نهێنی دواساتەکانی ژیانی هیتلەر
سەرباری تێپەڕبوونی ٧٢ ساڵ بەسەر خۆکوشتنی ئەدۆڵف هیتلەر سەرکردەی نازییەکان، بەڵام هێشتا مردن و ژیانی وردەکاری نوێی لەبارەوە ئاشکرا دەبێت و ئەوەش بۆ ملیۆنەها کەس جێگەی سەرنج و بەدواداچوونە.
ڕۆکاس میش یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی “فوهرەر” کە هیتلەری پی دەناسرایەوە، زانیاری نوێی لەبارەی خۆکوشتنی هیتلەرەوە ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە “یەکەم کەس بووە کە تەرمی هیتلەری بە مردوویی بینیووە، دوای ئەوەی چەند ساتێکی کەم بووە گیانی دەرچووە”. بەهەمان شێوە میش دوا پاسەوانی تایبەتی هیتلەر بووە کە لە ژیاندا مابوو، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ دا و لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، بەم نزیکانە کتێبێکی ئەو پاسەوانە تایبەتەی هیتلەر بە ناوی “دوا شایەتحاڵ لەسەر هیتلەر” بڵاودەبێتەوە، کە پێکهاتووە لە یاداشتەکانی پاسەوانەکە و چەند وردەکارییەکی نوێ دەربارەی دوا چرکەساتەکانی ژیانی سەرکردەی نازییەکانی تیا ئاشکرا کراوە بەر لەوەی خۆی بکوژێت.
ڕۆکاس میش ڕایگەیاندووە “لە ٣ی ئازاری ١٩٤٥دا، ژەنەڕاڵ کیتل نامەیەکی ئاراستەی هیتلەر کردووە و تیایدا نووسیویەتی کە سوپای ئەڵمانیا شکستی هێناوە لە تێشکشکاندنی گەمارۆی سۆڤێتییەکان کە لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانیدا بەسەر شاری بەرلیندا سەپاندبوویان، بۆیە کۆتایی جەنگەکە نزیک بووەتەوە” لەو کاتەدا هێزەکانی سۆڤیەت تەنها ٥٠٠ مەتر دووربوون لە حەشارگەکەی هیتلەرەوە.
دوای ئەو نامەیە میش گوێی لە هیتلەر بووە کە بە دەنگێکی نزم لەگەڵ مارتن بۆرمان لێپرسراوی حزبی نازی و چەند کەسێکی تردا قسەی کردووە، بینیوویەتی بە ئاراستەی نوسینگە تایبەتەکەی چووە، لە دوایەوە ئێڤا براونی هاوسەری چووەتە ژوورەوە.
میش نووسیویەتی “بینیم ئۆتۆگاشی یاریدەدەری هیتلەر دەرگای نوسینگەکەی هیتلەری داخستووە و پێی ڕاگەیاندم کە سەرۆک نایەوێت بێزاربێت، هیتلەر تەوقەی لەگەڵ ئۆتۆگاشی کردووە و پێی ڕاگەیاندووە هەموو سەربازەکان لە شوێنی خۆیانن و پابەندن بە بڕیارەکانتەوە، هیتلەر پێی ڕاگەیاندووە نایەوێت سوکایەتی بە تەرمەکەی بکرێت وەک چۆن سوکایەتی بە تەرمی مۆسۆلۆنی کرا، بەڵکو دەیەوێت بسووتێنرێت”.
لە درێژەی گێرانەوەکەیدا میش نووسیویەتی “هەموو ئەوانەی لەناو حەشارگەدا بوون لە دوودڵی و نیگەرانیدا چاوەڕوانیان دەکرد، دواتر ئاڵۆزییەک روویدا و دەرگای نووسینگە تایبەتەکەی هیتلەریان کردەوە و سەیری ناوەوەم کرد، بینیم ئیڤا لەحاڵەتی دانیشتندایە و قاچەکانی درێژبووبوون، سەری کەمێک بەلای شانی هیتلەردا لاربووبوەوە، لە تەنیشتییەوە هیتلەر مردبوو و چاوەکانی کرابوونەوە وەک ئەوەی لە سەریەوە بێنە دەرەوە و کەمێک سەری بۆ پێشەوە شۆڕ بووبوەوە”.
زۆرێک لە گێرانەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئێڤا براون لەڕێگەی خواردنی حەبی سیانیدەوە خۆی کوشتووە. ئەو پاسەوانە تایبەتەی هیتلەر لە کتێبەکەیدا گێراویەتیەوە، گوێی لە هەریەکە لە ئێڤا براون و ماگدا گۆبڵز خێزانی جۆزیف گۆبڵز وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەکان بووە لەسەردەمی هیتلەردا، بەڵێنیاندا کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان خۆیان بکوژن.
سوپای سوری سۆڤیەتی دوای کۆنترۆڵکردنی بەرلین میشیان دەستگیرکردووە و دوای دادگاییکردن ٨ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندووە، بەڵام دواتر لە ژیاندا ماوە و تا لە ژیانیشدا بووە پابەندبوونی بە بیروباوەڕەکانی هیتلەرەوە دەربڕیوە.
کتێبەکەی ڕۆکاس میش لەلایەن خانەی بڵاوکردنەوەی مارتن میسەوە بڵاودەکرێتەوە.
ع.م