سەرتیپ جەوهەر
لەكۆتایی 1918 دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ توركیا لەچوارچێوەی راگرتنی جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو كلدۆئاشوریانەی ورمێو خوێو سەڵماسو دەوروبەری، لەسەر پەیمانی ئینگلیز بەجەستەی شەكەتو ماندووبوونێكی زۆروكاروانی دووردرێژو و چەندین رۆژ رۆیشتن، كاروان دوای كاروان دەیانگەیاندنە نزیك باقوبەو دواتر زۆربەیان گوێزانەوە حەببانیەو چەند شوێنێكی دیكە لەناو عیراق.
بەڵێن بە ئاشوورییەكان درابوو بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانی خۆیان
ئینگلیز سۆزی پێدابوون دوای هاتنیان بۆ عیراق بیانگەڕێنێتەوە شوێنو واری خۆیان لەهەكاریو وانو ماردینو هەندێ شوێنی دیكە. ئەو كاروانانە لەژێر چاودێریو پاسەوانیی هێزی بەریتانیا لەورمێو هەندێكیان لەهەمەدانەوە بەرەو عیراق بەڕێدكران. دیارنییە ژمارەی ئەوانەی گەیشتنە عیراق چەند بوو، بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاشورییەكان گوایە نزیكەی 35 هەزار كلدۆئاشوریو 15 هەزار ئەرمەنی بوون. لەڕێگەوكاروانی دورودرێژو رێگای دووری كۆچكردنیان لەورمێو سەڵماسو خۆی بۆ هەمەدانو لەوێشەوە بۆ باعقوبە لەناو عیراق، ژمارەیەكی زۆریان گیانیان لەدەستدا.
لەدوای هاتنیان بۆ عیراق، بەریتانییەكان زۆر گەرموگوڕ نەبوون بۆ گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لەباكوری كوردستان. خاوەخاوەیان لێكرد، چونكە دەیانویست بۆ مەبەستی سەربازییو سیاسی بەكاریانبێنن.
لەسەروبەندی هاتنی ئاشورییەكان كێشەوئاڵۆزیی زۆر لەنێوان هۆزەكانی عەرەبو ئینگلیز لەباشورو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوی عیراق هەبوو. هەروەك كێشەوئاڵۆزیی لەنێوان ئینگلیزو كورد دروست ببوو. ئەوكاتەبوو كەشێخ مەحمودی حەفید لەسلێمانی دەستی بەجولانەوەی چەكداریی لەدژی ئینگلیز كردبوو. هاوكات لەبادینانیش لەزاخۆو ئامێدیو ناوچەكە چەند ئەفسەرێكی بەریتانیی كوژران. بەریتانییەكان ویستیان كلدۆئاشورییەكان چەكداربكەنو لەدژی جوڵانەوەی چەكداریی عەرەب لەناوەڕاستو باشور 1920، كوردیش لەباكور بەكاربێنن. بۆیە یەكەیەكی چەكداریان لەچوارچێوەی سوپای لیڤی بۆ كلدۆئاشورییەكان دروستكرد كە روون نییە ژمارەیان چەند بووە، هەرچەندە باس لەچەند هەزاركەسێك دەكرێت، بەڵام لەپێكهێنانی ئەو یەكە سەربازییە بۆ كلدۆئاشورییەكاندا بەریتانییەكان سۆزو پەیمانی گێڕانەوە بۆ زێدی خۆیانو كۆتاییهێنان بەو ئاوارەییەیان پێدابوون، بێئاگا لەوەی بۆ مەبەستی دیكە بەكاریاندێنن.
دروستكردنی هێزی لیڤی لە كلدۆئاشورییەكان
لەناوەڕاستی 1915 بەریتانیەكان هێزێكیان بەناوی لیڤی لەناوەڕاستی عیراق دروستكرد بۆ چەند مەبەستێكی دیاریكراو، دواتر ئاشورییەكان رۆڵی كاریگەریان تێدابینی.
دوای هاتنیان بۆ عیراق، ئاغا پوترس كەپیاوێكی سیاسیو فەرماندەیەكی پێشووی ئەو هێزە چەكدارەی كلدۆئاشورییەكان بوو لەورمێ و لەپاڵ روسەكان لەدژی عوسمانییەكانو سمكۆ شەڕی كردبوو. ئاوارەی عیراق بوو. پرۆژەیەكی گەڕانەوەی كلدۆئاشورییەكانی پێشكەش بەبەریتانییەكان كرد، ئەوانیش دوای گفتوگۆ جۆرێك لەرەزامەندیان لەسەردا. دەیانویست لەپەنای ئەو سۆزو پەیمانە ئاشورییەكان لەدژی كورد بەكاربێنن.
ئەو هێزەی بەریتانییەكان دروستیانكرد لەكلدۆئاشورییەكان، بەشێكیان بەرەو كوردستان بەڕێكردنو بەشێكی دیكەشیان بەرەو ناوچەكانی باشور. دوای ماوەیەكی كەم، پرۆژەكەی ئاغا پوترس وەلانرا. ئاشورییەكان بێئومیدبوون لەگەڕانەوەیان. لەبری گەڕانەوەیانو جێبەجێكردنی پرۆژەكەی ئاغا پوترس، بەریتانییەكان دەیان گوندیان لەناوچەكانی بادینانو موسڵ بۆ دروستكردن. كە بەشێك لەزەوییەكانی زەوی میریی بوون، بەڵام بەپێی گرێبەست پێشوەختە سەرۆك هۆزو ئاغا كوردەكان مافی بەكارهێنانیان هەبوو، بۆیە دواتر هەندێ كێشەوگرفتی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەریتانییەكان مەبەستیان بوو ئاشورییەكان لەسنورەكانی باشور لەگەڵ باكور (عیراقو توركیا) بەرامبەر عوسمانیەكان نیشتەجێ بكەن. بۆ ئەوەی هەم ناوچەی تامپۆنیان لەگەڵ توركیا پێ دروستبكەن، هەمیش بتوانن جولانەوەی ناڕەزایی كورد لەڕێی ئەو هێزەی ئاشورییەكان دابمركێننەوە. ئاشورییەكانیش بەنیازونیەتی گەڕانەوە بۆ زێدو واری خۆیان دایانەپاڵ بەریتانییەكانو شەڕیان بۆ بەریتانیەكان دەكرد، بەڵام بەریتانیەكان مەبەستیان نەبوو هیچ بۆ ئاشورییەكان بكەن.
لە 1922 بەریتانییەكان مەلیكێكیان بۆ عیراق هاوردەكردو دەوڵەتێكیان لەژێر ناوی عیراق دروستكرد. كلدۆئاشورییەكان وەك هەموو پێكهاتەكانی دیكە لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتە مانەوە. دەوڵەتێك دروستكرا هیچ كام لەپێكهاتەكانی بەشدارنەبوون لەبڕیاردان لەدروستكردنی، بەڵكو خواستو بەرژەوەندی بەریتانیاو گروپی سەركەوتووی جەنگی جیهانیی یەكەم ئەوەی دەخواست.
لەدوای راگەیاندنی دەوڵەتی عیراق، ئیدی كلدۆئاشورییەكان بێ هیوابوون لەوەی بگەڕێنەوە شوێنو واری خۆیان، بۆیە دەستیان بەجموجۆڵ كرد بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی دیكە. ئەویش جیاكردنەوەی چەند ناوچەیەك بوو لەسنوری باشوری كوردستان وەك ناوچەی خۆبەڕێوبەری بۆخۆیان. چەند جارێكیش پرۆژەی جیاوازیان گەڵاڵەكرد بۆ دروستكردنی ئەو ناوچەیە بۆ خۆیان لەئامێدیو ئاكرێو تەنانەت داوایانكرد ناوچەكانی هەكارییو ماردینی باكوری كوردستانو سنوری توركیاشی، بخرێتەسەر.
لەماوەی 1931 بۆ 1932 ئاشورییەكان پێنج پرۆژە یان پێشنیاریان رادەستی كۆمەڵەی گەلان كرد تاوەكو شتێك دەستبخەن. دوو نامەی سەرەتایان لە 20 و 23ی تشرینی یەكەمی 1931 لەلایەن ژمارەیەك كەسایەتی ئاشوریی لەنێوانیاندا مار شیمۆن پەتریاركی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوریی پێشكەشكرد. لەو نامەیەدا داوایانكرد كلدۆئاشورییەكانی ئاوارەی عیراق بوون، بگوێزرێنەوە ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵی ئەوروپییەكانو ئەوان سوریایان لەلا باشتربوو كەلەژێر هەژموونو هێزی فەرەنسادابوو. سەبارەت بەم پرۆژەیە نەبەریتانیاو نەعیراق لارییان نەبوو، بەڵام هیچ وڵاتێك بەرپرسێتی جێبەجێكردنو پارێزگاریی پرۆژەكەی نەگرتەئەستۆ. بۆیە سەركەوتوونەبوو. داواو نامەی سێیەمی كلدۆئاشورییەكان بۆ كۆمەڵەی گەلانو عیراق لە 16 حوزەیرانی 1932 بوو. لەو نامەیەدا داوایان لەعیراق دەكرد بەڕەسمیی دان بەكلدۆئاشورییەكاندا بنێت وەك میللەتو پێكهاتەیەكی عیراقو دوبارە سنوری نێوان عیراقو توركیا دیاری بكرێتەوە بەشێوەیەك هەكارییو ماردین بگرێتەوە لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی وەك ئامیدیو چەند ناوچەیەك لەزاخۆی بخرێتە سەروبكرێتە ناوچەی خۆبەڕێوبەری بۆ كلدۆئاشورییەكان. هەروەك لەو نامەیەدا داوایانكرد دان بەمار شیمۆن ئێشای بنرێت وەك رابەری رۆحی كلدۆئاشورییەكان، بەڵام عیراق زۆر خێرا نامەكەو ناوەرۆكەكەی رەتكردەوە. چونكە لەبنەڕەتدا نەتەوەی كوردو پێكهاتەی شیعە جموجۆڵێكی بەهێزیان هەبوو سەبارەت مافی چارەی خۆنوسینو خۆبەڕێوبەریی، بۆیە كاربەدەستانی عیراق دەترسان ئەو نامەیە پێكهاتەكانی دیكە هانبدات بۆ هەمان داواو خواست. ئەوكاتە نوری سەعید وتی ئەوانەی ئەو داوایەیان كردووە مەبەستی (گروپی كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوریی) چارەكێكی كلدۆئاشورییەكانی باشوری كوردستانو ناوچەكانی موسڵ نابن، بۆیە داوایەكەیان لێ وەرناگرین. هاوكات توركیاش پرسی دوبارە دیاریكردنەوەی سنوری رتكردەوە.
دوو نامەی دیكەشیان نوسی، بەڵام لەناوخۆی خۆیشیان گرفتی گەورەیان هەبوو سەبارەت بەداواو خواستو رێبەرایەتیكردنو تێگەیشتنیان سەبارەت بەئایندەی خۆیان. بەڵگەكانی ئێستا بەردەستن دەیسەلمێنن بەریتانیەكان رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەدوبەرەكی ناوخۆی كلدۆئاشورییەكان. مەبەستیان بوو تەنها بۆ مەبەستێكی كاتی بەكاریانبێنن نەك داواوخواستیان بۆ جێبەجێبكەن. بۆیە ئەو دوو نامەیەی دواییشیان رەتكرایەوە یان سەرینەگرت.
دوابەدوای سەرنەگرتنی ئەو هەوڵانە، لایەنگرانی مار شێمۆن دەستەدەستە لەو لەسوپای لیڤییەی بەریتانیەكان پێكیان هێنابوو كشانەوە. هێزێكی میلیشیایان پێكهێنابوو و لەلایەن مار شێمۆنەوە هاندەدران. هەر ئەو ساڵە نوێنەری تایبەتی بەریتانیا لەگەڵ ئەو چەكدارانە كۆبویەوە كە دەستیان لەكاركێشابویەوە. ئاگاداری كردنەوە لەمەترسی ئەو هەنگاوەو پێی راگەیاندن ئەگەر بەردەوام بن پشتیوانی بەریتانییەكان لەدەستدەدەن.
لەبەهاری 1933 مالیك یاقۆ كەئەفسەرێكی دەستلەكاركێشاوەی كلدۆئاشوری هێزی لیڤی بوو. دەستی بەهەڵمەتێكی بەرفروان كردو داوای لەئاشورییەكان كرد ئەگەر حكومەتی عیراق لەگەڵ مار شێمۆن رێكنەكەوێت رەگەزنامەی عیراقی وەرنەگرن.
بەپێی سەرچاوەكان مالیك یاقۆ نزیكەی 200 چەكداری لەگەڵ بوو، ئەم داواو بانگەشەیەی كلدۆئاشورییەكان ترسی خستەدڵی كاربەدەستانی عیراقو پێیانوابوو ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دوبارە كوردو شیعە رادەپەڕنو كێشەی گەورە بۆ دەوڵەتی عیراق دروستدەبێت.
حكومەتی عیراق خێرا هێزێكی سەربازیی تایبەتی رەوانەی بادینانو موسڵ كردو زۆربەی پۆلیسە كلدۆئاشورییەكانی لەئەرك دورخستەوە. لەتەمووزی 1933 سەدان چەكداری ئاشوریی بەسەركردایەتی مالیك یاقۆ لەزاخۆوە پەڕینەوە رۆژئاوای كوردستان واتە سوریای ئەوكاتە، بەئومێدی هاوكاری فەڕەنسییەكان بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی خۆبەڕێوبەری لەباشوری كوردستان. چونكە ئەوكاتە رۆژئاوای كوردستانو سوریا بەدەست فەڕەنسییەكانەوە بوو. دوای چەند رۆژێكی كەم، فەرەنسییەكان داواوخواستی هێزەكەی كلدۆئاشورییەكانیان رەتكردەوەو چەكیان كردن. دواتر لەسەرەتای ئاب، چەكە سوكەكانیان پێدانەوەو داوایانكرد بەرەو عیراق بگەڕێنەوە.
رووبەرووبوونەوە لە گەڵ سوپای عیراق
لەسەرەتای مانگی ئاب، فەڕەنسییەكان حكومەتی عیراقیان ئاگاداركردەوە كەسەدان چەكداری كلدۆئاشوریی دەیانەوێ سنور ببەزێننو بگەڕێنەوە، بۆیە چارەسەری ئەو ئاریشەیەبكەن. ئەوەبوو لە 4ی ئابی 1933 وەك دەوترێت نزیكەی 800 كەس كەزۆربەیان چەكیان پێبووە لەناوچەی (دێرەبوون) سنوریان تێپەڕاند و لەپەرینەوەیان روبەرووی سوپای عیراق بوونەوەو بەچەكی سوك بنكەیەكی چاودێری سنوریان كۆنترۆڵ كرد.
شەڕو پێكدادان لەو سنورەو لەناو شارۆچكەی دێرەبوون كەدەكەوێتە نزیك زاخۆ بەردەوام بوو. هێزەكەی عیراق بەچەكی گرانو فرۆكە بۆردومانی چەكدارە كلدۆئاشورییەكانی دەكرد، سەرەنجام سوپای عیراق 33 سەربازی لێ كوژراو هێزەكەی ئاشورییەكانیش ژمارەیەكیان لێ كوژرا. ئاشورییەكان زۆربەیان دوبارە پەڕینەوە خاكی سوریا.
رۆناڵد ستافۆرد كەچاودێرێكی سەربازیی بەریتانیابووە لەموسڵ دەڵێت ئاشورییەكان مەبەستیان نەبوو پەلاماری هێزەكانی عیراق بدەن، بەڵام مێژوونوسی عیراقی خەلدون حەسری دەڵێت ئاشورییەكان سەربازانی عیراقیان لەسنورەكە ناچار بەتەقەكردن كرد بۆیە روبەرووبونەوەو شەڕ لەنێوان هەردولا دروستبوو.
دەنگوباسی شەڕی سنور، گەیشتەوە بەغدا. پرۆپاگەندەی زۆر بڵاوبویەوە كەئاشورییەكان بەپشتیوانی بەریتانییەكان عیراق دابەشدەكەن. لەوكاتەشدا گرژییو جولانەوەیەكی گەرمی شیعەكان لەناوەڕاستو باشور هەبوو، بۆیە حكومەتی عیراق ویستی بەخێراییو بەتوندی ئەو بزوتنەوەیەی ئاشورییەكان دابمركێنێتەوە.
دوای دوو رۆژ دووبارە ژمارەیەك لەئاشورییەكان پەڕینەوە عیراق بۆ گەڕانەوە لای خێزانەكانیان، بەڵام سوپای عیراق بەفەرمانی راستەوخۆی بەكر صدقی كەئەوكاتە فەرماندەی فیرقەی دوو لەسوپای عیراق بوو. زۆربەی ئەوانەیان دەستگیركرد كەگەڕابوونەوە. ئەوانەیان لەبەرچاوی خەڵك گولەبارانكرد.
ئەو كوشتارو مەرگەساتە بەئاگاداری مەلیك فەیسەڵی یەكەمو حیكمەت سلێمان وەزیری ناوخۆبوو. هەروەك بەریتانییەكان لەنزیكەوە ئاگاداری بڕیارەكەو جێبەجێكردنەكەی بوون، بەڵام خۆیان لێ بێدەنگكرد.
لەگەڵ ئەو رووداوە، یەكەكانی سوپای عیراق كە لەشاروشارۆچكەكانی ئەو سنورە بڵاوەپێكرابوون، دەستیانكرد بەرەشبگیرییو گواستنەوەی ژمارەیەكی زۆری كلدۆئاشوریی لەگوندوشارۆچكەكانی ناوچەكە. بەپێی هەموو ئەو سەرچاوانەی رووداوەكەیان گێڕاوەتەوە، سوپای عیراق سەدان كەسیان گرتو بردنیان لەدەرەوەی شارەكان گولەبارانیان كردن. لەوكاتەدا جەلال بابان وەزیری بەرگریی عیراق كە كوردبوو، هەوڵیدا كۆنترۆڵی سوپای عیراق بكات بۆ رێگرتن لەو كوشتارە، بەڵام وادیارە ئەو هێزەی عیراق لەدەرەوەی ئیرادەی وەزیری بەرگریی دەجولانەوە. لەگەڵ گرتنی كلدۆ ئاشورییەكان ژمارەیەكی زۆر دێهات كەزۆرینەیان كلدۆئاشوریی بوون بەهاندانی یان چاوپۆشیكردنی حكومەتی عیراقو تەنانەت بەریتانییەكانیش تاڵانكران.
كۆمەڵكوژی كلدۆئاشورییەكان لە سێمێل
خراپترین كۆمەڵكوژیی كلدۆئاشورییەكان لەپەلاماری 7ی ئابی 1933 لەشارۆچكەی سێمێل بوو. كاتێك سوپای عیراق شارۆچكەكەی ئابلوقەداو داوای لەخەڵك كرد پەنا بەرنە بەر بنكەكانی پۆلیسو لەوێ چەكەكانیان دابنێنو پارێزراودەبن. لەماوەی چەند رۆژێك ژمارەیەكی زۆر چەكدار تەنانەت لەدیهاتەكانی دەوروبەریشەوە بەژنو منداڵەوە هاتنو پەنایان بۆ بنكەكانی پۆلیس برد. رۆژی 11ی مانگ سوپا داوای لەپەنابەران كرد بگەڕێنەوە گوندو دێهاتەكانی خۆیان، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان خەڵكەكە رەتیانكردۆتەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵو گوندو دیهاتەكانی خۆیان، چونكە هەم ماڵوحاڵیان تاڵانكرابوو هەمیش دەترسان لەلایەن هۆزە عەرەبیو كورد پەلاماریان بدەن. لەبەرامبەردا رۆژی 11ی ئاب هێزەكەی سوپای عیراق كە فەرماندەكەیان عەرەب بوو، ژن و منداڵی جیاكردەوەو بەدڕندەترین شێوە خەڵكەكە كۆمەڵكوژكرد.
رۆناڵد ستافۆرد كە چاودێربوو لەپاشكۆی سەربازیی بەریتانیا لەناو سوپای عیراق دەڵێت، ئەورۆژە سوپا زۆر دڕندانە مامەڵەیانكرد، پەلەیاندەكرد لەكوشتنی خەڵك. دەڵێت ژووریان پڕ لەپیاو دەكرد، دواتر لەپەنجەرەوە لولەی تۆپیان دەبردە ژورەوەو تۆپێكیان بەناودا دەتەقاندن! بەمشێوەیە یەك كەس بەزیندویی نەدەما! یاخود پیاوانیان دەهێنا، ئازاریان دەدان تا گیانیان دەردەچوو! یان پیاوانیان بەدوای ئەسپ رادەكێشا تاوەكو گیانیان لەدەستدەدا.
بەهۆی ئەو رووداوە جەرگبڕانەوە، هەزاران كلدۆئاشوریی ئاوارەی سوریا بوون. فەرەنسیەكان لەدەوروبەری شاری حەسەكەو لەتەل تەمرو چەند ناوچەیەك لەنزیكەی 30 گوند نیشتەجێی كردن. ئەوانەی دیكەش كە نەیانتوانی بپەڕنەوە سوریا، لەناو عیراق ئاوارەی چەند ناوچەیەك بوون، ژمارەیەكی كەمیشیان توانیان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.
تائێستا دیار نییە ژمارەی قوربانیانی ئەو كوشتارە چەند بووە. كلدۆئاشورییەكان دەڵێن نزیكەی 3 هەزار كەس كوژراون، بەڵام سەرچاوەكانی دیكە باس لەكوژرانی 600 كەس دەكەن. لەگەڵ وێرانبونی زیاتر لە 60 گوندی كلدۆئاشورییەكان لەناوچە جیاوازەكانی بادینان.
كۆمەڵكوژیی كلدۆئاشورییەكان لەلایەن سوپای عیراق، بەتایبەت ئەو كوشتارەی لەسێمێل كە لەلایەن ئەفسەرێكی عەرەب بەناوی (ئیسماعیل عەبباوی) كرا. یەكێك بوو لەرووداوە پڕ مەرگەساتەكان بۆ ئاشورییەكان، بۆیە ئەو رۆژەیان ناونا رۆژی شەهیدی ئاشوریی. واتە رۆژی 7ی ئاب. هەموو ساڵێكیش بەشێك لەكلدۆ ئاشورییەكان یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە.
ئیسماعیل عەبباوی خەڵكی موسڵ بوو ئەفسەری سوپا بەپلەی نەقیب (سەرهەنگ) و هاوەڵی بەكر سدقی بوو، واتە لەبەكر سدقی زۆر نزیك بوو. ئەو پیاوە لەكودەتای بەكر سدقیدا لە 1936 جەعفەر عەسكەری وەزیری بەرگری ئەوكاتی عیراقی كوشت. بەهۆی زنجیرەیەك تاوان، دادگای سەربازیی فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەركرد، بەڵام سزاكەی بۆ كەمكرایەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی. لەگەڵ كودەتای 1958، عەبدولكەریم قاسم لەزیندان دەریكردو پلەیەكیش بەرزیكردەوەو كردی بە بەڕێوبەری پۆلیسی موسڵ.