Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / باسێک لەسەر ئایینی مانی

باسێک لەسەر ئایینی مانی

Mani
نوسينى ئوسامه
 مانیەت بریتیە لە بزوتنەوەیەکی ئایینی لەسەردەمی شاپوری یەکەم بەدەرکەوت،ئەمە یەکەم لێکترازانە یان بەدەرکەوتنی پەرتەوازەییە لەناو دەوڵەتی ساسانی. ناوی ئایینەکە بۆ دامەزرێنەرەکەی (مانی کوری فاتک) دەگەرێتەوە، مانای ناوەکەی بە (دەگمەن) دێ، مانی لە ساڵی ۲۱٥ز لە بنەماڵەیەکی بە رەگەز فارسی(ئەشکانی) لە دایک بووە،ناوی دایکی مەریەم بووە،سەرەتا دانیشتووی شاری هەمەدان(ئەکباتانا)بووە دواتر بۆ شاری بابل کۆچیان کردووە،باوکی لەسەر بیروباوەری موغتەسیلە بووە (ئەوانە بەردەوام خۆیان دەشوشت بۆیە پێویست بووە لە نزیک رووبار و ئاو بن)، مانی کەسێکی زیرەک و شاعیر و وێنەکێش بووە، خۆی وەک پێغەمبەر ناساند کە سروشی بۆ هاتووە ، کە گوایا ئەو پێغەمبەرە چاوەروانکراوەیە کە پێغەمبەر مەسیح(سەلامی خوای لێبێت) باسی کردیە پیێ دەڵێن (فارقلیط)(النبي المنتظر)، له سەردەمی پاشای ساسانی (شاپوری کوری ئەردەشێر) بیروباوەرەکەی بڵاوکردەوە، بە تایبەتی لە ئاهەنگی تاج لەسەر نان یەکەم وتاری دا لە یەکی نیسانی ساڵی ۲٤۲ز ، لەوێ بیروباوەرە نوێیەکەی راگەیاند و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی. بیروباوەری مانی پێکهاتبوو لە تێکەڵاویەک لە بیروباوەرە دیارەکانی ئەو سەردەمە وەک بیروباوەری زەردەشتی و مەسیحی و بوزی، ئەوەی لە زەردەشتیەتی وەریگرتووە هەبوونی دوو بنەمای سەرەکی چاکە و خراپەیە یاخود هەبوونی دوو هێز (هێزی شەر -ئەهریمەن) و (هێزی خێر-ئاهورا مەزدا) بوو، بەڵام تەنها جیاوازی لەگەڵ زەردەشتیەت ئەوەیە کە لە زەردەشتیەت دا چاکە بەسەر خراپە زاڵ دەبێت بەڵام لە بیروباوەری مانی دا ناتوانرێ چاکە بەسەر خراپە زاڵبێ تا کۆتایی ژیان، بۆیە هەوڵی زوو کۆتا هاتنی ژیانی دونیا دەدەن بە دوور کەوتنەوە لە هەموو خۆشیەکانی، دەبێت بەردەوام لە ئەنجام دانی نوێژ و رۆژی دابن، مانی بەشێوەیەکی ورد هەڵگرانی ئایینەکەی رێکخستبوو وەک(مامۆستاکان-زاناکان-خاوەن ژیرەکان-راستگۆکان) بەوەی دەبێت چەند مەرجێکی سەرەکی سەرەکی جێ بەجێ بکەن، وەک رەفتار و هەڵسوکەوتی چاک ئەویش بە پاراستنی دەم و دەست و دڵ . پاراستنی دەم بە واتای گۆ نەکردنی ووتەی کوفر و پیس .پاراستنی دەست مەبەست دورکەوتنەوە لە هەر کارێک رووناکی تورە بکات . پاراستنی دڵ لێی دورکەوتنەوەیە لە شەهوەت و حەرام . چونکە مانی تێروانینی بۆ ژیان ئەوەیە کە هێزی چاکە و خراپە کۆتایی نایێ بەوەی دەروونی مرۆڤ خراپە زاڵە بەسەری دا جا بۆ سەرکەوتن بەسەر خراپەکان پێویستە واز لە خۆشیەکانی ژیان بهێنرێت لە ژیانێکی رەبانی بژی و ئارەزوو و ویستەکانی ژیان کپ بکەن، وەک ئەوەی ژن و ژنخوازی نەبێت تا مرۆڤ نەیەتە بوون و ژیان زوو کۆتایی بێت. کاریگەری مانی بە بیروباوەری بودنیزم لەوە بەدەردەکەوێت زۆر رەش بینی تێدا بەدی دەکرێ ئەویش داوای دوور کەوتنەوە لە خۆشیەکان دەکات وەک بە هەژاری و نەبوونی ژیان بەسەر بردن لە رێگای ئازاردانی جەستە و کوشتنی ئارەزووەکانی ئادەمیزاد تا بگەنە نێرڤانا، ئەلێرەدا پێویستە ئەوە بوترێ کە بودا لە ژیانی دا بە چەند قۆناغێک تێپەربووە، ئەو ماوەی کە مانی لێی وەرگرتووە قۆناغی گۆتامەیە(رەبانیەت) هەرچەندە بودا لە دوایی لەو بۆچوونەی پەشیمان دەبێتەوە، هەروەها کرداری دۆنادۆن(تناسخ الارواح) واتا کاتێ مرۆڤەکان دەمرن لە وانەیە روحی مردووەکە بچێتە ناو جەستەیەکی تر جا مرۆڤێکی تر بێت یان ئاژەڵ، مانی ئەمەشی هەر لە بیروباوەری بودی وەرگرتووە کە هەمان بنەمای ئاینی هیندیە کۆنەکانە. ئەوەی لەئایینی مەسیحی وەریگرتووە سیانەی پیرۆزە واتا باوک و کور و گیانی پپیرۆز بەڵام ئەو کردبووی بە دایکی ژیان و پیاوی کۆن و گیانی ژیان بەشێکی زۆری توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن بەشی زۆری لە ئینجیل وەرگرتووە هەر ئەمەش وای کردووە کە مەسیحیەکان هەڵوێستیان لە هەمبەر مانی و مانیەت زۆر توند بێت بەڵکو دژایەتیەکی زۆریشیان دەکرد بەوەی مانی بنەماکانی ئاینەکەیان شێواندووە و لە پاش ئەوەی هەندێ لە بۆچونەکانیان وەرگرتووە. مانی هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیروباوەرەکەی دەدا بە دوو شێواز یەکەم/گەشت و گەڕان و سەفەرکردن. دووەم/لە رێگای نووسینی نامە و بڵاوکراوەکان. کاتێ ئەردەشێری کوری بابک دەوڵەتەکەی دامەزراند و ئایینی زەردەشتی کردە ئاینی رەسمی وڵات. مانی بواری پێ نەدرا بیروباوەرەکەی رابگەیەنێت و بڵاوی بکاتەوە، بۆیە ناچار بوو ئێران بەجێ بهێڵێت، روو لە هیندستان بکات لەوێ دەستی کرد بە بانگەواز بۆ بیروباوەرەکەی، بەڵام کاتێ شاپوری یەکەم لە ساڵی ۲٤۲ز بوو بە پاشا لە ئاهەنگی رێورەسمی وەرگرتنی دەسەڵات و تانج لەسەر نانی، مانی ئامادە بوو، یەکەم وتاری خۆی پێشکەش کرد، لێرەدا دەکرێ بڵێین شاپور شارەزایی و زانیاری تەواوی لەبارەی ئایینی مانی هەبووە هەربۆیە هەندێ له سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە شاپور خۆی باوەری به ئایینەکەی مانی هێنابێ لەبەر ئەوەی ڕێگر نەبووە لە بڵاوبوونەوەی بیروباوەرەکەی مانی بێگومان شاپور پێش ئەوەی ببێتە پاشای دەوڵەتی ساسانی پەیوەندی لەگەڵ مانی هەبووە و شارەزای مانیەت بووە چونکە بەهیچ جۆرێ ناکرێ لە دەوڵەتێکی وەکو دەوڵەتی ساسانی کە ئایینی زەردەشتی تێدا باڵادەست بێ رێگا بدرێ بە بڵاوبوونەوەی ئایینێکی تری جیاواز، ئەمەش بەهۆی زوو بڵاوبوونەوەی مانیەت و تا ئەو رادەیەی گەیشتبووە ناو کۆشکی شاهانە وەک هەردوو برای شاپور (مهرشا-فەیرۆز) چووبوونە ناو ئایینەکە، بەتایبەتی فەیرۆزی برای هەر لەسەردەمی ئەردەشێری باوکی چوو بووە سەر بیروباوەری مانی ئەویش رۆڵێکی دیاری هەبووە لە گەیاندنی زانیاری لە بارەی بیروباوەرەکەوە، مانیەت سەرکەوتنێکی چاکی بەدەست هێنا، رێژەیەکی زۆر لە خەڵک بیروباوەرەکەیان قبوڵ کرد ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە رۆڵی مانی و شێوازی بانگەوازەکەی لە لایەکی تر مخاتەبەی چینی هەژارانی دەکرد بەوەی ژیانیان زۆر سەخت بووە بە تایبەتی بەوەی وازهێنان لە ژیان و خۆشیەکانی و روو لە عیبادەت بکەن. توێژەران ئاماژە بەدوو هۆکار دەکەن کەوای لە شاپور کردووە تا ئایینی مانی قبوڵ بکات: ۱-بەهۆی تێکەڵاوبوون و پەیوەندی کۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ نەتەوەکانی تر بە تایبەتی پاش فراوان بوونی سنوری دەوڵەتی ساسانی بڵاوبوونەوەی ئایین و بیرورای جیاواز وەک ئایینی بوزی و مەسیحی لە لایەکی تردا لاوازبوونی زەردەشتیەت بۆیە شاپور ویستی لەرێگای یەک بیروباوەری تێکەڵاو کە هەموو ئایینزاو بیرۆکەی سەردەمی تێدا بێ قبوڵ بکات تاوەکو یەکێتی ئیمپراتۆرەکە بپارێزێ. ۲-شاپور ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستی هێنابوو لە دژی بێزەنتیەکان بە تایبەتی ئەو شەرەی لە دژی ئیمپراتۆریەتی ڤالیران ئەنجامی دا کە سەرکەوتنێکی مەزن بوو شاپور لەو باوەرە دابوو سەرکەوتنەکانی بە پشتیوانی خوداوەندی نور بووە بۆیە لایەنگری ئایینەکەی کردووە. هەندێکی تر باس لەوە دەکەن کە گوایە شاپور خودی خۆی گیانێکی لێبووردەی هەبووە بەرامبەر هەموو ئایینەکانی تر بەوەی رێگای داوە بە مانی تا ئایینەکەی رابگەیەنێ، بەڵام پیاوانی ئایینی زەردەشت زۆر بەتوندی دژایەتی بیروباوەری مانیان کرد، چونکە مانی جەختی زۆر لەسەر ئەنجام دانی پەرستن دەکردەوە بەشێکی زۆری ژیانی رۆژانەی خەڵک پێویست بوو لە جێبەجێ کردنی ئەرکە ئایینیەکان بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی فەرامۆش کردنی ژیانی رۆژانەیان، دیارە ئەمەش لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی وەک ئێران ناگونجێ چونکە مانی داوای لە پەیرەوانی دەکرد واز لە خۆشیەکانی ژیان و کار و پیشە و کشتوکاڵ بێنن، ئەمەش پێچەوانەی بیروباوەری زەردەشتیە لەگەڵ ئارەزووی دەوڵەتی ساسانی کە وەک دەوڵەتێکی سیاسی و سەربازی نە دەگونجا، بۆیە دەڵێن شاپور لەدوای دە ساڵ دژایەتی ئایینی مانی کردووە، بۆیە کەوتنە راونان و گرتنی پەیرەوانی مانی، زۆربەیان هەڵاتن بۆ دەرەوەی ئێران و هەرێمەکانی رۆژهەڵات و باکوور، مانی رای کرد بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەراست لەو ماوەیەدا زۆر شوێن گەرا بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەرەکەی وەک لە هیندستان و چین، لە ئەنجامدا بیروباوەرەکەی لە زۆربەی جیهان بڵاوبوویەوە، تا ساڵی ۲۷۲ز لەو ماوەیە شاپور دەمرێ کورەکەی هورمزدی یەکەم لە ساڵی ۲۷۳ز دەبێتە پاشا تەنیا یەک یاڵ دەسەڵات دار دەبێ لەم ماوەیەدا مانی دەگەرێتەوە ناو دەوڵەتی ساسانی هەڵدەشاخێ بە پیاوانی ئایینی زەردەشتی و بە ئاشکرا دژایەتیان دەکات بۆیە لە ئەنجام دەگیرێ و دواتر بۆ هیندستان دوور دەخرێتەوە.ئەمە گێرانەوەی یەعقوبیە لە کتێبی(تاریخ یعقوبی) بەڵام هەندێ بۆچوونی تر هەیە پێچەوانەی ئەمەیە کە گوایا شاپور تا لە ژیان دا مابوو بەهیچ جۆرێ لە دژی مانی هەڵنەگەرایتەوە تا مانی ناچار بێت رابکات یان دوور بخرێتەوە بۆ هیندستان بۆیە دەڵێن ئەم چیرۆکە دوورە له راستی، ئەوەی کە چووە بۆ هیند ئەمە لە سەردەمی ئەمە لە سەردەمی ئەردەشێری کوری بابک بووە، بەڵام ئەوەی گومانی تێدانیە مانی ئەوەیە مانی لەسەردەمی هورمزدی یەکەم دەست بەسەر بووە نەک لە سەردەمی شاپور ، هەروەها بەهرامی برای هورمزدی یەکەم مانی دایە ژێر دەستی پیاوانی ئایینی، یەعقوبی دەڵێ بریاری بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا دوایی ئەوەی کە مونازەرەکە کۆتای هات تاوانبار کراو خستیانە بەندیخانە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆڕیان دا، لە کۆتای بەهۆی سەختی سزاکە گیانی لە دەست داوە، ئەوە لەساڵی ۲۷٦ز بوو، بەڵام لە گێرانەوەکانی رۆژهەڵاتی دەڵێن لە دوای مونازەرەکە لە خاچ دەدرێ و پێستی لێ دەکرێتەوە بە زیندوویی دواتر سەری لێ دەکەنەوە و هەڵی دەواسن بە یەکێ لە دەرگاکانی شاری جوندساپور لە ئەحواز لەو ساتەوە ئەو دەروازەیە ناسراوە بە دەروازەی مانی، هەندێ سەرچاوە چیرۆکی موناقەشەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەخەنە روو: پیاوانی ئایینی زەردەشت داوا لەمانی دەکەن، کۆبنەوە بۆ ئەوەی رووبەرو گفتوگۆ بکەن، گەورە پیاوانی زەردەشتی لەگەڵ مانی بەردەوام بوون لە گفتوگۆ تا گەیشتنە باسی زوو کۆتا هاتنی دنیا مانی داوای دەکرد بۆ ئەوەی زوو کۆتایی بە جیهان بێت پێویستە وازبهێنن لەژیانی دونیا و خۆشیەکانی وەک ژن و ژنخوازی رونەدات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ نەهێتە بوون، هەموو شتێک بگەرێتەوە دۆخی جارانی خۆی بەوەی کێشەی نێوان چاکە و خراپە کۆتایی پێ بێ، لەو خاڵە موغێک پێی ووت پێویستە لە تۆوە دەست پێبکەین ئیتر لەمەوە قۆڵبەستیان کرد و خستیانە بەندینخانە دواتر لە خاچ درا و کوشتیان هەندێ سەرچاوە دەڵێن سەریان پەلداو پێستیان لێ کردەوە و لاشەکەیان پرکرد لە کا هەروەکو ئاماژەی پێدرا لە دەروازەی شاری جوندساپور هەڵیان واسی، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا ببێتە پەند و کەس جورئەتی ئەوە نەکات دژایەتی دین و دەوڵەت بکات، بەڵام لەگەڵ ئەمە لەساڵی ٤۸۷ز دەبینین ئەم کردارە واتا دژایەتی دین و دەوڵەت دووبارە دەبێتەوە کە ئەویش لەرێگای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی مەزدەکیەت بوو، لەگەڵ ئەمەش کۆتایی بە شوێنکەوتوانی نەهاتووە بە شێوەیەکی نیمچە نهێنی چاڵاکیەکانیان ئەنجام دەدا، هەر لەدوای مردنی مانی یەکێ لە قوتابیەکانی شوێنی گرتەوە بەناوی (سیس)یان(سیسین) لە شاری بابل، لەم ساتەوە بابل بوو بە بنکەی سەرەکی مانیەت، هەروەها شاری مەدائینیش بەهەمان شێوەی بابل شوێنی سەرەکی ئەم بیروباوەرە بووە، زۆربەی پاشاکانی ساسانی دژایەتی مانیەکانیان کردووە بۆیە زۆربەیان رایانکرد بۆ هەرێمەکانی رۆژهەڵات و باکوور، بۆ نمونە لە هەرێمی(صغد)، چەندەها پەیرەکاری مانی لێ بوو، بەڵام بە تێپەربوونی کات پەیوەندی نێوان ئەوانەی لە رۆژهەڵات بوون و ئەوانەی لە رۆژئاوا بوون پچرا، لەدوای بەهرامی یەکەم بەهرامی دووەمی کوری بووە پاشای دەوڵەتی ساسانی لەنێوان ۲۷٦-۲۹۳ز. لەدوای شاپوری یەکەم تا شاپوری دووەم بە سەردەمی لاوازی یەکەمی ساسانی دادەنرێت کە حەفت پاشا دەسەڵاتدار بوونە لە نێوان ۲۷۲-۳٦۰ز. سەرچاوە:مێژووی کۆنی رۆژهەڵاتی نزیک نوسینی کەلسومە جەمیل عبدالواحد

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …