گەرمیان حەسەن
مەستوورە ئەردەڵان، ناوی تەواوی ماھ شەرەف خانم بووە، یەکێکە لە شاعیر و مێژوونووسە دیارەکانی کورد. لە ساڵی ١٨٠٥ لە سنە لەدایکبووە، لەگەڵ خەسرەو خانی ئەردەڵان، والی سنە و میری ئەردەڵان ھاوسەرگیری کردووە. ئەم ھاوسەرگیرییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی ھەبووە و دەرفەتی زیاتری پێبەخشیوە بۆ خوێندنەوە و نووسین. دوای مردنی خەسرەو خان و ناسەقامگیری سیاسی ناوچەکە، مەستوورە ناچار بووە سنە بەجێبھێڵێت و ڕوو بکاتە سلێمانی، لە تەمەنێکی گەنجیدا کۆچی دوایی کردووە.
مەستوورە جیا لەبواری مێژوو و شاعیرێتی لەبواری ئایینیدا جێ دەستی هەبووە خاوەن کتێبێکی بچووکە بە ناوی (شرعیات) بریتییە لە کۆمەڵە باسێکی ئایینی. ئەو یەکەم ئافرەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جگە لە مێژوونووسی، لەسەر بابەتە ئیسلامییەکانی نووسیوە.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا، میرنشینی ئەردەڵان لەڕووی ئایینییەوە ناوچەیەکی فرەڕەنگ بوو. هەرچەندە زۆرینەی خەڵک و بنەماڵەی میرایەتی لەسەر مەزهەبی سوننەی شافیعی بوون، بەڵام دەسەڵاتی قاجاڕەکان لە ئێران، کە شیعە بوون، فشارێکی زۆریان هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە لە کوردستان. هەروەها، بیروباوەڕی جیاوازی سۆفیگەری و تەریقەتەکانیش لەناوچەکەدا باو بوون.
لەنێو ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ژنێک هەبوو کە تەنها بە شیعر و مێژووەوە سەرقاڵ نەبوو، بەڵکو بە قووڵی لە بنەماکانی ئایین و مەزهەبەکەی خۆی تێگەیشتبوو. بێگومان ژنان نەک هەر لە کۆندا بە ئێستاشەوە ئەو بوارە تەرخانکراوە بۆ پیاوان، ژنان لەو ئاستەدا نەبینراوە دەست بۆ بابەتە ئایینییەکان ببات و بیروڕای خۆی دەربڕێت.
بۆ یەكەمجارە لە مێژووی كورددا، ژنێك لەبارەی روكن و بنەماكانی ئاینی ئیسلام كتێبێك بنووسێت و هەریەكەیان بە وردی شی بكاتەوە.
هۆکارێ سەرەکی لە نووسینی “شرعیات”، ئەو وەک ژنێکی خوێندەواری ئایینی، هەستی بە مەترسیی ئەو گومان و بیروباوەڕە جیاوازانە دەکرد کە دزەیان دەکردە ناو کۆمەڵگاکەیەوە. ئەو بینی کە زۆر کەس، تەنانەت لەنێو پیاوانیشدا، زانیارییەکی ورد و ڕێکیان لەسەر بنەما سەرەکییەکان نەبوو.
لێرەدا مەستوورە کارێک دەکات کە بۆ ژنێکی ئەو سەردەمە، کارێکی یەکجار بوێرانە و شۆڕشگێڕانە بوو. ئەو بڕیاریدا خۆی قۆڵی لێ هەڵماڵێت و ببێتە بەرگریکار لە بیروباوەڕەکەی. ئەو نامیلکەیەکی بچووکی نووسی بە ناوی “شرعیات”.
ئەو هەر لە تەمەنێکی منداڵی لەناو کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی و خوێندن و دۆستایەتی و بابەتە ئایینیەکاندا چاوی کراوەتەوە، لەژێر دەستی کەسای شارەزا و ئەدیب و مامۆستاکانی بابەتە ئایینەکانی خوێندووە هاوشێوەی کوڕەکان، بۆیە توانای مەستوورە تەنها لە لایەنێکدا نەبووە.
کاتێک لە تافی لاوێتیدا بوو، کاریگەربووە بە بڵاوبوونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی کە لەلایەن مەولانا خالیدی نەقشبەندی، ئەو پەیامە ئایینی و ڕێبازە عیرفانییەی بانگەشەی بۆ دەکرد.
سەرسامی بە چەندین کەسایەتی هەبووە، سوودی لە ئیبن حەجەر و غەزالی و ئیمام شەمسەدینی ڕەملی بینیووە. مەستوورە جیا لەمانەش شارەزای هەبووە لە فەرموودە و قورئان.
تەنانەت ئاگاداریەکی باشی کتێبەکانی حەنەفی و شافعی مەزهەب بووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە مەستوورە تا ڕادەیەکی باش شارەزای لە بابەتە ئایینیەکان هەبووە.
ئەم کتێبە بە زمانی فارسی نووسراوە، یەکەمین کتێبی ئایینی فارسیشە بە زمانی فارسی نووسراوە لەلایەن ژنێکەوە لە ناوچەکەدا. بەپێی نووسینی پێشەکیەکەی بێت لە دوای مردنی خەسرەوخانی هاوسەری نووسراوە، دەڵێ:”لە ڕۆژێکدا کە گڵۆڵەی بەختم لە بێوەفایی دەوران کەوتبووە لێژی و شووشەی هەیبەتم بە بەردی نالەباری موقەدەری ڕۆژگار شکابوو و ڕۆژم بە زۆڵفی تازەبووکان شێوابوو و ڕۆژگارم وەکو خۆم بێسەروسامان کەوتبوو و دڵم بە خەدەنگی فەلەک خوێناوی مابوو و کۆشکی بەختم بە دەستی گەردوونی نالەبار ڕووخابوو.”
گرنگی و بوێریی ئەم کارە چی بوو؟
شکاندنی قۆرخکاریی پیاوان: لەو سەردەمەدا، نووسین و قسەکردن لەسەر بابەتە ئایینییەکان، بەتەواوی لە قۆرغی پیاوانی ئایینیدا بوو. ژنێک کە بێت و لەسەر “عەقیدە” (بنەماکانی باوەڕ) بنووسێت، کارێکی بێوێنە بوو
.ڕوونکردنەوەی بیروباوەڕ: لەم نامیلکەیەدا، مەستوورە بە زمانێکی سادە و ڕوون، بنەما سەرەکییەکانی باوەڕی ئیسلامی بەپێی مەزهەبی شافیعی ڕوون کردۆتەوە. وەک مامۆستایەک، باسی لە یەکتاپەرستی، سیفاتەکانی خودا، پێغەمبەرایەتی و ڕۆژی دوایی کردووە.
بەرگریکردن لە ناسنامەی مەزهەبی: ئەم کارەی مەستوورە، لە هەمان کاتدا وەڵامێکی فیکری و هێمن بوو بۆ ئەو فشارەی کە لەلایەن دەسەڵاتی شیعەوە لەسەر ناوچەکە هەبوو. ئەو بەم کارەی دەیوت: “ئێمە خاوەنی بیروباوەڕ و ناسنامەی مەزهەبیی خۆمانین و بە باشی لێی تێدەگەین.
کتێبی شەرعی « شرعیات» دەبێ کە لە نێو ژناندا تا ئەوکات هیچ ژنێکی قەڵەم بەدەست هیچ دەقێکی لە سەر شەرع نەنووسیبوو. مەستوورەی ئەردەڵان، بە نووسینی نامیلکەیەکی بچووک، بوێریی ئەوەی نواند بچێتە ناو بوارێکەوە کە بەتەواوی بۆ پیاوان قۆرخ کرابوو، بەم کارەی سەلماندی کە ژنیش دەتوانێت ببێتە پارێزەری بیروباوەڕ و ناسنامەی فیکریی کۆمەڵگاکەی.
1/بوخاری وشیار، کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین.
2/جمال احمد ئایین،شرعیات مەستوورەی اردلان.
3/مەستوورەی کوردستانی، مێژووی ئەردەڵان، و؛ حەسەن جاف و شوکور مستەفا، دەزگای ئاراس، هەولێر.