ئا: كەریم شارەزا
خەباتگێڕی رێبازی كوردایەتی ، نووری سدیق شاوەیس ، لە ساڵی 1922دا لە شاری سلێمانی لە باوەشی بنەماڵەیەكی كوردپەروەری تێكۆشەر چاوی ژیانی هەڵهێناوە ، یەكەمین مامۆستای پەروەردەكاری (مامۆستا سدیق شاوەیس)ی باوكی بووە . خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی هەر لە شارەكەی خۆی تەواو كردووە. دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوون لە ساڵی 1941 دا چۆتە بەغدا و لە كۆلێژی ئەندازیاری وەرگیراوە، لەگەڵا تەواو بوونی جەنگی دووەمی جیهانی بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و بووەتە ئەندازیارێكی لێهاتوو لە سەر میلاكی وەزارەتی ئەشغال، بەدەست پاكی، شارەزایی و دڵسۆزیی كاری كردووە و بە زۆری سەرپەرشتی پرۆژەكانی ئەشغالی لە شار و ناوچەكانی كوردستاندا كردووە، كاروباری باش راپەڕاندووە . خوالێخۆشبوو نووری شاوەیس هەر لە سەردەمی مێرد منداڵییەوە پەیوەندیی بە كۆمەڵ و رێكخراوی سیاسی كوردییەوە كردووە، لەدوا دوای ساڵی 1935 دا بەشداریی لە دامەزراندنی رێكخراوێكی سیاسی كورد كردووە بە ناوی (كۆمەڵی ئازادی)، لە ساڵی 1937یشدا لەگەڵا دەستەیەك لە لاوی خوێن گەرمی هەولێر، سلێمانی، كۆیە و كەركووك رێكخراوێكی سیاسییان بە ناوی (كۆمەڵی داركەر) داناوە، كە لە ساڵی 1939 مامۆستا رەفیق حیلمی بووەتە سەرۆكی ، ناوەكەی گۆڕدراوە و كراوە بە (حزبی هیوا). (نووری شاوەیس)ی لاو بەردەوام بووە لە سەر چالاكییەكانی لەو حزبە نەتەوییە، كوردیە. لەساڵی 1945دا حزبی هیوا بە تەواوی هەڵوەشایەوە، حزبی شیوعی كوردستان بە ناوی حزبی شۆرش دروستبوو ، مامۆستا نووری شاوەیس یەكێك بوو لە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە ماركسییە كە بریتی بوون لەهەڤاڵان : * – ساڵح حەیدەری سكرتێری گشتی و ئەندامیەتی مامۆستایان نووری شاوەیس و عەلی عەبدوڵڵا ئەمین، عەبدولكەریم تۆفیق، رەشید عەبدولقادر و چەند ئەندامی دیكە . كە هەر لەو ساڵە 1945دا (حزبی رزگاری كورد) دروستبوو ، مامۆستا نووری شاوەیس بووە ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە نەتەوەییەش . مامۆستا نووری شاوەیس و صدیق شاوەیسی باوكی وەك دوو ئەندامی چالاكی كۆنگرەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16/8/1946 دا بەشدارییان كرد، كەچی خۆیان نەپاڵاوت بۆ ئەندامیەتی لیژنەی مەركەزی، بەڵام لە كۆنگرەی دووەمیدا كە لە ئاداری 1951 دا لە بەغدا بەسترا و ناوی حزبەكە لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە كرا بە (پارتی دیموكراتی كوردستان-عیراق) مامۆستا نووری شاوەیس بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردرایەوە، لە كۆنگرەكانی پارتی تا دەگاتە ساڵی 1979 هەڤال نووری شاوەیس بەردەوام بە ئەندامی سەركردایەتی پارتی هەڵبژێردراوەتەوە، زۆر جاریش بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردراوە. لە دوای بەرپا بوونی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 و هاتنەوەی بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران بۆ عیراق و كوردستان، هەڤاڵ نووری شاوەیس لە مانگی كانوونی دووەمی 1960 دا لەگەڵا سەرۆك بارزانی نەمر و هەڤاڵان: عەلی عەبدوڵڵا ئەمین، ئیبراهیم ئەحمەد، سالح یوسفی، عومەر دەبابە، شەمسەدین موفتی، مەلا عەبدوڵڵا ئیسماعیل، حیلمی عەلی شەریف و ئیسماعیل عارف، داوایەكیان بۆ مۆڵەتدانی پارتی پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق كرد، لە ڕۆژی 9/2/1960 مۆڵەتی ئیشكردنی ئاشكرایان بە فەرمی پێدرا . هەڤاڵ نووری شاوەیس بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە ناوی كوردەوە بوو بە جێگری سەرۆكی سەندیكای ئەندازیارانی كۆماری عیراق ، هەر بە ناوی كوردیشەوە بوو بە ئەندام لە (ئەنجومەنی ئاسایش و هاوكاری عیراق) و ئەندامی (ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانی) . ئەم خەباتگێڕە لە تێكۆشانی ئاشكرا و نهێنی دا وەك یەك بەجەرگ و چاو نەترس بوو ، بۆیە هەر كە شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوولی 1961 بە سەركردایەتی بارزانی نەمر هەڵگیرسا ، زوو كەوتە پاڵا شۆڕشە مەزنەكە، كاتێكیش كە كۆنفرانسی 1964 بەسترا، هەڤاڵا نووری شاوەیس ڕێبازی ڕاست و دروستی بارزانی نەمری پەسند كرد، لەگەڵا هەڤاڵانی عەلی عەبدووڵڵا نووری ئەحمەدی تەها چوونە لای سەركردایەتی شۆڕش . هەڤاڵ نووری شاوەیس لە گفتوگۆكانی سەركردایەتی شۆڕشی رزگاریخوازی كورد لەگەڵا حكومەتی ناوەندی بەغدا، لە سەرتای 1970 دا ئەندامی شاندی كوردی بوو، لە 10/1/1970 بۆ تەواو كردنی گفتوگۆكان ئەو وەفدە چووە بەغدا. كە بریتی بوو لەم بەرێزانەی خوارەوە : 1 – ئیدریس بارزانی 2 – مەسعود بارزانی 3 – د. مەحموود عوسمان 4 – سامی عەبدولڕەحمان 5 – نووری شاوەیس 6 – نافیز جەلال حەوێزی 7 – ساڵح یوسفی 8 – موحسین دزەیی 9 – دارا تۆفیق . ئەم شاندە توانیان لە سەر گەلێك خاڵی سەرەكی رێككەوتن بكەن. كاتێكیش كە رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 مۆر كرا هەڤاڵا نووری شاوەیس لەگەڵا چوار نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول، بەشدارییان لە وەزارەتی حكومەتی ناوەندیی كرد، بەم جۆرەی خوارەوە :
1 – بەڕێز نووری سدیق شاوەیس/ وەزیری ئەشغال و نیشتەجێ كردن .
2 – بەڕێز نافیز جلال حەوێزی/ وەزیری كشتوكاڵ .
3- بەرێز سامی عەبدولڕەحمان/ وەزیری كاروباری ژووروو.
4 – بەڕێز ئیحسان شێرزاد/ وەزیری شارەوانیەكان .
5 – بەڕێز سالح عەبدوڵڵا یووسفی/ وەزیری دەوڵەت .
دوای چوار ساڵەكەی رێككەوتننامەی 11ی ئادار كە شەڕ لە كوردستان لە ساڵی 1975دا نسكۆی هێنا . هەڤاڵ نووری شاوەیس كۆڵی نەدا و هەر ئەو ساڵە بەشداریی لە پێكەوەنانی سەركردایەتی كاتیی پارتی دیموكراتیی كوردستاندا كرد. زۆر بە دڵسۆزی وەك سەربازێكی ماندوو نەناسی شۆڕشگێڕی كورد خەباتی بێ وچانی كرد ، تاكو لە ساڵی 1979 دا نەخۆشی دڵ تەنگی پێ هەڵچنی و ناچاری كرد لە سەرەتای سالی 1980 دا بچێتە دەرەوە و ڕوو بكاتە ئەوروپا و لە بەریتانیا بگیرسێتەوە، تاكو لە ڕۆژی 15/11/1983 دا دڵە گەورەكەی لە شاری (لیڤەرپوول) لە لێدان كەوت، تەرمی ئەو قارەمانە هێنرایەوە بۆ كوردستان و بە ڕێزێكی زۆرەوە لە سلێمانی لە گردی سەیوان، ئەو تێكۆشەرە شۆڕشگێڕە نەمرە بە خاكی نیشتمانی باب و باپیرانی سپیردرا ، لاپەڕەی ژیانی مرۆڤێكی مەزنی كورد پێچرایەوە .
سەرچاوە : تۆماری ژمارە (17)ی ناودارانی كورد – كەریم شارەزا – دەسنووس .