Home / بەشی مێژووی كورد / شۆڕشی جیهان خانم و قەدەم خێرمێژوویەکی بزری کورد و بڵباس

شۆڕشی جیهان خانم و قەدەم خێرمێژوویەکی بزری کورد و بڵباس

نووسینی: حوسێن بڵباس

لە مێژووی کوردا چەندین داستان و خەباتی کوردایەتی هەبووە کە بە داخەوە بەشێکی زۆریان بزرن هەندێکیان لە لایەن نووسەرانی گەلەکەمان دەدۆزرێنەوە و هەندێکیشیان بە تەواوی بزرن بوونە، هۆکاری ئەمەش کەم تەرخەمی ئێمە بووە کە زۆر گرنگیمان بە نووسینی مێژوو نەداوە و هەندێکیش لە لایەن دوژمنانی نەتەوەکەمان لە ناو براون یاخود بە هەر هۆکارێکی دیکە بوو بێت.
هۆزەکانی بڵباس لە تەواوی ئەو ناوچانەی کە تێدا دەژین هەمیشە خاون دەسەڵات و پێگەی جوگرافی ورامیاری خۆیان بوونە و هیچ کات بێدەنگ نەبوونە بەرامبەر هەر زووڵم زۆرکارییەک کە بەرامبەریان کراوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بابەتەکەمان لەسەر ئەوە شۆڕشی کوردانی باشوری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە شۆڕشی(قەدەم خێر) ناسراوە.
بیرۆکەی ئەم شەڕ و بەرەنگار بوونەوەیە بۆ بەدەست هێنانی مافەکان لە حکومەتی ڕەزا شای پەهلەوی بە تەنها بیرۆکەی قەدەم خێر نەبووە بەڵکوو بیرۆکەی سەرۆکی هۆزی بڵباس بووە لە ناوچەی رومشکان لە هۆزی مەلکیشی(مەلەکشایی بڵباس) بە ناوی (جیهان خانم)، لە ڕاستیدا ئەم شۆڕشە لە لایەن دوو ئافرەت بەرپا کرا یەک جیهان خانی مەلکیشی بڵباس دوو قەدەم خێر لە هۆزی قەڵاوەند.
ئەم شۆڕشە کە پشکی شێری بەر بڵباسەکان کەوتووە و سەرکردەکانیان شەهید و دەربەدەرکران، بەداخەوە هیچ ناوێک بۆ ئەم هۆزە و سەرۆکەکەی لە رومشکان لە کتێبەکان نابینرێت و ئەگەر هەبێت زۆر کەمە تەنها دوو نوسەر نەبن کە باسی لەم شۆڕشە بە سەرکردایەتی جیهان خانی بڵباسیان کردبێت بەڕێز (د. حسن کریم جاف، لە کتێبی مێژووی ئێرانی سیاسی بەرگی یەکەم) بەڕێز(محەمەد سەعید جاف، ئاوارە).
لە سەردەمی ڕەزای شای پەهلەوی کە هەمیشە هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆجەیی لە ئێران نەهێڵێت بە تایبەتی دەسەڵاتی کورد، چونکە کورد هەمیشە خاون دەسەڵاتێکی خۆجەیی خۆیەتی بە تایبەتتر بڵباسەکانە کە هەمیشە دژی دەسەڵاتی ناوەند جەنگاون، لەو کاتەدا کە جیهان خانم و قەدەم خێر لە دژی ڕەزا شا شەڕیان کرد لە ناوچەکانی پشتکوە و ئەڵوەند چەندین سەرکەوتنیان تۆمار کرد دژی ڕەزا شا، بەڵام بە هۆی خیانەتی چەند هۆزێکی کوردی لوڕ و زۆری چەک و سەربازی ڕەزاشا لە کۆتایی توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت لەم شەڕەدا کە فەریق(ئەمیر ئەحمەدی) سەرکردایەتی دەکرد، و دەیان کەسیان لە هەردوو هۆزی مەلەکشایی بڵباس و قەڵاوەند لە سێدارە دران و گوندەکانیان تاڵان کران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی قەدەم خێر خۆی لە ناو هۆزەکانی (بویر ئەحمەدی شیراز) هەشار بدات تا پێش ڕوخانی دەسەڵاتی ڕەزاشا بە چوار ساڵ واتە لە ساڵی ١٩٣٧ز کۆچی دوایی کرد.
لە هەمانکاتدا جیهان خان و بەشێک لە یاوەرانی لەگەڵ بەشێک لە نەوەکانی قەدەم خێر هاتنە خاکی عێراق لە سەرەتادا لە ناوچەی قزربات(قزل ربات) لە لایەن هۆزی کوردی (زەرگوش) خۆیان هەشاردا و ماوەیەک لەوێ مانەوە تا ئەو کاتەی سەرۆک هۆزی زەرگوش هەستی بە مەترسی دەکرد کە نەکو هێزەکانی بەریتانی هاوپەیمانی ڕەزاشا فشارێک لەسەر حکومەتی ئەو کاتەی عیراق دروست بکەن و جیهان خان دەستگیر بکرێت و ئەویش نەتوانێت رێگریان لێبکات چونکە هۆزی زەرگوش لە گەرمیان هۆزێکی بچوکن و توانایای ئەوەیان نییە بەڕەنگاری هێزەکانی حکومەتی عیراق ببن، بۆیە سەرۆک هۆزی زەرگوش بە باشی زانی پەیوەندی بە خوالێخۆشبێت عەبدوڵڵا بەگ کوڕی کەی خسرۆ بەگ کوڕی مەحموود پاشای جاف، بکات چوونکە عەبدوڵڵا بەگی جاف یەکێک بووە لە سەرۆک هۆزەکانی جاف وناوبانگی زۆر باشی هەبووە و ودەسەڵاتێکی زۆری هەبووە هەروەها ناوچەی سەعدیە لە گەرمیان بەشێک بووە لە موڵکی.
سەرۆک هۆزی زەرگوش چووە لای عەبدووڵڵا بەگی جاف وهەموو شتێکی بۆ باس کرد و داوای هاوکاری لێکرد کە ژیانی جیهان خانی بڵباس و نەوەکانی قەدەم خێر بپارێزێت و هۆزی زەرگوشیش لەم بەرپرسیارەتیە قوڕسە ڕزگار بکات.
عەبدوڵڵا بەگی جاف، داواکارییەکەی قەبوڵ کرد و پەیمانی دا کە بە گیان وماڵی خۆی پارێزگارییان لێبکات، فەرمانی کرد کە بە شێوەیەکی نهێنی جیهان خانی بڵباس و نەوەکانی قەدەم خێر بهێنرێنە لای لە ناوچەی سەعدیە، لەوێ چوار ماڵی بۆ دابین کردن لە گەڕەکی (جولەک) نزیک مزگەوتی مەحمود پاشای جاف کە دەکاتە باپیری عەبدوڵڵا بەگ، و هەموو پێداویستیێەکانی دابین کرد، تا ڕۆژێکیان چەند خزمێکی عەبدوڵڵا بەگ کە بریتی بوون لە حاجی ئیبراهیم بەگ و شێخ حوسامەددین، هاتنە لای بۆ ئەوی پێکەوە نوێژی هەینی ئەنجام بدەن لە مزگەوتی مەحمود پاشای جاف، هەر لەو کاتەوساتەدا شێخ حوسامەدین تێبینی ئەوەی کرد کە چەند منداڵێک لە کاتی یاری کردندا بە زاراوەیەکی کوردی جیاواز دەئاخفن(زاراوەی کوردی ناوچەی رومشکان)، پرسیاری لە منداڵەکان کرد ئێووە لە چ هۆزێکن؟ وڵامیان دایەوە ئێمە لە هۆزی جافین، بۆیە جەنابی شێخ زانی کە ڕازێک هەیە و ئەو نایزانێت بۆیە چووە خزمەتی عەبدوڵڵا بەگ و پرسیاری ئەو منداڵانەی لێ کرد ئەویش ڕاستییەکەی بۆ باسکرد، شێخ حوسامەدین نەسیحەتی عەبدوڵڵا بەگی کرد کە وا باشترە بیاننێرێتە شاری خانەقین چونکە شاری سەعدیە زۆر بچوکە و هەر چۆنێک بووە حکومەت کەشفیان دەکات و واباشترە لە شاری خانەقین نیشتەجێ بن چونکە شاری خانەقین گەورەترە و زاراوەیان لەگەڵ زاراوەی ناوچەی رومشکان لە یەکتر نزیکە، بۆیە عەبدوڵڵا بەگ و شێخ حوسامەدین چونە لای جیهان خان و ئەم پێشنیارەیان بۆ کرد، جیهان خانی بڵباس پێشنیارەکەی قەبوڵ کرد بە خۆی و یاوەرانی لە هۆزی بڵباس و نەوەکانی قەدەم خێر بەرەو خانەقین بەڕێ کەوتن، لە گەڕەکی (حەمیدیە)ی، شاری خانەقین چوار ماڵیان بۆ دابین کرا، هەروەها جەنابی شێخ حوسامەدینی جاف ناسنامەی عیراقی بۆ دەرکردن کە گوایا ئەمانە بەشێکن لە تیرەیەکی هۆزی جاف کە گەرمین و کوێستان دەکەن بۆ ئەوەی نەوەکانی قەدەم خێر بێ بەش نەبن لە خوێندن، لە ڕاستیدا ئەمە گەورەیی و میهرەبانی و کورد پەروەری گەورە پیاوانی هۆزی جاف نیشاندەدات کە بە چ شێوەیەک بەرگریان لە هاوخوێنانی خۆیان کردووە.

هەروەها خودالێخۆشبێت عەبدوڵڵا بەگ و حاجی ئیبراهیم بەگ بۆ ساڵانێکی زۆر تەواوی بەرپرسیارێتی جیهان خانم و یاوەرانی لە هەموو ڕوووێکەوە بە تایبەتی دارایی لە ئەستۆ گرت تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی ڕەزاشا لە ساڵی ١٩٤١ روخا و جیهان خانی بڵباس و یاوەرانی و نەوەکانی قەدەم خێر گەڕانەوە زێدی خۆیان.
نووسەر ئەوەشمان بۆ دەگێرێتەوە کە ڕۆژێکیان لە لایەن نەوەکانی قەدەم خێر دەعوەت کرا بوو بۆ ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە و لەوێدا باسی ئەوڕۆژانەیان کردووە کە لە گەرمیان بوون و هیچ کات ئەم چاکە و هاوکارییەی عەبدوڵڵا بەگ و حاجی ئیبراهیم بەگ و شێخ حوسامەدینی جاف، و سەرۆک هۆزی زەرگوش لەبیر ناکەن.
جیهان خان خاون دەسەڵاتێکی ئێکجار گەورە و زۆر بووە و تا ڕادەیەک دەسەڵاتێکی خێڵەکی خۆجەیی هەبووە و لەم شۆڕشەدا کە ئەو و قەدەم خێر پێکەوە بەرپایان کردبوو و سەرەڕای ئەو هەوو شەهید و دەربەدەرییە ناوی بزر بێت وباس نەکرێت وەک سەرۆکی شۆڕش غەدرێکی ئێکجار گەورەیە لەم شێرە ژنە دەکرێت و لە بیرمان نەچێت مێژوو دەبێت وەک خۆی بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی نەوەکانمان مێژووی نەتەوەکەیان بە دروستی بزانن و تۆماری بکەن.
لێرەوە داوا لەهەموو نووسەرانی کورد دەکەم کە کاتێک باسی ئەم شۆڕشە دەکرێت دەبێت بە ناوی هەردوو سەرکردەی گەلەکەمان جیهان خان و قەدەم خێر، تۆمار بکرێت نابێت بە تەنها بڵەین شۆڕشی قەدەم خێر.

وێنەی کێشراوی جیهان خان بڵباس.

سەرچاوەکان:
ــــــــــــــــــــــــــ
١- محەمەد سەعید جاف، ئاوارە، ل، ١٩٢.
٢- محمەمەد سەعید جاف، ئاوارە، ل، ١٧٤ تا ٢٠٠.
٣- د. حسن کریم الجاف، موسوعة تاريخ ايران السياسي، من تاريخ الاسطوري حتی نهاية الدولة الطاهرية، جلد الاول، ص، ۱۲۸،۱۲۹.

About دیدار عثمان

Check Also

گۆتی (Guti)

لە کتێبی: خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١) بەرهەمی: محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948) وەکوو لە …