چەند نهێنییەک لەسەر ژیانی ئەو کەسانەی لەژێر دەسەڵاتی هیتلەردا ژیاون
خەندان-محەمەد تەیب
چەند وێنەیەکی دەگمەن، ڕاستی ژیانی خەڵک لەژێر دەسەڵاتی نازیەکان دەردەخات، لە چالاکی بەکۆمەڵی بەسوودەوە تا چەوساندنەوەی جولەکەکان و جەنگە یەک لەدوای یەکەکان.
پاش ئەوەی لە ساڵی 1933دا “ئەدۆڵف هیتلەر” هاتە تەخی دەسەڵات، هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەموو بوارەکانی ژیان چڕکردەوە، بەجۆرێک لە ماوەی چەند ساڵێكدا وا پێشبینی دەکرا کە هەموو کوڕە گەنجەکان بچنە ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی “گەنجانی هیتلەر” و کچانیش بچنە ناو ڕیزەکانی “خولی کچانی ئەڵمانیای مەزن.”
منداڵە کوڕەکان هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری جوڵەو سڵاوە سەربازیەکان دەکران، کچانیش لە تەمەنێکی زووەوە ئەوە دەچەسپێنرا لە مێشکیاندا کە دەبێت بە زوویی ببنە دایک و مناڵ بخەنەوە.
ئەگەر تەنها چاوێک بە وێنەکاندا بخشێنین وا تێدەکەوین کە منداڵەکان لەناو چەند چالاکیەکی جۆراوجۆردان و تەمەنی منداڵی بەڕێدەکەن، بەڵام بە وردبوونەوە لە وێنەکان ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەر لە زووەوە بیروڕای نازیزم لە مێشکیاندا دەچەسپێنرا.
لەلایەکی ترەوە جولەکە ئەڵمانیەکان بە نهێنی و ئاشکرا هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدا بۆئەوەی لە وڵاتەکە خۆیان دەربازبکەن، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر “دڕندانە” مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و دەچەوسێنرانەوە.
ئەم وێنانە، کە لە ئەرشیفی نەتەوەیی ئەڵمانی وەرگیراون، ئەوە دەردەخەن کە چۆن رەفتاری نازیەکان ژیانی گەنجانیشی گرتبووەوە.
لەدوای ساڵی 1935ەوە هەموو گەنجەکانی کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 25 ساڵاندا بوو، ناچاردەکران لە کەمپێکی سەربازی شەش مانگیدا بەشداربن، ئەوانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵانەوە بوو، هاوینان پاش کۆتاییهاتنی خوێندن دەنێردران بۆ ئەنجامدانی چالاکی دیدەوانی کە مەبەست لێیان ئاشناکردن بوو بە ژیانی سەربازی.
ئەو منداڵانەی نەخۆشیە زگماکیەکانی وەکو حاڵەتی “داون” و شەلەل دەماخیان هەبوو بە زۆر لە خێزانەکانیان دەسێنران و دووردەخرانەوە، بە بیانووی ئەوەی ئەگەر ئەم منداڵانە نەوە بخەنەوە کە هەڵگری هەمان حاڵەتی خۆیان بن، هەمان نەخۆشی دەبێت.
خاوەن کار و دووکانە جولەکەکان بە شەو و ڕۆژ دەستدرێژی دەکرایە سەریان و دروشمی نازیێتی و نووسراوی وەکو “جولەکە” لەسەر شوێنی کار و ژیانیان دەنووسرا.