له نێوان ئیسلامی بوون و كوردبووندا!!
كامه‌ران بابان زاده
خاوه‌نی دوو بڕوانامه له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ و له مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست.
خاوه‌نی سێ كتێبی نووسراو و چوار كتێبی وه‌رگێردراوه.
دوو كتێبی له‌ژێر چاپدایه و دوو كتێبی تر ئاماده‌ی چاپه.
سه‌دان وتار‌و و نووسینی له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان بڵاوكردۆته‌وه.
ئێستا خوێندكارى دكتۆرايه.
لێره‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی كاتی خۆی له ژماره (1)ی گۆڤاری (بوار) بڵاوم كرده‌وه به‌ناوی (جومگه ته‌با و ناته‌باكانی هه‌ردوو ڕه‌وتی ئیسلامی و ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان)(1)و دواتر بهدهستكاريی و ورده‌كاری زیاتر له كتێبی (حوار السلامی – العلمانی فی كوردستان) به زمانی عه‌ره‌بی دووباره بڵاوم كرده‌وه(2). له‌لای من ئه‌و بابه‌ته بابه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو. له به‌رواری 27/ 2/ 2016 به‌شداریم كرد له سيمینارێك كه سه‌نته‌ری زهوهاوی و یه‌كێتی نوسه‌رانی كورد له هه‌ولێر ئاماده‌يان كردبوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته كردن له بابه‌ت هه‌ردوو چه‌مكی ئایین و نه‌ته‌وه… دیاره ئه‌مه ته‌نیا دوو هه‌نگاو نه‌بووه و خاڵی وه‌ستانم دانه‌ناوه.. پێموایه زۆر هه‌ڵده‌گرێت… پێداویستیه‌كی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه بۆ ڕه‌وتی ئیسلامی له كوردستان و بۆ بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی میلله‌تی كورد.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كار له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه ده‌كه‌م، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه گه‌یشتمه زۆر ئه‌نجامی گرنگ لێره‌دا به چه‌ند خاڵێك ده‌یخه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م/ شوناسی ئایین له‌گه‌ڵ شوناسی نه‌ته‌وه:
ئایین له‌ناو مهوسوعهكان وا پێناسه كراوه، كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و بیروباوه‌ڕه ده‌رباره‌ی ژیان و گه‌ردوون، به‌دیهێنه‌ر و به‌دیهێنراو، لێره ده‌بێته په‌یڕه‌و و ڕێنمایی بۆ ئه‌خلاق و ئاكار و هه‌تا ده‌گاته شێوازی پێكه‌وه‌نانی خێزان و په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كان و تاكه‌كان و ده‌رووبه‌ر.
ئایین له زمانی كوردی له (دین)ی زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێراوه، (دین)یش له زمانی عه‌ره‌بی سه‌ره‌ڕای هاوشێوه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسه‌یه خستمانه‌ڕوو، مانا و مهدولولی دیكه‌ش وه‌رده‌گرێت، ئه‌وجا (ئاين) ته‌نیا له‌و دینه ئاسمانیيه بێگه‌رد و ڕاستی و ڕه‌هایه كورت هه‌ڵنایات، كه خوای گه‌وره بۆ مرۆڤه‌كانی ناردووه، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه بڕوادارن و خاوه‌نی ئایینن، به‌ڵكو:
1-به هه‌موو ئه‌و به‌ها و بيروباوه‌ڕه ده‌وترێت كه مرۆڤه‌كان، پیاوچاكان ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه و خورافه‌ش له قۆناغه جیاوازه‌كان هێناویه‌تی.
2-ئه‌و خوێندنه‌وه و زیاده‌یه‌ش كه له ڕووی موماره‌سه یان نوسین و ده‌قه‌وه له دینێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام نێردراوی په‌روه‌ردگار یان فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ران(سه‌لامی خوایان لێبێت) پێی ده‌وترێ ئاين، ئه‌مه و زۆر مانا و گوزراشتی دیكه‌ش(3).
كه‌واته ئێمه لێره‌دا ده‌گه‌ینه دوو به‌رئه‌نجامی گرنگ:
یه‌كه‌میان/ ئاين بۆئه‌وه‌ی فه‌رمایشتی خوای گه‌وره و پێغه‌مبه‌ران(سه‌لامی خوایان لێبێت) جیابكرێته‌وه و پاك بكرێته‌وه له‌و كه‌له‌پوور و زیاده‌یه‌ی له ئاكامی خوێندنه‌وه بۆ وه‌حی دروست به نادروستی یان به ناواقیعی تێكه‌ڵی بووه جیابكرێته‌وه و به به‌رده‌وامی ئاگاداری زه‌مان و مه‌كانی سه‌رده‌می خۆی بێت پێویستی به نوێبوونه‌وه هه‌یه، پێغه‌مبه‌ری خوای ده‌فه‌رموێت(إِنَّ الڵّهَ ێبْعَپُ لِهَژِهِ الْأُمَّهِ عَڵی ڕأْسِ كُلِّ مِائَهِ سَنَهٍ مَنْ یُجَدِّدُ ڵهَا دِینَهَا)(4) كه‌واته لێره‌دا، ئاينى خوای گه‌وره و ئاينى دیكه‌ش هه‌یه، خوای گه‌وره ئاينهكهی له‌گه‌ڵ ئاينى غه‌یری خۆى جیاده‌كاته‌وه.
دووه‌م/ ئاين له ناوه‌ڕۆكدا هه‌مووی باش نیه، ئاينى باش و ئاينى خراپ هه‌یه، وه‌كو ربعی كوری عامر به ڕۆسته‌می وت: (الله ابتعپنا لنخرج من شا‌و من عباده العباد إلی عباده الله، ومن چیق الدنیا إلی سعتها، ومن جور اڵادیان إلی عدل الإسلام، فأرسلنا بدینه إلی خلقه لندعوهم إلیه، فمن قبل ژلك قبلنا منه ورجعنا عنه، ومن أبی قاتلناه أبدا حتی نفچی إلی موعود الله)(5) كه‌واته ئاين هه‌ندێ جار ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی زوڵم و هه‌ندێ جار ده‌بێته فریادڕه‌س بۆ لابردنی زوڵم.
لێره‌دا مه‌به‌ستمه بڵێم كه باس له ئاين ده‌كه‌ین تاكی مسوڵمانی وا لێ ڕاهاتووه، یه‌كسه‌ر زیهنی بۆ لای ئیسلام ده‌چێت، یان بۆ لای ئاینی مه‌سحی یان ئاینی جوله‌كه، ئه‌مه له‌كاتێكدا دیدی ئاینی لای لایه‌نگرانی ئه‌م ئایینه سهرهكیهش تۆزێك جیاوازی هه‌یه. بۆ نمونه نوسه‌رانی ئه‌وروپی بۆ ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ناویان لێناوه (ده‌وڵه‌تی ئاينى) به وردهكاریيهوه له ئاینی ئیسلامدا نیه(6).
نه‌ته‌وه وه‌ك ناسیونالیزم و كاركردن بۆ ده‌وڵه‌ت تایبه‌ت به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو، دیارده‌یه‌كی تازه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی 19ی ئه‌وروپا و نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 19ی ئاسیا و ئه‌فریقیا و جیهانی ئیسلامیيه.
بیردۆز زۆر له‌سه‌ر نه‌ته‌وه و بنه‌ماكانی، به‌ڵام به‌كورتی، به كۆمه‌ڵێك له مرۆڤه‌كان ده‌وترێت كه: زمان، خاك، كولتووری هاوبه‌ش، مێژوو و چاره‌نووسی هاوبه‌ش پێكه‌وه‌ی گرێداون. به‌ئه‌ندازه‌ی داكۆكیان له خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیان و دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خه‌سڵه‌ته هاوبه‌شه، بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی و شوناسی نه‌ته‌وه‌بوون تۆخ ده‌بێته‌وه.
نه‌ته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی ئایین ئینتیمایه بۆ ڕه‌گه‌ز و خاك و شوناس و مێژوو و كولتووری هاوبه‌ش، ئایین ئینتیمایه بۆ بیروباوه‌ڕ و ڕێبازی خواناسی و ئاكار و چوارچێوه‌یه‌كی عه‌قائیدی.
دووه‌م/ مسوڵمان بۆ كورد نه‌بۆته شوناسی جیاكه‌ره‌وه: ئایینی دیاریكراو یان مه‌زهه‌بی دیاریكراو لای هه‌ندێك له نه‌ته‌وه‌كان بۆته فاكته‌رێكی گرنگ بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يى، یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی كردۆته سه‌رده‌سته به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دی. داكۆكی و پاراستن و په‌ره‌پێدانی ئایین له یه‌ك كاتدا بۆته داكۆكی له ئایین و بۆته داكۆكی له به‌هێزكردنی پایه‌كانی حوكمڕانی بۆ نه‌ته‌وه له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه.
مه‌زهه‌بی ئه‌رسه‌دۆكسی له‌ناو سێ مه‌زهه‌به سه‌ره‌كیه‌كه‌ی مه‌سیحیه‌ت، خزمه‌تی گه‌وره‌ی به گه‌لی ڕووسی كردووه، ناكۆكی نێوان كه‌نیسه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، به‌خێر گه‌ڕا بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی گه‌لی ڕووسی و پاراستنی قه‌واره‌یه‌ك به‌و ناوه.
مه‌زهه‌بی كاسۆلیكی بووه به‌شێك له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌ویی فه‌ڕه‌نسی و كه‌نیسه‌ی (ئهنگلیكانی – پڕۆتستانتی)بووه به‌شێك له شوناسی بهریتانیيهكان و له ئه‌وروپای دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی كارولۆنجی و میرۆفنجی و دابه‌شبوونی ئه‌وروپا به‌سه‌ر كولتووره لۆكاڵیيهكان، له ڕۆژئاوا نمونه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا زۆره.
له ڕۆژهه‌ڵاتيش مه‌زهه‌بی شیعه بووه بنه‌ما بۆ پته‌وبوونی پایه‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ فارسه‌كان. به‌ڵام خه‌سڵه‌ته‌كانی دینداری كورد ئه‌و جیاكاريیهی نه‌بووه له به‌رانبه‌ر گه‌لانی ده‌ورووبه‌ری، له ڕووی مه‌زهه‌ب و شێوازی دینداری تێكه‌ڵ به ئاڵوگۆڕی كاریگه‌ری نێوان شاره‌كانی كوردستان و ئه‌سته‌نبوڵ و به‌غدا و دیمه‌شق و شاره‌كانی دیكه‌ی دراوسێ ژیانی ئاینی و ته‌نانه‌ت سیاسی و فه‌رهه‌نگیشی به‌ڕێكردووه..
ئایین به‌شداری له بونیادی شارستانیه‌ت و ژیار و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه ده‌كات، ئاینی ئیسلام بهشداریيهكی زۆر باشی كردووه له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ژیار و فه‌رهه‌نگی كوردی، له به‌رانبه‌ردا كورد به‌شداری كاریگه‌ری هه‌بووه له فه‌رهه‌نگ و ژیاری ئیسلامی، ئه‌م بهشداريیه ده‌كرا هاوكاربوایه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی؟ ئه‌مه پرسیاره جدیه‌كه‌یه..
مادام شێوازی موماره‌سه‌ی ئیسلامه‌تی كورد خاڵی جیاكاريیهكانی له ڕابردوو بایی ئه‌وه نه‌بووه، كورد به خه‌سڵه‌تی جیاواز له نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری دینداری بكات، ئه‌وه زه‌حمه‌ت بووه مسوڵمانبوون به‌شداربێت له گه‌ڵاڵه‌بوونی فیكری داڕشتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه. ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو بۆته بابه‌ت له‌ناو به‌شێك له نوخبه‌ی ڕۆشنبیرانی كورد ئه‌ویش ئیسلامی خۆماڵییه.
له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده هاوكاتی به هێزی میرنیشینه كوردیيه‌كان و به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی عوسمانی له‌لایه‌ن ئه‌و میرنیشینانهوه، هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادری به ڕووخساری خۆماڵی و له‌سه‌ر ده‌ستی دوو مه‌رجه‌عیه‌ی گه‌وره مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی و شێخ مارف نۆدێی. لێره‌وه كوردستان بووه سه‌رچاوه‌ی دیدێكی تازه بۆ ئایین و ئیسلامه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه نه‌بووه هه‌وێن بۆ دیدی فه‌رمی هیچ میرنشینێكی كورد، هه‌تا به‌شداربێت له داڕشتنی كولتووری قه‌واره بۆ كورد.
شێخ عوبێدوڵڵای نه‌هری 1880 – 1881 له یه‌ك كاتدا یه‌كه‌م ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی و ڕابه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بووه، ئه‌مه بۆ شێخ سه‌عیدی پیران له 1925 و بۆ شێخ مه‌حمود وه‌ك ڕابه‌ری ته‌ریقه‌تی قادری ڕاسته، به‌ڵام ئه‌مانه نه‌بوونه تێزی بیركردنه‌وه‌ی كورد و به‌رجه‌سته نه‌بوون له مه‌یدانی دهوڵهتداريی و زوو خامۆش كرانه‌وه، دوای ئاوێته‌بوونی كۆمه‌ڵه و ڕابه‌ره سیاسییه‌كانی كورد به ئه‌فكاری ڕۆژائاوا و ده‌رچوون له كولتووری ته‌ریقه‌ت و ئاینداری وه‌ك بزوێنه‌ری به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌ش و ڕووتی كورد بۆ شۆڕش و ڕاپه‌ڕین ئه‌و هه‌له‌ی له ده‌ست كورددا(7).
گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رله‌نوێی بزاڤی ئیسلامی له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه بۆ ئێستا و به‌شداری له بزاڤی كوردایه‌تی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه. ڕاسته ئه‌و بزاڤه به‌شداری كردووه له خه‌باتی چه‌كداری دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له ئاشناكردنه‌وه‌ی تاكی كورد به ئیسلام، به‌ڵام بێویژدانی پارت و بزاڤه عه‌لمانیه‌كان به‌رانبه‌ر ئایین و كاریگهريیهكانی له كۆمه‌ڵگای كوردی، وایكردووه كاردانه‌وه‌ی سلبی له‌سه‌ر بزاڤی ئیسلامی به‌جێبهێڵێت.
ده‌رگای واڵای كوردستان به ڕووی كاریگهريیهكانی دنیای ئیسلامی كه ئه‌مه بۆ ڕه‌وته چه‌پ و عه‌لمانیه‌كانیش ڕاسته ده‌رفه‌تی پێكه‌وه كاركردنی له‌سه‌ر یه‌كخستنی شوناسی ئیسلامیه‌تی و كوردایه‌تی ته‌سك كردۆته‌وه. دوای ماندووبوون له به‌ریه‌ككه‌وتن له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو ئه‌م چه‌ند ساڵێكه ده‌رفه‌ت بۆ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و كاری هاوبه‌شی سیاسی و فیكريی و كۆمه‌ڵایه‌تی هاتۆته‌دی. لێره‌وه سه‌ره‌تاكانی بیركردنه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌تی خۆماڵی و ئیسلامه‌تی خۆماڵی هاتۆته به‌رباس. له كوردستان قه‌یرانی فیكری عه‌لمانی هه‌یه بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و له مه‌یدانی واقیعدا تووشی نوشستی بووه و ئه‌وه‌ی تاقی نه‌كراوه‌ته‌وه به‌رجه‌سته‌كردنی به‌شداری فیكری ئیسلاميیه بۆ ده‌وڵه‌ت و قه‌واره له كوردستان، به‌ڵام بابه‌تی به‌شداری ئیسلامی له پڕۆسه‌ی كوردبوون و بزاڤی كوردایه‌تیش بێ ئاریشه نیه.
سێیه‌م/ گرێ مێژووییه‌كانی بزاڤی كوردایه‌تی به‌رانبه‌ر مسوڵمان بوون: ئه‌و گرێ دهروونيیه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستیپێكردووه، گۆڤار و بڵاوكراوه‌كانی نزیك له كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوه كورديیه‌كان به تایبه‌ت گۆڤاری (كورد) زمانحاڵی كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی پڕیه‌تی له‌و جه‌ده‌له.
لێكترازانی بزاڤی كوردایه‌تی له‌سه‌ر گرێى مسوڵمان بوون و كوردبوون له‌و كاته ناسكه‌دا ده‌ستیپێكرد، ئیتیحاديیه توركه‌كان دوای كۆده‌تای 1908 به‌سه‌ر سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م كه‌وتنه سیاسه‌تی به تورككردن و كوردیان له هاوكێشه‌كه خسته ده‌ره‌وه. نوخبه‌ی كوردی له جیاتی ئه‌وه‌ى به یه‌كپارچه‌یی به‌ره‌نگاری مه‌ترسی ئیتحاديیه توركه‌كان ببێته‌وه، سه‌ره‌تا دابه‌ش بوو به‌سه‌ر ڕه‌وتی دینداريی و عه‌لمانیه‌ت دا، پاشان شه‌ڕ فرۆشتن به پیتی ئه‌بجه‌دی و سیما و خه‌سڵه‌ته ئیسلاميیه‌كان، له به‌رانبه‌ردا ڕه‌وتێك كه‌وته داكۆكی له به‌ها ئیسلامیيه‌كان، سه‌عیدی نورسی كه ئه‌وكات به‌ناوی مه‌لا سه‌عیدی كوردی ده‌ینووسی، ناوێكی دیاری ناو گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه. لێره‌وه ده‌یان ڕێكخراو و گرووپ له جیاتی قوڵكردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی ته‌بایی بهتوندڕهويی و كورتبینی كه‌وتنه درزخستنه ناو بزاڤی كوردایه‌تی، به نه‌فامی كه‌وتنه هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو.
جه‌معیه‌تی ته‌عالی كوردستان كه له دوای كوده‌تای 1908ی ئیتیحاديیهكان ڕابه‌رایه‌تی بزاڤی سیاسی و فه‌رهه‌نگی كوردانی له‌ئه‌ستۆگرتبوو، دابه‌ش بوو به‌سه‌ر لایه‌نگرانی ڕه‌وتی دینداري ی به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عه‌بدولقادری نههريی و ڕه‌وتی عه‌لمانیه‌ت به ڕێبه‌رایه‌تی كۆڕانی به‌درخانیه‌كان.
ڕاسته شێخانی ته‌ریقه‌ت ڕابه‌ری شۆڕشه میللیه‌كانی كوردبوون به‌رانبه‌ر داگیركاران وه‌ك: شێخ عوبێدوڵڵا، مه‌لا سه‌لیمی به‌دلیسی، ئیبراهیم پاشای میللی، شێخ عهبدوسهلامی بارزان، شێخ سه‌عیدی پیران و ئه‌وانی دیكه كه ئه‌وكاری دینداریه‌كه گوازرابۆوه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی هه‌ندێك له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و داواكاريی و یاداشتهكانش خاڵی نه‌بوون له داواكاری دیندارانه، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا ڕه‌وتێكی عه‌لمانی توندڕه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌وتی فه‌رهه‌نگی و ته‌شكیله‌ی پارت و ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بوو، كه به‌جدی ڕێگربوون له ئاوێته‌بوونی كاریگه‌ری شه‌ریعه‌ت و ئاكاری ئیسلامی به‌سه‌ر ڕه‌وتی كوردایه‌تی. كاریگه‌ری شۆڕشی فه‌ره‌نسی و كوده‌تای 1917ی ڕووسیا و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری نازیهكانیش له كوردستان لایه‌نگرى گه‌رم وگوڕی هه‌بووه.
ئه‌م گرێ مێژووییه به‌ئه‌ندازه‌ی نه‌یاری به‌رانبه‌ر دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد دژایه‌تی كولتوور و به‌ها ئیسلاميیه‌كانی كردووه، له پڕۆسه‌ی فتوحاتی ئیسلامییه‌وه ده‌ستی نه‌بواردووه هه‌تا ده‌گاته ڕه‌مزه‌كانی دینداری له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی كورد. له ئیدرسی به‌دلیسیه‌وه ده‌ستیپێكردووه بۆ مه‌لای خه‌تی و له‌وێوه بۆ شێخ مه‌حمود(8).
چواره‌م/ هه‌ڵه‌ی باو له‌م مه‌یدانه‌دا: له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هه‌ندێك پرسیار و بابه‌ت زۆر به هه‌ڵه ده‌خرێنه به‌رباس كه پێویسته لێره‌دا قسه‌یان له‌باره‌وه بكه‌ین وه‌ك:
یه‌كه‌م/ ئاين وه‌ك بیروباوه‌ڕ یه‌كێكه له پێداویستيیه‌كانی مرۆڤ، مسوڵمان بوون ئینتیمایه بۆ باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌تى مرۆڤ، له‌و ڕوانگه‌وه جۆره ئیلتیزامێك ده‌كه‌وێته سه‌رشانی تاك، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌یه له ئه‌و ئاينه‌وه وه‌ریگرتووه كه باوه‌ڕی پێی هه‌یه.
ئاين به‌دیلی ئاينه، به‌و مانای مرۆڤ ناتوانێت له یه‌ك كاتدا مه‌سیحی بێت و مسوڵمانیش بێت، ناتوانێت مسوڵمان بێت و ئینتیمای بۆ ئاينێكى تر هه‌بێت. له به‌رانبه‌ردا نه‌ته‌وه واته گردبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه كه‌سانێك و ئینتیمایان بۆ گرووپێك له مرۆڤه‌كان كه له ڕه‌گه‌ز و خاك و مێژوو و كولتوور و زمان هاوبه‌شن. كه‌واته كوردبوون جیاوازه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ببوون و ئه‌ویش جیاوازه له‌گه‌ڵ توركبوون و فارسبوون و فه‌ڕه‌نسی بوون، ناكرێت له‌یه‌ك كاتدا مرۆڤه‌كان ئینتیمایان بۆ دوو نه‌ته‌وه هه‌بێت. نه‌ته‌وه به‌دیلی نه‌ته‌وه‌یه، به‌و مانایه‌ی تۆ له ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ته‌وه ته‌نیا ده‌توانی كورد بى، كاتێك خۆت به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه دانا ئه‌وه شوناسی كوردبوونت لێوه‌رده‌گیرێته‌وه.
ئه‌و پێشه‌كیه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو، ده‌مه‌وێت بڵێم هیچ پرسیارێك له‌و پرسیاره بێ مانا و ناواقیعی تر نیه، قسه له‌سه‌ر ئه‌وله‌ویانی مرۆڤه‌كان بكرێت له نێوان ئیسلامی بوون و كوردبوون، “تۆ پێش ئه‌وه‌ی كورد بى ئیسلامی یان پێش ئه‌وه‌ی ئیسلامی بی كوردی؟” پرسیارێكی بێ مانایه، له ڕووی مومارهسهشهوه، كه‌سێك بیه‌وێت بایه‌خی نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی هه‌بێت و پێیوابێت ناتوانێ یان ناكرێت بایه‌خی دینداری هه‌بێ یان به‌پێچه‌وانه‌وه.
ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره‌ی: تۆ پێش ئه‌وه‌ی كورد بی مسوڵمانی یان پێش ئه‌وه‌ی مسوڵمان بی كوردی؟ به‌م شێوه‌یه ڕوون بكرێته‌وه:
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له (پێش) ڕه‌هه‌ندی مێژووییه؟ ئه‌وه پێش هاتنی ئاینی ئیسلام كورد هه‌بووه، كه ئیسلام هاتووه كورد له‌سه‌ر خاكی خۆی ژیاوه، وه‌ك كورد ژیاوه، كه‌واته كوردبوون له پێش هاتنی ئیسلامه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه له ڕووی ئهولهویاتهوهیه.. واته كامه‌یان له پێش ئه‌وه‌ی تر جێی بایه‌خه ئه‌وه نابێت و پرسیارێكی هه‌ڵه‌یه.
دووه‌م/ فارس و عه‌ره‌ب و تورك بۆ دورستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سوودیان له ئیسلام وه‌رگرتووه ته‌نیا كورد نه‌بێ(10).
لێره‌وه ده‌پرسین كام ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ ئیسلام بۆی دروستكردوون، یان ئه‌وان به سوودوه‌رگرتن له ئیسلام دایانمه‌زراندووه؟
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له به‌رئه‌نجامی ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجاری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستبوو. لێره‌وه نه ده‌وڵه‌تی سوریا و نه ده‌وڵه‌تی عێراق و نه ئه‌وه‌ی ئوردن بۆ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ئیسلامه‌تی دروستبووه، نه ده‌وڵه‌تی توركیاى كه‌مالیه‌كان و نه ده‌وڵه‌تی په‌هله‌وی. قسه‌كردن له‌سه‌ر عه‌لمانیه‌تی ئه‌و قه‌وارانه و كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ئه‌وروپی وابزانم ڕوونكردنه‌وه‌ی ناوێت، ئه‌ی كه‌واته كامیان ئیسلام ده‌ستی له دامه‌زراندنیاندا هه‌بووه؟، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی هه‌ندێك له كورده‌كان بێت له‌لایه‌ن كهمالیهكانهوه به‌ناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی برایه‌تی عوسمانی و دوایی وا ده‌رنه‌چوو، ئه‌وه پێش هه‌مووان با كورد گله‌یی له مێژووی خۆی بكات.
باشه با به دیوێكی تر بابه‌ته‌كه ڕوون بكه‌ینه‌وه، مادام نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ر سوودیان له ئیسلام وه‌رگرتووه كه‌واته ده‌كرێت سوود له ئیسلام وه‌ربگیرێت بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی.. ئه‌دی بۆ كورد سوودی لێوه‌رنه‌گرت؟ كه‌واته لۆمه‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كورد خۆی و كه‌س له‌و بواره‌دا خێری پێ ناكات.. خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه، ئه‌ی بۆچی له ئێستادا ئه‌و بیرۆكه‌یه زیندوو نه‌كرێته‌وه سوود له ئیسلام وه‌ربگیرێت بۆ دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟ باشه پرسی كورد له 1991 وه هه‌تا ئێستا تاوانی ڕه‌وتی ئیسلامی چی بووه تێيدا؟ له‌كاتێكدا واقیعی حوكمڕانی به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ربه‌خۆيی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاو ده‌هاوێت؟
پێنجه‌م/ ئیسلامی بوون چی له كوردایه‌تی ده‌وێت و به پێچه‌وانه‌وه: ئه‌وه‌ی كه‌متر زۆرترین گله‌یی و گازانده‌ی له‌سه‌ر هه‌یه له‌ناو نوخبه‌ی سیاسی و ڕۆشنبیری كورد، ئه‌و دوو ویسته‌یه، ئایا بزاڤی كوردایه‌تی و نوخبه‌ی سیاسی كورد چی له ئیسلام و ڕه‌وتی ئیسلامی ده‌وێ؟ ئایا ئیسلام و ڕه‌وتی ئیسلامی له كوێدا كۆسپه له به‌رده‌م پرسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌تا پێداچوونه‌وه به خۆیدا بكات؟
له به‌رانبه‌ردا ڕه‌وتی ئیسلامی ده‌یه‌وێت كێشه‌ی كورد و بزاڤه‌كه‌ی به‌ره‌و كوێ ببات؟ ئایا ئه‌و ئاڕاسته‌ی ئه‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كات دڵنیایی داوه‌ته ڕه‌وتی جیاواز له خۆی له بزاڤی كوردایه‌تی كه ئه‌ویش له دیدی فیكريی و ئاكاری خۆيه‌وه خزمه‌تى یه‌ك قه‌واره و یه‌ك ئامانج و یه‌ك خه‌ون ده‌كات؟
ده‌بێ مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لان دیده جیاوازه‌كان به‌شداری تێدا بكه‌ن، دوای ئه‌وه پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و حوكمڕانیه‌تی ته‌ندوست به‌شداری هه‌مووان له داڕشتنی قه‌واره‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ هه‌مووان یه‌كده‌خات. مێژووی ئه‌و بزاڤانه بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌یه‌ك ئایدۆلۆژیا و فیكری سیاسی ئه‌نجامدراون و فره‌ییان قبوڵ نه‌بووه، دوای ئازادی و دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سیاسی كاره‌ساتیان به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ی خۆیان دا هێناوه.
به‌هاكانی مافی هاوڵاتیبوون و ڕێزگرتن له فره‌یی و پێشبڕكێ له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی بۆ ئاڵۆگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌و چه‌مكانه‌ن هه‌مووان كۆده‌كاته‌وه، ئه‌وكات ڕه‌وتی كوردایه‌تی ده‌زانێت چی له ڕه‌وتی ئیسلامی ده‌وێ و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌زانێت خاڵه به‌هێز و جهوههريیهكانی ئه‌و ڕه‌وته له‌كوێدایه بۆ خزمه‌ت به میلله‌ت و قه‌واره سیاسییه‌كه‌ی و خه‌ونه‌كانی ئایینده. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕه‌وته‌كانی كوردایه‌تی كه هه‌ر له ئێستاوه گه‌رای دیكتاتۆریه‌تی سیاسی و ئایدۆژيیان ئاماده‌كردووه بۆ دوای سه‌ربه‌خۆیی نایانه‌وێت سوود له ڕه‌وتی ئیسلامی و كولتووره‌كه‌ی وه‌ربگرن.
له به‌رانبه‌ردا ڕه‌وتی ئیسلامی ده‌بێت له ته‌جاوزی ده‌ربێ، په‌نجه‌ی نه‌رم بێ بۆ لێكتێگه‌یشتن له به‌رانبه‌ر خواست و خه‌ونه‌كانی نه‌ته‌وه. ته‌نیا چاوی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی سیاسی نه‌بێت، له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ كولتووری كورد له دینداريی و ئاشنابوون به خه‌ونه‌كانی كوردبوون، چیرۆكه‌كانی چه‌وسانه‌وه‌ی میلله‌تێك و زاڵمیه‌تی نه‌یاره‌كانی جارێكی تر ئه‌ده‌بیاتی خۆی دابڕێژێته‌وه.
ئیسلامیه‌تی نالی و حاجی قادر و مه‌وله‌وی و ته‌ریقه‌ت و ڕێبازه‌كانی سۆفیگه‌ريی و خه‌ون و چیرۆكه‌كانی ئاوێته‌بوونی ئیسلام له‌ناو كۆی كایه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بی كورد و شۆڕشه‌كانی كورد و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو كه ئه‌وه‌نده زۆره له ژماره نایه‌ت، ئه‌م كولتووره ده‌وڵه‌مه‌نده پێش ڕه‌وتی عه‌لمانیه‌تی كوردی له‌لایه‌ن ڕه‌وتی ئیسلامی خۆیه‌وه نادیده گیراوه. لێره‌وه بۆته كۆسپی گه‌وره له به‌رده‌م گه‌ڵاڵه‌بوونی بنه‌ماكانی ئیسلامی خۆماڵی.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
(1) كامه‌ران بابان زاده: چه‌مكه ته‌باو ناته‌باكانی هه‌ردوو ڕه‌وتی ئیسلامخوازی و ناسیونالیستی كورد، گوڤاری بوار، ژ(1)، هاوینی 2009.
(2) ئێستا ئه‌م كتێبه كراوه‌ته كوردی به‌ناوی (گفتوگۆی ئیسلامی – عه‌لمانی)و سه‌ره‌ڕای ئه‌و بابه‌ته چه‌ندان وتار و توێژینه‌وه‌ی گرنگی تێدایه كه خزمه‌ت ناوه‌ڕۆكی ئه‌م وتاره ده‌كات.
(3) (المصطلحات الاربعة في قرأن الكريم)ي (ابو أعلى المودودي) زۆر به وردی ئه‌م زاراوه‌یه‌ی ڕوونكردۆته‌وه. له سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ش به‌باشی قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه به پێویستم نه‌زانی لێره درێژه‌ی پێ بده‌م.
(4) ئه‌م فه‌رمووده‌یه (ابو داود) گێڕاویهتييهوه.
(5) ابن كثير له كتێبی (البداية و النهاية) له به‌شی حه‌وته‌م له باسی شه‌ڕی قادسيه، ئه‌م ده‌قه و درێژه‌ی ڕووداوی ئه‌و گفتوگۆیه‌ی بۆ تۆماركردووین.
(6) ده‌وڵه‌تی دینی و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی بابه‌تێكی گرنگه، له ژماره‌كانی ڕابردووی گۆڤاری خاڵ بایه‌خی پێدراوه. ڕای منیش له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه‌یه: ده‌وڵه‌تی كولتووری كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته، ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی له مێژووی ئیسلامدا هه‌یه، ئه‌وه‌ی لێره پێگه‌ی ئیسلام له ده‌ستوور و حوكمڕانی له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌وڵه‌تی دینی وێنا ده‌كات، هه‌ڵه حاڵی بوونه.
(7) درێژه‌ی ئه‌م باسه له كتێبی (چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك ده‌رباره‌ی بزاڤی هاوچه‌رخی كورد) له نوسینی د.عوسمان عه‌لی و من وه‌رگیڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی له به‌شه‌كانی چواره‌م و پێنجه‌م به ورد ئه‌و باسه خراوه‌ته‌ڕوو.
(8) ئه‌ده‌بیانی كاژیكو بزاڤی ناسیونالیستی عه‌لمانی له ڕابردوو زۆر ئه‌و بابه‌ته‌یان ده‌ورووژاند. تاوانباركردنی ئیدریسی به‌دلیسی به ڕاده‌ستی كوردستان به سوڵتان سه‌لیمی عوسمانی له‌سه‌رووبه‌ندی شه‌ڕی چاڵدیران 1514و فه‌توای مه‌لای خه‌تی بۆ ڕووخانی میرنیشتی سۆران له 1836 و تاوانباركردنی شێخ مه‌حمود به دۆستایه‌تی تورك و تهوقهنهكردنی له‌گه‌ڵا ئینگلیز.