ئامادەكردنی: مامەیارە ئەحمەد
هەموومان ناوی حەمەقەدۆمان بیستووە و زۆربەشمان نازانین كێیە، یەکێکە لەو دەستەواژانەی كۆمەڵگەی كوردەواریدا بەڕاددەیەکی زۆر بەكار دەبرێن.
حەمەقەدۆی مووسڵ بە چەندین شێوازی جیاواز بەکاردەهێندرێت، لەوانە، بۆ شوێن و مەبەستێكی دیاریكراوە، یەكێك لەو رستانە (خۆ حەمە قەدۆی مووسڵ نیم)، كە كەسێك وا دەڵێت، ئەگەر داخوازی زۆر شتی لێ بكرێت و پارەی زۆری بووێت، ئەو رستەیە دەڵێت، واتە وەك كابرای ناوبراو دەوڵەمەند نییە تا بتوانێت هەموو شت دابین بكات.
بە جۆرێكی تر، حەمەقەدۆ ئەوەندە دەوڵەمەند بووە، هەرچییەكی ویستبێت، بە هەر نرخێك بووبێت، كڕیویەتی و كردوویەتی. لەو رووەوە وشە بەدوای رستەكە و ئەو كەسە و ماڵباتەكەیدا چووە.
مێژوونووس و مامۆستای زانكۆ ئەزهەر عوبێدی، لە نووسینێكدا لە بارەی مێژوو و كەسایەتی و بنەماڵە بەناووبانگەكانی مووسڵ، لە بارەی ماڵبانی حەمەقەدۆوە دەنووسێت: خانەوادەی حەمەقەدۆ، بنەماڵەیەكی بازرگانی بوون، بریتی بوون لە محەمەد (حەمە) كوڕی عەبدولقادر (قەدۆ) كوڕی مستەفا قەسابباشی، عەبدوڵا كوڕیەتی و خاوەنی خانی حەمەقەدۆیە لە دەرگەی سەرای مووسڵ.
هەروەها تۆفیق حەمەقەدۆیش بازرگان بووە. كوڕەكانی تری بریتی بوون لە عەبدولباقی، عەبدولعەزیز عەبدولمەجید حەمە قەدۆی كوڕەزای كە بازرگانێكی پاكدەست و ناوازە بووە، ئیدریس تۆفیق حەمەقەدۆی كوڕەزایشی پارێزەر بووە، دواتر بووەتە سەرۆكی شارەوانی مووسڵیش و چەند پۆستێكی تریشی لەو شارە وەرگرتووە. هەروەها نەوەكانی تریشی بریتی بوون لە ئەندازیار ئەیاد سدیق حەمەقەدۆ، دكتۆر زوهیر سدیق حەمەقەدۆ و دكتۆر بەشار سدیق حەمەقەدۆ.
بۆ یەكەمجار ئۆتۆمبێلیان بردە مووسڵ
لە ساڵی 1919ـدا، خانەوادەی حەمەقەدۆ ئۆتۆمبێلیان بردووەتە موسڵ و جێی سەرنج و تێڕامانی خەڵك بووە، جۆرەكەیشی فۆردی ئەمەریكی بووە، دواتر ئەوە پەرەی سەندووە و لە ساڵی 1924ـدا فەرمانگەی هاتوچۆ دامەزراوە و ژمارەبەندی ئۆتۆمبێلەكان كراوە.
خاوەنی چەندان شوێنی ناسراو و بازرگانی بوون
دكتۆر ئیبراهیم خەلیل عەلاف، مامۆستای زانكۆی موسڵ، لە بارەی ماڵباتی حەمەقەدۆی مووسڵەوە، لە نووسینێكی بەڵگەنامەییدا ئەوە دەخاتەڕوو: حەمەقەدۆ، بنەماڵەیەكی رەسەنی ناسراوی مووسڵن، لە گەڕەكی (بابولنەبی – جەرجیس) نیشتەجێ بوون، خاوەن سەروەت و سامانێكی زۆر بوون، لەوانە خانی حەمۆ، مزگەوتی حەمەقەدۆ، عەلوەی تازە لە بابولتوب، بازرگانی گەورەبوون لە نێوان مووسڵ و سووریادا.
دیارترین كەسی خانەوادەكەیان، عەبدوڵای كوڕی حەمە قەدۆ بووە، خاوەن هەژموونێكی زۆری بازرگانی و سیاسی بووە لە سەردەمی حوكمی عوسمانییەكاندا لە موسڵ. هەروەها عەبدولباقی و ئیدریسیش لە ناسراوانی بنەماڵەكە بوون، عەبدولعەزیز عەبدولمەجید حەمەقەدۆ، ئەندامی دەستەی گەنجانی موسڵمانانی موسڵ و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیش بووە.
بازرگانییەكەیان تەنیا لەگەڵ سووریا نەبووە
ئەو مامۆستای زانكۆیە، ئەوەیشی ئاشكرا كردووە كە بنەماڵەی حەمەقەدۆ بازرگانییەكەیان تەنیا لەگەڵ سووریا نەوەستا، بەڵكو لەگەڵ فەڕەنسا و ئینگلتەرا و هیندستانیش بازرگانییان دەكرد و خووری، پێست، كەرەستەی جوانكاری، قوماش، مازوو و ئەسپیان دەهێنا.
دەشڵێت: ئەو بنەماڵەیە، بە راستگۆیی لە مامەڵە و دەستپاكی لە كاروباری بازرگانیدا ناسرابوون، بەو جۆرە رێز و خۆشەویستیی موسڵییەكانیان بە دەست هێنابوو، سەرەڕای دەوڵەمەندی و پارەزۆرییان، زۆر سادە و خاكەڕا بوون و لە نێو خەڵكی سادەدا بوون و پێش ئەوەی هاوڕێیەتی دەوڵەمەندان بكەن، هیی هەژارانیان دەكرد. هەر لە سەروەختی عوسمانییەكاندا، ناسناوی چەلەبییان پێ درا، كە هێما بوو بۆ بازرگانیكردن.
هاوكات مێژوونووسی ناسراوی مووسڵ عەبدول مونعیم غولامی، لە رۆژنامەی سەدالئەحراردا لەسەر ئەو بنەماڵەیەی نووسیوە و بە باشە باسی كردوون و خاكەڕایی ئەوانیان دووپات كردووەتەوە. هەریەك دكتۆر زوهێر عەلی ئەحمەد نەحاس و ئوستاد عیماد غانم رەبیعی، ئەو زانیارییانەیان لە بارەی ماڵباتی حەمەقەدۆوە پشتڕاست كردووەتەوە.
بە كورتكردنەوەی ناوەكەیاندا دیارە كە كوردی مووسڵ بوون
هاوڕێ جەلال، لێكۆڵەری بواری زمان و فۆلكلۆر و ئیدیۆمە كوردەوارییەكان، ئەوەی خستەڕوو، لەو رووەوە بەدواداچوونی كردووە و ئەوەی بۆ روون بووەتەوە حەمە قەدۆ، بازرگانێكی گەورەی شاری موسڵ بووە، هەندێك دەڵێن كوردی شاری موسڵ بووە، هەندێكی تریش دەڵێن خەڵكی سلێمانی بوون و باو و باپیریان چوونەتە موسڵ و لەوێ نیشتەجێ بوون.
هاوڕێ دەشڵێ: من ئەو ڕایە بەپەسەند دەزانم كە خۆیان كوردی موسڵ بووبن، ئەویش بەپێی گۆڕانی ناوەكەیان، ئەم حەمەقەدۆیە لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا ڕایەڵەی بازرگانیی هەبووە، بە هەمان شێوە لە شارەكانی عێراق و سوریا و چەند وڵاتی دووریشدا پێوەندیی بازرگانیی هەبووە.
هاوڕێ گەییشتووەتە ئەو راستییەی (حەمە قەدۆ) ناوی (محەمەد عەبدولقادر)، (محەمەد) بووە بە (حەمە) و (عەبدولقادر)ـیش بووە بە (قادر-قالە-قەدۆ) تا ئێستاش لە هەندێك شوێنی كوردستان وشەی قادر كورت دەكەنەوە بۆ (قەدۆ)، بە نموونە لەلای شەبەكەكان. خەڵكی سلێمانی (قادر) ناكەن بە (قەدۆ)، ئەمەش بەڵگەیە كە خەڵكی سلێمانی نەبووە. عەرەبەكانیش بۆ ئەوەی نەڵێن كوردە، دەڵێن ناوی (عەبدوڵا چەلەبی كوڕی محەمەد كوڕی عەبدولقادرە)! راستییەكەی (عەبدوڵا) كوڕی (حەمە قەدۆ)یە و ئەو كوڕە و كوڕی دیكەشی هەبووە. وشەی (قەدۆ) بۆ هەموو نەوەكانی دواتر، بووە بە ناسناوی بنەماڵەیی.
ئەو لێكۆڵەرە، دەڵێت: خانەوادەی (محەمەد قەدۆ) جێدەستیان دیارە لەبیناكردن و ئاواكردندا، مزگەوتێك لە ساڵی ١٨٨٠دا (لە سەردەمی عوسمانییەكان)دا دروست كراوە، لە گەڕەكی مەیدانی شاری موسڵ لە جورافات دروست كردووە. داعش لە ٦ی ئازاری ٢٠١٥دا مزگەوتەكەی تەقاندەوە و خاپووری كرد.