Home / بەشی مێژووی كورد / بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

بە هیندۆئێرانیی کردنی کوردەکان

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری

بەشی دووەم

لە ناو ٥١ سەرچاوەی نێوان ٢١٠٠ بۆ ٦٠٠ ساڵ پ. ز. و لەسەردەمی ئیشبی-ئیرا دامەزرێنەری خێزانی دەسەڵاتداری ئیسین (١٩٨٥ تا ٢٩١٧ پ. ز.) تا سواڵەتەکانی (تابلۆ قوڕیینەکان) سپارتۆلی سەردەمی ئەخمیدیەکانی فارس (٤٠٠-٦٠٠ ساڵ پ. ز.) نزیکتیرن سەرچاوەی نوێ ئەوەی توێژەری لاوی تورک سەلیم فێروح عەدالی (ئومان-ماندا و بایەخەکەی لە هەزارەی یەکەمی پ. ز.، ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی سیدنی ئوسترالیا). عەدالی لە ناو ٥١ سەرچاوەدا ٢٨ یان بۆ ئەفسانەکانی میسۆپۆتامیا دەگەڕێنێتەوە، ٢٣ شیان دەکرێت وەک دەقی مێژوویی نێوان سەدەکانی ١٨ بۆ ٦ ی پ. ز. تەماشا بکرێن. پێدەچێت وشەی ئومان-ماندا کۆچی هەڵگرانی جینی ئاریاییەکان (جینی R1a1) دەچەسپێنێت یان یەکلا دەکاتەوە، وەک ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ دەڵێت “کاتەکانی کۆچکردنی هەڵگرانی جینی R1a1 لە ناوچەکانی باشووری ڕوسیاوە بەرەو باشوور بە ئەرمەنستاندا بۆ ئەناتۆلیا، باکووری ڕۆژئاوای ئێران و ناوچەی عەرەبی بە تەواوی لەگەڵ کاتی بەکارهێنانی وشەکەدا ٣٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ لەوانەیشە ٣٣٠٠ بۆ ٤٢٠٠ ساڵ پ. ز.، یەکدەگرێتەوە و تەبان.

لە ڕابردوودا هەندێ نموونەی کەمی دیکەی زانایانی ناوداری زمانناسیی هەبوون، لە کاتی خۆیاندا بیرۆکەی هەبوونی کورد پێش دەرکەوتنی هیندۆ ئەوروپاییەکانیان خستووەتە ڕوو، واتا پێش گەلە ئێرانییەکان. لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە وەکو مێژوونووس و زمانەوانی گورجستان نیکۆلای یاکۆفلیفیچ مار (١٨٦٤-١٩٣٤)، ڕۆژهەڵاتناس ئیفرایم ئەڤیگدۆر سپییسەر (١٩٠٢-١٩٦٥) خەڵکی گالیاسیای ئیسپانیا و ماوەیەکی درێژ سەرۆکی بەشی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵات بووە لە نێوان ١٩٤٧-١٩٦٥ لە زانکۆی پێنسیلڤینیای ئەمەریکا. هەردووکیان کورد وەک نەوەی گوتیەکان و لوللوبیەکان دەبینن، ئەوانیش دانیشتووی هەرە ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆس و دەورووبەری بوون.

لە ٣٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لەسەر ئەو خاکەی ئێستا ناوی ئێرانە بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا کە دەکاتە دامێنی بەرزاییەکانی زاگرۆس، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەر جین، زمان و تەواوی دیمەنی پێکهاتەی مرۆڤدا، هات. تا ئێستا خەسڵەت و کاریگەریی جینەکانی داگیرکارە هیندۆ-ئێرانییەکان بۆ سەر ئێران و کوردستان بەباشی لێكۆڵینەوەی بۆ نەکراوە. لە توێژینەوەیەکی نوێی توێژەری لاو دلاوەر خان، بە بەگەڕخستنی دوو ئامرازی تۆکمەی qpWave و qpAdm لە زانستی ئامار و WGS (واتا دەستنیشانکردنی یەک لەدوای یەکی جینەکانی سەر رکۆمۆسۆمی ئەندامێکی جەستە لە یەک کاتدا) بۆ جینە دوانە ڕەنگەکانی کوردانی هاوچەرخ و جینەکانی خەڵکی دێرین، توانیان بنچینەی جینەکانی تەختاییەکانی ئاسیای ناوەڕاستی چاخی برۆنز و ئاسن، لەگەڵ بنچینەی جینە دێرینەکانی ئەم ناوچەیەدا کە لەگەڵ مادەکان و کوردانی هاوچەرخ تێکەڵ بوون، بدۆزێتەوە. شییکردنەوەکان چەند چینێکی تێکەڵبوونی جینی دەشتایی هیندۆ-ئێرانییەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵدا، نیشان دەدەن.

سەبارەت بە کۆچی ئاریاییەکانی سەردەمانی مادەکان، لە پەڕتووکەکەی بە ناوی کوردناسی، توێژەر زەکەریا قادری بە وردی باسی یەکەمین پێکدادانی نێوان باب و باپیرانی کوردەکانی ئەوکاتەی ناوچەی دەریاچەی کاسپیان/قەزوین (ناوی کاسپیان لەو خێڵە کوردەوە هاتووە لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووبوون). ئەگەر بۆ چەند سەدەیەکە نووسینەکانی هیرۆدۆتس بۆی بەجێهێشتووین وەکو سەرچاوەی یەکلاکەرەوەی ئەوەی کورد کێیە و لە کوێوە هاتوون و کام دەوڵەت و شارستانییەتیان هەبووە، جێ پێی خۆی تەواو توند کردبوو و نزیکەی هەموو توێژەر و مێژوونووسانی کوردیش لە سەدەی ڕابردوودا پشتیان پێ دەبەست. بەڵام زەکەریا ڕەخنەی زۆر سەنگینی لەو بارەیەوە هەیە و ناکرێت ئێمەی کورد پشت بە نووسینەکانی هیرۆدۆتس ببەستین تا مێژووی خۆمانی پێ بنووسینەوە.

ئەگەر زانستی نوێ و ئامرازەکانی لە توێژینەوەی جینناسییدا بەکاردێن بخەینە گەڕ، ئەوا دەبینن لە ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا، بەهیندۆ-ئەوروپاییکردن، جینی شوانکارانی زاگرۆسی چاخی بەردینی گۆڕیوە. ئەو گۆڕانە لە بەراوردی نێوان پاشماوەی مرۆڤی زاگرۆس لە شوێنەواری تەپکی حاجی فەیروزی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن لە نزیک نەغەدە، لەگەڵ تێکەڵەی ئاسیای ناوەڕاست لە پاشماوەی مادە هیندۆ-ئێرانییەکان (مەبەست دەوڵەتی مادەکانە یان میدەکان) کە لە شوێنەواری حەسەنلوی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، دەردەکەوێت. مرۆڤەکەی شوێنەواری حاجی فەیروز لە تێکەڵەی یەکەمین جووتیارەکانی دامێنی زاگرۆس و ئەناتۆلیای شۆڕشی کشتوکاڵ بووە. بەڵام مرۆڤەکەی حەسەنلو تێکەڵەی ئەمانەی خوارەوە بووە:

-شوانەکانی زاگرۆسی ٧٧٠٠ ساڵ کۆن

-جووتیارەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی ناوچەی لێڤانت (شام)، ٨٧٠٠ ساڵ کۆن

-هیندۆ-ئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان، ٢٨٠٠ ساڵ کۆن، ئامرازی qpAdm ڕێژەی ٦٠/٤٠٪ تێکەڵەی گەلانی خاوەن کلتوری ئەندرۆنۆڤۆ- چاخی برۆنز و ئاسن/باکتریای دێرین (Bactria) لە تورکمانستان، نیشان دەدات.

کلتوری ئەندۆنۆڤۆ دراوسێی دوو کلتوری تورکمانستان بووە، باکتریا و یازی ئێرانی. بەو پێیە لەگەڵ ئەنجامەکانی qpAdm یەکە و ڕێژەی ٦٠/٤٠ تەواوە. کەواتە هیندۆ-ئێرانییەکانی چاخی برۆنز و ئاسنی تورکمانستان بەشێک لەو جینانەیان بۆ ئێمە هێناوە و لەگەڵ جینی کوردەکاندا تێکەڵ بوون.

ئامرازی qpAdm دەریدەخات جینەکانی دانیشتووانی لیڤانت لە کوردی هاوچەرخدا، هەرنەبێ ٢٧٠٠ ساڵ کۆنن و لە مادەکانەوە بۆیان ماوەتەوە. گریمانە وایە ئەو تێکەڵبوونە لە سەردەمی ئاشووری کۆن و ناوەند ڕوویدابێت، بەڵگەی ئەوە لە شێوەکانی ٢-٤ ی توێژینەوەکەی دلاوەر خان نیشاندراوە. بەڵام لە نموونەکەی حەسەنلووی ٢٧٠٠ ساڵ کۆن، ئەو بەڵگەیە دیارنامێنێت، چونکە مادەکان جینەکانی لێڤانتیان زۆرتر تێدابوو وەک لە شوانەکانی چاخی بەردینی کوردستان. مۆدیلەکانی qpAdm بۆ کوردەکان سێ ڕەگی تێدایە، مرۆڤی کۆنی چاخی بەردیین + مرۆڤی لێڤانت + سکیسیەکان/سارماشیەکان، ئامرازی qpAdm پێویستیی بە هەبوونی جینەکانی تورکمانستان نییە، کەچی بۆ نموونەکەی حەسەنلو (ماد) ئەو ئامرازە ناتوانێت بەبێ جینی تورکمانستان شیکاریی بکات. بەبێ ڕەچەڵەکی سکیسیەکان/سارماشیەکانیش، ئامرازەکە بۆ کوردەکان کار ناکات.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …