:نوسینی نیهاد عوزێر سەعید
پێشهكی
ئەم توێژینەوەیەمان باس لەگۆڕانکاریە ئابووریەکان و بنەمالەی ئەیوبی و باسکردنی کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبی لەخۆ دەگرێت، کە تێیدا باس لە بازارەکان دەکەین کە چۆن توانیویەتی گۆڕانکاری لە بازارەکان بکات و چۆن بازاری رێکخستۆتەوە،ھەروەھا باس بەرھەمە کشتوکالیەکان و بەرووبوومی ئاژەڵی و پیشەسازی دەکەین دواتر باس لە داھاتەکانی دەوڵەتی ئەیوبی دەکەین چونکە ئەم گۆڕانکارییە گڕنگیەکی زۆری ھەبووە لەو سەردەمەدا و دواتر باس لەلایەنی کۆمـەڵایەتی دەکەین کە چۆن توانیویەتی ئەو گۆڕانکارییانە بکات لەناو کۆمەڵگادا و باس لە پێکھاتەکانی دەوڵەتی ئەیوبی و و چین و توێژینەوەکانی دەوڵەتی ئەیوبی دەکەین و باس لەو گۆڕانکارییانە دەکەین لە جەژن و بۆنەکان.
پوخته:
مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابووری دوو لایەنی گرنگی موسڵمانانە لە سەدەکانی ناوەڕاست و ئەم دوو لایەنی گرنگیەکی،زۆری ھەبووە بەتایبەتی لەوکاتەی کە سەلاحەدینی ئەیوبی دەستی بە چاکسازییەکان کرد، ئەم توێژینەوەیەمان بۆ شارەزابوونە بە تەواوی و دروستی لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەیە کە لە سەردەمی سەلاحەدیی ئەیوبی روویانداوە تێبگەین، چونکە لەو سەردەمە جیهانی ئیسلامی گەشانەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی زۆری بەخۆیەوە بینیوە که لێرەدا بۆمان بەدیاردەکەوێت کە سەلاحەدینی ئەیوبی تەنها کەسێکی سەربازی نەبووە بەڵکو کەسێک بووە کە لە هەموو بوارەکان شارەزایی زۆری هەبووە، لە لایەک توانیویەتی موسڵمانان یەک بخات و گۆڕانکاری گەورە دروست بکات، لە لایەکی تر گرنگی بە لایەنی زانستی و بابەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی داوە، سەلاحەدینیئەیوبی توانیویەتی بە شێوەیێکی بەرچاو گۆڕانکاری لە هەموو بوارەکان بکات و بە تایبەتی ئابوری کۆمەڵایەتی سەرەڕای سەرقاڵبوونی بە جەنگ دژی خاچپەرستەکان.
:کەسایەتی سەلاحەدینی ئەیوبی
سەلاحەدینکوڕی نەجمەدین کوڕی ئەیوبە لەقەڵای تکریت لە دایک بووە،ئەو رۆژەی لە دایک دەبێت، لەبەغدا (مجاهد الدين بهروز-١١٢٤ز) فەرمانڕەوایی دەکرد نەجمەدین ئەیوب لە گەل شێرکۆی برای شاری تکریت بە جێبێلن، لە بەر ئەوەی شێرکۆی مامی سەلاحەدینی ئەیوبی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵاکەی کوشتبوو، ئەوەبوو ماڵ و منداڵیان بە رێخست بۆ شاری موسل و لە کاتی کۆچکردن سەلاحەدین لە دایک بوو(سعيد، ٢٠٠٦ز، ١٠).
سەلاحەدینیئەیوبی باوکی رەزای خوای لێبێت والی بوو لە قەڵای تکریت و کەسێکی بەخشندە و میھرەبان و روو خۆش بوو ،دوای باوکی بڕیاریدا کە لە تکریتەوە بچێتە شاری مووسڵ لەگەل ماڵ و منداڵی و لە مووسل مانەوە تاکو کوڕەکەی گەورەبوو .
صلاح الدين ساڵانی منداڵی لە بەعلەبەگ بەسەربرد،کە بە خۆشترین ساڵەکانی ژیانی دەژمێردرێن، بۆیە کاریگەری لە سەر دەروونی و زیرەکی و لێهاتوویی هەبووە ، هەر لەوێوە فێری سوارچاکی بووە ،هەروەها فێری هونەری جەنگی کراوە،بۆیەش کەسێکی موجاهیدی لێ دەرچووە، هەروەها لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کاروباریش تاڕادەیەک کارامە بوو(علی، ١٩٩٥ز، ١٧-١٨).
بەم شێوەيه سەلاحەدینی ئەیوبی تەمەنی منداڵی له بەعله بەگ دا برده سەر، له ساڵی (٥٣٤ك/١١٤٠ز)وردە وردەهێڕشی خاچپەرستەکان زیادی دەکرد بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی،كاتيك خاچپەرستەکان هێڕشیان كرده سەر دەشتی بیقاع له سالی (٥٤٦ک)نەجمەد وئەسەددین شێرکۆ بەرپەچیان دایەوە و پاش شكست پێهێنانیان ژمارەیەک دیلیان لێگرتن، له هەمان ساڵیشدا سەلاحەدینپەیوەندی بە سوپای ئەسەددین شێرکۆ کرد (صلابی، ٢٠٠٨ز ،٢٤٦ -٢٤٩ )
سەلاحەدینی ئەیوبی لە سەردەمێک دا لە شام پێگەیشت و خاچپەرستەکان هێشتا بەهێز بوون، نیو سەدە بەسەر داگیرکردنی ناوچەی جەزیرە کەناراوەکانی شام و فەلەستین و قودس تێپەڕببوو،خاچپەرستەکان گشت ناوچەکەیان لە ژێر دەست بوو، میرنشینڕەها نەبێت کە عیماددین زەنگی سالی(٥٣٩ک/١١٤٤ز ) لێیانی سەندەوە کە خاکی عەرەب لەو روژانەدا تووشی کۆمەڵێک کێشە وگرفت ببوو بە هۆی پەیوەندی خراپی نێوان سەروەرانی و دووبەرەکی لە نێوانیان،هەروەها لە بەر هەبوونی کۆمەڵێک دەوڵەت و میرنشین لە ڕۆژھەڵات لەگەل ڕۆژئاوا جیهانی ئیسلامیدا،دووبەرەکی لە نێوان دەوڵەتی عەباسی لە بەغدا ودەوڵەتی فاتمی لە میسر لە ململانێی سەختدا بوون،سەرەڕای ئەمانەش دەوڵەتێکی بەهێزی موەحیدەکان لە مەغریب دامەزرا گێچەلی حوکمڕانی عەرەب و ئیسلام لە ئەندەلوسیش بەردەوامی هەبوو، لە بەغداش دەوڵەتی خەلیفە تێدەکۆشا شکۆی جاران لە دەست سەلجووقیەکان دەربهێنیت ولە ململانێیەکی بەهێز دابوو بۆ ژیاندنەوەی خەلافەت( حسین ، ٢٠١٢ز ، ١٤ ).
یەکەم: بنەماڵەی ئەیوبیەکان.
ناوی ئەیوبییەکان دەگەرێتەوە بۆ ئەیوبی کوڕی شازی کوڕی مەروان باوکی سەلاحەدینی ئەیوبی،،دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی بنچینەیان جێگای مشتومربووە بۆیە ریوایەتەکان هەریەکەوبەشێوەیێک باسیان دەکەن، هەندێک دەلێن لەکوردی ڕەوادینە لە هۆزی هەزبانی،کە گەورەترین هۆزی کوردیە و ئەوان سەرانی ئەم هۆزەبوونە، سەرەڕای ئەوەی هیچ دەستنوسێک بەدەست نەکەوتووە کە بڵێت ئەوان لە هۆزێکی، دیکەنە تەنانەت لە ئەو کتێبانەی کە تایبەتیانکردبوو بۆ مزگەوت و خوێندنگەکانیش کە لە سەردەمی ئەوان سەری ھەڵدابێت هیچ شتێک نەدۆزراوەتەوە کە بنچینەیان بگەرێنێتەوە سەر هۆزێکی تر(السرحان، ٢٠٢٠ز، ٧٥).
سەلاحەدینی ئەیوبی لەگەل نورەدین مەحمود ویستیان دووبارە خەلافەتی عەباسی لە میسر رابگەیێنن سەر لەنوێ، سەلاحەدین و دارودەستەکەی وتاریان بۆی دەخوێندەوە و ناویان لێنا خەلیفەی عەباسی و لەوکاتەدا٫عازد کلانی گیانی لەدەستدا، بەمەش دەسەڵاتی نورەدینکەوتە سەر میسر و شام، سەلاحەدین بووە نوێنەری لە میسر،بەمەش یەکێتی میسر و شام گەرێندرایەوە،مردنی عاضد الکیاني و نورەدین مەحمود دەرفەتێکی بۆ سەلاحەدینی ئەیوبی رەخساند کە دەسەڵات بەتەواوی بگرێتە دەست و دەوڵەتی ئەیوبی رابگەیەنێت،دوای ئەوەی کە سەلاحەدین دەسەڵاتی خۆی جێگیرکرد لە میسر هەنگاوی دووەمی ئەوەبوو کە شامیش بەدەست بێنێت بۆ گەمارۆدانی خاچپەرستەکان(الطائي، ٢٠١٤ز، ٢٦).
دروستکردنی دەوڵەتی ئەیوبی دەگەڕێتەوە بۆشا ناسر سەلاحەدینی ئەیوبی،توانی لە ماوەی حوکمڕانی لە سالی(١١٧٤-١١٩٣) سەنگەرێکی یەکگرتوو دروست بکات کە لە ڕۆژئاوا برقەی دەگرتەوە و لە رۆژھەڵاتیش دەگەیشتە فورات و لە باکوورەوە لە موسل و حەلەب بوو و لە باشوریش نۆبە و یەمەن و لە ماوەی حوکمڕانی چەندین دەستکەوتی بەدەست هێناوە و سەرکەوتوو بووە لە دژی خاچپەرستەکان(قداوي، ٢٠١٥ز، ٣٢).
تەوەری دووەم:گۆرانکارییە ئابوورییەکان لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی :
یەکەم: هۆکارەکانی گەشەکردنی لایەنی ئابووری:
١-سەقامگیری سیاسی:لەوکاتەدا سەلاحەدینی ئەیوبی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی وڵاتی جێگیر کرد کە ئەش رێ خۆشکەربوو کە بتوانێت دەست بە گۆڕانکارییەکانی بکات.
٢-زۆری داهات:بەھۆی ئەوەی سنوری دەوڵەت بەرفراوانبوو و داھاتی زۆری بەدەست دەکەوت کە ئەمەش ھۆکارێکی دیکەبوو.
٣-سەرچاوەی ئاوی زۆر:وەکوو رووبار و زێیـەکان . توانیان سوودی لێ وەرگرن
٤-خاکی بەپیتی میسر وشام:کە خاکێکی زۆر بە پێت بووە ھەر چ بەرھەمێکیان لێ چاندبێت بەرووبومەکەی زۆر باشبووە.
٥-دادپەروەری و یەکسانی:سەلاحەدینی ئەیوبی کەسێکی دادپەروەر بووە و دادپەری لەناو وڵات بڵاوکردۆتەوە.
دووەم: گرنگی چاندن و سامانی ئاژەلی:
١-چاندن و ئاودێری:
سەلاحەدینی ئەیوبی بۆ ئەوەی خۆی دوربخاتەوە لە کاریگەریەکانی جەنگ گرنگیەکی زۆری داوە بە چاندن و ئاودێری و بۆ ئەوەی زەویەکان باشترین بەرهەمیان هەبێت، لەم سەروبەندەدا میسر و شام بەروبومەکانیان ئالوگۆر کردووە کە ئەمەش بۆ بەرەو پێشبردنی ئابووری و پڕکردنەوەی پێداویستی سەربازەکانیان بووە لە خواردن و جۆرەها شتومەک(علوان، ٢٠٠٥ز، ١١٧).
سەلاحەدین بەشێوەیەکی زۆر هانی چاندن و کشتوکاڵی داوە،بۆیە کشتوکاڵ بە شێوەیەکی بەرچاو گەشاوەتەوە،بە چەسپاندنی حوکمی ئەیوبییەکان کشتوکاڵ گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتوە،و بەرەو پێش چووە،کە ئەمەش بۆتە هۆی گەشانەوەی ئابووری دەولەت،سەلاحەدینی ئەیوبی بیرۆکەی نوێی داهێناوە بۆ برەودان بە چاندن و هانی جوتیارەکانی داوە کە بەرھەمەکانیان باشتربکەن و ڕێژەی بەرھەمەکانیان زیاد بکەن (حسن، ٢٠٠٧ز، ٩).
وادیارە کە گرنگی پێدانی ئەیوبییەکان بە چاندن سوودێکی زۆری ھەبووە بۆ خەلک،بۆیە گرنگیان بە پرد داو، سەلاحەدینی ئەیوبی گرنگی پێدانی کشتوکاڵی بە میر قەراقوشی ئەسەدی سپارد بۆ ئەوەی چاودێری چاندن و کشتوکاڵ بکاتن، لەو سەردەمەدا دوو جۆرە پرد هەبوون ئەوانیش:
١-پردی سوڵتانی:کە تەواوی وڵات سودیان لێ دەبینی و حکومەت سەرپەرشتیاری دەکرد و خەرجیەکانی لە ئەستۆی حوکمەتدابوو.
٢-پردی تایبەت:کە ئەمەش هی لایەنێک یان کەسێکی دیاریکراوبوو،و خەرجیەکانی ئەم پردە لە ئەستۆی ئەو لایەنە بوو(عاشور، ١٩٧٢ز، ١٢٨).
٢-بەروبومەکانی چاندن:
کشتوکاڵ و چاندن لەو سەردەمەدا زیاتر پشتی بە باران بەستبوو،وبەشێکی پشتی بە ئاوی ڕووبارەکان بەستبوو،لە شام هەموو جۆرە بەروبومێک هەبوو لەهەمان کاتدا لە میسریش هەبوون وەکو جۆ و گەنمەشامی و برنج و پاقلە و لۆبیە و سمسم و هەموو جۆرە شوتیێکیشی لێبوو،جگە لەمانەش گرنگی بە چەندین بەروبومێکی دیکەش دراوە وەکو سەوزەوات و شەکر و دەربارەی میوەش هەموو جۆرە میوەیێکی لێبووە وەکو هەنجیر و ترێ و هەنار و مێوژ و خۆخ و توت و بەرێژەیێکی زۆر سێوی لێبووە چونکە هەم بەرهەمەکەی باش بووە هەمیش درەختەکەی دیمەنێکی جوانی دەبەخشی،هەروەها هەندێک بەروبومی دیکە لە شام هەبوو کە لە میسر نەبوو وەکو گوێز و بندەق و هەنجیری زەعرور و رێژەیێکی زۆر زەیتونی لێبوو کە بەشێکی ئەو زەیتونە بۆ زەیتی زەیتون بەکاردەهێنرا(قلقشندي، ١٩١٤ز، ٨٧-٨٨).
لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی دەرمان(الآسمند)بەکار هێندرا بۆ بەهێزکردنی بەرهەمەکانی کشتوکاڵی و گرنگی زۆر بە زەوی چاندن و سیستەمی کەرتی دراوە وەکو ناوچەی(غور)کە بوە کەرتی تایبەت بە ئەمیرەکان و سوڵتان،وا دیارە دەوڵەتی ئەیوبی لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی لەسەر هەمان رێچکەی دەوڵەتی زەنگیدا رۆیشتووە،بۆیە بەکارهێنانی سیستەمی کەرتی لە لایەن سەلاحەدینی ئەیوبی دەرچوون نەبووە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی بەلکو هانی ئەم سیستەمەی داوە(حسن، ٢٠٠٧ز، ٧).
ئاودێری لە میسر بە شێوەیێکی سەرەکی پشتی بە رووباری نیل دەبەست ,،چونکە سەرچاوەیێکی گرنگ بوو بۆ ئاودێری و زەویەکانیان بۆ گۆمی جۆراوجۆر دابەش کرابوو، کاتێک کە لافاو دروست دەبوو ئەوە ئەو گۆمانە پر ئاو دەبوو و چاندنیان پێ دەکرد(عاشور، ١٩٧٢، ١٢٨).
دەربارەی بەروبۆمی چاندن میسر بەناوبانگ بوو بە گەنم و جۆ و نیسک و نۆک و شەکر و سەوزە و میوە و سەلاحەدینی ئەیوبی پلانی تۆکمە و داڕێژراوی بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەکان و پسپۆڕانی دەهێنا بۆ ئەوەی یارمەتی جوتیارەکان بدەن بۆ باشترکردنی بەرهەمەکانیان و بەرەو پێش بردنی جۆری بەرھەمەکان(المقریزي، ١٩٩٨ز، ١٠٠٩).
٣-سامانی ئاژەلی:
سەلاحەدینی ئەیوبی گرنگیەکی زۆری بە ئاژەل و سامانی ئاژەلی داوە،لەوانەش هێستر و ئەسپ و وشتر و گوێدرێژ و مانگا، بۆیە هەموو تواناکانی خۆی خستۆتە گەر بۆ پاراستنیان لە نەخۆشی کە لەو سەردەمە ماوە ماوە نەخۆشی کوشندە لە ناو ئاژەلان بڵاودەبوەوە، لەبەر ئەوەی تاکە ئامرازی گواستنەوەبوو نەیدەتوانی دەستبەرداریبێت،هەڵمەتە سەربازیەکان بەبێ ئەم گیانەوەرانە نەدەکرا،بۆیە سەلاحەدینی ئەیوبی هیچ کاتێک کەم تەرخەمی نەکردووە لە گرنگیدان بە ئاژەڵەکان،بۆیەش بیمارستانێکی دروستکرد و چەندین دکتۆری تایبەتمەندی تێدا دامەزراند بۆ گرنگیدان و چارەسەرکردنی ئاژەلەکان لە نەخۆشی و ئەو گیانەوەرانەی لە جەنگ برینداردەبوون چارەسەردەکرانهەروەها سەلاحەدینی ئەیوبی هەموو پێداویستیەکانی تەندروستی دەستەبەرکرد بۆیان و لە سالی )١١٨٤هـ (نەخۆشیەکی کوشندە لەناو گیانەوەرەکان بڵاو بوەوە کە ڕێژەیێکی زۆری لێ کوشتن،سەرەرای ئەوەی سەلاحەدینی ئەیوبی سەرقاڵی جەنگ بوو بەڵام ئەمە نەبووە رێگر لە ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرکردنیان،هەروەها بەروبومی ئاژەڵی گرنگیەکی زۆری هەبوو بۆ پێشخستنی ئابووری وڵات هەروەها بۆ خواردنیش بەکاردەهێنران کە بریتیبوون لە بزن و مەر و مانگا و وشتر و بەرهەمەکانیشیان وەکو سپیاتی و گۆشت بەکاردەهێنرا بۆ خواردن بۆیەش گرنگیەکی زۆریان هەبوو(محمود، ٢٠١٠ز، ٢٧٧-٢٧٨).
لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا سەلاحەدینی ئەیوبی نەک بەس لە بواری سەربازی زیرەک و لێهاتوو بوە بەلکو لەبواری بازار و کشتوکال و رێکخستنی بازار و پلانی تۆکمەی ھەبووە،بۆیە ئەو پلانانەی کە سەلاحەدینی ئەیوبی داینا بۆ گۆرانکاری و رێکخستنی بازار کاریگەریەکی زۆری هەبووە هەروەها لەبواری کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرهەمی چاندن.
دەرئەنجام:
١-دەکرێت بڵێین بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دەوڵەتی ئەیوبیدا رویاندا دوای لەناوچوونی دەوڵەتی فاتمی کاریگەریەکی زۆری هەبووە لەسەر لایەنی ئابووری وبەچاککردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و رێکخستنەوەی باجەکان و سیستەمی ئاودێری و رێکخستن و دادپەریکردن لەناو کۆمەڵگادا.
٢-سەلاحەدینی ئەیوبی گۆڕانکاری بنچینەیی کرد لە دەوڵەتدا وبەهۆی ئەو چاکسازی و گۆرانکاریانەی کە کردی نەیهێشت کاریگەری شەری خاچ دروشمەکان زۆربێت لەسەر دەولەت بەلکو ئابووری وڵاتی گەشاندەوە.
٣-سەلاحەدینیئەیوبی هەمیشە لە ھەوڵی برەودانبوو بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و رێکخستنەوەی کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری
٤- سەلاحەدینی ئەیوبی توانی جوتیارەکانیش بپارێزێت لە زوڵم و زۆرداری و بەرهەمی کشتوکاڵیان باشتر لێبکات و چەندین کارگەی نوێ دابمەزرێنێت.
٥-هەروەها نەیهێشتووە هیچ چینێک لە کۆمەڵگا خۆیباڵا دەستر بکات بکات بەسەر چینەکانی دیکەوە و مافی جولەکە و مەسیحیەکانیشی پاراستووە.