نوسینی: دکتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی
وه‌رگێڕانی: سوداد ره‌حمان
هه‌موو دینه گه‌وره‌کانی جیهان به تایبه‌ت دینی ئیسلام بۆ کامڵ بوونی مرۆڤایه‌تی و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی ئینسان له لایه‌نی فه‌رهه‌نگی و مه‌عنه‌وی و دوورخستنه‌وه‌ی ئینسان له وه‌حشیگه‌ری و نزیک کردنه‌وه‌ی ئینسان و مرۆڤایه‌تی بۆ ئه‌وپه‌ڕی لوتکه‌ی شارستانیه‌ت و فه‌رهه‌نگ و مه‌عنه‌ویه‌ت هاتۆته کایه‌وه و سه‌ریهه‌ڵداوه. که ده‌ڵێم (به‌تایبه‌ت ئیسلام) بۆ ئه‌وه‌یه چونکه ئاینه‌کانی دیکه‌ی جیهان، ئاینه گه‌وره و به حه‌قه‌کان، په‌یامه‌که‌یان به زۆری لایه‌نی مه‌عنه‌وی و ئه‌خلاقی و رۆحی هه‌روه‌ها کامڵ بوونی مرۆڤایه‌تی له لایه‌نی مه‌عنه‌وی و رۆحی گرتۆته‌وه، که‌چی ئیسلام له‌یه‌ک کاتدا ئاینێکی شارستانیه‌ت سازه، کۆمه‌ڵگا سازیشه.
به‌م پێیه که بابه‌تی لێدوانی من (شارستانیه‌ت و نوێکارییه) هه‌روه‌ها لێکۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که فه‌رهه‌نگ چییه؟ وه‌حشیگه‌ری چییه؟ شارستانی کێیه؟ نوێگه‌ر کێیه؟ ده‌بینین تێکڕای ئه‌و مه‌سه‌لانه له ناخی ئیسلامدا هه‌یه، و یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یه که هه‌ر موسڵمانێک ده‌بێ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ناوی ئیسلام ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ی به مێشک‌دا بێت، به تایبه‌ت ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی که سه‌ر به کۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌کانن و په‌یامی راسته‌وخۆی نوێکاری و به شارستانی بوونی خۆیان و کۆمه‌ڵگه‌که‌یان له ئه‌ستۆ دایه.
یه‌کێک له حه‌ساسترین مه‌سه‌له و به‌ڵکو حه‌یاتی ترین مه‌سه‌له‌ی که ئه‌مڕۆ پێویسته بۆ ئێمه بخرێته روو، به‌ڵام به داخه‌وه تاوه‌کو ئێستا نه‌خراوه‌ته روو، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی نوێکارییه، که ئه‌مڕۆ له تێکڕای کۆمه‌ڵگاکانی غه‌یره ئه‌وروپایی هه‌روه‌ها له کۆمه‌ڵگاکانی ئیسلامی روو به رووی ده‌بینه‌وه، هه‌روه‌ها بابه‌تی ئه‌وه‌ی که که نوێکاری (تجدد Modernization) یا شارستانیه‌ت (تمدن Civilization) چ په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یه، ئایا هه‌روه‌ک له ئێمه‌یان گه‌یاندووه، نوێکاری هاوتا و هاومانای شارستانیه‌ته، یان نه‌خێر نوێکاری بابه‌تێکی جیاوازه و دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دیکه‌یه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به شارستانیه‌ته‌وه نییه؟ به‌ڵام به داخه‌وه به ناوی شارستانیه‌ت، نوێکاریان ده‌رخواردی کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپییه‌کان داوه.
له‌م سه‌د و په‌نجا ساڵه‌ی رابردوو که هه‌موو کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپییه‌کان به کۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌کانیشه‌وه، که‌وتونه‌ته به‌ر ته‌ئسیر و په‌یوه‌ندی کردن له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و شارستانیه‌ته‌که‌ی، ده‌بوایه نوێ ببینه‌وه و رۆژئاواش په‌یامی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی له ئه‌ستۆ گرت، به‌ڵام به ناوی به شارستانی کردن و ئاشنایی کردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه به شارستانیه‌ت، نوێکارییان به‌ئێمه دا (که ده‌ڵێم –ئێمه- مه‌به‌ستم کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئهوروپییهکانه) و وایان لێکدایه‌وه که ئه‌و نوێکارییه هه‌مان مه‌عنای شارستانیه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌ر له زوودا ده‌بوایه رۆشنبیرانی ئێمه حاڵی بووان و بۆ خه‌ڵکی ئێمه‌یان روونکردبوایهوه و تێگهیاندبوایه که نوێکاری مه‌سه‌له‌یه‌که و شارستانیه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌کی دی، هه‌روه‌ها ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که ده‌یانه‌وێ شارستانی بن له ڕێگه‌ی نوێکارییه‌وه ناتوانن پێی بگه‌ن، به‌ڵام ئه‌م راستییه‌یان بۆ ئێمه روون نه‌کرده‌وه. بۆچی رۆشنبیر و خوێنده‌وارانی کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان له‌م سه‌د یان سه‌د و په‌نجا ساڵه‌ی دوایی- که ئه‌وروپا په‌یامی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی له ئه‌ستۆ گرت و ئامانجی نوێکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئینسانێکی غه‌یره ئه‌وروپی بوو- ئاگایان له مه‌سه‌له‌یه‌کی وا نه‌بوو؟ هۆیه‌که‌شی له دوو توێی ئه‌م باسه روون ده‌که‌مه‌وه.
به‌م پێیه ده‌بینین که ئه‌مه سه‌ره‌کیترین مه‌سه‌له‌یه‌که بۆ ئێمه وه‌ک خه‌ڵکێک له‌م سه‌ده‌یه- که له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌کی وا که به چاره‌نووسی ئێمه و کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌قیده و فکر و رۆحی ئێمه سه‌روکاری هه‌یه و راسته‌وخۆ رۆژانه روو به رووی ده‌بینه‌وه- هه‌روه‌ها حه‌ساسترین مه‌سه‌له‌یه‌که بۆ ئێمه وه‌ک موسڵمان- که سه‌ر بهئاینێکین له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی شارستانیه‌ت و نوێکاری، فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی و ژیانی دنیایی ئینسان، به‌رپرسیاریه‌تی و ئامانج و رێنوێنی کردنی هه‌یه- ئه‌مڕۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له گۆڕێیه.
بۆ ئه‌م باسه چه‌ند زاراوه‌یه‌کم هه‌یه که به‌م زاراوانه ده‌دوێم، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نادیار بن ئه‌وا تێکڕای ئه‌م باسه نادیار و ناته‌واو ده‌بێت، هه‌ر بۆیه پێش دهسپێکردنم به ناوه‌ڕۆکی ئه‌م باسه و مه‌به‌ستم بخه‌مه روو، ناچارم زمانی خۆم و ئه‌و مه‌فهومه تایبه‌ته‌ی که بۆ ئه‌و وشه و زاراوانه هه‌یه مه‌عنایان لێک بده‌مه‌وه. من پشت به چه‌ند وشه و زاراوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ده‌به‌ستم که کلیلی ئه‌و باسه‌یه، دوای مانا لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و زاروانه ئه‌وجا دێمه ناو باسه‌که.
یه‌که‌م: ئه‌و زاراوه رۆژانه و باوه‌ی (رۆشنبیر) که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه و تێکڕای کۆمه‌ڵگاکانی دنیا، چ ئه‌وروپایی و غه‌یره ئه‌وروپایی، زۆر به‌بره‌وه، چ مه‌عنایه‌کی هه‌یه؟ به چ که‌سێک ده‌ڵێن(رۆشنبیر)؟ چ که‌سانێکن و چ په‌یامێک و رۆلێکیان له کۆمه‌ڵگه له ئه‌ستۆ دایه؟ یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا رۆشنبیران کێن؟
رۆشنبیران له ئه‌وروپا، توێژێکی تایبه‌ت و ناسراوی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپایین، که چۆنیه‌تی په‌یدا بوون و پێکهاتن و په‌ره‌سه‌ندنیان، هه‌روه‌ها شێوه‌ی کاریان له کۆمه‌ڵگه و ئه‌و نه‌خشه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان ده‌یگێڕن رۆشنه، له وڵاتانی غه‌یره ئه‌وروپایی وه‌ک وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی ئهفهریقاییش ده‌سته‌یه‌ک په‌یدا بوون به ناوی (رۆشنبیر) ( ئه‌وانه‌ش خاوه‌ن توێژێکی رۆشنبیرین)، خه‌ڵک به‌وانه‌ش ده‌ڵێن رۆشنبیر، ئه‌وانه چ جیاوازیه‌کیان له‌گه‌ڵ رۆشنبیرانی ئه‌وروپایی هه‌یه ؟ ئایا جیاوازیه‌کیان هه‌یه یا هه‌ر درێژه‌ی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه رۆشنبیریهی ئه‌وروپان؟
دووه‌م: وشه‌ی (ئه‌سیمیله assimilate) یا (ئه‌سیمیلاسیۆن assimilation)، ئه‌م وشه‌یه بنه‌ڕه‌تی هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌که و چاره‌نووسێکه که ئێمه – ئێمه‌ی غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان و موسڵمانان- ئه‌مڕۆ تووشی هاتووین.
باسێکی دی به ناوی (ئه‌لیناسیۆن alienation) ه، ئه‌لیناسیۆن واته له خۆ بێگانه بوونی ئینسان، واته ئینسان خۆی لێ وون ده‌بێ و شتێکی دیکه یا که‌سێکی دیکه له جێگه‌ی خۆی له خۆی هه‌ست پێده‌کات، ئه‌مه‌ش جۆرێک له نه‌خۆشیه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحی ئینسانه. (ئه‌سیمیلاسیۆن) واته ئینسان له خۆوه یان به ئه‌نقه‌ست خۆی به یه‌کێکی دیکه بچوێنێ. ئینسان کاتێک تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه دێت هه‌رگیز ئاگای له شه‌خسیه‌ت و ره‌سانایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی نییه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئاگاشی لێبێ ئه‌وا رقی لێده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و له هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شه‌خسی و خێزانداری و کۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانی خۆی دوور که‌وێته‌وه، زۆر به توندی و به وهسواسیهکی زۆر و بێ هیچ قه‌ید و شه‌رتێک خۆی به یه‌کێکی دی ده‌چوێنێ، تاوه‌کو له‌و نهنگیهی که له خۆی و هه‌ر شتێکی سه‌ر به خۆیه‌تی هه‌ست پێده‌کات، خۆی به‌ری بکات، هه‌روه‌ها له هه‌ر جۆره شانازی و باشیه‌کی که یه‌کێکی دیکه هه‌ستی پێده‌کات، به‌رخوردار بێت.
ئه‌لیناسیۆن به چه‌ند جۆر و شێوه به ده‌رده‌که‌وێت و به چه‌ندین هۆکار به‌ستراوه‌ته‌وه. یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که ئینسان مه‌سخ ده‌کات، ئاله‌ت و ئامرازی کاره‌که‌یه‌تی، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی به ته‌واوه‌تی رۆشن بۆته‌وه، که هه‌ر که‌سیک به درێژایی ژیانی و به راده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاله‌تێک یان له‌گه‌ڵ شێوه کارێکی یه‌کجۆر زیاتر هه‌یه، که‌م که‌م شه‌خسیه‌تی سه‌ربه‌خۆ و راسته‌قینه‌ی خۆی فه‌رامۆش ده‌کات و له جێگه‌ی خۆی ئه‌و ئاله‌ته‌ی کاره‌که‌ی هه‌ست پێده‌کات. بۆ نمونه که‌سێک که هه‌میشه له‌گه‌ڵ مه‌کینه‌یه‌ک و برغوێک سه‌روکاری هه‌یه، هه‌موو رۆژێک له سه‌عات 7 تا 12، داوی نیوه‌رۆش له سه‌عات 2 یا 3 تا 5 و 6 و 7،… ده‌بێ له‌سه‌ر کار بێت، هه‌موو ئیحساس و ته‌واوی فکر و سۆز و عاتیفه و تایبه‌تمه‌ندییه ئینسانییه‌کانی له کار ده‌که‌وێت، ته‌نها ده‌بێ به‌و که‌سه که ئه‌و برغوه له ده‌ست بگرێت و ئه‌و کاره تایبه‌ته‌ی ماشینییه- که مهئمورێک ئه‌و کاره‌ی پێداوه- ئه‌نجام بدات، بۆ نمونه رهیلێک به پێشیدا ره‌ت ده‌بێت به‌و ده‌ڵێن هه‌ر دوو برغوێک که تێپه‌ڕ ده‌بێت برغوی سێیه‌م یه‌کجێ توند بکه‌وه! ئه‌و ئینسانه که خاوه‌ن سۆزی هه‌مه‌چه‌شن و چاڵاکی جۆر به جۆر و هزر و دیدی جیاواز وسه‌لیقه و رق و ئیحساس و هیوا و ئاواتی جیاوازه، له هه‌ر وه‌ختێکی که هۆشیاره له شه‌و و رۆژ، له زۆربه‌ی کاته‌کان، له چاڵاکیترین حاڵه‌ت که وه‌ختی کاره‌که‌یه‌تی ئه‌و ئینسانه ده‌بێ به مه‌خلوقێک که بریتییه له توندکردنه‌وه‌ی برغوێکی نێوان دوو برغوی دی، ئه‌و له ته‌واوی ئه‌و 10 یا 12 سه‌عاته هیج شتێک نییه و هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و خاسیه‌ته‌کانی له کار که‌وتووه و برتییه له ئینسانێک که کارێکی دوباره و یه‌ک جۆر ئه‌نجام ده‌دات.
یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌رانی فیلم و موفه‌کیره هونه‌رییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان، که له هه‌ر که‌سێک زیاتر خزمه‌تی به ئینسان کردووه، ئینسانێک له فیلم نیشان ده‌دات که به هۆی ئاله‌تی کاره‌که‌یه‌وه له خۆی بێگانه بووه، نمونه‌ی ته‌واوی که‌سێک و ئینسانێکه که بووه به شمه‌ک به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ شمه‌ک، زیاتر شمه‌ک له خۆی هه‌ست پێده‌کات تاوه‌کو خۆی له خۆیدا. له کاتێک ئه‌و که‌سه له پێشدا مرۆیه‌کی ئازاد بووه، هه‌ست و ئیحساسی بووه، په‌یوه‌ندی جیاوازی بووه، ده‌سته‌یه‌ک دۆست و براده‌ری بووه، کۆمه‌ڵێک خزم و ناسیاوی بووه، هه‌ندێک له‌گه‌ڵی دوژمن بوون و ئه‌ویش له دژیان بووه( ته‌واوی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که ئینسانێکی ئاسایی هه‌یه‌تی). له پاشان بۆ کارگه‌یه‌کی زۆر گه‌وره ده‌چێت، که هیج کرێکارێک نازانێت که نه‌خشه‌ی ئه‌و کارگه‌یه له کوێوه تاکوێیه، ته‌نانه‌ت نازانن ئه‌و که‌لوپه‌له‌ی که له‌و کارخانه‌یه ده‌رده‌چێت چییه، به‌ڵکو هه‌ر که‌سێک به درێژایی ژیانی کارێکی تایبه‌ت له گۆشه‌یه‌ک ئه‌نجام ده‌ادت. ئه‌و له‌وێ ده‌که‌وێته سه‌ر کار، و کاره‌که‌ی هه‌ر ئه‌وه ده‌بێت که هه‌ر وه‌ختێک دوو دانه برغو تێپه‌ڕ بوو، ده‌بێ برغوی سێیه‌م که برغوێکی چوار گۆشه یان شه‌ش گۆشه‌یه توند بکات( دوو برغو ره‌ت ده‌بێت ئه‌و هێج کارێک ناکات، ته‌نها برغوی سێیه‌م که ره‌ت ده‌بێت توندی بکات)، هه‌ر رۆژێک 10 سه‌عات ئه‌وه کاری ده‌بێت. له رۆژی یه‌که‌م که رهیلهکه له‌به‌ر ده‌می ره‌ت ده‌بێت ئه‌و هه‌مان کار جێبه‌جی ده‌کات، له‌و کاته خێزانه‌که‌ی یان باوک یان یه‌کێک له خزمه‌کانی، یا یه‌کێک له دۆسته‌کانی یا ده‌زگیرانه‌که‌ی دێته کارگه‌که‌وه بۆ دیتنی وی. ئینسانێکی ئاسایی کاتێک که چاوی به یه‌کێک له خۆشه‌ویسته‌کانی ده‌که‌وێت هه‌ر له خۆیدا به شێوه‌یه‌کی کاتی کاره‌که‌ی ده‌وه‌ستێنێت، ئه‌و هه‌ر له خۆی بێ‌ئاگا ده‌بێ و له هه‌مان شوێن له‌گه‌ڵ هه‌واڵپرسی و یه‌کدی ماچکردن ده‌که‌ن و خۆشحاله که یه‌کێک له خزمه‌کانی دوور یا نزیکی دیوه، بۆ نمونه کاتێک ده‌بینین که دایکی له دوو ساڵ جارێک هاتووه ئه‌و ببینێت، هه‌ستی ئینسانی ده‌بزوێ، کاره‌که‌ی پشت گوێ ده‌خات و برغوهکان واز لێدێنێ و ده‌ڕوات بۆ لای وی. له پڕێک ده‌بینێ زه‌نگی کارخانه‌که لێده‌دات و سه‌یاره‌ی ئاگرکوژێنه‌وه دێت و لێپرسراوان دێن و ته‌واوی کارخانه‌که له کار که‌وتووه و هه‌موو شتێک تێکچووه و هه‌زاران کرێکار هه‌موو له حاڵه‌تێکی نائاساییدان که ده‌بێ چ روویدابێ. له پاشان تێگه‌یشتن ئه‌و کرێکاره کاتێک چاوی به دایکی که‌وتووه، هه‌ستی ئینسانی جوڵاوه و چووه دایکی ببینێ و له‌گه‌ڵی بدوێ، برغوه‌کانی توند نه‌کردووه، ئه‌و برغوانهی که توند نه‌کردووه، رهیلهکه چووه بۆ شوێنێکی دی، له‌وێ ئیشکال دروست بووه، له کۆنترۆلێکی دی ره‌ت بووه، ئه‌و کۆنترۆله کاره‌باکه‌ی کوژاندۆته‌وه،کاره‌باش که کوژاوه‌ته‌وه، ده‌زگاکان پێیانگه‌یشتووه و زه‌نگی خه‌ته‌ر لێیداوه، تێکڕای کارگه‌که که‌وتۆته حاڵه‌تێکی نائاسایی و ئاماده‌باشی. لێپرسراوان هاتن و ئه‌ویان سزا دا و چه‌ند رۆژێکیش له سه‌ر کار ده‌رکرا و ئاگادریشیان کرده‌وه بۆ جاری داهاتوو.
رۆژی دووه‌م و سێیه‌م که‌م که‌م ئه‌و حاڵه‌ته له‌و که‌م بووه‌وه، له پاشان هه‌ر ئه‌و که‌سه نیشان ده‌دات که چۆن به‌هۆی ئاله‌تی کاره‌که‌یه‌وه مه‌سخ بووه، واته کاتێک که دوو برغو ره‌ت ده‌بوون، برغوی سیێه‌می توند ده‌کرد، له پاشان ئه‌گه‌ر دوژمنیشی ده‌هات، هه‌ر به‌و شێوه‌یه به ماتی ته‌ماشای ده‌کرد، یا ئه‌گه‌ر خوشکی ده‌هات، نه‌یده‌ناسی، دایکی، ده‌زگیرانی، دڵداره‌که‌ی، دوژمهنهکهی، هاوسێکه‌ی یا بێگانه‌یه‌ک -هه‌ر که‌سێک- ده‌هات، ئه‌و له قیافه‌ی ئه‌وانه واقی وڕ ده‌ما، به‌ڵام ئه‌وانی نه‌ده‌ناسیه‌وه، ته‌نانه‌ت رۆحی له به‌رامبه‌ر ئه‌و روخسارانه‌ی ئاشنا، خۆشه‌ویست، خزم، دوژمن یا دۆست که‌مترین بایه‌خی نیشان نه‌ده‌دا، بۆچی؟ چونکه ئه‌و نه ئه‌و ئینسانه‌یه که هه‌ست و هۆشی له مێژوودا په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌ڵکو بۆته ئینسانێک له ماشین به دوای سپانهیهکه که به ده‌ستییه‌وه‌یه. له پاشان هه‌ر ئه‌و که‌سه نیشان ده‌دات که به‌سه‌ر شه‌قامدا ده‌ڕۆیشت، هه‌ر که‌سێک که له‌وێ تێده‌په‌ڕێ، خانمێک یا که‌سێک که جلوبه‌رگی یونیفۆرمی له‌به‌ر بوو، دوگمه‌کانی هه‌شت گۆشه بوو، ئه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی خۆی یا حاڵه‌تی ئه‌وێ که سه‌ر جاده‌یه ره‌چاو بکات، یه‌کسه‌ر هێرشی بۆ دێنێ و دوگمه‌کانی یه‌کێک توند ده‌کاته‌وه! چونکه ئه‌و بێجگه له‌وه شتێکی دی نه‌بوو.
ئه‌و ده‌زگا ئاڵۆز و گه‌ورانه‌ی ئیداری، ئینسان له خۆنامۆ ده‌کات. ئه‌مه شمه‌که، ئه‌مه برغو، ئه‌مه ده‌زگای ماشینه که ئینسان له پله‌وپایه‌ی ئینسانی داده‌بڕێت و جیای ده‌کاته‌وه، ده‌یکات به ئینسانێکی پاشکۆ و ته‌واوکه‌ری مادده و شمه‌ک، پاشکۆی ئامێرێک، بێڵ و کولینگ و ماشین. له ده‌زگایه‌کی به‌رفراوانی ئیداری له ده‌زگا گه‌وره‌کانی فڕۆکه‌خانه و بانکه گه‌وره‌کانی که له ئه‌وروپا هه‌یه (له وڵاته غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان ده‌زگای بۆرۆکراسی، هێشتا به‌و قۆناغه نه‌گه‌یشتووه). ده هه‌زار لقی هه‌یه، له هه‌ر لقێک کۆمه‌ڵێک په‌نجه‌ره هه‌یه، له پشت هه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ک یه‌کێک دانیشتووه که سی ساڵه له‌وێ ته‌نها یه‌ک کار ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌و کاغه‌زانه ده‌هێنێ و مه‌کینه‌یه‌کی لێده‌دا و یه‌کێکی لێره داده‌نێ و ئه‌وه‌ی دی له‌و لاوه داده‌نێ. له ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه ده‌بێ به‌رده‌وام ئه‌م کاره دوباره بکاته‌وه. مارسل موس ده‌ڵێت: نه‌خۆشی ده‌روونی له‌وه‌وه په‌یدا ده‌بێ که له‌سه‌ر کار ئه‌و که‌سه فلان که‌س کوڕی فلان که‌س نییه که خاوه‌ن ئه‌و خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه، چونکه کاتێک که ناوی ئه‌و دێت -ئه‌و ناوه‌ی که دایک وبابی بۆیان هه‌ڵبژاردووه- یان نازناوه‌که‌ی دێت ئه‌و که‌متر له خۆیدا هه‌ست پێده‌کات، تا ئه‌و وه‌خته‌ی که ژماره‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی دێت واته کاتێک ده‌ڵێن (په‌نجه‌ره‌ی 239) ئه‌و خۆی به‌بیر دێته‌وه خۆی هه‌ست پێده‌کات، ته‌واوی شه‌خسیه‌تی ته‌نها وته‌نها له په‌نجه‌ره‌ی 239 گه‌ڵاڵه بووه. ئه‌مه ئینسانێکه که به‌هۆی فۆرم و شێوه‌ی کاره‌که‌ی له خۆی نامۆ بووه.
ئێلینه (alien)، ئه‌م وشه له رووی زمانه‌وه واته” حلول بوونی جن له ئاده‌میزاد”. له کۆندا جن لێهاتوو هه‌بووه به‌و که‌سه‌ی که شێت ده‌بوو ده‌گوترا جنی هاتۆته ناو له‌شی و تێیدا حلولی کردووه چۆته جێگه‌ی عه‌قڵی و عه‌قڵی له ناو بردووه، ئه‌و ئینسانه‌ی که جن له رۆحی هه‌یه، ئه‌و ئیدی خۆی هه‌ست پێناکات، جنێک له خۆی هه‌ست پێده‌کات. ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسان هه‌مان وشه بۆ ئه‌م نه‌خۆشیه به‌کار دێنن واته به هه‌مان شێوه که له پێشدا ئینسانێکی عاقڵ له ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جن یا په‌یوه‌ندی جن له‌گه‌ڵ ئه‌و جناوی ده‌بوو واته جن له‌ودا حلولی ده‌کرد. ئینسانی ئه‌مڕۆ له به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ ئامێرێکی تایبه‌ت یان له‌گه‌ڵ شێوه کارێکی یه‌کجۆر و وشک و هه‌میشه‌یی، و بێبه‌زه‌یی ده‌زگا گه‌وره‌کانی ئیداری –ئه‌و ئینسانه- ده‌گۆڕێ بۆ ئه‌ندامێکی ئه‌و ئیداره‌یه نه‌وه‌ک ئه‌ندامی خێزانێکی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی- ئه‌وه که‌متر له خۆی هه‌ست پێده‌کات -ته‌نانه‌ت خه‌سڵه‌ته تایبه‌تییه‌کانی خۆیشی هه‌ست پێناکات و بزر ده‌بێ، واته هه‌روه‌ک چۆن که ده‌یانگووت جن له‌و ئاده‌میزاده ساغه حلولی کردووه و شێتی کردووه، به هه‌مان شێوه له ئینسانی ئه‌مڕۆ ئامێری کاره‌که‌ی له‌و حلولی کردووه یان شێوه‌ی کاره‌که‌ی له‌و حلولی کردووه و شه‌خسیه‌تی ره‌سه‌ن و راستی ئینسانی که‌م که‌م له ناوده‌چێت، و شه‌خسیه‌تی ماشین و ئامێره‌کانی یا شێوه‌ی کاره‌که‌ی یا زنجیره‌ی پله‌وپایه‌ی ئیداری له‌و حلول ده‌کات، کاتێک که خۆی هه‌ست پێده‌کات، زیاتر ئه‌و شته له خۆی هه‌ست پێده‌کات.
جۆرێکی دی له جناوی بوون، چه‌سپینی دیارده‌یه‌کی دیکه‌یه له ئینسان، که ئینسان له خۆی بێگانه ده‌کات، یا کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له خۆی بێگانه ده‌کات، که ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر ناسک و خه‌مناکه بریتییه له حلولی عه‌قڵیه‌تێک، فه‌رهه‌نگێک، دیدێک، یا هیوایه‌کی تایبه‌ت که هی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه‌ی تایبه‌ته و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تێک ناکاته‌وه.
ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه مه‌یلێکی تایبه‌تی هه‌یه، خه‌ڵکه‌که‌ی عه‌قڵیه‌تێکی تایبه‌تی هه‌یه، دیدی تایبه‌تی هه‌یه، ئامانج و هیواو ئازار و پێداویستی تایبه‌تی هه‌یه، که تایبه‌ت به خۆیانه و له‌گه‌ڵ بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان گونجاوه، له پاشان له ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی کردن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دی که بارودۆخێکی دیکه‌ی هه‌یه، دێن ئه‌و کۆمه‌ڵه فکر و بۆچوون و عه‌قڵیه‌ت و مه‌یل و سه‌لیقه و پێداویستی و ئێش و ئازاری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به‌سه‌ر چه‌ند که‌سێک له‌م کۆمه‌ڵگایه که ته‌واو جیاواز ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، ده‌یسه‌پێنن و له مێشکی خه‌ڵکی ده‌ئاخنن، له پاشان ده‌سته‌یه‌ک له که‌سانی (مه‌سخ بوو) په‌یدا ده‌بن. مه‌سخ بوو به چ شێوه‌یه‌ک؟ به‌و شێوه‌ی که ئه‌و ئینسانێکه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وا ده‌ژی، به مێژوویه‌کی تایبه‌ت، دینێکی تایبه‌ت، خاسیه‌تێکی تایبه‌ت، په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری تایبه‌ت، به‌ڵام عه‌قڵیه‌ته‌که‌ی هی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆی نییه، له ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی کردن و پڕوپاگه‌نده‌وه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌وه وه‌ریگرتووه، ئینسانێکی دژ به‌یه‌ک دروست ده‌بێت: ئینسانێک که خۆی سه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌یه‌که و فکره‌که‌شی هی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه، به‌م شێوه‌یه ئینسانێک یان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بۆی هه‌یه به هۆی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌وه که به کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی ناچێت و سه‌رده‌مه‌که‌شی، سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و نییه له خۆی نامۆ بێت، واته له خۆی بێگانه بێت. له پاشان ئه‌و گه‌نجه یان ئه‌و خوێنده‌واره یان ئه‌و رۆشنبیره- یا ئه‌و تاریک بیره- سه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌بێت که خاوه‌ن شه‌خسیه‌تێکی گونجاو بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام نه کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی و نه تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی ده‌ناسێ، نه ده‌شزانێ به خۆی کێیه، له پاشان له خۆیدا “ئه‌و” هه‌ست پێده‌کات، هه‌ر وه‌ک ئه‌و کرێکاره یان ئه‌و فه‌رمانبه‌ره. له خۆیدا ژماره‌ی په‌نجه‌ره‌ی ئیشه‌که‌ی ده‌دۆزێته‌وه یان ئه‌و برغوه یان ئه‌و مۆره هه‌ست پێده‌کات، ئه‌و ئینسانه بۆ نمونه سه‌ر به وڵاتێکی رۆژهه‌ڵاتییه، له خۆیدا ئه‌وروپایی هه‌ست پێده‌کات، له‌گه‌ڵ هه‌مان مه‌یل و سه‌لیقه و بۆچوون و عه‌قڵیه‌ت و ئێش و ئازار و هه‌ست و هیواکانی ئه‌وروپی، له کاتێک ئه‌و هیوا و ئێش و ئازار و پێداویستیانه هی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌یه، ئه‌و له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌ژی که ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه جیاوازه. ئه‌و مرۆڤه له خۆی بێگانه بووه و نه‌خۆشه، چۆن؟ نه‌خۆشی ده‌روونی که‌سێکه که خۆی شتێک بێت، به‌ڵام شه‌خسیه‌تی خۆی هه‌ست پێنه‌کات، له جیاتی شه‌خسیه‌تی خۆی، شه‌خسیه‌تێکی دی هه‌ست پێده‌کات. شه‌خسیه‌ت واته عه‌قڵیه‌ت و مه‌یل و سه‌لیقه و پهسندییهکانی ئاده‌میزاد، من که سه‌ر به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌م، ئه‌و شه‌خسیه‌ته‌ی هه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه گونجاوه، به‌ڵام چیدی شه‌خسیه‌تی خۆم هه‌ست پێناکه‌م، چونکه مه‌سخ بوومه، و عه‌قڵیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دی له من حلولی کردووه، به‌م پێیه من ئاده‌میزادێکی”حوشتر، گا، پڵنگ”م، واته خۆم شتێکم، به‌ڵام کاتێک هه‌ست به خۆم ده‌که‌م، شتێکی دی هه‌ست پێده‌که‌م- چونکه خۆم و تایهبهتمهندییهکانم هه‌ست پێناکه‌م- و ئێش و ئازارێکی دی که ئه‌و هه‌یه‌تی- هه‌ست پێده‌که‌م، له کاتێک خۆم ئه‌و ئێش و ئازاره‌م نییه! ئه‌و جۆره ئاده‌میزاده نه‌خۆشه، ئه‌و ئینسانه‌ی ده‌ردی برسیه‌تی هه‌یه-برسییه- به‌ڵام هه‌ست به برسیه‌تی ناکات، به‌ڵکو گرفت و نه‌خۆشیه‌کانی ئینسانێکی تێر له خۆی هه‌ست پێده‌کات. کاتێک که‌سێک تێر ده‌بێت، جۆرێک له ناره‌حه‌تی و خه‌می تێر و پڕیه‌تی هه‌یه، و جۆرێک له هیوا و ئاواته‌کانی پاش تێر بوونی زگ به مێشکی ئینساندا دێت. به‌ڵام ئینسانێکی برسی: هیوا و مه‌یل و سه‌لیقه و ئازاره‌کانی جیاوازه، به‌ڵام کاتێک ئه‌و ئینسانه برسییه به هۆی ئینسانێکی تێر له خۆی نامۆ ده‌بێ، هه‌رچه‌نده خۆی برسییه، به‌ڵام له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ست و ئێش و ئازاره‌کانی ئینسانێکی برسی هه‌بێ و هه‌ست پێ‌بکات- چونکه به هۆی ئینسانێکی تێره‌وه له خۆ نامۆ بووه و شه‌خسیه‌تی وی له‌و حلولی کردووه- هیوا و ئێش و ئازاره‌کانی ئینسانێکی تێر له خۆی هه‌ست پێده‌کات. بۆ نمونه ئینسناێکی برسی هه‌رده‌م له بیری نانه، له بیری ژیانه، له بیری خه‌مه عه‌ینی و مادییهکانیهتی، له بیری که‌مبوونه‌وه‌ی خۆراکی زارۆکانیهتی، له بیری که‌می کالۆری و ڤیتامینه- له بیری ئه‌و شتانه‌یه- هیوا و ئاواته‌کانیشی هه‌ر له‌و شتانه کۆبۆته‌وه. ئینسانێکی که تێر و پڕه خه‌می ماددی نییه، له هه‌موو روویه‌که‌وه ئه‌مه‌ی بۆ دابین بووه، خه‌می تایبه‌ت و هیوای تایبه‌تی هه‌یه: بۆ نمونه” دڵی ده‌یه‌وێ که رۆژێک تابلۆی (مۆنالیزا) له شوێنێک هه‌راج بکرێت و ئه‌و نیوه‌ی سه‌روه‌ته‌که‌ی پێبدات، به هه‌ر نرخێک بێت ئه‌و تابلۆیه بکڕێت (هیوای تێر ئه‌وه‌یه!). له‌پاشان ده‌بینین که ئه‌و ئینسانه برسییه، که‌مبوونی خۆراک له قیافه‌ی خۆی و ژن و منداڵه‌کانی و خێزانه‌که‌ی دیاره، له ماڵ و خانووبه‌ره‌که‌ی دیاره، به‌ڵام هیواکانی رووکه‌شه، ئه‌و خه‌مانه‌ی هه‌یه‌تی، خه‌می ده‌وڵه‌مه‌ندێک یان سه‌رمایه‌دارێکه، که هه‌موو شتێک له ژیانی وی له‌لایه‌نی مادییه‌وه دابین کراوه. ئه‌و ئینسانه نه‌خۆشه، چونکه خۆی شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که به ناوی خۆی هه‌ست پێده‌کات، یه‌کێکی دیکه‌یه.
به‌مجۆره کۆمه‌لگه غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان به‌هۆی کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپاییه‌کان له خۆ نامۆ بوون، واته ئه‌و خوێنده‌واره یان ئه‌و رۆشنبیره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی، هه‌ست به خۆی ناکات، وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی ناناڵێنێ، وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی هیوا و ئاواتی نییه، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گونجاو له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی ئازار ناکێشێ، به‌ڵکو ئێش و ئازار و هه‌ست و پێویستییه‌کانی ئهوروپاییهکی هه‌یه که له‌وپه‌ری پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری و تێر بوونی ماددی ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، هه‌ست پێده‌کات.
گه‌وره‌ترین په‌ژاره و لادانی ده‌روونی که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی هه‌یه، لادانی دروونی شه‌خسیه‌ته غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کانه، که واقعیه‌تیان شتێکی دیکه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵکه‌کانی شتێکی دی هه‌ست پێده‌که‌ن، که‌سێکی دیکه هه‌ست پێده‌که‌ن، به‌ڵام له کۆندا، له 200 ساڵ پێش ئێستا ئه‌وانه وڵاتانی غه‌یره ئه‌وروپایی بوون، کاتێک ده‌چووینه ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه، ئه‌گه‌رچی ده‌کرا شارستانیه‌تی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپاییان نه‌بوایه، هه‌ریه‌که‌یان خۆیان بوون: هه‌ست و هیوا و شێوه‌ی کار و مه‌عنه‌ویه‌ت و سه‌یران و خۆشی و سه‌لیقه و عیبادهت و هه‌موو کاره‌کانیان باش و خراپ و هونه‌ر و جوانی و عه‌قڵیه‌تی دینی و فه‌لسه‌فه‌یان و… تێکڕای ئه‌وانه هی خۆیان بووه. واته کاتێک من بۆ نمونه که ده‌ڕۆیشتم بۆ هیند یان وڵاتێکی ئه‌فریقایی، ده‌مزانی که ئه‌وه وڵاتێکی ئه‌فریقیه یان ئه‌و وڵاته هینده، سه‌لیقه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، تالاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه، نیگار‌کێشانی وه‌ک هیندییه‌ک ده‌کێشێ، شاعیرێک که شیعر ده‌ڵێ، ئێش و ئازاری هیندی هه‌یه و عه‌قڵیه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆی هه‌یه، خه‌م و نه‌خۆشی و هیوا و ئاینی خۆیان هه‌یه، هه‌موو شتێک هی خۆیانه، هه‌رچه‌نده که له رووی ئاستی شارستانی و په‌ره‌سه‌ندنی ماددییه‌وه له ئاستێکی نزمدا بوون، به‌ڵام هه‌موو شتێک موڵکی خۆیان بووه، نه‌خۆش نه‌بوون، گه‌رچی هه‌ژار بوون، به‌ڵام نه‌خۆشی له‌گه‌ڵ هه‌ژاری جودایه.
ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپایی، به‌و راده‌یه‌ی که توانیویه‌تی چه‌ند رواڵه‌تێک له شارستانیه‌تی خۆی بخاته ناو کۆمهڵگاغهیره ئه‌وروپاییه‌کان، به هه‌مان راده‌ش توانیویه‌تی کاڵا و ئامێر و به‌رهه‌می نوێ و مۆدێرنی خۆی له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا بخاته گه‌ڕ و به‌کار بێنێ، هه‌روه‌ها به هه‌مان راده‌ش توانیویه‌تی جۆرێک له شێوه بیر کردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و عه‌قیده و سه‌لیقه و ره‌فتاری تایبه‌تی خۆی بخاته ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه، ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه که بۆ ئه‌م جۆره ره‌فتار و شێوه بیرکردنه‌وه و مه‌یل و سه‌لیقانه گونجاو نین. وه‌ک (عهلیون دیوپ) که موفه‌کیرێکی گه‌وره‌ی ره‌ش پێسته‌کانه ده‌ڵێت: به‌م شێوه‌یه، کۆمه‌ڵێک کۆمه‌ڵگا په‌یدا بوون له ده‌وری شارستانیه‌تی ئه‌وروپا – وه‌ک کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه- کۆمه‌ڵگا مۆزائیکهکان! کۆمه‌ڵگای مۆزائیک چییه؟ وه‌ک مۆزائیکێکه که سه‌دان به‌ردی ره‌نگا وره‌نگی هه‌یه به‌ره‌نگ و شێوه‌ی جیاواز، که هه‌مووی له قاڵبێکدا داڕێژراوه، به‌ڵام چ شێوه‌یه‌کی لێهاتۆته دی؟ هیچ شێوه‌یه‌ک. ئه‌و پارچه مۆزائیکه ره‌نگی جۆراوجۆری هه‌یه، پارچه‌ی بچوک و شێوه‌ی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام هیچ شێوه‌یه‌کی لێنه‌هاتۆته به‌رهه‌م، بۆچی؟ ئه‌و شارستانیهتانهش شارستانیه‌تی مۆزائیکن، واته ئه‌و شارستانیه‌تانه‌ی که تیایدا هه‌ندێک بنیادی شارستانی له کۆندا تێدا ماوه، هه‌ندێکیش له بنیادی شارستانی بێ شێوه و روخسار له ئه‌وروپاوه بۆی هاتووه، له پاشان له قاڵبێکی مۆزائیکی به ناوی”کۆمه‌ڵگای نیوه مۆدێرن” بووی لێپهیدا بووه.”مۆزائیک” به‌و مه‌به‌سته‌یه که بۆ بنیاتنانی شارستانیه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان، ئه‌وه‌ی که له شارستانیه‌تی ئه‌وروپا به کار هاتووه، ئێمه خۆمان هه‌ڵمان نه‌بژاردووه، چونکه ئێمه نه‌مانده‌زانی شارستانیه‌ت چییه و چ شێوه‌یه‌کی هه‌یه؟ شێوه‌ی ئه‌ویش هه‌ر ئه‌وان دایان پێمان، هه‌ر بۆیه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێمه بزانین که له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌بێ چ دروست بکه‌ین به بێ ئه‌وه‌ی له پێشدا نه‌خشه‌مان بۆ کێشا بێت که کۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان به شێوه‌ی بیر کردنه‌وه‌ی خۆمان به چ شێوه‌یه‌ک پێویسته بێته کایه‌وه، تاوه‌کو له بنه‌ڕه‌تی ئه‌و نه‌خشه‌ی که له پێشدا له‌به‌ر ده‌ستمانه، ئه‌و که‌لوپه‌ل و که‌ره‌سته‌ی که خۆمان هه‌مانه یان له خه‌ڵکی دی وه‌رگرین له دروست کردنی ئه‌و ته‌لاره به کاری بێنین- به‌بێ ئه‌م پرۆژه‌یه- که‌لوپه‌ل و که‌ره‌سته‌ی جۆراوجۆرامان به‌سه‌ریه‌کدا هه‌ڵڕشتوه، که‌لوپه‌لێک که خۆماڵییه و ئه‌وروپایشه له رابردوو دایه و له ئێستاش، به‌ڵام به‌مجۆره به‌سه‌ریه‌کدا هه‌ڵڕژاوه، بێ شێوه و قه‌واره، به جۆرێک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به شێوه بیرکردنه‌وه‌ی پرژو بڵاو و بێ شیوه و ئامانج هاتۆته دی. ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه کۆمه‌ڵگای غه‌یره ئه‌وروپییه‌کانن که توانیان له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ک یان سه‌ده و نیوێک که‌لوپه‌ل و که‌ره‌سته به ناوی شارستانیه‌ت له ئه‌وروپا وه‌رگرن.
ئه‌م شارستانیه‌ته مۆزائیکه له وڵاتانی غه‌یره ئه‌وروپایی یان هه‌ر وه‌ک من ناوم ناوه کۆمه‌ڵگای “حوشتر و گا و پڵنگ” که شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت و ئامانجی تایبه‌تی نییه و دیار نییه که ئه‌وه چ جۆره کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بێت، خه‌ڵک و موفه‌کیره‌کانی ناتوانن تێبگه‌ن له بۆچی ده‌ژین و ئامانج و پاشهرۆژ و عه‌قیده‌یان چییه، بۆچی هاتۆته دی؟ دوو هۆی هه‌یه:
له سه‌ده‌کانی حه‌ڤده‌هه‌م و هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌م، به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی ههژدههم، له ئه‌وروپا ماشین به ده‌رکه‌وت و په‌ره‌ی سه‌ند (ماشین له‌به‌رده‌ستی پاره‌دار و سه‌رمایه‌داری ئه‌وروپایی بوو) خاسیه‌تی ماشین ئه‌وه‌یه هه‌ر وه‌ختێک کار ده‌کات ده‌بێ هه‌ر ساڵێک راده‌ی به‌رهه‌م هێنانی له زیاد بووندا بێت، ئه‌مه‌ش جه‌بری ماشینه. ئه‌گه‌ر ماشین له ماوه‌ی ده یان پازده ساڵ راده‌ی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی به‌رهه‌می دێنێ – هه‌ر جۆره که‌لوپه‌لێک بێت- له زیاد بووندا نه‌بێت، ئه‌و ماشینه ده‌مرێت، له ناو ده‌چێت و ناتوانێت درێژه به کاره‌که‌ی بدات، هه‌روه‌ها ناتوانێت له‌گه‌ڵ ماشینه‌کانی دی پێشبڕکێ بکات. ئه‌گه‌ر راده‌ی به‌رهه‌مهێنای زیاد نه‌کات خه‌ڵکانی دی به ماشینی دی که ئه‌و که‌لوپه‌لانه به‌رهه‌م دێنێ، ده‌توانن به به‌رهه‌می زیاتر که‌لوپه‌لی هه‌رزانتر بخه‌نه به‌رده‌ستی خه‌ڵک و خه‌ڵکیش ئه‌و که‌لوپه‌لانه ده‌کڕن که هه‌رزانتره، که‌لوپه‌له‌کانی دی ده‌مێنێته‌وه، ناچار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ستحه‌قی کرێکار هه‌موو رۆژێک زیاد بکات، و له هه‌مان کاتدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رزانتر له ره‌قیبه‌که‌ی که‌لوپه‌ل بخاته بازاڕه‌وه، ناچار ده‌بێ به‌رهه‌می که‌لوپه‌له‌کانی زیاد بکات.
به‌ڵام، به‌و جۆره که زانست و ته‌کنیک دێته ناو ماشینه‌وه، یارمه‌تی ماشین ده‌ادت و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ماشین به‌رده‌وام به‌رهه‌می که‌لوپه‌له‌کانی به‌ره‌و زیاد بوون ببات. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه که روخساری ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی گۆڕیوه. وا نه‌زانی که ئه‌مه یه‌کێک له مه‌سه‌له‌کانه که ئه‌مڕۆ له دنیادا هه‌یه، نه‌خێر بێجگه له‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی دی له‌م دوو سه‌ده‌یه له ئارادا نه‌بووه، هه‌موو مه‌سه‌له‌کانیش هه‌ر بۆ ئه‌مه بووه، تێکڕای ئه‌و مه‌سه‌لانه که ئه‌مڕۆ ئه‌وروپا له دنیا ده‌یخاته روو، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه.
ئه‌و ماشینه پێویسته هه‌موو ساڵێک به‌رهه‌می که‌لوپه‌له‌کانی به شێوه‌یه‌کی شاقوڵی به‌ره‌و سه‌ره‌وه ببات، به‌م پێیه هه‌رچی که‌لوپه‌ل و کاڵا هه‌یه به شێوه‌یه‌کی شاقوڵی زۆر ده‌بێت، – بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به کاره‌که‌ی بدات- به کارهێنان و مه‌سره‌فی ئه‌و که‌لوپه‌لانه دێته گۆڕێ. به‌ڵام خه‌ڵک به‌کار هێنانه‌کانیان شان به شانی به‌رهه‌می ماشین زۆر نابێت.
کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌بینین بۆ نمونه که له ده‌ساڵی دوایی به کاربردنی کاغه‌زی له سه‌دا 30 زیادی کردووه، ماشینه‌کانی دروستکردنی کاغه‌ز هه‌یه که له ماوه‌ی ئه‌و ده ساڵه 300 یان 400 له سه‌دا به‌رهه‌می کاغه‌زیان زیادی کردووه، واته به‌رهه‌می چوار به‌رامبه‌ر بووه، واته ئه‌گه‌ر له ده ساڵ له مه‌وپێش، ماشینێک بۆ نمونه له سه‌عاتێک پێنج کیلۆ مه‌تر کاغه‌زی به‌رهه‌م ده‌هێنا، پاش ده ساڵ ده‌بینین که په‌نجا کیلۆمه‌تر کاغه‌ز به‌رهه‌م دێنێ، که‌چی له کاتێک به‌کاربردنی کاغه‌ز له‌و ده ساڵه ئه‌وه‌نده زیادی نه‌کردووه و ناتوانێت تا ئه‌و راده‌یه زیاد بکات، که‌واته ئه‌و به‌رهه‌مه زیاده‌یه و ئه‌و کاغه‌زه زیاده‌یه ده‌بێ چی لێبکرێ؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ مه‌سره‌فی نوێی ئه‌و که‌لوپه‌لانه به‌رهه‌م بهێنرێ، مه‌سره‌فی نوێ!
هه‌ر کۆمه‌ڵگه و وڵاتێکی ئه‌وروپایی به‌کارهێان و مه‌سره‌فی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. وڵاتێک 40 ملیۆن یان 50 ملیۆن دانیشتوانی زیاتر نییه، ناکرێ شان به شانی ئه‌و به‌رهه‌مه زۆروزوهندهی که هه‌موو ساڵێک به شێوه‌یه‌کی شاقوڵی به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕوات، خه‌ڵکیش ناچار بکرێن که به کارهێنانهکانیان به‌ره‌و سه‌ره‌وه ببه‌ن، ئه‌مه هه‌رگیز ناکرێ. به‌م پێیه ماشین به‌مجۆره که به شێوه‌یه‌کی جه‌بری به‌رهه‌می زیاد ده‌کات، به شێوه‌یه‌کی جه‌بریش ده‌بێ له سنووره‌کانی خۆی بچێته ده‌ره‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای خۆی بازاڕ بدۆزێته‌وه. کاتێک که سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م هات و کاتێک که ماشین له‌گه‌ڵ ته‌کنیکی نوێ و زانستی نوێ که‌وته ژێر ده‌ستی سه‌رمایه، چاره‌نووسی داهاتووی ئینسان به ده‌رکه‌وت. چی؟ له پێناو جه‌بری ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و له پێناو ته‌کنیک و زانستی نوێ، ماشینه نوێیه‌کان به‌رده‌وام به‌رهه‌م هێنانیان زیاد ده‌که‌ن و به خێرایی و له ماوه‌ی پێنج ساڵ، بازاڕه‌کانی ئه‌وروپا پڕ ده‌بێت، که‌واته ئینسانه‌کانی سه‌ر رووی زه‌وی ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی جه‌بری ببن به به‌کارهێنه‌ری که‌لوپه‌له بهرههمهێنراوهکانی ماشین و به ناچاری ده‌بێ ئه‌و که‌لوپه‌لانه بۆ ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا بڕوات، به ناچاری ده‌بێ ئه‌فه‌ریقایی تێکڕای ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی ئه‌وروپایی به کاربهێنێت، چونکه ماشین ئه‌وه‌ی گه‌ره‌که، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێ ماشین “بشکێنرێت” به ناچاری ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵکانی رۆژهه‌ڵات ئه‌و که‌لوپه‌ل و کاڵایانه مه‌سره‌ف بکه‌ن.
ئایا ده‌کرێ وا به ساده‌یی ئه‌و که‌لوپه‌لانه بۆ رۆژهه‌ڵات ببردرێت له کاتێک شێوازی ژیانی ئه‌وان پێویستی به به‌کارهێنانی ئه‌و جۆره که‌لوپه‌لانه نییه یان ئه‌و که‌لوپه‌لانه به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێ که حه‌تمه‌ن ده‌بی ئه‌وانه به کار بێنن؟ هیچ رێگا چاره‌یه‌کی دی نییه.
ده‌چینه نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاسیای: ده‌بینین جلوبه‌رگی ئاسیای ژنه‌که خۆی دهیدورێت و یان له کارگه‌ی خۆماڵی ده‌دورێت (جلوبه‌رگی خۆماڵییان هه‌یه و جلوبه‌رگی خۆیان له‌به‌ر ده‌که‌ن). ئه‌و کارگانه‌ی دروست کردنی جلوبه‌رگ و کوتاڵ که ئه‌و قوماشه ئه‌وروپیی و نوێیانه ئاماده ده‌کات، له‌وێ فرۆشی نییه، هه‌ر به‌م شێوه‌یه که ده‌چینه نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌فریقایی: ده‌بینین هه‌موو هیوا و حه‌ز و سه‌رگه‌رمیان ئه‌سپسواری و جوانی ئه‌سپه، تام وه‌رگرتنه له جوانییه‌کانی ئه‌سپی باش، تاکه وه‌سیله‌یه‌کی هاتووچۆشیان هه‌ر ئه‌سپه، سه‌رگه‌رمی و سه‌لیقه و هونه‌ریان هه‌ر ئه‌سپه، ته‌نانه‌ت جاده و سایه‌قیان نییه، هه‌تا مه‌فهومی سه‌یاره له مێشکیاندا نییه، پێویستیان به سه‌یاره نییه، به جۆرێک ژیان به سه‌ر ده‌به‌ن که به‌رهه‌م هێنان و به‌کارهێنانیان له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوئاهه‌نگی هه‌یه که له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و سه‌لیقه و مه‌یل و پێویستییه‌کانیان ده‌گونجێت، هه‌ر بۆیه پێویستیان به به‌کارهێنانی ئۆتۆمۆبیلی ئه‌وروپایی نییه. کارگه‌کانی نوێی رازاندنه‌وه له ئه‌وروپا به خێرایی که‌ره‌سته‌ی رازاندنه‌وه به‌رهه‌م دێنن، که‌ره‌سته‌ی ههمهجۆر، زۆر و زه‌وه‌ند له رووی چۆنێتی و چه‌ندییه‌وه. ده‌بێ ئه‌و که‌ره‌سته و ئامرازانه‌ی رازاندنه‌وه بۆ ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا بنێردرێن. پیاوان و ژنان ده‌بێ ئه‌و که‌ره‌سته و که‌لوپه‌لانه‌ی رازاندنه‌وه به‌کاربێنن، به‌ڵام ئه‌و پیاو و ژنانه‌ی که ئێمه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه تا نۆزده له ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا ده‌یانبینین، ناکرێ ئه‌و که‌لوپه‌لانه هه‌تا ئه‌گه‌ر به خۆرایی پێیان بده‌ین به‌کاربێنن، چونکه ئه‌وانه که‌ره‌سته‌ی خۆرازاندنهوهی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، جوانی خۆماڵی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، ژنێکی ئه‌فریقایی یان ئاسیایی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی جوان نیشان بدات و بۆ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگی جوان له‌به‌ر بکات و خۆی به جوانی بڕازێنێته‌وه، هیچ پێویستی به (مارگارت ئاستور) نییه، چونکه خۆی که‌ره‌سته و ئامرازی خۆرازاندنهوهی هه‌یه. که‌ره‌سته‌ی خۆجوان کردن و رازاندنه‌وه‌ی هه‌یه، هه‌مان ئه شتانه تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به کار دێنێ، هه‌موو خه‌ڵکیش ئه‌ویان په‌سند بوو، بۆ هه‌مووانیش جوان بووه و پێویستی نوێی نه‌بووه بۆ گۆڕینی شێوه و روخساری.
به‌م پێیه، ئه‌و که‌لوپه‌لانه له گۆڕێ ده‌مێنێته‌وه‌و ئه‌و خه‌ڵکانه به‌و جۆره بیر کردنه‌وه‌یه، به‌م پێویستیانه و ئه‌و سه‌لیقه‌یه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هه‌موو پێویستییه‌کانیان له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان به‌رهه‌م دێنن: شێوازی ژیانیان و فکریان به‌و جۆه‌ر نییه که بتوانن به کارهێنه‌ری که‌لوپه‌لی سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازی سه‌ده‌کانی هه‌ژده و نۆزده‌ی ئه‌وروپایی بن. که‌واته ده‌بێ چی بکه‌ین؟ ده‌بێ ئه‌و ئینسانانه له ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا بیانکه‌ین به به‌کارهێنه‌ری که‌لوپه‌لی ئه‌وروپایی، و کۆمه‌ڵگاکانیان به جۆرێک رێک بخه‌ین که که‌لوپه‌له‌کانی ئێمه بکڕن، ژنان و پیاوان ئه‌و جوانیانه په‌سند بکه‌ن که به ناچاری روو له که‌ره‌سته‌ی خۆرازاندنهوهی ئێمه بکه‌ن، گۆڕینی میلله‌تێک: پێویسته میلله‌تێک بگۆڕین، بۆ ئه‌وه‌ی ئینسانێک بگۆڕین، جلوبه‌رگه‌که‌ی بگۆڕین، شێوه‌ی شاره‌که‌ی بگۆڕین، خۆرازندنهوهی بگۆڕین، جوانی مۆبل و قه‌نه‌فه‌ی ناو ماڵه‌که‌ی بگۆڕین، شێوه‌ی شاره‌که‌ی بگۆڕین، ئه‌وا پێویسته فکر و رۆحی بگۆڕین. کێ ده‌توانێ رۆحی میلله‌تێک و فکری کۆمه‌ڵگه‌که‌ی بگۆڕێت؟ لێره‌دا نه سه‌رمایه‌داری ئه‌وروپایی و نه ئه‌ندازیاری ئه‌وروپایی ده‌توانن بیگۆڕن و نه ئه‌و که‌سه‌ی ئه‌و که‌لوپه‌لانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، لێره‌دا موفه‌کیره ئه‌وروپاییه‌کانن ده‌توانن بیگۆڕن
(له‌و کاته‌دا بوو که چاره‌نووسی هه‌موو وڵاتانی ئه‌فه‌ریقی و ئاسیایی و وڵاتانی غه‌یره ئه‌وروپایی گۆڕا، هه‌ر ئه‌وه بوو) ده‌بێ دابنیشن و شێوه بیرکردنه‌وه و به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ دابڕ‌ێژین که یه‌که‌م: ئه‌و ئینسانه‌ی غه‌یره ئه‌وروپاییه سه‌لیقه و فکری بگۆڕین، دووه‌م: شێوازی ژیانی بگۆڕین، ئه‌ویش نه‌وه‌ک خۆی بیه‌وێ و بگۆڕێ، چونکه بۆی هه‌یه به جۆرێک بگۆڕێ و نه بێته به‌کارهێنه‌ری که‌لوپه‌له‌کانی من، به‌ڵکو به جۆرێک سه‌لیقه‌ی بگۆڕێت، به جۆرێک په‌سند کردنه‌کانی بگۆڕێت، به جۆرێک خه‌م و ده‌رد و هیوا و ئایدیال و جوانی و داب‌و نه‌ریتی و گه‌ڕان و سه‌یران و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵاییه‌تییه‌کان و وه‌ختی به‌تاڵ و… بگۆڕدرێت، تا له پاشان یه‌کسه‌ر ببێ به کڕیاری که‌لوپه‌له‌کانی من و به شێوه‌یه‌کی جه‌بری ببێت به به‌کارهێنه‌ری که‌لوپه‌لی پیشه‌سازی ئه‌وروپایی. به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی که‌لوپه‌ل و سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌کانی ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی 18 و 19 به‌رنامه به موفهکیرهکان ده‌ده‌ن، به‌رنامه ئه‌وه‌یه‌که هه‌موو ئینسانه‌کانی رووی زه‌وی ده‌بێ به یه‌کجۆر بن، ده‌بێ به یه‌ک شێوه بژین، ده‌بێ به یه‌ک فۆرم بیر بکه‌نه‌وه، به‌ڵام نابێ هه‌موو میلله‌ته‌کان به یه‌ک فۆرم بیر بکه‌نه‌وه! فۆرمی بیر کردنه‌وه چ شتێک له میلله‌ت به‌رهه‌م دێنێ و په‌یدا ده‌بێ؟ ئاینه‌که‌ی، کولتوره‌که‌ی، مێژووه‌که‌ی، شارستانیه‌ته رابردووه‌که‌ی، په‌روه‌رده و دابونه‌ریته‌که‌ی، ئه‌وانه کۆمه‌ڵه فاکته‌رێکی دروستکه‌ری شه‌خسیه‌ت و چۆنیه‌تی رۆحی و فکری و ژیانیی ئینسانێکه، ئه‌وانه له هه‌ر کۆمه‌ڵگه و ناوچه‌یه‌ک به شێوه‌یه‌که، له ئه‌وروپا شێوه‌یه‌که له ئاسیا له هه‌ر گۆ شه‌یه‌کی به جۆرێکه: له شوێنێک ئیسلامه، له شوێنێکی دی دینی بوداییه، له شوێنێکی دی ئاینێکی دیکه‌یه.
ئه‌وانه هه‌ر کامیان جۆرێک له کۆمه‌ڵگه‌یان دروست کردووه، جۆرێک میلله‌تیان هه‌یه و جۆرێک مه‌یل و سه‌لیقه و خه‌م و هیوا و هه‌ستیان هه‌یه، جۆرێک رابروو، جۆریک ئایین، جۆرێک له په‌یوه‌ندییه‌کانیان هه‌یه، به‌ڵام به هه‌ر حاڵ پێویسته هه‌موو وه‌ک یه‌کیان لێ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وایان لێبێت، ده‌بێ ئه‌و شێوه هه‌مه جۆرانه‌ی که ئێمه له هه‌ر میلله‌تێک و هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک و هه‌ر هه‌رێمێک ده‌یبینین، ئه‌وانه گشتی له ناوبچن و هه‌موو یه‌ک رێبه‌ریان هه‌بێت رێنوێنیان بکات، (رێبه‌ر) چییه؟ رێبه‌ر ئه‌وروپا دایده‌نێت، ده‌بێ به‌م شێوه‌یه بیر بکه‌نه‌وه!
ئینسانێک وه‌ک شاره‌زا و پسپۆر نیشانیان ده‌درێت، ئه‌و پسپۆرانه ده‌بێ ئاسیایی و ئه‌فه‌ریقی و رۆژهه‌ڵاتی به‌مجۆره دروست بکه‌ن: جلوبه‌رگ وا له‌به‌ر بکه‌ن، به‌مجۆره بیر بکه‌نه‌وه، خه‌مه‌کانیان ئاوها بێت، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان به‌م شێوه‌یه بێت، به‌م شێوه‌یه خانووبه‌ره دروست بکه‌ن، به‌م شێوه‌یه که‌لوپه‌ل به‌کار بێنن، به‌م شێوه‌یه هیوا وئارهزویان هه‌بێت، به‌م شێوه‌یه نه‌خشه دابنێنن، به‌م شێوه‌یه عه‌قیده‌یان ببێت، به‌م شێوه‌یه په‌سندی بکه‌ن!
له پاشان دوای ماوه‌یه‌ک، یه‌کجێ ده‌بینین فه‌رهه‌نگێکی تازه به ناوی (نوێکاری) و مۆدێرنییه‌وه بۆ هه‌موو دنیا خراوه‌ته روو. نوێکاری باشترین گورزێک بوو که ده‌یتوانی له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی دنیا و له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی غه‌یره ئه‌وروپایی، ئینسانی غه‌یره ئه‌وروپایی له هه‌ر شێوه و قاڵبێکی فکری که هه‌یه، له‌و قاڵب و فکر و شه‌خسیه‌ته‌ی خۆی ده‌ربهێنرێت. تهنهاکاری ئێمه‌ی –ئه‌وروپاییه‌کان- ئه‌وه‌یه که وه‌سوه‌سه‌ی نوێکاری و مۆدێرن بوون له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه – به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که هه‌یه، له هه‌ر شوێنێک و له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاینێک که هه‌یه- په‌یدا بکه‌ین. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ک بتوانین له رۆژهه‌ڵاتی، وه‌سوه‌سه و عه‌شقی نوێگه‌ری په‌یدا بکه‌ین، ئه‌وا ئه‌و هه‌تا له‌گه‌ڵ ئێمه هاوکاریش ده‌کات، له هه‌موو ئه‌و رابردووه‌ی که پێیگه‌یشتووه و هه‌ر هۆکارێکی که شه‌خسیه‌تی وی نا ئه‌وروپییانه په‌روه‌رده کردووه، هه‌ر فاکته‌رێکی که فه‌رهه‌نگێکی تایبه‌ت و ئاینێکی تایبه‌ت و شه‌خسیه‌تێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌و دروست کردووه، به ده‌ستی خۆی هه‌تا به هاوکاری له‌گه‌ڵ ئێمه بنکۆڵی ده‌کا و له‌ناویده‌بات.
به‌م پێیه رووی هاوبه‌شی هه‌موو وڵاتان، رۆژهه‌ڵاتی دوور، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، رۆژهه‌لاتی نزیک، وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی ره‌ش پێست ئه‌وه‌یه که وه‌سوه‌سه و ئاره‌زووی نوێگه‌ری له ناودا دروست بکه‌ین. نوێ بوونه‌وه و به مۆدێرن بوون بریتییه له “به ئه‌وروپایی چوون” نوێگه‌ر واته ” نوێگه‌ر له مه‌سره‌ف و به‌کارهێنان” ( هه‌ر له سه‌ره‌تاوه که ئه‌مه‌یان خستۆته گه‌ڕ، به هه‌مان مه‌عنا بووه). که‌سێکی که نوێگه‌ر ده‌بێت، واته له مه‌سره‌ف کردنه‌کانی نوێ ده‌بێته‌وه، واته که‌لوپه‌لی نوێ به‌کاردێنێ، شێوه‌کانی ژیانی نوێ په‌یڕه‌و ده‌کات، واته ئه‌و شێوه نوێیانه‌ی ژیان و ئه‌و که‌لوپه‌له نوێیانه‌ی که به‌کاری دێنێ، وه‌ک که‌لوپه‌ل و شێوه‌ی ژیان و دابونه‌ریتی رابردوو و ره‌سه‌نی و نیشتمانی یان کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی نییه، هه‌مان ئه‌و شێوانه‌یه که له ئه‌وروپاوه بۆی هاتووه.
به‌م پێیه ئێمه ده‌بێ له رێگه‌ی مه‌سره‌فه‌وه ئه‌و نوێ بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام ناکرێ به ئه‌و بڵێین که ئێمه نامانه‌وێ له مێشک و هه‌ست و شه‌خسیه‌تت نوێ کردنه‌وه و داهێنان بهێنینه کایه‌وه، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێ خۆراکت بگۆڕین و له جیاتی ئه‌و خۆراکه کۆنانه‌ی که ده‌یخۆی، خۆراکێک که ئێمه دروستی ده‌که‌ین، له سه‌ر سفرهتی دابنێین. ئه‌گه‌ر ئاوهای پێبگووترێت، هه‌ڵبه‌ته به‌رهه‌ڵستی ده‌کات. به‌م پێیه ده‌بێ به هه‌مان مه‌عنا و له هه‌مان حاڵه‌ت به هه‌مان راده که ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین کۆمه‌ڵگاکانی که له شێوه و جۆری جیاوازدان و که‌لوپه‌لی ئێمه به‌کار ناهێنن، نوێیان بکه‌ینه‌وه، واته به‌کارهێنانی نوێ و که‌لوپه‌لی تازه‌یان ده‌رخوارد بده‌ین، ده‌بێ تێ‌یان بگه‌یه‌نین که “نوێکاری” واته “شارستانیه‌ت”، چونکه هه‌ر ئینسانێک له حه‌زی شارستانیه‌تێک دایه، به‌م پێیه ئێمه‌ش (نوێکاری) وه‌ک( شارستانیه‌ت) بۆیان مه‌عنا لێکده‌ده‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیشی له‌م نوێکارییه له‌گه‌ڵ ئێمه هاوکاری بکات.
وه‌ک ده‌بینین که رۆشنبیرانی ئێمه له رۆشنبیران و کاربه‌ده‌ستانی سه‌ده‌کانی هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌می بۆرجوازی و سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازی ئه‌وروپی زیاتر هه‌وڵیانداوه کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه له رووی به‌کارهێنانی که‌لوپه‌ل و شێوازی ژیان نوێ بکه‌نه‌وه.
ئینسانێک که له مه‌سره‌فدا نوێ بۆته‌وه، واته نوێگه‌ره، واته مه‌سره‌فی نوێی هه‌یه، وه‌ک دیاره ئه‌م به‌کارهێنانه نوێیانه خۆی دروستی ناکات-چونکه خۆی نوێ نییه، کۆمه‌ڵگاکه‌ی نوێ نه‌بۆته‌وه، خودی ئه‌و پیاوه یان ئه‌و ژنه نوێ بۆته‌وه- ئیدی ئه‌و که‌سه ناتوانێت له‌سه‌ر شێوازی ژیانی پێشوو بڕوات و که‌لوپه‌لی کۆن و جلوبه‌رگی خۆماڵی له به‌رکات(نوێگه‌ره!).
به‌م پێیه هێدی هێدی به‌و ماشینه ده‌به‌سترێته‌وه که که‌لوپه‌لی بۆ به‌رهه‌مدێنێ و چاوه‌ڕێی ده‌کات که ئه‌و نوێ بێته‌وه تا که‌لوپه‌لی دروستکراوی ماشین بکڕێت.
له زانکۆیه‌ک که له ئه‌وروپا ده‌رسم ده‌خوێند، له پڕێک بینیم تابلۆیه‌کیان هه‌ڵواسیوه و تیایدا نووسراوه ” ئێمه پێویستان به‌و قوتابیانه هه‌یه که کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسیان ته‌واو کردووه، بێن بۆ ئێمه کار بکه‌ن به موچه‌یه‌کی باش” ئه‌و ئاگادادرییه کارگه‌یه‌کی دروست کردنی سه‌یاره بڵاویان کرد بووه‌وه، من خۆشم به دوای کاردا ده‌گه‌ڕام و له هه‌مان کاتدا زۆر حه‌زم ده‌کرد بزانم که ئه‌و کارگه‌ی سه‌یاره دروست ده‌کات و ده‌فرۆشێت، ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵناس و ده‌روونناس چی بکات؟ مه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ به یه‌کێک ده‌رس بداته‌وه؟ تازه ئه‌گه‌ر بیه‌وێ به یه‌کێک ده‌رس بداته‌وه، پێویسته ده‌رسی ته‌کنیک و چاککردنه‌وه‌ی سه‌یاره بداته‌وه، نه‌وه‌ک کۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی! من چووم سه‌ردانیم کرد. گووتیان له‌گه‌ڵ ” ئیداره‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌کان په‌یوه‌ندی بکه” له‌گه‌ڵ ئه‌وان په‌یوه‌ندیم کرد و چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کردم و گووتی ” حه‌تمه‌ن پرسیار ده‌که‌ی تۆ که کۆمه‌ڵناسیت خوێندووه بۆچی تۆ بۆ ئێره بانگێشتن کراوی، چونکه وه‌ک باوه ده‌بێ قوتابیانی ته‌کنیکی بۆ ئێره بانگێشتن بکرێن نه‌ک تۆ” گووتم: به‌ڵێ. گووتی: من ده‌مه‌وێ ئه‌و پرسیاره‌تان بۆ روون بکه‌مه‌وه. خه‌ریته‌یه‌کی هه‌موو ئاسیا و ئه‌فه‌ریقیای هێنا و له‌سه‌ر خه‌ریته‌که ده‌ست نیشانی کرد، که : له‌و شارانه “ا” و”ب” و”ج” و “د’ ئه‌و سه‌یارانه‌ی ئێمه به‌کارهێنان و فرۆشی نییه و نازانین بۆچی؟ ناکرێ له ئهندایارهکهی پرسیار بکه‌ین، ئێمه مانانیش که تێیناگه‌ین، له‌و حاڵه‌ته ده‌بێ کۆمه‌ڵناسێك تێبگات که ئه‌و خه‌ڵکه چ سهلیقهیهکیان هه‌یه یان بۆچی ئه‌و جۆره سه‌یارانه‌ی ئێمه ناکڕن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بتوانین ره‌نگ و وه‌زعی سه‌یاره‌که‌مان بگۆڕین یان ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان نه‌توانی ئه‌وا ره‌نگ و سه‌لیقه‌ی ئه‌وان بگۆڕین تا ئه‌و سه‌یاره‌یه بکڕن! له‌پاشان نمونه‌یه‌کی هێنایه‌وه، ئه‌مه‌یان زۆر سه‌رنج راکێش بوو و یه‌کێک بوو له سه‌رکه‌وتنه گه‌وره‌کانیان: له که‌ناری روباری چاد له وڵاتی چاد له ئه‌فه‌ریقیا، شوێنێکی شاخاوی و دارستانی پیشاندا. له‌وێ چه‌ند قه‌بیله‌یه‌کی مه‌حه‌لی و کۆنی ئه‌و شوێنه که هێشتا به ته‌واوه‌تی جلوبه‌رگیان له‌به‌ردا نه‌بوو، له‌گه‌ڵ مێگه‌ل و گاڕانه‌که‌یان ده‌ژیان، له چه‌ند جێیه‌ک پیشانیدا که کۆمه‌ڵێک له گوند له‌وێ خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌روا ده‌ژیان، قه‌ڵاتێکی گه‌وره‌ش که هی سه‌رۆکی قهبیلهکهیه له ناوه‌ڕاستی گوندهکهدابوو، چه‌ند ماڵێکی دیکه‌ی جیاواز که له شه‌خسیه‌ته‌کانی ئه‌وێن- که‌سانێک چه‌ند مه‌ڕ وماڵاتێکیان هه‌بوو- له‌وێ بوون. له پاشان پیشانیدا که له‌و شوێنه‌ی ئه‌و قه‌بیله‌یه هێشتا قوتابخانه نییه، جاده نییه، خه‌ڵکی ئاسایی هێشتا جلوبه‌رگێکی وا باشیان نییه و ته‌نها پۆشاکێکی ئاسایی و ساده‌یان هه‌یه. هێشتا ماڵیان نییه، تێکڕای خه‌ڵکه‌که له قۆناغی رهشماڵنشینی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. له پاشان پیشانده‌دات که دوو ئۆتۆمۆبیلی زۆر نوێی”رینۆ” به قه‌راغی له زێڕ دروستکراو له به‌ر ده‌رگای ئه‌و قه‌ڵاته، قه‌ڵاتی خانێکی سێ هه‌زار ساڵ له مهوپێشه -که له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی قه‌بیله‌یی نیوه وه‌حشییه- به‌ستراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌یویست نیشان بدات که خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه سه‌رگه‌رمیان ئه‌سپه، خانی ئه‌م قه‌بیله‌یه و له‌گه‌ڵ خانی ئه‌و قه‌بیله‌یه شانازیان به یه‌کترییه‌وه ده‌کرد، له‌سه‌ر شانازییه شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کانیان پێشبڕکێیان ده‌کرد، هه‌روه‌ها له سه‌ر ئه‌سپه‌کانیان و سه‌گه‌کانیان و مێگه‌ل و مهڕهکانیانیشیان.. پێشبڕکێ و ململانێ‌یان بوو.
ئێمه که ناتوانین ئه‌سپ به‌رهه‌م بێنین، چونکه خۆیان ئه‌سپیان هه‌بوو و ئه‌سپسواریان ده‌کرد، هه‌رکه‌سێک باشترین ئه‌سپی هه‌بوو له هه‌مووان شۆره‌تی زیاتر بوو و هه‌موو حه‌سره‌تیان پێده‌برد، هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه‌یان بوو که ئه‌سپێکی باشتر له ئه‌سپی وی ئاماده بکه‌ن، هه‌ر بۆیه تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و نه‌ریته له‌وانه‌دا هه‌بێت، ئیدی ئه‌وانه سه‌یاره ناکڕن، به‌ڵکو ئه‌سپ ده‌کڕن، ئه‌سپیش ئێمه به‌رهه‌می ناهێنین به‌خۆی به‌رهه‌م دێت، ده‌بێ ئێمه کارێک بکه‌ین که ئه‌و سه‌یاره بکڕێت. هه‌روه‌ها ژنی سه‌رۆک قه‌بیله، به هه‌مان که‌تیره و شیله‌ی دار ودره‌ختی دارستانی ئه‌وێ خۆی ده‌ڕازانده‌وه به جوانترین شێوه خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه که ئه‌وان هه‌موو پهسندیانه، به جلوبه‌رگی خۆماڵی، هه‌روه‌ها به هه‌ڵپه‌ڕکێ و خۆراک و شه‌ربه‌تی خۆماڵی. به‌م پێیه نه خێزانی ئه‌و پێداویستییه‌کانی خۆرازاندنهوهی “کریستن دیور” ی پاریس ده‌کڕن و نه خۆیشی”رینۆ”ی پاریس ده‌کڕێت، که‌واته من هیچ کاتێک ناتوانم که‌لوپه‌له‌کانم بۆ ئه‌وێ ببه‌م. به‌هه‌رحاڵ له سه‌ره‌تادا کاری زۆر ویست تا ئه‌و کۆمه‌ڵناسه پسپۆڕه‌ی ئێمه بتوانێت له‌و شوێنه کارێک بکات. پێش ئه‌وه‌ی له‌وێ جاده دروست کرابێت، پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌وێ بکه‌ونه قۆناغی نیشته‌جێ بوون له شوێنێک، سه‌یاره‌یان بۆ بێت. یه‌که‌م جار سه‌لیقه‌ی وی له‌سه‌ر ئه‌سپ بوو، که دوو ئه‌سپی زۆر جوان و نه‌جیب و چاپوک له‌به‌ر ده‌رگای قه‌ڵاته‌که به‌سترا بووه‌وه، یان چاکترین سه‌گی راوی هه‌بوو….. ئێستا به جۆرێک سه‌لیقه‌ی ئه‌و پیاوه‌مان گۆڕی، واته نوێمان کرده‌وه، که له جیاتی ئه‌وه‌ی شانازی بکات و بڵێت “دوو ئه‌سپی نه‌جیب و زۆر جوانم له‌به‌ر ده‌رگای قهڵاتهکهم به‌ستۆته‌وه”، ئێستا شانازی ده‌کات که “دوو ئۆتۆمۆبیلی رینۆی به قه‌راغی له زێڕ دروستکراوم له‌به‌ر ده‌رگای قهڵاتهکهم به‌ستۆته‌وه”! گووتم: جاده‌یان له کوێ بوو؟ گووتی: جارێ به شێوه‌یه‌کی کاتی 7، 8 کیلۆمه‌تر جاده‌یان له ده‌وروپشتی قه‌ڵاته‌که دروست کردووه، له‌سه‌ره‌تادا که ئۆتۆمۆبیله‌که‌یان کڕی بوو، که‌مێک پێی ده‌ڕۆیشتن و هه‌ر له‌و شوێنه ده‌یانهێنا و ده‌یانبرد، پێیان له به‌نزین ده‌نا و خه‌ڵک کۆ ده‌بوونه‌وه و ده‌هاتنه ته‌ماشای، سایه‌قیان نه‌بوو، لێره بۆیان بردوون، سایه‌ق حه‌وت، هه‌شت مانگێک له‌وێ بوو مانگانه‌یان پێده‌دا. به‌نزینخانه نه‌بوو، له شوێنێکی دوور ده‌بوایه به به‌له‌م به‌نزین بۆ ئۆتۆمۆبیل بێنن!
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین که ئامانجی ئه‌و به شارستانی کردنی راسته‌قینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکانه نییه، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وان به مۆدێرن کراون. ئه‌و که‌سه‌ی که به ئه‌سپ شانازی ده‌کرد یان ئه‌سپسواری ده‌کرد، ئێستا به ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی خۆی شانازی ده‌کات و ئۆتۆمۆبیل سوار ده‌بێ. ئه‌و سه‌رۆکی قه‌بیله‌یه یان ئه‌و فه‌رده ئاسیای و ئهفهریقاییه له راستیدا به مۆدێرن بووه، به‌ڵام ده‌بێ زۆر ساده بین یان سه‌رپێی حوکم بده‌ین و بڵێین ئه‌و به شارستانی بووه!
نوێکاری برتییه له گۆڕینی دابونه‌ریته‌کان، به کارهێنانه هه‌مه جۆره‌کانی ژیانی ماددی، له کۆنه‌وه بۆ نوێ. بێگومان کۆنه‌که خودی غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان- هه‌ر که‌سێک له کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆی- دروستیان ده‌کرد، به‌ڵام نوێ ماشینه‌کانی سه‌ده‌کانی هه‌ژده‌هه‌م، نۆزده‌هه‌م و بیسته‌م دروستی ده‌کات.
به‌م شێوه‌یه، ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵکێکی دوور له کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپا نوێ بکه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نوێ ببنه‌وه به مۆدێرن بن، له پێشدا ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئایین شه‌ڕ بکه‌ین، چونکه ئایین ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به ئایینه‌که‌یه‌وه له خۆیدا شه‌خسیه‌ت هه‌ست پێ‌بکات. ئایین واته مهعنهویهتێک که هه‌ر که‌سێک خۆی به‌و مه‌عنه‌ویه‌ته به‌رزه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌عنه‌ویه‌ته سوک بکه‌ین و له‌ناوی ببه‌ین، ئه‌و ئینسانهمان- ئه‌و ئینسانه‌ی که خۆی به‌و مه‌عنه‌ویه‌ته به‌ستۆته‌وه- سوک کردووه، هه‌ر بۆیه ئه‌مه بوو له ناکاو له سه‌رانسه‌ری ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، بزاڤی دژایه‌تی کردنی ته‌عه‌سوب له رێی رۆشنبیرانی نێو خۆی ئه‌و وڵاتانه سه‌ریهه‌ڵدا.
فانون ده‌ڵێت: ئه‌وروپا ده‌یویست تێکڕای خه‌ڵک دوور له ئه‌وروپا ئه‌سیری ماشین بکات، ئایا ده‌کرێ ئینسان یان کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری، پێش ئه‌وه‌ی شهخسیهتهکهی لێداماڵرێت و لێبسه‌نرێته‌وه ئه‌سیری ماشین بکرێت، یان ئه‌سیری به‌رهه‌مێکی تایبه‌تی ئه‌وروپایی بکرێت؟ هه‌ر بۆیه له پێشدا ده‌بێ ئه‌و ئینسانه له شه‌خسیه‌ت دابماڵرێت.
ئه‌و شتانه چین که به کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک شه‌خسیه‌ت ده‌به‌خشێ؟ 1- ئایینی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه شه‌خسیه‌ت ده‌به‌خشێ 2- مێژووی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه شه‌خسیه‌ت ده‌به‌خشێ 3- فه‌رهه‌نگی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه، که کۆمه‌ڵێک حه‌ز و مه‌عنه‌ویات و ئه‌فکار و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه شه‌خسیه‌ت ده‌به‌خشێ.
من له سه‌ده‌ی نۆزده وه‌ک ئێرانییه‌ک هه‌ستم ده‌کرد که سه‌ر به شارستانیه‌تێکی مه‌زنی سه‌ده‌کانی 4 و 5 و 6 و 7 و 8 ی ئیسلامیم که له دنیادا بێوێنه بوو، تێکڕای جیهان له ژێر ته‌ئسیری شارستانیه‌تی ئێمه بوو، هه‌ستم ده‌کرد که سه‌ر به فه‌رهه‌نگێکی چه‌ندین سه‌ده‌م (زیاتر له بیست سه‌ده) که به شێوه‌ی جۆراوجۆر، فه‌رهه‌نگی تازه، مه‌عنه‌ویه‌تی تازه، ئه‌ده‌ب و هونه‌ری تازه‌ی له دنیای مرۆڤایه‌تی هێناوه‌ته ئاراوه و داهێناوه، یان سه‌ر به ئیسلامێکم که به‌رزترین و نوێترین و جیهانی ترین ئاینی دنیایه و ئه‌و هه‌موو مهعنهویهتهی هێناوه‌ته کایه‌وه، مێژوویه‌کی پڕ له سۆزی گه‌وره‌ی ئینسانی، پر له رووداوی مه‌زن، پڕ له‌و هه‌موو ته‌جره‌به‌ی که نه‌ژاده جیاوازه‌کانی که له ئیسلامدا به ده‌رکه‌وتوون، به ده‌ستیان هێناوه. سه‌ر به ئیسلامێکم که جوانترینی رۆحه‌کان و به‌رزترین روخساری ئینسانی په‌روه‌رده کردووه. من ده‌متوانی به ناوی ئینسانێک، له به‌رامبه‌ر دنیا و له به‌رامبه‌ر هه‌ر که‌سێک. له خۆم هه‌ست به شه‌خسیه‌تی ئینسانی بکه‌م. به‌م پێیه”من” ێکی ئاوها چۆن ده‌کرێ وام لێبکه‌ن وه‌ک ئاله‌تێک که ته‌نها نرخ و به‌هام ئه‌وه بێت که‌لوپه‌لی نوێ به‌کاربێنم؟ هه‌رگیز ناکرێ. ده‌بێ ئه‌و ئینسانه له شه‌خسیه‌ت و له‌و “من”انه و”من”کان و “من”ه‌کانی که له خۆم هه‌ست پێده‌که‌م لێی داماڵین، ده‌بێ وا هه‌ست بکات و باوه‌ڕی وا بێت که شارستانیه‌تی ئه‌وروپا، شارستانیه‌تی رۆژئاوا و نه‌ژادی رۆژئاوا، شارستانیه‌ت و فه‌رهه‌نگ و نه‌ژادێکی باشتره. ئه‌فه‌ریقا پێویسته باوه‌ڕی وا بێت که ئه‌فه‌ریقایی وه‌حشی بووه، تا وه‌سوه‌سه‌ی “به شارستانی بوون” له‌و په‌یدا بێت، و چاره‌نووسی به ساده‌یی له‌به‌ر ده‌ستی من دا بێت تا به شارستانی بکه‌م، و ئه‌و کاته‌یش ئه‌گه‌ر له جیاتی به شارستانی بوون، به مۆدێرنی بکه‌م، تێنگات!
ئه‌مه‌یه که له سه‌ده‌کانی 18 و 19 ده‌بینین، ئه‌فه‌ریقایی بوو به ئاده‌مخۆر و وه‌حشی، که‌چی شارستانیه‌تی ئیسلامی بۆ چه‌ندین سه‌ده له‌گه‌ڵ ئه‌فه‌ریقای ره‌ش سه‌روکاری هه‌بوو و هه‌رگیز ئه‌فه‌ریقایی وه‌ک ئاده‌مخۆر له‌کن موسڵمانه‌کان ناوبانگی نه‌بوو! ئه‌مه ئه‌وروپاییه که ده‌بێ ئه‌فه‌ریقایی بکات به ئاده‌مخۆر: ” ئه‌فه‌ریقایی و ره‌ش پێست بۆنێکی دیکه‌ی هه‌یه، به‌ڵکو هه‌ر له نه‌ژادێکی دیکه‌یه، ره‌ش پێست به‌شی خۆڵه‌مێشی خانه‌کانی مێشکی کار ناکات، کلکی خانه‌کانی مێشکی رۆژهه‌ڵاتی و ئه‌فه‌ریقایی- به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپایی – کورتتره” ! و ته‌نانه‌ت زانایانی پزیشکی و بیۆلۆژی سه‌لماندویانه که مێشکی رۆژئاوایی چینێکی خۆڵهمێسی زێده‌تری هه‌یه و که له هه‌ستی ئینسانی رۆژئاوایی و سپی پێست ده‌خاله‌ت ده‌کات، و له رۆژهه‌ڵاتی و ره‌ش نییه، هه‌روه‌ها خانه‌ی مێشکی رۆژئاوایی پاشکۆیه‌کی زێده‌تری هه‌یه، هه‌ر بۆیه زیاتر بلیمه‌ت و عاقڵ له‌وانه‌وه په‌یدا ده‌بێت و رۆژهه‌ڵاتی نیه‌تی، له پاشان ده‌بینین کولتورێکیان هێناوه‌ته دی که باشتری رۆژئاوا و شارستانیه‌ت و ئینسانه‌کانی ده‌رده‌خات، باوه‌ڕیان به ئێمه و دنیا هێناوه که له ئه‌وروپایی ئاماده‌یی عه‌قڵی به هێزتره و له رۆژهه‌ڵاتی نییه، له رۆژهه‌لاتی ئاماده‌یی ئیحساسی و عیرفانی به هێزه نه‌ک عه‌قڵی و ته‌کنیکی، له وه‌حشی و ره‌ش پێست سه‌ما و یاری و مۆسیقا و گۆرانی و نیگار و په‌یکه‌رسازی، به‌م پێیه دنیا دابه‌ش بووه: نه‌ژادێک که ده‌توانێ بیر بکاته‌وه، ته‌نها ئه‌وروپاییه، له یۆنانی کۆنه‌وه بگره تا ئه‌وروپای ئه‌مڕۆ، رۆژهه‌ڵاتی ته‌نها ده‌توانێ به باشی ئیحساس بکات و شیعر بنووسێت، یان هه‌ستی سۆفیانه و عیرفانی هه‌بێت، ره‌ش پێست ده‌توانێ به باشی جاز لێبدات، باش گۆرانی بڵێ و باش سه‌ما بکات. له پاشان ئه‌و رێبازه فکرییه که ژێرخانێکی ئیعتیقادی بوو که ده‌بێ بۆ به مۆدێرن کردنی کۆمه‌ڵگاکانی غه‌یره ئه‌وروپایی بۆ هه‌موو دنیا بخرێته روو، که له پاشان بوو به ژێرخانی فکری رۆشنبیران و خوێنده‌وارانی کۆمه‌ڵگاکانی غه‌یره ئه‌وروپایی واته رۆشنبیرانی ئێمه‌ش، دواتر ده‌بینین بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵێک شه‌ڕێکیان له‌و کۆمه‌ڵگایانه به‌ر پا کرد به نێوی شه‌ڕی نوێگه‌ری و پێشکه‌وتوخوازی، که ئهحمهقانهترین شه‌ڕێکه تا ئێستا ئینسان ده‌ستی دواهتێ.
نوێگه‌ری له چ شتێک؟ نه‌ک له فکر به‌ڵکو له مه‌سره‌ف، پێشکه‌وتن له چ شتێک؟ له شێوه و له مه‌سره‌ف، ئه‌م شه‌ڕه‌ش هه‌ڵبه‌ته به سوودی نوێگه‌ر ته‌واو بوو، و ئه‌گه‌ر به سوودی پێشکه‌وتووش- به‌م شێوه‌یه- ته‌واو ده‌بوو، دوباره به سوودی خه‌ڵک نه‌بوو، چونکه له‌م شه‌ڕه‌دا – شه‌ڕی نوێگه‌ر و پێشکه‌وتوو- ئاڵا هه‌ڵگره‌که‌ی ئه‌وروپایی بوو. به ناوی “به شارستانی کردن” شه‌ڕی”نوێکردنه‌وه” ده‌ستیپێکرد، له پاشان سه‌دساڵ و زیاتر له سه‌د ساڵ کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌فریقایی و غه‌یره ئه‌وروپایی و رۆژهه‌ڵاتی، له رێی خوێنده‌وارانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه، به رێی نوێکارییه‌وه چوون به‌به‌ره‌وه.
ئه‌و خوێنده‌وارانه چۆن دروست بوون؟ به داخه‌وه! سارته‌ر نیشان ده‌دات و ده‌ڵێت:
ئێمه ئه‌و لاوانه‌ی وڵاتانی ئاسیایی و ئه‌فه‌ریقایی ده‌سته ده‌سته کۆمان ده‌کردنه‌وه بۆ ئه‌مسته‌ردام و پاریس و له‌نده‌ن و به‌لجیکامان ده‌هێنان، چه‌ند مانگێک دهمانگهڕاندن، جلوبه‌رگه‌کانمان ده‌گۆڕین، خۆ جوانکردنیان ده‌گۆڕین، سه‌ما و رێوره‌سم و ئه‌ته‌کێت و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانمان فێر ده‌کردن، زمانێکی تێکشکاوی دهڵاڵانمان فێر ده‌کردن، له پاشان دهمانگهڕاندنهوه بۆ وڵاتی خۆیان، ئه‌وانه ئینسان نه‌بوون خۆیان بدوێن (ئینسان که‌سێکه خۆی بدوێت) بڵندگۆی ئێمه بوون: ئێمه لێره‌وه دروشمه‌کانی”ئینسانیه‌ت” و “یه‌کسانی”مان بانگه‌واز ده‌کرد له پاشان ده‌مانبینی که هه‌مان ئه‌و بڵندگۆیانهمان، که گه‌ڕاندومانه‌ته‌وه بۆ وڵاتی خۆیان، له‌وێ بانگه‌وازه‌کان و دروشمه‌کانی ئێمه ته‌قلید ده‌که‌نه‌وه (ئینسانیه‌ت، یه‌کسانی) به گوێی خه‌ڵکی خۆیان بگه‌یه‌نن. له پاشان هه‌مان ئه‌مانه له خه‌ڵکی خۆیان بگه‌یه‌نن که “ده‌بێ ته‌عه‌سوب نه‌هێڵین، ده‌بێ ئایینمان بخه‌ینه لاوه، ده‌بێ فه‌رهه‌نگی خۆماڵی و داڕزاوی خۆمان که ئێمه له کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی ئه‌وروپایی به دوا ده‌خات، بخه‌ینه لاوه و ده‌بێ له مێشکی سه‌ر هه‌تا نینۆکی پێ ببین به” فه‌ڕه‌نگی”! چۆن ده‌کرێ به ده‌رچوون و گواستنه‌وه ببی به فه‌ڕه‌نگی؟ مه‌گه‌ر شارستانیه‌ت که‌لوپه‌لێکه بتوانی له شوێنێک بیبه‌یه ده‌ره‌وه له شوێنێکی دی بیهێنیه ناوه‌وه؟ نوێکاری برتییه له کۆمه‌ڵێک که‌لوپه‌لی نوێ که ده‌کرێ له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک به ته‌واوه‌تی نوێ بکرێته‌وه، هه‌ر وه‌ک فه‌ردێک ده‌توانێ له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێک به ته‌واوه‌تی خۆی نوێ بکاته‌وه، هه‌تا نوێتر له ئه‌وروپایی خۆی! ئه‌گه‌ر مه‌سره‌ف و خۆجوانکردنی بگۆڕێ، ئه‌و نوێ ده‌بێته‌وه، ئه‌وانیش جگه له‌وه شتێکی دیکه‌یان نه‌ده‌ویست!
به‌ڵام به‌و ساده‌ییه ناکرێ به شارستانی، شارستانیه‌ت و فه‌رهه‌نگ ئه‌و که‌لوپه‌ل و ئامێرانه نییه که له ئه‌وروپاوه دروست کراوه، و گووتویانه که ئه‌وانه شارستانیه‌ته و هه‌ر که‌سێک له‌وانه‌ی هه‌بێت، به شارستانی بووه، و له پاشان ئێمه به هه‌ڵپه و ئاره‌زووه‌وه هه‌موو شتێکمان خسته لاوه، ته‌نانه‌ت شه‌خسیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌ویه‌تی خۆشمان، بووین به لێوێکی تینوو بۆ مژینی ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا له دهممانی ده‌نێ. ئه‌مه‌یه مانای نوێکاری! له پاشان ئینسانێک هاته کایه‌وه خاڵی له هه‌موو جۆره رابردوویه‌کی خۆی، بێگانه به مێژوو، بێگانه به ئایین، بێگانه له هه‌رچی نه‌ژادی ئه‌وه، که مێژووی ئه‌و و پێشینانی ئه‌و له‌م دنیایه دروستیان کردووه، بێگانه به تایبه‌تمه‌ندییه ئینسانییه‌کانی، ئینسانێکی ده‌ستی دووه‌م، ئینسانێک که مه‌سره‌فه‌کانی گۆڕاوه، به‌ڵام بیری نه‌ک نه‌گۆڕاوه، به‌ڵکو هه‌تا بیری دێرین و جوانیه‌کانی رابردووی خۆی و مه‌عنه‌ویاتێکی که هه‌یبوو، ئه‌وانه‌شی نه‌پاراست و له خۆی خاڵی کرده‌وه. وه‌ک جان پۆل سارته‌ر گووته‌نی: ئێمه له‌م وڵاتانه”ئه‌سیمیله”یه‌کمان هێناوه‌ته به‌رهه‌م وێکچووی رۆشنبیرانی خۆمان، نیوه خوێنده‌واری وه‌ک خۆمان، به‌ڵام نه خوێنده‌واره و نه رۆشنبیر، رۆشنبیر که‌سێکه که کۆمه‌ڵگه‌که‌ی و ئێش و ئازاره‌کانی ده‌ناسێ، خۆی ده‌توانێ چاره‌نوسی خۆی دیاری بکات، ده‌زانێ که کۆمه‌ڵگه‌که‌ی چییه، رابردووی چییه، مه‌عنه‌ویه‌تی چییه، شه‌خسیه‌تی خۆی ده‌ناسێ، و خۆی ده‌توانێ هه‌ڵبژێرێ، به‌ڵام ئێمه “ئه‌سیمیله” مان له‌م وڵاتانه هێناوه‌ته به‌رهه‌م، واته خه‌ڵکانێکمان به روواڵه‌ت له کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان هێناوه‌ته به‌رهه‌م که وه‌ک خۆمانن-ئه‌سیمیله- و ناویشیان هه‌ر هه‌مان ئه‌و ناوه‌یه که خۆمان هه‌مانه “رۆشنبیر”. ئیدی خه‌ڵکیش ته‌ماشای ده‌می ئه‌وانیان ده‌کرد، که ببینن رۆشنبیران چ ده‌ڵێن. رۆشنبیران له کۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپاییه‌کان چ که‌سانێک بوون؟ بریتی بوون له واسیته‌ی نێوان ئه‌و که‌سه‌ی که‌لوپه‌لی هه‌یه و ده‌یه‌وێ ساغی بکاته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکێک که ده‌بێ ببن به به‌کارهێنه‌ری ئه‌و که‌لوپه‌لانه. ئه‌م واسیته‌یه پێویسته زمانی خاوه‌ن که‌لوپه‌له‌کان تێبگات و بزانێ چی بکه‌ن، و زمانی خه‌ڵکیش تێبگات، ئه‌وه بوو که “رۆشنبیری وێکچووی” خۆماڵیان دروست کرد، که وێکچووی” رۆشنبیری ئه‌وروپاییه” ه: خۆی جورئه‌تی نییه هه‌ڵبژێرێت، و خۆی جورئه‌تی نییه ده‌ست نیشان بکات، خۆی جورئه‌تی نییه بڕیار بدات و به خۆشی نازانێ مانای خۆی چییه!
له پاشان خه‌ڵکانێک په‌یدا بوون، تا ئه‌و راده‌یه نزم و که‌م له رووی پله‌ی ئینسانیه‌وه: شه‌ربه‌تێک ده‌خواته‌وه، ده‌ڵێین تامی خۆش بوو یان ناخۆش؟ مۆسیقایه‌کی گوێ لێده‌بێ، ده‌ڵێن خۆش بوو یان ناخۆش؟ جلوبه‌رگێک ده‌پۆشی، ده‌ڵێین په‌سندی ده‌که‌ی یان نا؟ جورئه‌تی نییه که بڵێ ئه‌و شه‌ربه‌ته تامی خۆشه یان ناخۆش، ئه‌و مۆسیقایه خۆش بوو یان ناخۆش، ئه‌و جلوبه‌رگه په‌سندی ده‌که‌م و په‌سندی ناکه‌م. چونکه ئه‌وه خۆی نییه په‌سندی بکات، ده‌بێ به ئه‌و بگووترێ که ئێستا ئه‌م جلوبه‌رگه په‌سند بکه و ئه‌ویش په‌سندی ده‌کات و ئه‌گه‌ر بڵێین که ئه‌م ژه‌هره ماره که بۆ مه‌یل و چه‌شه‌ی تۆ ناگونجێ و ئه‌مڕۆ ئه‌وروپایی ده‌یخواته‌وه، ده‌بینین ئه‌ویش ده‌یخواته‌وه و جورئه‌تی نییه که بڵێ ئه‌وه‌م په‌سند نییه، چه‌شه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وه سازگار نییه و خۆشم ناوێ.
ئه‌مه‌یه که ده‌بینی، “کارۆلا گرابێرت” که پسپۆری وڵاتانی غه‌یره ئه‌وروپاییه، ده‌ڵێت: له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، زۆر له ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکییه‌کان که مۆسیقای (جاز) یان حه‌ز لێ نییه و رقیان لێیه، و هه‌ر کاتێک جاز لێده‌ده‌ن یان رادیۆ جاز لێده‌دا، ئه‌وان هاوار ده‌که‌ن که ” ئه‌م مۆسیقایه زۆر به ده‌نگه ده‌نگ و غه‌ڵبه غه‌ڵب و هاواره” به‌ڵام له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی و ئیسلامی هیچ موسڵمانێک جورئه‌تی نییه بڵێ که (جاز)م حه‌ز لێ نییه و په‌سندی ناکه‌م، ئه‌وه‌نده که جورئه‌تی هه‌بێ ره‌نگی جلوبه‌رگه‌که‌ی خۆی ههڵیبژێرێ و تامی شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه‌ی خۆی په‌سندی بکات، ئه‌وه‌نده جورئه‌تی نابێ هه‌بێ. وه‌ک فانون گووته‌نی: بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای غه‌یره ئه‌وروپایی ببن به لاسایی که‌ره‌وه‌ی ئێمه و هه‌ر کارێکی که ئێمه ده‌یکه‌ین ئه‌ویش وه‌ک مه‌یمون بیکاته‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌یه که بۆ ئه‌و بسه‌لمێنین که له‌گه‌ڵ ئینسانی رۆژئاوایی خاوه‌ن شه‌خسیه‌تێکی یه‌کسان نییه، ئایینه‌که‌ی و مێژوو و ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌که‌ی بێ قیمه‌ت بکه‌ین و ئه‌وجا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه بێگانه‌ی بکه‌ین. به‌م شێوه‌یه ئه‌وه‌ی که به ئینسان شه‌خسیه‌ت ده‌به‌خشێ: ئایین (واته ئیمانی ئینسانێک) فه‌رهه‌نگ (واته هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئینسانێک)، و رابردووه‌که‌ی (واته تێکڕای شانازییه‌کانی کۆمه‌ڵگه). یه‌که‌م: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه بێگانه‌ی بکه‌ین که نه‌زانێ ئه‌وانه چییه، دووه‌م: رق بوونه‌وه له هه‌موو ئه‌وانه له‌و ئینسانه په‌یدابکه‌ین، و باوه‌ڕی وا بێت که نزمتره له من، کاتێک ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له‌لا دروست بوو، ئیدی هه‌موو هیوا و ئاواته‌کانی ئه‌وه ده‌بێت که به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆی بکرێت خۆی به درۆ بخاته‌وه، واته له‌گه‌ڵ خۆی و ویژدانی خۆی و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی، خۆی داببڕێت، و ئیدی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک خۆی به خاوه‌نی که‌مایه‌تییه‌کی وا نه‌زانێت، واته خۆی به ئه‌وروپایی بچوێنێت، تا هه‌ر غه‌یره ئه‌وروپاییه‌ک لانی که‌م بڵێت” سوپاس بۆ خوا، من رۆژهه‌ڵاتی نیم، من توانیم خۆم له سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاییه‌ک نوێ بکه‌مه‌وه” ئه‌مه له کاتێک که غه‌یره ئه‌وروپاییه‌ک خۆشحاڵه که بۆته “شارستانی”، سه‌رمایه‌دار و بۆرجوازییه‌کانی ئه‌وروپا له نێو قوڵایی دڵیان‌دا پێده‌که‌نن که ئه‌و “بۆته به‌کارهێنه‌ری که‌لوپه‌له‌کانی من”!
سه‌رچاوه: ئه‌م نووسینه (تمدن و تجدد) به‌شێکه له کتێبێکی دکتۆر عه‌لی شه‌ریعه‌تی به نێوی (ویژهگیهای قرون جدید)، چاپ اول. زمستان 1361.