مێژووى تهریقهتى نەقشبەندی
خانەدانی زێڕین کە بەڕێزترین کەسانن لە باوڕی سۆفییەکاندا
نەقشبەندی یان نەقشی یان نەخشی، تەریقەتێکی سەرەکیی تەسەوفی ئیسلامییە. بناغەی تەریقەتی نەقشبەندی لە سەر سوننەتی پیغەمبەری ئیسلام و شەریعەت دامەزراوە، ھەر ئەم خاڵەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە تەریقەتی نەقشبەندی لە خۆرھەڵات و خۆرئاوای جیھانی ئیسلامدا پەرە بستێنێ و بە تایبەت ببێ بە ڕەوشتی سۆفیانەی زانایان و ئەدیبان و فیقھ زانانی ئیسلام و لەوانە، شێخی «ابنحجر ھیتمی» (٩٧٤ ـ ٩٠٩)، وتوویەتی: «ئەو تەریقەی کە لە خەوش و خاڵ و نالەبارییەکانی سۆفیە نەزانەکان، خاڵی و دوورە، ھەر تەریقەی نەقشبەندیە».
ڕێ و ڕەوشتی نەقشبندی خراوتە پاڵ خواجە بەھائەددین نەقشبەند بوخارایی (٧٩١ ـ ٧١٧ کۆچی)،ئیسماعیل بێشکچی دةلَيَت” سەرچاوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ بەهادین نەقشبەندی کە تورکە و دواتر لەلایەن ئیمامی ڕەببانیەوە کە خەڵکی لاهورە
. بەڵام ناتوانین بڵێین بەھائەددین بنیات دانەری ئەو تەریقەتەیە، چونکە لە ڕاستیدا تەریقەکەی ئەو، ھەر درێژەی تەریقەتی خواجەکانە، ئەو ڕێ و ڕەوشت و سلووکەی کە خواجە یووسفی ھەمەدانی (٥٣٥ ـ ٤٤٠ کوچی) و خواجە عەبدولخالقی غوجدەوانی (٥٧٥ ـ٤٩٣ کوچی) دایان مەرزاندبوو.
خواجە بھائوودین، کە ناوبانگی «شاھی نەقشبەند»ە ، لە سەیید ئەمیری کولالەوە تەریقەتی وەرگرتوە و لە پاشان، بوو بە زیندووکەرەوە و ڕاستکەرەوەی تەریقەتی خواجەگان و بەم جۆرە، تەریقەتی نەقشبەندی بوو بە کۆ کراوەی دەرز و فێر کاریییەکانی «عبدالخاق غجدوانی» و «بھاوالدّین بخارایی».
ئەم تەریقەتە بە ماوەێیکی زۆر کەم لە ماوەرائونەھر و خوراساندا پەرەی سەند و لە پاش بەھائەددین جێنشینەکانی ئەو علاوالدّین عگار (فەوت ٨٠٢ کۆچی) و محمّد پارسا (فەوت ٨٢٢ کوچی) و یعقوب چرخی (فەوت ٨٥١ کوچی) دەستیان کرد بە ئیرشاد کردن و دەستێکی باڵایان ھەبوو لە بڵاوە پێدانی تەریقەتەکەداو لە دوای ئەوانیش، خواجە«عبیداللە احرار» (٨٩٥ ـ ٨٠٦) سەری ھەڵدا کە ناودارترین و دسەڵاتدارترینی شێخەکانی چەرخی تەیموورلەنگە و ئەم تەریقەتە لە چاخی ئەحراردا، گەیشتە چیای دەسەڵات و ناوبانگ و پەرەسەندن.
یەکیک لە گەورەکان و مورشیدەکانی تەریقەتی نەقشبەندی کە لە چەرخی ئەودا نەقشبەندی زۆر بلاو بووەوە، « مولانا شاە غلامعلی عبداللە دھلوی»ە (١٢٤٠ ـ ١١٥٨) . لە سەردەمی ئیرشادی شاعەبدوڵڵادا، خواناس و زانای گەورەی کورد مەولانا خالید نەقشبەندی (ضیاءالدین ابوالبهاء مولانا خالد ذوالجناحین شهرزوری) (١٢٤٢ـ ١١٩٣) بە رێنوێنی کردنی یەکێک لە موریدەکانی ئەو لە سالی ١٢٢٢ کوچیدا ئەچێ بۆ دیھلی لە ھیندستان و لە پاش یەک ساڵ بە وەرگرتنی تەریقە و ئیجازەی ئیرشادەوە ئەگڕێتەوە بو کوردستان و دەست ئەکات بە ئیرشاد و بڵاو کردنەوەی تەریقەتەکەو لەو کاتەوە، تەریقەتی نەقشبەندی ـ کە تا ئەو سەردەمە لە کوردستاندا ئەوندە ناوبانگ و بڵاوەی نەبووە ـ بە جوریک بڵاوە ئەکات و پەرە ئەستێنێ کە تەنانەت دەسەڵاتداران و زانایان و لەوانە، مامۆستاکانی مەولانا خالیدیش، ئەبن بە ئۆگری.
لە پاش مەولانا خالید، خەلیفەکانی لە ناوچە جۆر بە جۆرە ئیسلامیەکاندا، دەستیان کرد بە ئیرشاد و بەرەو پێش بردنی تەریقەتەکە. شێخ عوسمان سراجەددینی نەقشبەندی یەکێکە لە جیگەدارە زۆر بەناوبانگەکانی مەولانا خالید لە بەغدا تەریقەتی لێ وەرگرت وەک یەکەم خەلیفەی مەولانا خالید، سالی ١٢٢٨ کۆچی لە سلێمانیدا ئیجازەی خەلیفایەتی و ئیرشادی لە دەستی ئەو وەرگرت. زیاتر ٨٠ کەس لە زانایان و ئەدیبەکان ئەو سەردەمە، پلەی خەلافەتیان لە شێخ عوسمان وەرگرت کە لەوانەن: مەولەوی تاوەگۆزی و مەلا حامیدی بێسارانی (کاتباڵاسرار) و مەلا ئەحمەد نۆدشی.
کوڕەکان و کوڕەزاکانی شێخ عوسمان لە دوای ئەو زۆرتر پەرەیان بە تەریقەتەکە دا و پلەیەکی بەرزیان لە نێوان کۆمەڵگای کوردەکانی ناوچەکە بەدەستھێنا.
ناودارانی کوردی تەریقەتی نەقشبەندی
سەید تەھای نەھری
شێخ سەعیدی پیران
شێخ سەید تەھای کەمالیزادە
شێخ عەبدوڵڵا ئەحمەد عارف نەقشبەندی
شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری
شێخ عوسمان سراجەددینی نەقشبەندی
مەلای جزیری
مەولانا خالید نەقشبەندی