Home / مێژووى جیهان / گرنگترین بۆچوونەکان دەربارەی ساڵی دەستپێکی جەنگەکانی دوو گوڵ

گرنگترین بۆچوونەکان دەربارەی ساڵی دەستپێکی جەنگەکانی دوو گوڵ

نووسینی: بەرهەم جەنگڤان

هەر زوو دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سەد ساڵە، زنجیرە جەنگێکی ناوخۆیی لە ئینگلتەرا هەڵگیرسا، کە بۆ ماوەی نزیکەی سی ساڵ (١٤٥٥-١٤٨٥ز) بەردەوام بوو، ئەم جەنگانە لە مێژوودا بە جەنگەکانی دوو گوڵ ناسراوە، هۆکاری ئەم ناونانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو لایەنی سەرەکی جەنگەکان دروشم و ئاڵایان گوڵ بوو، بەجۆرێک کە ئاڵای یۆرکەکان گوڵی سپی بوو و دواتر لانکستەرەکان گوڵی سووریان کردە ئاڵای خۆیان.

مێژوونووسان لەسەر دیاریکردنی ساڵی دەستپێکی جەنگەکانی دوو گوڵ هاوڕا نین و چەندین بۆچوونی جیاوازیان هەیە. لە خوارەوە هەوڵدەدەین هەندێک لەو بۆچوونانە بخەینە بەر باس:

١. هەندێک لە مێژوونووسان ساڵی (١٣٩٩ز) یان وەک سەرەتای ڕاستەقینەی جەنگەکان دیاری کردووە، ئەمەش ڕیشەیەکی قوڵی هەیە و لەمێژە ئەم بۆچوونە خراوەتە ڕوو، بەجۆرێک کە لایەنگرانی لانکستەر و یۆرک پێیان وابووە، کە تۆوی ململانێیەکان لەو ساڵەدا چێنراوە. تەنانەت نووسەرانی سەردەمی تیودۆریش هەستیان بە ڕاکێشانی بەهێز دەکرد بۆ ساڵی (١٣٩٩ز)، وەک دەستپێکردنی نزیکەی سەدەیەک لە گێژاوی ناوخۆیی. لە ڕاستیدا تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمیش ئەم بۆچوونە مابوو، بۆ نموونە لە ساڵی (١٨٨٨ز)دا، ویلیام دێنتۆن (William Denton) هێشتا دەیتوانی بە دڵنیاییەوە ڕایبگەیەنێت، کە کوشتنی ڕیچاردی دووەم و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن هێنریی چوارەمەوە، بووە هۆی دەستپێکردنی ململانێی نێوان دوو لقی بنەماڵەی شاهانە، کە بە جەنگەکانی دوو گوڵ ناسراوە، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا ساڵی (١٣٩٩ز) تا ڕادەیەکی زۆر وازی لێ هێنراوە و لەبری ئەوە مێژوونووسان چەندین ڕێکەوتی جۆراوجۆریان لەنێوان ساڵانی (١٤٥٠- ١٤٥٩ز) پێشکەش کردووە.
۲. هەندێک لە مێژوونووسانی هاوچەرخ، وەک کیس دۆکرای (Keith Dockray) ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرەتای جەنگەکان لە ساڵی (١٤٥٠ز)، کە لەو ساڵەدا ڕاپەڕینی جاک کید سەری هەڵدا و متمانەی ڕژێمەکەی نەهێشت.
۳. هەندێک مێژوونووسی دیکە خۆپیشاندانی چەکداریی ڕیچاردی دوکی یۆرک دژی دەرکردنی لە کۆشک لە ساڵی (١٤٥٢ز)، بە سەرەتای جەنگەکان دادەنێن.
٤. زۆربەی مێژوونووسان پێیان وایە دەستپێکی جەنگەکان یەکەم شەڕی سانت ئەلبانسە، کە لە (٢٢ی ئایاری ١٤٥٥ز)دا ڕوویدا و لەو شەڕەدا ئێدمۆند کوژرا و هێنری شەشەم کەوتە ژێر دەستی یۆرک و هاوپەیمانەکانی، پاشان ئیدارەیەکی یۆرکیی ناجێگیر و کورتخایەن دامەزرا.
٥. هەندێک لە مێژوونووسان لەگەڵ هیچ کام لەو بۆچوونانەی سەرەوەدا نین، ئەوان پێیان وایە ساڵی (١٤٥٩ز) ساڵی ڕاستەقینەی دەستپێکی جەنگەکانە، یەکێک لەوانە مێژوونووسی بەریتانی و پسپۆڕ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ئەنتۆنی جەیمس پۆلاردە(Anthony James Pollard)، هەروەها مێژوونووسی ئینگلیزی و پسپۆڕی سەدەکانی ناوەڕاست ماری کریستین کارپێنتەر(Mary Christine Carpenter) ، هەمان بۆچوونی ئەنتۆی هەیە، ناوبراو هەرچەندە ئاماژە بەوە دەکات، کە بە شێوەیەکی ئاسایی وا بیردەکرێتەوە، کە جەنگەکانی گوڵەکان بە یەکەم شەڕی سانت ئەلبانس لە ساڵی (١٤٥٥ز) دەستی پێکردبێت، بەڵام ئەو پێی وایە کە جەنگەکان لە ڕاستیدا تا کۆتایی ساڵی (١٤٥٩ز) دەستی پێ نەکردووە.

سەرچاوەکان:

1.James Westfall Thompson: History of the Middle Ages 300- 1500, kegan paul, trench, trubner & co., ltd., London, United Kingdom, without print history.
2.Ross William Collins: A History of Medieval Civilization in Europe, The Atheneum Press, Boston, United States of America, 1936.
3.Ye. Agibalova, G. Donskoy: History of the Middle Ages, Translated by: Natalia Belskaya, Edited: by Patricia Beriozkin, Progress Publishers, Moscow, Union of Soviet, 1988.
4.Christine Carpenter: The Wars of the Roses; Politics and the constitution in England, c.1437- 1509, Cambridge University Press, New York, United States of America, 2002.

  1. A. J. Pollard (Editor): The Wars of the Roses, First edition, United States of America, 1995.

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی چوارەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …