یه‌كی ئایار بۆچی و چۆن كرا به جه‌ژنی كرێكارانی دنیا؟!
له‌ساڵی 1875دا كرێكارانی كانگای پنسلڤانیای ئه‌مریكا مانیان گرت، به‌ڵام خاوه‌ن كانگایه‌كان كه پاسه‌وانی چه‌كداری تایبه‌تیان هه‌بوو به هاوكاری پۆلیسی سه‌ر به كۆمپانیاكانی خه‌ڵوز‌و پۆڵا مانگرتنه‌كه‌یان دامركاندنه‌وه‌و ده‌ستیان كرد به بیانوو و ته‌شقه‌ڵه‌كردن به كرێكاره چالاك‌و ژیر‌و رێبه‌ره‌كان تا توانییان (19) سه‌ركرده‌ی مانگرتنه‌كه به تۆمه‌ت‌و بیانووی جیاجیا به ئیعدام كردن بده‌ن.
به‌ڵام جووڵانه‌وه‌ی كرێكارانی ئه‌مریكا هه‌ر زوو له په‌ره‌سه‌ندن‌و هه‌ڵچوون بوو. تا ساڵ گه‌یشته 1886 كه له مانگی ئه‌یاره‌كه‌یدا رووداوی ئه‌وتۆ قه‌ومان كه له مێژووی جووڵانه‌وه‌ی كرێكارانی ئه‌مریكادا ناسڕێته‌وه. له‌و مانگه‌دا مانگرتنه‌كان شه‌پۆل له‌دوای شه‌پۆل له نیویۆركه‌وه تاوه‌كو سان فرانسیسكۆ جمه‌یان ده‌هات. داخوازی سه‌ره‌كیشیان ئه‌وه‌بوو كه رۆژانه هه‌ر هه‌شت (8) سه‌عات كاریان پێ بكه‌ن. مه‌ڵبه‌ندی ئه‌و مانگرتنانه‌ش شیكاگۆ بوو كه له یه‌كی ئه‌یاری 1886دا پتر له 40000 كرێكار رژانه كۆڵانه‌كانه‌وه‌و مانیان گرت. دوو رۆژ مانگرتنه‌كان به ئاشتی‌و به‌هێمنی به‌ڕێوه‌چوون، چونكه مانگرتنه‌كه زۆر باش رێكخرابوو، زۆریش باش به‌ڕێوه ده‌بران.
به‌ڵام له 3ی ئه‌یاری 1886دا مانگرتووه‌كان له‌لای كارگه‌ی (ماكورمیك)ی ئامرازه‌كانی كشتوكاڵی، تووشی ده‌رگیری هاتن له‌گه‌ڵ چه‌قۆكێشه مانگرتن شكێنه‌كانی به‌كرێگیراو. پۆلیسیش ئه‌وه‌ی به هه‌ل زانی‌و مانگرتووه‌كانی دایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و له‌ئه‌نجامدا شه‌ش كه‌س كوژران‌و (50)ی تریش بریندار بوون.
بۆ رۆژی دوایی واته 4/ئایاری/1886 له گۆڕه‌پانی شاره‌وانی شیكاگۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری زۆر گه‌وره به‌سترا بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له دژی ئه‌و په‌لاماردانه دڕندانه‌یه‌ی پۆلیس، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له سه‌ره‌تادا زۆر به رێكوپێكی‌و به ئارامی ده‌ڕۆیشت، سه‌رۆكه سۆشیالیسته‌كانی كرێكارانی شیكاگۆ، (پارسونس)و (شپیس)و (فیلدین) قسه‌یان بۆ خه‌ڵكه‌كه كرد‌و داوایان لێ كردن كه هوشیار بن‌و ماوه نه‌ده‌ن پۆلیس ته‌شقه‌ڵه‌ی تریان پێ بكات‌و ده‌ستی تریشیان لێ بوه‌شێنێت، داوایان كرد كه خه‌ڵكه‌كه خۆڕاگری‌و خه‌باتی خۆیان به هێمنی‌و ئارامی بنوێنن، به‌ڵام پێش ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كه، پۆلیس گه‌یشته شوێنه‌كه‌و ده‌ست به‌جێ گێره‌شێوێنێك نارنجۆكێكی ده‌ستی ئاراسته‌ی پۆلیس كرد‌و یه‌كێكیان لێ كوژرا‌و 5 كه‌سیشی لێ بریندار كردن. ئه‌وسا پۆلیس هه‌له‌كه‌ی قۆسته‌وه‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دایه به‌رده‌ستڕێژی گولله‌و ژماره‌یه‌كی زۆری له كرێكاره‌كان بریندار كرد‌و كوشت كه له بڵاوه لێ كردن بوون.
دوابه‌دوای ئه‌و رووداوه، ده‌سه‌ڵاتداران هێرشی دڕندانه‌یان كرده سه‌ر كرێكاران‌و ده‌ستیان كرد به گرتنی سه‌ركرده چالاكه‌كانیان له سه‌رانسه‌ری وڵات دا.
حه‌وت كه‌س له سه‌رۆكه‌كانی كرێكارانی شیكاگۆ درانه مه‌حكه‌مه به‌م ناوانه‌ی خواره‌وه: (ئه‌لبێرت پیرسۆنس)و (ئۆگوست شیپس)و (صموئیل فیلدین)و (یوچین شفاب)و (ئه‌دۆلف فیشه‌ر)و (جۆرج ئه‌نگل)و (لویس لینگ)و ئۆسكار نیبیه)، تۆمه‌تی پیاوكوشتنیان دا به پاڵ هه‌ر حه‌وتیان، هه‌رچه‌نده هه‌موویان جگه له (فیلدین) پێش شه‌ڕه‌كه كۆبوونه‌وه‌كه‌یان جێهێڵابوو چه‌ندین شایه‌دی ساخته‌و به‌كرێگیراویشیان بۆ سازدان‌و بوختانی شاخداریان بۆ رێكخستن.
هه‌ر حه‌وت سه‌ركرده‌ی كرێكارانیش پیاوانه‌و سه‌ربه‌رزانه له مه‌حكه‌مه‌دا وه‌ستان‌و نه‌ك هه‌ر پارێزگاریان له خۆیان كرد، به‌ڵكو تۆمه‌تیشیان دایه پاڵ ئه‌وانه‌ی ئه‌وانیان تاوانبار ده‌كرد. ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان كه (پیرسۆنس) بوو (خۆی شاردبۆوه)، به‌ڵام رۆژی مه‌حكه‌مه‌كه خۆی به پێی خۆی هاته مه‌حكه‌مه‌كه‌و چووه لای هه‌ڤاڵەكانییه‌وه هه‌رچه‌نده ده‌شیزانی كه مردن چاوه‌نواڕێتی.
مه‌حكه‌مه‌كه‌ش حه‌وتیان به خنكاندن حوكم دا، هه‌ر ته‌نها، (ئۆسكار نیبیه) به 15 ساڵ زیندانی قورس حوكم دا، ئه‌و حوكمانه‌ش بووه هۆی ناڕه‌زاییه‌كی سه‌رانسه‌ری له ئه‌مریكا‌و ئه‌وروپا‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه عه‌ریزه‌ی ناڕه‌زایی ره‌وانه‌كران به‌جۆرێك زۆر كاریگه‌ر بوو كه حاكمی ولایه‌تی (ئیللینوی) ناچاربوو له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌و ناڕه‌زاییه‌دا حوكمی خنكاندنی (فیلدین)و (شفاب) بگۆڕێ به زیندانی هه‌تاسه‌ر.
پێش هه‌ڵواسینی ئه‌وانی تریش، (لویس لینگ) له زیندانا خۆی كوشت، له 11/تشرینی دووه‌می/1887یشدا حوكمی خنكاندنی (پیر سۆنس)و (شبیس)و (ئه‌نگل)و (فیشه‌ر) به‌جێهێندرا‌و هه‌موویان وه‌ك قاره‌مان چوونه به‌ر په‌تی سێداره‌و سه‌ربه‌رزانه‌و دلێرانه مردن، ته‌نانه‌ت دوا وته‌ی (شبیس) ئه‌مه‌ی خواره‌وه بوو:
«رۆژێك دێ بێ ده‌نگیه‌كه‌مان ره‌وان تر بێت له قسه‌كانمان».
جا له كۆبوونه‌وه‌ی 14/ته‌مموزی/1889ی سۆشیالیسته‌كاندا، كه له شاری پاریس‌و له سالۆنی (بیترێل) به‌ستیان بڕیاردرا كه رۆژی یه‌كی ئایار بكرێته جه‌ژنی كرێكارانی دنیا، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به سه‌رپه‌رشتی (فریدیك ئه‌نگلیز)و به به‌شداری 390 نوێنه‌ری كرێكار‌و رێكخراوه سۆشیالیسته‌كانی بیست وڵات به‌سترا.
جگه له وڵاته ئه‌وروپاییه‌كان، نوێنه‌رانی ئه‌مریكا‌و ئه‌رژه‌نتین-یش به‌شداریان تیا كرد.
كۆبوونه‌وه‌كه كه به ئاڵای سوور‌و دروشمی كرێكارانه رازابۆوه، له‌لایه‌ن (پول لافارگ)ی سه‌ركرده‌ی شۆڕشگێڕی سۆشیالیست كرایه‌وه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ندین كه‌س له هاوڕێیانی ماركس به‌شداربوون وه‌ك (بیبل)و (لیپكنیخت)و (لافارگ)و (ئه‌گلیسیاس)و (میسا)و (ده‌باب)و (لونگه)و چه‌ندین له به‌شداربووه‌كانی كۆمیۆنی پاریسیش به‌شداریان تیاكرد، به‌تایبه‌تی (فرانكل)و (فایان)و (جاكلار)و چه‌ندین تێكۆشه‌ری تازه هه‌ڵكه‌وتووی وه‌ك (كلارازیتكن)و (پلیخانۆف)و (زاسولیچ)و (كسیلدروی) روسیه‌ش.
دوابه‌دوای بڕیاری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی سۆشیالیسته عیلمیه‌كان، كه سه‌ره‌تای خۆسازدان بوو بۆ دامه‌زراندنی ئینته‌رناسیۆنالی دووه‌مین، له ساڵی 1890دا له یه‌كی ئایاردا له‌سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا زه‌ماوه‌ندی جه‌ژنی یه‌كی ئایار بۆ یه‌كه‌مین جار به خۆپیشاندان‌و كۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌و فراوانی كرێكاران گێڕدرا.
بۆ نموونه له ڤیینا سه‌د هه‌زار كه‌س‌و له بۆداپیست شه‌ست هه‌زار كه‌س‌و میرسای‌و لیون چل هه‌زار كه‌س‌و له پراگ 35 هه‌زار كه‌س‌و له ستۆكهۆڵم‌و شیكاگۆ ده‌یان هه‌زار كه‌س‌و له ڤارسۆڤیا بیست هه‌زار‌و له به‌رشه‌لۆنه سه‌د هه‌زار‌و له له‌نده‌ن سێ سه‌د هه‌زار كرێكار به‌شداریان له خۆپیشاندان‌و كۆبوونه‌وه‌كان دا كرد.
به‌و جۆره یه‌كی ئایار كرا به جه‌ژنی كرێكارانی هه‌موو دنیا كه له‌ژێر دروشمی ئه‌ی كرێكارانی هه‌موو دنیا یه‌كگرن. زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی ده‌گێڕدرێت.
ئه‌م وتاره‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له كوردستانی نوێ ژماره 1275 رۆژی 3/5/1996 بڵاوكراوه‌ته‌وه.