ئاماده‌كردنی: سه‌ركه‌وت جه‌لیل
سه‌ره‌تا
فه‌له‌ستین ده‌كه‌وێته باشوری خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه تا ده‌گاته روباری ئوردن، له ناوجه‌رگه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه. خۆرئاوای ئاسیا وباكوری ئه‌فریقیا پێكه‌وه ده‌به‌ستێت، چونكه له‌گه‌ڵ نیمچه دورگه‌ی سینادا خاڵی پێكگه‌یشتنی ئه‌و دو كیشوه‌ره‌ن. چه‌ندین شاری به‌ناوبانگی تێدایه، كه بۆ هه‌ریه‌كه له سێ ئایینه ئاسمانییه‌كه گرنگن، له‌وانه‌ش قودس. ئه‌مڕۆ قودس كراوه‌ته دو به‌شه‌وه، به‌شێكی ده‌وڵه‌تی ناسه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستینی تێدایه و به‌شه‌كه‌ی تریش، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كه له 1948دا دامه‌زرێنرا. ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش 11 ملیۆن و 900 هه‌زار كه‌سه، رێژه‌ی جوله‌كه‌كان تێیدا 49%یه و رێژه‌ی عه‌ره‌بیش 46%ه.
له‌ڕوی سیاسییه‌وه فه‌له‌ستین، ناوچه‌یه‌كی پڕ گرژی و ئاڵۆزییه، به‌هۆی كاره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه، كه زۆر كه‌س به كارێكی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پاش دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی فه‌له‌ستینی له 1993، ناوی فه‌له‌ستین له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا جاروبار به‌كاردێت و مه‌به‌ستیش لێی ئه‌و ناوچانه‌یه كه له‌ژێر حوكمی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستیندان. وه‌ك نازناویش به عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه ده‌وترێت، له‌كاتێكدا جوله‌كه‌كان پێیان خۆش نیه به‌و ناوه‌وه، واته به فه‌له‌ستینی بانگ بكرێن.
هیرۆدۆتی مێژونوسی یۆنانی، له نوسینه‌كانی له سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایین‌دا، له باسی وڵاتی شام و وڵاتی رافیده‌یندا، ناوی فه‌له‌ستینی وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ باشوری وڵاتی شام به‌كاربردوه، پێی وتوه: پلیستینیه. پێده‌چێت له ناوی پلشت_ه‌وه وه‌ریگرتبێت، كه به ناوچه‌ی نێوان یافا و دۆڵی عه‌ریش وتراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌لی (فلستی) له سه‌ده‌ی 12یه‌می پێش زایین و بۆماوه‌ی زیاتر له 500 ساڵ له ناوچه‌ی فه‌له‌ستیندا ژیاون. له سه‌ده‌ی دوه‌می زایین و له ساڵی 132دا ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی، هه‌ستا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ویلایه‌تی یه‌هودا و له جێگه‌ی ئه‌وه ویلایه‌تی فه‌له‌ستینی سوریی دامه‌زراند. له سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئیسلامیشدا به فه‌له‌ستین وتراوه “جند فلسطین” و به‌شێك له سنوره‌كانی له‌گه‌ڵ “جند الاردن”دا هاوبه‌ش بوه.
مێژو
فه‌له‌ستین له ناوچه‌یه‌كی زۆر ستراتیژیدایه له‌نێوان میسر و سوریا و عێراق، سه‌رزه‌مینی زۆرێك له شارستانێتییهكانه. شاری ئه‌ریحا له هه‌زاره‌ی هه‌شته‌می پێش زایینه‌وه،21 شارستانێتی جیاوازی به‌خۆوه بینیوه. فه‌له‌ستین سه‌رزه‌مینی سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی مه‌سیحی و یههودیشه. كۆنترین گه‌لێكی ناسراو له‌و سه‌رزه‌مینه‌دا نیشته‌جێ بوبێتن، كهنعانییهكانن. له‌لایه‌ن زۆرێك له گه‌لانی جیاوازه‌وه داگیر و كۆنترۆڵكراوه، له‌وانه‌ش میسرییه كۆنه‌كان، ئاشورییه‌كان، بابلییه‌كان، فارسه‌كان، رۆمانه‌كان، یۆنانییه‌كان، بیزه‌نتییه‌كان، خه‌لافه‌تی ئیسلامییه‌كان، خاچپه‌رسته‌كان، ئه‌یوبییه‌كان، مه‌مالیك، عوسمانییه‌كان و به‌ریتانییه‌كان، له كۆتاییشدا ئیسرائیل پاش شكسته‌كه‌ی 1948.
له ناوچه‌یه‌كی نزیك ده‌ریاچه‌ی ته‌به‌ریا شوێنه‌واری مرۆیی دۆزراوه‌ته‌وه، كه بۆ 600 هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه. كه‌نعانییه‌كان له ساڵانی نێوان 3000 بۆ 2500 ساڵ پ.ز گه‌یشتنه فه‌له‌ستین. له ده‌وروبه‌ری ساڵانی 1250 پ.ز به‌نی ئیسرائیل چه‌ند به‌شێكی وڵاتی كهنعانییهكانیان داگیركرد، له‌نێوان ساڵانی 965 بۆ 928 پ.ز سوله‌یمان په‌یكه‌رێكی له قودس دروستكرد، پاش داگیركردنی وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئاشورییه‌كانه‌وه و دواتریش له‌لایه‌ن بابلییهكانهوه په‌یكه‌ره‌كه روخێنرا، ساڵی 539 پ.ز فارسه‌كان، بابلییهكانیان تێك‌شكاند و رێگه‌یاندا جوله‌كه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه و په‌یكه‌ره‌كه دوباره دروستبكه‌نه‌وه.
ساڵی 333 پ.ز ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌زن وڵاتی فارسی داگیركرد و فه‌له‌ستینی خسته ژێر ركێفی خۆیەوە، دوای ئه‌ویش بهتلیسییهكانی میسر و سلوقییهكانی سوریا به‌نۆره حوكمی ئه‌و ناوچه‌یه‌یان كردوه.
عیسای مه‌سیح له شاری به‌یت له‌حم له دایكبوه، ناوبانگی ئه‌و شاره‌ش به‌و هۆیه‌وه‌یه. ده‌گێڕنه‌وه كه یوسفی دارتاش و مه‌ریه‌می پاكیزه رۆیشتون بۆ به‌یت له‌حم تا خۆیان له سه‌رژمێری گشتیدا ناونوس بكه‌ن، ئیتر له‌وێ منداڵه‌كه‌ی بوه. به‌ڵام له قورئاندا هاتوه: (له سایه‌ی دار خورمایهكدا ژانی منداڵبون گرتی). ساڵی 330ز هیلانه‌ی دایكی قوسته‌نتین، له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ی گوایه مه‌سیحی تێدا له‌دایكبوه، كڵێسایه‌كی بنیاتناوه، كه كۆنترین كڵێسایه له مێژودا.
پاش روداوی (ئیسرا و میعراج) به‌پێی باوه‌ڕی ئیسلامی، قودس بو به شارێكی پیرۆز، پاش ئه‌وه‌شی نوێژ به‌سه‌ر موسڵماناندا فه‌رزكرا، موسڵمانان روگه (قیبله)یان گواسته‌وه بۆ مه‌ككه، چونكه جوله‌كه‌كان به‌رده‌وام تانه‌ی ئه‌وه‌یان لێیان ده‌دا، كه رو له قیبله‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ن، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای چه‌ند هۆیه‌كی تریش.
پاش داگیركردنی قودس و ناوچه‌كانی تری فه‌له‌ستین له سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تابدا، ناوبراو په‌یمانێكی له‌گه‌ڵ مه‌سیحییه‌كاندا مۆركرد كه به “په‌یمانی عومه‌ری” ناسراوه. تیایدا بهڵێنیدا به پاراستنی سه‌ر و ماڵ و پیرۆزییه‌كانی مه‌سیحییه‌كان له به‌رامبه‌ر دانی سه‌رانه (جزیه)دا.
له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا فه‌له‌ستین گه‌شه‌ی زۆری كرد، چه‌ندین به‌نده‌ر و بازاڕ و خوێندنگه و مزگه‌وت و كڵێسا و گه‌رماو و سه‌را و بینای تری حكومی و تایبه‌تیان تێدا بنیاتنا، به‌تایبه‌تی له شاره‌كانی قودس و عه‌كا و یافا و جه‌نین و به‌یت له‌حم.
له ساڵانی كۆتایی حوكمی عوسمانییه‌كاندا فه‌له‌ستین، له‌ڕوی ئیدارییه‌وه دابهشبوبو به‌سه‌ر دو ئیداره‌دا: یه‌كێكیان ئیداره‌ی قودس، كه به وه‌زاره‌تی ناوخۆوه له ئه‌سته‌نبوڵ په‌یوه‌ست بو، ئه‌وه‌كه‌ی تریش ئیداره‌ی باكوری فه‌له‌ستین، به‌ڵام له‌ڕوی سه‌ربازییه‌وه فه‌له‌ستین به‌شێك بو له فه‌رمانده‌یی سه‌ربازیی گشتیی سوری.
ساڵی 1916 فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و روسیا رێككه‌وتنێكیان بۆ دابه‌شكردنی به‌شی باكوری نیشتمانی عه‌ره‌بی (عێراق و وڵاتی شام) مۆركرد، ئه‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دوای روخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی دیاری بكه‌ن.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دواتر له باشوری سوریا جیاكرایه‌وه و به فه‌له‌ستین ناسرابو، جگه له بیابانی نه‌قه‌ب، خرایه سایه‌ی ئیداره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، كه به راوێژی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و روسیا به‌ڕێوه‌بچێت. به‌ریتانیا هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه سیاسه‌تی دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی جوله‌كه‌ی پهیڕهودهكرد، كه پێیانوابو تا ئه‌به‌د له سێبه‌ری خۆیاندا ده‌مێنێته‌وه و ده‌بێته كێچی كه‌وڵی عه‌ره‌ب و ناهێڵێت بیر له یه‌كگرتن بكه‌نه‌وه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش له په‌یمانی بلفۆری ساڵی 1916دا خۆی به‌یانكرد.
ساڵی 1917 فه‌له‌ستین كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای به‌ریتانیاوه، ساڵی 1920 فه‌له‌ستین خرایه ژێر ئینتیدابی به‌ریتانیاوه، به‌ڵام له 1948 میسر چوه كه‌رتی غه‌زه‌وه و ئوردنیش چوه كه‌رتی خۆرئاواوه. له شوباتی 1949 هه‌ریه‌كه له میسر و ئوردن له‌لایه‌ك و ئیسرائیلیش له‌لایه‌كی تره‌وه ئاگربهستێكیان مۆركرد، كه به‌پێی ئه‌و ئاگربه‌سته میسر پارێزگاری له كه‌رتی غه‌زه ده‌كات و ئوردنیش له كه‌رتی خۆرئاوا. به‌و شێوه‌یه‌ش مانه‌وه تا جه‌نگی 1967.
ساڵی 1947 نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ویستی چاره‌سه‌رێكی بۆ ناكۆكی عه‌ره‌بی ئیسرائیلی له‌سه‌ر فه‌له‌ستین بدۆزێته‌وه، هه‌ستا به پێكهێنانی لیژنه‌ی (UNSCOP) كه له چه‌ند وڵاتێك پێكهاتبو، به‌مه‌به‌ستی گره‌نتیكردنی بێلایه‌نی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌دا. بڕیاری دابه‌شكردنه‌كه له ئایاری 1947 بڵاوكرایه‌وه و 55%ی خاكی فه‌له‌ستینیدا به ئیسرائیل (كه له ئیسدودهوه ده‌یگرته‌وه تا نزیكی حه‌یفا جگه له شاری یافا). دابه‌شكردنه‌كه‌ش به‌جۆرێك بو شوێنی گردبونه‌وه‌ی جوله‌كه‌كانی تێدا رهچاوكرابو، به‌جۆرێك ویستیان هه‌رچۆنێك بوه له‌ناو سنوری ده‌وڵه‌ته یههودییهكهدا بمێننه‌وه. ده‌سته‌ی باڵای عه‌ره‌بی پێشنیازی دابه‌شكردنه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه، به‌ڵام ده‌سته‌ی یه‌هودی به دابه‌شكردنه‌كه رازیبو، هه‌ریه‌كه له ئه‌مه‌ریكا و روسیاش دابه‌شكردنیان پێ قبوڵبو. به‌ریتانیاش رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له شه‌ش مانگدا چاره‌سه‌رێك نه‌دۆزرێته‌وه، كه عه‌ره‌ب و جوله‌كه‌كانیش پێكه‌وه قبوڵیان بێت، فه‌له‌ستین به‌جێده‌هێڵێت.
پاش راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی له‌سه‌ر خاكی فه‌له‌ستین له 15ی ئایاری 1948، یه‌كه‌م جه‌نگی نێوان عه‌ره‌ب و جوله‌كه هه‌ڵگیرسا، ئه‌وه‌بو هێزی پێنج وڵاتی عه‌ره‌بی (میسر و سوریا و ئوردن و لوبنان و عێراق) ویستیان بچنه فه‌له‌ستینه‌وه و رێگه له دروستبونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی بگرن. ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان تا كانونی دوه‌می 1949 به‌رده‌وامبون، تا ئیسرائیل به‌ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵكرد كه بڕیاری دابه‌شكردنه‌كه پێی داب‌و. له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا 700 هه‌زار فه‌له‌ستینی ئاواره‌ی كه‌رتی خۆرئاوا و كه‌رتی غه‌زه بون و كه‌مێكیان نه‌بێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانی تر ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل نه‌یهێشت بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان. له 1948 و له‌كاتی جه‌نگه‌كه‌دا حكومه‌تێك له غه‌زه به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د حیلمی عه‌بدولباقی پێكهێنرا، چه‌ند ساڵێكیش نوێنه‌رایه‌تی فه‌له‌ستینی له كۆمكاری عه‌ره‌بی كرد، به‌ڵام چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی وه‌ك عێراق و ئوردن و میسر دانیان پیانهدهنا، ئه‌وه بو شكستیهێنا.
ساڵی 1956 پاش خۆماڵیكردنی نۆكه‌ندی سوێس له‌لایه‌ن جه‌مال عه‌بدولناسره‌وه، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئیسرائیل هێرشیان كرده سه‌ر میسر و كه‌رتی غه‌زه، تا له 1957 كه‌رتی غه‌زه‌یان داگیركرد.
ساڵی 1964 رێكخراوی ئازادیخوازی فه‌له‌ستین وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی و نیمچه سه‌ربازی دامه‌زرا، كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و كۆمكاری عه‌ره‌بی وه‌ك تاكه نوێنه‌ری گه‌لی فه‌له‌ستینی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌شدا دانی پیانرا. چه‌ندین گروپ و حیزبی فه‌له‌ستینی له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ش بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح و به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ریی و به‌ره‌ی دیموكراتی و حیزبی گه‌لی شیوعی و چه‌ندانی تریش. سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی رێكخراوه‌كه وه‌ك سه‌رۆكی فه‌له‌ستین وایه، له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی فهلهستینیدان. شایه‌نی باسه بزوتنه‌وه‌ی به‌رگریكردنی ئیسلامی (حه‌ماس) و بزوتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی به‌شێك نین له‌و رێكخراوه.
ساڵی 1967 جه‌نگێك له‌نێوان ئیسرائیل و میسر و سوریا و ئوردندا هه‌ڵگیرسا، به سه‌ركه‌وتنی ئیسرائیل و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی باقی ناوچه‌كانی تری فه‌له‌ستین له كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا و سینای میسری و به‌رزاییه‌كانی جۆلان له سوریا، كۆتاییهات. جه‌مال عه‌بدولناسری سه‌رۆكی میسریش به‌شێوه‌ی كاتی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئاواره‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌لی فه‌له‌ستین.
ساڵی 1987 رێكخراوی ئازادیخوازی فه‌له‌ستین دژی ئیسرائیل راپه‌ڕی، به‌وه‌ش دۆسیه‌ی فه‌له‌ستینی هێنایه‌وه به‌ر باس و گفتوگۆ. ساڵی 1988 رێكخراوی ناوبراو به‌شێوه‌ی ره‌سمی بژارده‌ی دو ده‌وڵه‌تی له فه‌له‌ستین و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ڵبژارد، به‌جۆرێك سه‌ربه‌خۆیی فه‌له‌ستین له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانی ساڵی 1967 ده‌سته‌به‌ربكات و قودسی خۆرهه‌ڵات بكرێته پایته‌ختی. ساڵی 1993 دوای دانوستانێكی نهێنی ئیسحاق رابین، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆكی رێكخراوی ئازایخوازی فه‌له‌ستین رێككه‌وتنێكیان مۆركرد، له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی ئیسرائیل له كه‌رتی غه‌زه و پێدانی ئیداره‌ی شاره‌وانییه‌كان به فه‌له‌ستینییه‌كان.
له 1994 هێزه‌كانی ئیسرائیل له كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا به‌شێوه‌ی هه‌نده‌كی كشانه‌وه و ناوچه‌كه كه‌وته ژێر حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی، تا ئه‌وه‌ی ئیسرائیل له 2005 و به فه‌رمانی ئاریل شارۆن، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلی ئه‌وكات به‌ته‌واوی له كه‌رتی غه‌زه كشانه‌وه.
له كانونی یه‌كه‌می 2008 ئیسرائیل، هێرشێكی توندی زه‌مینی و ئاسمانی كرده سه‌ر كه‌رتی غه‌زه، بۆردومانی زۆربه‌ی بنكه‌ی پۆلیس و ماڵ و مزگه‌وت و نهخۆشخانهكانیشی كرد، به‌مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به حوكمی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ته‌قاندنی موشه‌ك به ئاراسته‌ی ئیسرائیل.
كه‌رتی خۆرئاوا و غه‌زه تا ساڵی 1994 له‌ژێر ركێفی ئیسرائیل‌دا مانه‌وه، تا ئه‌وه بو به‌پێی رێككه‌وتنانه‌ی ئۆسلۆی ساڵی 1993 ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی فه‌له‌ستینی بهڕێَوهبردنی چه‌ند به‌شێكی هه‌ردو ناوچه‌كه‌ی كه‌وته ده‌ست. پاش ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس زۆربه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی برده‌وه، شه‌ڕ و پێكههڵپرژان له‌نێوان حه‌ماس و فه‌تح دروستبو، تا له 2007دا گه‌یشته لوتكه، پاش ئه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ته‌واوی كه‌رتی غه‌زه و دامه‌زراوه ئه‌منی و حكومییه‌كانی كۆنترۆڵكرد.
له كۆتایی ساڵی 2008 و سه‌ره‌تای 2009 ئیسرائیل كه‌رتی غه‌زه‌ی گه‌مارۆدا، كاره‌با و سوته‌مه‌نی لێ بڕی و نه‌یهێشت هیچ ده‌وا و ده‌رمانێكیشی له وڵاتانی دراوسێوه پێبگات. ئه‌و گه‌مارۆیه تائێستاش به‌رده‌وامه و له ئه‌نجامی هێرش و په‌لاماره‌كانی ئیسرائیله‌وه بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه چه‌ندین فه‌له‌ستینی كوژراو و برینداربون.
جوگرافیا
فه‌له‌ستین ده‌كه‌وێته كیشوه‌ری ئاسیاوه و به‌شی باشوری خۆرئاوای وڵاتی شام پێكده‌هێنێت، كه جگه له فه‌له‌ستین، لوبنان و سوریا و ئوردنیش له‌خۆده‌گرێت، له‌گه‌ڵ میسریش هاوسنوره. به‌هۆی ئه‌و پێگه‌یه‌ی هه‌یه‌تی بوه به ئه‌ڵقه‌ی گه‌یاندنی كیشوه‌ره‌كانی ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا به‌یه‌كتری.
چه‌ند شارێكی كه‌ناراوی گرنگی تێدایه، كه ده‌كه‌ونه سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، ئه‌وانیش: عه‌كا، حه‌یفا، خزه‌یره، نه‌تانیا، هیرتسلیا، ته‌ل ئه‌بیب، ئافا ئهشود و عه‌سقه‌لان و غه‌زه، كه له‌ڕوی ئابوری و دیمۆگرافی و جوگرافییه‌وه گرنگییه‌كی زۆریان هه‌یه، چونكه 60%ی دانیشتوان له‌و شاره كهناراوییانهدا نیشته‌جێن (نزیكه‌ی 75%ی دانیشتوانانی جوله‌كه و 40%ی عه‌ره‌ب). ئه‌و شارانه گرنگترین سه‌نته‌ره‌كانی پیشه‌سازی و بازرگانییان تێدایه، ئه‌و ناوچه كهناراوییانه، به‌تایبه‌تیش ته‌ل ئه‌بیب و كه‌رتی غه‌زه به چڕترین ناوچه‌ی نیشته‌جێبون داده‌نرێن له جیهاندا.
كه‌شوهه‌وای فه‌له‌ستین تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كه‌شوهه‌وای ده‌ریای ناوه‌ڕاست و كه‌شوهه‌وای بیاباناوی، هه‌ر بۆیه زستانی باراناوییه و هاوینی وشكه.
پاش جه‌نگی عه‌ره‌ب ئیسرائیلی 1948 و ئاگربه‌ستی رودس، هێڵێكی سه‌وز دیاریكرا، وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی نابێت شه‌ڕیان تێدا بكرێت، به‌ڵام دواتر ئه‌و هێڵه بو به سنوری ره‌سمیی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌بییه دراوسێكانیدا. له ناوه‌وه‌ی هێڵی سه‌وزدا به‌شی خۆرئاوای شاری قودس به‌ركه‌وت، به‌و عه‌ره‌بانه‌ی له‌و ناوچانه‌ی هێڵی سه‌وزدا ماونه‌ته‌وه ده‌ڵێن عه‌ره‌به‌كانی 48، كه به‌پێی یاسای هاوڵاتیبونی ئیسرائیلی، ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسرائیلییان وه‌رگرتوه، چونكه به‌پێی یاسای ناوبراو هه‌ر كه‌سێك له رێكه‌وتی 14ی ته‌موزی 1952 (واته رۆژی په‌سه‌ندكردنی یاساكه) له ناوه‌وه‌ی هێڵی سه‌وز بوبێت، به هاوڵاتی ئیسرائیلی دانی پیانراوه.
سیاسه‌ت
فه‌له‌ستین به ناوچه‌یه‌كی جێناكۆك داده‌نرێت، زیاد له جارێك دابه‌شكراوه، یه‌كه‌میان له 1937، دوه‌میان له 1947. به‌پێی رێككه‌وتنامه‌ی ژنێڤ و بڕیاری ژماره 242ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش، ئیسرائیل به لایه‌نێكی داگیركاری خاكه عه‌ره‌بییه‌كان داه‌نرێت، كه مه‌به‌ست له كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوایه. فه‌له‌ستینییه‌كانیش داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه ده‌كه‌ن، كه له جه‌نگی 1967دا داگیركراوه، له‌و پێناوه‌شدا دوجار راپه‌ڕینی مه‌زنیان ئه‌نجامداوه، یه‌كه‌میان له 1987 و ناویاننا راپه‌ڕینی (ئهلحیجاره) و دوه‌میشیان له 2000 و ناویاننا راپه‌ڕینی (ئه‌لئه‌قسا). پێشتریش له 1936 و دژی كۆچی به‌كۆمه‌ڵی جوله‌كه‌كان بۆ وڵاته‌كه‌یان دژی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانی وه‌ستانه‌وه و راپه‌ڕین.
هه‌رچه‌نده به‌پێی ده‌ستوری ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی پێویسته سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵات و ئه‌نجومه‌نی یاسادانان به‌شێوه‌ی خولاو هه‌ڵبژێرێن، به‌ڵام له دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه تا 2010 ته‌نیا دو جار هه‌ڵبژاردن كراوه، له 1996 و له 2006. ئه‌نجومه‌نی یاسادانان به رۆڵی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌ستێت، له‌كاتی مۆركردنی رێككه‌وتنامه‌ی ئۆسلۆی نێوان رێكخراوی ئازادیخوازی فه‌له‌ستین و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له 1996 پێكهاتوه و ئه‌ركی چاودێریكردنی كاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه.
یه‌كێك له خاڵه‌كانی رێككه‌وتنامه‌ی ئۆسلۆ ئه‌وه‌یه، دۆخی كۆتایی قودس له‌رێگه‌ی دانوستانه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینیدا یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه ئه‌ویش قودسی خۆرهه‌ڵات به پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی داهاتوی فه‌له‌ستین داده‌نێت. مه‌حمود عه‌باس، سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیش رایگه‌یاندوه، هه‌ر دانوستانێك دان به قودسدا نه‌نێت وه‌ك پایته‌ختی فه‌له‌ستین قبوڵناكرێت.
یه‌كه‌م هێزی چه‌كداری فه‌له‌ستینی له 1965 دامه‌زرا، كه ئه‌ویش بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح بو، پاش دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی به ساڵێك. له دیارترین گروپه‌كانی به‌رگری فه‌له‌ستینی له‌مڕۆدا بریتین له: بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس، به‌ره‌ی نیشتمانی ئازادكردنی فه‌له‌ستین و بزوتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی له فه‌له‌ستین.
سه‌روه‌ری
له فه‌له‌ستینی مێژوییدا دو قه‌واره‌ی سیاسی هه‌ن: یه‌كه‌میان دوای جه‌نگی 1948 دامه‌زرا، ئه‌ویش ئیسرائیله و روبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 78%ی خاكی فه‌له‌ستینه. واته له‌وه زیاتری داگیركردوه كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له بڕیاری دابه‌شكردنی ساڵی 1947 بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی دیاریكردبو. قه‌واره‌كه‌ی تریش ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینه، كه هێشتا سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رنه‌گرتوه، خاوه‌ن روبه‌ری 22%ی خاكی فه‌له‌ستینه. له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا ئیسرائیل ده‌وڵه‌تێكی دانپیانراوه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین تائێستا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ دانی پیانه‌نراوه.
دو چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته خراوه‌ته‌ڕو، ئه‌وانیش:
1_ رێگه‌چاره‌ی تاك ده‌وڵه‌تی
لایه‌نگرانی ئه‌م رێگه‌چاره‌یه پێیان باشه، یه‌ك ده‌وڵه‌ت له ئیسرائیل و كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا پێكبهێنرێت، كه عه‌ره‌ب و جوله‌كه‌كان به‌یه‌كسانی مافی هاوڵاتیبونیان هه‌بێت.
2_ رێگه‌چاره‌ی جوت ده‌وڵه‌ت
ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین: ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه كه لایه‌نی ره‌سمیی فه‌له‌ستین داوای دامه‌زراندنی ده‌كات له‌سه‌ر خاكی هه‌ریه‌كه له كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا و قودسی خۆرهه‌ڵات. ساڵی 1988 له جه‌زائیر دروستبونی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین راگه‌یه‌نرا، به‌ڵام تاك لایه‌نه كرا، بۆیه هیچ كاریگه‌رییه‌كی واقیعيی نه‌بو.
ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل: له‌سه‌ر نزیكه‌ی 78%ی خاكی فه‌له‌ستین دامه‌زرێنراوه، هاوكات كه‌رتی خۆرئاوای هاوسنوری ئوردن و كه‌رتی غه‌زه‌ی هاوسنوری میسری داگیركردوه، وه‌كچۆن به‌رزاییه‌كانی جۆلانی سوریاشی داگیركردوه. ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له 14ی ئایاری 1948 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی جوله‌كانی زایۆنییه‌وه له فه‌له‌ستین راگه‌یه‌نرا.
ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی له دمهزراندنییهوه له 1994وه تائێستا، دانوستان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین ده‌كات له‌سه‌ر 22%ی خاكه‌كه‌ی.
له ئێستادا كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا دو جۆر حوكمڕانیی جیاوازیان تێدایه. هه‌رچه‌نده له چه‌ند به‌شێكیاندا ئۆتۆنۆمییان هه‌یه، كه‌چی چه‌ند به‌شێكی تریان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیلدان. پاش كشانه‌وه‌ی ئیسرائیل له 2005 له كه‌رتی غه‌زه بێئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین له‌سه‌ر جۆری حوكمڕانی رێكبكه‌وێت، كێشه‌یه‌كی زۆری خوڵقاند، به‌تایبه‌تی كه سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌ڵستكاریی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس تیایدا باڵاده‌ست بوه و كۆنترۆڵیكرد.
دانیشتوان
ژماره‌ی دانیشتوانی فه‌له‌ستین 11 ملیۆن كه‌سه، نیوه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی فه‌له‌ستینی مێژویی ده‌ژین. ژماره‌ی دانیشتوانی فه‌له‌ستینی له كه‌رتی خۆرئاوا و كه‌رتی غه‌زه‌دا (تا ساڵی 2011) 3 ملیۆن و 752 هه‌زار و 200 كه‌س بوه. زۆربه‌یان عه‌ره‌ب
بون له‌گه‌ڵ چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا.
ئه‌و فه‌له‌ستینییانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی غه‌زه و كه‌رتی خۆرئاوا ده‌ژین (تا ساڵی 2006) ژماره‌یان له 5 ملیۆن زیاتره، كه به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی و غه‌یره عه‌ره‌بیشدا دابه‌شبون، له‌وانه‌ش، ئوردن: 3 ملیۆن و 24 هه‌زار كه‌س، كه 60%ی دانیشتوانی ره‌سه‌نی ئوردن پێكده‌هێنن. سوریا: 581 هه‌زار كه‌س. لوبنان: 544 هه‌زار كه‌س، ئه‌مانه‌ش زۆربه‌یان موسڵمانی سوننین. له ئه‌مه‌ریكای لاتینیش ژماره‌یان نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌سه و زۆربه‌شیان مه‌سیحی ئهرتۆدهكسین و به عه‌ره‌بییش نادوێن.
زمان
پێش زایین، زمانه كه‌نعانییه‌كان له فه‌له‌ستیندا هه‌بون، كه كه‌نعانییه‌كان و فینیقییه‌كان و عیبرانییه‌كان پێی دواون. له ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی پێنجه‌می پێش زایینه‌وه زمانی كه‌نعانی به‌ره‌و نه‌مان ده‌چو، زمانی ئارامی جێی گرته‌وه، كه كهنعانییهكانی ئه‌وكات و جوله‌كه و مه‌سیحییه‌كان پێی ده‌دوان. ئه‌و زمانه‌ش مایه‌وه، تا كاتێك زمانی عه‌ره‌بی وه‌ك زمانی بنه‌ڕه‌تی ناوچه‌كه هاته مه‌یدانه‌وه و دانیشتوانه‌كه‌ی ماوه‌ی 10 سه‌ده پێی دوان. له ئێستادا ته‌نیا نزیكه‌ی 45%ی دانیشتوانی فه‌له‌ستینی مێژویی به عه‌ره‌بی ده‌دوێن. فه‌له‌ستینییه‌كان شێوه زاری خۆیان هه‌یه، كه سه‌ر به گروپی شێوه زاره‌كانی شامی باشورییه.
دوای شكستی 1948 زمانی عیبری و عه‌ره‌بی بون به دو زمانی ره‌سمی دانیشتوانی ئیسرائیل، پاش ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كانی 1948 فشاریان بۆ حكومه‌ت هێنا و داوایان كرد عه‌ره‌بییش بكرێته زمانی سه‌ره‌كی.
ئایین
فه‌له‌ستین گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ هه‌ر سێ ئایینه ئاسمانییه‌كه: یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام هه‌یه. له مێژوی خۆیشیدا هه‌ندێك جار ناكۆكییه‌كان مۆركێكی ئایینی‌یان وه‌رگرتوه، وه‌ك جه‌نگی خاچپه‌رستان، هه‌ندێك مۆركێكی ئایینی به ململانێی عه‌ره‌بی ئیسرائیلیش ده‌ده‌ن.
1_ ئیسلام
فه‌له‌ستین ئه‌و خاكه پیرۆزه‌یه، كه خودا له قورئاندا باسیكردوه، وه‌ك سوره‌تی (الاسرا‌ء): “سبحان الذي اسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام الى المسجد الاقصى الذي باركنا حوله”. هه‌روه‌ها سوره‌تی (الانبياء): “و نجيناه و لوطا الى الارض التي باركنا فيها للعالمين”. باسی به‌سه‌رهاتی مریه‌م و عیساشی كردوه، كاتێك فه‌رمویه‌تی: “فحملته فانتبذت به مكانا قصيا” (مریه‌م: 22). ئه‌و شوێنه‌ش دۆڵێكه له‌نێوان به‌یت له‌حم و قودسدا. هه‌روه‌ها قودس ماوه‌ی شانزه تا حه‌ڤده مانگ، یه‌كه‌م قیبله‌ی موسڵمانان بو و هه‌ر له‌وێشه‌وه په‌یامبه‌ری ئیسلام چوه‌ته ئاسمان. جگه له‌وانه‌ش مه‌زارگه‌ی چه‌ند په‌یامبه‌رێك و چه‌ندین شوێنی پیرۆزی موسڵمانان له‌و وڵاته‌دان.
سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وانه‌ش، پێنج نوێژه‌كه‌ی موسڵمانان له‌سه‌ر خاكی قودس فه‌رزكرا و هه‌ر له‌وێش په‌یامبه‌ری ئیسلام نوێژی به په‌یامبه‌رانی تر كرد.
2_ مه‌سیحیه‌ت
فه‌له‌ستین لای مه‌سیحییه‌كان پێی ده‌وترێت شوێنی پیرۆز، چونكه به باوه‌ڕی ئه‌وان عیسای مه‌سیح و مژده‌ده‌رانی له‌وێ ژیاون و مردون و زۆربه‌ی روداوه‌كانی ناو (سه‌رده‌می كه‌ونارا) و (سه‌رده‌می نوێ) له‌وێ رویانداوه. زۆرێك له شوێنه پیرۆزه‌كانی مه‌سیحییه‌كان له فه‌له‌ستیندان، له‌وانه‌ش: شاری به‌یت له‌حم، شوێنی له‌دایكبونی مه‌سیح و كڵێسای مه‌هد، هه‌روه‌ها شاری ناسره كه تیایدا مژده‌ی له‌دایكبونی عیسا به مریه‌م درا، له‌گه‌ڵ شاری قودس، یان ئۆرشه‌لیم (لای مه‌سیحییه‌كان) كه مه‌سیح تیایدا گه‌وره‌بوه و بانگه‌وازی بۆ ئایینه‌كه‌ی كردوه. هه‌ر له‌وێش، به باوه‌ڕی مه‌سیحییه‌كان، له‌خاچدراوه و نێژراوه و باوه‌ڕیان وایه گۆڕه‌كه‌ی له‌ناو كڵێسای قیامه‌ی شاره‌كه‌دایه. جگه له چه‌ندین شوێنی پیرۆزی تریان له شاره‌كانی جه‌لیل و جه‌نین و خه‌لیل. ساڵانه هه‌زاران مه‌سیحی دێنه به‌یت له‌حم و قودس و ناسره و چه‌ند شوێنێكی تریش.
3_ یه‌هودیه‌ت
یه‌هودیه‌كان به فه‌له‌ستین ده‌ڵێن خاكی ئیسرائیل، یان به عیبری: ئیرتس ئیسرائیل. هه‌روه‌ها سه‌رزه‌مینی به‌ڵێندراویشی پێده‌ڵێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له (سه‌رده‌می كه‌ونارا)دا هاتوه: ئه‌و خاكه‌ی خودا سوێندی بۆ باوانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب خواردوه، كه بیداته ئه‌وان و نه‌وه‌كانی دوای خۆیان. ئیسحاحی یه‌كه‌م: 8.
له باوه‌ڕی یه‌هودیه‌كاندا فه‌له‌ستین، ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه كه شانشینی ئیسرائیلی تێدا دامه‌زرێنرا، پێش ئه‌وه‌ی دابهشبێته سه‌ر دو شانشینی ئیسرائیلی باكور و یه‌هودادا. جوله‌كه‌كانی ئێستا خۆیان به نه‌وه‌ی شانشینی یه‌هودا ده‌زانن، كه پایته‌خته‌كه‌ی ئۆرشه‌لیم (واته شاری قودس) بوه و بڕوایان وایه كه په‌یكه‌ره‌ی سوله‌یمانی تێدایه، كه ئه‌ویش ناوه‌ندی كۆنی یههودیهكانه. له كه‌له‌پوری یه‌هودیه‌كاندا شاره‌كانی قودس و خه‌لیل و ته‌به‌ریا و سه‌فه‌د چوار شاری پیرۆزن، چونكه چه‌ند جێگه‌یه‌كی تایبه‌تیان تێدایه. جگه له چه‌ند جێیه‌كی تری پیرۆز له شاره‌كانی خه‌لیل و جه‌لیل.
ئابوری
ئابوری ناوچه‌كانی فه‌له‌ستین، به‌هۆی رێوشوێنه تونده‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و داخستنی به‌رده‌وامی سنور و ده‌روازه‌كانه‌وه، ئابورییه‌كی فشۆڵه. تا ساڵی 1980 رێژه‌ی داهاتی تاكی فه‌له‌ستینی له زیادبوندا بو، به‌ڵام له هه‌شتاكاندا زۆر كه‌میكرد. ئێستاش سه‌ره‌ڕای شیكڵ، دیناری ئوردن و جونه‌یهی میسری وه‌ك دراو به‌كاردێن. به‌ڵام پێش جه‌نگی 1948 جونه‌یهی فه‌له‌ستینی به‌كارده‌هات.
به‌ڵام ئابوریی ئیسرائیل، به یه‌كێك له ئابورییه هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا داده‌نرێت. داهاتی تاك له‌و وڵاته‌دا به‌رزترین ئاستی داهاته له هه‌مو جیهاندا، به‌وه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی 28 هه‌زار دۆلار. ئابورییه‌كه‌ی پشت به پیشه‌سازیی ته‌كنۆلۆژی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار ده‌به‌ستێت، جگه له‌و یارمه‌تییه زۆره‌ی له ئه‌مه‌ریكاوه بۆی دێت.
خه‌لیل و غه‌زه و نابلس به گرنگترین ناوه‌نده پیشه‌سازییه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی داده‌نرێن، كه تیایاندا سابون و خوری و ته‌خته و ماده كانزاییه‌كان و كه‌ره‌سته كاره‌باییه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنرێن.
خوێندن
رێژه‌ی خوێنده‌واری له كه‌رتی خۆرئاوا و كه‌رتی غه‌زه به پێوه‌ره جیهانی و هه‌رێمییه‌كان به‌رزه، به به‌رزترین رێژه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی داده‌نرێت. رێژه‌ی خوێنده‌واری له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یشتوه‌ته 91%، رێژه‌ی خوێندنی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له 15 بۆ 24 ساڵه گه‌یشتوه‌ته 98%.
چه‌ند زانكۆیه‌كی پێشكه‌وتو و ناودار قودسیان كردوه به باره‌گا، به‌رنامه‌ی خوێندنیشیان به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و عیبری و ئینگلیزییه، له‌وانه‌ش زانكۆی عیبری، كه له 1925 دامه‌زراوه و به یه‌كێك له باشترین 100 زانكۆكانی جیهان داده‌نرێت. هه‌ندێك له دیارترین بیرمه‌ندانی جیهان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئه‌میندارانی ئه‌م زانكۆیه بون، له‌وانه‌ش ئه‌لبێرت ئاینشتاین و سیگمۆند فرۆید.
گه‌مارۆدان
ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیلی به‌ته‌واوه‌تى گه‌مارۆی كه‌رتی غه‌زه‌ی داوه، ناهێڵێت كه‌س بێته ناوه‌وه و كه‌سیش ده‌ربچێت، ناهێڵێت كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی و خوارده‌مه‌نی و ده‌رمانی بۆ بێت، ئه‌وه‌ش ئابوریی كه‌رتی غه‌زه‌ی ته‌واو لاوازكردوه. بیانوی ئیسرائیل ئه‌وه‌یه بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی ئه‌و.
له به‌رامبه‌ردا فهلهستینیەکان وازیاننههێناوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر سنوری میسر تونێلیيان دروستكردوه و له‌وێوه هه‌مو پێویستییه‌كانی خۆیيان ده‌هێنن، به ئۆتۆمبیلیشه‌وه.
پرسی فه‌له‌ستین یان ناكۆكیی فه‌له‌ستینی_ئیسرائیلی
مه‌به‌ست له پرسی فه‌له‌سینی ئه‌و ناكۆكییه سیاسی و مێژویی و كێشه مرۆییه‌یه كه له ساڵی 1897، واته له كۆنگره‌ی یه‌كه‌می زایۆنییه‌وه تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه. به‌شێكه له ململانێی عه‌ره‌بی ئیسرائیلی و هۆكاری چه‌ندین قه‌یران و جه‌نگه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌و كێشه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی زایۆنیزم و كۆچی جوله‌كه‌كانه‌وه بۆ فه‌له‌ستین دروستبوه، نابێت رۆڵی وڵاته زلهێزه‌كانیش له ناوچه‌كه‌دا له‌بیربكه‌ین. ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندی به شه‌رعیه‌تی ئیسرائیل و په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی و به‌رگری عه‌ره‌بی دژ به ئیسرائیل و ده‌رچونی چه‌ند بڕیارێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیشه‌وه هه‌یه، له‌وانه‌ش بڕیاری ژماره 194 و 242.
ئه‌و كێشه‌یه به سه‌نته‌ری ململانێ عه‌ره‌بی ئیسرائیلییه‌كان داده‌نرێت و گرنگییه‌كی میدیایی فراوانی پێده‌درێت، هه‌ندێك جار لایه‌نه زلهێزه‌كانیش دێنه هاوكێشه‌كه‌وه و چه‌ندین حساباتی تری تێكه‌ڵده‌بێت، وه‌ك ململانێی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و په‌یوه‌ندی ئایینه‌كانی یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام پێكه‌وه و په‌یوه‌ندیی عه‌ره‌ب به خۆرئاواوه و گرنگی نه‌وتی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان بۆ خۆرئاوا، له‌گه‌ڵ گرنگی و هه‌ستیاریی پرسی جوله‌كه‌كانی خۆرئاوا، به‌تایبه‌تی پاش جه‌نگی جیهانیی دوه‌م و هۆڵۆكۆست و دژایه‌تیكردنی ره‌گه‌زی سامی. له جیهانی عه‌ره‌بیشدا هه‌ندێك له رۆشنبیران ده‌یبه‌ستنه‌وه به پرسی رێنیسانسی عه‌ره‌بی و سیسته‌مه تۆتالیتاره‌كان و لاوازی دیموكراسیه‌ت له جیهانی عه‌ره‌بیدا.