Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە سەردەمی چاخەکانی پێش مێژوو وپەیوەندیی بە ھونەری سۆمەرییەوە

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١)

وه‌رگێرانی موحمه‌د وه‌سمان

بەشی شەشەم و کۆتایی

سەبارەت بەوەی ئەم وتارەش بەشێوەیەکی نوێ باسی بنەچەی سۆمەرییەکانی کرد، ھیوادارین ئەم شێوازە ببێتە جێی ڕەخنەی گشتی و سەرنجی پسپۆرەکان ڕابکێشێت،بەڵکو بتوانین لە داھاتوودا ڕەوایەتی یان ڕاست نەبوونی پشتڕاست بکەینەوە تا بتوانین ھەوڵی دیکە دەست پێبکەین ،کە ڕەنگە سەرچاوەی سۆمەرییەکانمان پیشان بدات، کە بووەتە چیرۆکێکی بێکۆتایی.

لە خوارەوە نموونەی پەیکەرسازی بەرجەستەبووی سۆمەری دەخەینەڕوو کە بە شێوەیەک ھەڵمانبژاردووە و وەسفمان کردووە کە پشتگیری لەم بیرۆکەیە بکات کە لەم بابەتەدا خراوەتەڕوو: وێنەی ژمارە (١)

سێ پەیکەر کە لە بەردی کلسی دروستکراون لە ھەڵکۆڵینەکاندا لە ساڵی ١٣/١٩١٢ لە شاری وەرکاء دۆزراونەتەوە. لە نێو ئەو وێرانەدا دۆزرایەوە کە لە ژێر پەرسگەی( پارثی)( بەیت ڕێشدا) بوون. سێ کەسی دەستبەندکراو نیشان دەدات، وەک لە وێنەی ژمارە (٢)دا ڕوونە.

پێم وایە ئەو ڕاستییەی کە بابەتی کۆنترین پەیکەری بەرجەستەکراوی سۆمەرییەکان دیل بوون و ئەشکەنجەیە، لایەنێکە کە سەرنج ڕادەکێشێت و ڕەنگە پشتگیری لەو گریمانەیە بکات کە بابەتەکە ئامانجی بووە.

ئێستا پەیکەرەکان لە مۆزەخانەی بەرلیندان و وێنەکانیان لێرە بڵاوکراونەتەوە:

(A. Moortgat, Die Kunst des Alten Mesopolamien).

وێنەی ژمارە (٢) پەیکەرێکی پیاوێکی ڕیشدارە دەستەکانی بە کۆت و بەندەوە بەستراوەتەوە، لە شاری وەرکاء لە ساڵی ١٩٦٦ لە کاتی ھەڵکۆڵینەکانی نێردەی ئەڵمانی دۆزرایەوە، ئێستا پەیکەرەکە لە کۆگاکانی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی عێراقدا پارێزراوە.

لە ڕاستیدا ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە کە شاری ئوروک بە تەنیا نموونەی سەرەتایی ھونەری پەیکەری مرۆڤی سۆمەری بە شێوازێک دروستکراون ئاماژە بۆ دیل بوون و کۆتوبەندکردن دەکات، ھۆکاری ئەمەش لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەوەیە کە شاری ئوروک یەکێک بووە لە کۆنترین و گرنگترین شارەکانی سۆمەری کە دەسەڵاتی سیاسی تێدا چڕبووەتەوە نەک ئایینی، بێ گومان جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەباتدا خزمەتێکی زۆری ھەبووە وەک پاساوێک بۆ دەرکەوتنی و وەرگرتنی سەرکردایەتی ودەستەڵات، لەسەر حیسابی سەرکردایەتی ئایینی. پێم وایە ئەم وێنەیەی خوارەوە ڕەنگە پشتگیری لەم گریمانەیە بکات. وێنەی ژمارە (٣) وێنەی پەیکەرێک کە لە سەرەتای ھۆڵی سۆمەری مۆزەخانەی عێراق نمایشکراوە، لە شاری وەرکاء دۆزراوەتەوە، بە بۆچوونی من پەیکەرەکە دەربڕینێکی تێدا ھەیە یان لاسایی پەیکەری ئەو کەسانەیە کە لە ماوەی قۆناغەکانی خەباتیان، سەرسوڕھێنەرترین وێنەی قارەمانێتییان پێشکەش کرد، تا ئەو کاتەی خەباتەکەیان سەرکەوت . ئەوەی کە ئەم پەیکەرە لاشەی ڕووتە و شێوەی دانانی دەستەکانی بە شێوەی دەستی زیندانییەکان دەچێت، ھەروەھا وێناکردن و دەربڕی دۆخی دیلێتی و ئەشکەنجەییەی تێکۆشەران ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەو پێیەی ئەم پەیکەرە لە ھەمان کاتدا تاکە پەیکەرە لە نێو پەیکەرەکانی سۆمەری کە تیشک دەخاتە سەر ماسولکەکانی جەستە بە شێوەیەکی ورد و گوزارشت لە ھێز دەکات، وامان لێدەکات باوەڕمان بەوە ھەبێت کە زۆرترین وێناکردنی ئەو شەڕکەرە سەرسەختە دەکات، وەک چۆن نیگاکانی متمانە بە سەرکەوتن ، بەرگەگرتن، و خۆڕاگری دەردەبڕن.

ئەم پەیکەرە خۆی بەڵگەیەکی دڵنیاکەرەویە لەسەر ئەوەی کە ھونەرمەندی سەرەتایی سۆمەری توانیویەتی پەیکەرەکانی بە شێوازێکی واقیعی دروست بکات، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پەیکەرەکانی دیکەی بە فۆرمێکی ڕەھا-ئەبستراکت بە ڕەنگێکی دەربڕی ئازارەوە دروستکردووە، مانای ئەمە ئەوەیە پەیکەرە سۆمەرییەکان بۆ ئەو مەبەستە کاریان کردووە کە مەبەستمانە لەم شێوازە. پەیکەرەکە لە سەردەمی جەمدەت نەسرەوەیە. وێنەی ژمارە (٤)

لە وێنەی ئەم دوو پیاوەدا دەبینین کە شوێنی دانانی دەستەکان بە شێوەیەک ئەنجام دراوە کە تەواو ھاوشێوەی شوێنی دەستەکانە لەسەر ئەو چوار پەیکەرەی کە مرۆڤ بە زنجیروکۆت وبەندەوە وێنا کراوە.

بە بۆچوونی ئێمە ئەمە بێ گومان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شوێنی دانانی دەستەکان لە پەیکەرەکانی سۆمەریدا زۆر لە ژێر کاریگەری شوێنی دانانی دەستی زیندانییەکاندایە، لایەنەکەی تریش پشتگیری لەو ڕاستییە دەکات کە وێنەی ئەم دوو پەیکەرە و پەیکەرە سەرەتاییەکانی دیکە ھێمان بۆ چەوساندنەوە و دیلبوون، چونکە ھەموویان بە ڕووتی وێنا کراون و دەزانین کە زیندانییەکان ھەمیشە لە میزۆپۆتامیا بە ڕووتی وێنا دەکران .

بۆیە من پێم وایە ئەوەی کە پێشگۆیە سۆمەرییەکانیش ڕووت بوون، ھۆکارێکە بۆ جەختکردنەوە و شکۆمەندکردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی خەبات ، وەک چۆن ھەموو گەلان لە ئێستادا دەیکەن.

ئێستا ئەو دوو پەیکەرە لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس نمایشکراون و ھەروەھا لە:

ئا.مۆرتگات، مردن ئاڵتن مێزۆپۆتامیان کونس.

A. Moortgat, die Kunst des Alten Mesopotamien.

وێنەی ژمارە (٥) لەم وێنەیەدا سێ شوێننومای جیاوازی یەک پەیکەر ھەیە ،دەڵێی کۆپییەکی وردی ئەو دوو پەیکەرەیە کە لە وێنەی ژمارە (٤)دا نیشان دراوە. ئەم پەیکەرە و پەیکەرەکانی دیکە پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەن ، کە پەیکەرە سەرەتاییەکانی سۆمەرییەکان تەنیا دەربڕینی ئەوەن کە سۆمەرییەکان لە کاتی خەباتیاندا بۆ دامەزراندنی بیرۆکەی پەرستنی ھێزە سروشتییەکان تووشی بووین.

وێنەی پەیکەرەکان لە ھەمان سەرچاوەی لە ژێر نووسین وسەردێڕی وێنەی ژمارە (٤) بڵاوکراوەتەوە. ئێستا پەیکەرەکە لە زانکۆی زیوریخ پارێزراوە.

وێنەی ژمارە (٦)

پەیکەری ژنێک لە شاری وەرکاء دۆزرایەوە و ئێستا لە سەرەتای ھۆڵی سۆمەری مۆزەخانەی عێراق نمایش کراوە، ئەم پەیکەرە بۆ من ئەوەمان بۆ دەردەخات ئەو ژنە لەگەڵ ئەو پیاوەدا وەستاوە لە خەباتی بۆ سەرکەوتنی بیرۆکەی پەرستنی ھێزە سروشتییەکان، چونکە پەیکەرەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تیشک دەخاتە سەر مێینەیییەک خۆی لە ھەموو خۆڕادەست کردنێک دەپارێزێت. لەدژی ھەموو ئەو کارانەی نەیارەکان کردوویانە. سەبارەت بە ئەوەی کە پەیکەرەکە ڕووت بووە، وەک پەیکەرەکانی دیکە، دەربڕینی قۆناغەکانی دیلبوون و ئەشکەنجەیە.

لەوانەیە ھەندێک وابزانن کە ئێمە زیادەڕەوی دەکەین کاتێک ھەوڵدەدەین نیشان بدەین ژنان لەم قۆناغە دێرینەدا لە پاڵ پیاواندا وەستاون و ھاوبەشی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانیان بووین ، بەڵام ھەرچەندە ھەوڵبدەین وا گریمانە بکەین ژنان دووربووبن لە بەشداری پیاوان لە ژیانی پراکتیکی و خەباتگێڕانە، ناتوانین بێنینە بەرچاومان کە دایکان و ژن و کەسوکاری خەباتکاران بێدەنگ وەستاون ،بێ ئەوەی ھاوبەشی خەبات و ئازارەکانی منداڵەکانیان و ھاوسەرەکانیان، یان براکانیاندا بکەن.

وێنەی ژمارە (٧)

سێ بووکەڵەی گڵین ژن بە شێوازێکی تەواو جیاواز لە خوداوەندی دایک وێنادەکات، وەک لە سەردەمی شارستانییەتە کشتوکاڵییەکاندا وێنا کراوە لە ناوچەکانی باکووری عێراق زاڵ بووە. بە تێڕوانینی ئێمە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ژنان لە بەشی باشووری عێراق وەک ھێمای پیتوفەڕوژیانی نوێ نانەوە بەکارنەھێنراون، وەک ئەوەی لە باکووردا ڕوویدا.

بێگومان ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە ، باشوور لە ڕاستیدا بیرۆکەی جیاوازی پەسندکردووە جیا لەو بیرۆکانەی لە باکوورھەبوون. ڕەنگە کەسانێک ھەبن بڵێن لە باشوور ھەندێک بووکەڵەی مێینەشی پێشکەش کردووە، بە تایبەت لە سەردەمی عوبێددا، کە بە تەواوی لەو بووکەڵانە دەچن کە خوداوەندی دایک وێنا دەکەن، وەڵامی ئێمە بۆ ئەوەش ئەوەیە : بە دڵنیاییەوە لە نێو دانیشتوانی باشووردا ژمارەیەک لەو کەسانە ھەبوون، کەوا پەرستنەکانی کۆنیان پاراستووە و بیرۆکە نوێیەکانیان ڕەتکردووەتەوە، ئەم جۆرە دیاردانە تەنانەت لە سەردەمی ئێستاشماندا بوونیان ھەیە.

پوختەی کۆتایی

ئێمە ھەوڵمان داوە ئەوە نیشان بدەین ، ئەوبزووتنەوە ڕزگاریخوازییەی پێشتر باسمان کرد، لە کۆتایی ھەزارەی پێنجەمی پێش زایین ڕوویداوە و ڕەنگە تا ناوەڕاستی ھەزارەی چوارەمی پێش زایین بەردەوام بووبێت، تا ھەوڵەکانی گەیشتنە سەرکەوتن ، ھەروەھا چەندان نموونەی ھونەری سۆمەریمان خستەڕوو و وەک بەڵگەیەک لە قەڵەممان دا بۆئەو بزووتنەوەیە. بۆ زانینیش ، ئەو پارچە ھونەرییانەی پێشکەشمان کردن مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی نێوان ساڵانی ٣٥٠٠-٣٢٠٠ پێش زایین.

ئەو پرسیارەی لەم بوارەدا دێتە ئاراوە ،ئەوەیە بۆچی سۆمەرییەکان دوای چاوەڕوانییەک ، پێدەچێت نزیکەی ھەزار ساڵ بخایەنێت، دەستیان بە وێنەکێشانی قۆناغەکانی خەباتەکەیان کردووە.

ڕوونکردنەوەی ئێمە بۆ ئەمەش ئەوەیە، دوای ھەموو شۆڕشێک کە دەست بەسەر دەسەڵاتی حکومەتدا دەگیرێت، کێبڕکێ لە نێوان سەرکردەکاندا بۆ سەرکردایەتیکردن دەست پێدەکات و لەبەر ئەوەی عێراقی کۆن لە شێوەی شارە-دەوڵەتەکاندا بووە، قۆناغی ململانێ لەسەر سەرکردایەتی ئەم ماوەیە دوور و درێژە بەردەوام بووە ،تا دەرفەت بۆ شاری ئوروک ھاتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەم سەرکردایەتییە بەدەستبێنێت و قۆناغی یەکەمی خەباتی بە شکۆمەندییەوە تۆماربکات ، ھەربۆیە بەرھەمی ھونەری خۆی لە شێوەی وێنەی جیاواز بۆ ئەو قۆناغە پێشکەشی ئێمە کردووە.

ئەمەش لە داھێنانی ھونەرە کریستیانەکانیشدا ڕوویداوە، چونکە خاچ و باقی بەرھەمە ھونەرییە کریستیانەکان تا زیاتر لە سێ سەدە دوای شکۆمەند(مەسیح )دەرنەکەوتن. ئەمەیش لە ڕاستیدا ھەموو بزووتنەوە ھزرییە کۆنە سەرکەوتووەکان دەگرێتەوە، بەو پێیەی شکۆمەندی و جەختکردنەوەیان دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوور و درێژ لە سەر ڕوودانیان دەست پێدەکات.

سەرچاوە :

– د. فوزی رشید،حرکە تحرریە فی فترة عصور ماقبل التڕریخ وعلاقتھا بالفن السومري،مجلە ( سومر) ،ج ١و٢ ،مجلد ٢٩، ١٩٧٣ .

About دیدار عثمان

Check Also

زیندەبەچاڵکردنی کچان و سیستەمی فرە مێردی لە چاخەکانی پێش مێژوودا

د. فەوزی ڕەشید محەمەد بەرزنجی(١٩٣١-٢٠١١) بەشی يەكەم (چاخە مێژووییەکان بە دەرکەوتنی نووسین لە ٣٢٠٠ پ.ز …