د.كه‌ريم ئه‌حمه‌د
پێشه‌كی:
ماوه‌یه‌كه له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ڕاو بۆچوونی جیا جیا و هه‌ندێك جار پێچه‌وانه و دژ به‌یه‌ك ده‌رباره‌ی مێژووی ئیسلام بیرۆكه‌یه‌ك، یا باشتر بڵێم میتۆدێكم لا گه‌ڵاڵه بووه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه و لێكدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی حه‌زم كردووه بیخه‌مه به‌رده‌ست خوێنه‌ران.
یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی ئیسلام كه ده‌ستی شێواندنی پێگه‌یشتووه مێژووه‌كه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت مێژووه سیاسییه‌كه‌ی، به‌ڵكو بگره ئه‌میان پشكی شێری به‌ركه‌وتووه له شێواندن، جا چ له‌لایه‌ن شوێنكهوتوانیيهوه بێت، یا له‌لایه‌ن دوژمنانیه‌وه! به‌شێك له‌و شێواندنه به‌ده‌ست ئه‌نقه‌ست بووه و به‌شێكیشی له نه‌زانییه‌وه بووه له ئه‌نجامی نه‌بوونی مه‌نهه‌ج و میتۆدێكی زانستی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه و هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی به تایبه‌ت خه‌لیفه و والییهكان و ڕوانینه ئه‌و مێژووه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ مێژووی فریشته‌كان بێت نه‌ك مێژووی مرۆڤگه‌لێكی له‌بار بۆ پێكان و هه‌ڵه‌كردن و بۆ چاكه و گوناهكردن. هه‌ر ئه‌و تێڕوانینه نمونه‌ييه وایكردووه كه‌سانێكی وه‌ك مه‌ودودی و سه‌یید قوتب و محه‌مه‌دی غه‌زالی چه‌ندینی تر بكه‌ونه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه و تیری ڕه‌خنه‌یان به‌تیژی ئاڕاسته‌ی هه‌ندێك سه‌رده‌م و زۆرێك له خه‌لیفه و والییهكان بكه‌ن به حه‌زره‌تی عوسمانیشه‌وه (ڕه‌زای خوای لێبێت) كه یه‌كێكه له خه‌لیفه ڕاشیده‌كان و یه‌كێكه له موژده پێدراوان به به‌هه‌شت.
هۆی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش نه‌بوونی میتۆدێكی زانستییه بۆ خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی مێژوو كه پشت به پێوه‌رگه‌لێكی زانستی ببه‌ستێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. هه‌ندێك جار كه ده‌مانه‌وێت سه‌رده‌مێك یا خه‌لیفه‌یه‌ك هه‌ڵسه‌نگێنین له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری زانستی به‌كاربێنین په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر سۆز و عاتیفه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بڕیار ده‌ده‌ین، له‌به‌رئه‌وه زۆربه‌ی جار بڕیاره‌كانمان نازانستی و ناواقعییه.
بۆئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه نزیك بكه‌ینه‌وه له زيهنی خوێنه‌ر چه‌ند نمونه‌یه‌ك دێنمه‌وه:
كاتێك پزیشكێك ده‌چێت بۆ پشكنینی چێشتخانه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خشته‌یه‌كی له به‌رده‌ستدا نه‌بێت نازانێت چۆن پشكنین بكات و له كوێوه ده‌ستپێبكات و چ شتێك بپشكنێت، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن چێشتخانه‌كه‌ش زۆرزان بێت ده‌توانێت به هه‌ڵه‌یدا ببات و ئه‌و شوێنانه‌ی نیشان بدات كه مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی تێدایه، له ئه‌نجامدا پزیشكه‌كه به ده‌رئه‌نجامێكی هه‌ڵه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خشته‌یه‌كی له به‌رده‌ستدا بێت به‌پێی ئه‌و خشته‌یه پشكنینی خۆی بكات ئه‌وا به ده‌رئه‌نجامێكی ڕاسته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ڵه‌ى به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت.
نموونه‌یه‌كی تر : ئه‌گه‌ر بته‌وێت كتێبێك هه‌ڵسه‌نگێنیت ده‌بێت میتۆدێكی زانستییانه بگریته‌به‌ر بۆ خوێندنه‌وه و پاشان هه‌ڵسه‌نگاندنی، نه‌ك بێیت و به هه‌ڕه‌مه‌كی بیخوێنیته‌وه، بابه‌تێك له ناوه‌ڕاست و یه‌كێك له كۆتاییه‌كه‌ی و هتد، بۆ نموونه ده‌بێت سه‌یری ناونیشانه‌كه‌ی بكه‌یت، پاشان پشته‌كه‌ی بخوێنیته‌وه، دواتر پێڕستهكهی و ئینجا پێشه‌كییه‌كه‌ی و….هتد.
به‌هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر بته‌وێت هه‌رشتێك یان كه‌سێك یان ده‌زگایه‌ك هه‌ڵسه‌نگێنیت پێویستیت به میتۆدێك و كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری زانستی ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانت زانستی بن و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری سۆزداری، یان نه‌زانی و ده‌رئه‌نجامیش بڕیاری هه‌ڵه.
به نیسبه‌ت مێژووی ئیسلامیشه‌وه پێویستمان به‌بوونی میتۆدێكی زانستی و واقيعی بۆ خوێندنه‌وه‌ی و هه‌ڵسه‌نگاندنی زۆر پێویستتره له‌به‌ر گرنگییه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندی ئه‌و مێژووه به عه‌قیده و ژیانی ڕۆژانه‌ی مسوڵمانانه‌وه.
مسوڵمانان تائێستاش به شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر خه‌لیفه‌كان و شیاوێتییان بۆ حوكمڕانی ده‌دوێن وه‌ك ئه‌وه‌ی هێشتا ده‌سه‌ڵاتیان نه‌گرتبێته ده‌ست و فه‌رمانڕه‌واییان نه‌كردبێت و خه‌ڵكی نه‌زانن توانا و لێهاتووییان چه‌نده. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه كاتێك چاودێران گفتوگۆ و ناكۆكی نێوان مسوڵمانان ده‌بینن له سه‌ر شیاوێتی و لهبهرتری ئه‌بوبه‌كر یان عه‌لی بۆ حوكمڕانی سه‌ریان سوڕده‌مێنێت كاتێك ده‌زانن باسی دوو كه‌س ده‌كه‌ن زیاد له هه‌زارو چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر فهرمانڕهوایێتییان كردووه.
تاكو ئێستا ئێمه پێوه‌رێكی زانستیمان نییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌لیفه‌كان و شته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ین، بۆ نموونه له باسی شیاوێتی كه‌سێك بۆ خه‌لافه‌ت باسی لایه‌نی زانستی شه‌رعی ده‌كه‌ن كه پێوه‌ره بۆ زانای ئایینی نه‌ك پیاوی ده‌وڵه‌ت، یان باسی ئازایه‌تی و توانای شه‌ڕ و سه‌ركه‌وتنه‌كانی ده‌كه‌ن له به‌زاندنی پاڵه‌واناندا كه ئه‌مه‌ش پێوه‌ری سه‌ربازییه نه‌ك سیاسی و بۆ پاڵه‌وانانی شه‌ڕه نه‌ك بۆ پیاوانی ده‌وڵه‌ت، یان باسی توانای وتاربێژی ده‌كه‌ن كه پێوه‌ره بۆ ڕه‌وانبێژان و زمان زانان نه‌ك بۆ پیاوانی ده‌وڵه‌ت، له هه‌موو ئه‌مانه‌ش سه‌یرتر و نازانستیتر كه به‌ته‌واوی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ساده‌یی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته ئه‌وه‌یه كاتێك باسی شیاوی خه‌لیفه‌كان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت خه‌لیفه ڕاشیده‌كان و به تایبه‌ت تر له به‌راوردكردن له نێوان ئه‌بوبه‌كر و عه‌لیدا كه فه‌رمانڕه‌واییان كردووه ئه‌و كارانه‌ی كردوویانن تۆماركراوه ده‌چن له ڕوانگه‌ی ئه‌و فه‌رمودانه‌وه هه‌ڵیان ده‌سه‌نگێنن كه باسی پله‌وپایه‌ی ئاینییان ده‌كات نه‌ك له ڕوانگه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ستیانهێناوه و ئه‌و ئامانجانه‌ی پێكاویانه كه ئه‌مڕۆ له جیهانی سیاسه‌تدا ڕه‌چاو ده‌كرێن. یان ته‌نها له ڕوانگه‌ی هه‌ڵوێست له ئۆپۆزسیۆن بێ ئاوڕدانه‌وه له سروشتی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رده‌می ئومه‌وی ده‌كرێت.
ـ یه‌كێكی تر له كه‌موكورتییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی مسوڵمانان بۆ مێژووه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه به زۆری خوێندنه‌وه‌یه‌كی گێڕانه‌وه‌یه نه‌ك شیكارییانه، ئه‌مه‌ش وای كردووه نه‌توانن گێڕانه‌وه نالۆژیكییهكان و ناڕاسته‌كان به‌باشی له یه‌ك جیابكه‌نه‌وه و له ڕووی لۆژیكه‌وه ئه‌و مێژووه هه‌ڵسه‌نگێنن، هه‌وڵیش ناده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ئه‌و واقیعه‌ی شته‌كانی تێدا ڕوویداوه، یان خۆیان به‌رنه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه و خۆیان بكه‌نه كاره‌كته‌ری ڕووداوه‌كان و له‌وێوه خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و مێژووه و كه‌سایه‌تییه‌كان بكه‌ن، بۆ نموونه له ناكۆكی نێوان عه‌لی و موعاویه‌دا كه‌سێك هه‌وڵی نه‌داوه خۆی به‌رێته شوێنی موعاوییه و بزانێت چۆن ڕه‌فتار ئه‌كات.
تاكو ئێستا زۆرێك له مسوڵمانانی ئه‌هلی سوننه قه‌ناعه‌تیان وایه باسی ئه‌و ناكۆكییانه نه‌كه‌ین كه له نێوان هاوه‌ڵاندا ڕوویداوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ڕاست ده‌بوو كه جڵه‌وی شته‌كان به‌ده‌ستی ئه‌وان بووايه، به‌ڵام كه شته‌كه له ده‌ستی ئه‌وان ده‌رچووه و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر له شوێنكه‌وته‌ی ئاین و مه‌زهه‌ب و ڕێبازه‌كانی تر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌نووسن پێویسته شاره‌زایانی بواری فيكرو مێژووی ئیسلامیش له‌سه‌ر ئه‌و شتانه بنووسن، به‌ڵام نووسینێكی شیكارییانه نه‌ك ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان با به پشتبه‌ستنیش بێت به میتۆدێكی زانستییانه‌تر له جیاكردنه‌وه‌ی گێرانه‌وه ڕاسته‌كان له هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان. هه‌ندێك جاریش له به‌ر هاوسۆزییان له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا نا‌وێرن هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ندێك ڕووداو بكه‌ن وه‌ك ڕووداوی كه‌ربه‌لا و شه‌هیدكردنی حوسه‌ین (ڕه‌زای خوای لێبێت).
ئه‌مه به نیسبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی مسوڵمانان بۆ مێژووه‌كه‌یان، به نیسبه‌ت غه‌یره مسوڵمانانیشهوه یان نه‌یارانی ئیسلام و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری بیری ڕۆژئاواییه‌وه هه‌ڵه‌كه‌یان له‌وه‌دایه كه به پێوه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ و به‌پێی ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه بۆ مێژووی مسوڵمانان ده‌كه‌ن و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن، وه‌ك پێوانی ئه‌و سه‌رده‌مانه به پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و بوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و…. هتد.
ئێمه لێره‌دا كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر داده‌نێین له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ڕه‌چاو بكرێن له خوێندنه‌وه‌ی مێژووی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی مسوڵمانان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان زۆر نزیك ده‌بینه‌وه له ڕاستی و سته‌م له هیچ كه‌س و سه‌رده‌مێك ناكه‌ین، پێوه‌ره‌كانیش به‌كورتی ئه‌مانه‌ن بێ ڕه‌چاوكردنی ڕیزبه‌ندی:
1. جێگیری سیاسی و ئاسایش له وڵات‌دا و نه‌بوونی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ناوخۆیی(الاستقرار السیاسی والامنی).
2. گه‌شه‌كردنی ئابووريی و جێگیری باری ئابووريی هاووڵاتییان و كه‌می ڕێژه‌ی بێكاری… هتد( الازدهار والاستقرار الاقتصادی).
3. دابینكردنی مافه‌كانی هاوڵاتییان له‌و چوارچێوه‌یه‌ی زیان به ئاسایشی وڵات نه‌گه‌یه‌نێت له ئازادى ڕاده‌ربڕین و ئیشكردن و نیشته‌جێبوون و موماره‌سه‌ی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان …هتد.
4. گه‌شه‌سه‌ندنی لایه‌نی زانستی و بایه‌خدان به زانست و ئه‌هلی زانست.
5. گه‌شه‌سه‌ندنی باری شارستانی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شار و لادێكان و ته‌ختكردنی رێگاوبانه‌كان و بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان… هتد.
6. به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌كی به‌رز بۆ وڵات له ناو وڵاتاندا به ڕاده‌یه‌ك كه هاوڵاتییانی ئه‌و وڵاته له ده‌ره‌وه ڕێزلیگیراوبن و ده‌ستدرێژییان نه‌كرێته سه‌رو مافه‌كانیان زه‌وت و پێشێل نه‌كرێت.
7. هه‌ڵوێست له نه‌یاره‌كان و توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسی و ئابوريی و كۆمه‌ڵاییه‌كان… هتد.
جێبه‌جێكرن و دادوه‌ری له يه‌كتر.
ئه‌م پێوه‌رانه به ڕای من ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوبكرێن له هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ده‌سه‌ڵات و دهسهڵاتدارێكدا ئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر نزیك ئه‌بێت له حه‌قیقه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌به‌ر ڕۆشنایی یه‌ك دوو پێوه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت ئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر دوور ده‌بێت له واقیعه‌وه، بۆ نموونه زۆر كه‌س موعاوییه‌ی كوڕی ئه‌بی سوفیان ته‌نها له ڕوانگه‌ی دوو شته‌وه ده‌پێون: یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر عه‌لی، دووه‌م گواستنه‌وه‌ى خه‌لافه‌ت بۆ كوڕه‌كه‌ی له دوای خۆی به‌بێ ئاوڕدانه‌وه له بیست ساڵی ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی كه تێیدا ده‌وڵه‌تێكی به‌رفراوانی به سیاسه‌تێكی نه‌رم و حه‌كیمانه به‌ڕێوه ده‌برد و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه گه‌شه‌ی سه‌ندبوو، جێگیری سیاسییه‌كه‌ی به ڕاده‌یه‌ك بوو كه به‌درێژايی ئه‌و بیست ساڵه ته‌نها چوارده كه‌س له هاوڵاتییانی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته به‌رفراوانه كوژراون به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت. ده‌رباره‌ی هێز و پێگه‌ی وڵاته‌كه‌شی له چاو ده‌وروبه‌ریان ئه‌وه هه‌ر باس ناكرێت، به‌نیسبه‌ت باری ئابوريی و زانستی و شارستانێتییه‌وه له‌وپه‌ڕی گه‌شه‌سه‌ندندا بوو. له هه‌موو شتێكیش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری مسوڵمانان ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موویان له‌و ناكۆكییه‌ی له نێوان ئه‌بوزه‌ری غه‌فاری و موعاوییه‌دا ڕوویدا پشتیوانی له ئه‌بوزه‌ر ئه‌كه‌ن له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر به بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كابكرایه بووايه ده‌بوو دارێك له‌سه‌ر به‌ردێك دانه‌نرایه و مسوڵمانان یه‌ك ته‌لاریان دروست نه‌كردایه. ئه‌م پشتگیرییه‌ش له ئه‌بوزه‌ر هه‌مووی له‌به‌رئه‌وه‌یه كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی زووتر له موعاوییه مسوڵمان ببوو ئیتر بێگوێدانه خوێندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌و هاوه‌ڵه و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه ده‌رباره‌ی وتراوه كه ده‌ڵێت ئه‌بوزه‌ر به ته‌نیا ده‌ژی و به‌ته‌نیا ده‌مرێت و به ته‌نها زیندوو ده‌كرێته‌وه كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێكی شارستانی و مه‌ده‌نی نه‌بووه و له‌به‌ر زوهد و خواپه‌رستییه‌كه‌ی دژی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی بووه.
به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م پێوه‌رانه هه‌موو سه‌رده‌می ئومه‌وی هه‌ڵسه‌نگێنین ئه‌گه‌ر پله‌ی نایاب و زۆر باشه‌ی پێنه‌درێت ئه‌وه به دڵنییاییه‌وه پله‌ی باشه وه‌رده‌گرێت سه‌رده‌می یه‌زید نه‌بێت كه ئه‌ویش ته‌نها له ڕوانگه‌ی هه‌ڵوێستی له نه‌یاره سیاسییهكانیيهوه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت نه‌ك سه‌رجه‌م كاره‌كانی. به‌ڵێ شه‌هیدكردنی حوسه‌ین تاوانێكی گه‌وره بوو، به‌ڵام چه‌ند گوناهه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی یهزیددایه ئه‌وه‌نده و زیاتریش له ئه‌ستۆی ئه‌هلی كوفهدایه كه بانگیان كرد و دواتریش پشتیان تێكرد و ڕاده‌ستی دوژمنیان كرد .
حوسه‌ین خۆشی پشكێك له بهرپرسیارێتيیهكهی ده‌كه‌وێته سه‌ر له‌به‌ر سێ هۆ:
یه‌كه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا یه‌زید فریانهكهوتبوو سه‌ری خۆی بخورێنێت لێى هه‌ستان و شۆڕ‌شیان لێ‌كرد، بێئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وێت شیاوه یان نا، ئه‌و هێشتا هیچكی لێوه ده‌رنه‌كه‌وتبوو، چونكه موعاوییه مانگی ڕه‌مه‌زانی ساڵی (60ك) كۆچی دوايى كرد كه ده‌كاته مانگی ئه‌يلول، حوسه‌ین له سه‌ره‌تای مانگی یه‌كه‌می ساڵی شه‌ست و یه‌ك شه‌هید كرا، واته دوای چوار مانگ كه دوو مانگی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له ڕێگادا بووه، واته یه‌زید هێشتا دوو مانگ نه‌ده‌بوو حوكمی گرتبووه ده‌ست ئه‌مان دژی وه‌ستان، شۆڕ‌شیان لێ‌كرد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه شیاو نییه، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئایینی نه‌ك سیاسی، كوێڕا زانیتان شیاو نییه؟ كه‌سێك له ماڵی موعاوییه و له به‌رده‌ستی موعاوییه‌دا په‌روه‌رده بووبێت و پێگه‌یشتبێت پێی ده‌وترێت شیاو نییه! له‌ڕاستیشدا ئه‌وه شۆڕشی حوسه‌ین نه‌بوو، به‌ڵكو یاخیبوونی ئه‌هلی كوفه بوو ئه‌و بۆشاییه سیاسییه‌یان قۆسته‌وه كه به مردنی موعاوییه ڕوویدا و ویستیان پایته‌ختی خه‌لافه‌ت بگوازنه‌وه بۆ كوفه‌و به دوای سومبولێكدا ده‌گه‌ڕان كه حوسه‌ینیش بۆ ئه‌وان له هه‌موو كه‌سێ باشتر بوو.
دووه‌م: زۆرێك له هاوه‌ڵه دڵسۆز و به ئه‌زموونه‌كان ئامۆژگارییان كرد نه‌چێت بۆ كوفه، یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی كوفه شوێنێكی گونجاو نه‌بوو، دووه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوفه پێشینه‌یه‌كی باشیان نه‌بوو به‌رامبه‌ر به باوكی و حه‌سه‌نی برای، ئه‌و به گوێی نه‌كردن و هه‌ر ڕۆيشت. سێیه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی پلانه‌كه‌ی به‌باشی دانه‌ڕشتبوو، به‌ڵكو هه‌روا به‌بێ ئاماده‌كارییه‌كی ئه‌وتۆ بۆ ئه‌و ئیشه گه‌وره‌یه به گوێی ئه‌هلی كوفه‌ی كرد و دوایان كه‌وت، له‌كاتێكدا كه هه‌ڵبژارده‌ی باشتر هه‌بوو لهبهدهستیدا كه عه‌بدوڵڵاى كوڕى عه‌بباسی ئامۆزای باوكی پێشنیاری بۆ كرد، له‌وانه: یه‌كه‌م: بچێت بۆ یه‌مه‌ن نه‌ك عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی دوورتره و ئه‌رزه‌كه‌ی سه‌ختتره و خه‌ڵكه‌كه‌شی ههوادارینی. دووه‌م: با خه‌ڵكی كوفه والی كوفه ده‌ركه‌ن و خۆیان ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بگرنه‌ده‌ست. سێیه‌م ماڵ و منداڵ له‌گه‌ڵ خۆی نه‌بات(1).
سه‌رده‌می عه‌بباسییه‌كان و هه‌روه‌ها عوسمانییه‌كانیش ئه‌گه‌ر بخه‌ینه ژێر ئه‌و پێوه‌رانه ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه له تاقيكردنه‌وه ده‌رده‌چن با پله‌ی نایاب و زۆر باشه یان باشه به‌ده‌ست نه‌هێنن، به‌ڵام هیچ نه‌بێت پله‌ی په‌سه‌ند یان ناوه‌ند به‌ده‌ست دێنن. ئه‌گه‌ر له خاڵێك بكه‌ون یان نمره‌ی ته‌واو نه‌هێنن له خاڵه‌كانی تردا ده‌رده‌چن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێیت‌و ته‌نها له ڕوانگه‌ی یه‌ك خاڵه‌وه هه‌ڵیان سه‌نگێنیت و ئه‌ویش ئه‌و خاڵه‌ی كه تێیدا كه‌وتوون ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه حوكمه‌كه‌ت نادادوه‌رانه ده‌رده‌چێت و حه‌قی خۆیان ناده‌یتێ. ئێمه ده‌بێت تێكڕا( موحهصصیله)ی حوكمه‌كه‌یان سه‌یر بكه‌ین نه‌ك خاڵ و دوو خاڵ یا لایه‌ن و دوو لایه‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان میتۆد سه‌رده‌می خه‌لیفه عوسمانی كوڕی عه‌فان هه‌ڵسه‌نگێنین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی شۆڕ‌شیان دژی كرد زۆر ناحه‌قییان كرد و زۆر هه‌ڵه بوون و ئه‌گه‌ری بوونی ده‌ستێك له پشتییه‌وه زۆر زه‌ق ده‌بێته‌وه. له سه‌رده‌می عوسماندا باری ئابووری وڵات زۆر به‌هێز بوو، ژیان و بژێوی خه‌ڵكی زۆر له هی سه‌رده‌می عومه‌ر زیاتر بوو، ئازادییه‌كان زۆر له سه‌رده‌می عومه‌ر زیاتر بوون، ده‌وڵه‌ت زۆر به‌رفراوانتر ببوو، ببووه ئیمپراتۆرییه‌ت و پێگه‌ی مسوڵمانان زۆر گه‌وره‌تر ببوو له جیهاندا، خزمه‌تگوزارییه‌كان زۆر زیادیان كردبوو كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی كوفه و به‌سره و میسر له دژی هه‌ستان، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ڕه‌خنه‌كانیان و داواكارییه‌كانیان بكه‌یت سه‌رت سوڕده‌مێنێ له ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه و داواكارییانه ئه‌مڕۆ بخرێنه به‌رچاوی خه‌ڵكانی پسپۆڕ و چاودێرانی سیاسی گاڵته و سه‌یریان لێدێت ئه‌و ڕه‌خنانه ببنه مایه‌ی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین.
له‌و ڕه‌خنانه:
1. تۆ خزمانی خۆتت كردۆته والی له‌كاتێكدا له كۆی 18 والی ته‌نها پێنجیان خزمی خۆی بوون، خزمایه‌تی چۆنیش؟ یه‌كێكیان برای شیری بوو، ئه‌وانی تریش خزمی پله دوو پله سێ بوون و هه‌مووشیان كه‌سی شیاوبوون، ئه‌وه‌شیان لێهاتوو نه‌بوبێ یان گوناهی كردبێت یان خه‌ڵكی گله‌ییان لێی هه‌بووبێت لای بردوون و سزاشی داون وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌لیدی كوڕی عوقبهدا كردی كاتێك خه‌ڵكی كوفه سكاڵایان له ده‌ستی كرد.
2. خه‌لیفه سامانێكی زۆری داوه‌ته خزمانی له (بیت المال) بێئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌یان هه‌بێت یان ئه‌و كاریگهرييهی له‌سه‌ر بژێوی خه‌ڵكی هه‌بووبێت، شایانی باسه عوسمان یه‌كێك بوو له هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی مه‌دینه و دواتریش خۆی ڕوونكردنه‌وه‌یدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ى داویه‌تى به خزمانی خۆی له سه‌روه‌ت و سامانی خۆی بووه نه‌ك (بیت المال).
3. یه‌كێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی كه خۆی له خۆیدا له شاكاره‌كانی عوسمان ئه‌ژمار ده‌كرێت كۆكردنه‌وه‌ی قورئان بوو.
4. یه‌كێكی تر له ڕه‌خنه‌كان گوایه عه‌مماری كوڕی یاسری داركاریكردووه وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌لیفه بۆی نه‌بێت كه‌سێك له ڕهعییهكهی ته‌مێ بكات، یان دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌بو زهر بۆ ڕهبده.
5. نه‌كوشتنه‌وه‌ی عوبه‌یدوڵڵای كوڕی عومه‌ر كه هورموزانی له تۆڵه‌ی باوكی‌دا كوشت.
6. ده‌ركردنی ئه‌بو ده‌ردا له شام و گێڕانه‌وه‌ی بۆ مه‌دینه دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ موعاوییه بوو به ناكۆكییان له‌سه‌ر توندی ئه‌بو ده‌ردا له‌سه‌ر ئه‌هلی شام و ڕێگریكردنی موعاوییه لێی.
7. عوسمان ڕووبه‌ری ئه‌و ناوچه‌یه‌ی زیادكرد كه بۆ حوشتر و مه‌ڕوماڵاتی سه‌ده‌قه‌ی تێدا دهلهوهڕێنرا (زاد فی الحمی)(2).
8. نوێژی له سه‌فه‌ردا كورت نه‌كرده‌وه، بڕوانه بۆ ئه‌م تۆمه‌ته!
له‌وه‌ش سه‌یرتر : عوسمان له شه‌ڕی حونه‌ین و ئوحوددا هه‌ڵهات و له به‌دریشدا به‌شداری نه‌كردووه و له به‌یعه‌ی ڕیزوان كه له حوده‌یبییه ئه‌نجامدرا ئاماده نه‌بوو. شایانی باسه عوسمان پێغه‌مبه‌ر به نوێنه‌ر ناردبووی بۆ مه‌ككه!
9. بانگی یه‌كه‌می زیادكردووه له نوێژی هه‌ینی!
ئه‌وه‌بوو كه ده‌یانگووت له‌كاتی وتار خوێندندا پلیكانه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه به‌سه‌ر شوێنی پێغه‌مبه‌ردا، له‌كاتێكدا كه ئه‌بوبه‌كر پلیكانه‌یه‌ك و عومه‌ر دوو پلیكانه هاتوونه‌ته خواره‌وه(3).
ئه‌مانه كۆی ئه‌و تۆمه‌تانه بوون كه ئاڕاسته‌ى عوسمان كران، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بكرێته بیانوو له‌سه‌ر شۆڕش دژ به ده‌سه‌ڵاتداران هیچ وڵاتێك بۆ ڕۆژێكیش ئارامی به خۆیه‌وه نابینێت. شایانی باسه ئه‌و ڕه‌خنانه له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه گیراون نه له هاوه‌ڵان بوون و نه له خه‌ڵكی مه‌ككه و مه‌دینه بوون كه زیاتر شاره‌زای خه‌لیفه بوون و ده‌یانناسی و زۆرێك له‌و شتانه‌ی به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه كردبوو له زۆربهشياندا پشتیوانی بوون. ئه‌م ڕه‌خنانه‌ش له‌و ڕهخانه ده‌چن كه خه‌واریجه‌كان له عه‌لییان ده‌گرت گوایه له حوكمی خوا لایداوه به قبوڵكردنی دادوه‌ری چه‌ند كه‌سێك له نێوان خۆی و موعاوییه‌دا و به‌ڵگه‌یان به ئایه‌تی (ان الحكم الالله) ئه‌هێنایه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان له عه‌لی شاره‌زاتربن له قورئان یان پابهندتربن به ئاینه‌وه.
من لێره‌دا بواری پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌م نییه، چونكه زۆری ده‌وێت و پابه‌ندین به‌و چوارچێوه‌یه‌ی گۆڤاره‌كه بۆی داناوین، ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عوسماندا ڕوویدا زۆر ده‌شوبهێته ئه‌وه‌ی له 17ی شوباتدا له كوردستان ڕوویدا دژ به كابینه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سه‌رده‌مه باشترین سه‌رده‌می كوردستان بوو له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، بژێوی خه‌ڵكی گه‌یشتبووه چڵه‌پۆپه و خزمه‌تگوزارییه‌كان له هه‌موو كاتێك باشتر بوون و كۆمه‌ڵێكی زۆر پڕۆژه ده‌ستپێكرابوو كه هه‌مووی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدا بوو، وه‌ك زیادكردنی پێشینه‌ی خانووبه‌ره و ناردنی خوێندكارێكی زۆر بۆ ده‌ره‌وه بۆ خوێندن بێئاوڕدانه‌وه له ئینتيمای حزبییان كه ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو له كوردستاندا به‌وشێوه‌یه پیاده بكرێت، زیادكردنی موچه‌ی كه‌مئه‌ندامان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای موزایه‌ده‌ی حزبی یان كڕینی ده‌نگ یان هه‌ندێك چینی كۆمه‌ڵگه بنیاتنرابوون، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاپه‌ڕینێكی گه‌وره دژی ئه‌و كابینه‌یه ڕوویدا به‌بێ هیچ بیانوویه‌ك چاولێكه‌ری نه‌بێت یان هاندانی ژێراوژێری هه‌ندێك لایه‌ن.
ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ڕوویدا دژ به كابینه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م له گه‌ڵ نه‌بوونی هیچ كه‌موكورتییه‌ك به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مه‌رج نییه هه‌رچی شۆڕش و ڕاپه‌ڕین هه‌یه ڕه‌وا بێت و له‌سه‌ر حه‌ق بێت، به‌ڵكو زۆرجار شوێنكه‌وتنی شه‌پۆل چاولێكه‌رییه. ئه‌مه ڕێك ده‌شوبهێته ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می خه‌لیفه عوسماندا ڕوویدا له‌گه‌ڵ یه‌ك جیاوازی سه‌ره‌كیدا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سه‌رده‌می پێش عوسمان له سه‌رده‌می عوسمان خراپتر نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رده‌می پێش د.به‌رهه‌م له سه‌رده‌می به‌رهه‌م باشتر نه‌بوو.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
[1] . تاريخ الطبري مجلد 4 ص586 _ 589 / مؤسسة الاعلمي للمطبوعات تحقيق عبد الله علي مه‌نا.
2 . حمی (حیما) شوێنێكه په‌رژینی لێده‌درێت ئیتر كه‌س نییه مه‌ڕوماڵاتی خۆی تێدا بله‌وه‌ڕێنێ ئه‌و كه‌سه نه‌بێت كه پهرژینهكهی لێداوه، له پێش ئیسلامدا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وایان ده‌كرد، به‌ڵام له ئیسلامدا ئه‌وه قه‌ده‌غه‌كراو ته‌نها مافی ده‌وڵه‌ت بوو بیكات. بڕوانه كتێبی: فتنة مقتل عثمان بن عفان ج1 ص 70 الدكتور محمد بن عبد الله الغبان/ مكتبة العبيكان.
3ـ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ج1 ص 55-133.