چوار شه‌ممه‌ , تشرینی یه‌كه‌م 8 2025
Home / ناوداران / عەبدوڵڵا جەودەت و پرسی کورد

عەبدوڵڵا جەودەت و پرسی کورد

گەرمیان حەسەن

عەبدوڵڵا جەودەت لە کۆتایی ساڵی ١٩١٠ گەڕایەوە بۆ ئەستەنبوڵ، لەوێ دژایەتییەکەی لەگەڵ ئییحادییەکان فۆرمێکی ڕوونتری بەخۆیەوە بینی و هاوکاریی لەگەڵ بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە کوردییەکان و کارکردن لە چوارچێوەی ڕیزەکانیاندا هەڵبژارد. ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسی عەبدوڵڵا جەودەت کە لە سەرەتای چالاکییە سیاسییەکەیدا، پێشتر یەکێک بوو لە لایەنگرانی یەکێتی عوسمانی و یەکێک بووە لە لایەنگرانی هەرە دیارەکانی یەکێتیی هەموو لایەنە جیاوازەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ڕێگەی نووسینەکانییەوە ڕوونیکردووەتەوە کە لە…((ئیتیحادیبوونمان زامنی ڕزگاریمانە)). ئەمەش لەژێر چەتری دەوڵەتی عوسمانی بەهەموو نەتەوەجیاوازەکانەوە، تەنانەت گرنگی نەدەدا بە پرسەکانی کوردستان و ئەرمینیا. جەودەت بەردەوام لە هەموو بۆنەیەکدا جەختی دەکردوە لەسەر پەیوەندی نەتەوەیی خۆی و شانازیشی پێوە دەکرد، بەپێی ئەوەی لە گۆڤاری ئیجتیهاددا لە ساڵی ١٩٠٥دا عەبدوڵڵا جەودەت نووسیویەتی: من کوردم و کورد و کوردایەتیم خۆشدەوێت، بەڵام مادام من لەڕووی ماف و ئەرکەکانەوە لە هاوڵاتیانی تورکیم، ئەوە لەپێش هەموو شتێکەوە تورکم و ئاگاداربن کە قسەی من ئەمە لێکدەداتەوە مادام من هاووڵاتییەکی تورکیم وا ناکا زمانی کوردی و کوردایەتیم لەبیر بکەم، بەپێچەوانەوە با کورد زمانی کوردی پەرەپێبدات و بۆ گەشەسەندنی تێبکۆشێت.
جەودەت بەشێکی بەرچاوی نووسینەکانی بۆ کورد و سیمبولەکانی تەرخان کردووە. لەوەشدا جیاوازی نەبووە لەگەڵ ڕۆشنبیرانی سەردەمی خۆی، کە بۆ ئەوان هەستی شوناس و دڵسۆزی دووشێوەی بۆ دەوڵەتی عوسمانی و نەتەوەکانیان وەرگرتووە. لە لایەکی دیکەوە ئەو دوو هەستە لە پرۆسەی دروستبووندا بوون و ئەمەش لە چوارچێوەی تێڕوانینەکانی ئەو قۆناغەدا بوون لەگەڵ ئەوی دیکەیاندا ناکۆکی نەبووە.
بناغەکانی بیری نەتەوەیی، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی دەرەنجامە سیاسی و فیکرییەکانی شۆڕشی ئیتحادییەکان، مەیلی نەتەوەیی دەستی کرد بە دەرکەوتنی ڕوونتر لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا. ئەمەش لە تێڕوانینی فیکری و سیاسی دا ڕەنگیدایەوە، کە عەبدوڵڵا جەودەت لێیەوە بێکاریگەر نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەر لە سەرەتای چالاکییە سیاسییەکانییەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی کوردیدا هەبوو، هەرچەندە لە فیکر و بنەما لەوان جیاواز بوو. لە ماوەی مانەوەی لە میسر، پەرۆشیی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی نووسینی ژمارەیەک لەو کەسانە نیشاندا کە بۆچوونەکانیان لەگەڵ خواستەکانی ئەودا دەهاتەوە.

جەودەت دوای گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ، مەیلی نەتەوایەتی زیاتر بۆ ڕوونبووەوە و لە نووسینەکانیدا ڕەنگی دایەوە کە تیایدا داوای لە کورد کرد کە پەرە بە زمانەکەی بدات و مێژووی خۆی بنووسێتەوە و سیمای نەتەوەیی خۆی باشتر بکات، لە ڕێگەی وتارێکەوە کە لە گۆڤاری “ڕۆژی کورد”دا بڵاوکراوەتەوە دووپاتی کردەوە:❞میللەتێک کە خاوەنی مێژوویەکی تەواو و نوێبوونەوە نەبێ، وەک ئەوە وایە هەرگیز نەژیا بێت. ئایا کورد مێژوویەکی هەیە، نەتەوەیەک خاوەنی مێژووی ڕابردووی خۆی نەبێت و مێژووی ئایندەی خۆی نەبێت، میللەتێکە کە خاوەنی خۆی نییە و لە نەتەوەیەکدا کە خاوەنی خۆی نییە، تاکەکانی دەبنە کۆیلە و موڵکی کەسانی تر، میللەتەکەشیان دەبێتە موڵکی ئەوانی دیکە.❝
ئەو درێژەی بە هەڵوێستی دژایەتیکردنی ئیتحادییەکان و ڕەخنەکانی لە سیاسەتەکەیان و هەوڵەکانیان بۆ توانەوەی هەموو نەتەوەکان لەناو کۆپانی تورانیزم دەدا، ئاماژەی بەوەدا کە هەر هەوڵێکی ئیتیحادیەکان دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە پێکهاتە نەتەوەییەکانی دەوڵەتی عوسمانی بێت و مەودای ئەوەیان پێبدرێ لەگەڵ مەیلە نەتەوەیی و نەتەوەییەکانیاندا بگونجێت، سیاسەتی ئیتحادییەکان لەم ڕووەوە بە ”ناڕەوا ” وەسف دەکا. ئەو ئەوانی بە بەرپرسیار دانا لە لەدەستدانی هیوا لەسەر ئیتحادییەکان، یان تەنانەت دەرفەتی لێک نزیکبوونەوەی نەتەوە جیاوازەکان لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانییدا.
عەبدوڵڵا جەودەت ئەو هەنگاوانەی دیاری کردووە کە پێویستە کورد پەیڕەوی بکات بۆ پێشخستنی نەتەوەکەیان و بەدیهێنانی ئامانجەکەیان. لە پێش هەموویەوە داوای کردووە ئاستی ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ڕێژەی خوێندەواری کورد کەمتر لە ٤٠٪ نەبێت، وازهێنان لە پیتە عەرەبییەکان و بەکارهێنانی پیتە لاتینیەکان بۆ ئاسانکاری فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و ڕاستکردنەوەی شێوازەکانیان، و هەموو شتێکی تر لە پلەی دووەمدا دێت، بەپێی بۆچوونی جەودەت جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی ڕۆشنبیرە گەنجەکان بەتایبەتی و هانیانی داوە ڕوو لە ناوچەکانی کوردستان بکەن، و قوتابخانە لە گوندەکاندا بکەنەوە، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا کار بکەن لەبری ئەوەی وەک فەرمانبەر لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا دابمەزرێن، تەنانەت ئەگەر پۆستێکی باڵای ئیداریشیان وەرگرتبێت.
ڕەخنەی لە هەموو ئەوانە گرت کە مانەوەیان لە ئەستەنبوڵ و قسەکردنیان بەناوی کوردەوە هەڵبژاردبوو، چونکە ❞ کورد هەر بە نیازپاکی سەربەخۆیی بەدەست ناهێنێت. ڕێگەی چارەسەری ڕاستەقینە گەڕانەوەیە بۆ کوردستان بۆ باوەشی گەل… بەڵام قسەکردن لێرە لە ئەستەنبوڵ و دەستەوەستان مانەوە، هیچ مانایەکی نییە و هیچ سوودێکی بۆ گوندەکانی کورد نابێت و ئەرکی گەنجان ئەوەیە کە گوندنشینەکان بەئاگا بهێننەوە و هەوڵبدەن بەرەو شار پێشڕەوی بکەن . چوارچێوەیەشدا عەبدوڵڵا جەودەت پەیوەندی کرد بە “جەمعیەتی نەشری مەعریفەی کوردی” بەتایبەتی کە لەگەڵ ئاراستەی ڕۆژئاواییکردنی و بانگەوازی پەروەردەیی ئەو دەگونجێت کە ئامانجی یەکەمی بڵاوکردنەوەی مەعریفە و پیشەسازی و پەرەپێدانی بوو لەنێو کوردانی بێبەش لە نیعمەتی مەعریفە .
لەگەڵ کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی، پەیوەستبوونی عەبدوڵڵا جەودەت بۆ پرسی کورد بەهێزتر و ڕوونتر بوو، دوای ڕاگەیاندنی “ئاگربەستی مودرۆس” لە ساڵی 1918دا ڕادیکاڵیتر بوو، بەڕۆحێکی شۆڕشگێڕییەوە پەیوەندی بە “جەمعیەتی تەعالی کوردستان”ەوە کرد.
بەهۆی سەرسامی بۆ جیهانی ڕۆژئاوا و کارلێککردن لەگەڵیدا و زۆر هەوڵیدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ڕۆژئاوا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی، بەتایبەتی لە پرسی کورددا، هەروەها چالاکانە بەشداریی لە دامەزراندنی “کۆمەڵە خوشەویستانی ئینگلیز”دا کرد، ڕوونیکردەوە، ئێمە لە پێگەیەکی هەڵبژاردندا نین، بەڵکو لە پێگەیەکی قبوڵکردنداین و من هیواکانم دەخەمە سەر هاوکاریکردنی ئینگلیزەکان.). توانیشی لەم بوارەدا تا ڕادەیەک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هەروەها توانی پشتیوانی ژمارەیەک کەسایەتی بەریتانی بۆ داخوازییەکانی کورد بەدەست بهێنێت
چالاکی ڕۆشنبیری عەبدوڵڵا جەودەت جیاوازی نەبوو لە چالاکییە سیاسیەکەی و بەشێکی نووسینی ڕۆژنامەکەی بەناوی (ئیجتیهاد) بۆ مەسەلەی کورد تەرخان کرد، بە بڵاوکردنەوەی وتار لەسەر کورد و کوردستان و مێژووەکەی و واقیعی دۆخ و داهاتووی کوردستان، ئاواتەخوازبوو بێتە دی. بە پەرۆشیەکی زۆرەوە قەڵەمەکەی بۆ داکۆکیکردن لە بیرۆکەی سەربەخۆیی کوردستان بەکارهێنا تا ئەو ڕادەیەی لە نووسینەکانیدا دوودڵ نەبوو لە وەسفکردنی سیاسەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرامبەر بە نەتەوەکانی ناو سنوورەکانیشی، تا ئەوەی دەڵێ:” ئێمە تا کەی هەروا دەبێ بمێنینەوە بۆئەوەی ئارەزووی ئیمپریالیزم و ئاوازی خەلافەت بگێڕینەوە.” واتا دەبێ کورد لەو دوو بەرداشە بێتە دەرەوە.
لە بەشێکی تر لە قسەکانی ئاراستەی گەلەکەی کردووە و هانیانی داوە: “مرۆڤایەتی باشترین ڕۆژەکانی خۆی دەگوزەرێنێت لە ڕووی ئەنجامە سەرسوڕهێنەر و دەنگدانەوەکانەوە، ئایا کورد دەتوانێت لەم کاتەدا بخەوێت؟ پێویست ناکات هاوار بکەم ئەی کورد لە خەو هەڵسە، ئەگەر ئێستا خەوتوون مانای ئەوە دەگەیەنێت ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر مردوون، کوردە بەئاگاکان گەورەکانیان بە خەبەر دەهێنن کە سەدان ساڵ لەمەوبەر ڕێگەیان پێدەدان بخەون کە ئەمانیش لەگەڵیاندا خەوتوون.”
عەبدوڵڵا جەودەت وەک زۆربەی ڕۆشنبیرانی ناوچەکە لە نەتەوە جیاوازەکان، کەوتە ژێر کاریگەری 14بنەما بەناوبانگەکەی سەرۆکی ئەمریکا “ودرۆ وێڵسن”، بەتایبەتی لە بڕگەی”مافی چارەی خۆنووسینی گەلان” هیوای لەسەر دروست کرد، بەڵام هەر زوو لە سروشتی دووانەیی نێوان تیۆری و کراداری و ئامانجە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو ماددانە تێگەیشت.
بنەماکانی وێڵسن ناتوانن گونجاو بن لەگەڵ خواست و مەبەستدا بگونجێت، بەپێی بنەماکان بێت هەر نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، حکومەتەکەی هەڵبژێرێت، جۆری ئیدارەدانی خۆی دیاری بکات و هیچ نەتەوەیەکی تر مافی ئەوەی نییە بە پێچەوانەی خواستی خۆیەوە کۆنترۆڵی بکات.
ناکرێت لە بەرانبەر ڕادەستکردنی ئیزمیر بۆ ئیدارەی یۆنان ئەم خاڵە بەکار بهێنرێت و چاوپۆشی بکرێت لە سەرژمێری ئەو پارێزگایانەی کە زۆرینەی کوردستانن دانی پێدانەنرێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە ناکرێت سیاسەتی تورکەکان بە بەکارهێنانی هێز هەوڵی سەپاندنی حوکمی خۆیان بەسەر عەرەب و چەرکەس و کورد و لاز و ئەرمەنی و ڕۆماندا وەک سیاسەتێکی عەقڵانییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو دەبێ پێچەوانەکەی بێت.
هەڵوێستی سیاسی عەبدوڵڵا جەودەت و تێکچوونی پەیوەندییەکانی بە گشتی لەگەڵ ئیتیحادییەکان کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر بەردەوامی دەرکردنی گۆڤاری “ئیجتیهاد” کە زیاتر لە جارێک داخرا و هەر جارێک دووبارە دەکرایەوە و دادەخرا، بۆیە ناچاربوو ناوەکەی بگۆڕێت و هەندێک جار بە وشەی “ئشتیهاد”بەکاربهێنێ یان لە هەندێ کاتی تردا “ئیجتیهاد”.
هەڵوێست بیروبۆچوونە سیاسیەکانی وای کرد لە ماوەی ژیانیدا پۆستێکی کارگێڕی گرنگ وەرنەگرێت و تاکە کاری بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی بوو و هەر زوو لەوێ دوورخرایەوە لە ئەنجامی ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی عەبدوڵڵا جەودەت دەیویست لە فەرمانگەکەدا بیهێنێتە کایەوە، لەڕێی مەیلی بە ڕۆژئاواییکردنی فەرمانگەکەی کە زۆرجار لە ستانداردەکانی کات و شوێنی تێدەپەڕاند بە خستنەڕووی پلان و بیرۆکەیەک لەبەر ڕۆشنایی واقیعی کۆمەڵایەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی قبوڵ نەکرابوو. ڕەنگە بەناوبانگترینیان پێشنیارەکەی بێت بۆ دۆکیۆمێنت کردنی ناسنامەی دامەزراوە موسڵمانەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕاستەقینە لەم بوارەدا، ئەمەش بووە هۆی لابردنی لە کارەکەی و داخستنی ڕۆژنامەکەی.
سەرچاوە:
نادية ياسين عبد، عبد الله جودت 1862-1932سياسيا وداعيا للتغريب، مجلة دراسات في التاريخ والآثار، كلية الآداب جامعة بغداد.

About دیدار عثمان

Check Also

مەستوورەی ئەردەڵان یەکەم ژنە شەریعەتمەداری کورد

گەرمیان حەسەنمەستوورە ئەردەڵان، ناوی تەواوی ماھ شەرەف خانم بووە، یەکێکە لە شاعیر و مێژوونووسە دیارەکانی …