دانیال میتەران، ژنە جوامێرەکەی مرۆڤایەتی
عەدنان موفتی
مرۆڤی بەهرەمەندو هۆشیارو بە ئاگا، ئەوانەی خزمەت بە مرۆڤایەتی و بەهاکانی مرۆڤ دەکەن، ئەو مرۆڤانە نەمرن و هەرگیز نامرن.. ئەوان بۆ مرۆڤایەتی و خۆشەویستی ژیان لە دایکبوون و خەباتیشیان لە پێناوی میللەتە چەوساوەکان و کایەکانی دیموکراتی و مرۆڤایەتیە..
هەواڵی لەناکاوی کۆچی دوایی خانمی یەکەمی فەرەنسا (1981-1995) سەرۆکی رێکخراوی فەرەنسا- ئازادی( فرانس لێبرتێ) دانیال میتەران هەموومانی هەژاند و غەمِباری کردین.
میتران کەسایەتییەکی ناسراوی جیهان و خەمخۆرێکی گەلانی هەژار و چەوساوە بوو. ئاشنایەتیم بۆ ئەو خانمە گەورەیە دەگەڕێتەوە بۆ تەموزی ساڵی 1989 لە پاریس، کە دکتۆر گران جۆن پەیامی خاتوو میترانی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید (عەبدولڕەحمان قاسملۆ) لە گۆرستانی (پێرلاشێز) دا خوێندەوە ، دواتریش لە میانەی بەشداریکردنم لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بۆ پشتگیریی خەباتی گەلی کورد و مافە رەواکانی کە لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، بە سەرپەرشتی خودی دانیال میتەران و پشتگیریی دەوڵەتی فەرنسا ئەنجام درابوو. ئەم کۆنفرانسە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتیی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ویەکێتی سوڤیەتی پێشوو ، سەرەرای چەند وڵاتێکی عەرەبیش، ئەمە وێرای نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە تێیدا چالاکانە ئامادەبوون . ئەم کۆنفرانسە دەکرێت وەکو وەچەرخانێکی مێژوویی لە بواری دیپلۆماسی کوردیدا هەژمار بکرێت. ئەم کۆنفرانسە رێگەخۆشکەر بوو بۆ کۆنفراسێکی کارای دیکە لە “واشنتۆن” کە خودی خاتوو میتران لە ئازاری ساڵی 1991 دا سەرپەرشتی کرد. لە نزیکەوە سەرنجی ئەوەم دەدا کە خاتوو میتران راستەوخۆ داوای پشتگیریکردنی گەلی کوردی لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە دەکر وهانی دەدان کە فشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان بۆ هاوکاریکردنی کوردان ودەستهەڵگرتن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کوشندە بەرامبەر بە میللەتی کورد، بەردەوامیش ئاماژەی بە تاوانی کوشتنی خەڵکی بێ گوناهی هەڵبجەو ناوچەکانی تری کوردستان دەکرد، کە بە چەکی کیمیاویی کوژراون یان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لەناوبراون.
باسکردنی هاوسۆزیی وپشتگیریی مەدام میتران بە بێ ئاماژەکردن بە ئازایەتی وبوێری ئەو کەسایەتییە، رەوتی مرۆڤدۆستانەی لە هاریکاری راستەوخۆی لێقەوماو ستەمدیدەکاندا بەرجەستە ناکات. هەر ئەوبوو بێ گوێدان بە رای حکومەتی فەرەنسای ئەو دەم سەردانی کەمپەکانی کوردە ئاوارەکانی ناوچەی بادینان لە تورکیا کرد ، ئەوانەی کە بە هۆی ئەنفالی ناوچەکەنیانەوە ئاوارەبوو بوون، هەر ئەنجامی ئەو سەردانەش بوو کە حکومەتی فەرەنسا چەند سەد کوردێکی ئەو کەمپەی وەک پەناهەندە وەربگرێت وبیانگوێزیتەوە بۆ فەرنسا.
سەردانەکانی مەدام میتەران بۆ کوردستان بەردەوام بوو. چ لە کاتی کۆڕەوە میلیۆنییەکەی پاش راپەڕین، چ بەشداریکردنی لەیەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی 19/5/1992. ناکرێت ئەوەش لە بیربکەین کە چۆن ئازایانە رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردنی لە هەڵەبجە بووەوە، کە لە ئەنجامی ئەو هەوڵەدا لە رۆژی 6/7/1992 (3) پێشمەرگە شەهید بوون بە ناوەکانی (باپیر عوسمان و عەبدوڵڵا سلێمان ، کاکە سامی). دوای ئەوش بە(10) ساڵ لەسەر داوای خۆی چاوی بە بنەماڵەی شەهیدەکان و بریندارەکان لە شاری کۆیە کەوت، لەو دیدارەدا میتران بۆ ئەو (3) بنەماڵەی بێ باوک بووە گوزارشتی لە خەمێکی بێ ئەندازە دەکرد ، پەژارە و خەمی قووڵی خۆی نیشان دا و سوپاسی گەلی کوردی کرد بۆ میوانداری وپێشوازی گەرمییان.خوشحالیش بوو بەوەی کە شەقامی دووسایدی رێگای کۆیە- هەیبەت سولتان، بەناوی دانیال میتران نراوە.
دانیال میتەران و هاوسەرەکەی (فرانسۆ میتەران) رۆڵێکی گەورەیان بینی لە هاندانی حکومەتی فەرنسا و بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، دواتریش دروستکردنی زوونی پارێزراوی ئاسمانی کەبووە هۆی ئەوەی هەزار ان کەس پاش ئاوارەبوون بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەروەها ئازادکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژیم لە هەولێر وسلێمانی و دهۆک وهەنگاونان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کورستان.
لە ئابی 1994 کاتێک شەڕی ناوخۆش روویدا، خاتوو دانیال میتران وەکو هەموو دۆستانی گەلەکەمان زۆر نیگەران بوو. بەردەوام لەپێوەندیدا بوو لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد، بۆ راگرتنی شەڕ و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە ئەوەی دووپات دەکردەوە کە دەبیت هەرچی زووترە کۆتایی بە شەری ناوخۆ بهێنن. ئێمە پێویستە ئەو کۆبونەوە هاوبەشەی نێوان (ی.ن.ک و پ.د.ک) کە بە پشتگیری مەدام میتران و دۆستانی میللەتی کورد لە فەرەنسادا رێکخرا بەرز بنرخێنین ولە یادی نەکەین، ئەگەر هاتبا ئەو کۆبوونەوەیە بە ئەنجام گەیشتبا بارودۆخەکە دەچووە قۆناغێکی دیکەوە.. هەروەک هەوڵەکانی دیکەش کە بەداخەوە سەریان نەگرت، وەک (ئەو نامەیەی سەرۆک کۆماری فەڕنسا لەسەر داوای مەدام دانیال میتران ئاراستەی بەرێزان تاڵەبانی و بارزانی کرابوو. من و دکتۆر مەحموود و بەختیار ئەمین و کاترن پۆرتەر راسپێردراین کە بیگەێینینە ئەوان.
لە کۆتایی ساڵی 1995دا لە پاریس سەردانی مەدام میترانم کرد، داوام لێکرد سەردانی کوردستان بکات، زۆر راستگۆیانە گوتی: لێتان تووڕەم.. تاکو ئاشت نەبنەوە، نایەمەوە بۆ کوردستان:.. ئێوە بەم ناکۆکییە نێوخۆییەتان منتان بێ هێز و توانا کردوە، ئەو قسەیەش بگەیەنە سەرکردایەتی سیاسیی کورد. هەرواشی کرد تا دڵنیانەبوو لە ئاشتی و بڕیاری کۆبونەوەی پەرلەمان لە 2002 نەهاتەوە بۆ کوردستان.
پاش رووخانی رژێمی بەغداد ساڵی 2005سەردانی کوردستانی کرەدەو بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد. هەروەها باش هەڵبژاردنی 2009 جارێکی تر هاتەوەو لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا گووتارێکی پڕ لە هاوسۆزی وپشتگیری پێشکەش کرد، بە دروشمی بژی کوردستان کۆتایی پێ هێنا.
هەر لەمسەردانەیدا لە قونسولخانەی فەرەنسا لە هەولێر سەردانی خاتوو میترانم کرد، لەوێ پێی گووتم: ئەمڕۆ بۆ ئیوە خەونێک بوو هاتەدی، کورد ئێستا حکومەتی هەیە، منیش لە لای نوێنەری وڵاتەکەمم لە هەولێری پایتەختی کوردستاندا، میللەتی کورد قوربانی زۆری داوە، دەبێت ئاگاداری ئەم ئەزموونە بن و دەستەکەوتەکانتان بپارێزن، ئەمەش بە چەسپاندنی دامودەزگەی حوکمڕانی وپەرەپێدانی دیموکراسییەت دەبێت.
دوا یادەوەریم کە لێرەدا دەمەوێت باسى بکەم، قسەیەکی مەدام میترانە، کە لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی 1992، ئەو دەم من نوێنەری حیزبی سۆسیالیست بووم لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، ئەو حیزبەیش هیچ کورسیەکی لە پەرلمان بەدەست نەهێنابوو ، ئەوگوێبیستی گلەییەکانی ئێمەوچەندلایەنێکی تر بوو بوو دەربارەی کەم وکوڕییەکانی بەرێوچوونی پرۆسەی هەلبژاردنەکە . مەدام میتران پێی ووتم: دڵگران مەبن، ئێوە هەمووتان سەرکەوتوون، بە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن سەرکەوتنتان بە دەستهێنا، دڵتان بەوە خۆش بێت، کە دۆستانی کورد لەسەرتاسەری دونیادا خۆشحاڵە بەو هەڵبژاردنە. ئەمەش هێزێکی لە بن نەهاتووە بۆ ئایندە. ئەو ئامۆژگارییەی مەدام میتران تا کو ئەمرۆیش زیندووە.
لەم رۆژەدا کە ماڵئاوایی لە خاتوو میتران دەکەین با هەموومان بە ریزەوەیادى بکەین و پابەندی ئەوئامۆژگاریانەی بین.