عادیلە خانمی جاف و دیوانی ئەردەڵانی ئێران (بەشی دووەم و کۆتایی)
لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیاوە:
عادیلە خانمی جاف و دیوانی ئەردەڵانی ئێران (بەشی دووەم و کۆتایی)
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
تێبینیی: ئەم باسە یان ڕاپۆرتە لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و ناوی نووسەرەکەی لەسەر نییە و من وەک خۆی بە ئەمانەتەوە وەرمگێڕاوە و پێمخۆشە خوێنەری خۆمان ئاگاداری بێت. ئەو زانیارییانەی تێیدا هاتوون دەربڕینی ڕاوبۆچوونی نووسەری ئەم ڕاپۆرتەیە و مەرج نییە لەگەڵ ڕاستی و دروستیی سەرچاوە مێژووییەکاندا یەکبگرنەوە. ئەم بەڵگەنامەیە و دەیان و بگرە سەدانی تر و زیاتر لەسەر کورد لە ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیادا پارێزراوە و بێگومان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد پێویستن، بەتایبەتی ئەوانەی کە هی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیی ئەو وڵاتەن بۆ کوردستان و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – وەرگێڕ.
عادیلە خانم و هەستی پان ئێرانیستیی دژە عوسمانیی هەڵەبجە لە ڕێگەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ ئەردەڵان سەریانکێشایەوە بۆ بە ئێرانی کردنی جافەکان، بە ڕادەیەک کەوا دەستیان کرد بە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە مۆرک و شێوازی ئێرانیی زیاتر بێت، وەک عەبای سوور و کڵاوی فەروەدار. هەروەها ئاڵای دەوڵەتی قاجار بەسەر شاردا دەشەکایەوە و زۆرێک لە کاروانەکانی جاف ئاڵای قاجاریان هەڵکردبوو. وێنەی شێر هێمای ئیمپراتۆرییەتی قاجار بوو. جافەکان لە ژێر دەسەڵاتی عادیلە خانم کە بە پەرۆشەوە لایەنگری ئێرانییەکان بوو، دەستیان دەکرد بە پەرەپێدانی ناسنامەیەک کە لەگەڵ ئێرانی قاجاردا یەکبگرێتەوە. زۆرێک لە ئاسەوارەکانی ئێرانی کۆنی سەردەمی ساسانییەکان دەکەوتنە دەوروپشتی ئەم شارەوە (واتە هەڵەبجە). جافەکان هەستیان بە مەیلێکی سروشتی دەکرد بۆ ئێران وەک وڵاتی دایکزادیان و زمانی فارسی بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن بەگزادە و گەورەپیاوانی جافەوە قسەی پێدەکرا. بازرگانی لەنێوان هەڵەبجە و سنەدا زیادیکرد و ئێرانی قاجاری نازناوی خانی بەخشییە عوسمان پاشای جاف و بە شمشێرێک خەڵاتیان کرد و ئەمەش دەسەڵاتێکی کردەیی پێبەخشی بەسەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەڵەبجە و سنەدا و پەیوەندییەکانی هەردوولای توندوتۆڵتر کرد و جافیش وەک ئێرانی خەڵکێکی بە ڕەچەڵەک ئاری بوون. عادیلە خانم کەوتە پێکهێنانی چینێکی وەجاخزادە لە ئەردەڵانە ئێرانییەکان و لە سنەوە هاوردەی هەڵەبجەی کردن و چینی بەگزادە و خانەدانی جافی ئاوێتەی خزمە ئەردەڵانییەکان کرد.
لە واقیعدا بە کاریگەریی ئەم دۆخە عادیلە خانم ملکەچیی جافەکانی بۆ هۆزی ئەردەڵان هێنایە ئاراوە. پیاوانی خێڵەکیی ئەردەڵان لە کۆشک و باخچەکانیدا دەبینران و پارێزگارییان لێدەکردن. هەروەها تەلارسازەکانی لەوێوە دەهێنا بۆ دروستکردنی کۆشک و باخچەکانی، نووسەر و خوێندەوارانی دەهێنا بۆ ئەوەی جافەکان فێری زمانی فارسی بکەن. بەم جۆرە عادیلە خانم هەڵەبجەی کردە کۆڵۆنییەکی ئەردەڵان و هەر زوو چینێکی ئینتەلیجێنسیای خوێندەوار یان ڕۆشنبیر تێیدا سەری هەڵدا و کوڕەکانی خۆی بوونە کۆڵەکە و پایەی ئەو ڕۆشنبیرانە و خۆیشی فێری کولتوور و فەرهەنگی ئەردەڵانی دەکردن و لە جوغزی ئەو کولتوور و فەرهەنگەدا پەروەردەی دەکردن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە تاهیر بەگی جاف لە عادیلە خانم نەبوو، بەڵکو لە هاوسەری یەکەمی عوسمان پاشا بوو، کە لە نێوان ساڵانی ١٨٧٨ – ١٩١٨ پەیوەندییەکی نزیکی بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە هەبووە، کەچی تاهیر بەگیش کەوتبووە ژێر کاریگەریی جادوویی عادیلە خانم و ئامادەگیی بەردەوامی هەبوو لە دیوەخانەکەیدا و بەڵکو دەشبێتە کەسێکی زانا و شارەزا لە زمان و شیعری فارسیدا و وەک توخم و ڕەگەزێکی نزم دەیڕوانییە تورک و عەرەب کە لە کاروباری بەڕێوەبردندا متمانەیان پێناکرێت و ستایشی سوڵتانی دەکرد لەپای ئەوەی کە لەمە تێگەیشتووە و لە پای ئەوەش کە دەسەڵاتی ڕەهای داوە بە خێڵەکەی ئەم بۆ حوکمی ناوچەکە. بەریتانییەکانیش ئارەزووی ئەوەیان دەکرد هاوسۆزیی هۆزی جاف بۆ ئێران لە دژی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بقۆزنەوە. مێجەرێکی بەریتانی، لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٠دا، دزەی کردبووە ناو بازنەی نزیکی کەسە دڵسۆز و متمانەپێکراوەکانی عادیلە خانمەوە و بەردەوام بەشداریی لە بۆنە و کۆڕ و کۆمەڵیدا دەکرد لە دیوەخانەکەیدا.
ئەو کەسەی کە لە سەرەوە باسمان کرد مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن بوو، کە لە داهاتوودا دەبێتە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی هەرێمی سلێمانی بۆ کۆمیساری مەدەنیی بەریتانیا لە بەغدا لە سەردەمی عێراقی بەریتانیا و ماندێتی (ئینتیداب) بۆ میزۆپۆتامیا لە ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٣٢. ئەو وەک کاتبێکی (بنووس)ی زمانی فارسی خۆی ناساند و لە ژێر ناوی خوازراوی غوڵام حوسەیندا خۆی مەڵاس دابوو. عادیلە خانم ئەوی وەک خزمەتکار بۆ تاهیر بەگ دەستنیشان کرد و لە هەمان کاتیشدا دەیویست هەموو منداڵەکانی فێری زمانی فارسی بکات و گرنگییەکی زۆری بە بوونی مێجەر دەدا، بەو پێیەی بە کەسێکی فارسی دەزانی. تاهیر بەگ بیانییەکی تری بە ناوی ئەمین ئەفەندی لە بازنەی خۆیدا هەبوو، کە ئەڵمان بوو. ئەمین ئەفەندی درکی بەوە کردبوو کە سۆن ئینگلیزە و تاهیر بەگی لێ ئاگادار کردەوە، کە ئاخۆ بڕیاری لە سێدارەدانی دەدا یان نا. ئەمین ئەفەندی، کە بەزەیی پێدا هاتەوە، تاهیر بەگی قەناعەت پێکرد کە وازی لێبێنێت و بەوە ڕازیکرد کە مێجەر تەنها فێڵبازێکە و هیچیتر نییە. دواتر کاتێ کە سۆن بوو بە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی دەڤەری سلێمانی، پلەی کوڕەکەی تری بەرز کردەوە بۆ قایمقامی هەڵەبجە. بەم پێیە ئەحمەد موختار بەگی جاف لە ساڵی ١٩٢٢دا دەبێتە حوکمڕانی هەڵەبجە و لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٤یشدا، لە سەروبەندی کۆچی دوایی عادیلە خانمدا، دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. لە هەڵەبجە ڕق و کینەیەکی گەورە لە دژی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پەرەی سەند، کە پێشتر خەڵک لە ژێر هاندان و ورووژاندنی مەحمود پاشای جافدا بوون دژی عوسمانی. عادیلە خانم لە ڕێگەی کولتوری کەسایەتیی پان ئێرانییەکەیەوە زیاتر ئەمەی قۆستەوە و خەڵکی هەڵەبجەی لەگەڵ ئاشنا کرد و دەیانویست هەموو دەسەڵاتی عوسمانی لە شارەکەیان بکەنە دەرەوە و تەنانەت هەوڵەکانی دەسەڵاتی عوسمانییان ڕەتکردەوە بۆ دانانی دەزگای خزمەتگوزاریی پۆستە و تەلگراف یان هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی مەدەنی لە ناو شاری هەڵەبجەدا و هیچ جۆرە داهاتێکیان بە عوسمانی نەدەدا. عەبدولحەمیدی دووەم ئەمەی پێ قبووڵ نەدەکرا ئەگەر عوسمان پاشای جاف نەبوایە کە ناوبژیوانی نێوان سوڵتان و عادیلە بوو، کە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی ڕازیکرد پۆستەخانەیەکی ڕەمزیی عوسمانی لە ناو هەڵەبجەدا دابنێت، هەرچەندە لە بێکاریدا پەکیکەوت، چونکە دانیشتووانی هەڵەبجە بەکاریان نەدەهێنا و ئەگەریش بەکاریان بهێنایە هیچ کرێ و هەقێکیان لەبریی نەدەدا. هەڵەبجە نیمچە دەوڵەتێک بوو لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا کە بە دیفاکتۆ بەشێک بوو لە دەوڵەتی ئێران. بێگومان عادیلە خانم هۆکاری تایبەتی خۆی هەبوو بۆ ڕقلێبوونەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، چونکە ئەردەڵانییەەکان بەردەوام لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە داوای شارەزووریان دەکرد و لە ساڵانی ١٨٢٠کاندا بەشدار بوون لە داگیرکردنی شارەزووردا لەلایەن جەنەراڵ عەباس میرزای ئێرانییەوە. ئەوجا وەک چۆن بابانەکان خیانەتیان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەکرد و دەچوونە سەر قاجار، ئەردەڵانییەەکان زیاتر پێشڕەوییان دەکرد دژی ویلایەتی مووسڵ کە ناوەندێکی گەورەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو بۆ ئەو ناوچەیە. شەڕەکە بە شێوەیەکی ترسناک بۆ ئەردەڵانییەەکان کۆتایی دێت و سوپاکەیان تووشی شکستێکی کەمەرشکێن دەبێت. ئەمانوڵڵا خان دەوروبەری ساڵی ١٨٢٥ لە شەڕدا کوژرا و ئەمەش کۆتایی بە خەونی ئەردەڵان هێنا بۆ زاڵبوون بەسەر خاک و قەڵەمڕەویی ساسانیانی باوباپیرانیاندا.
ئەم خەونە لای عادیلە خانم بە زیندوویی مایەوە، کە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەکەیەوە خەونەکەی بەدیهێنابوو. ئاکامی ئەم شەڕە لە ڕێگەی سەربازییەوە بەدینەهات، بەڵکو لە ڕێگەی خۆشەویستیی ژنێکەوە بەدیهات و ئەوەش هاوسەرگیریی عادیلە خانم بوو لەگەڵ عوسمان پاشای جافدا. عوسمانییەکان زۆرترین خەمی عادیلە خانمیان بوو، کە بە هاوسەرگیریی عوسمان پاشا لەگەڵیدا ناڕەحەت بوون. عوسمانییەکان زۆر لاواز بوون و هەمووان درکیان بەوە کردبوو، بە عوسمان پاشای جافیشەوە. ئەوان دوا هەوڵیان دەدا بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە دەسەڵات بەسەر ناوچەکەدا بە دروستکردنی هێڵی تەلەگراف بۆ پۆستەخانە ڕەمزیییەکەی خۆیان لە هەڵەبجە و کەسانی خێڵەکیی جاف سەرپێچییان دەکرد و تەلەکانیان دەبڕی و ئیدارەی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە هەوڵی چاککردنەوەی دەدا بەڵام بە هەمان ئەنجام کۆتایی پێدەهات. عادیلە خانم وای لە عوسمانییەکان دەگەیاند کە ئەو کارانە پێچەوانەی خواستی ئەم بووە، بەڵام هیچ شتێک لە هەڵەبجەدا ڕووی نەدەدا ئەگەر ڕەزامەندیی خانمی لەسەر نەبوایە. عوسمان پاشای جاف لە هەمان ئەو ساڵەدا کۆچی دوایی کرد کە حوکمی عەبدولحەمیدی دووەمی تێدا هاتە کۆتایی لە ساڵی ١٩٠٨دا و محەممەدی پێنجەم جێیگرتەوە. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی تووشی کێشە بووبوو، بەڵام وردە وردە ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا دەستی بەسەردا دەگرت و ئەڵمانەکان خەریکی دروستکردنی هێڵی ئاسن بوون و بۆ یەک مەبەست پارەیان دەکردە ژێرخانی وڵاتەکەوە، کە ئەویش فراوانبوون و پەلهاوێشتنیان بوو بەرەو کەنداوی فارس و دوورگەکانی هندی ڕۆژهەڵات. ئەڵمانەکان سوپای عوسمانییان مەشق پێدەکرد و سەرلەنوێ ڕێکیاندەخستەوە. هێندەی پێنەچوو لە ساڵی ١٩٠٨دا، بریکارانی حکوومەتی وەک ئەنوەر پاشا کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتیان کرد لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی پێشەنگەوە، کە بزووتنەوەی تورکیای لاو بوو کە دەستی گرت بەسەر قوستەنتینەدا (ئەستەنبوڵ). تورکە لاوەکان زۆر توند بوون لە بیروباوەڕی نەتەوەیی پان توکیزمدا ( تۆرانییەت) و ئارەزووی گرتنی تەواوی ئەو وڵاتانەی ئۆراسیایان دەکرد کەوا لە گەلانی تورک پێکدەهاتن.
ئەمە سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی هێجگار دوژمنکارانە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا دروست بکەن، کە لە قازانجی ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا بوو. جەنگی جیهانیی یەکەم هەڵگیرسا و ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیا ناچار بوو بچێتە ناو جەنگێکی پان سڵاڤیی نەمسا – هەنگارییەوە دژ بە ڕووسیا. ئەمەش پاڵی بە ئەنوەر پاشاوە نا بۆ جێبەجێکردنی ئایدیا پان تورانییەکەی. بەم پێیە خۆی سەرکردایەتیی سوپای عوسمانیی مۆدێرن و نوێکراوەی کرد و هێرشی بەرەی ساریقامیشی لە ئەرمینیای ڕووسیاوە دەستپێکرد بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی ئەو سوپا گەورەیەی ڕووسیا کە لە قەوقاز جێگیر بووبوو، بە نیازی پێشڕەویکردنی لەشکر و سوپاکەی بەسەر ئێراندا بەرەو تورکستان و ئەفغانستان. بەڵام ئەم سوپایە بە شێوەیەکی زۆر خراپ لە ساریقامیش تووشی شکست و تێکشکان دەبێت و بەریتانیای مەزنیش وەک هاوپەیمانی ڕووسیا جەنگ لە دژی عوسمانی دەستپێدەکات.
بەریتانییەکان هێرشیان کردە سەر قوستەنتینیە، بەڵام بە شێوەیەکی خراپ لە گالیپۆلی شکستیان هێنا و دۆڕان. پاشان بەرەکانیان گۆڕی بەرەو ڕۆژهەڵات لە بەسرەی میزۆپۆتامیا. جەنەراڵی ئەڵمانی کۆڵمار فرایهێر ڤۆن دێر گۆڵتز ڕەوانەی میزۆپۆتامیا کرا بۆ ڕێکخستنی بەرگریی عوسمانی دژ بە پێشڕەوییەکانی بەریتانیا لە بەسرە و هێزەکانی بەریتانیا کێشەی گەورەی لۆجستیکییان هەبوو لە پێشڕەویکردنیان بۆ بەغدا لە ڕێگەی زۆنگاوەکانی باشووری میزۆپۆتامیاوە. جەنەراڵ ڤۆن دێر گۆڵتز سوپایەکی لە مووسڵ پێکهێنا کە بە زۆری لە کورد پێکهاتبوو، لەوانە جافەکانی مەحمود پاشایش و ئەمە دەبێتە سوپای شەشەمی گرووپی تایبەتی یڵدرم. سوپای شەشەم لە تیسەفونی پایتەختی کۆنی میزۆپۆتامیای ئێران جێگیر کرا. لێرەدا شەڕێکی گەورە لە نێوان عوسمانی و ئینگلیزدا بەرپا بوو و ئینگلیز ناچار بوو پاشەکشە بکات لە بەرانبەر سەنگەری بەرگریکارانی عوسمانیدا و ئینگلیزەکان تا کووت پاشەکشەیان کرد و لەوێ لەلایەن سوپای شەشەم و کۆڵۆنێڵ ڤۆن دێر گۆڵتزەوە گەمارۆ دران. ئینگلیزەکان لە کووت تێکشکان، بەڵام عوسمانییەکان لەسەر دەستی ڕووسەکان شکستیان هێنا و ئینگلیزەکان دژ بە ئەڵمانەکان و دواتر عوسمانییەکان لە فەلەستین دەستکەوتیان بەدەستهێنا.
لە کۆتاییدا بەغدا کەوت و پەیمانی مودرۆس واژۆ کرا و دەبوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. ئەمە هەمووی بوو بە مایەی خۆشحاڵیی عادیلە خانم، کە بەریتانییەکانی بە هاوپەیمانی هاوبەش دەزانی لە دژی هەموو دوژمنەکانی لە ویلایەتی مووسڵدا، لە هەمەوەندەوە بیگرە تا عوسمانییەکان، کە خراوەتە ژێر سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بەریتانیاوە، بە سەرۆکایەتیی هەمان ئەو کەسە خەفێ (سیخوڕە)ی کەوا کوڕەکەی فێری زمانی فارسی کردبوو، واتە مێجەر سۆن. ماندێتی بەریتانیا بۆ وڵاتی میزۆپۆتامیا لە کاتێکدا بوو کە عادیلە خانم لەوپەڕی بەخشش و دەسەڵاتدا بوو بەڵام تەواو دڵنیا نەبوو لەوەی چی لە ناوچەکانی مووسڵی کوردستان بکات. پرسی گەورەی مووسڵ هاتبووە ئاراوە و بەو پێیەی ناوچەکانی باکوور جیاواز بوون لە ناوچە عەرەبییەکان. ئەم پرسەش بریتی بوو لەوەی کە ئایا مووسڵ ببێتە دەوڵەتێکی جیا لە حکوومەتی بەغدا و بە پلەی یەکەم دەوڵەتێک بۆ کورد لە باکوور پێکبهێنێت، کە بنکەکەی لە دەوروبەری مووسڵدا بێت؟
شێخی بەرزنجی، کە هاوشێوەی عادیلە خانم بوو لە سلێمانی، لایەنگری سەرەکیی ئەم بیرۆکەیە بوو. پەیمانی ڤێرسای کە لەلایەن هەموو بەشداربووانیەوە واژۆ کرابوو، بڕگەی تایبەتی تێدابوو، کە تیایدا دیاریکرابوو کورد دەوڵەتی خۆی پێبدرێت. بۆیە ئینگلیزەکان کۆمیسیۆنێکی تایبەتیان بۆ ویلایەتی مووسڵ پێکهێنابوو بە مەبەستی دامەزراندنی حکوومەتێکی گونجاو بۆ ئەوەی کورد حوکمڕانیی وڵاتی خۆی بکات. ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی بەرپرس بوو لە ڕێکخستنی سەرۆک هۆزە کوردەکان و ئەفسەری سەرەکیی سیاسیی کۆمیسیۆنی مەدەنی، مێجەر ئیلی بانیستەر سۆنی خەفیەی بەریتانی بوو، کە کوڕەکەی عادیلە خانمی فێری زمانی فارسی کردبوو. کۆمیسیۆنی مەدەنی فۆرمێکی کۆماری خێڵەکیی داڕشتبوو، کە هەموو سەرۆکەکان سەرۆکێک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی حوکمڕانی هەموویان بکات و هەمووان دەنگیان بە شێخ مەحمود بەرزنجی دا، بەڵام مەحمود پاشای جاف هەر هاوکارییەکی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا ڕەتکردەوە. شێخ مەحمود بەرزنجی وەک سەرۆکی گشت عەشیرەتەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئینگلیزەکان بێزار بوو و خۆی بە مەلیکی مەملەکەتی تازە ڕاگەیەندراوی کوردستان ناساند و هەموو عەشیرەتە کوردەکان ملکەچی حوکمڕانییەکەی بوون، بەدەر لە عادیلە خانم کە ڕقی لە بەرزنجییەکان دەردەبڕی و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خولیا و تەماحەکانی خۆی تاماشای دەکردن. کۆڵۆنێڵێکی کۆنی عوسمانی بە ناوی کۆڵۆنێڵ مستەفا کەمال ئەتاتورک لە دژی داگیرکردنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی پێشوو لەلایەن زلهێزە هاوپەیمانەکانەوە ڕاپەڕی و هێزەکانی لە دژی فەرەنسییەکان لە قەهرەمان مەرەش و ئینگلیزەکان لە چەناقەڵا و ئەرمەنەکان لە وان و یۆنانییەکان لە ئەنتاڵیا بەرەوڕوویان بوونەوە و هاوپەیمانی تورکەکان ئیتالییەکان و بەلشەفییەکان بوون. مستەفا کەمال دەستیکرد بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێی تورکی لە ژێر سیستەمێکی حوکمی کەمالیستیدا، کە لەلایەن لقی سەربازی و مەدەنییەوە بەڕێوەدەبرا و چاوی لەسەر مووسڵی دەوڵەمەند بە نەوتیش بوو. ئەو شێخ مەحمود بەرزنجیی وەک هاوپەیمانێکی گرنگ دەبینی لە ئیددیعای داواکردنی ویلایەتی مووسڵدا و کەوتنە یارمەتیدانی و هاندانی لە ڕاپەڕینەکەیدا دژی ئینگلیزەکان.
عادیلە خانم بەتەواوی دژایەتیی ڕاپەڕینی شێخ مەحمود بەرزنجیی دەکرد. بەرزنجییەکان لە سەردەمی شێخ خالیدی بەغدادییەوە (مەولانا خالید – و) بوون بە دوژمنی جاف، چونکە ئەو ڕکابەریی شێخ مەعروفی بەرزنجیی دەکرد، کە ڕاپەڕینێکی لە دژی شێخ خالیدی بەغدادی بەرپاکرد و بەو هۆیەوە شێخ خالید لە عێراق هەڵات بۆ قوستەنتینییە، بەو پێیەی کە لای سوڵتانی عوسمانی عەبدولمەجیدی دووەم خۆشەویست بوو. جافەکان لەلایەن هەمەوەندەکانیشەوە دژایەتیی دەکران، کە هاوپەیمانی گەورەی بەرزنجییەکان بوون. ڕاپەڕینەکەی شێخ مەحمود بەرزنجیی باشووری کوردستانی گرتەوە و هێزەکانیشی دایان بەسەر هەڵەبجەدا و ئەحمەد بەگی جاف کوڕی عادیلە خانمیان گرت و شێخ مەحمود لە ئەشکەوتی جاسەنەدا دەستبەسەری کرد. عادیلە خانم، لەگەڵ جێگری ئەفسەری سیاسیی بەریتانی مێجەر جۆرج مەیسۆن لیدز و لێڤییەکانی جاف کە تازە دامەزرابوون، خۆیان لە ماڵەکەی خانمدا حەشار دا.
شێخ مەحمود بەرزنجی داوای لە ئەفسەرێکی پێشووی ئیمپراتۆرێتی ڕووسیا کرد بە ناوی جەنەراڵ قادری کە مەشق و ڕاهێنان بە سوپا نوێیەکەی بکات، چونکە جەنەراڵ قادری ئەزموونی هەبوو لە دروستکردنی میلیشیای خێڵەکاندا و لەگەڵ هۆزە کیرغیزییەکان لە بەرەی ئێرانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەو کارەی کردبوو. ڕووسیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا توانی هێزی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و ڕێگە لە هەر پێشڕەوییەکی عوسمانی یان ئەڵمانی بگرێت بۆ ناو وڵاتەکەی. وا ئێستا چاویان لەسەر خاک و وڵاتی میزۆپۆتامیایە و هاوپەیمانە مێژووییەکانیان کورد بوون، لە سەردەمی کۆنت پاسکێڤیچەوە لە شەڕی گەورەی ڕووسیا – عوسمانیی ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٩دا. ڕووسەکان هەمەوەندەکانیان پڕچەک کردبوو، کە دوژمنی جافەکان بوون و لە کاتی ڕاپەڕینەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠دا، محەمەد پاشای سەرۆکی گەورەی جافیان کوشتبوو. ئەفسەرێکی ڕووس بە نهێنی دوژمنە نوێیەکانی جافەکانی چەکدار کرد، کە بەرزنجییەکان بوون و جافەکانی هەڵەبجە بەتەواوی دژایەتیی بەرزنجییەکانیان دەکرد. بەڵام جافەکانی درێژایی سنووری ئێران لە ژێر ڕکێفی حامید بەگی جافدا لەگەڵ شێخ مەحمود بەرزنجیدا هاوپەیمان بوون و سەرپێچییان دەکرد لە پێدانی باج بە بەریتانییەکان و بە تەنها ملیان بە شێخ مەحمود دەدا.
بەڵام جافەکانی هەڵەبجە بە سەرۆکایەتیی عادیلە خانم، وایان بە باش دەزانی کە بەردەوام بن لە پێدانی باج بە ئینگلیزەکان و عادیلە خانم و ئەحمەد بەگی کوڕی ئارەزووی ئەوەیان دەکرد ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی ئینگلیزەکاندا بن. عادیلە خانم لە بەشێکی زۆری خێڵەکانی کورد و سلێمانی تەریک و نامۆ بووبوو، چونکە زۆربەی هۆزەکان مەحمود پاشای جافیان بە سەرۆکی ڕاستەقینەی ڕاستەقینەی عەشیرەتی جاف دەزانی. دەسەڵاتدارانی پێشووی عوسمانی، عوسمان پاشای جافیان لە شوێنی مەحمود پاشا وەک سەرۆکی جاف دانابوو، بەڵام زۆربەی کورد ددانیان نەنابوو بەم ئاڵوگۆڕەی دەسەڵاتدا. عادیلە خانم و کوڕەکەی، ئەحمەد بەگی جاف، لە مێژە هەڵوێستی هاوکارییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو (مەبەست لێرەدا بەریتانییەکانە – و). ئەوان هەرگیز بەشدارییان لە ڕاپەڕینەکانی کورددا نەکردبوو، وەک ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک کە لە سەروبەندی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمدا دژی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپای کرد، کە بەدوایدا کوودەتایەک لە ئێران ڕوویدا و قاجارەکانی لە دەسەڵات خست و ڕەزاشای پەهلەوی هاتە سەر حوکم. کوردەکان لە بۆشایی دەسەڵاتی دواتردا ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە سنە، لە سۆنگەی پەیوەندییەکانی عادیلە خانم بە ئەردەڵانییەکانەوە، داوایان لێکرد نێوەندگیری لە نێوان حکوومەتی ئێران و هۆزە کوردە نەیار و دوژمنکارەکانی دزڵی و مەریواندا بکات. عادیلە خانم بە خۆشحاڵییەوە ئەمەی کرد و مەریوان و دزڵیی ڕازیکرد کە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا بکەن و نەچنە پاڵ ڕاپەڕینەکانی سمکۆی شکاک.
مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن مێجەر لیدزی وەک ئەفسەری سیاسیی هەڵەبجە دەستنیشان کرد و لە هەمان کاتیشدا وەک ڕاوێژکاری بەریتانیی عادیلە خانم و ئەحمەد بەگی جاف کاری دەکرد. مێجەر لیدز پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ عادیلە خانم پەرەپێدا و دەستیکرد بە پێکهێنانی سوپایەک لە لێڤییەکانی جافی هەڵەبجە. ئەو بەنیاز بوو هێزێکی سەربازیی وا دروست بکات کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکدا بکات، چونکە شێخ مەحمود بەرزنجی هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەری بە تایبەتی کە شێخ کەوتبووە هاندانی هەستی دژە بەریتانیا لە ناو کورددا. بەرزنجی فەرمانی بە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی کرد کە هەموو ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان کە دەستیان پێیان دەگات بگرن یان بیانکوژن بۆ ئەوەی کۆتایی بە حوکمی بەریتانیا بێنن لە کوردستاندا. عادیلە خانم سوودی لە پەیوەندییە کۆنەکانی لەگەڵ مێجەر ئیلی بانیستەر سۆن وەرگرت و هەموو ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکانی لە هەڵەبجە پەنا دا و لە کۆشکە جوان و ڕازاوە شێواز ئێرانییەکانیدا میواندارییەکی گەرموگوڕیان لێکرا. مێجەر لیدز لەگەڵ سەربازە لێڤییە جافەکانیدا بەرگرییەکی باشیان کرد دژ بە هێزەکانی شێخ مەحمود کاتێ کە هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر هەڵەبجە و گەمارۆیان دا. گەمارۆکە چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، بەڵام تەنها بەشێکی هەڵەبجە کەوتبووە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی شێخ مەحمودەوە. مێجەر لیدز و عادیلە خانم کەوتبوونە ژێر فشارەوە و تەنها دەیانتوانی بەرگرییەکی لاواز و هاکەزایی بکەن، چونکە بەشە گەوەکەی جاف لە ژێر دەستی مەحمود پاشادا بوو، کە تەنها هێزی بەریتانیا دەیتوانی بە هانایانەوە بچێت، بەڵام بۆ بەدبەختیی عادیلە خانم و مێجەر لیدز، بە مەودای چەندین میل هیچ هێزێکی بەریتانی لەو ناوچەیەدا نەبوو. هێزەکانی مێجەر لیدز و عادیلە خانم لە سەر شەڕکردنی هێزەکانی شێخ مەحمود بەردەوام بوون. ئەفسەری بەریتانی جەنەراڵ فرەیزەر کۆمەڵێک کریستیانی ئاشووریی ڕاسپارد بۆ یارمەتیدان و ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە دژە هێرشێکیان ئەنجامدا بۆ سەر هێزەکانی سلێمانی و شێخ مەحمودیان بە برینداری گرت و کۆتاییان بە ڕاپەڕینەکە و مەملەکەتی کوردستان هێنا. هەروەها سیسیل جەی. ئەدمۆندز یاوەریی هێزی فرەیزەری کرد، کە بە ناو وڵاتی هەمەوەنددا پێشڕەویی دەکرد، کە ناحەز و ڕکابەری سەرەکیی جاف بوون و لە جموجووڵیاندا دژ بە ئینگلیزەکان پەیوەندییان بە شێخ مەحمود بەرزنجییەوە کردبوو. ئەدمۆندز بە هێزێکی لێڤیی بۆرمییەوە لە سوپای ئیمپراتۆریی بەریتانیا هاتە سەر گوندی کاک ئەحمەد و چەندین کەسی هەمەوەندی گرت و کردنی بە ڕێنومای خۆی. کەتیبە بۆرمییەکە گورزێکی یەکلاکەرەوەی سرەواندە هێزەکانی شێخ مەحمود و شێخیش لە شەڕەکەدا بریندار بوو و بە ناچاری پاشەکشەی کرد بۆ سلێمانی و لەوێ هێزی سەرەکیی جەنەراڵ فرەیزەر چوونە ناو شارەوە و دەستیان بەسەر گەنجینەی سەرەکیی ڕاپەڕینەکەدا گرت، کە ئینگلیزەکان خۆیانیان تێدا حەشار دابوو. ئەدمۆندز، بە یاوەریی ڕێبەرەکانی هەمەوەند، دواتر شێخ مەحمودی بە برینداری دۆزییەوە کە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو و لە بازیان دەستبەسەری کرد، کە پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ دوورخرایەوە بۆ هندستان. دواتر سیسیل جەی. ئەدمۆندز دەبێتە ئەفسەری سەرەکیی سیاسیی نوێ و حوکمڕانیی کورد دەکات. لە کۆتاییدا خۆی و هێزەکانی هاتنە هەڵەبجە بۆ ڕزگارکردنی مێجەر لیدز و عادیلە خانم کە لە ژێر گەمارۆدا بوون و هەموو هێزەکانی شێخ مەحمود بڵاوەیان پێکرا. جەنەراڵ فرەیزەر ئەوەندە دڵخۆش بوو بە هەوڵەکانی عادیلە خانم بە ڕادەیەک کە خودی خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە ڕۆیشتە هەڵەبجە بۆ خەڵاتکردن و ڕێزلێگرتنێکی شایستەی خانم لەپای ڕزگارکردنی کۆمیسیۆنی مەدەنیی بەریتانی و نازناوی خان بەهادۆری پێدەبەخشێت، کە ئەم نازناوە لە هیندستانەوە سەرچاوەی گرتووە و هاوتای پێگەی پاشای ئێرە بوو. ئەمە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە پەیڕەویی دەکرا لە ئیمپراتۆرییەتەکەی هندستانیاندا و بە کەسانی دیار و دەرکەوتوو دەبەخشرا کە لە خزمەتی حوکمی کۆڵۆنیالییاندا ڕۆڵی گەورە و بەرچاویان هەبوو.
شێخ مەحمود بەرزنجی کۆسپی خستە بەردەم پلانی کورد بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی و لەبەر ئەوە بەریتانییەکان ناچار بوون بە دواخستنی ڕاسپاردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە کورد و ناوچەکەیان زۆر بە ناسەقامگیر زانی لە دوای ڕاپەڕینی شێخ مەحمودەوە. ئەمە هەمووی بە قازانجی عادیلە خانم شکایەوە و دەستی کرد بە ڕۆڵگێڕانێکی چڕتر لە کۆمیسیۆنی مەدەنیی ویلایەتی مووسڵدا و گرنگیپێدانێکی تەواوی مێجەر سۆنی دەویست لە سلێمانیدا، بەڵام ئەم لە عادیلە خانمیش سارد بووبووەوە و لەم سەردەمەدا بە تەواوی هیوای بە کورد نەمابوو و لە پێکهاتەی سیاسیی کورددا عادیلە خانم بۆ ئەو تەنها کاراکتەرێکی لاوەکی بوو. دانانی مێجەر لیدزی بە تەمەن لە خۆی منداڵتر وەک ئەفسەری سیاسی عادیلە خانم تووڕە دەکات، چونکە ئەو نەیدەویست ببێتە کاراکتەر یان کەسایەتییەکی لاوەکی بۆ کۆمیسیۆنی مەدەنیی بەریتانی و ئەمەش لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠ – ١٩٢٢دا بوو. بێگومان مێجەر لیدز هەوڵی دابوو ببێتە ئەفسەرێکی سیاسیی باش بۆ خانم و دەستی کردبوو بە فێرکردنی وەرزشی ڕۆژئاوایی تێنس و عادیلە خانمیش دەزگایەکی نوێی تێنسی لە کۆشکەکەی دانابوو و ئەم وەرزشە بەریتانییەی وەک ئارەزوویەکی کات بەسەربردن وەرگرتبوو. زۆرجاریش هەوڵی دەدا لێکۆڵینەوە لە مێجەر لیدز بکات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر کاروباری کۆمیسیۆنی مەدەنی، چونکە بڕیاری دابوو هەموو شتێک بزانێت سەبارەت بەوەی کە لە ناوچەی باکووری عێراقدا چی ڕوودەدات و بە شێوازی خۆی بۆ قەناعەت پێکردنی زانیاریی لێوەردەگرت. مێجەر لیدز لە دڵەڕاوکێدا بوو سەبارەت بە عادیلە خانم، کە بێزار بوو لە یاریکردنی تێنس لەگەڵیدا و هەر کاتێ بیویستایە بە خوایشتی خۆی لیدزی دەترساند. جارێکیان سوارەکانی نارد بۆ ئەوەی تەقە لە ماڵەکەی بکەن بەڵام نەیکوژن و کاتێ مێجەر لیدز لەم ڕووداوە ئاگاداری کردەوە، خانم ئیددیعای ئەوەی کرد کە ئەوانە جەردە و ڕێگر بوون، بەڵام مێجەر لیدز باش دەیزانی مەسەلەکە چۆن بووە، بۆیە فڕۆکەیەکی نارد بۆ ئەوەی وەک تۆڵەسەندنەوە کۆشکەکەی بڕووخێنێت، هەرچەندە ئەمە بەس نەبوو بۆ وەستاندنی گەمەکانی عادیلە خانم و بەردەوام دەبێت لە هەراسانکردنی بە شەودا لەلایەن چەکدارەکانەوە. قبووڵکردنی ئەم کارانە چیتر لە توانای مێجەر لیدزدا نەما و هەستی بە ناڕەحەتییەکی زۆر کرد و بەو هۆیەوە دەستی لە پۆست و کارەکەی کێشایەوە و لەبری ئەوە کەوتە خوێندنی ڕووەکناسی. بەو پێیە هەڵەبجە و شارەزوور جارێکی تر نەدەکەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی کۆمیسیۆنی مەدەنیی بەریتانی و ئەوەی کە شێخ مەحمود شکستی تێدا هێنا عادیلە خانم توانی بەدەستی بێنێت.
ئەو ژنە سەربەخۆیی لە بەریتانییەکان بەدەستهێنا و ئەوانیش وا لە خێڵی جاف تێگەیشتبوون کە لە ڕادە بەدەر توندوتیژن و ناتوانن حوکمڕانیی بکەن. دواتر لە ساڵی ١٩٢٢دا مێجەر سیسیل جەی. ئەدمۆندز شوێنی مێجەر بانیستەر سۆن دەگرێتەوە وەک ئەفسەری سیاسی لە کۆمیسیۆنی مەدەنیی مووسڵدا و ئەمیش تا لە توانایدا بوو خۆی بە دوور گرت لە عادیلە خانم چونکە زۆر باش مێژووی ئەو ژنەی دەزانی. لەم سەروبەندەدا دەرکەوت کە کورد هەرگیز وڵاتی خۆی پێنادرێت و لەبری ئەوە خرانە ژێر دەسەڵاتی مەملەکەتە تازە پێکهێنراوەکەی عێراق بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە کێشە بۆی. ئەوەش ئەرکی مێجەر سیسیل جەی. ئێدمۆند بوو کەوا کاری ئەو گواستنەوەیە بە ئاسانی بەڕێوە ببات. هەروەها ئەوە خواستی عادیلە خانمیش بوو کە سەرمایەگوزاری لەو قۆناغی گواستنەوەیەدا بکات و سوودی لێوەربگرێت بۆ ئەوەی پێگەیەک بۆ کوڕەکەی دەستەبەر بکات و بەشدار بێت لە حکوومەتی نوێی عێراقدا. عادیلە خانم دواجار سیسیل جەی. ئەدمۆندز ڕازی دەکات کە کوڕەکەی، ئەحمەد موختار بەگی جاف بکاتە حاکمی هەڵەبجە. لە ڕاستییشدا جافەکان کۆنترۆڵی هەڵەبجەیان لە مەملەکەتی نوێی عێراقدا مسۆگەر کرد و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ گێرتروود بێڵ پەرەپێدا کە ڕاوێژکاری شا فەیسەڵی مەلیکی نوێی عێراق بوو. ئەوان زۆر باسیان لە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق کرد و لە ڕێگەی پەیوەندیی عادیلە خانمەوە بوو لەگەڵ گێرترود بێڵ کە توانیی لە ساڵی ١٩٢٤دا پۆستێک بۆ کوڕەکەی، ئەحمەد موختار بەگی جاف لە پەرلەمانی عێراقدا دابین بکات.
بەداخەوە عادیلە لە دەوروبەری ئەو کاتەدا کۆچی دوایی دەکات و دۆخێکی ئاڵۆزی نوێ لە کاتی گەڕانەوەی شێخ مەحمود بەرزنجی لە ساڵی ١٩٢٢دا سەرهەڵدەدا. هەڕەشەیەکی نوێی تورکیا بۆ سەر بەریتانییەکان لە یاخیبوونەکەی مستەفا کەمالەوە لە باکووری مووسڵ هاتە ئاراوە. یاخیبوونەکە لە قەهرەمان مەرەشەوە تا ئەنقەرەی گرتەوە و بوو بە هەڕەشەیش بۆ سەر مووسڵ، کە مستەفا کەمال بە شارێکی تورکیای دەزانی و ئاواتی ئەوە بوو هاوپەیمانی لەگەڵ کورد دروست بکات بۆ ڕووخاندنی ئینگلیز لە ناوچەکەدا. بەریتانییەکان کە هەستیان بە هەڕەشە و مەترسی کردبوو، پێیان وابوو ئەگەر مەحمود بەرزنجی بهێننەوە ئەوە ڕێگە لە کورد دەگرێت کە بچنە پاڵ بزووتنەوەکەی مستەفا کەمال. تەنانەت بەڵێنیشیان دا کە ئەگەر ئەو هاوکاریی بکات، ئەوە کورد دەکەنە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەڵام سەریان لەوە سوڕما کە دیسان ڕاپەڕینی بەرپاکرد و خۆی وەک مەلیکی کوردستان ڕاگەیاند. ئەمجارەیان شۆڕشەکەی زۆر سەرکەوتووتر بوو، کە بەریتانییەکان نەیانتوانی تا ساڵی ١٩٣٢ سەرکوتی بکەن. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر بۆ جافەکان لە هەوڵ و تەقەلاکانیاندا بۆ پێشکەوتن لە مەملەکەتی عێراقدا.
شێخ مەحمود بەرزنجی لە سەردەمی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٢٢یدا هێزەکانی هێرشیان کردە سەر هەڵەبجە و داگیریان کرد و ئەحمەد موختار بەگی جافیشیان دەسگیر کرد و لەلایەن شێخ مەحمودەوە زیندانی کرا، چونکە ئینگلیزەکان دایانمەزراندبوو و ماڵی تاهیر بەگ جافیان کردە بارەگای سەرەکییان. بەرزنجی هێزێکی یاخیبووی نارد بۆ داگیرکردنی هەڵەبجە و ئەحمەد موختار بەگی جاف لە ئەشکەوتەکانی جاسەنەدا بەندکرا بەڵام هەڵهات و عادیلە خانم بەرەو کەرکوک هەڵهات. دواتر ئەحمەد موختار بەگی جاف لە ساڵی ١٩٢٤دا دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. عادیلە خانم لە ساڵی ١٩٢٤، لە نزیکەی تەمەنی حەفتا ساڵیدا، بە هۆی خراپیی باری تەندروستییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد. بەریتانییەکان حامید بەگی جافیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی پێگەی بەگزادەی خێڵی جاف وەربگرێت.
پەراوێز:
1. Soane, Ely Banister. To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise. Chestnut Hill, MA: Adamant Media Corporation, 2005, ISBN 1-4021-5914-5
“گەشتی میزۆپۆتامیا و کوردستان بە نادیاری”
2. Soane, Ely Banister. “Notes on the Southern Tribes of Kurdistan,” Civil Commissioner, Baghdad. 1918
“تێبینی لەسەر هۆزەکانی باشووری کوردستان”
3. Soane, Ely Banister. “Report on the Sulaimania District of Kurdistan.” 1910
“ڕاپۆرتێک لەسەر ناوچەی سلێمانی لە کوردستان”
4. The Zarrinkafsch-Bahman (Qajar) Family Webpage, http://www.zarrinkafsch-bahman.org
ماڵپەڕی بنەماڵەی زەڕین کەفش – بەهمەن (قاجار)””
5. Personalities in Kurdistan.” Civil Commissioner, Baghdad. 1918
”کەسایەتییەکان لە کوردستان”
6. Fieldhouse, David K., ed. Kurds, Arabs and Britons: The Memoir of Cl. W.A. Lyon in Kurdistan, 1918-1945. London: I.B.Tauris, 2002 ISBN 978-1-86064 – 613-3.
“کورد و عەرەب و بەریتانییەکان: بیرەوەریی کۆلۆنێل دبلیو. ئەی. لیۆن لە کوردستان، ١٩١٨ – ١٩٤٥”
Edmonds, Cecil J. Kurds, Turks and Arabs: Politics, Travel and .٧ Research in North-Eastern Iraq, 1919-1925.London: Oxford University Press, 1957. ISBN 0-404-18960-1
“کورد، تورک و عەرەب: سیاسەت، گەشت و لێکۆڵینەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، 1919 – 1925”
سەرچاوە:
BRITISH NATIONAL ARCHIVE DOCUMENTS
DOCUMENTS SHOWING THE COLLABORATION AND CENTER ROLE
OF THE JAFF IN THE COUNTER-INSURGENCY OF THE BRITISH
AGAINST SHEIKH MAHMUD BARZINJI’S INSURRECTION
History Of Kurdistan مالپهرێكی تایبهته به مێژووی كورد و جیهان