Home / مێژووى جیهان / دامەزراوەکانی بەتورککردن‌ و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە 1

دامەزراوەکانی بەتورککردن‌ و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە 1

هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن‌و دەرباز بوون

دامەزراوەکانی بەتورککردن‌ و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە

هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن‌و دەرباز بوون

بەشی یەکەم

لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

پوختە

هەرچەندە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنستان جێگەی سەرنجی ئەم توێژینەوەیەن، بەڵام لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا وەرگیراون، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵە هەتیوەکانی یۆنانی و ئاشووری و ئەرمەنی – بە هەموو هاوبەشی و جیاوازییەکەوە – نیشاندەری مەبەستە بۆ لەناوبردنی گرووپە بەئامانجگیراوەکانی مرۆڤ وەک لە ڕێککەوتننامەی جینۆساید پێناسەی دەکات.

ئەم توێژینەوەیە باس لەو مێتۆد و شێوازانە دەکات کە حکوومەتی عوسمانی وەریگرتووە و ئەو ڕێوشوێنە تەواوکەرانەی کە پێویستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵە بێشومارانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردنی گشتگیر و تەواودا. ئەمەش بریتی بوو لە دامەزراندنی خانەی منداڵانی هەتیو لە تورکیادا، کە هەندێکیان بە شێوەیەکی مەجازی پێیان دەگوترا مەکتەب (واتە قوتابخانە ئایینیەکان) و بە شێوازگەلی دڕندەییانە ناچاری بوون بە ئیسلامیان دەکردن و دەیانناردن بۆ ماڵە موسڵمانەکان -هاوڕێ لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەدانێکی بێئاماندا و لە هەمان کاتدا بە ئامانجی نهێنی و شاراوەی باشکردنی ڕەگەز لە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی بەتورککردنیانەوە و بێجگە لەوەش، مامەڵەی قێزەونانەی ئەم منداڵانە، لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنیان بە درێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستنیان. باسەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەزموونی دەستە و تاقمی دیاریکراوی ئەم منداڵانە قوربانیانە، لەوانەی لەم پیلانەدا گیانیان لەدەستدا و ئەوانەی ڕزگاریان بووە و گەیشتوونەتە جیهانی دەرەوە یان بەردەوام بوون لە ژیان لە تورکیادا، وەک موسڵمان، ڕاستیان کردبێت یان بە خۆنواندن بووبیت، بێجگە لە مەسیحییانەش کە ئایین و باوەڕی خۆیان پاراستبوو سەرباری هەموو ئاستەنگ و سەختییەک کە بەرەوڕووی بووبوونەوە. بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن و گێڕانەوەی کەسیی ئەم منداڵە هەتیوانە و لێکۆڵینەوە نوێیەکان لەسەر بارودۆخی دەروونیی نەوەکانیان، ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئاسەوار و کاریگەرییە کورتخایەنەکان دەخاتە ڕوو، چونکە بە زۆری ئەم نەوەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بووە بە نەوەیەکی مردوو و ناتوانێت بە تەواوی بەشداریی تەواو بکات لە بەردەوامبوونی گەل و نەتەوەی ئەرمەندا، سەرەڕای ئاسەوارە درێژخایەنەکانی جینۆساید کە پشتاوپشت دەکەن و بارگرانییەکی دەروونییان لەسەر خەڵک و نەتەوە دروستکردووە بە جۆرێکی وا کە دۆخەکەیان ئاڵۆز کردووە و بوون بە ڕێگر لە پرۆسەی چاکبوونەوە و ساڕێژبوونی برینەکان.

ڕێککەوتننامەی جینۆسایدیش ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم مامەڵە جینۆسایدییانەی ناکات کەوا گەل و نەتەوەی ئەرمەن هێشتا لە هەوڵ و خەباتدایە بۆ تێپەڕاندنی.

وشە سەرەکییەکان: تەکنیکەکانی کۆمەڵکوژی، چاوپێکەوتنی مێژووی زارەکی، بیرەوەرییەکانی ڕزگاربووان، هەتیوخانە ئەمریکی و ئەوروپی و ئەرمەنییەکان و هەتیوخانەکانی تورکیا، ماڵە موسڵمانەکان، تەکنیکەکانی دەربازبوون و مانەوە، کۆکردنەوەی منداڵە هەتیوەکان، کاریگەرییەکانی نەوە دوای نەوە، مۆتەکە و وێنە و هێما ئایکۆنییەکان.

ئەم باسە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەن International Journal of Armenian Genocide Studies، ژمارە ٢، ٩ی ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاوکراوەتەوە.

پێشەکی

ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید،”گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپی ئامانج بۆ گروپێکی تر” (مادەی دووەم، فەسڵی هـ) وەک تاکە بڕگەیەک دەناسێت کە بە ئاشکرا پەیوەندیی بە کردەوە تایبەتەکانی منداڵانەوە هەیە و هیچ باسێکی تر لە سیاسەتی جینۆسایدی ئامانجدار لە دژی ئەم گرووپە نەکراوە و مەبەست لێی زەقنەکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەزموونی زەبربەخش دژ بە منداڵە ڕزگاربووەکان بووە و لە هەمان کاتیشدا گەلانی ڕزگاربوو لە خەباتی بێکۆتایی خۆیاندا بۆ زاڵبوون بەسەریدا و چاکبوونەوەیان. ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر منداڵانی ئەرمەن بۆ زیاتر ڕاڤەکردن و ڕوونکردنەوەی مەسەلەی ئەرمەنی. بەڵام لە چوارچێوە فراوانەکەیدا دەتوانێت هەندێک ڕۆشنایی بخاتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی هەتیوی یۆنانی و ئاشوورییەکانەوە – بە هەموو هاوبەشی و جیاوازییەکەوە – بۆ سەلماندنی وێنە گەورەکە وەک نیشاندەری نیاز و مەبەستی تورکە لاوەکان بۆ لەناوبردن لە ڕێگەی جینۆسایدەوە.

بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، بایەخی سەرەکیی توێژەران و مێژوونووسانی ئەرمەن سەلماندنی ڕاستی و دروستیی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجیان لەسەر بەڵگەنامەکردنی مێژوویی ڕووداوەکە بوو. تێکەڵکردنی بیرەوەری و کار و بەرهەمی ئەدەبی بۆ باشتر تێگەیشتن لە کارەساتەکە و لایەنە مرۆییەکەی دیاردەیەکی نوێیە. دواجاریش ناتوانرێت جینۆسایدی ئەرمەنەکان وەک تەنها ڕووداوێکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەو پێیەی وردەکاری و کاردانەوەکانی لە ئێستادا حاشا هەڵنەگرن و میللەت لە دەرئەنجامەکانیدا دەژی، کە بەپێی پێویست دانیان پێدا نانرێت و مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.

ئەم باسە بەدواداچوون بۆ ئەو شێوازانە دەکات کە حکوومەتی عوسمانی پیادەی کردووە و ئەو ڕێوشوێنە تەواوکەرانەی کە پێویستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی منداڵانەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنی گشتگیریدا. هەروەها لێکۆڵینەوەش لە کاریگەرییە کوشندە و پڕووکێنەکانی ڕابردوو و ئەو برینە هەرگیز ساڕێژنەبووانە دەکات کە ئەم هەتیوانە بە درێژایی ژیانیان هەڵیانگرتووە و کاریگەرییان لەسەر تەواوی کردار و ڕەفتاریان و تێڕوانینیان بۆ ژیان هەبووە. بەڵام لە پێشدا دەمەوێت سوپاسی کارەکانی پرۆفیسۆر ڤاهاکن دادریان بکەم، کە دەرکەوتووترین زانایە لە توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەندا، کە دەستی بە باسەکە کرد و زەمینەی سازکرد بۆ لێکۆڵینەوەی منداڵانی وەک لقێکی جیاواز لەناو تێکڕا قوربانییاندا١.

بۆ پێشکەشکردنی پاشخانێکی ئەم مشتومڕە سەبارەت بە سیاسەتەکانی قڕکردنی تایبەت بە منداڵان، سەرەتا تێڕوانینێکی گشتی لە شێوازانە دەخەمە ڕوو کە قووڵتر و ناسراوترن (لە هێنری مۆرگنتاوەوە تا ڤاهاکن دادریان)، بە پشتبەستن بە نموونەی وەرگیراوی یادەوەریی ئەو کەسانەی هێشتا لە ژیاندا ماون. پاشان قسە لەسەر ئەو هەتیوخانانەی تورکیا دەکەم کە کەمترین بەڵگەیان لەسەرە و بە دەگمەن لە بیرەوەرییەکانی ڕزگاربوواندا باسکراون و هۆکاری ڕواڵەتیی ئەوەیە کەوا کەم کەس لەم دامەزراوانە هەڵاتوون یان ڕزگاریان بووە. دیارە ئەگەر منداڵانی دەستبەسەر لەم دامەزراوانەی تورکیادا زۆر بچووک بوون و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لەبیرکردووە و بە تەواوی لە کۆمەڵگەی تورکیادا تواونەتەوە و ئاسەواریان بزر بووە، خۆ ئەگەر تەمەنیان ئەوەندە بووبێت کە لەبیریان مابێت، ئەوە لەگەڵ یادەوەرییەکی تاڵ و ئازاربەخشی ناتەبا لەگەڵ دۆخی خۆیاندا ژیاون و بێدەنگی و هیچ نەدرکاندنیان بەسەردا سەپاوە.

منداڵان وەک بەشێک لە ڕاگوێزراوان لە ڕێگاوبانەکانی ڕاگواستندا

بە فەرمانەکانی ڕاگواستن قۆناخی یەکەمی چارەسەری کۆتایی دەستیپێکرد. بە زۆرییش پێش ئەوە گرتن و سەربڕینی خەڵکە نێرینە و باڵقەکان جێبەجێ دەکرا و زۆربەی ژن و منداڵ و پیرەکانیان ڕاپێچی ڕێپێوانی مەرگ دەکرد. بەڵام دیارە بەتەنها ڕاگواستن و تەنانەت بەئەنقەست توندکردنەوەی ستەم و شەکەتی و ماندوێتیی ڕێگا چارەسەرێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی لێنەکەوتەوە. لەبەر ئەوە جەندرمەکانی یاوەری کاروانەکان، ئەو پیرەژن و پیرەمێردانەی کە جێدەمان و نەیاندەتوانی بە ڕێکردنی کارواندا بگەن دارکاری دەکرد و دەیانکوشتن. برسێتی و تینوێتی و نەخۆشی کە لە ناو ئۆردووگاکانی ئاوارەکاندا بڵاو بووبووەوە هێشتا کارەکەی تەواو نەدەکرد. بەڵکو هێرشە ڕێکخراوەکانی تورک و کوردەکان بۆ سەر گوندەکانیئەرمەن و تاڵانکردن و ڕووتکردنەوە و کوشتن و فڕاندنی منداڵ و ژنانی گەنج زیاتر کاریگەریی خۆیان سەلماندبوو.

هۆڤانیس موگردیچیان لە لاپاجلێ (گوندێکە لە چیای ئامانوس) ئیفادە و شایەتی ئەوە دەدات کە: “… بە پاچ و تەور و چەقۆ و کوتەک و بێڵ و داس نزیکەی پێنج سەد کەسیان کوشت. ئەوان بەم کوشتارە دانەکەوتن بەڵکو زۆرێک لە ژنە گەنجەکانیان لەگەڵ خۆیان بە دیلی برد”. پاشان زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێ: “ساڵح کە زاوای کوێخای گوندەکە بوو لە کاروانێکدا دەستی بەسەر کچێکی سێزدە ساڵانی ئەرمەنیدا گرت و لەگەڵ خۆیدا بردی و نانی نەدەدایە و ئەویش لە تاو برسێتی هێلکەیەکی دزیبوو خۆیی پێ تێر بکات و سزاکەی ئەوە بووە کە فڕێیداوەتە ناو بیرێکی وشکەوە کە قووڵیی چل مەتر بووە. هەڵبەت نامرۆڤایەتی هیچ سنوورێک ناناسێت!”٢

هەر لە دۆخ و سیاقی ئەم بابەتەدا، ئەم شایەتحاڵانە و زۆر کەسی تری هاوشێوەیان راستییەک پیشان دەدەن تەواو پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی حکوومەتە کە جەندرمەکان بۆ پاراستنی ڕاگوێزراوان یاوەریی کاروانەکانیان دەکرد. دیروهی کویمجیان هایگاس لە کۆنیا ئەو ئیدیعایەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە کە جەندرمەکان کاروانەکانیان دەپاراست و باند و تیرۆریستانیش تاوانی زۆریان دەکرد لە دژی ئەرمەنییەکان. “من شایەتحاڵێکی زیندووی ئەم درۆ و دەلەسانەم و شایەتیی ئەوە دەدەم کە ئەوان ئێمەیان نەپاراست و لەڕاستی ئەوان خۆیان سەرچاوەی ئەنجامدانی تاوان بوون…”٣

هێرش و هەڵکوتانەسەری بچڕبچڕ و تەقەکردنی هەڕەمەکیی بەردەوام نەدەبڕایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران ڕاگوێزراو، کە لەو هەموو دەرد و مەینەتی و ئازارەی ڕێ ڕزگاریان بوو، لە کۆتاییدا بە حاڵ و بارێکی زۆر خراپ گەیشتنە دوا مەنزڵیان بیابانی سووریادا. زۆرێک لە بەرپرسانی ناوخۆیی کوشتنی بەکۆمەڵیان بە شێوازی جیاواز وەک تاکتیکێک بەکارهێنا بۆ ڕزگاربوون لەو کۆمەڵە گەورەیەی ئاوارەکان کە لە خاک و ناوچەکانیان کۆبووبوونەوە. گارۆ پۆلادیان لە بیرەوەرییەکانیدا ئەو شێوازە پیشان دەدات کە “ئەحمەد بەگی دڕندە” لە بیابانی سووریادا پەیڕەویی دەکرد، کە لە قوستەنتینیە تازە نێردرابوو بۆ ئەوەی جێگەی ئەو کەسە بگرێتەوە کە ئاسانکاریی دەکرد و شێوازە نەرمتری پیادە دەکرد. ئەحمەد بەگ چیچانییەکانی بەکاردەهێنا، کە دڕندەترین هۆزی بیابان بوون و بەڵێنی دەسکەوت و تاڵانیی باشی پێدابوون و تفەنگی بەسەریاندا دابەشکرد و بەرپرسیارێتیی پاکتاوکردنی یەکجارەکیی ئەرمەنەکانی پێسپاردن. ئەوانیش “بە تفەنگی دەستیانەوە و بەسەر ئەسپەوە، ئەرمەنەکانیان ڕاپێچ دەکرد و لە ژێر پێی ئەسپەکانیاندا دەیانشێلان و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان دەکرد و هەندێکیان کوشت و هەندێکی دیکەیان بریندار کرد و دەستدرێژییان کردە سەر کچە گەنجەکان و بەجێیاندەهێشتن تا بمرن و پاشان ئەو چەند کەسەی لە کوشتارەکە ڕزگاریان بوو ڕیزیان کردن”.٤ گەلێ جاریش کە ڕاگوێزراوان دەرباز دەبوون و دەگەیشتنە بیابانی سووریا، لەوێ بێ نان و بێ ئاو و بێ هیچ لانە و پەناگەیەک پەرش و بڵاو دەبوون و بەجێیاندەهێشتن بۆ ئەوەی لەناوبچن.

منداڵان وەک بەشێک لە قوربانیانی کوشتنی بەکۆمەڵ

شێوازێکی تری کوشتنی بەکۆمەڵ کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ڕاگواستن بەکارهێنرا و ئەویش بەندکردنی خەڵک بوو لە کەنیسەکان و سووتاندنیان بە زیندوویی بە ئاگرتێبەردانی کەنیسەکە. کۆستان زاریان یەک نموونەیەک ئەو حاڵەتانە دەگێڕێتەوە لە کتێبەکەیدا “دەنگەکانی ناو کەنیسە”. هەریپسیمێ زینیان (عەجەمیان) لە ماڵگارە ڕووداوێکی تری بەزیندوویی سووتاندنی ڕاگوێزراوان دەگێڕێتەوە و دەڵێ: پاشماوەی کاروانەکەیان گەیشتبووە دێرەزور کاتێ کە جەندرمەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی منداڵان. دایکی هریپسیمێی کچە تەمەن هەشت ساڵان کە تاکە ڕزگاربووی خێزانە گەورەکەیان بوو، بەرگەی ئازاری ئەم دابڕانەی نەگرت و لە بەر چاوی هریپسیمێ ڕایکرد بۆ ڕووبارەکە و خۆی فڕێدایە ناو ئاوەکەوە. کۆمەڵێک لەو ئاوارانەی کە مابوونەوە بە زیندوویی سووتێنران و ئەوانی تریان پاڵ پێوەنان پێواوە بۆ ناو ڕووباری فورات بۆ ئەوەی بخنکێن. منداڵان ئاگرەکەیان دەبینی و بۆنی تەرمی سووتاوەکانیان دەکرد و گوێیان لە قیژە و هاواریان بوو.٦

شۆغەر تۆنایان ئەو ڕۆژەی دێتەوە یاد کە چۆن عەسکەری تورک پەلاماری ڤارتێنێسەی گوندەکەیان دان لە نزیک موش و داگیریان کرد و تەواوی گوندنشینەکانیان لە دوو تەویلەی گەورەدا کۆکردەوە و ئاگریان تێبەردان. ئەو دەمە شوگەر تەمەنی چواردە ساڵ بوو. لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ڤێرجینێ سڤازلیاندا، شۆغەر هەوڵدەدات ئەو کارەساتە وێنا بکات کە لە ناو تەویلە بڵێسەدارە پڕ لە دووکەڵەکەدا ڕوویدا. هەندێکیان لەم دۆزەخە ڕزگاریان بوو تەنها لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی بڵێسەی ئاگرەکە هەمووان بخوات، ساپیتەکە داڕمابوو. ئەو و خوشکەکەی توانییان بەسەر داروپەردووی وێرانەکەدا سەربکەون و هەڵبێن. بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا بەردەوام دەیگوت “خۆزگە منیش دەرباز نەبوومایە، ئای لەو دەرد و مەینەتییەی پێیدا تێپەڕیم”.٧ ئەوەندە ساڵ دوای ئەوە، یادەوەرییەکان هێشتا زیندوون و هێشتا ژیانی ئەویان هەر بەدبەخت و پڕ کوێرەوەری کردووە.

لە هەموو ئەو شایەتییانەی سەرەوەدا هیچ مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ منداڵانی بچووکدا نییە. منداڵان بەشێکن لەو دانیشتوانی گشتیی بەئامانجگیراو کە بەدرێژایی ڕێگای ڕاگواستنەکە تووشی ستەم و پاکتاوکردن بوون.

مێتۆد و شێوازە تایبەتەکانی منداڵان

ڤەهاکن دادریان ئەو شێوازە ئەهریمەنییانەی کە حکوومەتی تورکیا، یان نوێنەرە ناوخۆییەکانی جێبەجێیان کردووە بۆ ڕزگاربوون لە هەزاران منداڵی بچووک، ژمارەی زیادەی هەتیو لە پرۆسەی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستندا دەژمێرێت و بەڵگەی لەسەر دەکات.٨ ئەو باس لە ژەهراویکردنی بەکۆمەڵ و “حەمامی هەڵم” دەکات – واتە کوشتنی کۆرپە بە هەڵمی گەرم – خنکان، دەستدرێژیکردنە سەر کچان و تەنانەت کوڕانی گەنجیش، سووتاندن یان ناشتنی منداڵان بە زیندوویی و ئەو منداڵانەی کە لەلایەن تورک و کورد و عەرەبەکانەوە هەڵگیراونەتەوە بۆ ئەوەی یان لای خۆیان بیانهێڵنەوە یان لە بازاڕی کۆیلەدا بیانفرۆشن.

لە کتێبی “ئیندێکسی بابەتیی” کۆمەڵە قەبەکەیدا کە سەدان چاوپێکەوتنی ڕزگاربووانی تێدایە و زۆربەیان لە ئەرمینیای سۆڤیێت بوون، لە کتێبی “ئیفادەکانی جینۆسایدی ئەرمەنی بۆ شایەتحاڵە ڕزگاربووەکان The Armenian Genocide Testimonies of the Eyewitness Survivors”، ڤێرجینێ سڤازلیان ١٣١ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە یان شایەتحاڵی دەستدرێژیکردنە سەر برا و خوشکێکیان بوون یان خۆیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ٣٢ باس و گێڕانەوە لە هێرشکردنە سەر کاروانەکانی ڕاگوێزراوان لەلایەن چیچان و چەرکەسییەکانەوە، بە مەبەستی جیاکردنەوەی منداڵان بۆ سەربڕینیان و فڕاندنی منداڵانی گەورەتر بۆ بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و کرێکاریی زۆرەملێ، یان فرۆشتنیان، لە ناو ئەوانەدا ١٢٦ باس و گێڕانەوە لە تورکاندن یان بەئیسلامکردنی زۆرەملێی ئەو قوربانیانە هەیە کە دواتر هەڵهاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ ئایین و باوەڕی یەکەمجاریان، ٧٤ باسی منداڵ و کۆرپەی سووتاو یان بە زیندوویی نێژراو یان لە کەندڕێکەوە فڕێدراونەتە خوارەوە یان فڕێدراونەتە ناو چاڵێکەوە یان خنکاون، یان دەستدرێژی کراوەتە سەریان و کوژراون، ٧٨ باس و گێڕانەوە لە ڕزگاربووانێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قوتابخانە و کەنیسە و ماڵ و تەویلە و گەوڕ و چاڵ و ئەشکەوتەکان لە ئەرمەنەکان پڕ کراون و ئاگریان تێبەردراوە.

ژەهراویبوون – گێڤۆرگ چیفتچیان تەمەنی شەش ساڵ بوو کاتێ سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر کابووسێی گوندەکەیان و گوندنشینەکانیان دایەبەر خۆیان پێش ئەوەی دەرفەتی سەرکەوتنیان بۆ سەر شاخی موساداغ بۆ بڕەخسێت و بەرگریی لە خۆیان بکەن. ئەو کاروانەکەی لەبیرە کاتێ گەیشتووەتە حەما و لەوێ ٥٥ منداڵی تەمەن ٥ – ٦ ساڵ لە ئەشکەوتێکدا بەند کرابوون بۆ ئەوەی بەهۆی برسێتی و گەستن و پێوەدانی مار و مێرووەوە بمرن. وەک کوڕە بچووکەکان لەبیریانە، پاشایەکی تورک گێڤۆرگی بردووەتە ماڵەکەی خۆی بۆ گسکدان و پاککردنەوەی و پاشان هێندەی فەلاقە کردووە تا بێهۆش بوو. هەرچۆنێک بێت گێڤۆرگ توانیوێتی ڕابکات و دواتر بیستبووی کە هەمان پاشا منداڵەکانی ناو ئەشکەوتەکەی ژەهرخواردوو کردووە بۆ ئەوەی مردنیان خێراتر بکات.٩

لێڤۆنتی ئازادیانی تەمەن هەشت ساڵان باس لە سەختیی ڕاگواستنەکە دەکات کە چۆن جەندرمەکان ئاوارەکانیان کوشتووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەیان. ئەو کچە منداڵە هەتیوخانەیەکی تورکیای لەبیرە کە ماوەیەکی کورت تێیدا ژیاوە و دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان هەموو منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنیان لە هەتیوخانەکەدا کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی گوایە خواردنیان پێبدەن. ئەو نەیدەزانی چی لەو خواردنەدا هەیە کە منداڵە نابیناکان خواردوویانە و پاشان ئەم منداڵە کوێرانەیان فڕێداوەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بمرن. بەڵام ئەو چۆن لەم کارەساتە پڕ دڕندەییە ڕزگاری بووە، یان لە ناو ئەم منداڵانەدا بووە و بە موعجیزەیەک ڕزگاری بووە، ڕوون نییە.١٠

خنکان – نێرگز ژەمکۆچیان خەڵکی کوتۆرا (کە ئەمڕۆ ئۆردووە) لە سەر دەریای ڕەش، دەگێڕێتەوە کە هە موو ئەرمەنەکانی شارۆچکەکە دەرکراونەتە دەرەوە و پێش دەستپێکردنی ڕاگواستنەکە کوژراون. داپیرەی نێرگزی تەمەن چوار ساڵ و هاگۆپی برا دوو ساڵانەکەی بە دراوسێیەکی یۆنانی دەسپێرێت. منداڵەکان تا دەرچوونی فەرمانی حکوومەت بۆ لەسێدارەدانی هەرکەسێک کە ئەرمەنییەکانیان داڵدە دابێت یان شاردبێتەوە، لای ئەو خێزانە داڵدەدراون. پاش ئەم بڕیارە منداڵەکان فڕێدرابوونە سەر شەقام. تەمەنی نێرگز زۆر لەوە بچووکتر بووە کە هەموو ئەمانەی لەبیر بێت، بەڵام چیرۆکەکە زۆر دواتر لەلایەن دایکی و داپیرەیەوە بۆ گێڕدراوەتەوە. بەڵام ئەوەی لە هەست و بیریدا پاراستوویەتی و هەرگیز لە یادی ناکات ئەو ساتەوەختە بووە کە بە هۆی پاڵنەر و خووی مانەوەوە دەستبەرداری برا نەخۆشەکەی بووە و لە ناو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا جێیهێشتووە کە جەندرمەکان لە کەناری دەریادا کۆیان کردبوونەوە و لەوێ دووریانخستبوونەوە. ئەو لە پشتی دار و دەوەنەکانەوە بینیبووی کە چۆن زەبتییەکان ژنە تورکەکانیان دووردەخستەوە، کە لەوێ کۆبووبوونەوە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکان بە پێدانی پارچە نانێک و کووپێک ئاو. هەروەها گوێی لە هاوارکردنی زەبتییەکان بووە: “خەمی تنوێتیی ئەوان مەخۆن، چونکە بەم زووانە ئاوێکی زۆریان دەبێت بۆ خواردنەوە” و بە ترس و تۆقینەوە تەماشای دەکرد چۆن زەبتییەکان منداڵەکان بە دەم قیژە و گریانەوە هەڵدەدەنە ناو ئاوی دەریاوە بۆ ئەوەی بخنکێن. ئەوە دواجار بوو کە براکەی تێدا بینێت، بەڵام ئەم بە درێژایی ژیانی یادەوەریی ئەو دیمەنە و ئەو نیگا ترسناکەی کە لە سەر دەموچاوی براکەی بوو لە ئاگایی و لە خەویشدا بەرۆکی بەرنەدەدا و سەردانی دەکرد.

هەرچەندە نێرگز هەموو تەمەنی گەورەیی خۆی لە سوخومی لە کەناری جوانی دەریای ڕەشدا بەسەربردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆی لەگەڵ دیمەنی دەریادا ئاشت بکاتەوە. بۆ ئەو، “ئاوەکانی دەریا بەڕواڵەت بێباکانە جەستە و ڕۆحی ئەرمەنە لەناوچووەکان، خنکاو و لەدایک نەبووەکانی گرتبوو، فرمێسک و هاوارەکانیان لە ڕێگەی خوێ و تاڵیی ئاوی تاریک و نرکە و ناڵەی شەوانەی شەپۆلەکانیەوە هەستیان پێدەکرا و ئازار و ترس و تۆقینیان هێشتا بەرەو شێتبوونم دەبەن ئەگەر زاتم هەبێت و دوای چەندین ساڵ بوێرم لە دەریا نزیک ببمەوە!”١١

خنکانی بەکۆمەڵ تەنیا هەر لەسەر ویلایەتی تراپیزۆن قۆرخ نەبوو. ڤەهاکن دادریان گەلێ نموونەی خنکانە بەکۆمەڵەکانی باسکردووە کە لە ناوچە جیاوازەکانی ڕووباری فورات ڕوویانداوە.١٢ دادریان بە ئاماژەدان بە کچە ڕزگاربوویەکی ئەرمەنی باس لە خنکانی ٢٠٠٠ منداڵی ئەرمەنی دەکات بە فەرمانی مستەفا سیدقیی سەرۆکی پۆلیسی دێرەزور، لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا. “ئەوا دوو دوو هەڵدەدرانە ڕووبارەکەوە لەبەرچاوی سەرۆکی پۆلیس کە چێژێکی تایبەتی لە شوێنی دراما و کارەساتی خنکانەکە وەردەگرت”.١٣

لە گێڕانەوەیەکی زۆر زەق و کاریگەردا لەبارەی ئەزموونە دڵتەزێنەکەیەوە، کە دوای گەیشتن بە ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٧دا نووسراوە، ئارشالویس ماردیگیان (گۆڕاوە بۆ ئاورۆرا ماردیگانیان لە ئەمریکا) بە وردییەکی زۆرەوە باس لەو دڕندەیی و بەربەرییەت و ئەشکەنجە نامرۆڤانە باوەڕپێنەکراوانە دەکات کە بەسەری هاتووە یان شایەتحاڵی بووە.١٤ ئیعدامکردنی دڕندانەی کوڕە بچووکەکان بە خنکاندنیان لە ڕووبارەکەدا. هەروەها دەگێڕێتەوە کەوا کاروانەکە گەیشتبووە مەلاتیە و وەک ئەوانیتر کە پێشتر گەیشتبوون و لە دەرەوەی شارەکە هەواریان خست.

“لەوێ سەربازەکان چوونە کەمپ یان خێوەتگەکانەوە و هەموو ئەو منداڵانەیان لەگەڵ خۆیان برد کە تەمەنیان لە پێنج ساڵان زیاتر بوو. پێم وایە ژمارەیان لە هەشت نۆ هەزار زیاتر بووبێت. تەنانەت سەربازەکان هاتنە ئەو ماڵەی کە من تێیدا لەگەڵ ئەرمەنییە ‘گۆڕاو یان هەڵگەڕاوەکاندا’ بووم و سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرۆکی شارەوانی کچ و کوڕەکانمانیان برد. …ئەوان منداڵەکانیان بردە پەڕی شارەکە کە تیپێک لە کوردانی ئاغجە داغی چاوەڕێیان دەکرد. … کوردەکان وەک ڕانە مەڕ بەرەو ڕووباری تۆکمە ڕاپێچیان کردن. لە کەناری ڕووبارەکەدا کوڕەکان فڕێدرانە ناو ڕووبارەکەوە و کچەکانیشیان برد بۆ شارە کوردییەکان بۆ ئەوەی وەک محەممەدی پەروەردە بکرێن”١٥ (محەممەدی بە واتای موسڵمان دێت – وەرگێڕ).

فرۆشتن لە بازاڕی کۆیلەدا – بازاڕەکانی کۆیلە هەمیشە شانۆیەکی ئەزموونی ئازار و ئەشکەنجەدان بوون بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە بەم شێوەیە زەلیلکەر و نامرۆڤانە نمایش دەکران. ئاورۆرا ماردیگانیان تیرۆری خۆی لە ماڵی بەکران ئاغای کۆیلەفرۆشی بەدناوی موش بیر دەکەوێتەوە. “دە هەزار کچی ئەرمەنی، کچە ناسک و هەڵبژاردەکانی ماڵە مەسیحییەکان، کچانی زانکۆ و کۆڵێجەکان، مامۆستایانی گەنجی قوتابخانە، کچی ماڵە دەوڵەمەند و هەژارەکان، ئەزموونی هەمان هەستی تۆقین و تێرۆریان دەکرد کە ئەو ڕۆژە بەسەر مندا هات کاتێ تێگەیشتم کە لە ماڵی ئەم کۆیلەفرۆشە بەدناوەدا دیلم”. ئەوجا باسی ئەم پرۆسە قێزەونە و ئەو کچە کڵۆڵ و چارە ڕەشانە دەکات کە تووشی بوون. بازاڕ پڕ بوو لەم کاڵا بازرگانییە، بۆیە نرخ هێجگار هەرزان و کەم بوو. ئەرشالویس بە یەک مەجیدی (نزیکەی ٨٥ سەنت) کڕدرا و بردیانە ئەو ماڵەی کە جەودەت بەگی والیی وان، کە دواتر بوو بە فەرماندەی سوپای تورکیا کە دژی ڕووسەکان کاری دەکرد.

هریپسیمێ زینیان (عەجەمیان)ی تەمەن هەشت ساڵان، وەک پێشتر باسمانکرد، لە نێو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا بوو کە لە کەمپی ئاوارەکانی دێرەزور لە دایکیان جیاکرابوونەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی لە دۆڵێکی ئەو نزیکانەدا کۆکرابوونەوە، هاواریان دەکرد و دەگریان. ئەو شەوە منداڵەکانیان بە بێ نان و ئاو هێشتەوە و خەریکبوو لە تینواندا دەخنکان، دنیا تاریک بوو، چەم و جۆگە ئاوێکیان دۆزییەوە و بە هەڵاداوان کەوتنە سەری و تا توانییان لێیان خواردەوە. بۆ بەیانیەکەی بە ترسەوە دەموچاوی یەکتریان بینی کە پەڵە پەڵە خوێنی پێوەبوو. تومەز ئەم جۆگەیە خوێناوی خزم و کەسوکارە کوژراوەکەی خۆیان بووە کە لێیان خواردووەتەوە. دواجار منداڵەکان بۆ دوور بران و فرۆشرانە بەدووەکان. ناوی هریپسیمێ گۆڕدرا بۆ حەمدیە و دەموچاو و قۆڵەکانی خاڵکوت (تاتۆ) کرابوو، وەک هەموو ژنانی خێڵە بەدووەکان و لەو ماڵە عەرەبەدا ژیاوە تا لە ساڵی ١٩١٩دا لەلایەن ئاردرانیک و هێزەکەیەوە ڕزگارکرا.١٦

دەستدرێژیکردن – دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنانی گەنج و پیر و تەنانەت کوڕانیش بەربڵاو بوو. بەگوێرەی دادریان، لە هەندێک ناوچەدا “کەنیسەکانی ئەرمەنی وەک سۆزانیخانەی کاتی بەکاردەهێنران”.١٧

هێنری مۆرگنتاو بەبێ بەکارهێنانی ئەم وشەیەش دەستدرێژیی سێکسیی بەربڵاو دەسەلمێنێت و دەڵێت: “لە پشتەوە سوپایەکی بچووکی کچان بەجێماوە کە وەک کۆیلە فرۆشرابوون – کە زۆرجار لە بەرانبەر یەک مەجیدی، یان نزیکەی هەشتا سەنتدا – و کە دوای خزمەتکردنی مەبەستە دڕندەکانی کڕیارەکانیان، ناچار بوون ژیانی لەشفرۆشی بەڕێوەببەن”.١٨ کەرۆپ بێدوکیان، ئەو کوڕە تەمەن نۆ ساڵەی خەڵکی سیڤاز بە ڕێگای ڕاگواستنیانەوە، ئەو هێدمە و شۆکە ترسناکەی بیر دێتەوە کە تووشی بوو کاتێ بە چاوی خۆی ئەو ئەتککردنە قێزەونەی بینی کە لەلایەن شەش کوڕی تورکەوە دژ بە کچێکی جوان ئەنجامدرا. ئەوان جلەکانی دڕاند و دەستدرێژییان کردە سەری و ئەوجا فەرمانیان پێکرد هەستێت و بە ڕووتی سەما بکات، دواجاریش بینی کە چۆن بە ترس و تۆقینەوە بەرەو ڕووبارەکە (فورات) ڕایکرد و خۆی خنکاند.١٩

دیرۆهی کۆیمجیان هایگاس بە نووسینی چیرۆکی ژیانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت قسە بۆ هەزاران کچ و ژنی ئەرمەنی بکات کە “بۆ هەمیشە لەلایەن دەستدرێژکارانی تورکەوە تێکشکان و وێران بوون”.٢٠

ئێستەر/ گێزیر خەدیجەی دایکی مارگرێت ئانهێرست عەجەمیان، ژیانێکی نوێی لە ئەمریکا دەستپێکردبوو بەڵام بە ئازاری یادەوەریی ئەزموونە تاڵ و ترسناکەکەیەوە دەژیا: “تەنها شتێک کە لەگەڵ خۆم هێنابووم بۆ ئەمریکا یادەوەریم بوو – ئەو شتەی کە بەتوندی دەمویست لە دوای خۆمەوە بەجێیبهێڵم”٢١. ئەو تەنانەت پێش ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بۆ کچەکەی بگێڕێتەوە، بە بێمەبەست کاریگەریی ئەو ئەزموونە ترسناکەی بۆ گواستەوە. مارگرێت بە دەم ترسی تورکەکان و خراپە و شەڕخوازیی سێبەرێکی بەدقوومەوە گەورە بوو کە بەسەر ماڵەکەیاندا دەسووڕایەوە. ئێستەر لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا بڕیاریدا چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە، “هەر کاتێ من مردم، ڕاستی لەگەڵمدا دەمرێت. دەبێت تۆ و منداڵەکانت بزانن من چیم بەسەرهاتووە و بە چیدا تێپەڕیوم”. ئێستەر و خێزانەکەی لە ئەماسیاوە کەوتنەڕێ و ئەو کاتە تەمەنی سێزدە ساڵ بوو. ئەم خێزانە خۆیان ڕادەستی ستەم و مەینەتیی درێژایی ڕێگەی ڕاگواستن کرد و تا دەهات لێیان کەم دەبووەوە، تا لە دواجاردا ئێستەر خۆی بە تەنها مایەوە، نەخۆش و لەڕ و لاواز خەریکبوو لەبرسا بمرێت. ژنێکی ئەرمەنی بەتورککراو ڕزگاری کرد و خستیە ژێر بەزەیی و چاودێریی خۆیەوە. بەڵام دواتر دایە دەست ژن و مێردێکی بەساڵاچووی بێ منداڵی تورکەوە. لەو ماڵە تورکەدا ناوی گۆڕدرا بۆ گێزیر خەدیجە و وەک کچێکی ماڵەکە مامەڵەی لەگەڵدا کرا بەڵام لەلایەن یوسف بەگی “باوکیەوە”، کە ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشینکراو بوو دەستدرێژیی سێکسیی کرایە سەر. بەڵام گاڵتەجاڕییە ترسناکەکە ئەوەبوو کە هانمی هاوسەری یوسف بەگ، بەڵێنی دابوو وەک ئەو کچەی کە هەرگیز نەیبوو مامەڵەی لەگەڵ بکات و ئاگاداری بێت، کەچی “منی وەک سۆزانییەک بۆ هاوسەرەکەی بەکاردەهێنا”. ئێستەر ڕایکرد بۆ خانەیەکی هەتیوان کە هەموو هەفتەیەک تورک و کوردەکانی دەوروبەری دەهاتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێک، منداڵێک، یان هاوسەرێکیان دەستبکەوێت. لەوێ گەنجێکی تورک ئێستەری هەڵبژارد و وەک ژنی خۆی بردیەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵام دوای ئەوەی کە زانی پەردەی کچێنیی نەماوە، بە بەردەوامی لێی دەدا و جنێوی بە ئایینەکەی دەدا، “دینینی سیکتر dinini siktir”، واتە هەی بێدین. ئەو بەردەوام بەرگەی لێدان و جنێودان و سووکایەتیکردن بە ئایینەکەی و باوباپیرانی و بەو هیوا و ئیرادەیەی کە ڕۆژێک هەر دێت بەرەو ئازادی هەڵبێت، بەرگەی گرت. ئێستەر لەو ماڵەدا تەنها کەنیزەک و کۆیلەی سێکس بوو، بەڵام خۆشبەختانە منداڵی نەبوو. لەو کاتەشەوە کە تووشی هێدمە و شۆکە ترسناکەکانی ڕێپێوانی مورگ بوو، لە سووڕی مانگانە کەوت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ستەمکاری و دڕندەییانەی بەرانبەری ئەنجامدرا، ددان بەوەدا دەنێت کە ئەو پیاوە دڵڕەق و دڕندەیەی خۆشویستووە. ئاخۆ لێکدانەوەیەکی دەروونیی هەیە بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە، کە لە ناو ژنانی فڕێنراوی سەردەمی جینۆسایددا شتێکی نامۆ نەبووە؟

ئێستەر بە خراپ مامەڵەکردن و لێدان و دەستدرێژیی سێکسی، ژیانی خۆی لەو ماڵەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاکێشا تا دەرفەتێکی بۆ هەڵهاتن بۆ شوێنی لەدایکبوونی دۆزییەوە. بەڵام کاتێ لە کۆتاییدا هەڵهات و گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی، لەلایەن ئەو ئەرمەنانەی کە بووبوون بە موسڵمان و خۆیان لە ڕاگواستن بەدوورگرتبوو و دەیانویست ساڵانی سەخت و تاریکی لەبیر بکەن، تووشی سەرکۆنە و سووکایەتی پێکردن هات. “مۆرتسیر Mortseer (لەبیرکردن!) بوو بەو وشەیەی کە هەموویان بەکاریاندەهێنا”. ئێستەر گاڵتە و سووکایەتیی زۆری پێکرا چونکە “کەوتبووە ناو ‘بۆیاخی ڕەش’ەوە [کە توانج و ناتۆرەیەکی ئەرمەنییە بۆ کەسێک کە لەگەڵ دوژمندا خەوتبێت] و جارێکی تر هەرگیز پاک نابێتەوە”. دواجار لەلایەن خێزانێکی ئەرمەنییەوە داڵدەدرا و بردیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە سەرەتای ژیاننامەکەیدا کە لەلایەن مای ئێم دەرداریانەوە نووسراوە٢١ ڤێرگین بۆ جیهانی ڕایدەگەیەنێت، “من لەوێ بووم! شایەتحاڵ بووم! قوربانی بووم!”، ئەوەی کە بینیم و بەسەرمهات و بەرگەم گرت، لە خەیاڵ بەدەرە. ڤێرگین خوێنەر دەباتە مەیدانەکانی کوشتن بۆ گوێگرتن لە هاواری ئازار و پاڕانەوە بۆ بەزەیی و بانگەوازی بێدەسەڵات کە “ئەڵڵا نێردەهسەن Allah nerdehseen؟” (خوایە تۆ لە کوێی؟). ڤێرجین بێتاوانی خۆی و ڕۆحی خۆی و باوەڕەکەی لەدەستدا بە هۆی دڕندەییەکانەوە: “باوەڕم بە ئایین نەما، لەو کاتەوەی لە دەستی دەستگیرکەرە عەرەبەکانم هەڵهاتووم نە نوێژم کردووە و نە چوومەتە کەنیسە و لەو کاتەوە بەردەوام ڕقم لە نوێژە”.

ڤێرگین تەمەنی سێزدە ساڵ بوو کاتێک لە ماڵی منداڵییەوە لە شاری قەیسەری لەگەڵ دایکە بێوەژنەکەی خستیانە سەر ڕێی ڕاگواستن، چونکە بژاردەی ڕزگاربوونی بە موسڵمانبوون ڕەتکردبووەوە. لە ڕێگەیاندا بە قەتمەدا تێپەڕین و ئەوجا حەڵەب و دواجاریش گەیشتنە سەرێ کانی (رأس العین) لە بیابانی سووریا کە ئاوارە ڕزگاربووەکانیان تێدا ترنجاندە کەمپێکی تەنگەبەرەوە بۆ ئەوەی لە برسێتی و نەخۆشیدا بمرن. دوای چوار مانگ سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر کەمپەکە و ئەو ئاوارانەی کە مابوونەوە بۆ پاکتاوکرد و لەناوبردن کۆکردەوە. ڤێرجین لەوەدا بوو بمرێت کاتێ عەرەبێکی بەدوو پێشنیازی داڵدەدانی کرد لە ماڵی خۆیدا و ئەویش ڕازی بوو، بە مەرجێ دایکی و چەند ژنێکی تریش ببات و بۆ ماوەیەک ڕزگاری بوو. لێرە ناوی گۆڕدرا بۆ نورا و دەموچاویان پڕکرد لە خاڵ (تاتوو). بەڵام کابرای عەرەبی بەدوو نەخشە و پلانێکی تری داڕشتبوو. ئەو هاوڕێکانی ڤێرجینی کوشت و لە خێوەتگەی خێڵەکەی خۆیی دوورخستەوە و دەستدرێژیی سێکسیی کردەسەر. ئەم کچە منداڵە سێزدە ساڵانی کڵۆل و بەدبەختە چەند جارێک هەوڵیدا ڕابکات و هەموو جارێک دەگیرایەوە. بەڵام دواجار توانی هەڵبێت بۆ حەڵەب. ڤێرجین زیاتر لە نیو سەدە دوای هاتنی بۆ ئەمریکا دەستی بە نووسینی بیرەوەرییەکانی کرد: وێنە و خەیاڵە ترسناکەکان هێشتا هەر ڕۆحیان دەکوتا و هەرچەندی دەکرد نەیدەتوانی ڕابوردووی بیربچێتەوە و تاتۆکانی سەر ڕوومەتی بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام و سەرچاوەی شەرمەزاری و خەمۆکی بوون بۆی. دواجار لە ڕێگەی زنجیرەیەکی درێژخایەنی نەشتەرگەرییەوە ڕزگاری بوو، بەڵام هەرگیز لە بارگرانیی یادەوەرییەکانی ڕابوردوو ڕزگاری نەبوو.

گەیانێی داپیرەی لیۆناردۆ ئەڵیشان ئەتک نەکرابوو بەڵام ئەو ڕووداوەی کە شەرەفی ڕزگار کرد و ژیانی سەندەوە بەردەوام ئازاری دەدا. لیۆناردۆ دەنووسێت “وازی لە کچ بوون هێنا و بوو بە پەیکەرێکی تاوانباری”. کاتێ کە بە تەنها دەبوو دەگریا، یان پێی وابوو تەنهایە، وەک لیۆناردۆ لەبیریەتی و جارجار دەبرایە کلینیکی دەروونی بۆ چارەسەر و شیاندن. لیۆناردۆ تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێ داپیرەی ئەو نهێنییەی لەلا درکاند کە بۆچی ئەوەندە کڵۆڵ و بەدبەختە و هۆکاری گریانە بەردەوامەکەی چییە:

“ڕۆژێکیان کاپتنە تورکەکە بە ئەسپێکی بەڵەک بەڵەکەوە بەلایدا تێپەڕیوە. ئەم سەرپۆشێکی سووری بەسەرەوە بووی کە بەنرخترین شت بووە لای. کاپتنەکە پێیگوتووە: ‘ئەمشەو دێم بۆ لات’ پیرەژنێکیش پێیگوتووە کە سەرپۆشەکەی فڕێبدات و ئەویش بە گوێی کردووە. ئەو ئێوارەیە تەماشای کردووە کاپتنەکە لەگەڵ کچێکدا ڕۆیشتووە کە سەرپۆشە سوورەکەی ئەمی بەسەرەوە بووە. پاشان کاپتنەکە بەبێ کچەکە گەڕاوەتەوە. ئەمیش لەو شەوەدا فرمێسکی ئاسوودەیی هەڵوەراندووە، بەڵام تا کۆتایی ژیانی بە فرمێسکی پەشیمانی باجەکەی داوە”.٢٢

گەیانێ بوو بە ڕوخساری خەمباری تەواوی دەرد و ئازارەکانی گەل و نەتەوە و لە هۆنراوەکانی لیۆناردۆدا وەک ژنێکی شێت دەردەکەوێت کە سوارەکانی تورک لە چواردەوری تەختی مردنەکەیدا دەبینێت لە نەخۆشخانەیەکی ئەقڵی و دەروونیدا لە لەندەن. لیۆناردۆ ئەڵیشانی نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەن، لە چنگی مۆتەکەی کارەساتەکەدا دەژیا و ئەویش هاوبەشیی دەرد و ئازاری داپیرەی دەکرد و بووبووە بەشێک لەو ئازارە. “هەوڵدەدەم ببمە بینەری ئەو کارەساتە کە لە ژوورێکی نەخۆشخانەی لەندەن لە ساڵی ١٩٧٨دا گەیشتبووە لووتکەی ئەوەی کە نەنکم پێش مردنی سوارە تورکەکانی لە دەوری جێگاکەی بینی. بەڵام بەداخەوە من بینەر نیم، بەڵکو کارەکتەرێکی هەڵواسراوی ئەو شانۆگەرییەم کە هەرگیزا و هەرگیز ناگاتە هاوسەنگیی خۆی”.٢٣ کاریگەرییە دەروونییە زیانبەخشەکانی ڕابردوو نەک تەنها هەر تەنها ژیانی بابەتەکە تێکدەدات بەڵکو بەردەوامیشە لە کاریگەری دانان لەسەر نەوەکانی کە دادێن.

من چاوپێکەوتنی زۆرم کردووە و شایەتی و ئیفادەی زۆرێک لە ڕزگاربووانم خوێندووەتەوە کە کچی منداڵ و گەنج بوون لە سەردەمی جینۆسایددا. مەسەلەکە زۆر ئازاربەخش بوو بۆ ئەوان ددان بەوەدا بنێن کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر یان بە زۆر لەگەڵ تورکێک یان کوردێک یان عەرەبێکدا ژیانی هاوسەرگیرییان بەڕێکردووە و زۆر کەمیشیان وایان کردووە. ئەوە لاپەڕەیەکی تاریک بوو لە ژیانیاندا و پێیان باش بوو بە نهێنی بیهێڵنەوە. ساتێنیک کینۆسیان نیگەران نەبوو ددان بەوەدا بنێت کە لەبەر داماوی و پێویستییەکی زۆر لە مووسڵ، کە دوا مەنزڵی ڕاگواستن و ڕێپێوانە پڕ دەرد و مەینەتییەکەی بوو لە کارتز (نیکۆمێدیا)ی زێدی خۆیەوە، ناچار بوو لە ماڵە تورک و عەرەبەکاندا وەک کارەکەر ئیش بکات. بەڵام ساتنێیکی تەمەن پانزە ساڵ بۆ ڕزگارکردنی شەرەفی خۆی ناچار بوو لەم ماڵانە هەڵبێت و ڕۆژێکیان دیسان لەبەر هەژاری و پێویستییەکی لەڕادە بەدەر، براکەی فرۆشتی بە حیلمی بەگ کە ئەندازیارێکی تورک بوو و ئەویش بە ناچاری خۆیی ڕادەستکرد. ساڵی ١٩١٨ کاتێ کە سوپای بەریتانیا مووسڵی گرت، حیلمی بەگ بەرەو قوستەنتینیە (ئیستانبوڵ – و) هەڵهات و ساتێنیکی بەجێهێشت. دواجار ساتێنیک توانی بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی و لەوێ لەگەڵ ساموێل سپانداریان، کە ئەندامی سوپای خۆبەخشی ئەرمەنستان بوو، هاوسەرگیریی کرد.٢٥ ئاخۆ پاڵنەری ئەم هاوسەرگیرییە بەزەیی پێدا هاتنەوە بوو وەک گەلێ جار ڕوویدەدا؟ ئاخۆ ئەم پیاوە دەیزانی کەوا بووکەکەی دەستدرێژیی کراوەتە سەری؟ ئەمەش کێشەیەکی گەورە بوو بۆ زۆرێک لەو کچانەی کە لە دەستی دەستگیرکەرە موسڵمانەکانیان ڕزگاریان بوو یان هەڵهاتن.

ئەمانە نموونەیەکی کەم بوون لە شایەتی و ئیفادەی ئەو کەسانەی کە بەرگەی ئەو دۆخەیان گرت و لە ژیاندا مانەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان. بێگومان چیرۆک و بەسەرهاتی نەگێڕدراوەی تر زۆر زۆرن لەبارەی ئازار و ئەشکەنجە و دەستدرێژی و پاشان خۆکوشتن بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوون و ژیانی ڕیسواکراویان بهێنن.

شێوازێکی دیکەی قێزەون بۆ لەکۆڵکردنەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەکی هێجگار زۆری منداڵانی ئەرمەن وەک ئەوەی دادریان بەبەڵگەی کردوون، سووتاندن یان زیندەبەچاڵ کردنی منداڵان بوو . “لە سووتاندنی بەکۆمەڵی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەندا، شەیتانگەراییەکی سادیستی ئاشکرا زیاتر لە کاردا بوو. دوای لەناوبردنی خەڵکی ئەرمەن، ئەوانەیان کە بەجێمابوون بووبوونە مایەی بێزاری و نیگەرانی بۆ تاوانباران. لە چەند ڕوویەکەوە کۆتاییهێنان بە کڵۆڵی و نەهامەتییەکانیان لە ڕێگەی سووتاندنی بەکۆمەڵیانەوە بە گونجاوترین و ئابووریترین ڕێگە دادەنرا”.٢٦ گارۆ پۆلادیان دیمەنێکی لەم شێوەیەی خوارەوە لە بیابانی سووریا وێنا دەکات، کاتێ کە چیچانەکان بە فەرمانی ئەحمەد بەگ کوشتارەکە ئەنجام دەدەن، “ناڵە و هاوار و هاوارێکی سامناک بوو! ئاگرێکی گەورە گەورە بەدی دەکرا و چیچانەکان ئەو منداڵانەی کە کۆیان کردبوونەوە بە زیندوویی دەیانسووتاندن. دەستڕێژ و تەقەکردنە هەڕەمەکییەکانی جەندرمەکان قیژە و هاوارەکانی بێدەنگ دەکرد”.٢٧

هایکۆ ڤاردانیان، کوڕێکی گەنجی خەڵکی شارور بوو لە کاری ڕۆژانەی لە کێڵگەکاندا هاتەوە ماڵ بۆ ئەوەی دیمەنێکی ترسناک ببینێت. دوو خوشکە زەندەقچووەکەی پێیان وتووە کەوا عەسکەرەکان خۆیان کردووە بە ناو کۆڵیتەکەیاندا و لەبەردەم دایک و باوک و دوو برا بچووکەکەیاندا دەستدرێژییان کردووەتە سەریان. ئەوان دایک و باوکیان ئەشکەنجە داوە و کوشتوونیان و دوو کوڕە بچووکەکەشیان فڕێداوەتە ناو تەنوورەکەوە و بە زیندوویی سووتاندوونیان [تەنوور جۆرە فڕنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە زەویدا هەڵکەندراوە و بو نانکردن بەکاردێت].

هاروتیون گریگۆریان کە لە ساڵی ١٩١٥دا هەرزەکار بووە، بە وردی باسی ڕێگای ڕاگواستنەکەیان دەکات لە گوندی ئاڤردنیک لە ئەرزڕووم و ئەو شوێنانەی کە پێیاندا تێپەڕیون و ئەو سەختی و مەینەتییەی بەسەریان هاتووە و بەرگەیان گرتووە. دواجار کاروانەکەیان گەیشتووەتە قەراخ شارۆچکەی دێرەزور. قایمقامی نوێی شارەکە، کە پیاوکوژێکی ڕاستەقینە بووە، فەرمانی سەربڕینی نەخۆشەکانی دەرکردووە. هاروتیون دەگێڕێتەوە کەوا “ڕۆژێک، چل عەرەبانە منداڵیان کۆکردووتەوە و پیاوێک بە ناوی ئیسماعیل حەقی بردوونی و گشت ئەو بوونەوەرە بێتاوانانەی سووتاندووە”.٢٩

بە گوێرەی دادریان کۆمەڵکوژی لاوەکی یەکێکی ترە لە شێوازەکانی پاکتاوکردن و لەناوبردنی منداڵان:

“بەشێکی بەرچاوی تری منداڵانی ئەرمەن بوونە قوربانی ئەو کۆمەڵکوژییە بەرفراوانەی لاوەکی کە لە هەموو گۆشەکانی ئیمپراتۆرییەتەکەدا ئەنجامدرابوون، کۆمەڵکوژییەک کە لە خۆیاندا بە شێوەیەکی نائاسایی دڕندانە بوون. وەک باڵیۆزی ئەمریکا هێنری مۆرگنتاو باسی دەکات کە بۆ دەستپێوەگرتنی ‘بارووت و تەقەمەنی’ جووتیارانی موسڵمان لە دێهاتدا، وەک گرووپی پشتیوانی بۆ باندە تاوانکارەکان کە بۆ ئەرکی کۆمەڵکوژی دەستنیشان کرابوون، ڕۆڵیان دەگێڕا و’کوتەک، چەقۆ، تەور، پاچ، داس، بێڵ و مشاریان بەکاردەهێنا. ئەم جۆرە ئامێرانە… بووە هۆی مردنێکی ئازاربەخشتر لە تفەنگ و دەمانچە”.٣٠

ئورۆرا ماردیگانیان دەگێڕێتەوە:

“بە دڵنیاییەوە نزیکەی پێنجسەد منداڵ و مێرمنداڵی کوڕ لەگەڵ ئێمەدا بوون کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ پانزە ساڵدا بوو. ئەمانە هەموویان کۆکرابوونەوە و سەربازەکان بۆ شوێنێکی دوور ڕاپێچیان کردن و هەموو منداڵە بچووکەکان دەگریان و هاواریان دەکرد و ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر گوێمان لە قیژە و هاواریان بوو. کاتێکیش گەیشتینە عەرەبکیر، لە لایەن ئاوارەکانی ترەوێ لەوێ پێمان گوترا کە هەموو کوڕەکان هەر کە گردەکانیان تێپەڕاندن بۆ ناو دۆڵەکە و ڕاستەوخۆ لە حەسەن چەلەبی بەولاوە، هەموویان کوژراون. لەوێ سەربازەکان بە کۆمەڵی دە و پانزە کەسی دەیانبەستن بە یەکەوە و پاشان بە شمشێر و نێزە سەریانبڕین. ئەو ئاوارانەی لە سیڤازەوە (یان سیواس – و) بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕین، تەرمەکانیان لەسەر ڕێگاکە بینیبوو”.٣١

ئۆهانێس ئاکاراکیان لە ئێگین (ئاغن) باس لە ئەزموونی لێقەومانی خێزانەکەی دەکات لە کاتی ڕێپێوانە هەشت ڕۆژییەکەیان لە ئێگینەوە بۆ فورونجولار لە نزیک مەڵاتیا. لەو کاتەدا ئەو تەمەنی پانزە ساڵ بوو، کوڕێکی بەهێز بووە و توانای بەرگەگرتنی ئەو دۆخە سەختەی گرتووە. زۆرێک بە هۆی برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە. ڕێگاکە پڕ بووە لە تەرمی ئەو کەسانەی پێشتر ڕاگوێزرابوون و ئاوەکان بە تەرمی شیبووە و بۆنکردوو پیس بووبوون کە بە سەر ئاوەوە بوون. لە فورونجولار جەندرمەکان هەموو کوڕە بچووکەکانیان لە کاروانەکەدا کۆکردبووەوە و سەریانبڕیبوون. ئۆهانێس لەلایەن خاوەن هێسترێکەوە ڕزگار کرا و بردیەوە بۆ ئاغەن و ئەودوای خێزانەکە لەسەر ڕێگای حەڵەب هەموویان لەناوچوون.٣٢

لە کۆتایی ساڵانی کارەساتەکەدا هەڵمەتێکی بەرچاوی کۆکردنەوەی منداڵان و کردنەوەی خانەی هەتیوان لەلایەن ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە و تەنانەت میسیۆنێرە ئەڵمانەکانیش دژی درێژەکێشانی ئەم پرۆسەی کاریان دەکرد و بەگژ نیاز و مەبەستی حکوومەتدا دەچوونەوە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی. ئەم هەتیوخانانە بە بودجەیەکی کەم کاریان دەکرد و نەیاندەتوانی هەلومەرجێکی گونجاوی ژیان و گوزەران بۆ ئەو منداڵە هەتیوانە دابین بکەن لەم دەزگا و دامەزراوە قەرەباڵغانەدا. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوە بوو کە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر هێرشی تورک یان عەرەب ئەمان و سەلامەتی دابین بکەن. لە زۆر حاڵەتدا، بە تایبەت لە دۆخی نادڵنیایی دوای جەنگدا، ئەم هەتیوخانانە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵیانکوتایە سەر و منداڵەکان ڕفێنران بۆ ئەوەی بکوژرێن یان لە بازاڕی کۆیلەدا بفرۆشرێن.

About دیدار عثمان

Check Also

دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون (بەشی سێهەم و کۆتایی)

دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون …