نووسینی: بەرهەم جەنگڤان و عەبدوڵڵا کوردی
بەشی یەکەم: پێشینە و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شەڕەکە
لە سەدەی پانزەیەمی پێش زاییندا میتانییەکان پێگەیەکی مەزنیان لەڕۆژهەڵاتی نزیک هەبوو، ئەویش دوای ئەوەی لاوازبوونی بابلی و ئاشووری و هیتییەکانیان بەهەل زانی و بە سوود وەرگرتن لە ئەسپ و گالیسەکەی سەربازی، کە یارمەتیانی دەدا بەخێرایی بڵاوببنەوە، توانیان خاکی شانیشینەکەیان فراوان بکەن، بە چەشنێک ناوچەکانی نێوان کەنارەکانی ڕۆهەڵاتی دەریاری سپی ناوەڕاست و شاری نوزی نزیک کەرکوکیان خستە ژێر دەستی خۆیان.
هێزەکانی میتانی لەگەڵ هێزەکانی شانشینی نوێی میسر بەریککەوتن، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە فیرعەونەکانی میسر دوای یەکخستننەوەی وڵاتەکەیان دەستیان کرد بە سەپاندی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچە دراوسێیەکانی باکووری وڵاتەکەیان، بەتایبەت مەڵبەندە سەرەکییەکانی بازرگانی. مەبەستی سەرەکیشیان لەمەدا باشکردنی باری ئابووری وڵات بوو، ئەویش لە ڕێگەی ئەو ماڵ و موڵکەی کە لە کاتی ئەنجامدانی هەڵمەتە سەربازییەکان و سەپاندی باج بەسەر خەڵکی دەڤەرەکاندا بەدەستیان دەهێنا.
یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەش لە سەردەمی فیرعەونی میسری (تحۆتمسی یەکەم ) بوو، کە لە ساڵی شەشەمی دەسەڵاتی خۆیدا بە سەرپەرشتی هەڵمەتێکی سەربازی گەیشتە کارکیمیش(دەکەوێتە جەرابلوس لە ڕۆژئاوای کوردستان) لەسەر ڕووباری فورات و توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. هەرچەندە میسرییەکان سەرکەوتووبوون، بەڵام سەرکەوتنەکەیان کاتی بوو، چونکە دوای گەڕانەوەی فیرعەونی گەنج دەسەڵاتدارەکانی شام وازیان لە باجدان هێنا و خۆیان ئامادەکرد بۆ بەرەنگاریی هەر هێرشێکی تری میسر کە لە داهاتوودا بکرێتە سەریان
بەم جۆرە تحۆتمسی یەکەم و دواتریش جێنشینەکەی (تحۆتمسی دووەم ۱٥۱۰-١٤٩٠پ.ز) نەیانتوانیوە ڕێگری لە پەرەسەندنی دەسەڵاتی شانشینی میتانی و زیادبوونی هەژموونی ئەو شانشینییە لە شام بکەن، هەروەها لە سەردەمی شاژن (هەڵتیسوت ١٤٩٠-١٤٦٨پ.ز)یش میسرییەکان هەوڵیان نەدا دەست بەسەر شام بگرنەوە، چونکە سیاسەتی ئەم شاژنە ئاراستەی ئەفریقا بوو.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین ویستی میسر بۆ سەپاندی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکانی شامدا، کە بەشێک بوو لە پڕۆسەی فراوانخوازییەکانی، کە دوای یەکخستی وڵاتەکە و دەرکردنی هەکسۆسەکان دەستی پێکرد بوو، لەگەڵ ویستی میتانییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکانی شامدا و مانەوەیان وەک زلهێزێکی ناوچەکە لەڕێگەی پشتگیریکردنی هاوپەیمانتێیەکەی بەهێزی بەشێک لە شارەکانی شام، کە نەیان دەویست ژێردەستەی میسر بن، هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی شەڕەکە بوونە.
بەشی دووەم: هەنگاوەکان بەرەو مەگیدۆ
دوای مردنی شاژنە هاتشێپسوت لە نزیکەی ساڵی ١٤٨٠ پ.ز تحۆتمسی سێیەم بوو بە تاکە فەرمانڕەوای میسر. ناوبراو یەکەم شت کە گرنگی پێدەدا کارکردن بوو بۆ نەهێشتی هەژموونی شانشینی میتانی و گەڕاندنەوەی هەژموونی میسر بوو بۆ شام، لە بەرانبەردا شانشینی میتانی پشتگیریی هاوپەیمانییەکی بەهێزی دژە میسریی نێوان بەشێک لە فەرمانڕەوای شانشینەکانی شامی دەکرد، کە لە لایەن فەرمانڕەوای قادش ەوە سەرکردایەتی دەکرا، کە لەوانەیە میتانی بووبێت، یان یەکێک بووە لە جێبەجێکارانی سیاسەتی میتانی لەدەڤەرەکەدا.
فیرعەونی میسری تحۆتمسی سێیەم یەکەم هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر شام دەستپێکرد، بەمەبەستی ڕووبەڕوووونەوەی ئەو هاوپەیمانێتەی کە شانشینەکانی شام بە سەرکردایەتی فەرمانڕەوای کادش پێکیان هێنابوو و لەلایەن میتانییەکانەوە پشتگیری دەکرا و دەستیان بەسەر جموجوڵی بازرگانییدا گرتبوو. لە بەرانبەردا فەرمانڕەوای کادش پتر لە سێ سەد فەرمانڕەوای شارەکانی شامی کۆکردەوە و لە شاری مەگیدۆ(شوێنێکە لە ئیسرائیل و نزیکە لە سنووری فەلەستینەوە)جێگر بوو و لەوێ و چاوەڕێی هاتنی سوپای میسری کرد.
شایەنی باسە تحۆتمسی سێیەم لە بیست و پێنجەمین ڕۆژی مانگی هەشتەمی ساڵی بیست و دووەمی حوکمڕانیدا، بە هێزێکی ١٥ بۆ ٢٠ هەزار پیاوەوە، کە ڕەنگە پێنج هەزار پیاوی زۆرتر بووبێت لەو هێزەی لە مەگیدۆ جێگر ببوون، لە قەڵای سنووریی تجاروی ڕۆژهەڵاتی میسرەوە پێشڕەویی کرد و لە ڕۆژی چوارەمی مانگی نۆیەمی بیست و سێهەمین ساڵی تەمەنیدا، کە ساڵڕۆژی دانیشتنی بوو لەسەر تەختی پاشایەتی گەیشتە غەززە ئەم پێشڕەوییە خێراییەی سوپای میسر و نەبوونی بەرخۆدانی بەرچاو لەلایەن شارەکەوە جێگای سەرسوڕمانە! بەتەواوی ڕوون نییە کە بۆچی هاوپەیمانان بەرەنگاریی پێشڕەوی تحۆتمسیان لە غەززەدا نەکرد، پێدەچێت لەبەر ئەوە بووبێت، کە شارەکە دڵسۆزی فیرعەون بووبێت یان شێوەیەکی چالاکانە دوژمنایەتی میسرییەکانی نەکردبێت، یاخود ڕەنگە سەرکردایەتیی سوپای هاوپەیمانان پێان باش بووبێت لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی سوپای میسر ببنەوە، کە ئەو شارە شوێنکەی سەخت بووە و دەیانتوانی باڵادەست بن بەسەر سوپای میسردا،جگە لەوەش گەر بەرەو غەززە بڕۆشتنایە زۆرتر لە باکوری شام دووردەکەوتنەوە کە دەڤەرەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بوون.
سوپای میسر تەنها شەوێک لە شارەکەدا مایەوە، لەو شەوەشدا سەربازەکان ئاهەنگێکی گەورەیان بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی دەستبەکاربوونی فیرعەون ساز کرد. دوای یازدە ڕۆژ لە جێهێشتنی غەززە، فیرعەون گەیشتە شارۆچکەی یەحم لە دامێنی زنجیرە شاخی کامیل. لەوێ ئاگادارکرایەوە کە دوژمن لە دیوەکەی تری زنجیرە شاخەکەیە و لە دەشتی ئەسدرایلۆن جێگیر بووە و شارە قەڵادارەکەی مەگیدۆیان وەک چەقی بەرگری خۆیان هەڵبژاردووە.
فیرعەونی میسر لە یەحم کۆبوونەوەیەکی سەربازی ئەنجامدا بەمەبەستی ڕاوێژکردن بە فەرماندە باڵاکانی تا ڕێگایەک هەڵبژێرێت لەو سێ ڕێگایەی دەچوونەوە سەر مەگیدۆ، ڕێگاکانیش ئەمانە بوون:
١.لە باکوورەوە ڕێگای یۆکنیام هەبوو کە بەرەو شارەکە دەڕۆشت، هەرچەندە ڕێگایەکی دوورودرێژ بوو، وەلێ ئاسان بوو بۆ سەربازەکان پێدا تێپەڕببن.
۲.لە باشوورەوە ڕێگای تانەخ هەبوو، کە ئەویش وەک ڕێگای یەکەم درێژ بوو، بەڵام ئەم ڕێگایەش ئاسان بوو سەربازەکان پێیدا تێپەڕببن.
۳.لە ناوەڕاستەوە ڕێگای ئارۆنای هەبوو، کە کورتترین ڕێگا بوو بۆ گەیشتە بە شارەکە، لێ ڕێگایەکی ناڕێک و و شاخاویی بوو، ئەستەم بوو سوپای میسر کە پڕچەک و کەرەستە بوو پێیدا تێپەڕ ببێت.
کاتێک فیرعەون ڕایگەیاند کە بەنیازە بە ڕێگای سێیەمدا بڕوات، فەرماندەکان پێشنیازیان بۆ کرد کە یەکێک لە دوو ڕێگاکەی دیکە هەڵبژێرێت، چونکە ڕێگای ئارۆنا ڕێگایەکی سەخت و پڕ مەترسییە، بەڵام فیرعەون پێی وتن دەیەوێت لەو ڕێگایە بڕوات بۆ شارەکە و دوژمنەکانی سەرسام بکات. دواجار لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دار لەڕێگای ئارۆناوە بۆ شارەکە بەڕێبکەون.
دوای ئەوەی سوپای میسری خۆی ئامادەکرد، ڕێگای ئارۆنای گرتە بەر، تحۆتمس مەترسی گەورەی لەسەر بوو بەوەی کە سوپاکەی بکرێتە چەند بەشێکەوە و لە یەک داببڕێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و پاش نزیکەی سی ڕۆژ ڕێگاکەیان بڕی و گەیشتنە نزیک شارەکە. دواتر فیرعەون بە ئامۆژگاریی ئەفسەرەکانی لە دەروازەی دۆڵی کینادا جێی خۆی گرت و سەربازگەی دانا، بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشەکانی لایەنی بەرانبەر بپارێزێت. لەم نێوەندەدا ئەوەی سەیرە هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشیان نەکردە سەر سەربازگەکەی فیرعەون! هۆکارەکەی لەوانەیە ناکارامەیی و ترسنۆکی فەرماندەیی باڵای هاوپەیمانان بووبێت، یاخود ناپاکیان لەناودا بووبێت، لەوانەشە بەشێکییان دوودڵ بوون لە بەشداریکردن لەو هاوپەیمانێتییە، هەروەها پێدەچت لاوازیی هەواڵگیرییش هۆکار بووبێت، چونکە وا دیارە نەیان زانیوە سوپای میسر لە دەروازەی دۆڵەکەدا سەربازگەیان داناوە، چونکە گەر بیانزانیبایە سوپای میسر لە دەروازەی دۆڵەکەدا سەربازگەیان داناوە، ئەوکاتە دەیانتوانی بە تەواوی هێزی خۆیانەوە هێرش بکەنە سەر سەربازگەکە و سوپاکەی فیرعەون تەفروتونا بکەن. ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە تا یەکێکیان هەڵبژێرین، بەڵام پێمان وایە لەناو ئەو هۆکارانەی باس کران لاوازی هەواڵگریی و ناکارامەیی فەرماندەیی باڵای هاوپەیمانان هۆکاری سەرەکی بوونە.
بەشی سێیەم: ڕووداوەکانی شەڕەکە
بەتەواوی نازانین لە شەڕەکەدا چی ڕوویداوە، بەڵام ئەگەر بەپێی گێڕانەوەکانی ساڵنامەکان بڕیار بدەین ئەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هێرشی سوپای میسر هێزەکانی هاوپەیمانانی تووشی سەرلێشێواویی و ترس کردووە و دوای شەڕێکی کورت لە سەربازگەکەیان هەڵاتوون و ئەسپەکانیان و گالیسکە زێڕین و زیوەکانیان جێهێشتووە. ترس و دڵەڕاوکێ و سەرلێشێواویی ناو سوپای هاوپەیمانان دەرفەتێکی زێڕینی بە میسرییەکان دا کە بە خێرایی سوپاکە لەناوببەن و شارەکە بگرن، وەلێ سەربازە میسرییەکان ئەم دەرفەتیان نەقۆستەوە و ڕاوەدوویان نەنان، بەڵکو سەرقاڵی کۆکردنەوەی ماڵ و سامان بوون، بەتایبەت ئەسپ و گالیسە زێرین و زیوییەکان کە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە جێهڵێدرابوون.
دانیشتوانی شارەکە کە لەسەر دیوارەکانەوە سەیری شەڕەکەیان دەکرد، دوای ئەوەی بینیان سوپای هاوپەیمانان دەشکێت، ترسان و دەرگاکانی شارەکەیان بە ڕووی دۆست و دوژمندا داخست، بەڵام هەندێک لە هاوپەیمانان بەتایبەت پاشا و فەرمانڕەواکان لەناویاندا فەرمانڕەوای شارەکە و قادش جلوبەرگەکانیان داکەند و پەتێکیان لێ دروست کرد و لەلایەن خەڵکی شارەکەوە ڕاکێشرانە سەرەوە، کە لە ساڵنامەکاندا بەتەنزەوە باس کراوە. ئەوانەشی کە مابوونەوە دوای ئەوەی بینیان دەروازەکانی شارەکە داخراوە لە باکوورەوە لەڕێگەی دەشتی ئەسدرالۆن هەڵهاتن و خۆیان دەرباز کرد.
پێدەچێت فەرمانڕەوا و پاشاکان زۆر لەناو شارەکەدا نەمابێتنەوە، چونکە کاتێک مەگیدۆ کەوت، ئەوان لەنێو دیلەکاندا نەبوون، فەرمانڕەوای قادش، هەڵهات بۆ ئەوەی جارێکی تر شەڕ بکاتەوە و بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر فیرعەون تووشی کێشە بکات. ڕەنگە سەرۆک و فەرمانڕەواکان تەنیا ئەوەندە لە شارەکەدا مابووبێتنەو کە چەند شوێنکەوتوویەکیان کۆبکەنەوە، و پاشان لە دەروازەی باکوورەوە هەڵهاتبن.
جێی گوتنە لە ساڵنامەکەدا ئاماژە بە زیانی گیانی هێزی هاوپەیمانان کراوە کە ٨۳ سەرباز بووە، هەرچەندە ئەم ژمارەیە ڕەنگە نوێنەرایەتی ژمارەی وردی کوژراوەکان نەکات، بەڵام ژمارە ڕاستەقینە نزیکە لەم ژمارەیەوە، چونکە وەک پێشتر باس کرا هاوپەیمانان دوای ئەوەی شەڕێکی زۆر کورت لە سەربازگەکەیان هەڵهاتن و سوپای میسریش لەبری ئەوەی ڕاوەدوویان بێنن خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلە و کەرەستە جێهڵدراوەکانیان بوون، بۆیە دەشێت ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لایەنی شەڕەکە کەم بووبێت.
دوای ئەوەی سوپای میسر دەرفەتە زێڕینەکەیان بۆ سەرکەوتنێکی خێرا لە دەستدا، ناچار بوون شارەکە گەمارۆ بدەن، هەرچەندە شارەکە دەکەوتە سەر گردێک لە دامێنی زنجیرە شاخێک و شوێنێکی بەهێز بوو بۆ بەرگریی، بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی هاوکارییەکان و توندیی ئابڵۆقەدانەکەوە، دوای حەوت مانگ هاوپەیمانان هاتنە دەرەوە و خۆیان بە دەستەوە دا. بەم جۆرە شارەکە کەوت و شەڕ و ئابڵۆقەدانی مەگیدۆ بە سەرکەوتنی میسرییەکان
بەشی چوارەم: هۆکارەکانی سەرکەوتنی میسرییەکان لە شەڕەکەدا
دیرۆکنووس و میسرناسی ئەمریکی (هارۆڵد هایدن نێڵسۆن ١٨٧٨-١٩٥٤) چەند هۆکارێکی دەستنیشان کردووە بۆ شکستی هاوپەیمانان و سەرکەوتنی میسرییەکان ئەوانیش:
١.هەرچەندە هاوپەیمانان هێزێکی زۆریان کۆکردبۆوە، بەڵام پێدەچێ بە پەلە کۆکرابێتنەوە باش ئامادە نەکرابێتن بۆ شەڕ.
۲. بێگومان زۆربەی فەرمانڕاوەکان پێچەوانەی ویستی خۆیانەوە و بە ناچاریی چوونەتە ناو هاوپەیمانییەکە.
۳.لەوانەیە سوپای میسرییەکان لەوە گەورەتر بووبیت،کە هاوپەیمانان چاوەڕێیی بووبن ڕووبەڕووی ببنەوە.
٤. زۆربەی فەرمانڕەواکان خاکەکەیان لە باکووری شام بوو، بەڵام شوێنی شەڕەکە لە باشووری شام بوو، دەبێ زۆرێک لە هاوپەیمانان هەستیان بە دووربوون لە خاکی خۆیان کردبێت و لەگەڵ پێشکەوتنیان بەرەو باشوور پاڵنەری شەڕکردنیان لە دەست دابێت.
جیا لەم هۆکارانە، ئێمە پێمان وایە دوو هۆکاری سەرەکی دیکەش هەبوون، کە بوونە هۆی شکستی هاوپەیمانان و سەرکەوتنی میسرییەکان، ئەوانیش:
۱. تحۆتمسی سێیەم سەرکردەیەکی زیرەک و ئازا بووە، هەروەها شارەزایی هەبووە لە بەکارهێنانی تاکتیک و ستراتیژییەکان.
۲.لاوازیی هەواڵگریی هاوپەیمانان، کە سیخوڕیان لە هەموو شوێنێک نەبوو تا لە پێکهاتە و جوڵەکانی سوپای فیرعەون ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی پێش شەڕ ڕیزەکانیان تۆکمە بکەن و بە باشی خۆیان ئامادە بکەن، تا بتوانن لەبەرانبەر هێرشی سوپای میسریدا خۆڕاگربن.
بەشی پێنجەم: بایەخ و لێکەوتە دوورمەوداکانی شەڕەکە
وەک باس دەکرێت گرتنی مەگیدۆ یەکسانە بووە گرتنی هەزار باژێڕ، چونکە لە شەڕ و گەمارۆدانەکەدا سوپا ماڵ و سامانێکی فرەی بەدەستهێناوە، کە مەزندە دەکرێت پتر لە سێ سەد دیل و هەزاران ئەسپ، چەندان قەڵغان و کەوان و بڕێکی زۆر زێڕ و زیو بڕۆنز، لەگەڵ زۆرێک لە منداڵەکانی فەرمانڕەواکان وەک بارمتە. ئەو دەستکەوتە زۆرەی سوپای میسر لە شەڕەکەدا بەدەستی هێنا،سەلمێنەری ئەوەن کە شارەکانی شام زەنگین بوونە، بەجۆرێک کۆڵەکەکانی خێوەتەکانی فەرمانڕەواکانی کەنعان بە زێڕ و زیو ڕووپۆش کرابوون. ئەمەش شتێکی سروشتی بووە، چونکە فەرمانڕەواکان دەسەڵاتداری ئەو باژێڕ و دەڤەرانە بوونە، کە کەوتبوونە سەر ڕێگای بازرگانی، بۆیە توانیویانە ماڵ و سامانێکی زۆر کۆبکەنەوە.
جیا لە دەستکەوتەکان گرنگیی شەڕەکە لە ساڵنامەکانی فیرعەوندا بە دەردەکەوێت، چونکە لەو ساڵنامانەدا باسی شەڕی مەگیدۆ و هەڵمەتی یەکەم زۆرتر کراوە بەراورد بە شەڕ و هەڵمەتەکانی تری فیرعەون. هۆکاری گرنگیی شەڕەکە بۆ خودی فیرعەون ئەوە بوو کە، ئەو شەڕە بووە درێژە پێدەری هەڵمەتە سەربازییەکانی وی، کە ئەو هەڵمەتانەش فیرعەونیان کردە گەورەترین داگیرکەری سەردەمی خۆی. جگە لەمەش بەشێوەیەکی گشتی شەڕەکە بۆ میسرییەکان گرنگ بووە، چونکە دوای ماوەیەک لەم شەڕە ئیمپراتۆریەتی میسر گەشتە ترۆپکی هێز و زۆترین خاکی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
زمانەوان و میسرناسی ئینگلیزی (د. ڕیمۆند ئۆلیڤەر فۆکنەر ١٨٩٤-١٩٨٢ز) پێی وایە گرنگی شەڕەکە لەوەدایە، کە بۆ یەکەمجار لە دیرۆکی تۆمارکراودا فەرماندەیەک دەبینین کە نەک هەر سەربازێکی ئازا بووە، بەڵکو ژەنەراڵێکی بەتواناش بووە، کە بوێری ئەوەی هەبووە ڕێگایەکی مەترسیدار بگرێتە بەر تا بە ئاسانی و لە کاتێکی کەمدا بتوانێت ئامانجەکەی بەدەستبهێنێت.
دەتوانین بڵێین ئەو تاکتیک و ستراتیژەی لەم شەڕەدا بەکارهات، لە مێژووی هونەری جەنگیدا شوێنی خۆی گرتووە. لە ئایندەشدا ڕەنگە بۆ فەرماندە وجەنڕاڵەکان بەکەڵک بێت، وەک ئەوەی ڕەنگە لە یەکەم جەنگی گێتییدا و لە ساڵی ۱۹۱٨دا شوێنەوارناس و نووسەری بەریتانی سەرهەنگ تۆماس ئیدوارد لۆڕێنس (لۆرانسی عەرەب) بەهۆی زانیارییەکانی خۆی لە مێژووی کەڤندا پێشنیازی بۆ (جەنڕاڵ ئالنبی١٨٦۱-۱۹۳٦ز) کردبێت کە لە ڕێگای ئارۆناوە سوارەکانی بخاتە پشت سوپای تورکەکانەوە و شکست بە تورکەکان بهێنێت.
سەبارەت بە کاریگەریی و لێکەوتە دوورمەوادەکانی شەڕەکەش، دکارین ئاماژە بەوە بکەین کە دوای کەوتنی باژێڕەکە ئەستەم بوو جارێکی تر هاوپەیمانێتییەک پێک بهێنرێت کە زۆربەی شارەکانی شامی تێدا بێت، چونکە ئەم شکستە گەورەیەی هاوپەیمانان بووە هۆی ئەوەی باشووری شام ببێتە ناوچەی هەژموونی میسر، بەتایبەت کە لە هەڵمەتەکانی دواتری فیرعەوندا هیچ ئاماژەیەک بە هیچ کێشەیەکی جدی لە باشووری قەزای نوجس و باشووری لوبنان نییە.
شکستی میتانی و هاوپەیمانەکانی لە مەگیدۆ ئاشوورییەکانی خستە جوڵە تا سەربەخۆیی دەوڵەتەکەیان بەدەستبهێنن و خۆیان لە ژێر دەسەڵاتی میتانییەکان دەربهێنن، هەر بۆیە دوای تەواو بوونی شەڕی مەگیدۆ لەبەرژەوەندی میسرییەکان دەسەڵاتدارانی ئاشوور دیاری بەنرخیان بۆ فیرعەونی میسر ناردووە، هەروەها دراوسێیەکی دیکەی شانشینی میتانییش کە هیتییەکان بوون دەستیان کرد بە جموجوڵ، کەپێشتر لە دۆخی بەرگریدا بوون. بۆ نموونە پاشای هیتییەکان ئارەزووی خۆی دەبڕی بۆ بەستنی هاوپەیمانێتیەک لەگەڵ میسر و بۆ ئەو مەبەستە دیارییەکی زۆری بۆ فیرعەون ڕەوانە کرد.
ئێمە پێمان وایە شکستی میتانی لە شەڕەکەدا، شکستێکی ڕامیاری و سەربازی گەورە بوو بۆ شانشینی میتانی، کە ئەوکات زلهێزێکی ناوچەکە بوو، چونکە شکستی میتانی و هاوپەیمانەکانی لە مەگیدۆ، بەشێوەیەکی کاریگەر فراوانخوازییەکانی شانشینی میتانی لەناوچەکدا ڕاگرت و دەرفەتێکی زێڕینی دایە دوژمنەکانی تا دژی بوەستنەوە و پاشان لاوازی بکەن و لەکۆتاییشدا لەسەر شانۆی ڕامیاری بیسڕنەوە.
سەرچاوەکان:
۱.د.جەمال ڕەشید ئەحمەد و د.فەوزی ڕەشید: مێژووی کۆنی کورد، چاپی پێنجەم، چاپخانەی ئەندێشە،۲۰۱۹ز.
۲.د. محەمەد مەحمود مەندەلاوی: مێژوو و شارستانیەتی کورد، وەرگێڕ: محەمەد وەسمان،چاپی دووەم،۲۰۱۲ز.
۳.گێرۆنت ڤێڵهێڵم: شارستانییەت و مێژووی خوورییەکان، وەرگێڕ: ئارام جەلال حەسەن هەمەوەندی، چاپی یەکەم، چاپخانەی خانی، دهۆک،۲۰۰۹ز.
٤..زەردەشت عزت عزیز: ململانێی ئاشورییەکان لە گەڵ هێزەکانی دەوروبەریان و کاریگەری لەسەر کوردستانی دێرین(١٣٦٥ـ۷۰٥پ.ز)،نامەی ماستەر،بەشی مێژوو، کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆی سلێمانی.
٥..د. أحمد محمود الخليل: تاریخ مملكة ميتاني الحورية، الطبعة الأولى، المطبعة موكرياني،اربيل، ۲۰۱۳م.
٦.حسن ٳسماعیل شوال:الصراع الحيثي الميتاني المصري للسيطرة على سورية في القرنين السادس عشر والخامس عشر قبل الميلاد،رسالة الماجستير،قسم التاريخ، كلية الآداب، جامعة حلب،۲۰۰٥م.
۷.أ. فارس عجيل جاسم و د. غيث سليم فرحان: المصاهرات السياسية للألف الثاني قبل الميلاد (مصر – حيثي – ميتاني)،مجلة جامعة الانبار للعلوم الانسانية،المجلد ۱۸- العدد ٤، كانون الأول ۲۰۲۱م.
٨.George Steindorff and Keith C. Seele:When Egypt Ruled The East,Revised by Keith C. Seele,Fourth impression1947,the University of Chicago Press,Chicago,Illinois,U.S.A.
۹.Harold Hayden Nelson:The Battle of Megiddo,Doctoral dissertation,Department of Oriental Languages and Literatures, Faculty of the Graduate School of Arts and Literature,University of Chicago,Illinois,U.S.A,1913.
۱۰.R. O. Faulkner:The Battle of Megiddo,The Journal of Egyptian Archaeology,Volume 28 28,December 1942.
۱۱.George Cormack: Egypt in Asia; a Plain Account of Pee-Biblical Syria and Palstine,London,Adam and Charles black,1908.