ئاماده‌كردنی: سه‌ركه‌وت جه‌لیل
سه‌ره‌تا
شۆڕشی ده‌ستوری یان مه‌شروته له ئێران (1905 _ 1911) كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره و فراوانی له‌سه‌ر مێژوی هاوچه‌رخی ئه‌و وڵاته هه‌بو، چونكه له رێگه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌وه توانیان سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌یان _كه ملهوڕ و سته‌مكار و بێ‌باك بو_ بگۆڕن و سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی ده‌ستوری دابمه‌زرێنن. له‌و شۆڕشه‌دا خه‌ڵكانێكی زۆر له چین و توێژه جیاوازه‌كان به‌شداربون، له‌وانه‌ش چینی سه‌رمایه‌دار و بازرگانه‌كان، چینی رۆژنامه‌نوس و رۆشنبیره‌كان، چینی پیاوانی ئاینی (ئاخونده‌كان) و هه‌روه‌ها خه‌ڵكانی تریش.
ئێرانیه‌كان له شۆڕشه‌كه‌یاندا چاویان بڕیبوه دادپه‌روه‌ری و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان، زاراوه‌یه‌كی به‌هێزیان بۆ ناونانی په‌رله‌مان داهێنابو، داوایان ده‌كرد ناوبنرێت (عه‌داله‌ت خانه) واته ماڵی دادپه‌روه‌ری، هه‌وڵی ئه‌وان كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته ره‌هاكانی پاشا بو. كه‌سانێك پێیانوایه ده‌سته‌واژه‌ی (بزوتنه‌وه‌ی مه‌شروته) مانای سنورداركردنی ده‌سه‌ڵاتی ره‌هایه، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ئه‌و كه‌سانه زاراوه‌ی مهشروتهیان به مانای (ده‌ستور) یان (ده‌ستوری)، له‌گه‌ڵ مه‌شروت به مانای (مه‌رج و مه‌رجدار) تێكه‌ڵ كردوه.
له ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌می بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستوریدا هه‌ردو زاراوه‌ی مه‌شروته و ده‌ستور به یه‌ك مانا به‌كارهێنراون، چونكه له حكومه‌تی یاسا یان ده‌ستوریدا شێوه‌ی حكومه‌ت زۆر گرنگ نیه، چونكه هه‌ردو سیسته‌می كۆماری و ده‌ستوری له‌سه‌ر بنه‌مای سیسته‌می په‌رله‌مانی دێنه ئاراوه.
بارودۆخی ئێران پێش شۆڕشی ده‌ستوری
ده‌وڵه‌تی قاجار له دۆخێكی سیاسی ناله‌باردا ده‌ژیا، چونكه به وڵاتانی به‌ریتانیا و روسیا ده‌وره درابو، هه‌ریه‌كه‌شیان هه‌ڵپه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیانیان ده‌كرد. پاشا قاجاریهكانیش حوكمێكی ره‌هایان به‌ده‌سته‌وه بو، خۆیشیان به هه‌مو ده‌سه‌ڵات و ده‌ستورێك ده‌زانی، به‌هۆی حوكمی رههایانهوه سته‌م و زۆرداریهكی زۆر بڵاوبوه‌وه، گه‌نده‌ڵی ئیداری و پاشاگه‌ردانی سیاسی و هه‌ژاری و برسێتی و نه‌هامه‌تیه‌كی زۆر بۆ خه‌ڵكی به گشتی و چینه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به تایبه‌تی دروست بوبو.
ناسره‌دین شا (1848_1869) نه‌یده‌ویست وڵاته‌كه‌ی له‌ڕوی سیاسی و ئیداریه‌وه به‌ره‌وپێش بچێت، كه‌چی ده‌یویست و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا، كه له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌سازیه‌وه پێشبكه‌وێت، كه‌سانێكی زۆریشی له ده‌وری خۆی كۆكردبوه‌وه، كه هیچیان ده‌رباره‌ی حوكم و به‌ڕێوه‌بردن نه‌ده‌زانی، هه‌روه‌ك عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: ناسره‌دین شا ده‌یویست به كۆمه‌ڵێك ده‌ست و پێوه‌ندی گه‌مژه ده‌وره بدرێت، كه نه‌زانن ئایا (برۆكسێل) شاره یان جۆرێكه له كاهو(1).
به‌هۆی چاوچنۆكی و پاره په‌رستی شا قاجاریهكانهوه ئێران زیاتر ده‌سته‌مۆی به‌ریتانیا و روسیا بو، تا وای لێهات ناچاربون له ساڵی 1827 رێكه‌وتننامه‌ی (توركمانچای) و له ساڵی 1858یش رێكه‌وتننامه‌ی (پاریس) له‌گه‌ڵ ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته‌دا واژۆ بكه‌ن و سازشێكی زۆریشیان بۆ بكه‌ن، به‌و هه‌نگاوه‌شیان زیانێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان به خه‌ڵكی ئێران گه‌یاند.
له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1872 تا 1901 زنجیره‌یه‌ك ئیمتیازی ئابوری و بازرگانی گه‌وره به به‌ریتانیا و روسیا دران، كه ئه‌وه‌ش باری ژیانی خه‌ڵكی هێنده‌ی تر قورس كردبو. ساڵی 1872 ئیمتیازی دروستكردنی هێڵی ئاسنین و كاره‌با و گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی و لێدانی پاره درانه به‌ریتانیا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای ئیمتیازی كڕین و بازرگانی پێكردنی توتن. له ساڵی 1901یش ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتیان پێدرا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه روسه‌كان مافی راوه‌ماسی و چاندنی لۆكه و ئه‌فیونیان وه‌رگرت، سه‌ره‌ڕای پێدانی قه‌رزێكی زۆر به ئێران.
هۆشیاری سیاسی له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران‌دا، رۆژ به رۆژ له زیادبوندا بو، هۆكاری ئه‌وه‌ش رۆڵی رۆشنبیران و پیاوانی ئاینی و زیادبونی په‌یوه‌ندیه‌كان بو له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا، سه‌ره‌ڕای ده‌رچونی ژماره‌یه‌كی زۆری رۆژنامه (له‌وانه‌ش وه‌ك رۆژنامه‌ی قانون له له‌نده‌ن، رۆژنامه‌ی ئه‌خته‌ر له ئه‌سته‌نبوڵ و حب المتین له هندستان) و توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ئابوری و وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه ئه‌وروپیه‌كان.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا چه‌ند چه‌مكێكی نوێ هاتنه ناو سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌وه، وه‌ك په‌رله‌مان و ده‌ستور و ئازادی، كه بونه هۆی زیادبونی هۆشیاری سیاسی و هاوكات هاتنه‌كایه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی دژایه‌تی كردنی حوكم و ده‌ستوه‌ردانی بیانیه‌كان و سته‌مكاری رژێمی قاجاریهكانیش. له‌م بزوتنه‌وه فیكری و سیاسیه‌دا كۆمه‌ڵیك رۆشنبیر و پیاوی ئاینی رۆڵی به‌رچاویان گێڕاوه، له‌وانه‌ش مالكۆم خان و زه‌ینه‌لعابدین مراغه‌یی له‌گه‌ڵ جه‌ماله‌دین ئه‌سه‌د ئابادی و ئایه‌توڵا به‌هبه‌هانی و محه‌مه‌د ته‌باته‌بائی و چه‌ند مه‌رجه‌عێكی شیعی له نه‌جه‌ف، له‌وانه‌ش میرزا محه‌مه‌د حسێن غهرهوی نائینی. شانبه‌شانی ئه‌وانه‌ش ره‌وه‌ندی ئێرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، كه به‌دوای په‌یداكردنی كاردا چوبونه ده‌ره‌وه، خاوه‌نی هۆشیاریه‌كی سیاسی باش بون، كه ناشێت كاریگه‌ریه‌كه‌ی نادیده بگیرێت.
ئایه‌توڵا نائینی له كتێبی (تنبيه الأمة و تنزيه الملة)دا ده‌ڵێت: بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات توشی لادان نه‌بێت، پێویسته ده‌ستورێكی هه‌بێت، كه ئه‌رك و مافه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا دیاری بكات، له‌گه‌ڵ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێك كه له خه‌ڵكی هۆشیار و دانا كه خێری گه‌لیان ده‌وێت پێكهاتبێت، به‌مه‌به‌ستی چاودێری كردن و جێبه‌جێ كردنی ده‌ستور و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی ده‌وڵه‌ت(2).
هۆكاره‌كانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ده‌ستوری
ئێرانی ئه‌وكات له حاڵه‌تی پشێویدا ده‌ژیا، زیاتر له قه‌واره‌یه‌كی جوگرافی ده‌چو، بێ سوپا، بێ دارایی، بێ په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن، بێ بونیادێكی پته‌وی فێركردن، پشتی به ئابوریه‌كی لادێی و خه‌ڵكانێكی نه‌خوێنده‌وار ده‌به‌ست، كه له دۆخێكی زۆر ناهه‌مواردا ده‌ژیان.
له ساڵانی كۆتایی حوكمی ناسره‌دین شادا دۆخی ئێران له هه‌مو رویه‌كه‌وه خراپ بو، دوای كوژرانی ناسره‌دین شا به ده‌ستی میرزا ره‌زا كرمانیش، دۆخه‌كه خراپتر بو. هاوكات هاتوچۆی خوێندكار و بازرگان و كۆچكه‌ره‌كان بۆ ئه‌وروپا، روانینی گه‌لی ئێرانی له‌و ژینگه‌یه‌ی تیایدا ده‌ژیان گۆڕی، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هۆكاری كه‌لێن و كهموكورتیهكانیان ده‌دا و بیریان له چاره‌سه‌ریش ده‌كرده‌وه.
ئاشنایه‌تی به ئایدیا و بیره رۆژئاواییه‌كانی وه‌ك لیبڕاڵیزم، یاسا، حیزبایه‌تی، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و…هتد، كاری كرده سه‌ر بیری ئێرانیه‌كان و بوه هۆی گردبونه‌وه‌ی چه‌ندین گروپ و چینی جیاواز له‌سه‌ر هه‌مان بیروڕا، ئه‌مانه له‌و باوه‌ڕه‌دا بون، كه خودا له ئاسمانه‌وه شای دیاری نه‌كردوه، به‌ڵكو شا ته‌نیا بونیادێكی سیاسیه و ده‌بێت یاسا راده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری بكات(3).
به‌پێی یاسای ساڵی 1895 ده‌بو هه‌مو بازرگانێكی ناوخۆ و ده‌ره‌وه 5% باج بده‌نه حكومه‌ت، كه ئه‌وه‌ش زیانێكی زۆری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌و چینه دا، چونكه چیتر توانای ركابه‌ری كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كیان نه‌ما، له ئه‌نجامیشدا ناڕهزایهتیهكی زۆری لێكهوتهوه.
روسیا له به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی ده‌یدا به ئێران، ئیمتیازی گومركی ئێرانی بۆ خۆی برد، كه‌سێكی به‌لجیكی به‌ناوی (ژوزێف نوز)یان كرده به‌رپرسی گومرك. نوز وێنه‌یه‌ك به جلی مه‌لایه‌تیه‌وه ده‌گرێت و پاش بڵاوبونه‌وه‌ی وێنه‌كه، كه‌وته ده‌ستی پیاوانی ئاینی، ئه‌وانیش هه‌ڵایه‌كی زۆریان له‌سه‌ری نایه‌وه.
ئاخونده‌كانی شیعه له مزگه‌وته‌كانه‌وه، به‌تایبه‌تی له بۆنه ئاینیه‌كانی وه‌ك موحه‌ڕه‌م و ره‌مه‌زاندا، به لێشاو كه‌وتبونه دوان و ناڕه‌زایی دژی كاربه‌ده‌ستانی گومرك و ده‌وڵه‌تی قاجاری، كاره‌كانی حكومهتیشیان به سوكایه‌تی كردن به ئاین و ئاخونده‌كان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا(4).
پێدانی ئیمتیازێكی زۆر به بیانیه‌كان و پێداگرتنی به‌رده‌وامی روسیا و به‌ریتانیا له‌سه‌ر ئیمتیازی زیاتر، كاریگه‌ری خراپی كردبوه سه‌ر لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له ئێران‌دا.
هه‌روه‌ها شه‌ڕی نێوان ژاپۆن و روسیا (1904_1905) و شكستی روسیا تیایدا، بوه هۆی به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی وڵاتانی ژێرده‌سته‌ی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته زلهێزه‌ی جیهان، له‌وانه‌ش ئێران و وای لێ‌كردن، ناڕه‌زایه‌تی دژی ده‌سه‌ڵاتی روسیا و به‌ریتانیا له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌رببڕن.
شۆڕشی ناوخۆیی روسیاش ساڵی 1905 له‌لایه‌ن جوتیار و كرێكارانه‌وه، هۆكارێكی تری ده‌ره‌كیه، كه هانده‌ر بوه بۆ شۆڕشی ده‌ستوری له ئێران‌دا، هه‌رچه‌نده شۆڕشه‌كه‌ی روسیا سه‌ری نه‌گرت، به‌ڵام به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی رویان له ئێران كرد و بیری دیموكراسی و سۆشیالیزمیان بڵاوده‌كرده‌وه، به‌و كاره‌شیان رێگه‌یان بۆ شۆڕشێكی ناوخۆیی له ئێران‌دا خۆشكرد(5).
ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدان و به‌كارهێنانی وشه‌ی مه‌شروته، كه‌سانێك پێیان وایه كه ئه‌ویش هه‌ر به فاكته‌ری ده‌ره‌كی بوه، ئه‌وه‌تا ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی ده‌ڵێت: كونسوڵی ئینگلیز له ته‌برێز، یه‌كه‌مین كه‌س بو كه وشه‌ی مه‌شروته‌ی به‌سه‌ر زمانی خه‌ڵكیدا هێنا، پێش ئه‌و كه‌س باسی مه‌شروته‌ی له ئێران‌دا نه‌كردوه(6).
به گشتی ده‌توانین بڵێین هۆكار و پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی شۆڕشه‌كه، ئابوری و باری گوزه‌رانی خه‌ڵكی ئێران بو. بێزاری خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌و ئیمتیازاته زۆرانه بو، كه به به‌ریتانی و روسه‌كان بهخشرابون، له‌وانه‌ش ئیمتیازی بارۆن رۆیته‌ر تایبه‌ت به گه‌ڕان به دوای كانزاكان و سودوه‌رگرتن له دارستانه‌كان، پێدانی مافی به‌ڕێوه‌بردنی بارهه‌ڵگری ده‌ریایی به كۆمپانیای (لینش برازه‌رز)، ئیمتیازی سێر هیكگراف تایلۆت بۆ فرۆشتن و به‌رهه‌مهێنانی توتن، مۆركردنی رێكه‌وتننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (دارسی) تایبه‌ت به دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وت، پێدانی مافی دروستكردنی رێگاوبانی باكوری ئێران به كۆمپانیای رێگاوبانی روسیا له‌گه‌ڵ قۆرخكردنی راوه‌ماسی و ته‌ئمینكردنی رێگاوبانه‌كانی باكوری ئێران و چاودێری كردنی به‌رهه‌می فه‌رش و ئه‌فیون له‌لایه‌ن روسه‌كانه‌وه. ئه‌وانه و جگه له قه‌رزێكی زۆری روسیا به‌سه‌ر ئێرانه‌وه، كه به‌هۆی حه‌زی پاشا قاجاریه‌كان و دهستبڵاوییانهوه رۆژ به رۆژ له زیادبوندا بو.
ده‌توانین وه‌ك یه‌كێك له هۆكاره‌كان، ئاماژه به خراپی ئیداره و سیاسه‌تی قاجاریهكانیش بده‌ین، به‌تایبه‌تی له‌وه‌دا، كه له سه‌رده‌می موزه‌فه‌ره‌دین شا، فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌كان ده‌درانه كوڕی شاكان به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی دڵسۆزی ئه‌و ناوچانه بۆ فه‌رمانڕه‌وا، وه‌ك دانانی وه‌لی عه‌هد (محه‌مه‌د شا) بۆ ئازه‌ربایجان و (شوعاعولدهوله) بۆ شێروان و (عهزود ده‌وله) بۆ گه‌یلان و (سالار ده‌وله) بۆ كوردستان(7).
هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ده‌ستوری
موزه‌فه‌ره‌دین شا (1896_1907) دوای كوژرانی باوكی، وه‌ك پێنجه‌مین پاشای قاجاری هاته سه‌ر حوكم، ئه‌ویش كه‌سێكی نه‌خۆش و تا ماوه‌یه‌ك نه‌رمونیان بو، به‌و هۆیه‌شه‌وه تاڕاده‌یه‌ك به‌رنامه‌ی چاكسازی خوازه‌كانی قبوڵكرد. یه‌كێك له هه‌نگاوه‌كانی، كه موزه‌فه‌ره‌دین شا پێی هه‌ستا دورخستنه‌وه‌ی سه‌دری ئه‌عزه‌م (عه‌ینی ده‌وله) بو له پۆسته‌كه‌ی، چونكه خه‌ڵكێكی زۆر لێی بێزاربون و له جێگه‌ی ئه‌ویش كه‌سێكی تر (موشیر ده‌وله)ی دانا.
روسیا پێی له‌سه‌ر واژۆكردنی رێكه‌وتننامه‌یه‌كی گومركی له‌گه‌ڵ ئێران داده‌گرت، به‌پێی ئه‌و رێكهوتننامهیهش كه له ساڵی 1902دا واژۆكرا، ئێران بۆی نه‌بو له 5% زیاتر گومرك بخاته سه‌ر شمه‌ك و كاڵا روسیه‌كان. هه‌روه‌ها ئه‌و دو قه‌رزه‌ی له روسیا وه‌رگیران له‌گه‌ڵ داهاتی گومركه‌كانی ئێران‌دا، نزیكه‌ی سه‌رجه‌میان له سێ گه‌شتی موزه‌فه‌ره‌دین شا بۆ ئه‌وروپا له‌نێوان ساڵانی 1900 و 1907دا خهرجكران، له ئه‌نجامیشدا ئابوری ئێران زیاتر قه‌یراناوی بو.
له‌و قۆناغه‌دا جه‌نگی میدیایی دژی رژێمی قاجاری ده‌ستی پێكرد، چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نهێنی به‌رهه‌ڵستكار دروستبون، وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی نهێنی حیزبی ئیشتراكی دیموكراسی و لیژنه‌ی شۆڕشگێڕی و چه‌ندانی تریش، كه شه‌وانه بڵاوكراوه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌یان دژی قاجاریه‌كان بڵاوده‌كرده‌وه و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌وڵی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانیان ده‌دا.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا دو روداو گڕیان له توڕه‌یی خه‌ڵكی به‌ردا، یه‌كه‌میان ئه‌وه بو كه سه‌رۆكی به‌لجیكی گومرك به جۆرێك له بێ رێزیه‌وه جلی پیاوێكی ئاینی موسڵمانی له‌به‌ركرد، له كاردانه‌وه‌ی ئه‌وه‌شدا پیاوانی ئاینی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و وه‌ك هاوده‌نگی و هاوخهمیهكیش بۆیان، بازاڕی مه‌ركه‌زی له تاران له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه داخرا، روداوی دوه‌میش لێدانی زۆری دو بازرگانی ئێرانی بو به بیانوی ئه‌وه‌ی شه‌كریان به نرخی گران فرۆشتوه.
له‌و روداوه‌دا و پاش هانابردنی پیاوانی ئاینی بۆ مه‌زارگه‌ی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیم له شاری (ره‌ی) له باشوری تارانی پایته‌خت، بۆ یه‌كه‌مجار به ئاشكرا ره‌خنه له حكومه‌ت گیرا. وتاربێژان باسی سته‌می حكومه‌ت و خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵكی ئێرانیان ده‌كرد، خه‌ڵكیش داوایان له حكومه‌ت كرد ئه‌و زانایانه بهێنێته‌وه، ئه‌وانیش بۆ هاتنه‌وه و شكاندنی مانگرتنه‌كه‌یان چه‌ند مه‌رجێكیان دانا: یه‌كه‌میان لابردنی (نوز)ی به‌لجیكی له سه‌رۆكایه‌تی كردنی گومركی ئێرانی و دوه‌میان لابردنی (عه‌لا ده‌وله)ی حاكمی تاران و دامه‌زراندنی (عه‌داله‌ت خانه) بو. له‌ژێر فشاری خه‌ڵكیدا حكومه‌ت به ناچاری ئه‌و داوایانه‌ی قبوڵكرد. به‌ڵام به‌هۆی سته‌می فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی و جێبه‌جێ نه‌كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی دابویان، توڕه‌یی گه‌ل و پیاوانی ئاینی زیاتر بو. له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی تاران گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی رێكخرا و هێزه‌كانی پۆلیس به ئاگر و ئاسن بڵاوه‌یان پێكردن، له كاردانه‌وه‌شدا پیاوانی ئاینی به‌رهه‌ڵستكار رویان له شاری قوم كرد، خه‌ڵكانێكیش كه له زه‌بری حكومه‌ت ده‌ترسان، په‌نایان برده به‌ر باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له تاران.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و داواكاریانه‌ی سه‌ره‌وه، گه‌لی ئێران داوای پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نێكی نوێنه‌رایه‌تیان به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی شورای نیشتمانی) كرد و موزه‌فه‌ره‌دین شای قاجاریش به‌و دو داواكاریه رازی بو. هه‌نگاوی یه‌كه‌می پێكهێنانی په‌رله‌مان نوسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كان بو، شا ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی واژۆ كرد و له ساڵی 1906دا یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له ئێران به‌ڕێوه‌چو. دوای ئه‌وه‌ش زانایانی ئاینی و بازرگانه‌كان هاتنه‌وه سه‌ر كاری خۆیان. ماوه‌یه‌كی كورتیش دوای ئه‌وه ئه‌نجومه‌نی ده‌ستوری كرایه‌وه، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه پێشتر لیژنه‌یه‌كی فه‌رعی بۆ ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی ده‌ستور راسپاردبو.
ره‌شنوسی ده‌ستور ئاماده‌كرا و به‌رزكرایه‌وه بۆ به‌رده‌ستی موزه‌فه‌ره‌دین شا، ئه‌ویش واژۆی كرد، پاش ماوه‌یه‌كی كورتیش موزه‌فه‌ره‌دین شا به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایی كرد و محه‌مه‌د عه‌لی شای كوڕی، وه‌ك شه‌شه‌مین پاشای قاجاری جێگه‌ی گرته‌وه.
زۆری نه‌برد ئه‌و بزوتنه‌وه ده‌ستوریه كه‌وته به‌ر رقی محه‌مه‌د عه‌لی شا و به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌ڕا تا گورزی خۆی لێ بوه‌شێنێت، له‌و كاره‌شیدا حكومه‌تی روسیا به‌ڵێنی هاوكاری ته‌واویان پێدا. له‌و كاتانه‌دا گالیسكه‌ی پاشا هێرشی كرایه سه‌ر، هه‌ندێك له مێژونوسانیش وای ده‌بینن، كه ئه‌وه پیلانی ده‌سه‌ڵاتی قاجاری خۆی بوه، تا بیكاته بیانویه‌ك بۆ لێدان و په‌رته‌وازه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستوری.
له حوزه‌یرانی ساڵی 1908 و به هاوكاری لیاخۆف، فه‌رمانده‌ی روسی هێزه‌كانی قۆزاقی ئێرانی، محه‌مه‌د عه‌لی شا فه‌رمانی تۆپباران كردنی بینای په‌رله‌مانیدا و هاوكات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی راگه‌یاند و حوكمی سه‌ربازی به‌رقه‌رار كرد. هه‌روه‌ها بانگخوازانی مه‌شروته لێك جیاكرانه‌وه و زیندانی كران و هه‌ندێكیان له‌سێداره دران و هه‌ندێكی تریشیان، وه‌ك محه‌مه‌د ته‌باته‌بایی و عه‌بدوڵا به‌هبه‌هانی دورخرانه‌وه(8).
پاشان شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان حكومه‌ت و به‌رهه‌ڵستكارانی به‌رده‌وام بو، چه‌ند فتوایهكیش بۆ دژایه‌تی كردنی حكومه‌ت و پشتیوانی كردن له بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستوری ده‌ركران. به‌هۆی فشاری خه‌ڵكی و زۆرلێكردنی روسیا و به‌ریتانیا، له نیسانی 1909دا پاشا بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ده‌ركرد و خۆیشی به‌ره‌و باڵیۆزخانه‌ی روسیا هه‌ڵهات، په‌رله‌مانیش له ماوه‌ی نێوان تشرینی دوه‌می 1909 و كانونی یه‌كه‌می 1911 له كاره‌كانی به‌رده‌وام بو.
دوای ئه‌و مێژوه‌ش، خۆری بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستوری له ئێران به‌ره‌و ئاوابون رۆیشت، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ریش رێگه‌یان بۆ دوباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سته‌مكاری خۆشكرد، كه ده‌توانین له‌م خاڵانه‌دا كورتیان بكه‌ینه‌وه:
1_ بونی روسه‌كان له باكور و به‌ریتانیه‌كانیش له باشوری ئێران.
2_ ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ و زیادی ئه‌و بیانیانه له كاروباری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌دا.
3_ لاوازی حكومه‌تی ناوه‌ندی له تاران.
4_ متمانه به‌خشین و رێگه‌دان به هاتنه پێشه‌وه‌ی كه‌سانێك كه دژی بزوتنه‌وه‌ی ده‌ستوری بون.
5_ به‌هێزبونه‌وه‌ی هه‌لپه‌رست و خان و سه‌رۆك خێڵه‌كان.
6_ ده‌ستپێكردنی یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی.
7_ زۆربونی برسێتی و كێشه ئابوریه‌كان.
ئه‌نجامه‌كانی شۆڕشی ده‌ستوری
مێژونوسه ئێرانیه‌كان پێیانوایه، شۆڕشی ده‌ستوری بۆ یه‌كه‌مجار پارچه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێرانی كۆكردوه‌ته‌وه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی قاجاری، تیایدا داوای دانانی بنه‌مایه‌كی په‌رله‌مانیان كردوه، كه مافی هاوڵاتیان بپارێزێت، هاوكات سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه سه‌ره‌تایه‌ك بو بۆ چاكسازی(9).
له پێنجی ئابی ساڵی 1906دا، موزه‌فه‌ره‌دین شا فه‌رمانی مه‌شروتیه‌تی ده‌ركرد، ئێران بۆ یه‌كه‌مجار بوه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی په‌رله‌مانی، كه ناونرابو (ئه‌نجومه‌نی شورای نیشتمانی)، پاشان په‌رله‌مان یاسای بنه‌ڕه‌تی (ده‌ستور)ی دانا كه له 51 ماده پێكهاتبو. به دانانی ئه‌و ده‌ستوره‌ش سیسته‌می ئۆتۆكراسی پاشایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و ده‌سه‌ڵاتی مهشروتهخوازهكان، كه له‌سه‌ر بنه‌مای له گه‌له‌وه بۆ گه‌ل بو، جێگه‌ی گرته‌وه.
هاوكات له رێگه‌ی ناسینی كۆمه‌ڵگه و رۆشنبیری رۆژئاواییه‌وه، كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی نوێ هاتنه نێو زمانی فارسیه‌وه، له‌وانه‌ش: نیشتمان، حكومه‌ت، گه‌ل، مافی گشتی، ئازادی، هاوكاری، دادپه‌روه‌ری، په‌رله‌مان، یاسا، ماف، دادوه‌ری، ده‌وڵه‌تی گه‌ل، په‌رله‌مانی گه‌ل، ده‌وڵه‌تی یاسا و مه‌شروته و…هتد. ئه‌مانه‌ش رۆڵێكی كاریگه‌ریان له وروژاندنی خه‌ڵكی و خوڵقاندنی روداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بوه.
ئه‌گه‌ر له كۆتایدا بمانه‌وێت ئاوڕێك له دیارترین هۆكاره‌كانی شكستهێنانی شۆڕشی ده‌ستوری له ئێران‌دا بده‌ینه‌وه، ده‌بینین دیارترین هۆكاره‌كان بریتیه له لاوازی ریشه و جوڵانه‌وه‌ی دیموكراتیك له‌لایه‌كه‌وه و لاوازی بۆرژوازیه‌تی ئێرانی له‌لایه‌كی تره‌وه، سه‌ره‌ڕای كه‌می هێزی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی. راستیه‌كه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیمچه ده‌ره‌به‌گایه‌تی بو، له‌ڕوی هۆشیاری و ئه‌قڵیه‌تی دیموكراتیكه‌وه، له‌ڕوی ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، كه به كه‌ڵكی شۆڕشێكی دیموكراتیك بێت لاواز بو، ئه‌و لاوازیانهش بونه هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی پته‌و ده‌ست پێنه‌كات و ئامانجه‌كانی خۆی نه‌پێكێت (10).
په‌راوێزه‌كان:
x
1_ رشيد الخيون، المشروطة و المستبدة، مع كتاب (تنبيه الأمة و تنزيه الملة)، ط1، بغداد 2006.
2_ د. عصام سيد عبدالحميد، الخطاب الاعلامي للثورة الاسلامية و اثره على العلاقات الخارجية، ط1.
3_ ناظم اسلام كرمانى، تأريخ بيداري ايرانيان، تهران 1379، ل 269.
4_ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، كورد و عه‌جه‌م (مێژوی سیاسی كورده‌كانی ئێران) 2007، ل 393.
5_ حه‌ربی محه‌مه‌د، گه‌شه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی نیشتمانی له ئێران له ساڵی 1895 تا ساڵی 1935، و: د. محه‌مه‌د عه‌بدوڵا كاكه سور، گۆڤاری مێژو، ژماره 2، 2007.
6_ احمد كسروي، تأريخ مشروطهء ايران، تهران 1373.
7_ د. ئامال سه‌بكی، ئێران له شۆڕشی ده‌ستورییه‌وه تا جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، گۆڤاری كه‌وانه (ژ. 19) ئایاری 2013، ل 148 و دواتر.
8_ رشید الخیون، س پ، ل 122.
9_ د. ئامال سه‌بكی، س پ.
10_ حسێن مه‌ده‌نی، كوردستان و ستراتیژی ده‌وڵه‌تان، به‌رگی دوه‌م، 2005.