Home / ناوداران / ئەفسەری لێهاتوو و نووسەری پیشكەوتنخوازی كورد جەمال عیرفان 1881-1923

ئەفسەری لێهاتوو و نووسەری پیشكەوتنخوازی كورد جەمال عیرفان 1881-1923

19668042_1479223815493060_1385158040_n

جمال

ئەفسەری كوردی پیشكەوتنخوازودلێر، جەمال كوڕی عیرفانی كوری مەلا عەبدوڵڵای عیرفان كوڕی مەلارەسووڵی كاژاوی، لەسالی 1881دا لەگەڕەكی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی لەخێزانیكی ناسراودا چاوی ژیانی هەڵێناوە، لەسەرەتادا لای باوكی ئینجا لەلای خواجە ئەفەندی خویندوویەتی و لەدوواییدا چووەتە قوتابخانەی رۆشدییەی موڵكی و ، دوایی چووەتە روشدییەی عەسكەری وپاشان بۆ دریژەدان بەخوێندنەكەی چووەتە بەغداولەوێشەوە بەرەو ئەستەمبووڵا چووە لە قوتابخانەی عەسكەری خوێندوویەتی و بووەتە ئەفسەرو لەفەیلەقی شەشەمدا دامەزراوە . كەئینگلیز عێڕاقی گرتووە و گەیشتۆتە سلێمانی، جەمال عیرفان سوپایەكی لەخەڵكی ناوچەكە پێكهیناوەو ڕەزا بەگ كراوە بەفەرماندەی سوارەو جەمال عیرفان بووە بەفەرماندەی پیادەوپاشان كراوە بەبەرێوەبەری ناحیەی بنگرد. لە 1920دا گەڕاوەتەوە سلێمانی و كراوە بەئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبەری سلێمانی و لەودەمەدا رۆژنامەی (پێشكەوتن) لەسلێمانی دەردەچوو زنجیرەیەك وتاری ئابووری و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی تێدا نووسی. بیروباوەڕی سۆسیالیستی وەرگرتبوو، بابەتەكانی بەبیروباوەڕی پیشكەوتنخوازانە ئاودرابوون و یەكەم كەس بووە كە رۆمانسییەتی هیناوەتە ناو پەخشانی كوردی و بەبیری فەلسەفی بۆچوونی پیشكەوتنخوازانەی ئاوی داون ، جەنابی جەمال عیرفان لەسی ژمارەی رۆژنامەی (پێشكەوتن) دا چەپكێكی گەورەو گرانی لەقسەی نەستەق بەناوی (حەقایق) بلاوكردۆتەوەو لەكۆتاییش دا ئیمزای (ج.ع) ی داناوە، لەسەری ئەم دوو پیتەش بەنووسینێكی رەش و بەرێنووسێكی كۆن نووسراوە (جەمال عیرفان) و نە لەسەرەتا و نەلەكۆتایی دا نەنووسراوە ئەم وتە بەنرخانە خۆی دایڕشتوون یاخود وەرگێڕانن لەزمانانی تر .
ئێمە چەپكێكیان لێ هەڵدەبژێرین و دەیانخەینە ڕوو و وەكو خۆیان پێشكەشیان دەكەین ، تەنیا دەیانهێنینە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆی زمانی كوردی :
نووسەری رووناكبیر لەژمارە (95) ی (پێشكەوتن) ی ریكەوتی 16/2/1922دا ئەم قسە نەستەقانەی بەناوی حەقایق نووسیوە:
* ئەقڵی دوێنێ كە ڕووی هەڵێناوە، هی سبحەینێ‌ فەتیر، بۆ ئینسانی ئەمڕۆ فیكری ئەمڕۆ لازمە .
شەر بەدەست دەكرێ ، فەقەت جیدالی حەیات بەسەر: مەبەست لە (جیداڵی حەیات) = (خەباتی ژیانە).
* پیاوی ئاقڵ لەمەقامی بەرزدا گەورە دیارە ، فەقەت لەپێستی خۆی دا گەورەتر دیارە .
* كتێب و ژن بە بەرگیان دیاری نادەن ، هەتا موندەرەجاتیان تێ‌ نەگەی مەبەست لەموندەرەجات (ناوەرۆكە) .
* عیشق میوانێكی بی مەعنایە ، بێ‌ پرس دێت و بێ سەبەبیش دەڕوا .
*هەندیك كەس ڕیاو حەیا فەرق ناكەن ، وادەزانن بێ ڕیایی بێ حەیاییە !!
* ســــەروەت ودەوڵەت، قەرزاری ودرۆ بێ‌ ئینسافییە ،دەوڵەمەندێك سەبەبی فەقیریی هەزار كەسە . ((ئەمە فەلسەفەی تەواوی جەمال عیرفان بووەو، چەوســــاندنەوەی ئینسان لەلایەن ئینسانەوە لیرەدا سەرهەلدەدات)) .
*هەتا عەردی درۆ هەڵنەكەنی نەمامی ڕاستی مەنێژە ؛ چونكە بەرنادا و ناشڕوێ !!
*چاو بۆ بەعزێ سەر پەنجەرەیە ، بۆ بەعزێ سەر ئاوێنەیە ، بۆ بەعزێكیش دوور بینە !!
نووسەر لە ژمارە (96) ی ریكەوتی 23ی شوباتی 1922دا پاشماوەی حەقایقەكەی بڵاوكردۆتەوە و دەڵێَ :
*ئەگەر بەرزو قایم قسە بكەی زەرەری نییە ، بەشەرتێ فیكری قسەكەت بەقەد بەرزییەكەی قووڵ بێت !
* هەموو كەس دەیەوێ لەدنیادا هەڵگیرسێت ، فەقەت دەبێ لەتەهلوكەی گڕگرتن بترسێ .
*خۆت هەر زمانت حیفز بكە ،حیفزی ئەعزاكانی ترت عاید بەخوایە .
*بەهیچ وەعدەیەك بڕوا نەكردن چاكترە لەوەی بەهەموو وەعدێك بڕوا بكەی .
* لەهەموو بارانێك بەنەفعتر بارانی ناوچەوانە .
* ڕژانی خەفەت بەسەر عیشقدا وەكو ڕژانی خەڵووزە بەسەر ئاگردا ، هەمووشی دەبێ بەخۆڵەمێش!!.

كوشتنی جەمال عرفان
بەڵام لە ژمارە (5) ی سالی (1) ی رۆژنامەی (رۆژی كوردستانی) رێكەوتی چوارشەمەی 20 _ ی كانوونی یەكەمی 1338 ی ڕۆمی بەرامبەر بە 2 ی كانوونی دووەمی 1923ی زاینی دا ئەم هەواڵە لەبارەی كوشتنی جەمال عیرفانەوە نووسراوەودەڵێ‌:
(زیاعێكی گەورە : لەئەزكیا ومونەوەرانی وەتەن عیرفان زادە جەمال بەگ ، شەوی چوارشەمەی رابوردوو 12 لەسەر 13ی كانوونی یەكەمی سالی 1338ی ڕۆمی لەتەرەف ئەشخاسی مەجهوولەوە دەست رێژی لێ‌ كراودوو گوللە ئیسابەتی كرد، پاش سێ‌ سەعات وەفاتی كرد) حەقیقەتەن زیاعی ئەم زاتە بۆ كوردستان موجیبی تەئەسور بوو، بەناوی ئەشراف و عوموومی ئەهالی مەملەكەتەوە لەعائیلەی موحتەرەمەیان بەیانی تەعزیەت و تەمەننای تەسلیەت دەكەین .

رۆژی كوردستان
بەمجۆرە لاوێكی تێگەیشتوو و رۆشنبیرێكی پێشكەوتنخوازی كورد بەدەستی كەسێكی كۆنەپەرستی نەناسراوەوە شەهیدكراوە ، شەهید كردنەكەیشی لەسەر هەڵوێستی باش و پێشكەوتنخوازانەی بوو.

* * * * * *

سەرچاوە :
* ژمارەی 95 ی رۆژی 16/2/1922 ی پێشكەوتن و ژمارەی (96) ی رۆژی 23/شوباتی/1922.
* رۆژنامەی رۆژی كوردستان – ژمارە (5) ی سالی (1) ی رۆژی 20//1338ی ڕۆمی.
* سۆران تۆفیق – كتێبی شاری سلیمانی– یان فەرهەنگی سلێمانی – رۆژنامەی ئاسۆ ژمارە (11) ی رۆژی 7/ 10/1989.

About دیدار عثمان

Check Also

‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو

‎ ‎كورتەیەك لە ژیانی بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و زانیاری كەمبیستراو‎ئامادەكردنی/ئوسامە حەسیب ‎شێخ سەعیدی پیران …