“له سرووده‌كاندا ده‌ڵێن “هه‌ولێرى هۆلاكۆ به‌زێن”، به‌ڵام هۆلاكۆ هه‌ولێرى نه‌دیوه”
بەشی یەکەم
وشە – فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل
دكتۆر موحسین محه‌مه‌د حوسێن یه‌كێكه له مێژوونووسه ناسراوه‌كانى كورد، ئه‌و مامۆستاى زانكۆ و ئه‌ندامى كاراى ئه‌كادیمیاى كوردییه. هه‌رچه‌نده تا ئێسته خۆى به كه‌سێكى ماركسى ده‌زانێت، به‌ڵام له‌ڕووى ئه‌كادیمییه‌وه توێژینه‌وه‌كانى له بوارى مێژووى هه‌ولێر و مێژووى ئیسلامه. دكتۆر موحسین ماوه‌یه‌كى زۆر له عێراق مامۆستاى زانكۆ بووه و یه‌كه‌م مامۆستاى فه‌لسه‌فه‌ى مێژووه له عێراقدا، دواتریش ماوه‌یه‌ك له لیبیا مامۆستا بووه. ئێسته له هه‌ولێر ده‌ژی.
زۆرجار بۆچوونه‌كانى دكتۆر موحسین له راگه‌یاندن مشتومڕى له‌سه‌ر كراوه، به تایبه‌تى ئه‌و بابه‌تانه‌ى پێوه‌ندى به سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یووبی هه‌یه. له‌م دیمانه‌یه‌ى “وشه”دا زۆر ورده‌كاری مێژوویی روون ده‌كاته‌وه و ئاماژه بۆ هه‌ندێك له تێزه ئه‌كادیمییه‌كانى ده‌كات.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ قسه له‌گه‌ڵ دكتۆر موحسین بكه‌ین، زۆر شت هه‌یه به خه‌یاڵماندا دێت، له بابه‌تى فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو و مێژووى ئیسلام و چه‌پگه‌رایى و رۆژهه‌ڵاتناسى، چه‌ندان بابه‌تى تر. به‌ڵام با سه‌ره‌تا له‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و بۆ سه‌رده‌مى گه‌نجى بگه‌ڕێینه‌وه، تۆ كوڕى پیاوێكى به‌قاڵ بووى له هه‌ولێر، سه‌ره‌تا شیوعى و چه‌پ، دواتر له توێژینه‌وه ئهكادیمییهكانت بۆ فه‌لسه‌فه‌ى ئیسلام ده‌چیت، ئه‌مانه چۆن بوو؟
من كاتى خۆى شیوعى بووم و ئێسته‌ش ماركسیم. كاتی خۆى نێوانم له‌گه‌ڵ باوكم به‌و جۆره نه‌بوو، لێى ده‌ترساین و نه‌ده‌وێراین هه‌موو شتێكى له‌گه‌ڵ باس بكه‌ین، بۆیه كاتێك گه‌یشتمه سێى ناوه‌ندى به دایكم گوت بڕۆ قسه له‌گه‌ڵ باوكم بكه و بڵێ تاقیكردنه‌وه‌ى بهكالۆریاى هه‌یه، چیتر ناچمه دووكان. له‌و كاته‌وه نێوانم له‌گه‌ڵ دووكان نه‌ما، نه‌چوومه‌وه ئه‌و دووكانه‌ی ئێسته‌یش شوێنه‌كه‌ى ماوه، دوو دووكانه و ژێرزهوینى هه‌یه. جا له‌و كاته‌وه ده‌ستم كرد به‌خوێندنه‌وه‌ى چیڕۆك و شیعر و كتێبى رۆمانسى. ئه‌وكات به عه‌ره‌بى ده‌مخوێنده‌وه، چونكه زمانى خوێندنمان عه‌ره‌بى بوو. كه چوومه ئاماده‌یى زیاتر رۆمانم ده‌خوێنده‌وه، ئیتر كه له كۆلیژ وه‌رگیرام بواره‌كه‌م دیار كرا و چوومه به‌شى مێژوو. دواتر سێ ساڵ دوور خرامه‌وه بۆ “قهلعهساڵح” له باشوورى عێراق له لیواى عیماره، ئینجا هاتمه‌وه شه‌قڵاوه سێ چوار ساڵ له‌وێ مامۆستا بووم، به شانازییه‌وه ده‌یڵێم ئێسته‌ش ئه‌و قوتابییانه‌ى ئه‌وكات له شه‌قڵاوه ده‌یانخوێند، بوون به باشترین مامۆستا. دواتر كه هاتمه‌وه شاره‌كه‌ى خۆم، زیاتر ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ى شانۆنامه‌كان كرد، ئێسته‌ش كه كتێبخانه‌كه‌م ده‌بینى پڕه له شانۆنامه جیهانییه‌كان.
كاتێك له خوێندنى باڵا وه‌رگیرام، كه‌متر شانۆنامه‌كانم ده‌خوێنده‌وه، ناڵێم وازم هێناوه، ئێسته‌یش زۆرجار هه‌ست و سۆزم بۆ شانۆنامه و كارى ره‌خنه‌یى ده‌چێت و ده‌یانخوێنمه‌وه، به‌ڵام بابه‌تى رۆمانسى ناخوێنمه‌وه، رۆمانسیهتم به‌جێ هێشت. كاتێك له خوێندنى باڵا بووم زۆر حه‌زم ده‌كرد له‌سه‌ر بابه‌تێكى فیكرى بنووسم، مامۆستایه‌كمان هه‌بوو دوو كۆرس ده‌رسى پێ ده‌گوتین، یه‌كێك توێژینه‌وه ئابوورییه‌كان بوو و ئه‌ویتر توێژینه‌وه‌ى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى. ئه‌و مامۆستایه به منى گوت ئێسته تۆ ئاماده‌ى بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بابه‌تێكى فیكرى بنووسى. منیش گوتم به‌ڵێ به‌هۆى پاشخانهكهمه، ته‌نانه‌ت له‌وكاته‌ى له خانه‌ى مامۆستایان و ناوه‌ندییه‌كانیش وانه‌ى مێژووم ده‌گوته‌وه، بابه‌ته‌كانم بۆ لاى فیكر ده‌برد، به‌ڵام رێك نه‌كه‌وت له‌سه‌ر فیكر بنووسم، چونكه سه‌رپه‌رشتیارمان نه‌بوو له بوارى فیكر و فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو.
دواتر فه‌یسه‌ڵ سامر كه له سه‌رده‌مى عه‌بدولكه‌ریم قاسم وه‌زیر بوو و مامۆستا‌م بوو، گوتى بۆ نامه‌ى ماسته‌ر له‌سه‌ر شاره‌كه‌ى خۆت نانووسیت. گوتم هى ئه‌وه‌یه ماسته‌رى له‌سه‌ر بهێنم؟ گوتى له‌سه‌ر من، گوتم دهبى به سه‌رپه‌رشتیارم؟ گوتى نه‌خێر هى قۆناغى من نییه. جا ئه‌وه‌بوو نووسیم “هه‌ولێر له سه‌رده‌مى ئه‌تابه‌كییه‌كان” چوار پێنج جار به كوردى و عه‌ره‌بى وه‌ك كتێب چاپ كراوه‌ته‌وه. هه‌ركه ماسته‌ره‌كه‌م ته‌واو كرد، له به‌شى زمان و ئه‌ده‌بى كوردى بووم به مامۆستا، ئه‌وكات سه‌رۆك به‌شمان مامۆستا مارف خه‌زنه‌دارى ره‌حمه‌تى بوو. به‌ڵام ساڵى دواتر به‌شى كوردى له كۆلیژى په‌روه‌رده كرایه‌وه، من گوازرامه‌وه ئه‌وێ و ماوه‌یه‌ك له‌وێ بووم، ناوم بۆ خوێندنى دكتۆرا ده‌رچوو.
یه‌كه‌مجار بوو به‌ناوى كوردستان له زانكۆى به‌غدا ناوێكم بۆ بابه‌ته‌كه ده‌ستنیشان كرد، “كوردستان له سه‌ده تاریكه‌كان”، به‌ڵام هه‌ندێك له‌به‌ر ره‌گه‌زپه‌رستى و هه‌ندێكیش گوتیان له‌به‌ر خۆت ئه‌و بابه‌ته مه‌نووسه، چونكه كوردستان گه‌وره‌یه، تووشى لێ پرسینه‌وه ده‌بیت، خۆ كوردستان ته‌نیا ئه‌وه نییه له سه‌رده‌مى به‌عس به “حوكمى زاتى” ناو ده‌برا، ئه‌ى كوردستانى ئێران و ئه‌ى كوردستانی رۆژئاوا. له برى ئه‌وه پێشنیاریان بۆ كردم له‌سه‌ر سوپاى سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی بنووسم. ئه‌و بابه‌ته‌شم پێ‌خۆش‌بوو، بۆى په‌رۆش بووم، له به‌غدا هه‌ندێك سه‌رچاوه هه‌بوون و چووم بۆ سووریا بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى زیاتر كۆ بكه‌مه‌وه. ئه‌وه‌بوو به سێ ساڵ به سه‌ربه‌رزى ته‌واوم كرد.
ئه‌و بابه‌ته‌ى كه پێشتر ده‌ستنیشانت كردبوو “كوردستان له سه‌ده تاریكه‌كان”، ئایا هه‌ر وه‌ك ناونیشانێك جێتهێشت و دواتر نه‌گه‌ڕایته‌وه سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكه‌یت؟
نا خۆ ته‌نیا من نه‌بووم له خوێندنى باڵا بخوێنم. هه‌ندێك كه‌س كاتێك ناونیشانه‌كه‌یان بیست هاتن داواى سه‌رچاوه‌كانیان كرد، ئه‌وانیش براده‌ر بوون، خۆ ناكرێت بڵێم نایده‌م. ئه‌وه‌بوو وه‌ك ناونیشانه‌كه به ته‌نیا وه‌ریان نه‌گرت، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه و له سه‌رده‌مێك نووسى، یه‌كێك له سه‌رده‌مى مهغۆلییهكان، یه‌كێك له‌سه‌ر جه‌زائیرییه‌كان، هه‌ندێك له سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كانیان نووسى، منیش نه‌مده‌ویست ركابه‌رییان بكه‌م.
دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌دینم نووسى، هاتم چه‌ند كتێبێكیشم له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌دین و هه‌ولێر نووسى، بۆیه ده‌رفه‌تم نه‌بوو. ئه‌وه‌بوو دواتر له به‌شى مێژووى كۆلیژى ئادابى زانكۆى به‌غدا ئه‌و مامۆستایه‌ى رێبازه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ى ده‌گوته‌وه، ناوى بۆ دكتۆرا ده‌رچوو، گوتیان تۆ ده‌بێ ماده‌كه بڵێیته‌وه، رازی بووم و زۆریش له‌گه‌ڵى گونجابووم. هاوینه‌كه‌ى گوتیان ده‌بێت ماده‌یه‌ك بڵێیته‌وه یه‌كه‌مجار له عێراق ده‌گوترێته‌وه، ئه‌ویش “فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو”ـه، ئه‌وكات و به ئێسته‌یشه‌وه مامۆستاى ئه‌م ماده‌یه نییه، من له كوردستان دوو قوتابیم له بوارى خوێندنى باڵا به‌و ماده‌یه ده‌رچوون و ته‌واویان كرد، یه‌كیان له سلێمانى و ئه‌ویتریان له هه‌ولێر. جا ئه‌وكاته‌ى له به‌غدا بووم ده‌ستم كرد به ئاماده‌كردنى بابه‌ته‌كه و هه‌موو فهیلهسووفهكانى فه‌لسه‌فه‌ى مێژووم وه‌رگرت. ئه‌وكات توێژینه‌وه‌كه‌م به كوردى له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو نووسی، زۆر هه‌وڵیاندا ره‌تى بكه‌نه‌وه، دواى ماندووبوونێكى زۆر قبووڵیان كرد، چونكه نه‌ده‌بوو به كوردى توێژینه‌وه بكرێت.
تۆ یه‌كه‌م جار بوو فه‌لسه‌فه‌ى مێژووت ده‌گوته‌وه، هه‌ر خۆیشت ئه‌و بابه‌تانه‌ت ده‌ستنیشان كرد كه ده‌بوو له زانكۆى به‌غدا بخوێنرێن؟
به‌ڵێ، ئه‌مه‌ش كێشه بوو، چونكه فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو بۆ ده‌سه‌ڵات بابه‌تێكى پڕ مینه، جا گوتنه‌وه‌ى ماده‌كه ئه‌سته‌م بوو كه تۆ باسى هه‌ر بابه‌تێكت ده‌كرد، دوو كه‌س له‌ولا ده‌نگیان تۆمار دهكردى و ده‌یانگوت ئه‌مه مه‌به‌ستى سه‌دام و حزبى به‌عسه. به تایبه‌تى ئه‌وكاته‌ى ده‌گه‌یشتینه ئیبن خه‌لدوون و ڤیكۆ. جا ده‌بوو هه‌موو جارێك بڵێم بۆ ئه‌وه‌ى فیكرتان بۆ لاى تر نه‌ڕوات، من پێوه‌ندیم به سیاسه‌ته‌وه نییه، ئه‌وه بابه‌ته‌كه‌یه چۆن ته‌فسیرى ده‌كه‌ن بیكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان وازیان له نووسینه‌وه‌ى راپۆرته‌كانى خۆیان نه‌ده‌هێنا. ته‌نانه‌ت قوتابییهكم هه‌بوو هه‌موو بابه‌ته‌كانى ده‌نووسى، به‌عسى بوو و ناوى “موسلم عه‌قیل” بوو، هه‌موو جارێك توانجم لێ ده‌دا و ده‌مگوت موسلم تۆ قوتابییه‌كى هێنده زیره‌ك نیت، بۆ ئه‌وها بابه‌ته‌كانى من به خێرایى ده‌نووسى. دواتر ده‌چوو ده‌یدا به ئه‌منى كولیژ، ئه‌وانیش هه‌ندێكیان هه‌بوو شه‌ریف بوون ده‌هاتن ده‌یانگێڕایه‌وه و به منیان ده‌گوت ئه‌بو دلێر تۆ هیچت نه‌گوتووه و بابه‌ته‌كانت فه‌لسه‌فه‌ى مێژووه. له زۆر وڵاتى عه‌ره‌بى حه‌ز له فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو ناكرێت، چونكه بابه‌تێكى ئاڵۆز و ئه‌سته‌میشه، زۆرجار تۆ وانه ده‌ڵێیته‌وه ئه‌وان وا ده‌زانن قسه به سه‌رۆك ده‌ڵێیت، چونكه رۆشنبیرییان نییه. هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كه‌ش ئه‌سته‌مه، گه‌ڕان و به‌دواداچوونى ده‌وێت. من كتێبى وام له فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو هه‌یه له زانكۆكانى كوردستان نییه. كاتێك ده‌چمه هه‌ر شوێنێك له به‌غدا بێت یا عه‌مان له سێ جۆره كتێب ده‌گه‌ڕێم: نامۆبوون، فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو، رۆژهه‌ڵاتناسى. یان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌ر كتێبێك پێوه‌ندى به پرسه فیكرییه‌كانه‌وه هه‌بێت.
ئه‌و پاشخانه ماركسییهى له سه‌رده‌مى گه‌نجێتى له‌لاى تۆ هه‌بوو، چه‌ند وای كردووه له فه‌لسه‌فه‌ى مێژوو نزیك بكه‌ویته‌وه؟
ئه‌گه‌ر رۆشنبیرییه ماركسییهكهم نه‌بووایه، هه‌رگیز فه‌لسه‌فه‌ى مێژووم خۆشنهدهویست. ماركسییهكانى عێراق و ته‌نانه‌ت له هه‌موو دنیایش زیاتر له هه‌موو لایه‌نێكى تر بایه‌خ به فه‌لسه‌فه ده‌ده‌ن. ئه‌وكاته‌ى له به‌غدا مامۆستا بووم بایه‌خم به‌م بواره ده‌دا. كاتێك له لیبیا گه‌ڕامه‌وه، له كوردستان حزبى شیوعى كوردستان رێزلێنانیان بۆم كرد، ئه‌وكات براده‌رانى به‌غدام هاتبوون، پێم گوتن با پێتان بڵێم من شیوعى بووم، ئه‌وانیش گوتیان له‌مێژه ده‌مانزانى. هاتن له رێزلێنانه‌كه ئاماده بوون، ته‌نانه‌ت گوتهشیان هه‌بوو، ئێسته‌ش پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ مامۆستایانى به‌غدا ماوه، دوو كتێبیان له‌سه‌ر من نووسیوه، وا یه‌كێكیان خه‌ریكه كتێبێكى تر ئاماده ده‌كات.
باسى ئه‌وه‌ت كرد كه سێ كتێبت له‌سه‌ر نووسراوه، زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت دكتۆر موحسین زیاتر له ناوه‌ندى رۆشنبیرى عێراقى ناسراوه و بایه‌خى پێ ده‌درێت، له كوردستان به‌و شێوه‌یه نییه، بۆچی؟
من له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا نا، به‌ڵكو له‌لایه‌ن قوتابییه‌كانم و خه‌ڵكه‌كه زۆر بایه‌خم پێ ده‌درێت. ئه‌و كاته هێرش كرایه سه‌ر كه‌ركووك، دۆسته‌كانم له به‌غداوه خه‌مى منیان بوو، ته‌له‌فۆنیان ده‌كرد و ده‌یانگوت پێویستت به هیچ شتێك نییه، منیش ده‌مگوت له هه‌ولێرم هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه. مه‌به‌ستم بایهخهكهیه، قوتابییه‌كى زانكۆى كووفه ماسته‌رى له‌سه‌ر من نووسیوه، من به وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ئێره‌م گوت، كتێبه‌كه چاپ بكه‌ن، گوتیان كاغه‌ز و مه‌ره‌كه‌به‌كه له‌سه‌ر خۆته، پێم سه‌یر بوو، من به خزمێكم گوتبوو كه به‌ڕێوه‌به‌رى كتێبخانه‌كانه، كه‌چى وا وه‌ڵامى دامه‌وه، منیش گوتم بیهێنه له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆم بۆى چاپ ده‌كه‌م، چونكه قوتابییه‌كه تواناى دارایى باش نییه، ته‌مه‌نى گه‌نجه و دوو منداڵى هه‌یه، ئه‌و كاته‌ى تاوتوێى ماسته‌ره‌كه كرا، راگرى كۆلیژه‌كه گوتى ئه‌و ماسته‌ره یه‌كه‌م ماسته‌ره له زانكۆى كووفه پله‌ى ئیمتیازى پێ بدرێت. كاتێك له‌وێ بانگهێشتی منیان كرد، مامۆستاكان له دووره‌وه به پیرمه‌وه هاتن، ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن شیعه غه‌درمان لێ ده‌كه‌ن ئه‌مانه پێوه‌ندى به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ى بنووسه تكا ده‌كه‌م.
یه‌ك دوو بابه‌تى ئێوه له رۆژنامه كوردییه‌كان زۆر مشتومڕى له‌سه‌ر كرا، یه‌كێكیان پێوه‌ندى به سوڵتان موزه‌فه‌ر هه‌بوو، ئه‌ویتریان سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی، چه‌ندان ساڵه مه‌رقه‌دێك له‌ناو هه‌ولێر هه‌یه به‌ناوى سوڵتان موزه‌فه‌ر، كه‌چى تۆ گوتت هه‌ڵه‌یه و سوڵتان موزه‌فه‌ر گۆڕه‌كه‌ى لێره نییه؟
سوڵتان موزه‌فه‌ر زۆر خزمه‌تگوزاریى پێشكه‌شى شاخى عه‌ره‌فه كردووه، له‌وێ گۆڕێك بۆ خۆى ئاماده ده‌كات و كێلیشى به ناوى خۆى بۆ داده‌نێت ته‌نیا مێژووه‌كه‌ى نانووسێ، چونكه نازانێ كه‌ی ده‌مرێ. دواتر گه‌ڕایه‌وه له هه‌ولێر مرد، له هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌كى كاتى به ئه‌مانه‌ت ده‌ینێژن و له قه‌ڵا له‌ناو سندووقێكى داده‌نێن. كاتێك واده‌ى حه‌جكردن دێت، حاجییه‌كان ته‌رمه‌كه‌ى سوڵتان موزه‌فه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له شاخى عه‌ره‌فه بینێژن. كاتێك حاجییه‌كان ده‌گه‌نه سنوورى حیجاز كه ئه‌و كات سعوودیه نه‌بووه، ئاویان لێ ده‌بڕێت /زۆرجار هه‌بووه ئاو له حاجییان بڕاوه/، بۆیه فه‌توایه‌ك ده‌رده‌كه‌ن كه حه‌جه‌كه نه‌كه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ى دایانناوه بۆ شه‌ڕى ته‌رخان ده‌كه‌ن، چونكه هێشتا عێراق و ناوچه‌كه له ژێر هێرشى مهغۆلییهكان بووه، به تایبه‌تى هه‌ولێر هێرشى زۆر توندى كراوه‌ته سه‌ر، هه‌رچه‌نده له سرووده‌كان ده‌ڵێن هه‌ولێرى هۆلاكۆ به‌زێن، به‌ڵام هۆلاكۆ هه‌رگیز هه‌ولێرى نه‌دیوه، دوو سه‌ركرده‌ى سوپاكه‌ى هاتوونه‌ته سه‌ر هه‌ولێر. جا ئه‌گه‌ر حاجییه‌كان وا نه‌كه‌ن، له‌وێ له بێ ئاوی ده‌مردن، بۆیه بڕیارى گه‌ڕانه‌وه ده‌ده‌ن، به‌ڵام كێشه‌یان ته‌رمه‌كه‌ى سوڵتان موزه‌فه‌ر ده‌بێت، بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌ڵێن باشه ئه‌وه ناتوانین بیبه‌ینه لاى پێغه‌مبه‌ر، خۆ ئامۆزاكه‌ى پێغه‌مبه‌ر لێره نزیكه، مه‌به‌ستیان مه‌زارى ئیمام عه‌لییه له نه‌جه‌ف، بۆیه ده‌چن له‌وێ ته‌رمى سوڵتان موزه‌فه‌ر ده‌نێژن.
ئه‌ى ئه‌م گۆڕه‌ی هه‌ولێر هى كێیه؟
هى باوكی سوڵتان موزه‌فه‌ره كه ناوى زه‌ینه‌دین عه‌لى بووه. هاوسه‌رده‌مى سێ پاشاى ئهتابهكى مووسڵ ده‌بێت و له كۆتادا كوێر و كه‌ڕ ده‌بێت، به قوتبه‌دین مه‌ودوودى ده‌سه‌ڵاتدارى مووسڵ ده‌ڵێ من واز له هه‌موو موڵك و ماڵه‌كانى خۆم دێنم له ئاكرێ و داقووق و تكریت و چه‌ندان جێى تر، تازه كه‌ڵكم نه‌ماوه و بۆ خۆم و منداڵه‌كانم ده‌چینه له هه‌ولێر داده‌نیشین. چه‌ند مانگێكى پێ ده‌چێ ده‌مرێت، هه‌ندێك ده‌ڵێن سێ مانگ، هه‌ندێك له مێژوونووسان ده‌ڵێن شه‌ش مانگ دواى ئه‌وه‌ى هاتووه‌ته هه‌ولێر.
ئیبن خه‌له‌كان كه مێژوونووسێكى مه‌زنى هه‌ولێره، به وردى باسى ژیانى سوڵتان موزه‌فه‌رى كردووه، له كتێبه‌كه‌ى ده‌ڵێ، “باوكى سوڵتان موزه‌فه‌ر له هه‌ولێر مردووه و له مزگه‌وتی كۆنى نزیك قه‌ڵا نێژراوه”. له‌به‌رئه‌وه‌ى سوڵتان موزه‌فه‌ر له باوكى خۆى به‌ناوبانگتر بووه، بۆیه ناوى گۆڕه‌كه به‌ناوى ئه‌و رۆیشتووه. خه‌ڵكى هه‌ولێر باوكى سوڵتان موزه‌فه‌ریان نه‌ناسیوه و ئه‌ویش ته‌نیا زۆربه‌ى ژیانى له مووسڵ بووه، ته‌نیا شه‌ش مانگێك له هه‌ولێر ژیاوه. خێزانه‌كه‌ى سوڵتان موزه‌فه‌ریش كه‌ناوى “رابیعه” خاتوون بووه، خوشكى سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی بووه، به‌ڵام من سه‌رزه‌نشتى ده‌كه‌م چونكه 44 ساڵ له هه‌ولێر ژیاوه یه‌ك پڕۆژه‌ى خزمه‌تكردن و خێرخوازیى بۆ ئه‌م شاره نه‌بووه، كه‌چى كه سوڵتان موزه‌فه‌ر ده‌مرێت، هه‌ر زوو رابیعه خاتوون هه‌ولێر به‌جێ ده‌هێڵیت و ده‌چێته شارى حه‌له‌ب، له‌وێ چه‌ندان پڕۆژه‌ى قوتابخانه و مزگه‌وت دروست ده‌كات.