Home / مێژووى جیهان / وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی موسڵ ‌

وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی موسڵ ‌

وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی موسڵ ‌

1484390386290

دکتۆر جەبار قادر*
لە هەوڵی تێگەیشتنماندا لەو هەموو ئاڵۆزییەی لە بارەی مووسڵەوە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کێشەی مووسڵ لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کارێکی پێویست و بەجێیە. بێ لێکدانەوەی ئەو پاشخانە مێژووییە ئاڵۆزە، ئەستەمە مرۆڤ لەم هەموو کەین و بەینەی ئەم ڕۆژانە سەردەربکات.
لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە سەر کەشتی ئاگەمەمنون Agamemnon لە بەندەری مۆدروس  Moudrosلە دورگەی لێمنۆسی Lemnos  عوسمانی ئەوجا و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە، ئاگربەستی مۆدروس لە نێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی هاوپەیمانان و دەوڵەتی تێکشکاوی عوسمانیدا ئیمزا کرا. لە سەر ناوی دەوڵەتی عوسمانی ڕەوف بەگ وەزیری دەریاوانی و لە سەر ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەدمیراڵی بریتانیSomerest Arthur Gough- Calthorpe  ئیمزایان کرد. ئاگربەستی مۆدروس، کە تورکەکان بە موتارەکەی مۆندرۆس (Mondros Mütarekesi) ناوی دەبەن، کۆتایی بەشەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی شەڕدا هێنا. لەو ساتەدا هێزە سەربازییەکانی بریتانیا ١٢ مایل (نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر) لە باشوری شاری مووسڵ بوون. بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە جێگەی خۆیان ڕاوەستن و جووڵەیان پێ نەکرێت.
بریتانییەکان زۆریان مەبەست بوو شاری مووسڵ داگیر بکەن، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک تورکەکانیان ناچار کرد شارەکە چۆڵکەن. بریتانیا وەک هێزێکی ئیمپراتۆری مەزن و لە شەڕدا سەرکەوتوو، زۆر ئاسان بوو بۆی خواستەکانی خۆی بەسەر لایەنی دۆڕاودا بسەپێنێت. پاکانەی بریتانییەکان بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندەکانی ٧ و ١٦ی ئاگربەستەکە بوون. بەندی ٧ ئەو مافەی دەدا بە هاوپەیمانان کە لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکانیان هەموو ئەو خاڵە ستراتیژیانە داگیر بکەن کە دەبنە مایەی هەڕەشە. ئەم «باری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکان» سەد لێکدانەوەی هەڵدەگرت. خاڵی ١٦ش لایەنی عوسمانی ناچار کردبوو، هەموو بنکە سەربازییەکانی حیجاز، عەسیر، یەمەن، سوریا و میزۆپۆتامیا ڕادەستی نزیکترین فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، هەروەها هێزەکانیشی لە کیلیکیا بکێشێتەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستن، وەک لە خاڵی ٥ مدا باسی لێوە کراوە. کەس باوەڕی بەوە نەبوو سوپای عوسمانی لە پەلوپۆ کەوتوو توانای ئەوەی مابێت هەڕەشە لە سەر هێزی هاوپەیمانان دروست بکات. حکومەتی عوسمانی لە ئەستەموڵ، لە دوای ئەویش حکومەتی کەمالی لە ئەنقەرە ئەم داگیرکردنەی مووسڵیان بە کردەوەیەکی ناقانونی دانا، چونکە لە دوای مۆرکردنی ئاگربەستەکە بووە و بە لێکدانەوەی ئەوان لە دژی بنەما سەرەکییەکانی بوو. ئا لێرەوە کێشەیەک بە ناوی کێشەی مووسڵ (کە لە ڕاستیدا کێشەی ویلایەتی مووسڵ) لە نیوان بریتانیا و عیراقی ژێردەستەی لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە پەیدا بوو. لە ناوەڕۆکدا کێشەکە کێشەی باشوری کوردستان بوو بەو پێیەی هەموو دەڤەرەکانی لە چوارچیوەی ویلایەتی مووسڵدا بوون.
بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە ویلایەتی مووسڵ، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پێکۆ دانی بەوەدا نابوو کە بەشی هەرە زۆری بدرێت بە فرەنسا، بەڵام بەشە گرنگەکەی، کە کەرکوک بوو بۆ خۆی دابڕیبوو. لەو نەخشەیەی ناوچەکانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و دەڤەری باڵادەستی (هێژیمۆنی – نفوژ)ی بریتانیا و فرەنسای لە سەر دیار کراون و لە گەڵ ڕێکەوتننامەکەدا هاوپێچ کراوە، تا زێی بچووک بە لیوای کەرکوکەوە خرابووە نێو ئەو ناوچەی بۆ باڵادەستیی بریتانیا دانرابوو.
دواتر لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ کە لە (١٩ – ٢٦ نیسانی ١٩٢٠) لە ئیتاڵیا بەسترا و سەرۆک وەزیرانی هەر یەک لە بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر تێیدا ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ بەوە قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس – پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم «پیاوەتییەی» کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەست کەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی ویلایەتی مووسڵدا بەراورد نەدەکران. هەر دەبوایە لە سان ڕیمۆ دەوڵەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بڕێار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بدەن. لێرەدا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیدا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی مەندەیتیان داهێنا و فلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ، بریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسادا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ -٢٥ نیساندا دان و سان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجامدا ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی دەدا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.
هەر لەو کاتەدا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) ڕووداوی گەورە دەقەومان. مستەفا کەمال لە مایسی ١٩١٩ەوە دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی لایەنگران بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە لە گەڵ داگیرکەراندا. دوو کۆنگرە لە ئەرزەڕۆم (٢٢ تەمموز – ٧ ئاب ١٩١٩١) و سیواس (٤ – ١١ ئەیلول ١٩١٩) بۆ ئەو مەبەستە بەستران. لەو کۆنگرانەدا پرۆژەی پرۆگرامێکی سیاسی گەڵاڵە کرا. یەکێ لە داخوازییە سەرەکییەکانی کۆنگرەی سیواس ئەنجامدانی هەڵبژراردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی(مجلسی مبعوپان). حکومەتی سوڵتان ناچار کرا هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە زۆربەی ویلایەتەکان لایەنگرانی مستەفا کەمال لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتن. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و دەسپێکی ١٩٢٠ مستەفا کەمال و دەستەی نوێنەرایەتی (هیئەی تمپیلیە)، کە لە کۆنگرەی سیواس وەک دەستەیەکی جێبەجێکار یا حکومەتێکی کاتی هەڵبژێردرابوون، لە گەڵ ئەندامانی نوێی پاڕلەمان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا پرۆژەی پەیمانێک گەڵاڵە کرا، کە تورکەکان بە مانیفێستۆی شەڕی ئازادی ناوی ئەبەن. پەیمانەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو و بە بۆچوونی کەمالییەکان داخوازییە سەرەکییەکانی گەلانی تورکیای دەگرتە خۆ. بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان مستەفا کەمال بە خۆی ڕەشنووسەکەی نووسی و ئەوانی تر ئیمزایان کرد. ئەم پەیمانە برا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ١٢ کانونی دووەمی ١٩٢٠ دوا خولی خۆی لە ئەستەمووڵ دەسپێکرد. دوای کردنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پاڕلەمان، گفتوگۆکان لە بارەی پرۆژە پەیمانی نیشتمانییەوە، کە ئەو کاتە بە ناوی عەهدی میللی نێوی دەبرا، دەستیان پێکرد. لە ٢٨ هەمان مانگدا و لە دانیشتنێکی نهێنیدا ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لە سەر عەهدی میللی دا. ئەم پەیمانە بە ناوی جیاواز لە مێژوودا باسکراوە، (عهدی میللی، میپاقی میللی و لە زمانی تورکی هاوچەرخدا بووە بە ( (Ulusal Ant, Milli Misak, Milli Yemin، کە هەموویان هەمان واتا دەبەخشن، کە دەکاتە پەیمانی نیشتمانی. لە بڕیاڕنامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا هەشت خاڵەکەی مستەفا کەمال بە تێکەڵکردنی هەندێکیان کران بە شەش خاڵ. لە ١٢ شوبات بڕیاڕنامەکە ئاشکرا کراو و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان تەواو لە دژی ئەو سیناریۆیانە بوو کە هاوپەیمانان خەریکی داڕێژانی بوون لە بارەی دوا ڕۆژی ئاسیای بچووکەوە، بۆیە هێزەکانی بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ١٦ مارتدا ئەستەموڵیان داگیرکرد. لە ١٨ مارتدا ئەنجومەنی نوێنەران دوا کۆبوونەوەی خۆی کرد و لە ژێر فشاری داگیرکەرانا لە ١١ نیسانی ١٩٢٠ بە یەکجاری دەرگاکانی داخرا. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن دەستگیر کران و لە وڵات دوورخرانەوە و بە شەکەی تریان خۆیان گەیاندەوە ئەنقەرە. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ پاڕلەمانێکی نوێیان لەوێ بە ناوی ئەنجومەنی مەزنی میللی تورکیا ((Türkiye Büyük Millet Meclisi دامەزراند. لێرەوە لە تورکیا دوو حکومەت هاتنە کایەوە: حکومەتی ئەستەموڵ و حکومەتی ئەنقەرە. یەکەمیان لە پەلوپۆ کەوتبوو و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا پێگەکانی خۆی لە تورکیا لە دەستدەدا. ئەوی تریان حکومەتی ئەنقەرە بە پێچەوانەوە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی ئازادیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێو خۆی تورکیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیگەی بەهێزتر دەبوو.
ئەوەی لە پەیمانی نیشتمانیدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە خاڵی یەکەمێتی کە باس لەو ناوچانە دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانیان بە وتەی ئەوان عەرەبن و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون، دەبێت خەڵکەکەی بە ئازادی بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. لێرەدا مووسڵ و هەتای (ئەسکەندەرۆنە) خراونەتە چوارچیوەی سنوورەکانی پەیمانەکەوە وەک لەو نەخشەیە دەرئەکەوێت کە هاوپێچ کراوە. لەوێدا هەموو باشوری کوردستان خراوەتە سەر نەخشەی تورکیا، هەتای لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٣٩ بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ فرەنسا خرایە سەر تورکیا، پێشتریش پرسی قارس و ئارتڤین لە گەڵ ڕووسیای سۆڤیەتیدا بە قازانجی تورکیا بڕابووەوە.
ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانان لە پاریس پەیماننامەی سێڤریان لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا مۆر کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت. کورد زۆری بە سەر سێڤردا هەڵداوە، کە لەوە زیاتر وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە مافەکانی کورد دەکات، هیچ بەهایەکی لە سەر ئەرزی واقیع نەبوو. دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمزای کردبوو هەر ئەو کاتە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئاسیای بچووکدا نەدەڕۆیشت، کەمالییەکان لەوێ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە بوون و ئەمان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک دان بە سێڤردا بنێن. کەس خۆی نەکردە خاوەنی پەیماننامەی سێڤر، هاوپەیمانان چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر ئیمزا کردنیدا، ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانیدا بچنەوە و کەوتنە بازرگانی لە گەڵ کەمالییەکاندا. بێجگە لە ئیتالیا هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیدا ئیقراری نەکرد. ئەو سێ خاڵەی سێڤریش کە بۆ باسی مافەکانی کورد تەرخان کرابوون، ئەوەندە مەرج و ئەگەریان بۆ دانرا بوون، ئەگەر مرۆڤ بە وردی و دوور لە سۆز لێکیانبداتەوە، ئەوا دەبینێت ئاکامەکەی دەکاتە هیچ و نزیکدەبێتەوە لە سفرێکی گەورە. لە سێڤردا باسی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکرا، وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. ئەو کوردستانەشی کە لە نەخشەکەی سێڤردا بە کورد ڕەوا بینیرا، زۆر لەو کوردستانە بچووکترە کە کورد بە خاکی نیشتمانی خۆی دەزانێت. ئەم بابەتە پێویستی بە باسێکی تایبەت هەیە.
لە ئابی ١٩٢٢ هێزەکانی تورکیای کەمالی سەرکەوتنێکی بێ وێنەیان بە سەر سوپای یۆنانیدا بەدەستهێنا، لە ١١ ئوکتۆبەری هەمان ساڵیشدا ئاگربەستی مودانیا لە نێوان حکومەتی ئەنقەرە لە لایەک و نوێنەرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا لە لایەکی ترەوە ئیمزا کرا و لە ١٣ هەمان مانگیشدا یۆنان پێوەی پابەند بوو و ئیمزای کرد. لێرەوە ئیتر ئەنقەرە خۆشی بەوەدا نەدەهات کەس باسی ئاگربەستی مۆدروسی لە گەڵدا بکات، ئەو داوای ئەکرد بە پێی ئاگربەستی مودانیا قسەی لە گەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەر واش کرا، ڕەنگبێ تورکیا تەنها دەوڵەتی دۆڕاو بووبێت لە شەڕدا کە وەک هاوتایەک هەڵس و کەوتی لە گەڵدا کرابێت. ئاشکرایە دەوڵەتی شکستخواردوو لە شەڕدا هەموو بڕیاڕەکانی لایەنی سەرکەوتوو بێ یەک دوو دەبێت جێبەجێ بکات. زوو زوو عیسمەت ئینەنۆ بە بیری نوێنەرانی هاوپەیمانانی دەهێنایەوە کە ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو شەڕی دۆڕاند، بەڵام ئەو بە سەرکەوتوویی لە گۆڕەپانەکانی شەڕەوە هاتووە، بۆیە دەبێت وەک هاوتا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت نەک وەک لایەنی دۆڕاو. دەبوایە مەرجەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان بە پێی ئاگربەستی مۆدانیا لە کۆنفرانسی لۆزان، کە جاری یەکەم لە (٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٢ تا ٢٤ شوباتی ١٩٢٣) و جاری دووەمیش لە (٢٣ نیسان تا ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣) بەڕێوە چوو، بڕیاریان لێ بدرابایە.
پێش ئەوەی باسی کێشمە کێشی نێوان هەردوو شاندی تورکیا و بریتانیا لە لۆزان بکەین، کە کێشەی مووسڵ یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانی بوو، دەبێت ئاوڕێک لە هەوڵی کەمالێیەکان لە باشوری کوردستان بدەینەوە، کە لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و ناوەند خەریکی پیلانگێڕی بوون بۆ گێڕانەوەی ئەم بەشەی کوردستان بۆ ژێر چەپۆکی تورک.
***
کەمالییەکان لەو ڕاستییە گەیشتبوون، کە بە بێ پشتیوانی کورد، کە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵیان پێکدەهێنا، دەستگرتنەوە بەسەر ئەم ویلایەتەدا کارێکی مەحاڵە، بۆیە هەر کە بزووتنەوەکەیان لە خەم ڕەخسا پیاوەکانیان دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی فراوانی پڕوپاگەندە لە نێو هۆز و خێڵەکانی کوردستاندا. جموجوڵ و چالاکی پیاوانی مستەفا کەمال تەنها ویلایەتی مووسڵیان نەگرتەوە، بەڵکو پەیوەندییان لە گەڵ سەرەک هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا گرت. لە گەڵ کەسایەتی و سەرکردە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا پەیوەندی توند و تۆڵیان گرێدایەوە. بنەماڵە ناودارەکانی کەرکوک بە تایبەتی بنەماڵە تورکمانەکان لقێکی « کۆمەڵەی پاراستنی مافی ویلایەتەکان»یان لە چەشنی ئەوانەی ئەنادۆڵ دامەزراندبوو و هەندێ کەسایەتی کوردیش تێیدا ببوون بە ئەندام. لەو ڕۆژانە کورد لە سەرگەردانییەکی سەیردا دەژیا. نەیدەزانی بەکێ باوەڕ بکات و ڕوو لە کێ بکات. بە بریتانیانییەکان کە لافی ئەوەیان لێدەدا، گوایە هاتوون گەلانی ڕۆژهەڵات لە کۆت و بەندی تورک ڕزگار بکەن، بەڵام هەڵس و کەوتیان لە گەڵ کوردا تەواو پێچەوانە بوون. نوێنەرانیان وەک هەموو داگیرکەرێکی کۆڵۆنیاڵی بە توندرین شێوە خەریکی ئازاردن و سەرکوتکردنی دانیشتوان بوون. گفت و پەیمانیان لە بارەی دەوڵەتی کوردییەوە هیچی لێ سەوز نەبوو. هەوڵدانیان بۆ بەزۆر لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە کوردی ئەوەندەی تر تۆرانبوو. نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە درۆوە نوزەی تێدا مابوو، گفتی خۆبەڕێوەبردنیان بە کورد دەدا و پەیماننامەی سێڤریان ئیمزا دەکرد. بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو و سوڵتان هیچی پێ نەدەکرا. چواردە بەندەکەی ویڵسن، کە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان بە هۆی کێبڕکێ و ململانێی ئەمێریکا و بریتانیاوە لە سەر بەشە نەوتی مووسڵ و کێشە دروستکردن بۆ بریتانیا، ڕاگەیاندرابوون، هەندێ کوردیان بە خۆیانەوە سەرگەرم کردبوو. شۆڕشی ئوکتۆبەر و ڕاگەیاندنی مافی گەلانی ڕووسیا و پەیامی بەلشەفییەکان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و ئاشکراکردنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نهێنییەکانی وڵاتە ئیمپریالییەکان لە پشتی گەلانەوە، بەر لە هەموویان ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ، هیوایەکی لە لای کورد بە ڕووس (عروس و مسقۆف بە وتەی ئەو سەردەمەی کوردان)پەیدا کردبوو. ئەمانە هەمووی بە لایەک و پەیمانەکانی مستەفا کەمال و هاوڕێکانی بە «برایانی قارەمانی موسوڵمان و فیداکار لە پێناو نیشتمان و خیلافەتدا»، کە باسیان لە تورکیایەکی پڕ لە برایەتی و بەختەوەری بۆ کورد و تورک لە دوای دەرکردنی داگیرکەرانی بیانی دەکرد، بە لایەکی تر. لەو سەردەمەی مێژوودا کاریگەری ئاین و گوتاری ئاینی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە بەهێزتر بوو. هۆشیاری نەتەوەیی زۆر لاواز بوو و تەنها لە نێو بژاردەیەکی بەرتەسکی خوێنەواراندا بەدی دەکرا. بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕەبەقدا لە دەسەڵاتی سوڵتان و خەلیفەی موسوڵمانان بەولاوە شتێکی دیکەی نەبیستبوو، ئاسان نەبوو بیر لە جۆوڕێکی دیکەی فەرمانڕەوایی بکاتەوە. خەڵکێکی زۆر بە گوناهیان دەزانی کەسێکی دیکە جێگەی سوڵتان بگرێتەوە. ئەو پەیمانانە بە سەر کوردا وەک بارانی بەهار دەبارین، سەریان لە سەردارانی کورد شێواندبوو و هەر یەکەیان بەلایەکدا بەڕەکەی ڕادەکێشا. کۆمەڵێکیان باسیان لە ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا دەکرد، کە ئەو بۆ خۆی لە پەلوپۆ کەوتبوو و دوا ڕۆژانی بەسەر دەبرد و نەیدەتوانی خۆی ڕزگار بکات، چجای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابین بکات. کۆمەڵێکی تریان بیریان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر مەندەیتی بریتانیا یا تەنانەت ئەمێریکا دەکردەوە، یەکەمیان پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد پێ نەبوو و دووەمیشیان ئەوەندە ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتدا نەبوو، ئەرکێکی وا گران بخاتە ئەستۆی خۆی. گروپێکی بچووکی سەردارانی کورد ئەوەندە بێ ئاگابوون لە بارودۆخی دونیا و هەرێمەکە باسیان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئێراندا دەکرد، کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی بێ هێز و دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی و نیمچە کۆڵۆنیای بریتانیا بوو. ڕاستە کورد ئەو دەمە سەردار و ڕابەری زۆری هەبوو و هەموو باسیان لە کوردستان دەکرد، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیریان نەبوو لە چەشنی میساقی میللی کەمالییەکان. کەسیشیان خاوەن کاریزمایەکی وا نەبوو هەموو کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هیچ یەکێ لەو پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییانەی کورد ئەو کاتە و ئێستاش هەموو کوردستانی نەگرتووەتەوە. دەکرێت مرۆڤ گومانی زۆری لەم بۆچوون و لێکدانەوانە هەبێت، لێ دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا، ئەوەی سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هەڵس و کەوتی سەردارانی کورد و پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییەکانیان بکات، پێموایە باوەڕ بەم قسانە دێنێت.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد باری گشتی کورد بوو. بارودۆخی کوردی ویلایەتی مووسڵ لەوە باشتر نەبوو. دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی جارێک باسی قەوارەیەک یا چەند قەوارەیەکی بۆ کورد لەو ویلایەتە دەکرد و گوایە چاوەڕوانی ئەوە بوو کورد لە نێوخۆیاندا ڕیکبکەون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکات. نە ئەو بە ڕاستی بوو و نە کوردیش لە نێوخۆیاندا ڕێکدەکەوتن، بۆیە ئەم پرۆژانە هیچیان لێ سەوز نەبوو. لە لایەکی ترەوە هەوڵی ئەوەی دەدا ژێرخانێکی پەیوەندی ئابوری و کارگێڕی لە نێوان کوردستان و عیراقی عەرەبیدا دروست بکات، بە جۆرێک ئەرکی لکاندنی ویلایەتی مووسڵی بە عیراقەوە ئاسان بکات. لە هەمان کاتدا پرۆژەی دروستکردنی قەوارەیەکی لە سەر خاکی کوردستان هەبوو بۆ ئەو ئاسورییانەی لە هەکاری و ورمێوە ڕایانکردبوو و هێنابوونیە عیراق و هێزی لێڤی لێ دروست کردبوون. دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرباری هەندێ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سەدەی نۆزدەهەمدا، هێشتا زۆر جیاواز بوو و بەراورد نەدەکرا لە گەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتێکی پێشکەوتووی وەک بریتانیا. کورد بە بێ سەروبەری عوسمانیان ڕاهاتبوون، بۆیە زۆر زوو لە دەسەڵاتی توند و تۆڵی کۆڵۆنیاڵی بریتانی بێزار بوون و لە دژی ڕاپەڕین. مانگ نەبوو دەڤەرێکی باشوری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی ڕاپەڕینێک بەخۆوە نەبینێت. بە لێکدانەوەی ئینگلیزەکان زۆر لەم ڕاپەڕینانە لە ئەنجامی پڕوپاگەندەی تورکەکان ڕوویاندەدا، کە ئەوە بەشێکی کەمی ڕاستییەکە بوو.
هەڵبەتە بارودۆخێکی وا ئاڵۆز و پڕ لە کێشە ژینگەیەکی باش بوو بۆ پڕوپاگەندەی کەمالییەکان، کە داوایان لە کوردی باشوری کوردستان دەکرد جارێکی تر دڵسۆزی خۆیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان دووپات بکەنەوە. ئاخر کەمالییەکان تا دوا ڕۆژی شەڕی ڕزگاریخواز لە دژی داگیرکەران گوتاری سیاسی جیاوازیان ئاراستەی خەڵک دەکرد. بۆ ئێلیتی تورک ئەوان بزووتنەوەیەکی ڕزگایخوازی نیشتمانی بوون کە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان و سەروەری گەلی تورک شەڕیان دەکرد. بۆ برایانی موسوڵمانی کورد، عەرەب، لاز و چەرکەز …تادیش، ئەوان لە جەنگێکی پیرۆزدا بوون بۆ ئازادکردنی خەلیفە و پایتەختی موسوڵمانان لە داگیرکاری دەوڵەتانی کرستیان و بۆ پاراستنی شکۆی ئیسلام. بۆ شۆڕشگێرانی بەلشەفی و دونیای پێشکەوتنخوازانیش ئەمان کەسانی پێشکەتنوخواز بوون، لە دژی داگیرکاری دەوڵەتانی ئیمپریالی و کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی دواکەوتووی عوسمانی دەجەنگان. لە پرۆسەی هۆنینەوەی تەونی پەیوەندیدا لە گەڵ کوردی ویلایەتی مووسڵدا کەمالییەکان پەنایان دەبردە بەر هەموو پیلان و ڕێگە و ئامرازەکان. هەندێ لە بڵاوکراوە پڕوپاگەندەییەکانی کەمالییەکان لە کوردستان، کە ئێدمۆندز لە کتێبکەیدا «کورد و تورک و عەرەب» بڵاوی کردوونەتەوە، پڕن لە گوتاری ئاینی توند و بانگەواز بۆ جەنگی پیرۆز لە دژی گاوران و کۆیلە موسوڵمانەکانیان لە چەشنی فەیسەڵ و هاوڕێکانی.
پیاوانی مستەفا کەمال لە نێو هۆز و خێلەکانی کوردستاندا خەریکی پڕوپاگەندە و پەیوەندی دروستکردن بوون لە گەڵ سەرەک هۆز و پیاوە ئاینییەکاندا. زنجیرەی ناڕەزایی و راپەڕینەکانی کورد لە دژی داگیرکاری بریتانی هیوای ئەوەی پێیان دەبەخشی ویلایەتی مووسڵ بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئێدمۆندز بە دوور و درێژی باسی هەوڵ و تەقەلای مستەفا کەمال و هاوڕێکانی لە باشوری کوردستان دەکات، زانیاری زۆریش لە سەر پەیوەندی هۆزە کوردییەکان بە تایبەتی لە ڕەواندز، پشدەر، چەمچەماڵ و زۆر شوێنی دیکە لە گەڵ کەمالییەکاندا تۆمار دەکات. هەڵبەتە باسی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود و کەسایەتییە دیارەکانی کوردیش لە گەڵ کەمالییەکاندا دەکات. هەرچەندە زانیارییەکانی ئێدمۆندز، وەک نوێنەرێکی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆڵۆنیالی، نابێت وەک خۆیان و بە بێ تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە وەربگرین، لێ ئەوە دەرئەخەن کە پیاوانی مستەفا کەمال لە نێو کوردانی ویلایەتی مووسڵدا زۆر چالاک بوون. بەشێک لە هۆزەکان لە ڕەواندز و پشدەر داوای هاوکارییان لە کەمالییەکان دەکرد، شێخ مەحمود و مەحمود خانی دیزلی نامە و نامەکارییان لە گەڵ مستەفا کەماڵدا هەبوو. کوردناسی  ئەرمەنی هەسراتیان باس لە ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان کەمالێیەکان و حکومەتی شێخ مەحمود دەکات، کە بە پێی بەندەکانی کەمالییەکان ئامادە بوونە دانی پێدا بنێن و کاری لە گەڵدا بکەن. سەرچاوە تورکییەکانیش باس لە کۆنگرەی سلێمانی دەکەن، کە گوایە بە بڕیارنامەیەکی دە خاڵی کۆتایی هات. خاڵەکان باسیان لە هاوکاری و هاوپەیمانی هەردوو بزووتنەوەی کوردی و کەمالی دەکرد و چارەسەرکردنی دۆزی کوردیان لە چوارچیوەی میساقی میللی کەمالییەکان و کۆنگرەکانی بەرگری لە مافی ویلایەتاکاندا دەبینی.
دوای ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان و شەڕ لە ئەنادۆل بە قازانجی تورک شکایەوە، هەڵمەتی کەمالییەکان لە باشوری کوردستان زیاتر پەرەی سەند، یەکێ لە پیاوەکانی خۆیان کە ناوی ڕەمزی بەگ بوو کرا بە قایمقامی ڕەواندز و پەیمانی ئەوەیان دا هێزی سەربازی بنێرنە ڕەواندز بۆ دەرکردنی ئینگلیز لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر. ئەو هێزە سەربازییە کە نێردار بە سەرکردایەتی عەلی شەفیق بوو کە بە ئوێزدەمیر ناسراوە. ئوێزدەمیر ئەفسەرێکی خۆبەخش بوو و لە عێنتاب (کە ئێستا کراوە بە غازی عێنتاب واتا نازناوی مستەفا کەمال غازی بۆ زیادکراوە)سەرکردایەتی هێزێکی میلیشایی خۆبەخشی دەکرد و لە ڕیزی هێزی میللی «قەوای میللیە» لە دژێ سوپای فرەنسا شەڕی دەکرد. هێزێکی پێکەوە نا نزیکەی سەد ئەفسەر و سەربازی گرتبووە خۆ و لە فەرماندەی سوپاوە لە جەزیرە فەرمانی وەردەگرت. ئەرکی سەرەکی فەرماندەی جەزیرە کارکردن بوو بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی مووسڵ. ئوێزدەمیر دوای ئەوەی پارەی پێویست بۆ هەڵمەتەکەی دابینکرا(پازدە هەزار لیرە) و ڕێنمایی پێویستی وەرگرت لە بارەی دیسپلینی هێزەکەی، گرێدانی خەڵکی ئەو ناوە بە حکومەتی تورکەوە، چۆنێتی هەڵس و کەوت لە گەڵ دانیشتواندا و ڕاوێژکردن بە سەرۆک عەشیرەتەکان، بەرەو ڕەواندز کەوتە ڕێ. لە دوای گەشتێکی درێژ و بڕینی ڕێگەیەکی سەخت، لە ٢٢ حوزەیران گەیشتە ڕەواندز. لە بەر ئەوەی کۆنفرانسی لۆزان لە پێش بوو و تورکیا و بریتانیا پەیمانیان بەیەک دابوو پەنا بۆ چەک نەبەن و هەوڵبدەن کێشەی مووسڵ لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، داوا لە ئوێزدەمیر کرا بە ناوی حکومەت و سوپای تورکەوە قسە نەکات بەڵکو  وەک خۆبەخشێک کە لە دژی دوژمنانی ئیسلام شەڕ دەکات خۆی بە خەڵک بناسێنێت. ئەو زۆر پابەندی ئەم داخوازییە نەبوو، چونکە ئەگەر وای پێشاندایە دەوڵەتی بەدواوە نیە، کەم کەس دوای ئەکەوتن. یەکێ لەو کوردانەی کەمالییەکان زۆر ڕقیان لێبو مستەفا پاشای یامولکی بوو، کە کاتی خۆی فەرمانی لە سێدارەدانی لە دژی مستەفا کەمال دەرکردبوو و تورکەکان بە نەمرود مستەفا ناویان دەبرد، بۆیە ئامۆژگاریان بۆ ئوێزدەمیر ئەوە بوو کە لە دانیشتنەکانیدا لە گەڵ کوردەکاندا لە دژی یامولکی و کۆمەڵەکەی لە سلێمانی قسە بکات و بە خزمەتکاری ئینگلیز ناویان ببات.
ئوێزدەمیر و هەندێ ئەفسەری تری تورک ئاژاوەی زۆریان لە ڕەواندز، کۆیە، پشدەر و گەلێ دەڤەری تری باشوری کوردستان نایەوە، سەرئێشەی زۆریان بۆ دەسەڵاتی بریتانی لەو ناوانە دروست کرد. لە کۆتاییدا بە هۆی هێڕشی ئاسمانی ئینگلیزەکانەوە خۆیان پێنەگیرا و ناچار کران ئەو ناو چۆڵ بکەن و بۆ تورکیا بکشێنەوە. ئێدمۆندز وردەکاری زۆری لە بارەی سەرکێشییەکانی ئوێزدەمیرەوە نووسیوە. تورکەکانیش لە لای خۆیانەوە گرنگییەکی تایبەتییان پێداوە. وەک هەمیشە شێواندنی ڕووداوەکانی مێژوو ئامانجی سەرەکییان بووە، هەوڵدراوە ئوێزدەمیر و یاوەرانی وەک پاڵەوان وێنا بکرێن و پیشانی خەڵک بدرێن و هەموو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی کورد لە باشوری کوردستان لە دژی ستەمی ئینگلیز بۆ ئازایەتی و چالاکی ئەوان بگێڕنەوە. کتێبی تایبەتییان لە بارەی مسیۆنە سەربازییەکەیەوە نووسیوە و بۆ چەندین جار چاپکراوەتەوە و ناونیشانێکی سەیریان بۆ هەڵبژاردووە» چارەسەری مودافەعەی حقوق بۆ پرسی کورد – مووسڵ، هەڵمەتەکەی ئوێزدەمیر و کۆنگرەی سلێمانی» کە لە لایەن موراد گیۆزتۆکڵوسووە نووسراوە و وێنەی چاپی پێنجەمینی بەرگەکەی لە گەڵ ئەم وتارەدا بڵاودەکەینەوە.
 ***
فاکتەرێکی تری گرنگی کێشەی مووسڵ کە تورکەکان زۆر پێیان لە سەر دادەگرت پرسی پێکهاتەی دانیشتوان و ئامارەکانیان بوو.
ناکۆکی توند لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵەوە لە نێوان بریتانیا و تورکیا لە ئارادا بوو. تورکەکان بە پێچەوانەی فاکتە مێژوویی و جوگرافییەکانەوە هەمیشە باسیان لە زۆرینەیەکی تورکی لەو ویلایەتە دەکرد. کاتێک ڕاستییەکەیان بەروودا دەکران و کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدەهێنا یەکسەر وەڵامیان ئەوە بوو کە کورد و تورک خزمن و لە یەک ڕەچەڵەکن. ئەم پرسە بگرەو بەردەیەکی زۆری لە سەر کرا و تەنها کورد تێیدا بێ پشت و پەنا بوو. لە کاتێکدا لایەنی تورکی ژمارەی دانیشتوانی تورک «تورکمان»ی بەرز دەکردەوە و ژمارەی عەرەبی دادەگرت، بریتانیا و عیراق بە پێچەوانەوە ژمارەی تورکیان کەم دەکردەوە و ژمارەی عەرەبیان زیاد دەکرد، لە قازانجی هیچ لایەکیان نەبوو ژمارەی کورد بەرز بکەنەوە، بۆیە هەموو ناچار بوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن.
هەرچەندە ویلایەتی مووسڵ تا چەند ساڵێک بەر لە کۆنفرانسی لۆزان بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی و بەم پێیە دەبوایە ئەو ئامارانەی تورک پێشکەشیان دەکردن لە ڕاستییەوە نزیک بوونایە، لێ نا واقیعی ئەو ژمارانە زۆر جار مایەی گاڵتەو پێکەنین بوون. کەس نەیدەتوانی باوەڕ بەو ژمارە و ئامارانە بکات کە ئەوان دەیاندا بە لێژنەکە. تەنها بۆ نموونە لایەنی تورکی باسیان لە زیاتر لە ٣٢ هەزار تورک لە سلێمانی دەکرد، کە لە دواییدا دەرکەوت هیچ کاتێک ڕێژەی تورک لەو لیوایە لە سفر لاینەداوە. وردەکاری ئەم پرسەم لە وتارێکی تایبەتیدا لە ژێر ناونیشانی «چیرۆکی سی و دوو هەزار تورکەکەی سلێمانی» خستۆتە ڕوو و لە چەند شوێنێک بڵاوکراوەتەوە، بۆیە بە پێویستی نازانم زۆری لە سەر بڕۆم.
باشترە ژمارەکان بۆ خۆیان بدوێن و باسی ئەو ناکۆکی و درۆ زلانە بکەن کە لە ئامارەکانی هەردوولادا بەدی دەکران. ئەو ژمارانەی لایەنی بریتانی پێشکەش بە لێژنە تایبەتەکەی کێشەی مووسڵیان کرد کە کۆمەڵەی گەلان پێکیهێنابوو بەم شێوەیە بوون: ژمارەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٤٥٤٧٢٠ کەس بوو، بەرامبەر بە ٦٥٨٩٥ تورکمان، ١٨٥٧٦٣ عەرەب، ٦٢٢٢٥ کرستیان و ١٦٨٦٥ جوو. کۆی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بە پێی ئەم ئامارانە دەیکردە ٧٨٥٤٦٤ کەس. ئەم ئامارانە ژەمارەی ئەندامانی خێلە کۆچەرەکانیشیان لە ویلایەتی مووسڵ دەگرتە خۆ کە بەشێکی زۆریان کورد بوون. لە بەرامبەردا، ئەو ئامارانەی تورکەکان پێشکەشیان کرد بەم شێوەیە بوون: ٢٨١٨٣٠ کورد، بەرامبەر بە ١٤٦٩٢٠ تورک، ٤٣٢١٠ عەرەب و ٣١ هەزار کەسانی ناموسوڵمان. کۆی گشتی دانیشتوان بە پێی ئاماری تورکەکان دەیکردە ٥٠٣ هەزار کەس. ئەم ئامارانە ئەندامانی خێڵە کۆچەرەکانیان نەدەگرتە خۆ کە بە ١٧٠٠٠٠ کەس دەخەمڵێنران. پێدەچێت تورکەکان بە مەبەست باسیان لە هۆزە کۆچەرەکان نەکردبێت، بەو پییەی لە نێو کۆچەراندا هۆزی تورک یا تورکمان نەبوون، ئەگەر هەشبووبێتن ئەوا ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.
ئینگلیز و ئەندامانی لێژنەکە گۆمانی زۆریان لە ئامارەکانی تورک هەبوو. ئەوان پێیان وابوو ئەو ئامارانە تەنها پەیوەندییان بە سەربازی و وەرگرتنی باجەوە هەبووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە ترسی بردنی کوڕەکانیان بۆ سەربازی و بۆ ئەوەی باج نەدەن یا هەر خۆیان ناونووس نەدەکرد، یان زۆر شتیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی دەشاردەوە. تورکەکانییش سەر زمان و بن زمانیان ئەوە بوو کە ئەوان چەندین سەدەیە ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبەن و لە هەموو کەسێک باشتر دەزانن ڕەوشی شتەکان چۆنن.  ئینگلیزەکانیشیان بەوە تۆماتبار دەکرد کە ژمارەی عەرەب بە مەبەست زۆر دەکەن چونکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە بوونە بە هاوپەیمانیان و لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵگەڕاونەتەوە و لە دژی ڕاپەڕیون، ئێستاش ئینگلیز پیاو چاکیان بۆ دەکات و قەرزەکەیان دەداتەوە. کاتێ لایەنی تورکی تەنگەتاو دەکرا، ئەو دەمە باسی کورد و تورکیان پێکەوە دەکرد و دەیانوت بە هەردوولاوە ٨٥% هەموو دانیشتوان پێکدێنن. لەو کاتەدا کە ئینگلیز و تورک گومانیان لە ژمارەکانی یەکتر دەکرد، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵی گومانی لە هەموو ژمارەکان دەکرد. لێژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا ژمارەی تورکمانەکان زۆر دەکات، حکومەتی بریتانی دەڵێت ڕێژەیان تەنها ٨% دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، حکومەتی عیراقی رێژەیەکی لەوەش کەمتر پێشکەش دەکات کە تەنها ٥ %. بە هەمان شیوە لە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبدا لە نێوان هەردوولادا جیاوازی زۆر هەیە، لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی حکومەتی تورکی کەمتر لە ٩% پێکدێنن، بە پێی ئاماری ئینگلیزەکان دەبنە ٢٤ % و ئەمە لەو ڕێژەیەش زۆرترە کە خودی حکومەتی عیراق داوێتی کە ٢١%. هەموو ئەمە لە کاتێکدا بوو کە جیاوازی لە ئامارەکانی تایبەت بە کورد، جیاوازی وا گەورەیان تێدا بەدی نەدەکرا. بە پێی ئامارەکانی تورکیا ڕێژەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٥٦.١% دانیشتوان بوو، لە کاتێکدا بە پێی حکومەتی عیراقی ڕێژەیان دەگەیشتە ٦٥.١% و بە پێی لایەنی بریتانیش ٥٧.٩% هەموو دانیشتوان کورد بوون.
(*) ئەم ئامارانەم  لە کتێبەم وەرگرتووە کە بە ناونیشانی (قچایا کردیه‌ معاصره‌: کرکوک. اڵ‌نفال. ترکیا والکرد) بە دوو چاپ لە بەڕلین و هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکراوەتەوە.
سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵ دیپلۆماتی سویدی ئەینار ڤیرسن دوای نزیکەی بیست ساڵ لەو ڕۆژانە لە بیرەوەرییەکانیدا کۆمەڵێ ئاماری لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی و ئاینی دانیشتوانی مووسڵەوە بڵاوکردەوە، کە جیاوازن لەوانەی لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا تۆمار کران و لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. وادیارە ئەو بە خۆیشی باوەڕی بەو ژمارە و ئامارانە نەبووە. دوای نزیکەی سەدەیەک ئێستاش عیراق ئامارێکی دروستی ژمارەی دانیشتوان و ڕێژەی پێکهاتە ئەتنیکی و ئاینییەکانی تێدا دەستناکەوێت، بۆیە من بۆ خۆم باوەڕم بەوە نیە ئەو دەمە هیچ لایەنێک ئاماری دروستی لەلا بووبێت. ئەینار ڤیرسن ژمارەکانی لە کتێبێكدا بڵاوکردەوە کە بە ناونیشانی « لە بەڵکانەوە تا بەڕلین» بوو و لە ساڵی ١٩٤٣ لە ستۆکهۆڵم بە زمانی سویدی چاپ کرا. بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی ڤێرسن لە دوای یەکلاکردنەوەی کێشەی مووسڵ بە نزیکەی بیست ساڵ بوو و ئیتر نە لە بەرژەوەندی کەسدا بوون و نە زیانیان بە هیچ لایەک دەگەیاند. ئەو بۆ خۆیشی هیچ پلە و پایە و ئەرکێکی فەرمی لەو کاتەدا نەمابوو و کۆمەڵەی گەلانیش دەمێک بوو خۆری ئاوا ببوو. ئامارەکانی ڤیرسن بەم شیوەیەن: کورد ٢٩١٠٠٠، عەرەب ١٦٩٠٧٥، تورکمان ٣٩٠٠٠، کرستیان ٦١٥٠٠ و جوو ٨٤٥٥٠. کە هەموویان دەکەنە ٦٤٥١٢٥، ئەگەر ژمارەی کۆچەرەکانیان بخەینە سەر ئەوا لە هەشت سەد هەزار زیاتر دەبن. جیاوازی گەورە لە ژمارەی تورکمان و جووەکاندا لە ئامارەکانی ڤیرسن سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن، کە لای ئەم یەکەمیان بۆ نیوە کەمی کردووە و دووەمیشیان زیاتر لە چوار جار زیادی کردووە. لە بارەی کوردیشەوە ژمارەیان لەوانەی تورکەکانەوە نزیکن نەک ئەوانەی ئینگلیز و حکومەتی عیراق.
بە گشتی کورد زیاتر لە پێنج لە هەشتی هەموو دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵیان پێکدەهێنا. ئەگەر ئامارەکان بێلایەنانە و دوور لە مەبەست بخرابایانە بەردەست، ئەوا ڕەنگبێ ڕێژەی کورد زیاتریش بوایە. لە کاتێکدا لایەنەکان ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکانی دیکەیان بە پێی بەرژەوەندییەکانیان بەرز و نزم دەکردەوە، لە بەرژەوەندی کەسیان نەبوو ڕێژەی کورد بەرز بکەنەوە.
تورک زۆر باسی ئەوەیان دەکرد کە تورکمان گەورەترین پێکهاتە لە ویلایەتی مووسڵ پێکدێنن، بەڵام خۆشیان باوەڕیان بەم قسەیە نەبوو و دەیانزانی کە ڕێژەی تورکمان نەیدەکردە چواریەکی دانیشتوان، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئامارێکی نوێیان پێشکەش کرد و بیست هەزار کەسێکیان لە ژمارەی تورکمانەکان کەمکردەوە. بە پێی ئاماری تورک تورکمان پێکهاتەی سێیەمی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، بەڵام بە پێی ئامارەکانی تر دەبوونە چوارەم و پێنجەم پێکهاتە لە دوای کرستیان و تەنانەت جووەکانیش و ڕێژەیان نەدەگەیشتە ١٠% کۆی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ و ٢% هەموو دانیشتوانی عیراق.
دوای کۆچی جوولەکەکان بۆ ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و پرۆسەی بەعەربکردنی دانیشتوان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا و کۆچی بەکۆمەڵی مەسیحییەکان لەم ساڵانەی دواییدا، گۆڕانکاری زۆر گەورە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ڕوویانداوە، چ لە مووسڵ و چ لە دەڤەرەکانی باشوری کوردستان. وا دەبێتە زیاتر لە نیو سەدەش سەرژمێرییەکی دروست و دوور لە مەبەستی سیاسی و ڕەگەزپەرستی لە عیراق ئەنجام نەدراوە، بۆیە کەس نازانێت ژمارە و ڕێژەی پێكهاتەکان لەم کاتەدا چۆنە و ئەوەی دەوترێت تەنها خەمڵاندنە.
***
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد دەبوایە لە لۆزان بە پێی ئاگربەستی مودانیا، نەک مۆدروس هەڵس و کەوت لە گەڵ تورکیادا بکرابایە. شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینەنۆ بۆ ئەوە هاتبوو سەرکەوتنی دیپلۆماسی بخاتە سەر سەرکەوتنە سەربازی کەمالییەکان لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا. ئامانجە سەرەکییەکانی ئینەنۆ و یاوەرانی بریتی بوون لە: داننانی هاوپەیمانان بە سەربەخۆیی و سەروەری تەواوی کۆماری تورکیا لە چوارچێوەی میساقی میللیدا، سڕینەوەی یەکجاریی پەیماننامەی سێڤر، گێڕانەوەی ویلایەتی مووسڵ، ئازادی هاتنوچوون لە تەنگاوەکانی بسفۆر و دەردەنێل، لابردنی سزا سەربازی و ئابورییەکان لە سەر تورکیا و باسنەکردنی مافی کەمینەکان زیاتر لەوەی لە پەیماننامە ئەوروپاییەکاندا هاتوون، واتا تەنها کەمینەی ئاینی نەک ئەتنیکی. لێرەش مەبەستەکە دیارە بە پلەی یەکەم کورد بووە. ئەمانە ئامانجی گرنگ و زۆر گەورەش بوون بۆ تورکیای نوێ. لە بەرامبەردا بریتانییەکان دەیانویست هێز و باڵادەستیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو لایەک بدەنە قەبوڵکردن و مووسڵ بە عیراقی بندەستیانەوە بلکێنن، هەروەها دوورخستنەوەی ئەنقەرەش لە مۆسکۆ یەکێ لە ئامانجە سەرەکییەکانی شاندی بریتانیا بوو لە لۆزان.
سیناریۆ و ئەژێنداکانی کۆنفرانسی لۆزان لە لایەن سەرۆکی شاندی بریتانییەوە لۆرد جۆرج کێرزنەوە دادەڕێژران. ئەو وەک دیپلۆماتکارێکی شارەزا و بەتوانا ئەو پرسانەی دەهێنایە پێشی پێشەوە کە بۆ بریتانیا گرنگ بوون و تا پێیدەکرا ئەوانەی ئەوانی دیکەی دوا دەخست. لە پلانەکانی کێرزندا جێگەی ئەوە نەدەبووەوە ئینەنۆ هەست بە سەرکەوتن بکات. تورکەکان بەهەموو شێوەیەک دەیانویست مووسڵ بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام لە دواییدا دەرکەوت کە گەیشتن بە ڕێکەوتن لە گەڵ بریتانیادا لە مووسڵ گرنگتر بوو بە لایانەوە. ئەوان باش لەوە گەیشتبوون کە بریتانیا ئامادە نیە دەست لە نەوتی ویلایەتی مووسڵ بەردات. لە ئەنجامدا هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن وتووێژی دوولایەنە لە بارەی مووسڵەوە لە دەرەوەی کۆنفرانسی لۆزان ئەنجام بدەن. لەم چەند مانگەی دواییدا ئەردۆگان چەند جارێک ڕەخنەی توندی لەوانە گرت کە لە کاتی خۆیدا لۆزانیان ئیمزا کرد.
داواکارییەکانی تورکیا لە بارەی مووسڵەوە ئینگلیزەکانی زۆر توڕە دەکرد و زوو زوو هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد کە پرسەکە دەبەنە بەردەم کۆمەڵەی گەلان دەکەن و گوایە ئەوان لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەرپرسیارن لە ڕزگارکردنی عەرەبەکان لە ستەم و زۆرداری تورک. ئەوان لە لایەکەوە پێگەی خۆیان لە عیراق بەهێز ئەکرد و لە گەڵ حکومەتەکەی فەیسەڵدا خەریکی مۆرکردنی ڕێکەتننامە و پەیماننامەی هاوپەیمانی دەم درێژ بوون و لە لایەکی ترەوە ئەوەندەی پێیان دەکرا گفتوگۆکانیان لە گەڵ تورکەکاندا درێژە پێدەدا بۆ بەدەستهێنای کاتی پێویست تا پرسەکان بە پێی بەرژەوەندی و سیناریۆکانی خۆیان یەکلادەکەنەوە.
هەرچەندە بریتانییەکان لافی ئەوەیان لێدەدا کە هەڵوێستیان لە بارەی مووسڵەوە پەیوەندی بە نەوتەوە نیە، بەڵام مۆرکردنی ڕێکەوتننامەی ١٤ ئازاری ١٩٢٥ لە نێوان کۆمپانیای پیترۆڵی تورکی و حکومەتی فەیسەڵ کە ماوەکەی ٧٥ ساڵ بوو، ئەو لافانەی ئینگلیزی بە درۆ دەخستەوە. لە ڕۆژی ئەو ڕێکەوتنەوە ناوی کۆمپانیەکەش گۆڕدرا بۆ کۆمپانیای نەوتی عیراق. هەموو ئەم کەین و بەینانە لە کاتێکدا ڕوویاندەدا هێشتا کۆمەڵەی گەلان خەریکی لێکۆڵینەوە بوو لە بارەی چارەنووسی ویلایەتی مووسڵەوە.
وتووێژەکانی تورکیا و بریتانیا لە بارەی مووسڵەوە لە ١٩ ئایاری ١٩٢٤ لە ئەستەمووڵ دەستیان پێکرد و زۆر زوو ئەوەیان دەرخست کە هەردوولا زۆر دوورن لە یەکەوە، بۆیە لە ٥ حوزەیرانی هەمان ساڵ کۆتاییان پێهێنرا. بریتانیا بە دوای بیانوودا دەگڕا بۆ ئەوەی پرسەکە بباتە کۆمەڵەی گەلان و بەوە گەرەنتی ئەوە ئەکات بڕیاری کۆتایی لە قازانجی خۆیدا بێت. تەنها دوای دوو مانگ لە ٦ ئابی ١٩٢٤ بریتانیا داوای لە کۆمەڵەی گەلان کرد کێشەی مووسڵ بخاتە ڕۆژەڤ و ئەژێندای سیاسی خۆیەوە. تورکیاش بە ناچاری بەوە قایل بوو کە کۆمەڵەی گەلان لە پرسەکە بکۆڵێتەوە و لە ئەنجامدا خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی ٢٠ ئەیلولی هەمان ساڵەوە.
کێشەی ویلایەتی مووسڵ بۆ تورکیا پرسی خاکێکی فراوانی نێو سنوورەکانی میساقی میللی بوو، لێ بریتانیا زۆر بچووکی کردەوە و کردی  بە کێشەی دیاریکردنی سنوور لە نێوان دەوڵەتی عیراقی تازە دروستکراو و کۆماری تورکیا. کۆمەڵەی گەلان لێژنەیەکی لە سێ کەس پێکهێنا، کە تورکەکان زۆر باس لەوە دەکەن کە هەرسێکیان لە ژێر کاریگەری تەواوی بریتانیا بوون. ترسی تورک لە هەواڵەکردنی کێشەکە بۆ کۆمەڵەی گەلان بێ بنەما نەبوو و لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە بریتانیا بەهێزترین ئەندام و دامەزرێنەر و یەکێ لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەو ڕێکخراوە بوو، لە کاتێکدا تورکیا تەنانەت ئەندامیش نەبوو تێیدا. بۆیە بڕیاڕی کۆتایی ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لە بارەی مووسڵەوە چاوەڕوانکراو بوو.
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و بریتانیا ئاڵۆز بوون و ڕاپۆرتە نهێنییەکانی بریتانیا، کە یەکێ لە چەکە کاریگەرەکانی دیپلۆماتیکی کێرزن بوون، باسیان لەوە دەکرد کە تورکەکان خەریکی کۆکردنەوەی هێز و ئاژاوەگێڕین لە ناوەچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات. تورکەکان کە دەیەیەکی تەواو بوو لە شەڕ و پێکدادندا بوون، نەیاندەویست شەڕێکی نوێ لە نێوان ئەوان و بریتانیا ڕووبدات، بۆیە لە ٢٩ ئوکتۆبەری ١٩٢٤ داوایان لە کۆمەڵەی گەلان کرد هێڵێکی کاتی سنوور لە نێوان تورکیا و عیراق دیاری بکات. لە ژوورێکی یەکێک لە هوتێلەکانی بروکسل ئەو هێلە کاتییە دیاری کرا و بە هێڵی برۆکسل ناوی لە مێژوودا ڕۆیشت. هەر ئەو هێڵە کاتییەش بوو لە دواییدا وەک بنەما وەرگیرا بۆ دیاریکردنی هێڵی سنووری هەمیشەیی نێوان عیراق و تورکیا.
ئا لەم کاتە هەستیار و ناسکەدا ئاگری ڕاپەڕینی ١٩٢٥، کە بە ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران ناوبانگی دەرکردووە، لە باکوری کوردستان گڕی گرت و جوگرافیاییەکی بەربڵاوی گرتەوە و هەوڵی کوژاندنەوەی بوو بە ئەرک و پرسی سەرەکی حکومەتی تورکیا. ڕووداوەکانی ڕاپەڕینەکە پێگەی تورکیایان لە سەر هەردوو ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی لاواز کرد. بەڵگە نهێنییەکانی بریتانیا ئەوە دەرئەخەن کە حکومەتی تورکیا یەکسەر لە دوای هەڵگیرسانی ئاگری ڕاپەڕینەکە هەڵوێستی خۆی لە بارەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ بریتانیا گۆڕی و ئامادەیی پیشاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەی مووسڵ. ئەمەش دەرفەتیکی زێڕین بوو بۆ بریتانیا بۆ ئەوەی مەرجەکانی خۆی بەسەر تورکەکاندا بسەپێنێ و لە کۆتایی ئەو ساڵەدا مووسڵ بە عیراقەوە بلکێنێ. لێرەوە تۆمەتی ئەوەی کە ئەو ڕاپەڕینە بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بە فیتی ئینگلیزەکان بووە بۆ ئەوەی تورک ناچار بکەن دەست لە مووسڵ هەڵبگرن، سەرچاوە دەگرێت و زۆربەی هەرە زۆری تورک تا ئێستاش باوەڕیان پێیەتی و بەشێکی زۆر لە نووسەرانی بیانیش وەک فاکتێکی مێژوویی هەڵس و کەوتی لە گەڵدا دەکەن.
کاتێ کۆمەڵەی گەلان لە ١٦ دیسەمبەری ١٩٢٥ بە قازانجی عیراق و بریتانیا بڕیاری لە سەر کێشەی مووسڵدا، تورکەکان ناچار بوون ملکەچی بڕیارەکە بن و لە ٥ حوزەیرانی ١٩٢٦ ڕێکەوتننامەی سنووریان لە گەڵ عیراق و بریتانیا لە ئەنقەرە ئیمزا کرا. تەنها داخوازییان ئەوە بوو کە بەشێکیان هەبێت لە نەوتی ویلایەتی مووسل. ئەم داخوازییەی تورکەکان لە بەندی ١٤ ڕێکەوتننامەکە بە پێی خواستی ئینگلیزەکان نەک تورکەکان داڕێژرا. بریتانییەکان بەوە قایل نەبوون تورکیا بەشی لە نەوتی مووسڵدا هەبێت، بەڵکو ١٠ % داهاتی حکومەتی عیراقیان پێی ڕەوا بینی. داهاتی حکومەتی عیراق زۆر لە داهاتی نەوتی ویلاتی مووسڵ کەمتر بوو. زۆر جار سەرچاوە مێژووییەکان جیاوازی نێوان ئەم دوو بابەتە ناکەن و وەک یەک پرس باسیان لێوە دەکەن.
تا چەند ساڵێک بەر لە ئێستا باس لەوە دەکرا کە باری دارایی تورکیا ئەو کاتە زۆر خراپ بوو و پێویستی بە پارە بوو و ئامادە نەبوو ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بێت دە لە سەدی داهاتی ساڵانەی حکومەتی عیراقی وەربگرێت، بۆیە لە بەرامبەر نیو ملیۆن پاوەنی ستەڕلینی کاش دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی بوو. لەم ساڵانەی دواییدا نووسەرانی تورک بە پشتبەستن بە ئامارەکانی بودجەی ساڵانەی تورکیا وێنەیەکی دیکەمان پێشکەش دەکەن. وادیارە بۆ یەکەمین جار و لە دوای سەردانی فەیسەڵی یەکەم بۆ تورکیا لە ساڵی ١٩٣١، بە پێی نامەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا تاهیر لوتفی، عیراق دە لە سەدی داهاتی خۆی، کە ئەو ساڵە ٤٠٠ هەزار پاوەنی ستەڕلینی بووە، داوەتە تورکیا. لە ١٩٣١ تا ١٩٥٥ بە پێی ئەو خشتەی دوو توێژەری تورک بڵاویان کردووەتەوە تەنها چوار ساڵ نەبێت، هەموو ساڵێک حکومەتی عیراق دە لە سەدی داهاتی خۆی داوەتە تورکیا. لە ساڵانی ١٩٣١ – ١٩٣٤ ئەو پارەیە لە ژێر بەندی «داهاتی نائاسایی» تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٤ ژمارەیەکی بانکی تایبەت لە ژێر ناوی «داهاتەکان لە نەوتی مووسڵ» دەکرێتەوە و ئیتر لەوێ ئەو پارەیە تۆمار دەکرێت.
لەم ساڵانەی دواییدا تورکەکان زۆر جار باس لەوە دەکەن کە ئەوان لە ساڵی ١٩٥٤ بەشی خۆیان لە داهاتەکانی حکومەتی عیراق وەرنەگرتووە کە دەکاتە دەیان ملیار دۆلار. لە بەرامبەردا کاتێک لێیان دەپرسن ئەی بۆ جاران ئەم باستان نەدەکرد و ئێستا بیرتان کەوتووەتەوە، وەڵامیان ئەوەیە کە لە سەردەمی سەدامدا قازانجیان لە عیراق زۆر لەوە زیاتر بوو، بۆیە ئەوەی نەدەهێنا باس لەوە بکەن و حکومەتی بەعس توڕە بکەن. هەڵبەتە شەڕ و شوڕەکانی سەدام و بەهەدەردانی سامانی دەیان ساڵی عیراق دەمی زۆر حکومەتی و لایەنی چەور کردبوو و وای لێکردبوون بێدەنگ بن. لە کاتێکدا دانیشتوانی عیراق ژیانێکی پر لە نەهامەتی و مەینەتیان بەسەر دەبرد.
*پرۆفیسۆر جەبار قادر
لە ساڵی ١٩٥١ لە کەرکوک هاتۆتە دونیایەوە.
١٩٧٢ بەشی مێژووی لە زانکۆی بەغدا بە پلەی یەکەم تەواوکردوه‌.
 له‌ ١٩٧٧ مۆسكۆ دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخی کورد بەدەستهێنا. تێزی دکتۆراکەی بەم ناونیشانە» بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە نێوان هەردوو شەڕی جیهانیدا».
١٩٧٩ لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستا دامەزرا و دواتر لە گەڵ گواستنەوەی زانکۆدا بران بۆ هەولێر.
ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٩٠ مامۆستا و پرۆفیسۆری یاریدەدەر بوو لە زانکۆی مووسڵ.
لە ١٩٩١ –ه‌وه‌ له‌ هۆڵەندا ده‌ژی.
١٩٩٥ – ٢٠٠٥ وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ جێگری سەرۆکی پاڕلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە.
 ٢٠٠٧ – ٢٠٠٩ وەک مامۆستا و ڕاگری کۆلێجی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی کۆیە كاریكردوه‌.
 ٢٠٠٧ – ٢٠١٥ ئەندامی کارا و سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی بووه‌.
٢٠٠٩ – ٢٠١١ ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت و وەزیری خوێندنی باڵا بووه‌.
٢٠١٤ – ٢٠١٥یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان بووه‌ له‌ سلێمانی.
ساڵی ٢٠٠٧ پلەکەی بۆ پرۆفیسۆری بەرزکرایەوە و سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای کردووە.
لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا دە کتێب و زیاتر لە ٥٠٠ لێکۆڵینەوە و وتاری لە بواری مێژووی کورد، تورکیا، ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی ڕێنیسانس، دۆزی کەرکوک و پرسە سیاسییەکانی کوردا بلاوکردۆتەوە.
ئێستاش لە هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات

 

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …