كاشییەكان.. دەوڵەتێكی كوردی چوار سەدە فەرمانڕەوایی میزۆپۆتامیایان كرد
ههولێر/سارا سهردار.
كاشییەكان یەكێكی ترن لە پێكهاتەكانی گەلی كورد كە لە ناوەڕاستی هەزاری دووەمی پێش زاین حوكمی وڵاتی ڕافیدەینیان كردووە و ئەوان بە یەكەم گەل دادەنرێن كە گرنگی تەواویان بە ئەسپ و نەوەكانی داوە و گالیسكەیان دروست كردووە، هاوكات كچی خۆیان بە فیرعەونەكانی میسڕ داوە.
پاش ئەوەی گوتییەكان لە ئوتوحیگال شكستیان هێنا، بە هۆی نزیكی شوێنی دانیشتنیان لە بابل و پێوەندی هەمیشەیی لەگەڵ ئەوان و دەسەڵاتی حەموڕابی بابل، كاشییەكان گرنگی تایبەتیان پەیدا كرد و بەهێز بوون.
كاشییەكان لە كۆمەڵێك هۆز و عەشیرەتی بچووك پێك هاتبوون كە یەكەم جار لە رۆژهەڵاتی زەنجیرە چیای زاگرۆسەوە دەسەڵاتیان هەبوو، بەڵام بە هۆی هەبوونی سیاسەتی زیرەكانە و دروستكردنی پێوەندی باش لەگەل خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەست و ناوچەكانی دەوروبەریان توانییان بۆ ماوەی چوار سەدە حوكمی ناوچەكانی بابل بكەن.
كاشییەكان كێ بوون؟
كاشییەكان هۆزێكی كوێستاننشین بوون كە پیشەیان ئاژەڵداری بوو و بە زمانێك قسەیان دەكرد كە زۆر لە زمانی ئیلامی چووە، زۆربەی سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە ناتوانین مێژوویەكی دیاریكراو بۆ نیشتەجێبوونی كاشییەكان لە زێدی ڕەسەنیان دیاری بكەین لەبەر ئەوەی ڕابردووی ئەم تیرە زاگرۆسییە كوردە زۆر كۆنە، تەنانەت هەندێ لە مێژوونووسان لەو بڕوایەن كاشییەكان خاوەنی سەرەكی ئەو خاكەن و پێش ئاریایییەكان لەوێ نیشتەجێ بوون.
ناكۆكی زۆر هەیە لە نێوان سەرچاوەكان كە ئایا كاشییەكان لە تیرەی هیندۆئەوروپین یان نا، بەڵام دیاكۆنۆف لە كتێبی میدیا دا دەڵێ، “سەردەمێك وایان دەزانی و دەیانگوت، كاشییەكان هیندۆئەوروپایی بوون، بەڵام هەندێك سەرچاوە كە زۆرترین پێوەندییان بە بوارەكانی هیندوئەوروپی و كاشییەكانەوە هەیە ئەوەندە سستن بە هیچ جۆرێك بەڵگەیەكی بە كەڵك لە بارەی پێوەندی كاشییەكان و بە گەلانی هیندوئەوروپییەكانەوە نادەن بە دەستەوە و بە هیچ جۆرێك باسیان لێوە ناكەن.
لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی كاشییەكان زۆربەی سەرچاوەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی زێدی سەرەكی ئەوان ناوچەی لۆرستان بووە، بەڵام دواتر گەشەی كردووە و لە زاگرۆسی ڕۆژئاوا واتا “لۆرستان” تا “دەریاچەی قەزوین”ی لەخۆ گرتووە. شپایزەر دەڵێ، ئەگەری زۆر هەیە كە ناوی شار و دەریاچەی قەزوین كە لە سەرچاوەكان بە “كاسپین” هاتووە لە ناوی كاسییەكان یان خودی كاشییەكانەوە هاتبێت.
كاشییەكان هۆزێك بوون گرنگیان بە ئاژەڵداری داوە و لەو سەردەمە سامانی ڕەسەنی خەڵك ئاژەڵ و ئاژەڵداری بووە، ئەوەی شایانی باسە ئەوەیەكە لەو سەردەمە ژمارەی ئاژەڵە وردەكانی وەك بەراز و بزن بە تایبەت مەڕ بەرەبەرە لە ئاژەڵە گەورەكان زۆرتر دەبوون و ئاژەڵداری وردە وردە لەگەل ژیانی خەڵكیدا دەقی دەگرت و خەڵكیش هاوینان ئاژەڵەكانیان بردووە بۆ كوێستان، پێ دەچێت لێرەوە ژیانی كۆچنشینی دەستی پێ كردبێت. كاشییەكان بە یەكەم كەس دادەنرێن كە نەژادی كۆنی ئەسپیان هێنایەوە ناوچەی دۆڵی ڕافیدێن و هەروەها چەندان یاسا و نووسینێك لە پاش خۆیان بە جێ ماوە كە باسی چۆنیەتیی پەروەردەكردنی ئەسپ دەكات.
لە لایەكی ترەوە هەندێك لە هۆزەكان خەریكی بەرهەمهێنانی هەمەجۆرە كەرەستەیەكی سەرەتایی پیشەسازی كانزا بوون و بەو هۆیەوە گەلێك پیشەی هەمە جۆریان هەبووە و گەلێكی بەرهەمهێن بوون.
هونەر و ئەدەب و زمانی كاشییەكان
كاشییەكان لە ڕووی هونەری كانزاكاری و بە كارهێنانی ئاسن زیرەك بوون و توانییان لە بڕۆنز هەندێ شتی نوێ وەك لغاو و كورتان و زنجیری ئەسپ دروست بكەن، هەروەها كەلوپەلێك وەك تەور و گورز لەو سەردەمە دروست دەكرا كە سەری لە شێوەی ئەسپ بوو، بێجگە لە پێداویستی رۆژانە لە سەردەمی كاشییەكان دەست كراوە بە دروستكردنی بابەتی جوانكاری ژنان.
لە زۆربەی سەرچاوە مێژوویییەكان سەردەمی كاشییەكان و ناوچەی لۆرستان بە سەردەمی دۆزینەوەی برۆنز دادەنرێت كە هەر بەو ناوەش بەناوبانگە واتا برۆنزی لۆرستان، كاشییەكان تەنانەت گرنگیان بە لایەنی هونەری و فەلسەفی داوە و هەستاون بە نووسین یان وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی بە سەر زمانی ئەكەدی_بابلی.
لە ڕووی زمانەوانییەوە زۆربەی سەرچاوەكان لەسەر ئەو بڕوایەدان كە زمانی كاشییەكان زمانی كۆنی قەوقازی واتا مەڵبەندی بنەڕەتی زاگروس بووە، بەڵگەیش بۆ ئەمە دۆزینەوەی فەرهەنگێكی زمانەوانییە كە یەكێك لە نووسەرەكانی بابلی بۆ زمانی كاشی و ئەكەدی نووسیویەتی لەوێ دەردەكەوێت كە زمانی كاشی زمانێكی تەواو قەوقازیە.
كاشییەكان دوو زمانیان بەكار هێناوە، یەكیان زمانی گشتی بووە كە خەلك قسەی پێ كردووە و ئەوەی تریش زمانی خانەدانەكان و دەزگاكانی دەسەڵاتداری و پاشاكان بووە كە ڕیشەی هیندوئەوروپی هەبووە.
پێكهاتەی كۆمەڵگا و بواری ئاینی
پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كاشییەكان لەسەر بنەمای هۆزایەتی بووە كە بەم هۆز و خێلانە گوتراوە “ماڵی ….” یان “خانەی …. ” و بە ئەندامی ئەو ماڵانە گوتراوە “كوڕی …” و سیستەمی خێزانیان سیستەمی باوك سالاری بووە و هەر خێزانێك سەرگەورە واتە سەرۆكی خێزانی هەبووە و ئەوانیش پێوەستبوون بە سەرۆكی هۆزەكەوە.
لە سەردەمی كاشییەكان كشتوكاڵ پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینی و سیستەمێكی پێشكەوتووی كشتوكاڵیان دامەزراند، پاشاكان زەوییان بەسەر سەرۆك هۆزەكان دابەش كردووە و هەر ماڵێك پارچە زەوییەكی هەبووە كە بۆ كاری كشتوكاڵ بە كاری هێناوە، نیشانە و سنووریان لە نێوان زەوی تاك و كۆمەڵەكاندا داناوە و بایەخیان بە جۆگەكانی ئاودێری داوە.
شێوازی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵ پەرەی سەندووە و بووەتە شێوازێكی نیمچە دەرەبەگی، ئەمەش بووە هۆی زۆربوونی بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوونی دانیشتووان، لە كۆمەڵگای كاشی هەروەك زۆربەی كۆمەڵگا كۆنەكان بڕوایان بە فرە خواوەندی و بتپەرستی هەبووە و لە هەندێ لە نووسراوە كۆنەكان ناوی هەندێ لە خواوەندەكانی كاشی هاتووە وەك خواوەندی” كاشو” كە لە زمانی ئەكەدی بەم جۆرە هاتووە و شێوەی خواوەندەكەیش دیار نییە، خواوەندی” شیمالی یان شیبارو” كە خواوەندی كوێستان بووە، خواوەندی “شوكامون یان شومو” خوای ئاگری ژێر زەوی و پشتیوانی زەنجیرەی پاشایان، بێجگە لەمانە خواوەندەكانی “هاربە” و” شیخۆ” لە خواوەندە زۆر گەورە و خوشەویستەكان بوون كە لەگەڵ خواوەندەكانی ئینلیل و مەردوكی بابلی یەكسان بوون.
پێوەندی و ڕووداوە سیاسییەكان لە سەردەمی كاشییەكان
بە هۆی كار و كاسبییەوە ژمارەی كاشییەكان لە وڵاتی بابل ڕووی لە زیادبوون بووە و زۆربوونی ژمارەی كاشییەكان لەو وڵاتە بووە هۆی زیادبوونی كاریگەرییان لە ژیانی هاووڵاتییانی بابل بە تایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، كاشییەكان چەندان دیاردەی شارستانییان هێنایە بابل وەكو بە كارهێنانی ئەسپ و گالیسكە.
بە پێی سەرچاوە شوێنەوارییەكان، كاشییەكان رۆڵیان هەبووە لە دروست بوون یان گۆڕینی پێوەندییە سیاسییەكان لەو سەردەمە، لەو نووسراوانەی كە لە “عەرمانە” لە میسر دۆزراوەتەوە ئاماژە بەوە دەكرێ كە كاشییەكان پێوەندییەكی دیپلۆماسی باشیان هەبووە لەگەل میسرییە كۆنەكان، ئەویش لە بەخشین و ناردنی خەڵات و دیاری بە میسرییەكاندا دیارە، هەروەها باسی شووكردنی خاتوونێكی كاشییەكان بە فیرعەونەكانی میسر دەكەن.
دكتۆر كوزاد محەمەد ئەحمەد لە كورتە باسێك كە لە سەر مێژووی كاشییەكان نووسیویەتی، لە سەردەمی دوایین پادشای بنەماڵەی یەكەمی بابلدا كە ناوی “سەمسۆ_دیتانا1625_1595 پ ز ” بوو بابل كەوتە بەر پەلامارێكی لە ناكاوی هیتییەكان و كۆتا بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە هات، بەڵام بە هۆی پیلانێكەوە كە لە دژی پادشای هیتی و لە پایتەختەكەی خۆی لێی گێڕا، ناچار بە زوویی لە بابل كێشایەوە و وڵاتەكەی بێ خاوەن بە جێ هێشت. كاشییەكان كە دەمێك بوو لە وڵاتی بابل و ناوچەی ناوەڕاستی فوراتدا “ناوچەی خانا و تێرقا” بە تاك و گرووپی گەورە دەژیان و دەستڕویشتوو بوون، توانییان بە یارمەتی هاوخوێنەكانی خۆیان لە زاگرۆس دەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرن و بنەماڵەیەكی بە هێز تیایدا دابمەزرێنن كە نزیكەی چوار سەدە فەڕمانرەوایی هەموو ناوەڕاست و باشووری میزوپۆتامیایان كرد.
زۆربەی سەرچاوەكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە سەردەمی كاشییەكان سەردەمێكی ئارام و بێ كێشە بووە و شەڕ زۆر كەم بووە، دەكرێ هۆكارەكەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئەوان رێزیان لە ئاین و خواوەندەكانی بابلی و ئەكەدی گرتووە.
ئەوان پاش گەڕانەوەی ئارامی و جێگیربوونی دۆخی ناوچەكە، دەستیان بە نۆژەن كردنەوە كرد و شارێكی نوێیان بنیات نا بە ناوی “دوركوریكالزو” كە بوو بە پایتەختیان، ناوی ئەم شارە لە ناوی پاشای كاشی “كوریكالزۆی دووەم” هاتووە.
كاشییەكان لەم شارە كۆشك و پەرستگەیان دروست كردووە و بۆ ڕووپۆشكردنی زەوی شەقامەكان خشتیان بە كار هێناوە، لە گرنگترین شوێنەكانی ئەم شارە زەقورەی”عەقرقوف”ە كە تا ئێستەیش هاووڵاتییە نیشتەجێبووەكانی ئەو سنوورە پێی دەڵێن “حاری كوردان”.
سەرەڕای ئەمانە، فەرمانڕەوایەتی كاشییەكان دەستی بە دروستكردنی لەشكرێكی ڕێك و تۆكمە و بەهێز كردووە، جیا لە كورد، ئەكەدی و بابلییەكانیشی تێدا بووە، تا سەدەی نویەمی پێش زاین هەر بەناوی لەشكری كاشییەكان ناو براوە.
وڵاتی میزۆپۆتامیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری كاشییەكان “كاردۆنیاش”ی پێ گوتراوە كە بە مانای بەندەری دنیاش دێت كە “دنیاش” ناوی یەكێك لە خواوەندەكانی كاشی بووە.
سەرچاوەكان
هاونەتەوەیی كورد و ماد، نووسینی حەبیبوڵا تابانی.
میدیا نووسینی دیاكونوف.
كورتە مێژوویەكی كوردستان لەوچاخی بەردینی كۆنەوە تا كۆتایی ساسانییەكان توێژەر كوزاد محەمەد ئەحمەد.
زبدە تاریخ كورد و كوردستان، نووسینی محەمەد ئەمین زەكی بەگ.
هنر بین النهرین كلاسیك نووسینی انتوان مورتگات.