Home / مێژووى جیهان / نهێنیەکانى مێژوو / نەخۆشییە درمیەکان و شكڵگرتنی مێژووی مرۆڤایەتی‌

نەخۆشییە درمیەکان و شكڵگرتنی مێژووی مرۆڤایەتی‌

 پەیسەر پرێس

بە درێژایی مرۆڤایەتی نەخۆشییە درمەکان یەکێکبوون لەو کارەساتە سروشتیانەی مرۆڤ نەیتوانیوە بە زوویی کۆنتڕۆڵیان بکات و قوربانییەکی زۆری لەو پێناوەدا چەشتووە. کاتێک چارەسەری پێویستیش بۆ نەخۆشییە درمەکان دۆزراوەتەوە، هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو نەخۆشییانە بەردەوامبوون و بووونەتە هۆی ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەتەکان و تێکشکاندی نەتەوەکان.

 

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکارە ئەفریقییەکانی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧١، شاری هایتی دامەزرا. لە ساڵی ١٨٠٢ ناپلیۆن بۆناپارت، هەوڵیدا جارێکیتر دەسبەسەر هایتیدا بگرێتەوە و سوپایەکی پەنجا هەزار کەسی نارد، بەڵام زۆرینەیان بەهۆی بڵاوبونەوەی تای زەردەوە مردن، ئەمەش وایکرد دوای ساڵێک دەستبەرداری هەڵمەتە داگیرکارییەکەی بێت.

بڵاوبوونەوەی تای زەرد و دۆڕاندنی ناوچەی هایتی، یەکێک بوون لەو هۆکارانەی وایکرد ناپلیۆن شاری لوزیانا بە نرخێکی کەم بە ئەمریکییەکان بفرۆشێت. ئەمە نمونەیەکی بچوکە لەوەی چۆن پەتایەکی دەتوانێت مێژوو ئاوەژوو بکات، هەروەک ئیلیزابێس کۆلبێرت لە توێژینەوەیەکیدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرکەر بڵاوکراوەتەوە بەناوی “نەخۆشییە درمەکان و شكڵگرتنی مێژووی مرۆڤایەتی” دا ئاماژەی پێداوە. لە زۆر نمونەدا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان بوونەتە هۆی گۆڕانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە لە مێژوودا.

تاعوونی جەستینیان و ئیمپراتۆریەتی بەیزەنتینە
کۆلبێرت لەبارەی کاریگەری تاعوون لەسەر ئیمپراتۆرییەتی بەیزەنتینییە دەڵێت تاعوونەکە لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتی جەستنیانی یەکەمدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی کە بە نازناوی “جەستنیانی گەورە” ناسراوە و لەنێوان ساڵانی ٥٢٧ بۆ ٥٦٥ لەسەر دەسەڵات بووە.

لە سەردەمەکەی ئەودا نەخۆشییەک بڵاوبووەوە کە دواتر بە “تاعوونی جەستنیان” ناسرا.  تاعوونەکە ساڵی ٥٤١ نزیک شاری بورسەعیدی میسر سەریهەڵدا و پاشان گوازرایەوە بەرەو سکەندەریە و بەرەو فەلەستین و لە دواییەکانی ساڵی ٥٤٢ گەیشتە قوستەنتینییە، پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای ڕۆژهەڵاتی، و بڵاوبوونەوەی بۆ ماوەی دووسەد ساڵ و تا ساڵی ٧٥٠ بەردەوامبوو.

دەرکەوتە سەرەتاییەکانی، بەپێی وتەی مێژوونووس برکۆبیس قەیسەرانی ، بە دەرکەوتنی تایەک لەسەر تووشبوانبوو و پاشان نیشانەکانی تاعوونی دەبلی دەرکەوتن کە لە شێوەی دومەڵە لەسەر ڕان یان ژێر باڵی کەسی تووشبوو. هەندێکیان لە هۆش خۆیان دەچوون. هەندێکی دیکە ورێنەیان دەکرد و زۆرینەشیان خوێناویان هەڵدەهێنایەوە.

بەپێی سەرچاوەی ناشیۆنال جوگرافی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاسیا، باکوری ئەفریقاو ناوچە عەرەبییەکان و ئەوروپا بەهۆی تاعوونەکەوە مردوون لەنێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن کەسن یان دەتوانین بڵێین نیوەی دانیشتوانی سەرزەوی بووە لەو سەردەمەدا.

ئەم تاعوونە ئیمپراتۆریەتی قوستەنتینییەی لەچەندین ڕووەوە لاوازکرد. ئیمپراتۆریەتەکە توانای بەرگریکردن لەخۆی بەرامبەر دوژمنانی لەدەستدا بەهۆی ئەوەی ژمارەی مردووانی زۆربوو و نەشیدەتوانی راهێنانی سەربازی زیاتر بکات. کەمی ڕێژەی دانیشتوان تەنها کارییگەری لەسەر سوپاکەی نەبوو بەڵکو سیستمی ئابوری و بونیادی ئیداریی ئیمپراتۆریەتەکەشی تێکشکاند.

لە ساڵی ٥٦٩دا لۆمباردەکان سەرکەوتووانە باکووری ئیتاڵیایان داگیرکرد و دەستیانگرت بەسەر ئۆردوگایەکی بچوکی قوستەنتینییەکاندا کە لەوێ بوو. ئەمەش بووە هۆی دووکەرتکردنی دورگەی ئیتاڵیا کە بەوجۆرە مایەوە تا لە سەدەی نۆزدەدا جارێکیتر بەیەکگەیشتەوە. لەئەفریقای باکور و ویلایەتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، ئیمپراتۆریەتەکە نەیدەتوانی رێگری لە پەلهاویشتنی عەرەبی بکات و تا ساڵی  ٧١٧ بەندەری ئیسپانی و باکوری ئەفریقا و وڵاتی شام و بەشەکانیتری لە ئاسیای بچوک لەدەستدا.


ئاوڵەو کۆلۆنیالیزم
کاتێک ڤایرۆس دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە، سیستمی بەرگری لەگەڵیدا دەجەنگێت. زۆربەی کات ڤایرۆسەکە بێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک لەگەڵ جەستەدا دەژی، بەڵام کەسی تووشبوو دەتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بێ ئەوەی خۆی تووشی ببێت.

بڵاوبونەوەی ئاوڵە بۆ پێش مێژوو دەگەڕێتەوە، وەک کۆلبێرت لە توێژینەوەکەیدا ئاماژەی پێداوە، کاریگەرییەکانی بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بووە. هیچ کەس نازانێت لەکوێ و چۆن دەستیپێکردووە. ئاوڵە لەگەڵ دۆزینەوەی سەردەمی نوێدا لە ساڵی ١١٨ لەڕێی ئیسپانیاوە تەشەنەی سەند بۆ هیسپانیۆلا (یەکێک لە دورگەکانی دەریای کاریبی). لە سەرەتاکانی ساڵی ١٥١٩ سێ لەسەر چواری دانیشتوانی دورگەکە تووشیبوون.

پاشان لە هیسپانیۆلاوە ئاوڵە گوازرایەوە بۆ بورتوریکۆ و پاشانیش بۆ ئازتیکی پایتەخت کە دەکاتە مەکسیکی ئەمڕۆ. نووسەرێکی ئیسپانی نووسیویەتی “لەزۆربەی شوێنەکان، هەریەکەو لە ماڵی خۆیدا دەمرد، ژمارەیان هێندە زۆربوو، ئەستەم بوو بیاننێژن بۆیە ماڵەکەیان بەسەردا دەڕووخاندن.”

لە مەکسیک نیوەی دانیشتوان گیانیان لەدەستدا، ئاوڵە زۆر خێراتر لە داگیرکاری ئیسپانییەکان گەشتیدەکرد تا گەیشتە ئیمپراتۆریەتیئیلانکا و گشت ئیمپراتۆرییەکە تێکشکا و بە ئاوڵە گیانییان لەدەستدا.

 “کاتێک ڤایرۆس دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە، سیستمی بەرگری لەگەڵیدا دەجەنگێت. زۆربەی کات ڤایرۆسەکە بێ دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەک لەگەڵ جەستەدا دەژی، بەڵام کەسی تووشبوو دەتوانێت نەخۆشییەکە بگوازێتەوە بێ ئەوەی خۆی تووشی ببێت. “

ناتوانرێت ژمارەی مردوانی نەخۆشی ئاوڵە بزانرێیت چونکە تۆمارەکانی ئەو قۆناغە ڕووکەشیین، بەڵام بە خەمڵاندن دەگاتە دەیەها ملیۆن. بە گوتەی ویلیەم دنیڤان مامۆستای جوگرافیا لە زانکۆی مادیسۆن “کاتێک ئەم ڤایرۆسە گەیشتە ئەمریکا گەورەترین کارەساتی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەکەدا هێنا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.”

ئەم کارەساتە دیموگرافییە بەتەنها کاریگەری لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا نەبوو، بەڵکو ئەفریقاشی گرتەوە. لە سەدەی هەژدەدا ئاوڵە دووبارە سەریهەڵدایەوە و لەڕێی کەشتییەکی هۆڵەندییەوە گەیشتە باشووری ئەفریقا،کە ئەمەش بووە هۆی تێکشانی دانیشتوانی (خوی سان)کە دانیشتوانێکی ڕەسەنی باشووری ئەفریقان.

تاعوونی ڕەش و گۆڕینی ڕووی ئەوروپا
تاعوونی ڕەش لە ساڵی ١٣٤٧ و ١٣٥١ گەیشتە لوتکە، تاعوونەکە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕێگەی بازرگانی ناسراو بە “ڕیگەی ئاوریشم” سەریهەڵدا. دانیشتووانی جیهان لەوکاتەدالە ٥٠٠ ملیۆن کەس کەمتر بوو. لە ئەوروپا ژمارەی مردوان بە تاعوونەکە گەیشتە ٧٥ ملیۆن.


لەگەڵ بڵاوبونەوەی تاعونی ڕەشدا بەپێی توێژینەوەیەکی لێکۆڵەر جۆشوا مارک کەلە بڵاوکراوەی ئینسایکلۆپیدیای مێژووی کۆن بڵاوکراوەتەوە، ئەوروپییەکان چیتر متمانەیان بەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە نەدەکرد کە پێشتر متمانەیان پێان بوو.

سیستمی فیوداڵی ئەو سەردەمە بەهۆی گیانلەدەستدانی چەندین کرێکارەوە درزی تێکەوت. تاعوون لەنێوان نەوەی چینە هەژارەکاندا کە وەک پەنابەر هاتبوونە ئەوروپا تەشەنەی سەند، لەڕێگەی ئەوانیشەوە تاعوون گەیشتە چینی دەوڵەمەندان و لە ساڵی ١٣٥٢دا بە ملیۆنان خەڵک گیانیان لەدەستدا و بونیادی کۆمەڵایەتی ئەوروپا  بەشێوەیەکی گەورە گۆڕانی بەسەردا هات.

چونکە ئەوروپا دانیشتوانی زۆربوو، بۆیە لە سەرەتادا کێشەی دەستی کاری نەبوو. کرێکاران کاریان بۆ ئەو سەرگەورانە دەکرد کە باجیان بە پاشا دەدا و لە بەرامبەر ئەو زەوی و زارەشی کاریان تێدا دەکرد تەنها بەشی خواردن و خواردنەوە کرێیان پێدەدرا.

بەڵام لەگەڵ تەشەنەسەندنی تاعوونەکەدا ئەوروپا تووشی کارەساتێکی گەورەبوو بەهۆی کەمکردنی دانیشتوانەوە، کە بە مانای کەمکردنی هێزی کار دێت، چونکە ئیتر کرێکاران گرنگییەکی بەرچاویان هەبوو، بەبێ ئەوان سەرگەورەکان نەیاندەتوانی بژێوی پەیدا بکەن و باجی پاشا بدەن.

 “ژنان لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری پیاواندا، مافگەلێکی زۆریان بەدەستهێنا. ئیتر ژنان مافی ئەوەیان هەبوو خاوەندارێتی زەوی بکەن و  خۆیان کاروبارە ئیدارییەکان بەڕێوەبەرن.”

ئەو کرێکارانەشی ڕزگاریان دەبوو لە هەوڵی ئەوەدا بوون کرێیەکی باشتر و مامەڵەیەکی گونجاوتریان دەستبکەوێ. لەئەنجامدا ئەوروپا چەندین شۆڕشی بەخۆیەوە بینی لەوانە: شۆڕشی کرێکاران ساڵی ١٣٥٨، شۆڕشی جوتیاران ساڵی ١٣٨٧، شۆڕشی کرێکارانی لەندەن ساڵی ١٣٨١. ململانێکان لەنێوان چینی کرێکاران و چینی دەرەبەگایەتیدا بەردەوامبوو تا کرێکاران هەقدەستی زیاتریان بەدەستهێنا و سیستمی دەرەبەگایەتییان تێکشکاند.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاعوونەکەدا پزیشکانی ئەوروپی گومانیان لەو ڕێگاچارە پزیشکییانە دەکرد کە لە یۆنانییەکانەوە سوودیان لێوەرگرتبوو. لەدوای ئەوە نەخۆشانەکان شێوازێکی مۆدێرنیان کرا بە بەردا.

ژنان لەبەرامبەر گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری پیاواندا، مافگەلێکی زۆریان بەدەستهێنا. ئیتر ژنان مافی ئەوەیان هەبوو خاوەندارێتی زەوی بکەن و  خۆیان کاروبارە ئیدارییەکان بەڕێوەبەرن.

ئەنفلۆنزای ئیسپانی
لە دەرئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبویەوە و نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن کەس تووشی بوون. لەنێوانیاندا ٥٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن کەس گیانیان لەدەستدا. نەخۆشییەکە تووشی ئەوکەسانە دەبوو کە تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵدا بوو، زۆرینەی تووشبوانیش ڕەگەزی نێربوون. لەڕێگەی بەرکەوتنەوە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی عەرەبی “ئەنفلۆنزای ئیسپانی وەک تاعوون کاریگەری کۆمەڵایەتی قوڵی نەبوو، بەڵام زۆرینەی بەڵگەکان ئاماژە بە کاریگەری جۆراوجۆر دەدەن وەک باشتربوونی پێگەی ژنان بەهۆی زۆری ڕێژەی مردنی پیاوانەوە.”

هەروەها کاریگەری گەورەی لەسەر جەنگ لەدژی کۆلۆنیالیزمهەبوو، بۆ نمونە لە هیندستان کە ئەنفلۆنزاکە بڵاوبووەوە، خەڵکی هیندی بەریتانییە داگیرکەرەکانیان تۆمەتبارکرد بەوەی کەمتەرخەمبوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکاندا.

یەکێک لە کاریگەرییە هەرە گەورەکانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی گۆڕینی پێوەری جیهانی کەرتی تەندروستی گشتی بوو. چیتر تاوانبارکردنی نەخۆش بۆ نەخۆشکەوتنیان و چارەسەرکردنی تاک تاکەی نەخۆشەکان مانایەکی نەما و دەوڵەت دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی بنەمای دابینکردنی چارەسەر بۆ هەمووان. هەروەها دەستیکرد بە دروستکردنی کەرتی تەندروستی گشتی و بەرەوپێشبردنی دامەزراوە پزیشکییەکان لەپێناو چارەسەری پێویست بۆ هەموواندا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٣، نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوەیەکی تەندروستی ڕاگەیاند کە لە ساڵی ١٩٤٨دا بە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ناسرا.

کۆرۆنای نوێ چی دەگۆڕێت؟
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە چینەوە بڵاوبووەوە و تا ئێستاش بەردەوامە لە بڵاوبوونەوە. کاریگەرییەکانی داهاتووی ڤایرۆسەکە گەورە دەبن و لە ئێستادا چەندین پرسیار جێدەهێڵن: ئایا بەرکەوتن دەبێت بە شتێکی حەرام؟شێوەی خواردنگە و قاوەخانەکان چیلێدێت؟ فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان چییان لێدێت؟

بەبڕوای هەندێک لە شارەزایان ئەم کارەساتە لە داهاتوودا کاریگەری ئەرێنی دەبێت: بڵاوبونەوەی شێوازی کارکردن بێ تێکەڵاوبوون، گۆڕینی تێڕوانینمان بۆ نەتەوایەتی بەوپێیەی وێنەی سەربازێک دەگۆڕێت بۆ وێنەی پزیشک یاخود پەرستارێک، گۆڕانی کیشوەری لە سیاسەتی جیهانیدا، ڕێوڕەسمە ئاینییەکان شێوازێکی دیکە وەردەگرن، هێڵی ئینتەرنێت بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەردەستدەبێت و ئەمەش توانای دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان زیاتر دەکات، پێشکەوتنی بواری پزیشژی بەوپێیەی پزیشکان دەتوانن چارەسەری نەخۆش بکەن بێ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە یان کلینیکەکانیان بکەن، باوەڕی مرۆڤ بە زانست دەگاتە سەروو نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و تێگەیشتنە هەڵەکان، بڵاوبوونەوەی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و چەندین کاریگەری دیکە کە دەبێت چاوەڕوان بین تا بیانبینین.

About دیدار عثمان

Check Also

جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢ لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی …