عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف.. لەئیخوان‌و باڵی مەکتەبی سیاسییەوە تا بون بەوه‌زیری سه‌دام
5ی ئازار، جگه له‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی رۆژی راپه‌ڕینی شكۆداری ساڵی 1991ه، هاوكات رۆژی تیرۆركردنی عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریفیشه، كه ساڵی 2005 له‌گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوه‌ی كه‌ركوك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه تیرۆر كرا‌و تا ئێستاش وه‌ك زۆرێك له‌تاوانه سیاسییه‌كان بكه‌ره‌كه‌ی ون‌و نادیاره.
ئا: ئاوێنە
“ململانێ له‌گه‌ڵ ژیاندا” ناوی ئه‌و یاداشتانه‌یه كه عه‌بدولستار شه‌ریف له‌دو به‌رگدا بڵاویكردنهتهوه به‌ر له‌وه‌ی تیرۆر بكرێت. ئه‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م یاداشتانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌جیهانی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی سیاسه‌ت به‌درێژایی سێ ده‌یه‌ی پڕ له‌روداوی گه‌وره‌و پڕ له‌كاراكته‌ری چالاك‌و ناودار ده‌مانگێڕێت .
له‌شاری كه‌ركوك به‌ده‌گمه‌ن چاوت به‌عه‌ره‌ب ده‌كه‌وت
به‌رگی یه‌كه‌می یاداشته‌كانی به‌ساڵانی منداڵی ده‌ستپێده‌كات، كه ساڵی 1935 له‌گوندی بیره‌سپانی سه‌ر به‌ناحیه‌ی شوان له‌باوه‌شی خێزانێكی قه‌ره‌باڵغی جوتیاردا چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌و له‌ته‌مه‌نی چوار ساڵیدا ماڵیان گواستوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك.
ئه‌و له‌پاڵ گێڕانه‌وه‌ی رۆژگاری منداڵی كه هاوینان ده‌چونه‌وه گوند‌و به‌كاری كشتوكالو مهڕداریو گێره‌و كۆترگرتنهوه خه‌ریك ده‌بو، ده‌ڵێت “له‌و سه‌رده‌مه‌ی ماڵمان چو بۆ كه‌ركوك دانیشتوانی عه‌ره‌ب ئه‌وه‌نده كه‌م بون به‌په‌نجه ده‌ژمێردران، خۆ له‌به‌ری رۆژهه‌ڵاتی خاسه ماڵه عه‌ره‌ب هه‌ر نه‌بون.. زۆربه‌ی قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كان لهكوردو توركومان بون.. له‌شاری كه‌ركوك به‌ده‌گمه‌ن چاوت به‌عه‌ره‌ب ده‌كه‌وت”.
پاشان باس له‌وه ده‌كات كه حیزبی به‌عس له‌نێوان ساڵانی 1968 تا 2003 زیاتر له 300 هه‌زار عه‌ره‌بیان له‌خواروی عێراقه‌وه هێناوه‌ته كه‌ركوك‌و له‌شوێنی 300 هه‌زار كورد نیشته‌جێیان كردون كه له‌و شاره راگوێزراون.
سه‌ر به‌ئیخوان بوم‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیم لاواز بو
عه‌بدولستار له‌یاداشته‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات كه ساڵی 1955 له‌گوندی رێداری سه‌ر به‌ناحیه‌ی شوان بوه به‌مامۆستا، ئه‌و ده‌ڵێت “تا ته‌مه‌نی 20 ساڵیم هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیم نه‌بوو، سه‌ر به‌ئیخوان بوم، هه‌ستی ئایینیم به‌تینتر بو، دینداریی زاڵ بو، هه‌مو موسوڵمانێكم به‌برای خۆم ده‌زانی هه‌رچه‌نده به‌م دواییه بۆم ده‌ركه‌وت هه‌مو موسوڵمانێكیش منی كوردی به‌برای خۆی نه‌ده‌زانی.. خوێندنه‌وه‌م هه‌موی بریتی بو لهقورئانو فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌رو كتێبه ئایینییهكانو ته‌فسیرو شهریعهتو سیره‌و ئه‌و گۆڤاره ئیسلامیانه‌ی له‌میسر ده‌رده‌چون”.
بون بهپارتیو زیندان
عه‌بدولستار باس له‌وه ده‌كات كه له‌ساڵی 1957ه‌وه په‌یوه‌ندی بهئیخوانهوه نامێنێ‌و له‌پاش شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 ده‌چێته ناو پارتییه‌وه‌و ده‌بێته لێپرسراوی شوان له‌ساڵی 1959دا.
ئه‌و باس له‌ململانێی نێوان شیوعییهكانو پارتی ده‌كات له‌و سه‌رده‌مه‌دا، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌كوشتاری توركمانه‌كان ده‌كات، كه به‌و بۆنه‌یه‌وه تۆمه‌تی ده‌خرێته پاڵ‌و ساڵانی 1960 تا 1962 ژیانی له‌به‌ندیخانه‌ی كه‌ركوك‌و كوت به‌سه‌رده‌بات.
كه گێڕانه‌وه‌ی ژیانی زیندان به‌شێكی سه‌رنجڕاكێشی كتێبه‌كه پێكده‌هێنێ. كاتێك باس له‌بینینی كه‌سانی وه‌ك شێح مارف‌و شێخ حسێن ده‌كات كه ئیعدام ده‌كرێن به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ده‌ستیان هه‌بوایه له‌روداوه‌كانی كه‌ركوكدا، هه‌روه‌ها دیتنی جه‌رجیس فه‌تحوڵا كه له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر مائییهوه لای بارزانی هه‌وڵی بۆ ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بكرێت.
چونه پاڵ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی
عه‌بدولستار باس له‌وه ده‌كات كه پاش ئازادكردنی له‌زیندان چوه‌ته ناو شۆڕشه‌وه‌و له‌كاتی دو كه‌رتبونی پارتیشدا پشتیوانی له‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كردوه. له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین چه‌رمه‌سه‌ری‌و راكه راكی بینیوه به‌تایبه‌تی له‌خانه‌قین، كاتێك له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی له‌وێ پێسپێردراوه.
عه‌بدولستار ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌نیسانی 1964 له‌كۆنفرانسی ماوه‌ت به‌شداربوه له‌گه‌ڵ 70 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی، ئه‌و ده‌ڵێت “له‌ده‌ركردنی بڕیاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه كه دواڕۆژی شۆڕشی كوردستان‌و ژیانی پارتایه‌تی خسته مه‌ترسییه‌وه به‌شدار بوم. ئه‌توانم بڵێم شه‌ڕی براكوژی له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی له1994 سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی زام‌و برینه‌كانی ساڵی 1964 بو”.
ئۆباڵی دوبهرهكیهكه له‌ئه‌ستۆی بارزانی‌و مه‌كته‌بی سیاسیشدایه
عه‌بدولستار كه له‌ساڵی 1967دا له‌كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی به‌شداری ده‌بێت له‌كه‌لار، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بارزانی پێداگری له‌سه‌ر لابردنی ئیبراهیم ئهحمهدو دانانی مام جه‌لال ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بكرێت بهسكرتێر ئه‌مه‌ش ناكۆكییه‌كانی نێوان دو باڵه‌كه‌ی توندتر كردبو، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر زۆر مه‌وزوعی بم ناتوانم هۆیه‌كانی دوبهرهكییهكه هه‌موی بخه‌مه ئه‌ستۆی مه‌لا مسته‌فا، ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕم وایه زۆر له‌هۆیه‌كانی ئه‌كه‌ونه ئه‌ستۆی ئه‌و، بهشێكیشیشی ئه‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆی ئێمه‌ی جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی. بۆ نمونه له‌كۆنگره‌ی 6ی پارتی باڵی بارزانی 14 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوهندیو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی باڵه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌حیزب ده‌ركران، له‌پێش بڕیاره‌كه‌ی كۆنگره‌ی 6، له‌كۆنفرانسی ماوه‌ت مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌رۆكایه‌تی حزب ته‌جرید كرا، هه‌ردو بڕیاره‌كان ئاگری دوبه‌ره‌كی نایه‌وه‌و ئیتر كوژانه‌وه‌ی بۆ نه‌بو تا سڵی 1998”.
مام جه‌لال خه‌ریكبو خۆی بكوژێ
هه‌رچه‌نده عه‌بدولستار له‌زۆر بڕگه‌ی ئه‌م یاداشتانه‌دا وه‌سفی لێهاتویی مام جه‌لال ده‌كات، كه رێبازه فكرییه‌كانی زۆر به‌ئاسانی ده‌گۆڕی‌و لهماركسی لینیینهوه بۆ ماوییو بۆ سۆشیال دیموكرات‌و وه‌ك وشكه سۆفی له‌سه‌ر یه‌ك رێباز نامێنێته‌وه، به‌ڵام له‌هه‌ندێك شوێندا مام جه‌لال له‌ڕه‌خنه به‌ده‌ر نییه. ئه‌و ده‌ڵێت “مام جه‌لال له‌ساڵی 1967، له‌كۆنگره‌ی شه‌ش له‌كه‌لار كه‌مترین ده‌نگی وه‌رگرت له‌هه‌ڵبژاردنی بۆ ئه‌ندامیه‌تی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ر ئه‌وه بو ده‌رنه‌چێ به‌ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، له‌كاتی موحاسه‌به كردنی له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه ناحیزبیانهی كه هه‌یبوو، وه‌ك داركاریی كردنی پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامی پارتی. چه‌ندجار ئه‌وه بو خۆی بكوژێ.. مام جه‌لال به‌قسه دیموكراتییه به‌ڵام له‌ئیشوكاره حیزبیه‌كانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك هه‌میشه به‌كرده‌وه دیموكراتی نه‌بوه، وه‌ك منیش مام جه‌لال بناسم شت له‌دڵ ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر وانییه بۆ كه له‌به‌غداوه رامكرد له‌وته‌یه‌كی له‌ته‌له‌فزیۆنی PUKدا وتی “شێخ ستاری خۆمان براكه‌ی شێخ جه‌باری موخابه‌رات هاته‌وه بۆ كوردستان”.
قائیمقامی كۆیه‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید
ساڵی 1969، عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف به‌فه‌رمانی مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره ده‌كرێت به‌قائیمقامی كۆیه، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات له‌و رۆژگاره‌دا باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بێ‌ئاگا بون له‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌نێوان حكومه‌تی به‌غداو بارزانی ههبونو باوه‌ڕیان به‌وه نه‌بوه بگه‌نه رێككهوتونو كاتێكیش 11ی ئازار رویداوه توشی شۆك بون.
له‌كاتی وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌سه‌روبه‌ندی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازاردا وتار بۆ خه‌ڵكی كۆیه ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵام مولازم عهزیزێك كه سه‌ر به‌فه‌وجی دوی عێراق ده‌بێت له‌وێ ده‌یه‌وێ رێگری لێبكات، ئه‌و ده‌ڵێت “یه‌ك دوجار هه‌وڵیدا قسه‌كانم پێببڕێ به‌ڵام ئامر فه‌وج رێگه‌ی نه‌دا پێی قسه بكا، له‌كاتی قسهكردنهكانم فڕۆكه‌یه‌كی هه‌لیكۆپته‌ری فرقه‌ی دو گه‌یشته فهوجو نائب زابت عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی تیابو. دابهزیو هاته ژوره‌وه‌و سه‌لامێكی عه‌سكه‌ری كرد. وتی سه‌ید قائیمقان من نوێنه‌ری قائیدی فرقه‌ی دومو ئه‌مرم پێییه مخفورا ملازم عه‌زیز به‌رم.. منیش وتم بارك الله فیكو وفی القائد. هذا هو ملازم عزیز خذوو..
عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید مولازم عه‌زیزی بهتهوقیفی له‌كۆیه‌وه برده فرقه‌ی دو. هه‌ر ئه‌م عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده لهنائیب زابتییهوه دواجار سه‌دام روتبه‌ی فه‌ریق ئه‌وه‌ل روكنی داپێیو كردی به‌وه‌زیری به‌رگری عێراق”.
ده‌شڵێت “قایمقامی كۆیه بوم، دوای رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازار له‌كۆیه جبه‌خانه‌یه‌ك چه‌كی گه‌وره‌م هه‌بو، پڕیبو له‌تفه‌نگی بڕنۆو فیشه‌كی بڕنۆو كڵاشینكۆف‌و هه‌مویم له‌گه‌ڵ خۆما برده كه‌ركوك‌و له‌وێ ته‌سلیمی لقی 2م كرد‌و پاشان ره‌وانه‌ی بهكرهجۆم كرد، جێی داخه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو ماندوبونهو موغامه‌ره‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه. دواجار بیستم كه له‌به‌كره‌جۆ هه‌موی فرۆشران… ئێستاش له‌سلێمانی ساڵی 2004 مامۆستا‌م له‌زانكۆی سلێمانی، خاوه‌نی خانوو سه‌یاره نیم”.
سكرتێری پارتی كوردی نه‌ده‌زانی
عه‌بدولستار باس له‌وه ده‌كات كه ساڵی 1973 له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د ئه‌مین بانگ ده‌كرێن بۆ گه‌ڵاڵه، له‌وێ حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم‌و دكتۆر مه‌حمود داوایان لێده‌كه‌ن ئیستیقاله بكه‌ن لهوهزیفهكهیان، كه عه‌بدولستار ئه‌وكات قائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ ده‌بێت، ئه‌و ده‌ڵێت “به‌ڕاستی داوایه‌كی زۆر نابه‌جێ بو له‌كاتێكدا پارتی 5 وه‌زیریان له‌به‌غدا هه‌بو. شێخ محه‌مه‌د ئه‌مین وتی من بۆ ئه‌وه‌ی ئیستیقاله بكه‌م ئه‌بێ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌نوسین ئه‌و داوایه‌م لێ‌بكا، هه‌روه‌ها داواكه به‌ئیمزای سه‌رۆكی پارتی بارزانی بێ.
حه‌بیب به‌شێخ محه‌مه‌دی وت “لێش الا توقیع البارزانی” هه‌ندێ قسه‌ی تریشی كرد به‌زمانی عه‌ره‌بی. به‌ڵام شێخ محه‌مه‌د وتی “كاك حه‌بیب من ئاماده نیم له‌گه‌ڵاڵه له‌گه‌ڵ سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی به‌عه‌ره‌بی قسه بكه‌م”. دكتۆر مه‌حمود وتی “كاك حه‌بیب كوردییه‌كه‌ی باش نییه‌و دوكه‌ڵ ئه‌كا”… شێخ وتی “باشه یه‌كێك بهێنن بیكه‌ن بهسكرتێر كوردی زان بێ، چۆن ئه‌بێ سكرتێری پارتی كوردی نه‌زانێ؟”
عه‌بدولستار باس له‌وه ده‌كات كه بهحهبیبو دكتۆر مه‌حمودی وتوه من ئاماده‌م واز لهقائیمقامی چه‌مچه‌ماڵ
بهێنمو به‌لێپرسراوی شوان رازی ده‌بم، به‌ڵام ئێوه رازی نین. “هه‌ردوكیان حه‌بیبو دكتۆر مه‌حمود وتیان راستان ده‌وێ ئێمه هیچمان به‌ده‌ست نییه”.
دكتۆر مه‌حمود وتی “بچنه لای ئیدریس‌و مه‌سعود بارزانی ئێمه لێره كاتبی سادرهو واریدهین” باوه‌ڕ بكه‌ن ئه‌گه‌ر توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ی ساڵی 1964مان هه‌بوایه ئێمه‌ش له‌بارزانی یاخی ده‌بوین، هه‌رچی ئیشوكاری شۆڕش هه‌یه دراوه‌ته ده‌ست ئیدریس‌و مه‌سعود بارزانی”.
عه‌بدولستار ده‌ڵێت “ئه‌و كاته‌ی دكتۆر مه‌حمود ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد ئیدریس بارزانی ته‌مه‌نی 28 ساڵ‌و مه‌سعودیش 26 ساڵان بو. كه لای ئه‌وان هه‌ستاین‌و چوینه لای ئیدریس‌و مه‌سعود، وتیان پێویست ناكات ئیستیقاله بكه‌ن، مه‌سعود بارزانی به‌منی وت “هه‌رچی داوایه‌كت هه‌بێ من حازرمو ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی پارتی كۆنی وه‌ك ئێوه‌مان له‌گه‌ڵ بمایایه ئیمڕۆ ئه‌م گه‌جه‌رو گوجهرهمان له‌خۆمان كۆده‌كرده‌وه!”.
سەدامو بون به‌وه‌زیر
عه‌بدولستار تاهر شه‌ریف كه سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی شۆڕشگێڕی كوردستان بوه له‌نێوان ساڵانی 1972 تا 1984و پارته‌كه‌ش به‌درێژكراوه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دهزانێتو له‌گه‌ڵ خزبی بهعسو حزبی شیوعیدا پێكه‌وه له‌ده‌یه‌ی حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردودا به‌ره‌ی نیشتمانیان پێكهێناوه، له6/4/1975 سه‌دام پێی ده‌ڵێ ده‌بیت به‌وه‌زیرو له7/4/1974 بوه به‌وه‌زیری ئیشغالو ئیسكان‌و له‌ساڵی 1975 وه‌زیری شاره‌وانی عێراق بوه‌و له‌ساڵی 1976 تا 1977 وه‌زیری گواستنه‌وه بوه‌و پاشان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق بوه له1981 تا 1984.
ئه‌و ده‌ڵێت “ئه‌و رۆژه‌ی مهرسومهكهمان ده‌رچو بۆ وه‌زیریی لای سه‌دام حسێن بوین، به‌ئێمه‌ی وت ئه‌وه‌ی بۆ مه‌لا مسته‌فامان كردوه یان به‌ڵێنمان داب‌و پێی بۆ ئێوه‌ی ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ڵكو زیاتریش.. عه‌زیز عه‌قراوی هه‌ڵه‌شه هه‌ڵسایه سهرپێو ده‌ستی نایه بان شانی سهدامو پێی وت “انت اكبر بطل فی التاریخ”.
شێخ جه‌بار برایه‌ك كه ره‌حم به‌برا ناكات
عه‌بدولستار له‌به‌شێك له‌م یاداشتانه‌یدا ده‌ڵێت “له8/5/1975 چومه كه‌ركوك گیروگرفتێك هه‌بو له‌نێوان من‌و براكانم شێخ جه‌بارو شێخ جهلیلو شێخ حهسهنو شێخ تالیبو شێخ خالید، ئه‌مان هه‌مو به‌فیتی شێخ جه‌بار كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی خه‌لیل خوێناوی‌و مه‌لا خدر عێزهدینو مه‌لا محه‌مه‌دو مه‌لا نوری‌و سه‌ید نوری كه من چومه باره‌گای پارتیمان ئه‌وان باره‌گه‌كه‌یان به‌جێهێشت له‌ئه‌نجامدانی یه‌كی شه‌ش مانگ له‌ئه‌ندامیه‌تی پارتی ته‌جرید كران. ئه‌وانیش هه‌ر به‌شه‌و ناردیانه دوای شێخ جه‌بارو هاته كه‌ركوك ده‌ستیكرد بهههڕهشهدان لێمان، به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ته‌ها جه‌زراوی كرد‌و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوك قسه‌ی كرد‌و داوایان له‌شێخ جه‌بار كرد له‌كه‌ركوك نه‌مێنێ. شێخ جهلیلو شێخ حه‌سه‌ن ده‌وری سه‌ره‌كییان هه‌بو دژی من به‌فیتی شێخ جه‌بار”.
سه‌لاح بهدرهدینو حه‌مید ده‌روێش هه‌ردوكیان سه‌ر به‌موخابه‌راتی عێراق بون
عه‌بدولستار له‌به‌شێك له‌م یاداشتانه‌یدا ده‌ڵێت “سه‌لاح بهدرهدینو حه‌مید ده‌روێش هه‌ردوكیان له‌ڕێگه‌ی شێخ جه‌باری برامه‌وه پێوه‌ندییان به‌موخابه‌راتی عێراقیه‌وه كرد بو، ئه‌م دو كه‌سایه‌تییه وه‌ك سه‌ركرده‌ی دو حیزب له‌كوردستانی سوریا یارمه‌تی دارایی‌یان لهموخهبهراتی عێراقی وه‌رده‌گرت، موچه‌ی مانگانه‌یان بۆ بڕابۆوه، به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی حیزبه‌كانی ئه‌مان نه‌یاری رژێمی سوریا بون. سه‌لاح به‌دره‌دین چه‌ندین جار سه‌ردانی به‌غدای كرد‌و هاتوچۆی موخابه‌راتی ده‌كرد. جارێكیان سه‌ردانی باره‌گای پارتی شۆڕشگێڕی كوردستانی كرد‌و داوای پاره‌ی كرد پێموت جه‌نابیتان مانگانه له‌ڕێگه‌ی شێخ جه‌باری برامه‌وه پاره‌تان بۆ بڕاوه‌ته‌وه ئێمه ناتوانین به‌پاره یارمه‌تیتان بده‌ین”.
جۆن مهكینم بینی
عه‌بدولستار كه ماسته‌رو دكتۆرای له‌بواری ده‌رونناسی له‌زانكۆی موسته‌نسریه خوێندوه، باس له‌وه ده‌كات “له‌ساڵی 1982 له‌كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی نێوده‌وڵه‌تی له‌شاری جنێڤ جۆن مه‌كینی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكای بینیوه، كاتێك ئه‌م ئه‌ندامی وه‌فدی په‌رله‌مانی عێراق بوه، ئه‌و ده‌ڵێت “كاتێك به‌ڕێككه‌وت تهعلیقێكم له‌سه‌ر قسه‌كانی نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی ئێران ده‌رباره‌ی په‌لاماردانه‌كانی پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر كوردستانی ئێران، له‌پشوی كۆبونه‌وه‌كه یه‌كێ له‌نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا هاته لام‌و چۆن‌و چاكییمان له‌گه‌ڵ یه‌كتری كرد. پێمیوت تۆ كوردی. منیش پێموت چۆن ده‌مزانی من كوردم. وتی ته‌نها كورد ده‌زانێ قسه‌ی وا بكا ده‌رباره‌ی كوردستان‌و په‌لاماردانه‌كانی رژێمی ئێران بۆ سه‌ر گه‌لی كورد. وتم بهلچێ كوردم. وتی خه‌ڵكی كوێی؟ وتم كه‌ركوك. بزه پێكه‌نینێك گرتی”.