەبێت، جیایان کردنەوە. هامپارتزوم و کاسپاری برا جمکەکەی لەو کەسانە بوون کە چارەنووسیان وابوو بکوژرێن. هامپارتزۆم بە شێوەیەکی موعجیزەئامێز هەڵهات – کە خۆی ناوی ناوە “یەکەم هەڵهاتنی من” – و تورکێک بە ناوی کۆر مامۆی خستیە لای خۆی. بەڵام ویژدانی ئازاری دەدا، چونکە دەستبەرداری برا بچووکەکانی بوو بۆ ئەو تورکە ستەمکارانەدا. شەوانە ڕادەچڵەکی و لە خەودا ناوی براکانی بانگ دەکرد. کۆر مامۆی زۆر میهرەبان بوو و هەستی بە خەم و پەژارەی دەکرد، بۆیە دیدارێکی بۆ ڕێکخست بە نهێنی چاوی بە برا بچووکەکانی بکەوێت کە هێشتا لە خانەی هەتیوانی تورکیادا بوون و خواردنی پێدان. دوایین جار کە هامپارتزوم براکانی بینی، پێیانگوت تورکەکان دەیانبەن بۆ لای باوک و دایکیان. ئەم دەیزانی ئەوە مانای چییە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو جگە لەوەی لێیانگەڕێ بڕۆن. دەرد و مەینەتییەکانی هامپارتزوم بەردەوام بوو بە وەسفکردنی وردی ئەو شوێن و کەسانەی کە چاویان پێی کەوتبوو، ژیانی ناخۆشی، ئەو چەندین جارەی کە نزیک بوو لە مردن بە هۆی برسێتی و برینەکانیەوە کە لەسەر ئەو ڕێگا سەختەی وەک هەڵاتوویەک گرتبوویەبەر و لە ترسێکی بەردەوامدا دەژیا لەوەی بیگرن و بیکوژن.٣٨

بیرەوەرییەکانی چیفتجیان تایبەت و دەگمەن نییە، بەڵکو تەنیا یەکێکە لەوانەی کە وردەکارییەک لەو جیهانە دۆزەخییەی دڕندەییەکانی تورکیات پێدەبەخشێت. ئەمانە کتێبن، زۆربەیان بە زمانی ئەرمەنی ڕەسەنی خۆیان، کەمێکی تریان وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی، کە دەبێت بیخوێنینەوە. ئەمانە کتێبن کە دەتوانن بۆ چەند ڕۆژێک لە خەمۆکی و شڵەژان و نیگەرانیدا بمانهێڵنەوە. ئەوان لەوە زیاترمان داوا لێدەکەن کە ئێمە دەمانەوێت. ئەگەر بمانەوێت لە جینۆسایدی بەردەوامی ئەرمەنییەکان تێبگەین، بدەین. کافکا جارێک وتی: ئەم کتێبانە “وەک بەختی دێنە سەرمان و بە قووڵی ناڕەحەتمان دەکەن، وەک مردنی کەسێک کە لە خۆمان زیاتر خۆشمان دەوێت، وەک خۆکوشتن …. [ئەوان] پاچی سەهۆڵشکێنن …. بۆ شکاندنی دەریای بەستوو لە ناخی ئێمەدا”.٣٩

بەدناوترین خانەی هەتیوانی تورکیا کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنی لەخۆگرتبوو لە عەنتۆرا بوو، چیای لوبنان لەسەر موڵکێک کە پێشتر بە خاوەندارێتیی باوکانی لازاریی (ئیلیعازەری – و) فەرەنسی بوو کە کەنیسە و کۆڵێج و بەشی ناوخۆییان لەوێ دامەزراندبوو بە هەموو بەش و کارمەندەکانیانەوە. دوای هەڵگیرسانی جەنگ فەرەنسییەکان ئەوێیان بەجێهێشت و موڵکەکە بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستی بەسەردا گیرا و کرایە هەتیوخانەی تورکیا. ئەم دامەزراوەی بەتورککردنە نزیکەی هەزار منداڵی هەتیوی ئەرمەنی لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کوڕ بوون و لە سەرانسەری وڵاتدا کۆکرابوونەوە و نزیکەی چوارسەد منداڵی کوردیشی لەخۆدەگرت. دیارە جەمال پاشا گرنگییەکی تایبەتی بەم هەتیوخانەیە دابوو و خالیدە ئەدیبی چالاکوانی تورکی لەسەر دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بە تاقمێکی گەورەی مامۆستا و پاسەوان و چێشتلێنەر و هتد دامەزراوەکە بەڕێوەببات. بەڵام سەرەڕای ناوبانگی وەک بیرمەندێکی خوێندەوار و پێشکەوتنخواز، خالیدە ئەدیب بوو بە ئامرازی جێبەجێکردنی نامرۆڤانەترین هۆکار بۆ سڕینەوەی هەموو ئاسەوارێکی ئەرمەنیبوون لەم منداڵانەدا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئەو هاوڵاتییە تورکەی کە جەمال پاشا ئارەزووی دەکرد.

هەرچەندە لە ماوەی دەیەی ڕابردوو یان زیاتردا، بڕێکی بەرچاوی زانیاری لەسەر ئەم دامەزراوە ترسناکە و ئەو دڕندەییانەی لەوێ ئەنجامدراون، دەرکەوتن، بەڵام تۆمارەکانی ئەو هەتیوخانەیە کە ناوی هەموو منداڵە هەتیوەکانی تێدابوو – ناوە ئەرمەنییەکان سڕابوونەوە و ناوی تورکییان بۆ دانابوون. لە ساڵی ٢٠١٠دا یادگارییەک دانرا بۆ ڕێزلێنان لەو هەتیوانەی کە بە هۆی ئەشکەنجەدان و برسێتییەوە گیانیان لەدەستدابوو، تەنیا دوو تۆماری یاداشت و بیرەوەریی سوودمەندانی پێشووی ئەم هەتیوخانەیەم دۆزییەوە، کە ئەوانیش هاروتیون ئەلبۆیاجیان و کارنیگ پانیان بوون.

ئیفادەی هاروتیون ئەلبۆیاجیان کە زۆر کورتە و زانیاریی زۆر کەم و باسی کوت و بچڕی تێدایە و لەلایەن ڤێرجینێ سڤازلیانەوە تۆمارکراوە.٤٠ لەم ئیفادەیەدا، هاروتیون سەرەتا باس لە ڕاگواستنی تەواوی گوندی فەندێجاک دەکات، لە نزیک زەیتون، پاشان بە ئەزموونی خۆی لە “هەتیوخانەی تورکیی جەمال پاشا” دەستپێدەکات، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە چۆن براوەتە ئەوێ. هەڵبەت ناوی گۆڕراوە بۆ شوکری بە ژمارە ٥٣٥ وەک پاشناوی و خەتەنەش کراوە. ئەوجا باسی سزای ئەو منداڵانە دەکات کە بوێریی ئەوەیان هەبووە بە زمانی ئەرمەنی قسە بکەن، یان بۆ دایکیان گریاون، یان لە تاو ئازاری برسێتی خواردنیان دزیوە. مێتۆد و شێوازەکان قێزەون بوون، سووکترین سزا بۆ چەند ڕۆژێک خواردنیان لێدەگرتنەوە. پاشان ئەوە هەبوو کە گوناهباران لە دەرەوە بوەستن و بۆ چەند کاتژمێرێک سەیری خۆر بکەن تا بیناییان زیانی پێدەگەیشت و بۆ ماوەیەکی کاتی کوێر دەبوون. سزایەکی تری جەستەیی فەلاقەکردن بوو، کە بە تەلی پۆڵا یان دار لە ژێرپێی قوربانییەکەیان دەدا و منداڵەکە بەرگەی ئەو ئێش و ئازارە سەختەی نەدەگرت و بێهۆش دەبوو، بەڵام سزاکە بەردەوام دەبوو.

هەروەها شایەتیی ئەوە دەدات کە منداڵەکان هەمیشە برسی و لاواز بوون و زۆرێکیان تووشی نەخۆشیی ئیسکۆرڤی (ئێسکە نەرمە – و) بوون و گیانیان لەدەستداوە (نەخۆشییەکە بە هۆی بەدخۆراکی و کەمیی سەوزە و میوەی تازە و ڤیتامین سییەوە دروست دەبێت). نهێنی مانەوەی ئەو لێهاتوویی بوو لە پیشە دەستییەکان کە لە باوکی ئاسنگەریەوە فێری بووبوو و خزمەتێکی بچووکی پێشکەش بە هاوڕێ هەتیوەکانی و کارمەندانی هەتیوخانەکە دەکرد و بەمەش پارچە نانێکی زیادە یان تەنانەت پارەشی بەدەستهێناوە. ئەو سەردانێکی جەمال پاشای لەبیرە، و چۆن وەک کوڕێکی بەهرەمەند پێی ناسێندراوە. زانیاریی گرنگ لە ئیفادەکەیدا سەبارەت بەو ڕۆژەیە کە منداڵە هەتیوەکان بەیانیی زوو لە خەو هەڵساون و بینیویانە کەس لەوێ نەماوە. سوپای تورکیا پاشەکشەی کردبوو، بەیرووت ئازاد کرا و تەواوی کارمەندان و پاسەوانەکان و بەڕێوەبەرەکە، هەموویان دیارنەمابوون، و هەڵهاتبوون، جگە لە ئەزرا بەگی دەرمانسازەکە. هەروەها کوردێکیش بە ناوی سلۆ جێمابوو کەوا کوڕە گەورەکان زۆر باشیان لێدابوو، چونکە بە کوڕێکی هەتیوی گوتبوو بە ناوی خورێن، کە ٩٩ ئەرمەنیی کوشتووە و ئەگەر ئەمیش بکوژێت ئەوە ژمارەکە دەبێتە سەد. هاروتیون دەگێڕێتەوە کە ئەزرا بەگ فەرمانی بە منداڵە هەتیوەکان کردبوو کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا کۆببنەوە و لە مێزێکەوە بۆ مێزێکی تر دەچوو و پرسیاری لە هەتیوەکان دەکرد کە ناوی ئەرمەنییان چییە و دواتر ڕایگەیاندبوو کە “لە ئێستا بەدواوە ناوە ئەرمەنییەکانتان بپارێزن چونکە ئێوە ئەرمەنن”. ئەزرا بەگ لای منداڵەکان درکاندبووی کە ڕێنمایی پێدراوە منداڵە هەتیوەکان ژەهرخواردوو بکات، بەڵام ئەم پابەندی فەرمانەکان نەبووە و دەیزانی لەسەر ڕابردووی لە خانەی هەتیواندا سزا دەدرێت.

بە هۆی کارنیگ پانیان و بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکانیەوە بوو بە زمانی ئەرمەنی لە دوای مردنی، بە ناوی (هەتیوخانەی عەنتۆرا، ١٩٩٢) کە کۆمەڵگەی ئەرمەنی ڕێگەیان پێدرا بچنە ناو ئەو جیهانە تاریکەی هەتیوخانەکەی جەمال پاشاوە، کە هێشتا شوێنەکەی نادیارە.41 بەڵام لەم بەینەدا میساک کەلەچیانی توێژەر شوێنی ئەم خانەیەی هەتیوانی دەستنیشان کردووە و لە درێژەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانیدا، تۆمار و گۆڕی ٣٠٠ منداڵی هەتیوی دۆزیوەتەوە کە لە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان و برسێتیدا گیانیان لەدەستداوە. باوکانی لازاری (ئیلیعازەری) ئێسکوپرووسکەکانیان دۆزیبووەوە کاتێک دەستیان بە بیناسازی کردبوو بۆ زیادکردنی پۆلی نوێی خوێندن لە ساڵی ١٩٩٣دا و ئێسکەکان لە گۆڕی بێ ناونیشانی گۆڕستانی کۆمپاوندەکەدا نێژران. هەروەها کەلەچیان ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوەی پارە و یارمەتی بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی یادگاری لە شوێنی هەتیوخانەکە و گۆڕستانەکەدا.

بیرەوەرییەکانی کارنیگ پانیەن، وەک زۆربەی بیرەوەرییەکانی لەم چەشنە، بە وەسفێکی ورد و ناسکی منداڵییەکی بەختەوەر دەست پێدەکات، لە کەشێکی نموونەیی و ئایدیاڵدا، ماڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و خۆشی، لەگەڵ دایک و باوک، خوشک و برا، باپیر، خاڵ و مام و پوور و ئامۆزا و پوورزادا و پاشان لێقەومان و کارەسات دێت. کارنیگ پانیان تەمەنی تەنها پێنج ساڵ بوو کاتێ ڕاگواستنە پڕ کارەساتەکە دەستیپێکرد. لە میانی ڕێپێوانی مەرگ لە کیورین (گورون)ی زێدی خۆیەوە بۆ حەما لە لێواری بیابانی سووریا، کارنیگ دایکی و برا و خوشکەکەی لەدەستدا. مردنی هەریەکەشیان بۆ ئەو کارەساتێک بوو بۆ خۆی. باوکی لە سوپای تورکیادا بە سەرباز گیرابوو و هەرگیز نەگەڕایەوە. کارنیگ بە تاق و تەنیا و بە هەتیوی لە ژێر چاودێریی باپیرە و باپیرە نەخۆشەکانیدا بوو. ژیان لە کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوەی حەما هێند سەخت بوو بەرگەی نەدەگیرا. نەخۆشی و برسێتیی ڕۆژانە دەیهاڕین و بەرۆکی بەرنەدەدان. بۆ ڕزگارکردنی کوڕە بچووکەکە، باپیرە و داپیرە بە دوودڵییەوە ڕازی بوون کە بینێرن بۆ خانەیەکی هەتیوان لە شارۆچکەکەدا کە لەلایەن قەشەیەکی پرۆتستانتەوە بەڕێوەدەبرا. بۆ ئەو خانەی هەتیوان بەهەشتێک بوو بەراورد بە ژیانی هەفتەکانی کۆتایی لە کەمپەکەدا. لێرە منداڵەکان بە سکێکی نیوە تێر و نیوە برسییەوە دەژیان، بە هۆی سەختی و ئاستەنگی پەیداکردنی خواردنەوە، بەڵام بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. لە کۆتاییدا کارنیگ ڕەوانەی خانەی هەتیوانی عەنتۆرە کرا و لەوێ بیری دێتەوە کە پرۆسەکە بە گۆڕینی ناوی ئەرمەنی منداڵان دەستی پێکردووە و بە لێدانی توند بۆ ئەوانەی بەرەنگاری دەبوونەوە و خوویان بە ناوە ئەرمەنییەکانیانەوە گرتبوو، یان ئەوانەی کە هێشتا بە زمانی ئەرمەنی قسەیان دەکرد. زۆرێک لە منداڵان بە هۆی ئەوەی یەک وشەی زمانی تورکییان نەدەزانی، ناچار بە بێدەنگی ناچار بە بێدەنگی دەمانەوە. نۆرەی کارنیگ هات و مامۆستای قوتابخانەکە زللەیەکی لە دەموچاوی کارنیگ دا، چونکە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە ناوی کارنیگە. پاشان، ئەملا و ئەولای منداڵە داماوەکەی بەر شەق دا کە کەوتبووە سەر زەوی. کارنیگ لە تاو ئازاری سەخت بێهۆش کەوت و بردیان بۆ کلینیکی بێ پزیشک و بێ دەرمان، هەروەها بەشەخۆراکی ڕۆژانەی پارچە نانێک و جامێک ئاو. پاشان بە ناوێکی تورکیی مەحمود و ژمارەی ٥٥١ بۆ ناوی خێزان هاتە دەرەوە. بەدخۆراکی هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوو و زۆرێک لە منداڵەکان نەخۆش کەوتن. “دکتۆر” پشکنینی نەخۆشەکانی کرد و دەرمانی پێدان. “لەبری چاکبوونەوە، زۆرێک لە منداڵە کوڕەکان گیانیان لەدەستدا”.

کوڕەکان یاخی بوون و بە هەر شێوەیەک کە لە توانایاندا بوو بەرەنگاری نەخشە و پلانەکانی جەمال پاشا بوونەوە کە بە دڕندەترین شێواز جێبەجێ دەکران. “ئەوە شەڕێکی نایەکسان بوو لە نێوان ئیدارە و قوتابییاندا. بە ڕوونی پلانی جمال پاشا ئەوە بوو کە ئێمە بە تورک بکات، بەڵام ئێمە بڕیارماندا بەرەنگاری ببینەوە – نەک بە هۆی نەتەوەگەریی دەمارگرژانەوە، کە ئێمە لەو کاتەدا هێشتا زۆر منداڵ بووین بۆی،بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی دەمانویست دەست بە شوناسی خۆمانەوە بگرین، کە تەنها شتێک بووبۆما مابووەوە”.

کارنیگ سەردانەکەی جەمال پاشای لەبیرە کە ڕووداوێکی نائاسایی بوو لە خانەی هەتیواندا و ئەو خانمەی کە لە ناو یاوەران و تاقمەکەیدا بوو، کە لە دوای خۆی مانەوە و ڕۆڵی بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکەی گرتە ئەستۆ. ئەو خالیدە ئەدیب بوو کە کارنیگ وەک ژنێکی دڵڕەق و بێبەزەیی لەبیریدا ماوە، کە بایەخی بە چارەنووسی منداڵەکان و کارەکەی نەدەدا و پەیوەندیی لەگەڵ منداڵاندا نەدەکرد بەڵام هەمیشە لە دانیشتنەکانی سزای ئێواران و ئەشکەنجەداندا ئامادە بوو. دەنگۆی ڕەفتارە سەیر و نامرۆڤانە و شەیتانییەکانی لە ناو منداڵەکاندا بڵاو بووبووەوە.

سەردانەکەی جەمال پاشا هەروا بە ئاسانی نەڕۆیشت. لە کاتێکدا کە پشکنینی ڕیزەکانی منداڵە هەتیوەکانی دەکرد، هەندێک لە کوڕە گەورەکان لێی چوونە پێشەوە و بە بوێرییەوە گلەیییان لە کەمیی بەشە خواردن کرد، “ئێمە خەریکبوو لە برسا دەمردین و تۆش ڕزگارت کردین. بەڵام پاشا، ئێمە هێشتا هەر برسیمانە! ڕۆژانە تەنها دوو نانی بچووکمان پێدەدەن، ئێمە وەکو پێش هاتنە ئێرە هەر برسین و بەم زووانە دەمرین ئەگەر فریامان نەکەویت و یارمەتیمان نەدەیت!”. هەرا و غەڵبەغەڵبێک سەریهەڵدا و منداڵان هاواریان دەکرد “برسیمانە، برسیمانە”، پاشان بە دارەکاندا هەڵزنان و دەستیان دەکرد بە لێکردنەوەی بەری دارە کێوییەکان و خواردنیان. لەو ئاژاوە و پشێوییەدا کە دروستبوو، جەمال پاشا ڕووی وەرچەرخاند و لەگەڵ دەستە و تاقمەکەیدا ئەو شوێنەی بەجێهێشت. ئەوەی جێگای سەرنجە، هاروتیون ئەلبۆیاجیان لە کاتی سەردانەکەی جمال پاشادا باسی ڕووداوێکی ئاوها گرنگ ناکات. بێگومان منداڵە هەتیوەکانلەسەر ئەم “یاخیبوونەیان” سزادران و ئەو ڕۆژە هیچ نان و خواردنێکیان نەدرایە. لەم سەروبەندەدا شەڕێکی گەرم دژی قسەکردن بە زمانی ئەرمەنی بەردەوام بوو و ئەوانەی وشەیەکی ئەمەنییان لە زار دەرچووبایە دەگیران و بە توندی سزا دەدران “بە لێدانی بێبەزەییانە و سووکایەتی پێکردن و جنێودان” و دواتریش ترسناکترینیان کە فەلاقە بوو،٤٢ وەک هاروتیونیش دەیگێڕێتەوە. ئەڵقەکانی مامەڵەی بەربەریانە لەگەڵ منداڵانی شەش تا دە ساڵان کارێکی زۆر قێزەون و دزێو بوو، تەنها لەبەر ئەوەی دەگریان و ناوی دایکیان دەهێنا یان نیشانەی خاچیان دەکێشا. سزادان بە فەلاقەکردن بەردەوام بوو و منداڵەکە لەتاو ئازاری سەخت دەیقیژاند و هاواری دەکرد و دواتر هۆشی لەدەستدا و ئەمەش ڕێکارەکەی ڕانەگرت. سزایەکی تری ترسناک ئەوەبوو کە منداڵەکە بۆ چەند ڕۆژێک لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا بوەستێت بەبێ ئەوەی هیچ نان و ئاوێکی بدرێتێ و پاسەوانێکی دڕندەش چاودێریی دەکرد و ئەمە بەسەر ئەبراهامدا هات. کارنیگ لە یادیەتی کەوا: “دوای سێ ڕۆژ، کوڕە داماوەکە بە تەواوی لەناوچوو”. بەڕێوەبەر لەبری ئەوەی ئەو شەپۆلە گەورەیەی تووڕەیی و ناڕەزاییە چارەسەر بکات، شێوازێکی نوێی ئەشکەنجەدانی داهێنا. ئەو هەموو ئێوارەیەک منداڵی هەتیوەکانی لە حەوشەکەدا کۆدەکردەوە و ناوی ئەوانە دەخوێندرایەوە کە ئەو ڕۆژە شایستەی فەلاقەکردنن. ژمارەی لێدانەکان بەندبوو بە قورسیی “تاوانەکەوە” و لەوانەبوو لێدان بگاتە تا دوو سەد یان تەنانەت سێ سەد جاریش و … بەزۆری بەڕێوەبەر یەکەمجار دەستی بە لێدان دەکرد و پاشان، پاسەوانەکان کارەکەیان لەئەستۆ دەگرت تا ئەو کاتەی ماندوو دەبوون. ڕۆژێک، ناوی کارنیگ بانگ کرا و خستیانە ژێر دار و فەلاقەوە و دوای ئەوە دە ڕۆژ لە کلینیکەکەدا بوو تا بنی پێیەکانی چاک بووەوە و جارێکی تر توانی بە پێ بڕوات.

بەردەوام ئەوەیان بیری منداڵان دەخستەوە کە “ئەرمەنی بوون تاوانە و سزای لەسەرە”. کارنیگ شایەتیی ئەوە دەدات کە زمانی تورکی بوو بە زمانی زاڵ و وردە وردە منداڵ کەمتر سزا دەدرا بەهۆی پێشێلکردنی ئەو بنەما و یاسایەوە. بەڵام ئازارە سەختەکانی برسێتی پاڵی بە منداڵانەوە دەنا بۆ دزیکردن، تاوەکو هەر شتێکیان دۆزییەوە بیخۆن، لە کاغەز و مرەکەبەوە تا مێرووی تۆپیو. کارنیگ چووبووە پاڵ کۆمەڵێک منداڵی هەتیو کە بەردەوام شەوانە هەڵیاندەکوتایە سەر چێشتخانەکە یان لە کۆمپاوندەکەوە دزەیان دەکردە دەرەوە و سەوزە و میوەیان لە ماڵە دەراوسێکان دەدزی و بە دەستکەوتەکەیانەە دەگەڕانەوە و دەیانشاردەوە و ئەمەش یارمەتیی دەدان کە بۆ چەند ڕۆژێک بەرگەی برسێتی بگرن. ئەوان هەندێ جار ئێسقانی ئاژەڵ یان هەتیوی مردوویان دەدۆزییەوە کە چەقەڵ و ڕێوی گۆڕانەکانیان هەڵدەکەندن و دەریاندەهێنان و گۆشتی لاشەکانیان دەخوارد و ئێسقانەکانیان بەجێدەهێشت. ئەمان فێری وردکردنی ئەو ئێسقانانە بووبوون بە بەرد و پاشان هاڕاوەکەیان بە ئاوەوە دەخوارد. کارنیگ پێ لەوە دەنێت کە “برسێتی ئێمەی نائومێد کردبوو و لە مرۆڤبوونی خستبووین. من هەستم بە قێز و بێز نەدەکرد لەم ئایدیایە و … لە نزمیدا تەو نوقم بووبووین”.

هەوڵەکان بۆ بە تورککردنی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن لە هەتیوخانەکانی تورکیادا سەرکەوتوو نەبوون، ڕەنگە بەهۆی ئەو مێتۆد و شێوازانەوە بووبێت کە بە دڕندەییەکی ڕەها جێبەجێکرابوون. کارنیگ پانیان ڕاستی بۆچووە لەو تێبینییەیدا کە: “هەوڵ و کۆششی ئیدارە بۆ بەتورککردنمان شکستێکی بێئەنجام بوو”. ئەوجا هۆکارەکان لە پرسیاری پڕ لۆجیک زمانپاراویدا دەخاتە ڕوو “ئایا مامۆستاکانمان درکیان بەوە دەکرد کە ئەوان بوون ئیرادەی ئێمەیان لە دژی ئەوان بەهێزتر کردووە؟ چۆن دەمانتوانی هەوڵبدەین وەک مامۆستاکانمان بین لە کاتێکدا ئەوان ئەهریمەنێکی دڕندە و سادی بوون؟ چۆن دەمانتوانی شوناسە نوێیە تورکییەکانمان قبووڵ بکەین لە کاتێکدا تورکەکان کە ئەرکی چاودێریکردنی ئێمەیان پێسپێردرابوو، بێبەزەییانە بە بچووکترین سەرپێچیی ئێمە سووکایەتییان پێ دەکردین و لێیانداین؟”.

کێشەکانی کۆکردنەوەی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن لە هەوڵەکانی دوای جەنگدا

بارودۆخی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دوای جەنگ و بەتایبەتی قوستەنتینیەی داگیرکراوی هاوپەیمانان، کەشێکی لەباری بۆ ئەرمەنە ڕزگاربووەکان و و ئەو ڕێکخراوانە ڕەخساند کە سەرلەنوێ دامەزرانەوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ وەرگرتنەوەی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن لە ماڵە موسڵمانەکان و خانەکانی هەتیوان. بێگومان ئەو کارەش ئاسان نەبوو، هەرچەندە حکوومەتی عوسمانیی دوای جەنگ هاوکار بوو یان خۆی وا پیشان دەدا. دوای هەڵاتنی سەرکردەکانی تورکە لاوەکان و لە ژێر فشاری هاوپەیماناندا وەک مەرجێک بۆ ئاگربەست، حکوومەتی نوێ فەرمانی ئازادکردن و ڕادەستکردنی ئەو کچ و کوڕە ئەرمەنیانەی دەرکردبوو کە لە ماڵە موسڵمانەکاندا بە دیل گیرابوون. هامپارتزوم چیتجیان ڕووداوە ئەم چارەنووسسازە تۆمار دەکات کاتێک لە ساڵی ١٩١٨ حکوومەت فەرمانی بە تورک و کورد کرد کە منداڵە ئەرمەنییەکانی ژێر دەستی خۆیان بهێننە گۆڕەپانێک لە خاربێرت. “خزم و کەسوکار بەپەرۆشەوە بەدوای خۆشەویستە ونبووەکانیاندا دەگەڕان. ئەو منداڵە هەتیوانەی کە هێشتا لەبیریان مابوو بانگی ناوی خێزانەکانیان دەکرد. بەڵام زۆرێک لە منداڵە بچووکەکان لە ‘دایە و بابەیان’ زیاتر لەبیر نەمابوو”. ئەگەر کەس ئیدیعای منداڵە هەتیوەکە نەکردایە، ئەوە ئەو خاوەن ماڵەی کە منداڵەکەی لەلابوو دەیتوانی بیباتەوە. هەر لەم گۆڕەپانەدا بوو کەوا خزمێک کیرۆپی برا بچووکەکەی هامبارتزومی دۆزیبووەوە.٤٣

زاڤن دێر یاغییان، پاتریارکی ئەرمەن لە قوستەنتینیە، شایەتیی ئەوە دەدات کە زۆرێک لە تورکەکان “لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سزا بدرێن، دەسبەجێ ئەم منداڵە هەتیوانەیان گەیاندووەتە کەنیسەی ئەرمەنی لە گەڕەکەکەیان یان ڕادەستی دراوسێ ئەرمەنەکانیان کردوون”.44 ئەوان کەمینە بوون. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا هەڕەشەیان لە منداڵە هەتیوە ئەرمەنییەکان دەکرد کە ئەگەر ناسنامەی ئەرمەنیی خۆیان ئاشکرا بکەن، دەکوژرێن. دێر یاغییان باس لەوەش دەکات کە هەندێک لە منداڵە هەتیوەکان “بە زۆر لە ماڵەکانی تورکەکان وەرگیراون، بە زەبر و پشتیوانیی پۆلیسی هاوپەیمانان و هەندێ جار تەنانەت بە زەبری پۆلیسی تورکیاش”. بەڵام لە هەمان کاتدا پۆلیسی تورکیا ئیدیعای دەکرد کە زۆر سکاڵای وەرگرتووە گوایە داواکارییەکانی ئەرمەن درۆیە و ئەو هەتیوانەی کە براون تورکی ڕاستەقینە بوون نەک ئەرمەن. “ماڵی بێلایەن” کە لەسەر فەرمانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا دامەزرابوو، بۆ هێشتنەوەی ئەو منداڵانەی کە ناکۆکی لەسەر ناسنامەیان هەبوو. هاوکات دەنگۆ و تۆمەتبارکردن بە گەندەڵی و بەهەڵە حوکمدان لەلایەن کارمەندان و شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان سەرکردایەتیی ئۆرگانەکانی حوکمڕانیدا، شکۆمەندی و تەنانەت بوونی ماڵی بێلایەنیشی خستبووە ژێر پرسیارەوە. بەهەرحاڵ و بە پێی پاتریارک، ٣٠٠٠ منداڵی هەتیو ڕزگار کران کە زۆربەیان لە قوستەنتینە بوون.

کۆکردنەوەی منداڵانی هەتیو لە ناوچەکانی ناوخۆی تورکیادا ئەرکێکی قورستر بوو، کە بە هەزاران لەو منداڵانە لە ماڵەکان و هەتیوخانەکانی تورکیادا بە دیل مابوونەوە. بە گوتەی پاتریارکیش هۆکارەکەی ئەوە بوو کە سوپای هاوپەیمانان نەچووبوونە ناوچەکانی ناوەوەی وڵاتەوە. هەروەها ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بووبێت کە بزووتنەوەی کەمالی لە ماوەیەکی کورتدا توانی سەربکەوێت و ڕەوتی بووژانەوەی تازە سەرهەڵداوی ئەرمەن بگۆڕێت و بە هەمان شێوەش چارەسەری منداڵانی ئەرمەن کە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەبوو بۆ بەردەوامبوونی گەل و نەتەوەی ئەرمەن.

یەکێکی تر لەو ئاستەنگانەی کە بەرەوڕووی هەڵمەتی کۆکردنەوەی منداڵە هەتیوەکان بووەوە، دوودڵیی خودی ئەو منداڵانە بوو لە جێهێشتنی خێزانی موسڵمانەکانیان دوای ساڵانێکی ڕاهاتن لەگەڵ ژینگەکەدا و لەبیرچوونەوەی زمانی دایک و باوکیان و ڕاهاتن و گونجان لەگەڵ شوناسە تورکییەکەیاندا و بەتایبەتی کاتێ مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرا. هەندێکی تریان لەو نادڵنیاییە دەترسان کە چاوەڕێی دەکردن لە کۆمەڵگەی ئەرمەنیدا یان شەرمیان دەکرد لەوەی کە بوون بە موسڵمان و ئەو شوناسەیان قبووڵ کردووە کە بە زۆر بەسەریاندا سەپێنرابوو. هەندێکی تریشیان کە زۆربەیان کچانی کەم تەمەن بوون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ناچاری ژیان کراون لە ماڵە موسڵمانەکاندا، بەتایبەتی کاتێ منداڵێک یان زیاتریان لەو کەسانە کە فڕاندوونیان و ڕازی نەبوون واز لەو منداڵانەیان بێنن و بە هەتیوی بێ دایک بەجێیانبێڵن. بڕیاردان لەم مەسەلە چارەنووسسازە بۆ هەندێک لە ژنە گەنجەکان هێدمە و شۆک بوو بۆ ئەوانەیان کە مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا کرابوو، وەک لوسەنتاگ کەوا کیرۆپ بێدوکیان چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو ژنە بە کوڵ گریاوە چونکە نەیدەزانی چی بکات و ئاخۆ “مێردە” تورکەکەی جێبهێڵێت کە لەگەڵیدا باش بووە یان بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی، بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی؟ لە کۆتاییدا لوسەنتاگ بڕیاریدا بمێنێتەوە.٤٥

کیرۆپ بێدوکیان دەگێڕێتەوە کە چۆن گرووپە خۆبەخشە ئەرمەنییەکان، بە هاوکاریی میسیۆنەرە ئەوروپی و ئەمریکییەکان و بە پشتیوانیی سوپای بەریتانیا، منداڵی هەتیویان کۆدەکردەوە، هەندێ جار بە زۆر لە دایک و باوکی بەخێوکەریان دەسەندەوە، ئەوەش ئەو کاتە بوو کە منداڵەکە دەیویست بڕوات و “دایک و باوک” ڕێگەیان نەدەدا.٤٦

مەحاڵە بزانین چەند لەو منداڵ و کچە گەنجانە لە ماڵە تورکەکان یان کوردەکان یان عەرەبەکاندا ماونەتەوە. هەندێکیان بە تەواوی بێئاگا لە ڕەگ و بنەچەی خۆیان گەورە بوون، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان ئەوەندە بووە کە لەبیریان بێت، دەبێ هێدمە و ترۆمای دەروونی بە درێژایی ژیانیان لەگەڵدا بووبێت. هەرچۆنێک بووبێت هەردوو لایان گەل و نەتەوەی ئەرمەنیان لەدەستدا و بزر بوون.

تا ئەو کاتەی ئەم هەتیوانە دواجار گەیشتنە ناوەندی وەرگرتنی پەنابەران لە حەڵەب کە پێی دەوترا قشڵە (سەربازگە)، بێدۆکیان شایەتیی ئەوە دەدات، ئەوان کۆمەڵێکی بەدبەخت بوون و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرانەوە. کاتێ کیرۆپ کە تازە لەگەڵ دایکی و دوو خوشکە گەورەکەی و برا بچووکەکەیدا یەکتریان گرتەوە، دەستی بە کارکردن کرد لەوێ (تەنها نۆ کەس لە شەست ئەندامی خێزانە گەورەکەی ڕزگاریان بوو)، نزیکەی هەزار ژن و منداڵ لە قشڵەداجێگیر کران. کیرۆپ شایەتیی ئەوە دەدات کە هەموو ڕۆژێک منداڵانی هەتیو دەهێنران و ناویان تۆمار دەکرا و دەنێردرانە هەتیوخانەکان. هەندێک منداڵ ناوی ئەرمەنی خۆیان لەبیر بوو، بەڵام هەندێکیشیان تەنها ناوی تورکی خۆیان هێناوە. نزیکەی نیوەیان دەیانزانی لە کوێ لەدایک بوون، بەڵام کەسیان مێژووی لەدایکبوونی نەدەزانی… ئەوان ئەگەر ناوی خۆیان نەزانیایە، ناوێکیان پێدەدرا. ئەگەر نەیانزانیایە لە کوێ لەدایک بوون، نزیکترین شار لەو شوێنەوە کە لێوەی هێنرابوون وەک شوێنی لەدایکبوونیان تۆمار دەکرا. لەوەش قورستر مێژووی لەدایکبوون بوو کە نزیکەی هیچیان نەیانزانیبوو. مێژووەکە بەپێی قەبارەیان مەزەندە دەکرا و بە تەنها کاتی گەیشتنی ئەوان بۆ قشڵە بە وردی و بە ڕۆژ و مانگ تۆمار دەکرا.

جۆن میناسیان بە خەمبارییەوە دیدارەکانی لەگەڵ کچانی ئەرمەنی لە دیلێتیی عەرەب یان کوردەکان لە بیاباندا بەبیر دێنێتەوە. لە نسێبین ژنێکی گەنجی ئەرمەنی کاڵ و شۆخ و ڕەنگ پەڕیوی ناسی کە بە پاڕانەوە داوای لێکرد یارمەتیی بدات بۆ ئەوەی جارێکی تر پەیوەندیی بە خەڵکەکەی خۆیەوە بکاتەوە٤٧. ژنێکی تری بینیبوو لەم منداڵتر و کەمتر سەرنجڕاکێش، بە ناوی ماکروهی و زۆر کڵۆڵ و نائومێد بوو چونکە ئاغاکەی خاوەنی بڕیار دابوو چیتر نانی نەداتێ و بەجێیهێشتبوو. هەروەها میناسیان باسی کوڕێکی مێرمنداڵی ئەرمەنی کە تەمەنی نزیکەی نۆ ساڵ بووە و ڕۆژێکیان هاتبووە کەمپەکە و لەسەر دزینی نان لێی درابوو. ئەم مێرمنداڵە چەند ڕۆژێک برسی بووە و لە ماڵە عەرەبێک هەڵاتبوو کە شوانیی بۆ دەکردن و دایک و باوکی خۆی لەبیر نەمابوو و بە زمانی ئەرمەنی قسەی نەدەکرد، بەڵام ناوە ئەرمەنییەکەی خۆی کە کیکۆر بوو لەبیر مابوو. میناسیان باڵی کێشابوو بەسەر ئەم منداڵە هەتیوەدا و خستبوویە ژێر چاودێریی خۆی و بەخێوی کردبوو و بە “بابە حەبیب” بانگی دەکرد (جۆن میناسیان ناوی حەبیبی لەخۆی نابوو بۆ ئەوەی وەک عەرەبێک بناسرێت). ئێستا کیکۆر و ماکروهی و ژنە شۆخەکە “گوڵە نامۆکان”ی بیابانن، وەک ئەوەی ناوی لێنابوون و هەموویان پشتیان بەم و بەڵێنەکەی بەستبوو کە لەو شوێنە وێرانەیە و لە ناوجەرگەی ناشوێندا دەریانبهێنێت.٤٨

ماکروهی کەمترین بەختی هەبوو، میناسیان لە کەمپەکەی بیابان جێی هێشتبوو دوای ئەوەی پێیزانی کە لەگەڵ دیلێکی ئوسترالیدا خەوتووە. بەڵام هەستی بە گوناە دەکرد لەو بارەیەوە. “باشە من هاوڕێ بووم یان لە پشتەوە خەنجەرم لێداوە؟ یان… ڕەنگە لەم خێوەت بۆ ئەو خێوەت چووبێت و دۆخی هێندەی تر داڕووخابێت؟”٤٩ بەڵام ئایا دەبێ ماکروهی لۆمە و سەرزەنشت بکرێت؟ ئاخۆ چەند ژنی گەنجی تری ئەرمەنی تووشی هەمان چارەنووس بوون و بەجێهێڵران بۆ ئەوەی بمردن، یان زیاتر و زیاتر نوقمی ژیانی لەشفرۆشی بێن یان ببنە کەنیزەکی خراپەکار لە شار و گوندەکانی کورد و عەرەبەکاندا لەو بیابانییە خنکێنەرەدا؟ ئاخۆ چەند ژنیان لە شارە گەورەکانی وەک حەڵەبدا گەڕانەوەیان ڕەتکردەوە بۆ ناو خێزانەکانیان لە ترسی شەرمەزاری و سووکایەتی کردن بە شکۆ و کەرامەتیان؟ ڤارتوهی، کە هۆڤانێس مەگردیچیان لە حەڵەب بینیبووی یەکێک بوو لەو “پەپوولە بەهارییانەی کەوا کەوتبووە داوەکەوە، نەمامێکی سیس و ژاکاو بوو کە هەرگیز گوڵ ناکات، زۆرێک لەوانەی پێی سەرسام بوون دەستیان لەگەڵ تێکەڵ کرد و دڵڕەقانە پیسکرا و تێکشکێنرا و تووڕدرایە زێرابەوە”.٥٠

هەتیوخانەکانی دوای جەنگ کە لەلایەن ڕێکخراوە ئەرمەنییەکان یان مسیۆنێرەکانەوە و هەروەها “ماڵی بێلایەن” بەڕێوەدەبرا، بە بودجەیەکی کەم و لە دۆخێکی زۆر خراپدا کاریان دەکرد. کارمەندانی بەڕێوەبردن هەوڵێکی تایبەتییان دا بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری ئەو منداڵە هەتیوانە و ناردنی منداڵەکان بۆ لایان تاوەکو لەگەڵیان بژین. کێشەکە لەگەڵ ئەو ژنە گەنجانەدا بوو کە لە ژیانیاندا لەگەڵ دیلکەرەکەیان وەک هاوسەر یان کەنیزەک دەستدرێژیی کرابووە سەریان. هەندێک لەو ژنانە هەڵاتبوون و منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، هەندێکیان دووگیان بوون و لە خانەی هەتیواندا منداڵیان بوو، هەندێکی تریان منداڵەکانیان بەجێهێشتبوو و هەڵاتبوون. لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی “کچێکی پەنابەر Refugee Girl” دیروهی کۆیمجیان هایگاس ئەرکی داکۆکیکردن دەگرێتە ئەستۆ لەو “هەزاران کچ و ژنە ئەرمەنانەی کە لە ‘هاوسەرگیریی’ زۆرەملێ هەڵاتوون لە هاوسەرە تورکەکان” و هەندێکیان “بە منداڵە کۆرپە نیوە تورکەکانیانەوە لە باوەشیاندا، ئەو منداڵانەیان بەجێدەهێشت کە نەیانتوانیوە هەڵیانبگرن” و باس لە زۆرێک لەو ژنانە دەکات کە بۆ هەتا هەتایە بە تێکشکاوی بەجێهێڵران لە ژێر دەستی دەستدرێژکارانی تورکدا”.٥١

About دیدار عثمان

Check Also

دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون (بەشی سێهەم و کۆتایی)

دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون …