ره‌خنه له تیۆرییه‌كانی “مافی سروشتی” و “گرێبه‌ستی جڤاكی”
ئه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نیا چاو به كتێبی “بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”دا بخشێنین، ناتوانین له فه‌لسه‌فه‌ی هیگل سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت تێبگه‌ین، هیگل له‌باره‌ی تیۆریی سیاسییه‌وه، نووسینی دیكه‌ی به‌ر له “فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”یشی هه‌یه، هه‌ندێكی كه له ژیاندا بوو بڵاوی كردنه‌وه وه‌ك “تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی”، هه‌ندێكیشیان تێبینی بوون هیگل نووسی بوونی، تا له وانه‌كاندا له كاتی وانه‌دانه‌وه‌ی له زانكۆی “یینا”دا به‌كاریان بهێنێت و، تا سه‌ده‌ی بیسته‌میش بڵاو نه‌كرانه‌وه. ئه‌و نووسینه زووانه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌یان له تیۆرییه‌كانی “مافی سروشتی” و “گرێبه‌ستی جڤاكی” تێدایه، بێ له‌وه به‌شێكی دانهبرِاویشن له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌و، به بێ ئه‌وانیش ناكرێ له فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت له لای ئه‌و حاڵی ببین.
هیگل دژ به ره‌وتی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی نوێ وه‌ستاوه، هه‌ر له (هۆپز)ه‌وه تا (لوك و، هیوم و، رۆسۆ)، له رووی شیته‌ڵ كردنی ژیانی سیاسییه‌وه تا وردترین ورده‌كاریی ئه‌و و بچووكترین پێكهاته‌ی و گهرِانهوه به‌ره‌و تاكه‌كان، به‌و سیفه‌ته‌ی خودی پێكهێنه‌ری هه‌ر رژێمێكی سیاسین. به‌م جۆره ئه‌و دژ به مه‌یلی تاكایه‌تی و ئه‌تۆمیزم، كه له لای لیبرالیزم باوه، ده‌وه‌ستێت. هیگل ئه‌وه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه كه تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی جڤاكی له تاكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به پێی ئه‌وه‌ی د‌رك كردنی تاك به خۆی به‌وه‌ی كه تاكه، ناكرێ ببێته ده‌رهاویشته‌یه‌كی به‌رایی و بنه‌مایی، به‌ڵكوو ئه‌و ئه‌نجامی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵوارین و جیابوونه‌وه‌یه له ژینگه‌ی ره‌سه‌نی تاك، پرۆسه‌یه‌كه سیفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه دیرۆكی و جڤاكییه. ده‌ست پێ كردنی فه‌لسه‌فه‌ی نوێی سیاسی به تاكێكی عاقڵ و پێگه‌یشتوو، نیشانه‌یه به د‌رك نه‌كردنی به دیرۆكایهتیی بوونی مرۆڤ و، سه‌رنج نه‌دانی له پرۆسه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن كه تاك پێیاندا تێپهرِ بووه تا ده‌بێته تاك و ده‌گاته ئاستی هۆشیار بوون به تاكایه‌تیی خۆی. له راستیدا هیگل له “فینۆمینۆلۆژیای رۆح”دا وه‌سفێكی پرۆسه‌ی پله به پله گه‌شه كردنی هۆشمان ده‌داتێ، له یه‌كه‌مین قۆناغه‌كانی یه‌قینی هه‌سته‌كی و پێوه لكانی ناجودا به سروشته‌وه، تا گه‌یشتن به قۆناغی عه‌قڵی هۆشیار به خودی خۆی. لێره‌وه ده‌كرێ وا ته‌ماشای فینۆمینۆلۆژیای هیگل بكه‌ین، كه ئه‌لته‌رناتیفێك بۆ روانینی تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی جڤاكیی تاك، پێشكه‌ش ده‌كات(3).
هیگل وا ته‌ماشای هه‌ق ناكات كه شتێكی سروشتییه، واته له سروشتی له خۆرِای جێگیر و ئه‌زه‌لی و تاك و ته‌نیا له لای تێكرِای گه‌لان له هه‌موو كات و شوێنێكدا ده‌رچوو بێت، به‌ڵكوو ئه‌و مێژووییه و له ئاكامی ململانێیه‌كی دوور و درێژی مێژووییه‌وه بووه. فه‌یله‌سووفانی گرێبه‌ستی جڤاكی وه‌ها وێنای مافی موڵكایه‌تییان كرد، كه مافێكه له مافی پاراستنی ژیان و بوونی ماددیانه‌ی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، موڵكایه‌تی یه‌كێكه له توخمه چه‌سپاوه‌كانی ته‌بیعه‌تی مرۆڤ. هه‌رچی هیگله، مافی موڵكایه‌تی به شێوازێكی جیاواز چاره‌سه‌ر ده‌كات. مافی موڵكایه‌تی له لای ئه‌و به‌نده به مرۆڤه‌وه، وه‌ك مرۆڤێك كه ئیراده و رۆح و هۆشی هه‌یه، كه‌چی (لوك) به‌و جۆره چاره‌سه‌ری كرد، كه به‌نده به خه‌سڵه‌تی بایۆلۆژیی گیاندارانه‌ی مرۆڤه‌وه. خود له لای (لوك) به‌رامبه‌ر به سروش ده‌وه‌ستێت، به راده‌ی تێر كردنی پێداویستی بایۆلۆژیی خۆی شتی لێ وه‌رده‌گرێت، له فه‌لسه‌فه‌ی هیگلدا هه‌ر یه‌ك له خود و جیهانی ده‌ره‌كی، له جووله‌یه‌كی دیالیكتیكیدا یه‌كدی پێك ده‌هێنن. خود له رێی كار كردنه‌وه جیهانی سروشت ده‌كاته به‌شێك له جیهانی مرۆییانه‌ی خۆی، جیهانی سروشتیش یارمه‌تیی خود ده‌دات كه له خودی خۆی ده‌ربچێت و چالاكیشی له شێوه‌ی ماددی به‌رجه‌سته ببێت. كاتێك هیگل پێی وایه مرۆڤ له رێی كار كردنه‌وه، شتانی جیهانی ده‌ره‌كی ده‌كاته به‌شێك له جیهانی مرۆیی، ئه‌و به‌م جۆره پێگه‌ی كه‌سایه‌تیی مرۆیی بۆ سه‌رووی خه‌سڵه‌تی بایۆلۆژی به‌رز ده‌كاته‌وه(4).
فه‌لسه‌فه‌ی هیگل وێنایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌باره‌ی مافی موڵكایه‌تی هه‌ڵگرتووه، جیاوازه له وێنای مه‌یل تاكانه‌ی باو له لای لیبرالیزمی (هۆپز) و (لوك). موڵكایه‌تی له لای (لوك) بریتییه له په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و شتان، هه‌ر بۆیه ئازادیی ئه‌وانی دی وه‌ك كۆتێك بۆ سه‌ر ئازادیی من ده‌رده‌كه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دی رێی موڵكایه‌تیی بێ سنووری لێ ده‌گرن و، ئاره‌زووی ده‌ست به سه‌ردا گرتنی بێ كۆتایی منیش جڵه‌و ده‌كه‌ن. به‌ڵام له لای هیگل مافی موڵكایه‌تی له شێوه‌ی سیسته‌مێك له ددان پێدا هێنانی یه‌ك به یه‌ك به ویست (ئیراده) و مافی ئه‌وانی دی ده‌رده‌كه‌وێت. مافی تێكرِا بنه‌مایه بۆ وه‌دی هاتنی مافی هه‌ر تاكێك. ئا لێره‌دا چه‌مكی جودای هیگل سه‌باره‌ت به گرێبه‌ست روون ده‌بێته‌وه، گرێبه‌ست له بواری ددان پێدا هێنانی یه‌ك به یه‌كدا ده‌رده‌كه‌ویت: من موڵكایه‌تیی شتێكی دیاری كراوم ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش نه‌ك له رێی ویستی خۆمه‌وه، به‌ڵكوو له رێی ویستی كه‌سانی دیكه‌وه، له ئه‌نجامدا ئه‌و موڵكایهتییهم بۆ ده‌مێنێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ویستێكی گشتیی هاوبه‌شدا به‌شدارم (5). لێره‌دا تێبینی ده‌كرێت، كه هیگل مافی موڵكایه‌تی له بوارێكی هه‌بووی كۆمه‌ڵایه‌تیدا داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و مافه‌ش بۆ كرداری گردبوونه‌وه‌ی مرۆیی دهگهرِێنێتهوه، ئه‌ویش به پێَچهوانهی ئه‌وه‌ی تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی (جڤاكی) بۆی چوون، سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی ئه‌و مافه له حاڵه‌تی سروشتیی به‌ر له جڤاكدا.
هیگل له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه لیبراڵه‌دا نییه كه پێی وایه، بنه‌چه‌ی كۆمه‌ڵ گردبوونه‌وه‌ی كه‌سانی ئازاد و یه‌كسان و عه‌قڵانه، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنیان سه‌باره‌ت به دۆزینه‌وه‌ی سیسته‌مێك كه مافی هه‌مووان مسۆگه‌ر ده‌كات و ده‌شی پارێزێت. له راستیدا تاكایه‌تی و ئازادی و ماف و یه‌كسان بوون، به‌ر له حاڵه‌تی گردبوونه‌وه‌ی مرۆیی نه‌بووه، كه پاشان رژێمی سیاسی بێت و بیپارێزێت، ئه‌وان شتگه‌لێكن ده‌سكردی وردی گردبوونه‌وه‌ی سیاسین، له ئه‌نجامدا ناكرێ پێمان وا بێت كه سیسته‌می سیاسی بۆیه په‌یدا بوو، تا رایبگرێت و بیپارێزێت، چونكه هۆیه‌ك نین بۆ په‌یدا بوونی سیاسه‌ت، به‌ڵكوو ئه‌وان ئامانجن و كارلێكی سیاسی وه‌دی ده‌هێنن(6). لیبرالیزم شتێك كه ده‌یویست بیسه‌لمێنێت ره‌تی كرده‌وه، ئه‌و گریمانه‌ی هه‌بوونی ئازادی و مافی كرد، ئه‌ویش به‌ر له گردبوونه‌وه‌ی سیاسی، له كاتێكدا ئه‌م شتانه مه‌به‌ستی كۆتایی گردبوونه‌وه‌ی سیاسین.
رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی هیگل له‌گه‌ڵ تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی جڤاكی، له باس كردنی چه‌مكی ئازادی‌دا روون ده‌بێته‌وه. ئه‌و تیۆرییانه‌ی له ره‌وشی به‌ر له سیسه‌می سیاسی‌دا، گریمانه‌ی هه‌بوونی ئازادیی ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌و ئازادییه ته‌واوه‌ش پاڵ به خه‌ڵكه‌وه ده‌نێت بۆ ململانێ و ده‌بێته شهرِی هه‌مووان دژ به هه‌مووان. بۆ زاڵ بوون به سه‌ر ئه‌و ره‌وشه‌دا، خه‌ڵك رێك ده‌كه‌ون و یه‌ك ده‌نگ ده‌بن، كه له پێناو دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی سیاسی، ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له ئازادیی ره‌سه‌نی خۆیان ببن، كاریش بۆ به‌دی هێنانی ئاسایش و به‌رپه‌رچ دانه‌وه و پیاده كردنی یاسا ده‌كه‌ن. كه‌واته حاڵه‌تی گردبوونه‌وه‌ی سیاسی حاڵه‌تی واز هێنانه له به‌شێك له ئازادی و مافی سروشتیی تاكه‌كان. لێره‌وه هیگل بۆ ئه‌وه ده‌چێت، كه لیبرالیزم وا دهرِوانێته ده‌وڵه‌ت گوایه كۆتێكی ده‌ره‌كییه به سه‌ر ئازادیی مرۆڤه‌وه، هه‌روه‌ها رژێمێكه پێداویستی ده‌ره‌كی سه‌پاندوویه‌تی نه‌ك وه‌ك ئه‌نجامێكی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی به‌ره‌ی مرۆڤ. له به‌رامبه‌ردا هیگل لای وایه تاك واز له به‌شێكی ئازادی یان ماف ناهێنێت، بۆ چوونه نێو سیسته‌مێكی سیاسییه‌وه، به‌ڵكوو واز له ویستی كوێرانه و توندوتیژی و درِندایهتییهك ده‌هێنێت كه ئه‌نجامی نه‌بوونی سیسته‌می سیاسییه. به‌ر له گردبوونه‌وه‌ی سیاسی، هیچ ئازادی و مافیك نییه(7).
هیگل ئه‌و قسه‌یه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێ، بزر بوونی ده‌وڵه‌ت له حاڵه‌تی به‌رایی سروشتدا بریتی بوو له بزر بوونی هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كی سیاسی یان هاوكاریی جڤاكی به هه‌ر جۆرێكی بێت. هیگل بۆ خۆی له مێژوودا لێكۆڵینه‌وه‌ی له هه‌ندێك ماوه‌دا كردووه كه ده‌وڵه‌تی تێدا ون بووه، بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته پێوه‌ر بۆ برِیاردان به سه‌ر چه‌مكی حاڵه‌تی به‌رایی سروشتدا له لای تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی جڤاكی. له موحازهرهكانیدا ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو، هیگل باسی ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی مێژوویی له سه‌رده‌مانی ناوهنجییهوه به‌ره‌و سه‌رده‌می نوێ كردووه. له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌وڵه‌تی نوێ جارێ په‌یدا نه‌بووه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی شانشینانی دێرینیش پووكا بوونه‌وه، ئه‌وه ماوه‌یه‌كی ناوه‌ند بوو له نێوان دوو ماوه‌ی مێژوویی، كه تێیدا ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی به‌هێز په‌یدا بوون، ماوه‌ی چاخی كۆن كه ده‌وڵه‌تانی وه‌ك میسر و چین و هیندستان و یۆنان و رۆمی تێدا بوون، ماوه‌ی نوێش كه ده‌وڵه‌تانی نوێی ئه‌وروپایان تێدا په‌یدا بوو. له ماوه‌ی بزر بوونی ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌مانی ناوه‌نجیدا، كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپا هاتنه پێشی گه‌لێك گرووپ و یه‌كێتیی بازرگانان و پیشه‌وه‌ران و سوارچاكان و جوامێرانی به خۆوه بینی، له پێناو رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی حاڵه‌تی په‌شێوی و بێ سه‌روبه‌ری و بزر بوونی ده‌وڵه‌ت. كاتێك حاڵه‌تێكی به‌رایی راسته‌قینه‌ی سروشتانه له مێژوودا هه‌بووه، واته حاڵه‌تی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت، ئه‌و حاڵه‌ته بریتی نه‌بووه له خه‌ڵكانێك كه له ململانێدان، وه‌ك لیبرالیزم بۆی ده‌چێت، به‌ڵكوو رێكخستنی جڤاكی و گرووپ و سه‌ندیكای خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت هه‌بوون(8).
به‌رامبه‌ر به مه‌یلی تاكایه‌تی و ئه‌تۆمی له‌م تیۆرییانه‌دا، هیگل ده‌سته‌واژه‌ی “كۆمه‌ڵگای مرۆیی” داده‌نێت، به‌و سیفه‌ته‌ی گشتێكی ره‌وشته ناكرێ بگێرِدرێتهوه بۆ تاكه‌كانی پێكهێنه‌ری، ئه‌و به‌ر له‌وانه، به‌و واتایه‌ی ئه‌و ناسنامه‌كه‌یان پێ ده‌دات، هه‌ر خۆشی به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه. لێره‌دا هیگل پشت به بیرۆكه دێرینه‌كه‌ی یۆنان ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ته شار ده‌به‌ستێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته نموونه بۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای سیاسیی مرۆیی. هیگل ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێت، كه هه‌ر تیۆرییه‌كی فه‌لسه‌فی له كۆمه‌ڵگادا نابێ له كرده‌وه‌ی تاك به تاكی له یه‌ك دابرِاوی كه‌سانه‌وه ده‌ست پێ بكات، به‌ڵكوو له په‌یوه‌ندیی ره‌وشتیانه‌ی- پێوانه و، به‌هاییه‌وه- ده‌ست پێ بكات، كه له میانی ئه‌وانه‌وه تاكه‌كان ده‌جوولێنه‌وه(9). (دۆركایم)
ره‌ت كردنه‌وه‌ی تیۆریی لیبرالیزم له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه
تیۆریی لیبرالیزم له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه تیۆرییه‌كی گرێبه‌ستانه‌یه، ده‌وڵه‌ت به گوێره‌ی ئه‌م تیۆرییه له سه‌ر بنه‌مای گرێبه‌ستێكی جڤاكی داده‌مه‌زرێت، كه به رێككه‌وتن و یه‌ك ده‌نگیی تاكه‌كان دێته دی. هیگل پێی وایه ئه‌م تیۆرییه دوو بواری جیا تیكه‌ڵ به یه‌كدی ده‌كات، كه بواری ده‌وڵه‌ت و بواری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه، نموونه‌ی گرێبه‌ستیش له بواری “كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی”یه‌وه وه‌رده‌گرێت تا به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا پیاده‌ی بكات، ئه‌مه‌ش له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه، له یه‌ك كاتدا هه‌ڵه‌یه‌كی لۆژیكی و مێژووییشه. هیگل له “بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”دا ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیمان تێكه‌ڵ به یه‌كدی كرد و، مه‌به‌ستی تایبه‌تی ده‌وڵه‌تیشمان كرده ئاسایش و پاراستنی موڵكایه‌تیی تایبه‌ت و ئازادیی كه‌س، ئیدی به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كان به‌وه شێوه‌یه كه هه‌یه، ده‌بێته دوایین مه‌به‌ست كه له پێناویدا كۆبوونه‌ته‌وه، ئاكامی ئه‌وه‌ش، ئه‌ندام بوون له ده‌وڵه‌تدا ده‌بێته شتێكی سه‌رپشك. هه‌ڵبه‌ت په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت به تاكه‌وه شتێكه به ته‌واوی له‌وه جودایه.. تاك نه بابه‌تییه و نه تاكایه‌تیی ره‌سه‌ن و نه ژیانی ره‌وشتی، ته‌نیا مه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ی كه تاكێكه له تاكه‌كانی ده‌وڵه‌ت. یه‌كگرتنی ساغ و ساده، ناوه‌رۆكی راسته‌قینه و ئامانجی دروستی تاكه، چاره‌نووسی تاكیش ئه‌وه‌یه، ژیانێكی كۆبه‌كۆی جڤاكیی هه‌بێت”(10). له راستیدا برِگهی رابردوو هه‌ر ته‌نیا ره‌خنه‌یه‌ك نه‌بوو له تیۆریی ده‌وڵه‌ت به لای لیبرالیزمه‌وه، به‌ڵكوو ره‌خنه‌یه‌ك بوو له چه‌مكی بورژوا سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌یه‌ك بوو له ده‌وڵه‌تی بورژوا، كه به كرده‌نی له سه‌رده‌می هیگل و به درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده هه‌بوو.
وێنای لیبرالیزم بۆ ده‌وڵه‌ت بێ له ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌كی، ده‌وڵه‌تی بورژوا شتێكی دیكه‌ی لێ نایه‌ته به‌رهه‌م. هیگل ده‌ڵێ: “له هه‌وڵ به‌ره‌و به‌دی هێنانی مه‌به‌ستی خۆپه‌رستانه‌دا.. سیسته‌مێكی ته‌واو له پشت به یه‌كدی به‌ستن دروست ده‌بێت، به‌وه‌ی توێژاڵه ژیانی تاكه و به‌خته‌وه‌ریی ئه‌و و ره‌وشی یاساییانه‌ی، له‌گه‌ڵ ژیانی تێكرِای تاكه‌كانی دی و به‌خته‌وه‌ریی ئه‌وان و مافیان تێك هه‌ڵكێش ده‌بێت، ئه‌و مافانه‌ش مسۆگه‌ر نابن ته‌نیا له نێو ئه‌و سیسته‌مه پێكه‌وه گرێدراوهدا نه‌بێت. ده‌كرێ وه‌ها ته‌ماشای ئه‌و سیسته‌مه بكرێ.. به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌كییه، واته ئه‌و ده‌وڵه‌ته له سه‌ر بنه‌مای پێویستی دروست ده‌بێت”(11)، واته ده‌وڵه‌تی لیبرالی كه كار بۆ پاراستنی مافی موڵكایه‌تیی تایبه‌تی تاك ده‌كات، واته مافی بورژوایی. ئه‌وه ده‌وڵه‌تی دیاری كراوه، یان به گوێره‌ی ئه‌ده‌بیاتی لیبرالیزم، ده‌وڵه‌تی كه‌مترین ئاسته.
هیگل دروست بوونی ده‌وڵه‌ت له سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه جۆر و ماهیه‌تی له په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه‌دا كورت بكرێته‌وه. سێ “هۆ”ش هه‌ن كه وای لێ ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌ت ره‌ت بكاته‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه رووت (ئه‌بستراك) و، سه‌رپێیی و، (خۆناوهند)ن. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه رووت (ئه‌بستراكت)ه، هیگل پێی وایه هۆیه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی ماددیی نێو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دهگهرِێتهوه. له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا دوو كه‌س به یه‌ك ناگه‌ن ته‌نیا مه‌گه‌ر موڵكدار بن، بوونیشیان سه‌باره‌ت به یه‌كدی نییه ته‌نیا به‌و ئامانجه نه‌بێت. تۆ سه‌باره‌ت به من نه‌بووی ته‌نیا به‌وه نه‌بێت كه موڵكداری، پێچه‌وانه‌شی هه‌ر راسته. هه‌روه‌ها من ددانت پێدا ناهێنم ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بێت كه شتێكت له لایه و من پێویستم پێیه‌تی، ده‌شمه‌وێ به شتێكی دیكه‌ی بگۆرِمهوه كه موڵكی منه و تۆ پێویستت پێیه‌تی. له گرێبه‌ستیشدا په‌یوه‌ندییه‌ك نییه له نێوانی دوو كه‌سدا ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به‌رژه‌وه‌ندیی ماددی نه‌بێت. هیگل په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه به رووت (ئه‌بستراكت) داده‌نێت، چونكه مرۆڤ له هه‌موو لایه‌نه‌كانی بوون و تواناكانی رووت ده‌كاته‌وه ته‌نیا لایه‌نی ماددی نه‌بێت، لێشی نارِوانێت ته‌نیا به‌وه نه‌بێت، كه بریتییه له موڵكدارێك، ئه‌و گوێ به‌وه‌ش نادات كه چ ماهیه‌ت و ناسنامه‌یه‌ك ده‌دات. به پێچه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه، ده‌وڵه‌ت به مرۆڤه‌كان به تێكرِای ناسنامه‌كانیانه‌وه داده‌مه‌زرێت، نه‌ك به رووت كردنه‌وه و دابرِینی به‌شێكی، هه‌روه‌ها به بوونی جڤاكیانه‌ی مرۆڤ نه‌ك ته‌نیا بوونی ئابووریانه‌ی. له كاتێكدا په‌یوه‌ندیی گرێبه‌ستانه راگوزه‌ر و لهخۆرِایه، په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگای سیاسیی مرۆیی له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ و پێویستیی عه‌قڵانی دروست ده‌بن(12).
هیگل سوور بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ببێته مه‌به‌ست نه‌ك هۆكار، وا بیر كردنه‌وه لێی كه بریتییه له هۆكارێك بۆ به‌دی هێنانی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كه‌سی، ره‌ت ده‌كاته‌وه. له راستیدا ماركسیش له‌به‌ر هه‌مان هۆ هیوای به ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌می خۆی نه‌ما، واته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووه هۆكارێك بۆ به‌دی هێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و به‌شه‌كیی بورژوا. له هه‌مان كاتدا هیگل ره‌خنه‌ی له چه‌مكی هیگل سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تیش گرت، كاتێك كه هیگل ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تی مه‌به‌ستی ره‌ها و كۆتایی، خۆ هۆشیاریی تاكه، ئه‌مه واته به ئاسانی ملكه‌چ بوون بۆ ده‌وڵه‌ت و توانه‌وه‌ی تاكه‌كان تێیدا، ئه‌مه بوو كه ماركس به ته‌واوی لێی حاڵی بوو. هه‌ر بۆیه ماركس په‌نای نه‌برده به‌ر هیچ چه‌مكێكی ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یران و دژبه‌رییه‌كانی سه‌رمایه‌داری، به‌ڵكوو ئه‌و وازی له ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌ت هێنا له پێناو ئه‌گه‌رێكی دی، كه شۆرِشی سۆشیالیزم و تێك شكاندنی ده‌وڵه‌تی بورژوا بوو. به‌ڵام له لاپهرِهكانی داهاتوودا روونی ده‌كه‌ینه‌وه، كه ماركس له واز هێنانی له ئه‌گه‌ری ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵه بوو.
هیگل به ئاراسته‌ی مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا ده‌چوو، به‌وه‌ی كه میكانیزمێكه بۆ به‌ده‌ست هێنانی مه‌به‌ستی ده‌ره‌كی و ماددی و، به‌وه‌ی كه رێكخراوێكه كار بۆ تێر كردنی پێداویسته‌كانی خه‌ڵك ده‌كات، ئه‌مه له مۆركی ره‌وشتیانه‌ی خۆی ده‌ری ده‌كات و له كۆتاییدا ده‌بێته مایه‌ی گه‌نده‌ڵیی سیاسی و دارِووخانی جڤاكی، هه‌روه‌ها ده‌بێته مایه‌ی هه‌ره‌س هێنانی خودی ده‌وڵه‌تیش. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو كه به سه‌ر ده‌وڵه‌تی رۆمدا هات، كه بووه هۆی دارِووخانی له ناوه‌وه، به ماوه‌یه‌كی درێژ به‌ر له‌وه‌ی به ده‌ستی میلله‌تانی پاشكه‌وتوو برِووخێت. گورِ و تینی ره‌خنه‌یی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هیگلدا له‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێ، كه ئه‌و پێی وایه ئه‌م تۆوی دارِووخانه هه‌ر ته‌نیا شتێك نییه له رابردووه‌وه، به‌ڵكوو به ته‌واوی و بێ كه‌م و كورِی له سه‌رده‌می خۆشی‌دا هه‌یه. جێی سه‌رنجه كه تۆوی دارِووخان كه هیگل لێره‌دا قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات، مه‌یلی تاكانه و ره‌فتار كردنه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆكارێك بێت بۆ به‌دی هێنانی به‌شه‌كییه مه‌به‌ستی ئابووری، ئه‌وه له راستیدا نهرێنایهتیی بورژوا و وێنای ئه‌وه له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه و، نهرێنایهتیی ئابووریی سه‌رمایه‌داریشه. به‌م جۆره، سه‌باره‌ت به ده‌ست نیشان كردنی قه‌یرانی بنهرِهتیی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری، هیگل وه‌پێش ماركس كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره چییه كه هیگل بۆ قه‌یرانه‌كه ده‌یخاته روو، ئه‌و قه‌یرانه‌ی ناوی ناوه دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی؟ چاره‌سه‌ر به گوێره‌ی چه‌مكی ئه‌و له ده‌وڵه‌تدا خۆی ده‌نوێنێت، به لای ئه‌وه‌وه هه‌ر ده‌وڵه‌ته ده‌توانێت ئه‌و دژبه‌رییانه چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌ڵبه‌ت ره‌خنه‌ی هیگل له ده‌وڵه‌تی لیبرال هه‌ر له‌و ئاسته‌دا ناوه‌ستێت. ئه‌و پێی وایه ئه‌گه‌ر ئێمه به ساده‌ییه‌كی وا ته‌ماشای ده‌وڵه‌ت بكه‌ین، كه درێژ بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه، هه‌روه‌ها به‌و جۆره‌ش ته‌ماشای كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بكه‌ین، كه له تۆرِێك په‌یوه‌ندیی گرێبه‌سته ئابووری پێك هاتووه، ئیدی ئاساییه وا بیر له ژیانی سیاسی بكه‌ینه‌وه، كه بریتییه له رواڵه‌تێكی ده‌ره‌كی بۆ چالاكیگهلی ماددیانه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، یان به گوزارشتی ماركس، سه‌رخان ره‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و ژیانی ئابوورییه. هیگل ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ك یه‌كێتییه‌كی نێوان كه‌سایه‌تیی جۆربه‌جۆر ده‌ركه‌وت، واته هه‌ر ته‌نیا یه‌كێتییه‌كه، كه به هاوبه‌شایه‌تی ده‌چێت، جا ئه‌و كات ئه‌وه‌ی به دروستی مه‌به‌سته كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. ئیدی له توانای گه‌لێك له دهستوورنووسانی نوێ‌دا نه‌بوو، تیۆرییه‌كی دی، بێ له‌مه، ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت پێشكه‌ش بكه‌ن”(13). كه‌واته چه‌مكی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه جودایه له هه‌مان چه‌مك له لای “گه‌لێك له دهستوورنووسانی نوێ”. ئه‌وانه كێن؟ ئه‌وانه تیۆریزه‌كارانی ده‌وڵه‌تن له ئینگلته‌را و فه‌ره‌نسادا، تیۆریزه‌كارانی ده‌وڵه‌تی لیبرالی بورژوا. ماركس له گه‌نجایه‌تیدا هه‌مان ئه‌و تیۆریزهكارانهی خوێنده‌وه، به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به تیۆرییهكهیان له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه پێشكه‌ش نه‌كرد، چونكه به لای ئه‌وه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هیگل له‌و پێشكه‌وتووتره و هه‌ر ئه‌ویش شایانی ره‌خنه‌یه، بۆیه ره‌خنه‌یه‌كی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه پێشكه‌ش كرد. له‌م كاره زووه‌ی ماركسدا روون ده‌بێته‌وه، كه ئه‌و په‌نای نه‌برده به‌ر هیچ چه‌مكێك له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، به تایبه‌تی چه‌مكی هیگل، له پێناو چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانه‌كانی سه‌رده‌می خۆی. له راستیدا ماركس شۆرِشی سۆشیالیزمی به چه‌مكی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه گۆرِییهوه. به‌ڵام ئایا له‌مه‌دا ئه‌و له سه‌ر هه‌ق بوو؟ لاپهرِهكانی داهاتوو ئه‌و شته ئاشكرا ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر وا ته‌ماشای ده‌وڵه‌ت بكه‌ین كه كۆمپانیا یان ده‌زگایه‌كه، ته‌نیا مافی تاكانه‌ی بورژوا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌وه ئێمه له راستیدا هه‌ر له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی بورژواوه ده‌دوێین. هیگل گه‌یشته سنووری كۆتایی ده‌وڵه‌تی بورژوا و كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی، واته گه‌یشته سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی، هه‌وڵیشی دا به چه‌مكی خۆی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌لته‌رناتیف دابنێت. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین كامه‌یه چه‌مكی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، پێویسته باس له‌و ره‌خنه‌یه بكه‌ین كه هیگل ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نیی كرد، ده‌وڵه‌تی هیگل هه‌ر ته‌نیا ئه‌لته‌رناتیفێك نییه له بری تیۆریی لیبرالیزم له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌ڵكوو چاره‌سه‌ر بوو بۆ نهرێنایهتی و دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی.
هیگل و شۆرِشی فه‌ره‌نسا
كاتێك بنه‌ما سیاسییه‌كانی لیبرالیزم ده‌خرێنه واری پیاده كردنه‌وه، ئاخۆ چی روو ده‌دات؟ هیگل به باس كردنی شۆرِشی فه‌ره‌نسا به‌رسڤی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه، هه‌ر ئه‌و شۆرِشه بوو كه به كرده‌نی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی خسته بواری پیاده كردنه‌وه. هیگل به‌رامبه‌ر به شۆرِش سه‌رگه‌رم بوو، به‌رز ده‌ینرخاند، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا دركی به دژبه‌رییه‌كانی و پێكه‌وه به‌ندیی ده‌سكه‌وت و نه‌رێنییه‌كانی كرد، واته له‌گه‌ڵ ناتوانایی له هێنانه ئارای سیسته‌مێكی جێگیری سیاسی و پشتیوانی لێ كردنی، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌میشه چاوی له سه‌ر ئه‌وه بوو، كه هه‌ر رژێمێكی سیاسی كه له پاش شۆرِش دێت، له نێویشیاندا گهرِانهوهی پاشایه‌تی، له‌وه‌ی ئارامی سیاسی به‌دی بهێنێت و له ئاسته‌نگه‌كانی شۆرِش و ده‌ركه‌وتی لابه‌لای رزگاری ببێت، په‌سنده(14).
هیگل له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی شۆرِش پشتی به بیرۆكه‌ی ویستی گشتی له لای رۆسۆ به‌ست، ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت. رۆسۆ پێی وا بوو حكوومه‌ت له سه‌ر بنه‌مای رازی بوونی هاووڵاتیان و له سه‌ر ویستی گشتیی ئه‌وان رۆ ده‌نرێت، ئه‌گه‌ر رژێمی سیاسی ئه‌و ره‌زامه‌ندی و ئهرێیهی ویستی گشتی به‌ده‌ست نه‌هێنێت، ئیدی مافی هاووڵاتیانه شۆرِشی به سه‌ردا به‌رپا بكه‌ن. ئه‌م بیرۆكه‌ی ویستی گشتییه وه‌ك كه شۆرِشی فه‌ره‌نسا لێی حاڵی بوو، بووه مایه‌ی په‌شێوی و تیرۆر. وا ته‌ماشای ئه‌و ویسته گشتییه كرا، كه بریتییه له ویستی تێكرِا، واته كۆی ویستی تاكه‌كان له كۆمه‌ڵدا. له پیاده كردنی كرده‌نیدا، ویستی كۆ به ئاسانی ده‌بێته هاوواتای رای جه‌ماوه‌ر له لای فیتنهكار و ئاژاوهگێرِاندا، هه‌ر بۆیه شۆرِش گۆرِا به په‌شێوی و به تیرۆریش كۆتایی هات، چونكه ناوه‌رۆكێكی سیاسیی به مه‌یلی بێ به‌ر و پشتی جه‌ماوه‌ر بوو(15).
بیرۆكه‌ی ویستی گشتی هه‌ر ته‌نیا چه‌مكێكی فۆرمالیستانه‌ی بۆش و بێ ناوه‌رۆك بوو، بێ له رووخاندنی رژێمی كۆن، بۆ چی دی ده‌ستی نه‌ده‌دا، بۆ دامه‌زراندنی رژێمێكی نوێ ده‌ستی نه‌ده‌دا. له‌و ویسته گشتییه‌دا پێوه‌رێك به‌دی نه‌ده‌كرا بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی ههمهكیانهی عه‌قڵانی، ئه‌وه‌ی كه گرنگه، یه‌ك بوونی سۆز و هه‌ستی لای جه‌ماوه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكوو گرنگ گه‌یشتن بوو به ویستێكی هه‌مه‌كی، كه له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ رۆنراوه. هه‌رچه‌ندی تاكه ویستێك وا له خۆی برِوانێ كه گوزارشت له ویستی گشتی ده‌كات، ئه‌و كات په‌شێوی روو ده‌دات. رۆسۆش نه‌یتوانی باسی ناوه‌رۆكی ئه‌و ویسته گشتییه‌مان بۆ بكات، واته ئه‌و شته‌ی ئه‌و ویسته ده‌یه‌وێت. ویستی گشتی له لای رۆسۆ رێوشوێنێكی فۆرمالیستانه بۆ دامه‌زراندنی رژێم دیاری ده‌كات، به‌ڵام پێمان ناڵێت ئاخۆ ئه‌و رژێمه چییه. كه‌واته ئه‌و بیرۆكه‌یه له دنیای هۆكاردا دهسوورِێتهوه نه‌ك جیهانی مه‌به‌ست، كه رۆسۆ به‌رامبه‌ری بێ لایه‌نه و له‌باره‌ی ناوهرۆكییهوه قسان ناكات. له راستیدا ویست (ئیراده)ی گشتی ره‌گه‌زێكه له پاش دامه‌زراندنی گردبوونه‌وه‌ی سیاسی به‌دی دێت، یان ئه‌و یه‌كێكه له ئه‌رك و ئامانجه‌كانی ئه‌و گردبوونه‌وه سیاسییه. هه‌ر ویستێكی گشتی یان جه‌ماوه‌ری، كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ر له خۆی ده‌خوازێت، كه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و كارا و كریگهر بێت، ده‌بێ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه به كرده‌نی هه‌بوو بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵگایه له خاڵی به‌راییه‌وه دروست نابێت وه‌ك رۆسۆ بۆی ده‌چێت. بۆیه رۆسۆ گریمانه‌ی شتێكی كرد كه ده‌بوو دایبمه‌زرێنێت.
هه‌روه‌ها شۆرِشی فه‌ره‌نسا به شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تی و رووت له بنه‌مای ئازادی گه‌یشت، ئازادی له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه خۆییه و بریتییه له سه‌ربه‌خۆییه‌كی تاكانه‌ی ساغ. لێره‌وه ویستی تاكه‌كان له هه‌ر رێرِهوێكی گشتی دوور كه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی په‌شێوی و تیرۆر. هه‌رچی ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه ده‌ڵێ، عه‌قڵ ده‌بێ حوكمی جیهان بكات، ئه‌وه خراپ لێی حاڵی بوون به‌وه‌ی واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه عه‌قڵی هه‌ر تاكێك ده‌بێ خاوه‌ن كاریگه‌رییه‌كی كارا بێت به سه‌ر رووداوه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش وای كرد جه‌ماوه‌ر هه‌میشه له خرۆشاندا بێت، به‌و برِوایهی كه ئه‌وه به‌شدارییه‌كی كارای سیاسی و دیموكراسییه، كه له راستیدا ئه‌وه په‌شێوی بوو. هه‌روه‌ها پیاوچاكیی مه‌ده‌نییش له سه‌ر ده‌ستی شۆرِش بووه خۆیایهتییهكی توندرِهو، به‌م جۆره له كاتی شۆِرشدا گه‌لێك حكوومه‌ت به دوای یه‌كدا هاتن و ده‌ستوور دوای ده‌ستووریش هات، به بێ ئه‌وه‌ی ئارامی به‌رقه‌رار بێت(16).
هیگل ره‌خنه‌ی خۆی ئاراسته‌ی لیبرالیزمی شۆرِشی فه‌ره‌نسا ده‌كات و ده‌ڵێ: “لیبرالیزم به هه‌بوونی رێكخستنێكی سیاسی قایل نابێت، كه تێیدا گه‌لێ فه‌رمانگه‌ی ژیانی مه‌ده‌نی، كه هه‌ر یه‌كه‌یان خاوه‌ن ئه‌ركێكی دیاری كراوه، په‌یدا ده‌بن، هه‌روه‌ها به‌و كاریگه‌رییه‌ش قایل نابێت بۆ سه‌ر گه‌ل، كه له لایه‌ن ئه‌ندامانی رۆشنبیری گه‌له‌وه له نێو كۆمه‌ڵدا دێته ئاراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و متمانه‌یه‌ی كه به‌رامبه‌ریان له ئارادایه. به‌رامبه‌ر به هه‌موو ئه‌مانه، لیبرالیزم بنه‌مای ئهتۆمایهتیی به‌رز ده‌كاته‌وه، كه سووره له سه‌ر كارایی سیاسیانه‌ی ویستی تاكه‌كان، به‌و ئاراسته‌یه‌شدا ده‌چێت كه هه‌موو حكوومه‌تێك ده‌بێ له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و تاكانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت بێت و، ره‌زامه‌ندیی ئاشكرای ئه‌وانی به‌ده‌ست هێنا بێت. ئه‌و گرووپه‌ی لایه‌نگری له‌و لایه‌نه رواڵهتییهی ئازادی و، ئه‌و رووتی (ته‌جریده) ده‌كات، بوار به هیچ رێكخستنێكی سیاسی نادات له سه‌ر بنه‌مای جێگیر دابمه‌زرێت”(17). له هه‌قیقه‌تدا هیگل له‌م ده‌قه‌دا و له‌و ره‌خنه‌یه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی له شۆرِشی فه‌ره‌نسای ده‌گرێت، ره‌خنه‌یه‌كه له بنه‌مای دیموكراسیی راسته‌خۆی ده‌گرێت، له‌م ره‌خنه‌یه‌وه روون ده‌بێته‌وه كه ئه‌و (دیموكراسی)یه خورافه‌یه. هیگل هه‌میشه سوور بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی، ده‌وڵه‌تی نوێ تا راده‌یه‌كی زۆر ئاڵۆزه و خاوه‌ن گه‌لێ ده‌زگا و ئه‌ركی جۆربه‌جۆره، كه ئیدی له سایه‌ی ئه‌ودا دیموكراسیه‌تی راسته‌وخۆ گونجاو نییه. باوهرِهێنان به توانای به‌شداری كردنی تاك تاك خه‌ڵكی له یه‌ك دابرِاو، به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له بهرِێوه بردنی كاروباری ده‌وڵه‌تدا، هه‌ر وه‌ك له شاره ده‌وڵه‌تی یۆنان‌دا رووی ده‌دا، ساده‌ییه‌كی سیاسی و وه‌همێكی دیماگۆگییه.
بیرۆكه‌ی دیموكراسیی راسته‌وخۆ، به تایبه‌تی به‌و شێوه‌یه‌ی شۆرِشی فه‌ره‌نسا لێی حاڵی بوو، له سه‌ر راستییه‌كی بنهرِهت رۆنرا بوو، به‌وه‌ی وه‌ها ته‌ماشای ویستی سیاسی بكرێت كه ویستی تاكه‌كانه. هیگل پێی وایه په‌شێوی و تیرۆر كه له شۆرِشی فه‌ره‌نسا كه‌وتنه‌وه، له ئه‌نجامی لێكدانی هه‌ردوو ویستی تاكانه‌ی سروشتیی راسته‌وخۆ و، ویستی سیاسی هاتووه‌ته ئاراوه، واته باوهرِهێنان كه ئویستگهلی تاك تاك خه‌ڵكی په‌رته‌وازه و له یه‌ك دابرِاو، ده‌كرێ ویستێكی گشتی و هه‌مه‌كیی سیاسیی لێ بكه‌وێته‌وه. هیگل حوكمی ئه‌وه به سه‌ر بیرۆكه‌ی دیموكراسیی راسته‌وخۆدا ده‌دات، كه ساده و دیماگۆگییه، چونكه گرفتی په‌یوه‌ندیی نێوان تاك و ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌وه‌ی وا له تاكه‌كان ده‌كات راسته‌وخۆ به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا زاڵ بن، هه‌روه‌ها وه‌ك ئامرازێك بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌وه‌ی ده‌یخوازن، به‌كاری ده‌هێنن. هه‌روه‌ها ساده‌شه، چونكه د‌رك به سروشتی ده‌وڵه‌تی نوێ ناكات، چونكه وێنایه‌كی روونی له‌باره‌ی رۆڵی ده‌زگاگه‌لی ناوه‌ند له نێوانی تاك (یان كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی) و، ده‌وڵه‌تدا نییه. له كاتێكدا تیۆرییه‌كانی لیبرالیزم سوورن له سه‌ر به توندی جیا كردنه‌وه‌ی ژیانی تایبه‌ت له ژیانی گشتی، فه‌لسه‌فه‌ی هیگل ددان به‌و لێك جیا كردنه‌وه‌یه‌دا نانێت، هیگل له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خۆیدا، سووره له سه‌ر پێویستیی هه‌بوونی ده‌زگا یان رێكخستن، كه ده‌بێته ناوه‌ند له نێوانیاندا، كاریش بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی و بایه‌خدانی تایبه‌تی تاك تا پله‌ی ژیانی گشتیی سیاسی ده‌كات. ئه‌و ده‌زگا ناوه‌ندانه‌ی هیگل مه‌به‌ستیه‌تی سه‌ندیكا و چینن، كه فراوانتر دێینه سه‌ر باس كردیان، كاتێك ده‌گه‌ینه سه‌ر باسی تیۆرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه.
به‌ڵام تێبینییه‌كمان ده‌رباره‌ی چه‌مكی ده‌زگاكانی ناوه‌ند هه‌یه. هیگل قسه له‌باره‌ی سه‌ندیكا و چینه‌وه ده‌كات به‌و سیفه‌ته‌ی دوو ده‌زگای ناوه‌ندن، ئه‌ویش له‌و به‌شه‌ی په‌یوه‌ندیی به ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه له كتێبه‌كه‌ی “بنه‌چه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”دا، ئه‌مه‌ش واتای گه‌وره‌ی هه‌یه، ئه‌و ده‌یه‌وێ بڵێ ئه‌و ده‌زگا ناوه‌ندانه پتر سه‌ر به ده‌وڵه‌تن نه‌ك كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ژیانی سیاسی كه ده‌وڵه‌ت به به‌رجه‌سته بوونی به‌رچاوی داده‌ندرێت، ئامانجی ده‌زگاكانی ناوه‌نده، واته ئامانجی ئه‌و هه‌مان ئامانجی ده‌وڵه‌ته. له‌وه‌ش گرنگتر میانگێرِی له نێوانی تاك و ده‌وڵه‌تدا هه‌ر ته‌نیا ئه‌ركی سه‌ندیكا و چین نییه، ئه‌وان به واتای ته‌سكی سیاسی میانگێرِی ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه له هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی هیگلدا بكه‌ین، گه‌لێ شتی دیكه‌ش ده‌بینینه‌وه كه ئه‌و ئه‌ركه به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن، تاكه‌كانیش تا ئاستی ژیانی سیاسیی گشتی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و رۆڵه‌ی خودی فه‌لسه‌فه دهیگێرِێت و، به تایبه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی هیگل. ئامانجی “فینۆمینۆلۆژیای رۆح” ئه‌وه‌یه هۆشیاریی تاك به‌رز بكاته‌وه و بیگه‌یه‌نێته ئاستی د‌رك كردن به عه‌قڵ، هه‌رچی فهلسهفهكهیهتی له مێژوودا، ئه‌وه ده‌خوازێت روونی بكاته‌وه، كه عه‌قڵ له مێژوودا به‌دی دێت، ئه‌ویش پێ به پێ و قۆناغ به قۆناغ تا ده‌گاته ئهوپهرِی قۆناغه‌كانی به‌دی هاتن له ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا.
هیگل له‌گه‌ڵ تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی جڤاكی و لیبرالیزمدا هاورِایه، كه پێیان وایه سیاسه‌ت و ده‌زگاگه‌لی نوێی سیاسی ده‌بێ له سه‌ر هۆشیاریی هاووڵاتی بنیات بندرێن، ئه‌و تیۆرییانه وای بۆ چوون، كه شه‌رعیه‌تی سیاسی ده‌بێ له سه‌ر بنه‌مای ویست (ئیراده) دابمه‌زرێت، له‌مه‌شدا له‌گه‌ڵ شۆرِشی فه‌ره‌نسادا هاورِا بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و تیۆرییانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا شۆرِشی فه‌ره‌نسا، به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی نقوم له تاكایه‌تی و، به رێكارێكی به‌شه‌كیی تایبه‌ت، له ویست گه‌یشتوون. به‌م جۆره له به پیره‌وه چوونی خواستێكی گرنگ سه‌ركه‌وتوو نابن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و ویسته كارایانه به‌شدار بن له رژێمی سیاسی و به‌شێكیش بن له‌و، به شێوازێكی جیاواز له شێوازی دیماگۆگیی شۆرِشی فه‌ره‌نسا. ئه‌م وێنا كردنه به‌رته‌نگه له‌باره‌ی ویسته‌وه، ده‌بێته مایه‌ی رژێمێك كه تێیدا سیاسه‌ت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كان رۆنرا بێت. پێك هێنانی رژێمی سیاسی و عه‌قڵانی و مایه‌ی ره‌زامه‌ندی له لای هیگل، پێویستی به ویستێكی تێكرِایی جڤاكه نه‌ك ویستێكی تاك و به‌شه‌كی. هه‌رچی ویستی گشتییه له لای رۆسۆ و وه‌ك ئه‌وه‌ی شۆرِشی فه‌ره‌نسا تێی گه‌یشتووه، هه‌ر ته‌نیا كۆی ویستگه‌لی تاكانه‌ی به‌شه‌كییه. هیگل پێی وایه چه‌مكی لیبرالی ده‌رباره‌ی كۆده‌نگی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی جڤاكیدا ده‌رده‌كه‌وێت، له نێو له خۆرِایی و سهرپشكایهتی و بهشهكیدا نقوم بووه، به چه‌شنێك كه رێی لێ ده‌گرێت رۆڵی دامه‌زرێنه‌رانه‌ی خۆی، كه له‌و تیۆرییانه‌دا پێی سپێردراوه، به‌جێ بگه‌یه‌نێت. له هه‌قیقه‌تدا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هیگل، هه‌وڵێكه بۆ گه‌یشتن به بنه‌چه‌ی ئه‌لته‌رناتیفی پتر گشتی و سه‌راپاگیر بۆ دامه‌زراندنی شه‌رعیه‌تی سیاسی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سیاسی شه‌رعیه‌تی ده‌وڵه‌ته، ئیدی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی هیگل فه‌لسه‌فه‌یه‌كه له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌شه هۆی ناوه‌ندایه‌تیی چه‌مكی ده‌وڵه‌ت له به‌رهه‌مگه‌لی سیاسیی ئه‌ودا، (ئه‌وان) به هه‌ڵه لێی حاڵی بوون، كه گوایه ستایش كردنی ده‌وڵه‌ته و به‌رز كردنه‌وه‌یه‌تی بۆ سه‌رووی تاكه‌كان و، ده‌كرێته هێزێكی سه‌ربه‌خۆ له‌وان و ریكلامێك بۆ ده‌وڵه‌تی هه‌مه‌كی.
ره‌خنه‌ی هیگل له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له لای هیگل، ئه‌و رژێمه‌یه كه له پشت به‌ستنی به‌رامبه‌ر به یه‌كی تاكه‌كان (پشت به‌ستنی دوو لایه‌نه به یه‌كدی) له چالاكیی ماددیانه‌دا، ئه‌و ده‌بێته به‌رهه‌می ئه‌و تاكایهتییهی (له نێوانیاندا له ئارادایه) و، ئه‌و رژێمهشه كه ئه‌و تاكایه‌تییه دایده‌مه‌زرێنێت. هیگل ده‌ڵێ: “كه‌سی عه‌ینی هه‌ر خۆی بابه‌تی مه‌به‌ستگه‌لی به‌شه‌كییه و- به‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پێداویسته و، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ئاره‌زوو و پێداویستی ماددی- هه‌ر ئه‌ویش بنه‌مای یه‌كه‌مه له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا. به‌ڵام ئه‌و كه‌سه به‌شه‌كییه به زه‌رووره‌ت به كه‌سانی دیكه‌ی بهشهكییهوه به‌نده، تا ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌وان له رێی ئه‌وانی دیكه‌وه، خۆی دروست ده‌كات و تێریشی ده‌كات، ئه‌مه‌ش.. بنه‌مای دووه‌مه له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا”(18)، واته بنه‌مای پشت به یه‌ك به‌ستنی دوو لایه‌نه، كه وا له كۆمه‌ڵ ده‌كات له خۆرِا و میكانیكیانه بهرِێوه بچێت. به گوێره‌ی ئه‌و وه‌سفه، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌ر كۆمه‌ڵگای بورژوایه، وه‌ك كه تیۆریزه‌كارانی په‌سنی ده‌كه‌ن: (هۆبز و، لوك و، هیوم و، ئاده‌م سمیس).
“كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی” كه هیگل قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات، ئه‌وه له هه‌قیقه‌تدا “ئابووریی سه‌رمایه‌داری”یه، ئه‌گه‌ر زاراوه‌ی “ئابووریی سه‌رمایه‌داری” به زاراوه‌ی “كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی” بگۆرِین، واتاكه لاسه‌نگ نابێت، به‌ڵكوو روونتر ده‌بێته‌وه. هیگل ده‌ڵێ: “كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌و هێزه زه‌به‌لاحه‌یه كه خه‌ڵك بۆ خۆی هه‌ڵده‌مژێت و، له پێناوی خۆیدا، داوای كاریشیان لێ ده‌كات، (دوا جار ئه‌وان) هه‌موو شتێك ده‌ده‌نه پاڵ ئه‌و هێزه‌وه و، هه‌ر شتێك و هه‌موو شتێك هه‌ر به ئامرازه‌كانی ئه‌و ده‌كه‌ن”(19).
هیگل ئابووریی سیاسیی خسته نێو ناخی رێبازه‌كه‌یه‌وه، ئه‌و له رێی خوێندنه‌وه‌ی نووسراوه‌كانی (ستیوارت و، ئاده‌م سمیس و، ریكاردۆ)ه‌وه توانیی بزانێت، كه ئه‌وه‌ی به سه‌ر كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه زاڵه، ئه‌و ئابووریی سیاسییه‌یه كه ئه‌و ناوی نا “سیسته‌می پێداویست”. هیگل له زووه‌وه بایه‌خی به ئابووریی سیاسی دا، هه‌ر له‌و كاته‌وه كه له شاری (بێرن)دا مایه‌وه، ئه‌و بایه‌خ پێدانه‌ش هه‌ر له‌گه‌ڵیدا بوو كاتێك له فرانكفۆرت و یینا بوو تا ئه‌وه‌ی له (به‌رلین)دا گیرسایه‌وه(20). هه‌رچی ماركسه وه‌ك هیگل، له كاتێكی زووه‌وه بایه‌خی به ئابووریی سیاسی نه‌دا، به‌ڵكوو ئه‌و له سه‌ره‌تادا بایه‌خی به پرسی سیاسیی گشتی و به خودی فه‌لسه‌فه‌ی هیگل و به ره‌خنه گرتن له لاوانی هیگلی ده‌دا. هه‌رچی بایهخدانیهتی به ئابووریی سیاسی، ئه‌وه تا ساڵی 1844 ده‌ستی پێ نه‌كرد، به‌ڵكوو له (دهسنووسگهلی فه‌لسه‌فیی ئابووری)یه‌وه كه له پاریس‌دا نووسینی و بڵاوی نه‌كردنه‌وه، ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. له سایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له ئابووریی سیاسی، هیگل توانیی دژبه‌رییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به وردی و له پێش ماركسیش بدۆزێته‌وه، لێره‌وه ئیدی تیۆرییه‌كه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، هه‌وڵێك بوو بۆ تێپهرِاندنی دژبه‌رییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، له بنهرِهتیشدا دژبه‌رییه‌كانی ئابووری، واته تێپهرِاندنی دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوای سه‌رمایه‌دار.
هیگل به وردی لایه‌نانی نه‌رێنیی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی دیاری كرد، به‌ڵكوو ده‌كرێ بڵێین لایه‌نی نه‌رێنیی ئابووریی سه‌رمایه‌داریی هه‌ر له ساڵی 1804ه‌وه دیاری كرد، ئه‌ویش له‌و موحازه‌رانه‌ی له زانكۆی (یینا)دا گوتنییهوه، كه تا سه‌ده‌ی بیست بڵاو نه‌كرانه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا نیگه‌رانی ده‌كرد، به‌رده‌وام بێهیز كردنی هێز و تواناكانی مرۆڤ بوو، یان نامۆ بوونی. له‌و ماوه زووه‌دا هیگل به ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر له ماركس، پرسی كاری نامۆ بوونی شی كردووه‌ته‌وه، به راستی مرۆڤ له ئاست نزیكی و جووت بوونی ره‌خنه‌ی هیگلی و ره‌خنه‌ی ماركسیدا سه‌رسام ده‌بێت، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وه بخه‌ینه به‌رچاو، كه ئه‌م شی كردنه‌وانه‌ی هیگل تا سه‌ده‌ی بیسته‌م بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه، واته ماركس نه‌یبینون. هیگل له‌باره‌ی ئاده‌م سمیس و نموونه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی كارگه‌ی بزماره‌وه قسه ده‌كات و ده‌ڵێ: “دابه‌ش كردنی كار به‌رهه‌م چه‌ند قات ده‌كات، له كارگه‌یه‌كی ئینگلیزی‌دا 18 كرێكار كار له دروست كردنی یه‌ك بزماردا ده‌كه‌ن (واته هه‌ر یه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به دروست كردنی به‌شێكی ئه‌و بزماره)، هه‌ر یه‌كه‌شیان لایه‌نێكی كاره‌كه‌ی له سه‌ره و رایدهپهرِێنێ، ته‌نیا كه‌سێك ناتوانێت 120 بزمار بهێنێته به‌رهه‌م، ته‌نانه‌ت یه‌ك بزماریش… هه‌ڵبه‌ت به‌های كار به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی زیاد بوونی به‌رهه‌م، كه‌م ده‌بێته‌وه. وای لێ كرد پتر و پتر كار مردوو بێت و، ببێته كارێكی میكانیكی، به‌هره و تواناكانی تاكیش سنووردار ده‌بن، ئاستی هۆشیاریی كرێكاری كارگهش تا ئهوپهرِی ئاستی سارد و سرِی داده‌به‌زێت. ئیدی په‌یوه‌ندیی نێوان كاری به‌شه‌كی و برِی زۆر و زه‌به‌ندی پێداویسته‌كان، به هیچ شێوه‌یه‌ك دركیان پێ ناكرێت و، دهگۆرِێ به پشت به‌ستنێكی كوێرانه.. توخمی رۆحیش، واته ژیانی پرِ له هه‌ست كردن به خود، ده‌بێته چالاكییه‌كی بۆش”(21).
له “بنه‌چه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”دا، هیگل پێی وایه كاتێك كه‌سێكی دی به‌رهه‌می پیاو ده‌بات، ئه‌م شته ئاكامی نه‌رێنیی ده‌بێت بۆ سه‌ر هه‌ست كردنی مرۆڤ به به‌ها و مرۆڤایه‌تیی خۆی، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و رۆڵه گرنگه‌ی كار له كه‌سایه‌تی و ماهیه‌تی مرۆڤدا دهیگێرِێت. هیگل ده‌ڵێ: “… ئه‌م خه‌سڵه‌ته جه‌وهه‌ریانه (“ئه‌و به‌رهه‌مانه” به گوێره‌ی وهرگێرِانی نۆكس له ده‌قه ئه‌ڵمانییه‌كه‌وه) كه كه‌سایه‌تیی تایبه‌ت و ماهیه‌تی هه‌مه‌كیی هۆشاریم دروست ده‌كه‌ن، ناكرێ له من نامۆ بن، یان ببنه موڵكی كه‌سێكی دی، یان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ َتێپهرِ بوونی رۆژگاردا مافی منی به سه‌ره‌وه نه‌مێنێت، ئه‌م جۆره خه‌سڵه‌تانه كه‌سیه‌تیی منن به‌و جۆره‌ی كه هه‌یه، ئه‌و ئازادیی ته‌واوی ویستی منه، ئه‌و ژیانی ره‌وشتیانه‌ی بابهتیانهمه… (وێرِای ئه‌وه) ده‌توانم ده‌ست له به‌رهه‌مێكی خۆم بۆ كه‌سی دی هه‌ڵگرم، كه به‌رهه‌می كارامه‌یی عه‌قڵ یان جه‌سته‌ی خۆمه، ده‌شتوانم تا ماوه‌یه‌ك به‌كار هێنانی تواناكانی خۆمی پێ ببه‌خشم.. به‌ڵام به وازهێنان له هه‌موو كاتی خۆم و به‌و جۆره‌ی له كار و تێكرِای به‌رهه‌ممدا گه‌ڵاڵه ده‌بێت، ئه‌وه من به‌و جۆره جه‌وهه‌ری بوونم و چالاكیی گشتیم و واقیعایهتیی خۆم و كه‌سایه‌تیم ده‌كه‌مه موڵكی كه‌سێكی دی”(22).
هیگل گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ههژاراندن ئاكامێكه بۆ میكانیزمی خودی ئابووریی سه‌رمایه‌داری، به گوزارشتی ئه‌و، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. هیگل ده‌ڵێ ئه‌م هه‌ژارییه رێ له هه‌ژاران دگرێت كه ببنه خاوه‌نی “ده‌سكه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ئه‌وانی له هۆكارگه‌لی سروشتیی نان په‌یدا كردن بێ به‌ش كردووه… هه‌روه‌ها ههژارییهكهیان ئه‌وانی له هه‌موو چاكییه‌كی كۆمه‌ڵ بێ به‌ش كردووه، وه‌ك ده‌رفه‌تی به‌ده‌ست هێنانی كارامه‌یی یان ده‌رفه‌تی په‌روه‌رده و فێر بوون به هه‌ر جۆرێكی بێت، وه‌ك چۆن ئه‌وانی له سوود وه‌رگرتن له دادوه‌ری و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستیی گشتییش بێ به‌ش كردووه”. جا ئاخۆ چاره‌سه‌ر چییه؟ ده‌وڵه‌ت بۆ خۆی چاره‌سه‌ره. ده‌سه‌ڵاتی گشتیی ده‌وڵه‌ت “بۆ هه‌ژاران جێی خێزان ده‌گرێته‌وه”. ئه‌مه‌یه ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی كه ئابووری رێك ده‌خات و به سه‌ر بازارِیشدا زاڵه. چونكه “هه‌موو چاكییه‌كی جڤاك” كه كۆمه‌ڵگای بورژوا له‌ده‌ست هه‌ژارانی داوه، ده‌وڵه‌ت ده‌سته‌به‌ری ده‌كاته‌وه(23).
هیگل به ته‌واوی له‌وه به ئاگا بوو كه ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و زاڵ بوونه‌ی وای پیشان ده‌دات، كه “ئه‌و” خۆ سه‌پاندن و ناچارییه‌كی ده‌ره‌كی و له سهرهوهرِا سه‌پاوه، به‌ڵام هیگل ده‌یه‌وێ به درێژایی ته‌واوی كتێبه‌كه‌ی “بنه‌چه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق” پێمان بڵێ، ئه‌و ترسه له ده‌وڵه‌ت ترسی هۆشیاریی تاكی ئاسایی و ساده‌یه، “بنه‌چه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”یش بریتییه له فینۆمینۆلۆژیایهك كه ئامانجی به‌ره‌و ژوور بردنی ئه‌م هۆشیاریی تاكی ترساوهیه تا ئاستی متمانه كردن به زه‌رووره‌ت و ههمهكایهتی و عه‌قڵانیه‌تی ده‌وڵه‌ت. وه‌ك هیگلیش ده‌ڵێ، ئازادیی رووت و لهخۆرِایه، كه وا دهرِوانێته ئه‌و ده‌ست تێوه‌ردانه‌ی ده‌وڵه‌ت، كه خۆ سهپاندنێكه له دهرهوهرِا و كۆنترۆڵ كردنێكی نامۆیه به سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه(24).
هیگل له‌گه‌ڵ (سای و، سمیس و، ریكاردۆ)دا هاورِایه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌ڵێن، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پله‌یه‌كی باڵا له پشت به‌ستنی یه‌ك به یه‌ك و، رواندن(تهسییر)ی لهخۆرِا و میكانیكانهیه، كه ده‌ستێكی په‌نامه‌كی، یان دانایی و فه‌ندی عه‌قڵ ئاشكرا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و له هه‌مان كاتدا پێی وایه، پشت به یه‌ك به‌ستنی دوو لایه‌نه و سیسته‌می لهخۆرِا، جێی دڵنیایی نییه و مسۆگه‌ریش نییه و مه‌زه‌نده‌ی ئاكامهكانیش ناكرێت. كۆمه‌ڵگا به‌م شێوه‌یه ده‌بێته جه‌سته‌یه‌كی مردوو، به‌ڵام له جووله‌یه‌كی تهفرهدهرانهدایه، ئه‌و به‌م رێ و به‌و رێدا به شێوه‌یه‌كی ره‌شۆكی و كوێرانه، هه‌ر به چه‌شنی گیاندارێكی كێوی ده‌جوولێته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و به‌رده‌وام پێویستی به كۆنترۆڵ و رێنمایی هه‌یه. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ئابووریناسانی سیاسی و فه‌یله‌سووفانی مافی سروشتی و، گرێبه‌ستی جڤاكیدا، سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی سنووردا هاوبۆچوون نییه، چه‌مكی ئه‌و له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه به ته‌واوی له‌گه‌ڵ چه‌مكی لیبرالی بورژوا، له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی سنوورداره‌وه جودایه.
هیگل دركی به فره زه‌رووره‌ت بوونی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی یان سه‌رمایه‌داری له ئاستی جیهاندا ده‌كرد، ئه‌ویش له رێی كۆلۆنیالیزمه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ: “مادام زێده مه‌یلی كاسبی سه‌ركێشی ده‌خوازێت، ئیدی پیشه‌سازی له بری ئه‌وه‌ی هه‌ر ره‌گ و ریشه‌ی به خاك و زه‌ویدا بچێت، “ئه‌و” بنه‌ماگه‌لی هه‌ڵقوڵان و مه‌ترسیدار و وێرانكه‌ریش ده‌په‌رستێت، سه‌رباری ئه‌وه ده‌ریا مه‌زنترین هۆكاری په‌یوه‌ندی كردنه، بازرگانی له رێی ده‌ریاشه‌وه په‌یوه‌ندیی ئابووری له نێوان وڵاتانی دوور ده‌هێنێته ئاراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش ده‌هێنێته دی، كه له ناوه‌رۆكی گرێبه‌سته مافدان”. واته له ئاستی جیهاندا فراوانی به بورژوا ده‌دات(25).
هیگل وا له ده‌وڵه‌ت ده‌كات، به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار، وه‌ك تیماركه‌ری دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی بورژوا، واته ئابووریی سه‌رمایه‌داری بێت. ئه‌و قسه له‌باره‌ی رۆڵێكی رێكخهرانهی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌كات، كه ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی و رژێمی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تمان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه. هیگل ده‌ڵێ: “ره‌نگه به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌كاربه‌ران بگاته راده‌ی پێكدادان له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا. وێرِای ئه‌وه‌ی ده‌كرێ لهخۆرِا بگه‌ینه یه‌كلایی كردنه‌وه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له نێوانی هه‌مووان،پێكهاتنی نێوانیان هه‌رده‌م پێویستی به كۆنترۆڵێك هه‌یه، كه له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه بێت و به هۆشیاریشه‌وه ئه‌و كاره بكات. مافی پیاده كردنی ئه‌و كۆنترۆڵه و.. مافی جه‌ماوه‌ر كه فێڵ نه‌كات.. ده‌كرێ ئه‌ركێكی گشتی بێت، كه ده‌سه‌ڵاتی گشتیی ده‌وڵه‌ت بیكات”(26). واته كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به ته‌نیا ناتوانێت دژبه‌رییه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات، ده‌بێ ده‌وڵه‌ت ده‌ستیان تێ وه‌ربدات. هه‌رچی ماركسه، ئه‌و ئه‌گه‌ره ره‌ت ده‌كاته‌وه، هیوای خۆشی به ده‌وڵه‌ت ناسپێرێت، به‌ڵكوو به شۆرِشی سۆشیالیزمی ده‌سپێرێت. له هه‌قیقه‌تدا ئه‌و له‌مه‌دا راست نه‌بوو.
هیگل دیالیكتیكی نێو دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئاشكرا ده‌كات، ئاماژه‌ش ده‌كات كه زێده فراوانكاری له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌ژاریی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، چینانی هه‌ژاریش ناتوانن چاره‌سه‌ری ههژارییهكهیان بكه‌ن، نه له رێی ده‌زگاكانی خێرخوازه‌وه و، نه له رێی ئه‌و كۆمه‌كه‌ی چینانی ده‌وڵه‌مه‌ند پێشكه‌شی ده‌كه‌ن. ئه‌لته‌رناتیف بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ریانه بریتییه له “ره‌خساندنی هه‌لی كار له به‌رده‌میاندا”، ئه‌ویش ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی كه “كینز” پێشكه‌شی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری كرێكاران بچنه بازارِی كاره‌وه، ده‌بێته مایه‌ی زێدهرِۆیی له به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ كه‌می له دابه‌ش كردن و بێ بازارِی. كه‌واته چاره‌سه‌ر چییه؟ هیگل ده‌ڵێ: “دیالیكتیكی ناوخۆی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی.. پاڵی پێوه ده‌نێت بۆ تێپهرِاندنی سنووری تایبه‌تی خۆی و به دوای بازارِی تازه‌دا بگهرِێت. به‌م پێیه هۆیه‌كانی پێویست به مانه‌وه‌ی، له وڵاتانی دیكه‌دایه”(27). ئا ئه‌مه‌ش كۆلۆنیالیزمه، كه هیگل ئاشكرای كرد و باڵاترین قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی بورژوای سه‌رمایه‌دارییه. برِوانه، هیگل بانگه‌شه بۆ كۆلۆنیالیزم ناكات به‌وه‌ی چاره‌سه‌ره بۆ دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی سه‌رمایه‌داری، به‌ڵكوو ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی سروشتی و لۆژیكیانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه شی ده‌كاته‌وه، چاره‌سه‌ری ئه‌ویش بۆ ئه‌و دژبه‌ریانه، له تیۆرییه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌ت خۆی ده‌نوێنێ.
ده‌وڵه‌ت
هیگل سووره له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بنه‌ما تازه‌كانی سیاسه‌ت ته‌نیا پشت به عه‌قڵ ببه‌ستن، هه‌روه‌ها ته‌نیا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرت بێت. له راستیدا ئه‌و به‌م جۆره دژ به‌وه ده‌وه‌ستێت كه لیبرالیزم و تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی جڤاكی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له رووی رۆنانی سیاسه‌ت له سه‌ر رای گشتی و هه‌ستی هاوبه‌ش و ته‌بیعه‌تی مرۆیی، به لای ئه‌وه‌وه عه‌قڵ گه‌لێ له سه‌رووی ئه‌و توخمانهوهیه، كه به قۆناغگه‌لی پهیژهداری په‌ره‌سه‌ندنی هۆش به ئاراسته‌ی عه‌قڵ داده‌ندرێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیگل سووره له سه‌ر عه‌قڵ و عه‌قڵانیه‌ت، ئه‌و وا وه‌سفی ده‌وڵه‌ت ده‌كات كه باڵاترین قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵ و ته‌واو بوونی یه‌كجاره‌كی و بێ كه‌م و كورِیی كاروانی عه‌قڵه له مێژوودا. ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه نقومی نێو ئایدیالیست و میتافیزیك بێت، به‌ڵام به كرده‌نی گوزارشتێكی راستگۆیانه‌یه سه‌باره‌ت به ته‌بیعه‌تی عه‌قڵانیی ده‌وڵه‌تی نوێ، كه دواتر “ماكس فیبه‌ر” دووپاتی كرده‌وه، هه‌روه‌ها گوزارشتێكی راستگۆیانهشه ده‌رباره‌ی جیاوازیی هیگل له‌گه‌ڵ كولتووری سیاسیی لیبرالی.
حاڵه‌تی به‌ر له رێكخستنی سیاسی له لای هیگل بریتییه نییه له حاڵه‌تی به‌رایی سروشت یان حاڵه‌تی شهرِی هه‌مووان دژ به هه‌مووان. حاڵه‌تی به‌ر له ده‌وڵه‌ت به لای ئه‌وه‌وه هه‌ر ته‌نیا پێشینه‌یه‌كی لۆژیكیی هه‌یه و چی دی نا، پێشینه له هزردا نه‌ك له واقیعدا. رێكخستنه‌كانی به‌ر له ده‌وڵه‌ت له هۆشیاریی تاكه‌كاندا، بواری مافه‌كانی تاكه (مافی موڵكایه‌تی و یاسای تاوان) و خێزان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. حاڵه‌تی به‌ر له ده‌وڵه‌ت حاڵه‌تێكی ناكۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكوو رێكخستنی جڤاكیی تێدایه كه خێزان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. تیۆرییه‌كانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی له حاڵه‌تی سروشتیی ناكۆمهڵایهتییهوه به‌ره‌و حاڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له رێكخستنی سیاسیی ته‌واو و ده‌وڵه‌تی پایه‌دار ده‌چێت، ئه‌ویش به یه‌ك هه‌نگاو و راسته‌وخۆ. هه‌رچی هیگله هیچ پێویستیی به گریمانه كردنی هه‌موو ئه‌وانه نییه، چونكه به كرده‌نی بوونی ژیانی جڤاكیی به‌ر له ده‌وڵه‌تی ئه‌رێ كرد، به‌ڵكوو ئه‌و ته‌نیا پێویستی به روون كردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی گۆرِانی ژیانی بچووك و مومكینی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ ژیانێكی جڤاكیی به كرده‌نی پایه‌دار و به‌دی هاتوو، یان رۆیشتنی له رێژه‌ییه‌وه به‌ره‌و ره‌ها، واته له خێزان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت. ئیدی فه‌لسه‌فه‌ی هیگل مومكین نه‌بوو، كه وا وه‌سفی په‌یدا بوونی كۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌ت بكات، به‌وه‌ی گواستنه‌وه‌یه له حاڵه‌تی به‌رایی سروشته‌وه به‌ره‌و حاڵه‌تی سیاسی، به‌ڵكوو به‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی رۆحه(28).
هزری سیاسی له لای هیگل دژ به مه‌یلی تاكرِهوانهی پهرتكهری لیبرالییه، ئیدی لێره‌وه بیرۆكه‌ی هه‌مه‌كی (شموولی)، به‌و واتایه نا كه ده‌وڵه‌ت بخاته سه‌رووی تاكه‌كانه‌وه و بیكاته هێزێكی زاڵ، به‌ڵكوو به واتای ئه‌وه‌ی دید و روانینی هه‌مه‌كی و سه‌راپاگیره، هه‌روه‌ها به واتای روون كردنه‌وه‌ی رۆڵی تاك له تێكرِای جڤاكدا و، به‌رز كردنه‌وه‌ی هۆشیاریی تاك تا ئاستی ئه‌و تێكرِایه. ره‌نگه هیگل تۆمه‌تی هه‌مه‌كایه‌تیی بدرێته پاڵ، ئه‌گه‌ر “تێكرِا: هه‌موو” له لای ئه‌و بریتی بێت له كۆمه‌ڵێك تاك، كه (ئه‌وان) له نێویدا ده‌پلیشێنه‌وه و ناسنامهكانیشیان له نێو ئه‌ودا ون ده‌بن، به‌ڵام “تێكرِا” له لای هیگل به پرۆسه‌ی تێپهرِاندن و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تایبه‌ت و به‌شه‌كییه، گوزه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌و دژبهرییانهی نێوانی تاك و جڤاك هه‌ن، پێی ده‌خه‌مڵێن.
ده‌وڵه‌ت به لای هیگله‌وه بریتییه له به‌رجه‌سته بوونی زیندووانه‌ی رۆحی گه‌ل و ره‌وشتی جڤاكیانه‌ی و داب و نهریتهكهیهتی، هه‌روه‌ها گوزارشتی سیاسییه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاری كراوی مرۆیی. هه‌ر بۆیه ئه‌و هه‌ر ته‌نیا حكوومه‌ت یان سیسته‌مێكی حوكمرِانی نییه، به‌و جۆره‌ی لیبرالیزم بۆی ده‌چێت، به‌ڵكوو ئه‌و هه‌موو كۆمه‌ڵگا و به‌رجه‌سته بوونی سیاسیانه‌ی ژیانی رهوشتانهیهتی. ده‌وڵه‌ت به‌شداری كردنه له “ئێمه”دا، واته له نێو كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌راپاگیری مرۆیی‌دا، تاك له جغزبهستن به ده‌وری خود و به ده‌وری به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سانه رزگار ده‌كات. بێ له‌وه ده‌وڵه‌ت له لای هیگل كۆمه‌ڵگایه‌كی رهوشتكاره، به واتای ئه‌وه‌ی پێكی ده‌هێنێت، ته‌نیا سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌ی نییه، بهڵَكوو كولتوور و ره‌وشتی جڤاكییهكهی و دهستوورهكهشیهتی، كه له‌و ره‌وشته‌وه هه‌ڵهێنجراون، هه‌روه‌ها له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دی له شهرِ و ئاشتیدا. تاكه‌كان له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، به‌شداری كردنیان له نموونه‌یه‌كی دیاری كراوی ره‌وشت و په‌یوه‌ست بوونیان به كولتوورێكی دیاری كرا‌و كۆیان ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها یه‌ك ته‌رزه ره‌وشتی جڤاكییش كۆیان ده‌كاته‌وه. هیگل لێره‌دا قسه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌كات، كه زانایانی كۆمه‌ڵایه‌تی به “پێوه‌ره رژێم” ناوی ده‌به‌ن، كه ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵێكی دیاری كراوه و سیسته‌می سیاسیشی بۆ دیاری ده‌كات، كار بۆ تێكه‌ڵ كردنی تاكه‌كانیش له نێو كۆمه‌ڵگاكانی خۆیاندا ده‌كات. تێكه‌ڵیی كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ز به لای زانایانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ی هیگل، له رێی پێوه‌ر و به‌ها و كولتووره‌وه، به‌دی دێن.
كاتێك هیگل ده‌ڵێ، ده‌وڵه‌ت له یه‌ك كاتدا بواری مافی رووت، یان مافه‌كانی تاك تێدهپهرِێنێ و ده‌یانگرێته خۆی، ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی كه ده‌وڵه‌ت مافه‌كانی تاك و ئازادییان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. ئه‌و مافانه و ئه‌و ئازادییه واتایه‌كیان نییه و بۆیان ناكرێ به‌دی بێن، ته‌نیا له سایه‌ی ددان پێدا هێنانێكی تێكرِا و هه‌مه‌كی له لایه‌ن تێكرِای جڤاكه‌وه، به‌و سیفه‌ته‌ی قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه، نه‌بێت.
هه‌ر كایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی دیاری كراوی مرۆیی هه‌یه، كه په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان تاكه‌كانی تێدا به‌شدار (به‌شدار بوو)، دیاریی ده‌كات. كایه‌ی خێزان بواری “تایبه‌ته په‌رۆش”ه، من له خێزانه‌كه‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌م منداڵ و باوكی خۆم بخه‌مه سه‌رووی خۆمه‌وه، هه‌رچه‌نده من خۆم به قوربانی خه‌ڵكی دی ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وه له چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و دیاری كراودا، كه خێزانه ده‌كرێ. هه‌رچی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه ئه‌وه كایه‌ی “هه‌مه‌كییه منایه‌تی”یه، هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانم له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ئامانج به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمه، به‌كار هێنانی ئه‌وی دی هه‌میشه بۆ ئه‌وه‌یه، كه ئامرازێكه بۆ به‌دی هێنانی ئامانجی تایبه‌تی خۆم. هه‌رچی ده‌وڵه‌ته، كایه‌ی (هه‌مه‌كییه په‌رۆشی)یه، یان ده‌بێ وا بێت. من گه‌لێك شت ده‌كه‌مه قوربانی خۆم ته‌نیا خێزانی تایبه‌تی خۆم نه‌بێت، له شهرِیشدا ژیانی خۆم ده‌كه‌مه قوربانی، نه‌ك له پێناو داكۆكی كردن له به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆم، ته‌نانه‌ت له پێناو موڵك یان خێزانیشم نییه، ده‌كرێ خێزان و سامانه‌كه‌م بۆ شوێنێكی دی بگوازمه‌وه تا له شهرِ بیانپارێزم ئه‌گه‌ر نه‌مه‌وێ شهرِ بكه‌م، به‌ڵام له شهرِدا ژیانم ده‌كه‌مه قوربانی بۆ پاراستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌م و به‌ها و ناسنامه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌رداری به‌شێكی سامان و موڵكی خۆشم ده‌بم له شێوه‌ی باج، نه‌ك له پێناو كه‌سێكی دیاری كرا‌و، به‌ڵكوو له پێناو تێكرِای كۆمه‌ڵ و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ئه‌و، كه ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات(29). ئه‌وه‌ی لێره‌دا تێبینی ده‌كرێت، له وه‌سفی ژیانی سیاسی‌دا، هیگل له خێزانه‌وه ده‌چێته سه‌ر كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پاشان بۆ ده‌وڵه‌ت، جووله‌یه‌كی دیالیكتیكیانهش ئاشكرا ده‌كات له (پرس)ه‌وه بۆ (ناپرس)، له‌وانیشه‌وه بۆ (تێكهه‌ڵكێش). خێزان یان “تایبه‌ته په‌رۆش”ی “پرس”ه‌كه‌یه، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی یان “منی هه‌مه‌كی”ی “ناپرس”ه‌كه‌یه، “ده‌وڵه‌ت” یان “هه‌مه‌كییه په‌رۆشی”ش، تێكهه‌ڵكێشی هه‌ردووكیانه.
ده‌وڵه‌ت به لای هیگله‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شه‌كی تێدهپهرِێنێ و نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌كات، ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌رپرسایه‌تیی چاودێری كردنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌ی ده‌وڵه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه. ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه وه‌ك ریكلامێك بێت بۆ ده‌وڵه‌تی خۆسه‌پێن، به‌ڵام هیگل پێی وایه، ویستی به‌شه‌كی و ههرِهمهكی وا له ده‌وڵه‌ت دهرِوانن، كه وه‌ك كۆتێك وایه بۆ ئازادیی مرۆڤ. ده‌توانین د‌رك به‌مه بكه‌ین به‌وه‌ی هیگل له‌باره‌ی “بۆندی ئه‌رك”ه‌وه ده‌یڵێ، كه وا لێی دهرِوانێت به‌وه‌ی هه‌ر خۆی له بواری ده‌وڵه‌تدا قهڵهمرِهوه. هیگل ده‌ڵێ: “بۆندی ئه‌رك ناكرێ وه‌ك كۆتێك ده‌ربكه‌وێت، ته‌نیا به سه‌ر خۆیاتییهكی نادیاری كرا‌و یان ئازادییه‌كی رووتدا نه‌بێت، یان به سه‌ر پاڵنهرهكاندا، جا چ پاڵنه‌ری ویستی سروشتی بن یان ویستی ره‌وشتی، كه چاكه‌ی نادیاری كراوی به شێوه‌یه‌كی زۆره‌ملێ دیاری ده‌كرێت. هه‌ڵبه‌ت هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه كه تاك ئازادیی خۆی له ئه‌ركدا ده‌بینێته‌وه”(30).
هه‌رچه‌نده ده‌وڵه‌ت له كۆتایی “بنه‌چه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق”دا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له رووی لۆژیك و مێژووییه‌وه یه‌كه‌مه. گواستنه‌وه له بواری مافی تاكه‌وه بۆ بواری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی پاشان بۆ ده‌وڵه‌ت، ناكرێ به‌دی بێت ته‌نیا له سایه‌ی ده‌وڵه‌تدا نه‌بێت. له سایه‌ی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تدا لیبرالیزم په‌یدا ده‌بێت و ئابووریی سه‌رمایه‌دارییش ده‌توانێ په‌ره بستێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگای تازه خه‌مڵیوی سه‌رمایه‌دارییش ده‌توانن به دوای ئامانجی تایبه‌تی خۆیاندا بكه‌ونه كۆشش، له سایه‌ی ئه‌ویشدا یاسا سه‌روه‌ری و راستگۆیی ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت پێشینایهتییهكی لۆژیكی و مێژوویی هه‌بوو، كه‌واته بۆچی هیگل له‌وه‌وه ده‌ست پێ ناكات، پاشان بۆچی ده‌وڵه‌ت له كۆتاییدا نه‌بێت، په‌یدا نابێت؟ چونكه هیگل تیۆرییه‌كی ههڵهێنجانمان ناخاته به‌رده‌م، كه مافه‌كانی تاك و ده‌زگاگه‌لی سیاسی و خێزان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، له ده‌وڵه‌ت (له‌و)ه‌وه گه‌ڵاڵه بكات، به‌ڵكوو فینۆمینۆلۆژیایهك بۆ هۆشیاریی سیاسی سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت و ئازادی داده‌نێت، واته دووباره بنیات نانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییه بۆ ئه‌و شێوازه‌ی كه تاك ده‌توانێ به هۆی ئه‌وه‌وه د‌رك به ئازادیی خۆی بكات و، به‌رز كردنه‌وه‌ی بۆ سه‌رووی ئاستی مافی تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تا ده‌گاته ئاستی ده‌وڵه‌ت، واته ئاستی ئازادییه‌كی به كرده‌نی به‌دی هاتوو. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ك هیگل بۆی ده‌چێت، هه‌قیقه‌ته مه‌زن و بنهرِهتهكهی سه‌رده‌می ئه‌وه، جا ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ ئه‌و بیكات لابردنی هه‌رچییه‌كه، كه رێ له د‌رك پێ كردن و دیتنی ده‌گرێت، به سه‌لماندنی كه هه‌ر چییه‌كی ده‌كه‌وێته پێشی به زه‌رووره‌ت به‌و ده‌گات. هه‌ر ئه‌مه‌شه به دروستی وای كردووه، توانای ره‌خنه گرتن له فه‌لسه‌فه سیاسییه‌كه‌یدا گه‌وره بێت. ئه‌ركی به‌ره‌و باڵا بردنی هۆش و سه‌ركردایه‌تی كردنی له رووی فینۆمینۆلۆژیاوه، تا ئه‌وه‌ی د‌رك به بایه‌خ و پێشینایهتیی ده‌وڵه‌ت ده‌كات و، د‌رك به وه‌دی هاتنی ئازادییه‌كه‌ی له‌ودا ده‌كات، ئه‌وه بۆ خۆی ئه‌ركێكی رهخنهییانهیه، چونكه ئه‌وانه ئه‌وه‌یان لێ ده‌خواست، كه ره‌خنه له تیۆرییه‌كانی مافی سروشتی و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و لیبرالیزم بگرێت(31).
هیگل به ته‌واوی له ئاڵۆزیی ده‌زگای سیاسی و كارگێرِیی ده‌وڵه‌تی نوێ به ئاگا بوو. هه‌روه‌ها تاكیش ناتوانێ به‌شدارییه‌كی راسته‌وخۆ و كارای له سایه‌ی ئه‌و ده‌زگا ئاڵۆز و پسپۆرهدا هه‌بێت. بۆیه بۆ ئه‌وه چوو، كه پێویسته رێكخستنی ناوه‌ند له نێوانی تاك یان كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت. هه‌ر لێره‌وه بینیی كه سه‌ندیكا و چین له‌و رێكخستنه ناوه‌ندانه‌ن. سه‌ندیكا ئه‌و بواره‌یه كه تاك له میانی ئه‌ودا ده‌توانێت ئه‌ركی گشتی به‌جێ بگه‌یه‌نێت و كۆشش به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بكات، كه تاكایه‌تی و خۆپه‌رستیی خۆی تێدهپهرِێنێت و، كار بۆ چاكه‌ی گشتی ده‌كات و به‌شداری له ژیانی گشتیدا ده‌كات. هیگل ده‌ڵێ “له هه‌لومه‌رجی ده‌وڵه‌تانی تازه‌ی سیاسیماندا، هاووڵاتیان به‌شداری له به‌شی هه‌ره كه‌می كاری گشتیدا ناكه‌ن. به هه‌ر حاڵ گرنگه مرۆڤی رهوشتكار چاكیی گشتیی پێ به‌خشین، كه ده‌یباته سه‌رووی مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیه‌وه، ئه‌م ره‌گه‌زه‌ش ده‌وڵه‌وتی نوێ پێی نابه‌خشێت (واته ده‌وڵه‌ت به واتای ته‌سكی سیاسیی خۆی) به‌ڵكوو سه‌ندیكا پێی ده‌به‌خشێت… (به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه) ده‌وڵه‌ت هه‌ر ده‌بێ سه‌رپه‌رشتیی سه‌ندیكاكان بكات، ئه‌گه‌ر نا سرِ ده‌بن، له كاتی دارِووخانیدا ته‌رزه توێژگه‌لێكی داخراو و كڵۆڵ دروست ده‌كات، به‌ڵكوو ئامانجی به پێچه‌وانه‌وه بریتییه له دانانی پیشه‌گه‌لی لاچه‌پ له نێو سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه تا بازنه‌یه‌ك، كه تێیدا به هێز و رێز ده‌گات”(32). كاتێك هیگل ده‌ڵێ ده‌وڵه‌ت ده‌بێ سه‌رپه‌رشتیی سه‌ندیكاكان بكات، هه‌روه‌ها به بێ ئه‌و سه‌رپه‌رشتییه سرِ ده‌بێت و دادهرِووخێت، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ رۆحی ژیانی سیاسیی نوێ‌دا دهرِوات، هه‌روه‌ها هی هاوچه‌رخدا. ئه‌و ماوانه‌ی كه به‌رز بوونه‌وه‌ی بایه‌خی سه‌ندیكاكان و رۆڵی كارایان هه‌ڵكشا، واته قۆناغی پاش یه‌كه‌مین شهرِی جیهان تا حه‌فتاكان، ئه‌وه قۆناغی به‌هێز بوونی ده‌وڵه‌ته، كه خۆی له سیسته‌مه‌كانی ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی و ده‌وڵه‌تی سۆشیالیزمی دیموكراتدا نواند. هه‌رچی ئه‌و ماوانهیه كه بێهێز بوونی ده‌وڵه‌ت و پووكانه‌وه‌ی ئه‌وی تێدا هاتنه كایه‌وه، هه‌ر ئه‌و ماوانهیه كه تێیدا سه‌ندیكاكان لاواز بوون و رۆڵیان په‌راوێز بوو. ده‌وڵه‌ت وه‌ك كه هیگل پێشبینیی كرد، پشتیوانه بۆ سه‌ندیكا و زامنی مافه‌كانیه‌تی.
هه‌روه‌ها هیگل بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه چین ده‌كه‌وێته نێوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ته‌وه، دوا جار دژبه‌ری و نه‌رێنییه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تیشی تا ئاستی گشتی به‌رز ده‌كاته‌وه، واته ئاستی ده‌وڵه‌ت كه ده‌گاته ئاستی گوزارشتی سیاسی و ددان پێدا هێنان پێی.
چینێك هه‌یه كه هیگل پێی ده‌ڵێت چینی گشتی، ئه‌ویش چینی كارمه‌ندانی سڤیله و ئه‌ركیشی “چاودێری كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كۆمه‌ڵه”. هه‌رچه‌نده ئه‌وان له چینی ناوه‌نده‌وه دێن، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن و مه‌شق پێ كردن و رێكخستنیان و رۆحی تیم له لایان، دیدیان دوور له روانگه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و به ئاراسته‌ی روانگه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاراسته ده‌كات(33). ئه‌مه‌ش بیرۆكراتیهته كه (فیبه‌ر) گه‌لێ فۆكسی ده‌خاته سه‌ر و پێی وایه، ئه‌وه دیره‌گی ده‌وڵه‌تی نوێیه. وه‌ك تێبینی ده‌كرێت، بیروكراتیه‌ت هه‌ر خۆی وه‌ك ناوه‌ندێك له نێوانی به‌شه‌كی و هه‌مه‌كیدا كار ده‌كات، له نێوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تدا، هه‌ر خۆشی نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی گشتیی ده‌وڵه‌ت ده‌كات. ئه‌گه‌ر هیگل ده‌یه‌وێ دژبه‌ری و نه‌رێنییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه ئه‌و ئه‌ركه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی بیروكراسییهوه. ماركس پێی وا بوو، دژبه‌رییه‌كانی سه‌رمایه‌داری له لایه‌ن شۆرِشی سۆشیالیزمه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، كه پرۆلیتاریا بۆ كۆنترۆڵ كردنی ده‌وڵه‌ت ده‌هێنێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وه‌ی به كرده‌نی له شۆرِشی سۆشیالیزم‌دا رووی دا و له سه‌رووشیانه‌وه شۆرِشی رووسیا، ئه‌وه‌یه كه پرۆلیتاریا به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌یشت، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی كرد، ئه‌و بیرۆكراسییهیه كه خۆی له پارتی كۆمۆنیستدا خۆی ده‌نوێنێت. جارێكی دیكه‌ش هیگل له سه‌ر هه‌قه.
چه‌مكی ده‌وڵه‌ت له نێوانی هیگل و ماركسدا
هه‌رچه‌نده ماركس ره‌خنه‌ی توندی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه گرت و، به‌و سیفه‌ته‌ی چاره‌سه‌رێكه بۆ دژبه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی، ره‌تی كرده‌وه، به‌ڵام له برِیاردانی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌می خۆیدا، پێوه‌رێكی هیگلانهی به‌كار ده‌هێنا. هیگل به لای ئه‌وه‌دا چوو كه ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی خۆیدا ژیانی ئابووری ده‌گرێته خۆ، به‌ڵام به‌وه‌ی كه رواڵه‌ت یان به‌رجه‌سته بوونی ده‌ره‌كیی رۆحی گه‌ل و ژیانی رهوشتانهیهتی. واته ژیانی ئابووری بنه‌ما یان ژێرخانی ژیانی سیاسی نییه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه. هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی هیگل ده‌خوازێت، ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی كردنی رۆحی گه‌ل بكاته بنه‌مای، ژیانی ئابوورییش بكاته ره‌گه‌زی لاوه‌كی، هه‌روه‌ها پاراستنی ده‌وڵه‌ت له‌وه‌ی ببێته ته‌نیا ئامرازێكی ئابووری یان رواڵه‌تێك له رواڵه‌ته‌كانی ژیانی ئابووری. هه‌میشه ده‌وڵه‌ت ژیانی ئابووری له چوارچێوه‌ی خۆی ده‌گرێت، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش له لای هیگل عه‌قڵانییه‌ته. هه‌رچی ماركسه ئه‌وه حوكمی به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا داوه له سه‌رده‌می خۆیدا كه ناعه‌قڵانییه، چونكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووه‌ته ته‌نیا هۆكارێك بۆ به‌دی هێنانی سوودی تایبه‌تی ئابووری و، ئامرازێكیش به ده‌ستی بورژوا، كه بۆ خزمه‌ت كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شه‌كیی خۆی به‌كاری ده‌هێنێت. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ماركس تێیدا ژیا وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی هیگل بوو، چونكه ژیانی ئابووری بووه بنه‌ما یان ژێرخان، ژیانی سیاسییش بووه ته‌نیا رواڵه‌تێكی ده‌ره‌كی یان سه‌رخانێك. ده‌وڵه‌ت له لای هیگل ده‌بێته عه‌قڵانی، كاتێك ژیانی سیاسی ده‌بێته گوزارشتێك له به‌هاگه‌لی نائابووری، واته گوزارشت كردن له رۆحی گه‌ل و به‌هاكانی و ژیانی ره‌وشتیانه‌ی. هه‌رچی ده‌وڵه‌ته له لای ماركس، ئه‌وه ناعه‌قڵانییه چونكه ژیانی سیاسی و له‌گه‌ڵیدا به‌هاگه‌لی مرۆیی، بوونه گوزارشتێك له به‌هاگه‌لی ئابووری.
ماركس پێی وا بوو چاره‌سه‌ر بریتییه له زاڵ بوونی پرۆلیتاریا به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا. به‌ڵام پرۆلیتاریا دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت كۆنترۆڵ ده‌كات، چیی لێ ده‌كات؟ ده‌ست به تێك شكاندنی ده‌وڵه‌تی به‌رقه‌راری بورژوا ده‌كات و، چینه‌كان و موڵكایه‌تیی تایبه‌ت ره‌ت ده‌كاته‌وه، واته كۆتایی به زاڵ بوونی ئابووری به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا ده‌هێنێت، ده‌وڵه‌تی هیگلی به‌دی ده‌هێنێت. ئه‌وه‌یه گوته به ناوبانگه‌كه‌ی ماركس كه ده‌ڵێ: فه‌لسه‌فه هه‌ر ته‌نیا به راڤه كردنی جیهان به‌سی لێ كرد، گرنگ ئێستا ئه‌وه‌یه بیگۆرِین. له راستیدا ماركسیزم ده‌یه‌وێ جیهان به گوێره‌ی راڤه‌ی هیگلی بگۆرِێت. دیكتاتۆریه‌تی هیگلی به‌دی هێنانی ده‌وڵه‌تی هیگله. به‌ڵام مێژوو سه‌لماندی كه پرۆلیتاریا نه‌بوو پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیزمی به‌دی هێنا، ئه‌وه‌ی به‌دیی هێنا هه‌ر ته‌نیا كۆمه‌ڵێك سیاسه‌تمه‌داری شۆرِشگێرِ و به هیوا بوون، كه (دواتر) گۆرِان به ده‌سته‌یه‌كی بیروكرات، ئه‌وانیش بهلشهفیانی رووس بوون، پارتێكیان دامه‌زراند كه هه‌ر ته‌نیا ده‌زگایه‌كی بیروكرات بوو بۆ ههڵسوورِاندنی ده‌وڵه‌تی تازه. واته ئه‌وه‌ی سۆشیالیزمی به‌دی هێنا بیروكراتیهتێكی تایبه‌ت بوو نه‌ك پرۆلیتاریا. جارێكی دی هیگل له سه‌ر هه‌قه، كارمه‌ندانی سڤیل له لای ئه‌و چینی گشتین، كه نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن و ویستی باڵای ئه‌ویش به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ر ئه‌وانیشن كه هه‌موو پرۆژه‌كانی سۆشیالیزمیان به‌دی هێنا، (ئه‌و پرۆژانه‌ی) له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا په‌یدا بوون.
فه‌لسه‌فه‌ی هیگل سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر رۆشنایی مێژوودا
له‌به‌ر چی هیگل ئه‌و هه‌موو ره‌خنه بێ پێشینه‌یه‌ی له تیۆرییه‌كانی هه‌قی سروشتی و گرێبه‌ستی جڤاكی و لیبرالیزم گرت، ئه‌ویش له ئهوپهرِی سه‌رده‌می لیبرالیزمدا؟ هۆی چییه كه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا ده‌وڵه‌ت بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه؟ ئه‌دی بۆچی ده‌وڵه‌تی به چاره‌سه‌ركار و تێپهرِێنهری دژبهرییهكان و نه‌رێنییه‌كانی كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی دانا؟ ئه‌دی هۆی ئه‌و جیاوازییه تونده‌ی له كولتووری تیۆریی سیاسیی لیبرالیزمدا هه‌یه، به هه‌ردوو وێنه‌ی ئینگلیزی و فهرهنسییهوهی چییه؟ له راستیدا گه‌لێك هه‌لومه‌رجی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن كه له پشت ئه‌وه‌وه‌ن. ده‌توانین بڵێین كه ئه‌و هه‌لومه‌رجه به تێكرِا، ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت ره‌وشی پاشكه‌وتنی مێژووییانه‌ی ئه‌ڵمانیا پێك ده‌هێنن.
ئه‌ڵمانیا به‌و قۆناغانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا تێپهرِ نه‌بوو كه ئینگلته‌را و فه‌ره‌نسا پێی ئاشنا بوون، ده‌ره‌به‌گ تا سه‌ده‌ی نۆزده هه‌ر باو بوو، ئهرستوكراتیهتیش تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ر باو بوو. ئه‌ڵمانیا شۆرِشی سیاسیی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئینگلته‌را له ساڵی 1648دا و فه‌ره‌نسا له ساڵی 1789دا دیتیان، نه‌ناسیوه. هه‌روه‌ها به په‌رته‌وازه‌یی به ژماره‌یه‌كی زۆر له میرنشین و ده‌وڵه‌تۆكه و شاری سه‌ربه‌خۆ مایه‌وه، یه‌كێتیی سیاسییشی به خۆوه نه‌بینی تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م. هه‌روه‌ها بورژوای ئه‌ڵمانیش لاواز و په‌رته‌وازه بوو، كه مه‌یلی به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پاشایی و ئهرستوكراتیهتدا دابه‌ش ده‌بوو، پیشه‌سازییش دواكه‌وتوو بوو، ئه‌ڵمانیا تا ناوهرِاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، شۆرِشی پیشه‌سازیی به‌خۆه نه‌بینی. له نێو ئه‌و هه‌لومه‌رجه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه تایبه‌ته‌دا هیگل نه‌یده‌توانی، بۆ دامه‌زراندنی تیۆرییه‌كی سیاسی، پشت به بیری سیاسیی لیبرالیزم ببه‌ستێت. ئه‌و لیبرالیزمه‌ی به ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی بورژواوه به‌نده، بۆ ره‌وشی ئه‌ڵمانیا نه‌ده‌گونجا. له راستیدا پشت به‌ستن به لیبرالیزم به بێ ده‌سته‌به‌ر بوونی بنه‌ماگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆی، وا ده‌رده‌كه‌وت كه هۆشیارییه‌كی چه‌واشه‌یه. وه‌ك ده‌زانین ماركس و ئه‌نگلس ره‌خنه‌یان له ژماره‌یه‌ك له لیبرالیزمانی ئه‌ڵمان گرت، هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆ، برِیاریشیان دا كه بیر و بۆچوونیان ئایدیۆلۆژییه، ئه‌وه‌شه كه ئایدیۆلۆژیای ئه‌ڵمانی ره‌خنه‌ی گاڵتهجارِانهی لێ گرت. هه‌رچی هیگله ئه‌وه نه‌بوو بكه‌وێته ئه‌م جۆره هه‌ڵه‌یه‌وه، هه‌ر بۆیه پشتی به هیچ بیرۆكه‌یه‌كی لیبرالی نه‌به‌ست له دامه‌زراندنی فه‌لسه‌فه سیاسییه‌كه‌یدا.
هه‌روه‌ها هیگل له‌وه نه‌بوو بكه‌وێته هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی، له تیۆریی سیاسیی خۆیدا رۆڵێكی گه‌وره به بورژوا بدات، ئه‌و به ماوه‌یه‌كی درێژ به‌ر له ماركس له ئاست نهرێنییهكانیدا هۆشیار بوو. هه‌ر بۆیه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تێدهپهرِێنێ و نه‌رێنییه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كات، پشت به هۆشیارییه‌كی قوولی سیاسی سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئه‌ڵمانیا له لایه‌ك و، به ئه‌زموونی بورژوای ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌به‌ستێت. لێره‌وه ره‌خنه‌ی توندی له كۆمه‌ڵگای بورژوای مه‌ده‌نی گرت له لایه‌ك، هه‌روه‌ها له لایه‌كی دیكه‌وه ره‌خنه‌ی له شۆرِشێكی بورژواش، كه شۆرِشی فه‌ره‌نسایه گرت. ئه‌و ده‌یه‌وێ بڵێ لیبرالیزمێكی ئینگلیزی بۆ ئه‌ڵمانیا ناگونجێت، به هه‌مان شێوه لیبرالیزمی فه‌ره‌نسی. لێره‌وه به فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، چاره‌سه‌رێكی جیاواز داده‌نێت، له هه‌مان كاتدا لێی ده‌وێت كه جێی فه‌لسه‌فه‌گه‌لی سیاسیی ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی بگرێته‌وه، كه پشت به ئه‌زموونی مێژوویی بورژوا ده‌به‌ستن.
ماركس و ئه‌نگلس له مانه‌فێستی كۆمۆنیزمدا پێیان وایه كه كاتێك بورژوای هاوچه‌رخ له كۆمه‌ڵگایه‌كدا نامێنێت، یان رێی كاری چاوهرِوان كراوی خۆی لێ ده‌گیرێت، ئیدی كار ده‌بێته ئه‌ركی ئه‌و چینه‌ی جێی ئه‌و ده‌گرێته‌وه. مه‌قسه‌د ئه‌وه‌یه كه بورژوا هه‌ر خۆی په‌ره به شێوازه‌كانی به‌رهه‌م ده‌دات، پیشه‌سازی و بازارِیش داده‌مه‌زرێنێت و كار بۆ به‌دی هێنانی هه‌ندێك ئازادیی تاك و مافی سیاسی ده‌كات. ماركس و ئه‌نگلس ده‌یانه‌وێ پرۆلیتاریا، بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و شتانه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی بورژوای به‌هێزیان نه‌ناسیوه، جێی بورژوا بگرێته‌وه. له هه‌قیقه‌تدا ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می هیگلدا، وه‌ك چۆن له سه‌رده‌می ماركس و ئهنگلسیشدا وا بوو، بورژوای به‌هێزی نه‌ناسی بوو. هه‌ڵبه‌ت هیگل ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه ده‌بوو بكرێن، به پرۆلیتاریا یان هه‌ر چینێكی دیكه‌ی ناسپێرێت، به‌ڵكوو ده‌یانكاته ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت.
له هه‌قیقه‌تدا ده‌وڵه‌ت سه‌لماندی كه ئه‌و كاركه‌ری سه‌ره‌كییه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه بورژوایهكی به‌هێزیان نییه، وه‌ك خودی كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا و كۆمه‌ڵگاكانی تازه به‌خۆ كه‌وتوو له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا. ئایا ئه‌و رۆڵه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا بینیی، به‌ڵگه‌یه‌ك نییه بۆ دروستیی پێشبینییه‌كه‌ی هیگل له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت و رۆڵی تازه‌ی ئه‌وه‌وه؟ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه به‌ره‌و نوێخوازی و پیشه‌سازی و ده‌رچوون له پاشكه‌وتوویی پێشوویان، ئه‌ركێك بوون له ده‌ره‌وه‌ی توانا و ده‌سه‌ڵاتی بورژوا و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی ئه‌واندا، هه‌ر بۆیه ده‌وڵه‌ت ئه‌و ئه‌ركانه‌ی به‌جێ گه‌یاند.
لایه‌نێكی دیكه‌ی باڵاده‌ستیی هزری سیاسیی هیگل به سه‌ر هزری ماركسدا له هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به بورژوادا خۆی ده‌نوێنێت. هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیان گه‌لێ ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن، هه‌ر یه‌كه‌شیان ئه‌لته‌رناتیفێكی بۆ داده‌نێت، وه‌ك ده‌وڵه‌ت له حاڵه‌تی هیگل و شۆرِشی سۆشیالیزم له حاڵه‌تی ماركسدا، به‌ڵام هیگل به‌ره‌و ئه‌وه نه‌چوو كه به یه‌كجاری واز له بورژوا بهێنێت، چاره‌سه‌ر به لای ئه‌وه‌وه خۆی له ده‌وڵه‌تدا ده‌نوێنێ، كه بورژوا و به‌شه‌كییه به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی تێدهپهرِێنێ، كه یه‌كه‌یه‌كی باڵاتر له‌خۆی ده‌گرێت. هه‌رچی ماركسه بۆ ئه‌وه چوو كه ده‌بێ به یه‌كجاری كۆتایی به بورژوا بهێندرێت، هه‌روه‌ها تێكرِای چینه‌كانیش له بازنه‌ی هه‌موو به‌شه‌كییه به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك ده‌ربچن. له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی هیگلدا بورژوا هه‌ر ده‌مێنێ، به‌ڵام له چێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له رۆژاوا رووی دا، ده‌وڵه‌ت له‌وێدا توانیی سه‌رمایه‌داری و چینی كرێكاران له سایه‌ی سیسته‌می ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی و دیموكراسیی جڤاكیدا، پێكه‌وه بگونجێنێ.
بواری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌ك هیگل بۆی ده‌چێت گۆرِهپانی تاكایه‌تی و بهشهكیایهتییه، ئه‌مانه‌ش شتی نه‌رێنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌رێنییه تێیدا مافی تاك و مافی سیاسییه، تاك له كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا ددان به تاكایه‌تی و تایبهتمهندایهتی و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی له ژیان و موڵكایه‌تی و خۆ پاراستن، سه‌رباری مافی سیاسی كه به ده‌ستی حكوومه‌ته، ده‌نێت. له هه‌قیقه‌تدا بورژوا له ململانێی خۆیدا له‌گه‌ڵ ده‌ره‌به‌گ و ئهرستوكراتیهتدا، بووه مایه‌ی به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه، ئه‌وه به ددان پێدانانی خودی ماركس. هه‌ڵبه‌ت ماركس دركی به مه‌ترسیی قوربانیدان به بورژوا نه‌كرد، له‌ناو بردنی به‌ر له به‌دی هێنانی بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی ئه‌و، واته له‌ناو بردنی خودی ئه‌و بنه‌مایانه و ئه‌گه‌ری به‌دی هاتنیان. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا رووی دا، كه سۆشیالیزمیان پیاده كرد، كه به‌رامبه‌ر به قوربانی دان به مافی لیبرالانهی بورژوا، ئه‌وی پیاده كرد. ماركس سوور بوو له سه‌ر پێویستیی به‌دی هێنانی بنه‌ماكانی لیبرالیزمی بورژوا به‌ر له شۆرِشی سۆشیالیزم، له كتێبه‌كانی دواتریدا چووه سه‌ر ئه‌و برِوایهی، كه شۆرِشی سۆشیالیزم به شێوه‌یه‌كی خۆرِسكانه ئه‌و بنه‌مایانه به‌دی ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه رووی نه‌دا.
له هه‌قیقه‌تدا ده‌وڵه‌ت له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له وڵاتانی رۆژاوادا مۆركی هیگلیان به روونی هه‌ڵگرت بوو. به پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانی ماركس و ئه‌نگلس، چینی كرێكاران له هه‌ردوو جه‌نگی جیهاندا پشتیوانی‌یان له ده‌وڵه‌تانی خۆیان كرد له بری ئه‌وه‌ی شهرِ به ده‌رفه‌ت بزانن بۆ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ یه‌كدا دژ به‌و ده‌وڵه‌تانه. ماركس و ئه‌نگلس پێشبینییان ده‌كرد، كه له حاڵه‌تی به‌رپا بوونی شهرِی به‌ربڵاودا له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، “هاوپه‌یمانیی چینایه‌تیی نه‌ته‌وه تێپهرِ” دێته ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رووی دا به دروستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بوو. هه‌روه‌ها دیدی هیگل بۆ ژیانی سیاسی، سه‌لماندی كه راستتره. هه‌رچه‌نده گه‌لان به ناو سه‌روه‌رییان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئه‌و سه‌روه‌رییه پیاده ناكه‌ن، هه‌ر ئه‌و شێوازه‌ش بوو كه هیگل ره‌خنه‌ی لێ گرت، به‌ڵكوو ئه‌و سه‌روه‌رییه له رێی ناوه‌ندی وه‌ك پارت و سه‌ندیكا و یه‌كێتیی كرێكاران و گرووپه‌كانی فشاره‌وه پیاده ده‌كه‌ن. ئیدی ده‌وڵه‌ت بووه تێكه‌ڵه‌یه‌كی ئاوێته له پارت و گرووپی رێكخراو و فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی و بیروكراسیی سیاسی و سیاسه‌تمه‌داری پیشه‌گه‌ر. سیاسه‌ت كردن بریتییه له سیاسه‌ت كردنی گرووپی رێكخراو نه‌ك تاكی له یه‌ك دابرِاو، به‌شداریی سیاسییش بریتییه له به‌شداریی گرووپ و رێكخستنه‌كانی سیاسی، ئه‌ویش وێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و ژیانی سیاسییه، كه تا راده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ وێنه‌ی هیگلدا رێكه.
په‌راوێز:
1) جورج فيلهلم فريدريك هيجل: أصول فلسفة الحق. ترجمة أ.د إمام عبد الفتاح إمام، مكتبة مدبولي، 1996، ص 504
2) المرجع السابق: ص 497-503
3) Harry Brod: Hegel’s Philosophy of Politics. Idealism, Identity and Modernity. Westview Press, Boulder, 1992. P. 62-63.
4) Ibid: P. 67-68.
5) Ibid: P. 71.
6) Steven Smith: Hegel’s Critique of Liberalism. Rights in Context. The University Of Chicago Press, Chicago, 1989, P.118-125.
7) Ibid: P. 125.
8) Hegel: The Philosophy of History. Translated by J. Sibree, Dover Publications, New York, 1956, P. 366.
9) Axel Honneth: The Struggle for Recognition. The Moral Grammar of Social Conflicts. Polity Press, London, 1995, P. 14.
10) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 498.
11) المرجع السابق: ص 432.
12) Merold Westphal: Hegel’s Radical Idealism: Family and State as Ethical Communities”, in Z. A. Pelczynski (editor): The State and Civil Society. Studies in Hegel’s Political Philosophy. Cambridge University Press, Cambridge, 1984. P.78.
13) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 624-625.
14) Joachim Ritter: Hegel and the French Revolution. The MIT Press, Cambridge, 1982, P. 47.
15) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 499-500.
16) Brod: op. Cit. P. 49.
17) Hegel: The Philosophy of History, P.452.
18) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 431.
19) Hegel: The Philosophy of Right. In (www.marxists.org/reference/archive/hegel/works/pr.htm)
20) Ritter: op. Cit. P. 68-69.
21) Hegel: System of Ethical Life, Cited in: Raymond Plant: Hegel on Identity and Legitimation”, in Pelczynski: The State and Civil Society, op. Cit. P. 229-230.
22) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 222-224.
23) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 241.
24) Plant: op. Cit. P. 233.
25) هيجل: فلسفة الحق، ص 484.
26) المرجع السابق: ص 478.
27) المرجع السابق: ص 482.
28) Honneth: op. Cit. P. 28-30.
29) Shlomo Avineri: Hegel’s Theory of the Modern State. In (www.marxists.org/reference.htm)
30) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 399-400.
31) Garbis Kortian: Subjectivity and Civil Society”, in Pelczynski.op. Cit. P. 217.
32) هيجل: أصول فلسفة الحق، ص 643-644.
33) المرجع السابق: ص 449.
|