چوار شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 4 2024
Home / مێژووى جیهان / چەکی ئەتۆم کێشە گەورەکەی مێژوو

چەکی ئەتۆم کێشە گەورەکەی مێژوو

چەکی ئەتۆم کێشە گەورەکەی مێژوو

  1. 412667612242015131125

تایبەت بە شرۆڤەی (دوارۆژ):
لە سەرەتای نەخشەدارشتنی جەنگی دووەمی جیهاندا، بیرمەندانی بواری فیزیا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆرە ماددەیەك بوون كە بەرزترین توانای تەقینەوەی هەبێت، ئەم بیرۆكەیەش سەرەتای بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆم بوو.
بۆیەكەمینجار لە ساڵی (1930)دا، پرۆفیسۆرێكی ئەڵمانی بەناوی (هانس بتە 1906-2005) دوای چەندین لێكۆڵینەوە لەسەر توانای تیشك و تیشكدانەوەی ناوەكی، یەكەمین هەنگاوی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی، پێشكەش بە دەوڵەتەكەی خۆی كرد كە دواتر بوو بە هێزێكی سەرەكی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا.
دواتر ئەلبێرت ئەنیشتاینی بیرمەندی ئەڵمانی (1879-1955) كە لە ساڵی (1933) بۆ خۆرزگاركردن لە دەست حكومەتی نازی ئەڵمانیا، بەرەو ئەمریكا هەڵات، وزەی ئەتۆمی بە هاوكێشەی (E=mc2) بەرهەمهێنا، ئەو هاوكێشەیەش بریتی بوو لە (وزە، ماددە و خێرایی تیشك). سەرەنجام ئەم چەكە بەجۆرێك پەرەیسەند كە بۆیەكەمینجار ئەمریكا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە هەردوو شاری هێرۆشیما و ناكازاكی لە ژاپۆن بەكاریهێنا.
ئەمرۆش كە نزیكەی (70) ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا تێدەپەڕێ، (جیمی كارتەر)ی سیاسەتمەدار و رەخنەگری ناسراوی ئەمریكا، لە شرۆڤەیەكدا لە رۆژنامەی (دەیلی ستار)، ڕەخنەی توند لە ئەمریكا و وڵاتانیتر دەگرێت كە هەوڵەكانیان بۆ گەشەپێدانی ئەتۆم، بۆتە مەترسییەكی جیهانی. ئەمەش شرۆڤەكەی ناوبراوە.

***            ***            **
ئەمریكا بە پێشێلكردنی زۆرینەی ڕێككەوتنامە ئەتۆمییە پەسەندكراوەكانی نیو سەدەی ڕابردوو، پەیامی جۆراوجۆری بۆ وڵاتانی وەك ئیران، كۆریای باكور‌و ئەو وڵاتانەیتر ناردووە كە یاسا تەكنیكییەكانی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمیان هەیە. ڕێككەوتنامەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا لەگەڵا هیندستان لەڕاستیدا دەستدرێژییەكی تەواوە بۆسەر (لێكتێگەیشتنی جیهانی ئاشتی) كە بەجێبەجێكردنی پەیماننامەی قەدەغەكردنی پەرەپێدانی ئەتۆمی (NPT) دێتەدی.
لەهەمانكاتدا هیچ هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی (30) هەزار چەكی ئەتۆمی نییە كە لەژێر دەسەڵاتی ئەمریكا، ڕووسیا، چین، فەرەنسا، ئیسرائیل، هیندستان، پاكستان‌و بەریتانیاو كۆریای باكوردایە.
ئێستا چاوەڕێ‌ی هۆلۆكۆستێكی جیهانی دەكرێت كە ئەگەری ڕوودانی لە ئارادایە، تاكە ڕێگای چارەسەریش بریتییە لە  هاریكاریی لەنێوان (5) وڵاتە سەرەكییەكەی جیهان كە  خاوەن چەكی ئەتۆمین لەگەڵ (180) وڵاتیتر، ئەمەش لەڕێگەی دامەزراوەی (NPT)ەوە دێتەدی كە لە ساڵی (1970) بەردی بناغەی دانرا.
لە ڕاستیدا  (NPT) ڕێگاچارەسەری سەرەكییە بۆ ڕێگەگرتن لە گەشەپێدانی چەكی ئەتۆمی، سەرەنجام  لەناوبردنی چەكی ئەتۆمیشە لە جیهاندا. 
لە كۆنفرانسەكانی پێداچوونەوەی (NPT)  لەماوەی ئەم (5) ساڵەی دواییدا تەنها كۆریای باكور، پاكستان، هیندستان‌و ئیسرائیل بەشداریان نەكردووە، هەرسێ‌ وڵاتی پاكستان، هیندستان‌و ئیسرائیل خاوەنی چەكی ئەتۆمین‌و كۆریای باكوریش لەقۆناغی دەستەبەركردندایە.  
دەوڵەتی ئەمریكا بە نمونەیەكی باش بۆ پێشێلكردنی ئەم ڕێككەوتنانە هەژمار دەكرێت، لەبەرئەوەی پەیمانی دژەموشەكی بالستیكیشی لەبەرچاو نەگرتووە، هەروەها تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانیشی هەر بەردەوامە، تائێستاش هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ بەرهەمهێنانی چەكە ئەتۆمییە نوێیەكان بەردەوامە.
من‌و سەرۆك كۆمارەكانیتری ئەمریكا كە لە ساڵی (1974) ئاگاداری پاڵنەرە ئەتۆمییەكانی هیندستان بووین، سیاسەتێكی هەمیشەیمان خستە دەستوری كاركردنەوە، بەپێ‌ی ئەو سیاسەتە فرۆشتنی تەكنەلۆژیای ئەتۆمی لەگەڵا وزەی ئەتۆمی كۆنتڕۆڵ نەكراودا بەم وڵاتە یاخود هەر وڵاتێكیتر كە  (NPT) ئیمزای لەسەر نەكردبێت، قەدەغە كرا. بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ ئەو سیاسەتەش ڕەچاو ناكرێت. 
من گومانم لەوەدا نییە كە سەركردە سیاسییەكانی هیندستان هەروەك سەركردەكانی (5) وڵاتە سەرەكییە خاوەن ئەتۆمەكان، سەبارەت بەم چەكە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، بەڵام هێشتا جیاوازیەكی سەرەكی لەم مەسەلەیدا دەبینرێت، ئەویش ئیمزای (5) وڵاتە سەرەكییەكەیە كە لەسەر بڕیارەكانی (NPT) كردوویانە، تەنانەت بەڵێنیان داوە چیتر پێداویستییەكانی پیتاندنی بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنن. 
سەركردەكانی هیندیستانیش دەبێ‌ بەڵێنێكی لەوشێوەیە بدەن‌و بچنەپاڵ سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی ڕێككەوتنامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمییان ئیمزا كردووە، بەڵام ئەوان چاوپۆشیان لەو ڕاستییە كردووە، هەر بەردەوامیشن لەسەر  بەرهەمهێنانی بۆمبە ئەتۆمییەكان، دەیانەوێ‌ سود لە یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی (50) بۆمبی ئەتۆمی لەماوەی ساڵێكدا. 
ئێستاش ئەگەر ئەم داخوازییەی هیندستان شیاوی پەسەند بێت، كەواتە بۆچی وڵاتانیتری ئەندامی (NPT)ی وەك بەرازیل، عەرەبستانی سعودییە، یابان‌و میسر كە خاوەنی تەكنەلۆژیای بەرزی ئەتۆمین، خۆیان سنوردار بكەن؟
هیندستان كە ئێستا ڕەزامەندی ئەمریكای بۆ سیاسەتە ئەتۆمییە نوێیەكەی بەدەستهێناوە، هێشتا ڕووبەڕووی (2) دوو ئاستەنگی بنچینەیی دەبێتەوە: سەرەتا پێویستی بە ڕێككەوتنامەیەكی شیاوە لەگەڵا ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمیدا. دووەمیش بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ڕێكخراوی گروپی دابینكەرانی ئەتۆمی (6NS)ە، چونكە ئەم رێكخراوە تائێستاش مامەڵە ئەتۆمییەكانی لەگەڵا هەموو ئەو وڵاتانەدا قەدەغە كردووە كە ستانداردە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەكان لەبەرچاوناگرن. ئەو وڵاتە سەرەكیانەی ئەندامی ئەم ڕێكخراوەن، بریتین لە (ئەرجەنتین، بەلجیكا، روسیای سپی، كەنەدا، كازاخستان، نیوزلەندا، هۆڵەندا، ماڵتا، كۆریای باشورو سوید). ڕۆڵی ئەم دەوڵەتانە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، تەنها قەدەغەكردنی بەرنامەی ئەتۆمی هیندستان یاخود ڕێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی نییە، بەڵكو بەدەستهێنانی دڵنیاییە لەبارەی ئەم خاڵەی كە هەر وڵاتێكی خاوەن پیشەسازی ئەتۆمی، لەگەڵا پەسەندكردنی (NPT)دا دەبێ‌ بەشێوەیەكی لۆژیكی دۆسییەی ئەتۆمی سنوردار بكەن. 
سەرنج: پەیماننامەی قەدەغەكردنی پەرەپێدانی ئەتۆمی (NPT) لە ساڵی (1968) لەنێوان وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش (ئەمریكا، چین، رووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا) ئیمزا كراوە، بەپێی ئەم پەیماننامەیە وێڕای قەدەغەی پەرەسەندنی چەكی ئەتۆمی لەناو وڵاتانیتردا، ئەم ئەندامانەی ئەنجومەنی ئاسایش مافی خاوەندارێتی چەكی ئەتۆمیان هەیە.

About زريان احمد

Check Also

دەزگای هەواڵگری ساواک(1957-1979ز)

گەرمیان حەسەن دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری ساواک:محەممەد ڕەزاشا لە ساڵی 1941 جێگەی باوکی گرتەوە کە دامەزرێنەری …