Home / مێژووى ئاینەکان / ئایین و کوردایەتی

ئایین و کوردایەتی

ئایین و کوردایەتی
حسین قادر

سەرەتا پێویستە لەو پرسیارە گرنگەوە دەست پێ بکەین، کە ئایە ئایینی ئیسلام بۆ کوردیش هاتووە یان تەنیا هی عەرەبە؟ ڕاستییەکەی ئەم بابەتە مشتومڕێکی زۆری لەسەر کراوە و مامۆستا بەڕێزەکانیش وەڵامیان داوەتەوە. ئەگەر لە قورئان بڕوانین (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ. الأنبیاء ١٠٧). بە کوردی دەبێتە (ئێمە تۆمان ڕەوانە نەکردووە، ئیللا ڕەحمەتێکی بۆ هەموو جیهان. سوورەتی ئەنبیا، ئایەتی ۱۰۷) بۆمان دەردەکەوێت کە پەیامی خودا، دەستوورێکە بۆ هەموو جیهان و مۆرکی هیچ گەل و نەتەوەیەکی دیاریکراو نییە.

پێکهاتەی سەرەکیی هەر نەتەوەیەک لە مێژوو و نیشتمان و کولتوور پێک دێت، بۆیە زۆرێک لەو ئایدۆلۆژیایانەی لە کوردستان پەرەیان سەندووە، کاریگەرییان لەسەر یەکێک لەم سێ ڕەهەندە دروست کردووە. بەڵام ئەم سێ پێکهاتەیە نابێت لە یەکتری جیا بکرێتەوە، واتە نەتەوە هەم مێژووە و هەم نیشتمانە و هەم کولتووریشە. لە ڕاستیدا ئەم سێ ڕەهەندە مانای قووڵی نەتەوە نین، بەڵکوو دەرکەوتەی نەتەوەن، بەرانبەر ئەمەیشدا شتێک کە نەتەوە دروست دەکات پێی دەگوترێت (مانای نەتەوایەتی) کە لە ناخی هەموو تاکێکدایە و دەرئەنجامەکەیشی بریتییە لە دروستکردنی مێژوو و کولتوور و نیشتمان. مانا قووڵەکەی نەتەوایەتی گرنگی بە نیشتمان، کولتوور و مێژوو دەدات، ئەگەرنا نیشتمان وەک خاک و داروبەرد و کەلەپوور، مێژوو وەک کۆمەڵێک جەنگ و ڕووداو، کولتوور وەک تێکەڵەیەکی دابونەریت و هونەر، ئەو مانا قووڵەی نییە. هێزێکی باڵای مەعنەوی هەیە، ڕووداوەکانی مێژوو و کولتوور و نیشتمانی گەلان پیرۆز دەکات.

ئایین کار لەسەر ئەو مانا قووڵە دەکات و ڕووگە بەو مانایە دەبەخشێت، ئایین نەهاتووە بۆ ئەوەی مێژوو، کولتوور و نیشتمان بگۆڕێت، بەڵکوو پیرۆزییەکیان پێ دەبەخشێت. بۆ نموونە ئایینی ئیسلام، کە لە سەرەتاوە لەناو عەرەبدا سەرهەڵدەدات، مێژوو و کولتوور و نیشتمانی عەرەبی نەگۆڕیوە، تەنیا ڕووگەیەکی بەم شتانە بەخشیوە. کەواتە ئەوەی قورئان و پەیامی پێغەمبەر (د.خ) کاریان لەسەری کردووە، گۆڕینی مێژوو، کولتوور و نیشتمانی عەرەب نەبووە، بەڵکوو گۆڕینی مانایەکی قووڵ بووە کە لە ناخی ئەوانەدا بوونی هەبووە.

(وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ رَسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ. إبراهيم ٤) بە کوردی دەبێتە ( ئێمە هیچ پەیامبەرێکمان نەناردووە، مەگەر بە زمانی گەلەکەی خۆی نەبێت. سوورەتی ئیبراهیم، ئایەتی ٤). ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ترەوە لەم ئایەتە بڕوانین، تێ دەگەین کە مەبەست لە زمان تەنیا عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی نییە. لەم سەردەمی مۆدێرنەدایە کە دەڵێن زمانی نەتەوەکان، ئەوە عەرەبییە و ئەوە کوردییە. ئەگەر مەبەست ئەوە بێت، ئەوا ئەم ئایەتە پێچەوانەی خۆیەتی، چونکە ئەگەر بڕیار بێت هەموو پێغەمبەرێک بە زمانی نەتەوەکەی خۆی قسە بکات، ئەوا زمانی پێغەمبەر (د.خ) کوردی نەبووە، کەواتە چۆن ئیسلام بۆ کوردیشە؟ بۆیە مەبەست لە زمان شتێکی ترە، جیا لەوەی ئێستا دەگوترێت، چونکە مەبەست لە زمان (لسان) ئەو مانا قووڵەیە کە لە ڕۆحییەتی نەتەوەکەدایە. لە هەموو ئەدەبیاتی عەرەب و فارس و کورددا، لە ڕێگەی زمانەوە، باسی مانا قووڵەکان دەکرێت، کە مرۆڤەکان لەوێوە ژیانیان مانا پەیدا دەکات و ناسنامەیان بۆ دروست دەبێت.

ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، لە ئایەتەکە بڕوانین، تێ دەگەین کە چەمکی پێغەمبەر و پەیامبەر لە یەکتری جیاوازن. جیاوازیی سەرەکیی لەنێوان پێغەمبەر (نەبی) و پەیامبەر (ڕەسول) ئەوەیە، یەکەمیان لەسەر بنەمای دەستووری کتێبی ئاسمانی و فەرمایشتەکان، پەیامەکانی خودا بە گەلەکەی ڕادەگەیەنێت و خاوەنی شەریعەت و کتێبی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام دووەمیان هەرچەندە پەیامەکانی خودا بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، بەڵام خاوەنی شەریعەت و کتێبی تایبەت بە خۆی نییە. کەوایە دەتوانین بڵێین کە هەموو پێغەمبەرێک، پەیامبەرە، بەڵام هەموو پەیامبەرێک، پێغەمبەر نییە.

هەموو کەسایەتییە گرنگەکانی مێژوو، دەستکاری مانا قووڵەکەی نەتەوەکەیان کردووە، ئەوەتا گاندی (١٨٦٩ – ١٩٤٨) کە فەیلەسووف و ڕابەرێکی سیاسی و ڕۆحی هیندستانی بوو، لە هیندستان ئەو کارەی ئەنجام دا، گاندی نەهات کولتووری هیند بگۆڕێت، نەهات نیشتمانی هیند بگۆڕێت، نەهات مێژووی هیند بگۆڕێت، بەڵکوو مانەیەکی قووڵ لەناو هیندا هەبوو، ئەو مانایەی گۆڕی، هەر کاتێک ئەو مانایەیش گۆڕا، ئیتر شتەکانی تریش دەگۆڕێت. هەموو نەتەوەیەک مانای تایبەت بە خۆی هەیە، مانایەکی قووڵ کە پێکهێنەری ڕۆحی ئەو نەتەوەیە بێت، هیچ نەتەوەیەکیش ناتوانێت هیچ پەیامێک پەسەند بکات کە لەگەڵ ئەو مانا قووڵەی خۆیدا نەگونجێت.

هەر کەسێکیش بیەوێت گۆڕانکاری لە هەر نەتەوەیەکدا بکات، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو مانا قووڵە، ناتوانێت گۆڕانکاریی سەرتاسەری بکات، زۆر جار ئەو گۆڕانکارییەیش دەبێتە بار بەسەر نەتەوەکەوە، چونکە لەگەڵ تایبەتمەندیی مانا قووڵەکەی نەتەوەکەدا هاوچەشن نییە، سەرئەنجام بەهۆی زەبروزەنگ و هێزەوە گۆڕانکارییەکە دەسەپێندرێت. لەبەر ئەمەیش بوو کە عەرەبە هاوبەشدانەرەکان، بە هیچ شێوەیەک نەیانگوت (لا الە الا اللە)، چونکە ئەوان لە مانای هیچ پەرستراوێک نییە جگە لە (اللە) بەباشی تێ گەیشتبوون، ترسی ئەوان لە مانا ڕووکەشییەکەی شەهادەت نەبوو، ترسیان لە مانا قووڵەکەی هەبوو. تۆماس ترانستروێممه‌ر (١٩٣١ – ٢٠١٥)ـی شاعیر و دەروونناسی سویدی، گوتەنی: (حه‌قیقه‌ت له‌ سه‌ر ڕێی هه‌موویاندا که‌وتبوو، که‌چی که‌سیان بوێری ئەوەیان نەبوو هه‌ڵی بگرنه‌وه‌).

پێوەری پەسەندکردنی هەر ئایینێک ئەوەیە، لەگەڵ مانای قووڵی نەتەوەدا یەک بگرێتەوە و پەیامێکی گونجاو و ئازاد بێت. ھانا ئارێنت (١٩٠٦ – ١٩٧٥) کە فەیلەسووف و بیرمەندێکی ئەڵمانیایی و ئەمریکاییە، دەڵێت: (ئازادی بریتییە لە نەهێشتنی هەموو بێگانەیەک، دەرکردنی هەموو غەریبەیەک، ملکەچییش بریتییە لە پەسەندکردنی غەریبەکان). مرۆڤ و نەتەوە هەمیشە ئەو شتەی لەگەڵ ماناکانی ئەواندا بگونجێت، بە ئازادی دەزانن و پەسەندی دەکەن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ماناکانی ئەواندا نەگونجێت، ئەوە بەهی خۆیانی نازانن و پەسەندی ناکەن، ئەگەر پەسەندیشی بکەن، بۆ ماوەیەکی کورت دەمێنێتەوە و دواتر لەناو دەچێت. ئازادیی مرۆڤ ئەوەیە، ئەو شتەی پەسەندی دەکات، لەگەڵ ڕۆحییەتی نەتەوەکەیدا بگونجێت و پێی نامۆ نەبێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤیش ئەوەیە، ئەو دەستوورانەی لەگەڵ ماناکەی ئەودا دەگونجێت، پەسەندی دەکات، ئەو شتانەیشی لەگەڵ ماناکەی ئەودا ناگونجێت، وەدەری دەنێت. زانست ئەوەی سەلماندووە کە هەر شتێکی نامۆ بچێتە لەشی مرۆڤەوە، تووشی نەخۆشی دەکات، کۆمەڵگەیش هاوشێوەی جەستەی مرۆڤ، هەر شتێکی نامۆ و زیانبەخش تێیدا سەرهەڵبدات، کاریگەری خراپی لەسەر دروست دەکات.

جگە لەوەی ئایین لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواریدا دەگونجێت، زۆر جار هاندەریشە بۆ پابەندبوون بەم دیاردانەوە، پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمێت: (من كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليصل رحمه. صحیح البخاری) بە کوردی دەبێتە (هەر کەسێک باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە، با پەیوەندیی خزمایەتی بپارێزێت. بوخاری). ئەم فەرموودەیە دەری دەخات کە پێویستە پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بپارێزێت. جگە لەوەیش هەموو ئایینەکانی تری وەکوو مەسیحییەت، هیندۆسیزم و بووزایی، بە ناوی پەیامبەرەکەیان یان نەتەوەکەیانەوە هاتوون، بەڵام ئیسلام هی هیچ گەلێکی دیاریکراو نییە و مۆرکی هیچ کەس و نەتەوەیەکی پێوە نییە.

ئەدەبیاتی کوردی، نموونەیەکی ڕوونە بۆ تێکەڵبوونی ئیسلام و کولتووری کورد. زۆرێک لە شاعیرانی کورد شیعری ئایینیان نووسیوە کە تێیدا ستایشی خودا و پێغەمبەریان کردووە، لە هەمان کاتدا باسی سروشتی کوردستان و ئازارەکانی گەلی کوردیشیان کردووە. نموونەی دیاری ئەم شاعیرانە، وەک (مەولەوی و نالی و ئەحمەد موختار جاف).

ئایینی ئیسلام، کاریگەریی لەسەر پاراستنی ناسنامەی کولتووری کوردایەتی هەبووە، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی بەها و کەلەپوورە کوردییەکاندا گێڕاوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە زمان و کولتووری کوردی لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندا بوونە، زۆر جار دەقە ئایینییەکان و ئەدەبیاتی سۆفیگەری بە کوردی نووسراونەتەوە، ئەمەیش یارمەتیدەر بووە بۆ پاراستی زمانی کوردی. تەریقەتی نەقشبەندی و قادری کە لە کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە و ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی زمانی کوردیدا بینیوە. زۆرێک لە شێخەکانی ئەم تەریقەتانە بە زمانی کوردی قسەیان کردووە و بابەتیان نووسیوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ پاراستنی زمانی کوردی. بۆ نموونە کاک ئەحمەدی شێخ یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی تەریقەتی قادری لە کوردستان و خاوەنی (مەولوودنامە)ٚیە. پیاوانی گەورەی ئایینیش، وەک هەژار موکریانی (١٩٢٠ – ١٩٩١)، موحەممەدی خاڵ (١٩٠٤ – ١٩٨٩) و عەلائەددین سەججادی (١٩٠٧ – ١٩٨٤) کە نووسەر و وەرگێڕی دیاری کورد بوون. خزمەتێکی بەرچاویان بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی کردووە، یەکەمیان قورئانی پیرۆزی کردووەتەوە کوردی و فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی داناوە، دووەمیان فەرهەنگی شێخ موحەممەد خاڵی نووسیوە، سێیەمیان کەلەپووری کوردی کۆ کردووەتەوە.

هەندێک جار ئایین هۆکاری یەکگرتوویی هۆز و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بووە و توانیویەتی لەژێر یەک چەتردا کۆیان بکاتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی میرنشینەکاندا، ئایین وەکوو هێزێکی یەکخەرەوە ڕۆڵی بینیوە. ڕێبەرانی ئایینیش ڕۆڵیان لە خەباتی کورد دژی دەسەڵاتە ستەمکارەکان هەبووە، وەک (شێخ سەعیدی پیران و قازی موحەممەد).

بەهۆی ئایینەوە، مزگەوت و تەکیەکان بوونەتە شوێنی کۆبوونەوە و بڵاوکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و وتار و شیعره نەتەوەییەکان لەو شوێنانەدا دەوترانەوە. لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین: ئایین مانا قووڵەکەی کوردایەتی پیرۆزتر کردووە، پێویست ناکات هیچ کەس و لایەنێک بە ناوی کوردایەتی و نەتەوەخوازییەوە، ئایین ڕەت بکاتەوە، چونکە ئەوە بیانوویەکی ئاوەزمەندانە نییە، بەهۆی ڕەوتار و ئاکاری نەتەوەی عەرەبەوە، پشت لە ئایینێکی ڕاستەقینە بکرێت. ئایین دەستووری ژیانە، بۆیە هەموو گەلێک بەبێ جیاوازی، دەتوانێت لێی سوودمەند بێت. چونکە هەم ڕێبازە (شەریعەتە)، هەم ڕێگە (تەریقەت) و حەقیقەتیشە.
لە ئاییندا ڕێباز بناغەیە، ڕێگە ئامرازە، حەقیقەت ئامانجە و ئەو سێیە لە یەکتر جیاواز نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن، ئەوە بۆیە ڕۆشنبیر، بڕوای بە حەقیقەتێک نییە، پێچەوانەی ڕێباز بێت.

شەریعەت: شارەزابوونە لە قورئان و سوننەت.
تەریقەت: پابەندبوونە بە قورئان و سوننەت.
حەقیقەت: کارلێک و جۆشخواردنە لەگەڵ ڕێسا (ئەحکام)ـەکانی قورئان و سوننەتدا، تاکوو لەم ڕێیەوە لە خودا نزیک ببینەوە.

  • تحسین حەمەغەریب، کەشتیی فیکر و دەریای مەعنەوییەت، چاپی یەکەم ۲۰۱٦، سلێمانی.
  • هەژار موکریانی، قورئانی پیرۆز بە کوردی، ١٩٩١، تاران.
  • أبو عبدالله محمد بن إسماعيل، صحيح البخاري، الطبعة الأولى عام ٢٠٠١، بيروت.
  • أبو الحسين مسلم بن الحجاج بن مسلم القشيري النيسابوري, صحيح مسلم، الطبعة الأولى عام ٢٠١٢، بيروت.

About دیدار عثمان

Check Also

هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی

نووسینی: بەرهەم جەنگڤان بێگومان چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی ئایینی مەسیحی لەناو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە …