شۆڕشی ئۆکتۆبەر: لەخەونەوە بۆ کابوس
مهریوان وریا قانع
بەشی یەکەم
سەرەتا
کۆتایی مانگی رابردو، مانگی ئۆکتۆبەر، سەد ساڵ بەسەر بەرپاکردنو سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەساڵی ١٩١٧ لەروسیادا تێپەڕی. وەک زۆرێک لەشۆڕشە گەورەکانی دونیا ئەم شۆڕشەش هەڵگری کۆمەڵێک ئایدیالی ئینسانی گەورەو کۆمەڵێک خەونو چاوەڕوانیی مەزن بوو. شۆڕشێک بوو خەونی بەنەهێشتنی چەوساندنەوەو پیادەکردنی یەکسانییو دەستەبەرکردنی ئازادیی راستەقینەوە بۆ مرۆڤ دەبینی. لەیەکەمین رۆژی سەرکەوتنیشییەوە کاریگەرییەکانی تەنها لەسنووری یەکێتی سۆڤیەتدا نەمایەوە، بەڵکو بوو بەڕوداوێکی جیهانییو کاریگەرییەکی بەزۆر بەشی دونیادا بڵاوبووەوە. ئەم شۆڕشە شێوازێکی نوێی حوکمڕانییو جۆرێکی تایبەتی لەبیرکردنەوەی سیاسییو کۆمەڵایەتییو ئابوریی هێنایەکایەوە. لەم رۆدا کەسانی جیاواز بەمەبەستی جیاواز یادی ئەم شۆڕشە دەکەنەوە، ئەم نووسینەی من، کە بەدوبەش لەم رۆژنامەیەدا بڵاودەبێتەوە، یادکردنەوەی رووداوێکە کە پێموایە تا ئەمڕۆ شتێک لەکاریگەریی لەسەر دونیای ئێمە هەیەو ماوە. ئەم بەشەی یەکەمەی تەرخانە بۆ باسکردنێکیی گشتیی مانا تازەکانی چەمکی شۆڕشو ناوەرۆکە ئایدۆلۆژییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەڕوسیادا. لەبەشی دوهەمەدا باس لەگۆڕانی خەونەکانی ئەم شۆڕشە بۆ کۆمەڵێک کابوسی ترسناک لەسەدەی بیستەمدا، دەکەم.
شۆڕش چییە؟
شۆڕش مانای گۆڕانی ریشیەییو هەمەلایەنی ئەو دونیایەی لەئارادایە، دەسکاریکردنی واقیع، دەسکاریکردنێکی ریشەیی، لەهەمو ئاستەکانیدا. شۆڕش مانای هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای باڵادەست لەئێستادا بەمەبەستی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ بەجۆرێکی نوێ لەمرۆڤەوە، جیاواز لەو مرۆڤانەی لەکۆمەڵگا کۆنەکەدا هەنو ئامادەن. شۆڕش مانای دروستکردنی سەرەتایەکی نوێی رەها کە دەسکارییەکی قووڵو هەمەلایەنی هەمو سەرەتاکانی بەر لەخۆی دەکات. ئەم جۆرە روانینو بیرکردنەوەیە سەربارەت بەدەسکاریکردنو گۆڕانی کۆمەڵگاو گۆڕانی ئینسانەکانی ناوی، ئەم دیدە بۆ قڵپکردنەوەی دونیا بەشێوەیەکی سەرتاسەریی، بەشێکی گرنگی ئەو خەیاڵی سیاسییە کە لەدونیای مۆدێرندا لەدایکدەبێت. بەر لەدونیای مۆدێرن ئەم شێوازە تایبەتە لەوێناکردنی گۆڕانکارییو لەهەوڵدان بۆ بەرپاکردنی ئەو گۆڕانە بوونی نییە. رەنگە جاکۆبییەکانی ناو شۆڕشی فەرەنسیی یەکەمین بکەرو گروپی رێکخراوبن کە پێشڕەوو پیادەکەری ئەم شێوە روانینو کردە سیاسییە رادیکاڵو ریشەییە بن، بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی. گۆڕینی سەرتاسەریی سیستمی سیاسییو کۆمەڵایەتییو ئابوریی بەشێکە لەخەیاڵی سیاسیی ئەم گروپە رادیکاڵەی ناو شۆڕشی فەرەنسییو بەشێکیشە لەخەیاڵی سیاسیی زیاد لەگروپو ئایدیۆلۆژیایەکی دونیای مۆدێرن.
لەدایکبوونی چهمكی شۆڕش بەو مانایەی سەرەوە لهفیكری ئهوروپیدا دهگهڕێتهوهبۆ سهدهی ههژدهههم، واتە بۆ سهردهمی رۆشنگهریی. رۆشنگهریی دهسكارییهكی ریشهیی بەشێکی زۆر لەڕوانینەکانی مرۆڤی دەکات، لەوانەش روانینی مرۆڤ بۆ كاتو بۆ مێژو، لەم دەسکاریکردنەشدا چهمكی ”پێشكهوتن“، progress، ژێرخانی ئهم گۆڕانهیه. لهدوای داهێنانی چهمكی ”پێشکەوتن“ەوە بینینی مرۆڤ بۆ کات گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت، کات چیدتر وەک جوڵەیەکی بازنەیی نابینرێت، جوڵەی مێژو تێپەڕینی کات جوڵەو تێپەڕینێک نییە شتەکانو پەیوەندییەکانو روانینەکان بەبێ کۆتایی لەناو بازنەیەکی داخراودا دوبارەبکاتەوە. لهپاڵ چەمکی ”پێشکەوتن“دا مێژو چیتر لەدۆخی خۆدوبارهكردنهوهیهكی ناكۆتاو ههتاههتاییدا نییە، جوڵەیەکی بازنەیی نییە لەناو چێوەی بازنەیەکدا لەهەر خاڵێکی چێوەکەوە دەستپێبکەیت دواتر بگەڕێیتەوە هەمان جێگا. چهمكی ”پێشكهوتن“ توانای ئەوە بەمرۆڤ دەبەخشێت مێژو وەک ”هێڵێکی راست“ وێنابکات، جوڵەی مێژوییش وەک جوڵەی سەر هێڵێكی راست كه تیایدا مرۆڤ لهسهرهتایهكی تایبهتهوه دهستپێدهكاتو بەشێوەیەکی بەردەوام بهرهو پێشوهدهڕوات. لەم جوڵەیەکدا دوبارەکردنەوە بونی نییە، جوڵەکەش تا بهرهوهپێشهوه بڕوات، توانای گۆڕانو پێشكهوتنو تازهبونهوهی زیاتر دهبێت. وەک وتمان گۆڕانكاریی لەسەر ئەم هێڵە راستە بەهیچ مانایەک دوبارهكردنهوه نییه، بهڵكو تێپهڕینه لهخاڵێكەوه بهرهو خاڵێكی تر، لەڕابردوەوە بەرەو ئێستاو لەئێستاشەوە بەرەو ئایندە. وێناکردنی شۆڕشیش وەک کردەیەکی مرۆیی کە دەسکارییەکی تەواوو ریشەیی دونیا دەکاتو دەیگۆڕێت، پەیوەندییەکی پتەوی بەم روانینەوە تازەوە بۆ زەمەنو بۆ مێژو هەیە. شۆڕش گواستنەوەی کۆمەڵگایە لەسەر خاڵێکی سەر هێڵە راستەکەوە بەرەو خاڵێک یان چەند خاڵێکی تر لەپێشەوە.
هاوکات ئەم روانینە بۆ مێژو زەمەن وەک هێڵێکی راست هاوشانە بەلەدایکبوونی وێنەیەکی دیکە کە مێژو بەسەر کۆمەڵێک ”قۆناغ“ی جیاوازدا دابەشدەکات. قۆناغەکانی مێژوش لەنووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی دیکە گۆڕانی بەسەدا دێت، لای هیجڵ جیاوازە لەوەی لای مارکس هەیەو ئەوەی ئۆگست کۆمت هەیە جیاوازە لەوەی لای نیتشە هەیە. شتێک لەڕۆحی داروینزیم لەناو بەشێکی گەورەی ئەو تێزانەدا هەن کە مێژو بۆ کۆمەڵێک قۆناغ دابەشدەکەن. بێگومان ئەم قۆناغانە لەسەر ئەو هێڵە راستەی زەمەن دروستدەبن کە باسمکرد، لەمەشدا قۆناغە تازەکان لەقۆناغە کۆنەکان پێشکەوتوترنو ئەوانەشی لەئایندەدا هەن پێشکەوتوتر دەبن لەوەی ئێستادا هەیەو باڵادەستە. لەپەیوەندیدا بەشۆڕشەوە ئەم دیدە یەک مانای هەیە: ئەوەی کە لەپێشەوەیەو پێویستە شۆڕش دروستیبکات لەوەی لەئێستادا هەیەو باڵادەستە پێشکەوتوترو باشترە. بەم شێوەیە چەمکی ”پێشکەوتن“و چەمکی ”قۆناع“و وێناکردنی مێژو وەک هێڵێکی راست، بەشێوەیەکی راستەوخۆ رۆڵێکی هێجگار گرنگ دەبینن لەوێناکردنی مۆدێرندا بۆ چەمکی شۆڕش. مانا مۆدێرنهكانی شۆڕس لهم ژینگه تازهیهی ناو رۆشنگەریدا دروستدهبێتو مانای هەرە سەرەکی شۆڕشیش دروستبونی پچڕانە لهگەڵ ئێستاو رابردودا، شۆڕش ئامرازو میتۆدێكە بۆ بهرپاكردنی گۆڕانی ریشهیی لەئێستادا(١).
شۆڕشو کۆمەڵگای بێکێشە
لە ئاستی تیورییەکەیدا شۆڕش بەمانا مۆدێرنهكهی بهتوندی گرێدراوهبهخەونو بیرۆكهی دروستكردنی كۆمهڵگایهكی تهواو تازهی بێكێشهو گرفتو پێرفێكتهوه، کۆمەڵگایەک لێرهو لهئێستادا، لهسهر زهوی، کە مرۆڤ تیایدا بتوانێت لەسێبەری بەختیارییەکی تەواودا بژیی. ئەوەی گرنگە لێرەدا هێمای پێبکەین بەستنەوەی ئەم پرۆژەی دروستکردنەیە بەههوڵی هۆشیارانهی خهڵكانێكی بەئاگاو رۆشنگهرەوە، کە وەک بکەرێکی گۆڕانکەر لەناو مێژودا ئامادەن. لهپشتی فیكرهی شۆڕسهوه وێناکردنێک بۆ مرۆڤ لەئارادایەكهتەنها شۆڕشگێڕو گۆڕانخواز نییە، بەڵکو ئەنجامدانی شۆڕش وەک پرۆژەیەکی هۆشیارانە پێ لهسهر پاکییو باشیی سروشتی مرۆڤ خۆشی وەک مرۆڤ دادەگرێت، مرۆڤ وەک ئەندامی ئەم یان ئەو چینی کۆمەڵایەتیی كهتوانای دروستكردنی كۆمهڵگایهكی بێكێشهو بێ گرفتو پێرفێكتی ههیه، یان لانیكهم دهکرێت ئهم سروشتهپاکە لەناویدا دروستبكرێت، تا ئەو شوێنەش بتوانرێت مرۆڤلهههموو نهخۆشییهمێژویەکانی پاکژبکرێتەوە. ئهم کردەی پاکژکردنەوەیەش لهڕێگای پهروهردهكردنو نههێشتنی چهوساندنهوهو كۆتاییهێنان بهههژارییەوە روودەدات.(٢) جگهلهباوەڕ بەتواناکانی مرۆڤ لەوەدا کە کاری گەورەو مەزنو تازە بکات، لەوانەش ئەنجامدانی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی، رۆشنگهریی سهرچاوهی هاتنهكایهی باوهڕێكی بەهێزیشە بهتواناكانی زانستو بیركردنهوهی عهقلانیی. ئەم دوانەش لەسەدەی نۆزدەهەمدا بوونە هۆکاری لهدایكبوونی كۆمهڵە ئایدیۆلۆژیایەکی گهورهکە شوناسی سەدەی نۆزدەهەمو سەدەی بیستەم دەستنیشاندەکەن، لەناویاندا ئایدیۆلۆژیاکانی سۆسیالیزمو کۆمۆنیزمو لیبرالیزم، كهههریهكێکیان وێنهیهكی نوێو تایبهت بۆ ئایندهی مرۆڤایهتییو رێگای گهیشتنیش بهو ئایندهیه، پێشنیاردەکات(٣).
شۆڕشی ئۆکتۆبەر، وەک شۆڕشی ئەمریکییو شۆڕشی فەرەنسیی، رووداوێکە لەناو ئەم ژینگە تیورییو فیکرییە تازەیەی دونیای مۆدێرنو سەردەمی رۆشنگەرییو دوای رۆشنگەریدا لەدایکدەبێت. خەیاڵە سیاسییەکەشی بەشێکە لەو خەیاڵە سیاسییەی لەدوای رۆشنگەرییەوە دێتەکایەوە.
شۆڕشو کۆتایینەهاتنی مێژو
خاڵێکی تر کە پێویستە لەپەیوەندیدا بەدیاردەی شۆڕشەوە لەبەرچاومان بێت ئەو راستییەیە کە شۆڕشەکان هەمیشە شتێکی گرنگمان لەسەر دونیاو مرۆڤو کۆمەڵگاکان پێدەڵێن، هەروەها شتێکی گرنگترمان لەسەر خودی مێژو خۆشی نیشانئەدەن، شۆڕشەکان پێماندەڵێن مێژو هەرگیز کۆتایی نایەت، کۆمەڵگا هەرگیز لەناو یەک فۆرمدا ناچەقێت، مرۆڤ مۆڤو رووداوەکانی سەردەمەکانی تر کۆپیناکاتەوە. ئەوەی شۆڕشەکان پێمان دەڵێن گۆڕانی مێژو، گۆڕانی کۆمەڵگاو توانای چالاکو هۆشیارانەی مرۆڤە لەوەدا کە شتێکی جیاواز دروستبکات. شۆڕشەکان پێمان دەڵێن هەمیشە دونیایەکی جیاوازو چاوەڕواننەکراو لەپێشمانەوەیە، شتێک لەودیوی ئێستاوە هەیە کە دەکرێت بەکردەی مێژویی بیهێنینە ناو ئێستاوە. بەکورتی شۆڕشەکان پێماندەڵێن مێژو کۆمەڵگا بەرهەمی کاری مرۆڤن، مرۆڤ لەڕێگای کاری تازەو جیاوازەوە توانای لابردنی ئەو مێژو کۆمەڵگایەی هەیە کە لەئێستادا دروستیکردوە. بەکورتی شۆڕشەکان پێماندەڵێن مرۆڤ دروستکەری مێژوە، مێژویەک کە کۆتایی نایەت.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر وەک رووداو
سەد ساڵ لەمەوبەر یەکەم فیشەکی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەشاری سانت پێترۆس بۆرگ تەقێندرا، ئەو شارەی دوای شۆڕش ناوەکەی گۆڕا بۆ لینین گراد. لەساتەوەخی شۆڕشەکەدا روسیا تا بینەقاقای نووقمی ناو رووداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم بو، جەنگێک نزیکەی دو ملیۆن سەربازی روسیای بەکوشت دابو، ئابوریی وڵاتەکەی وێران کردبو، ئاستی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی هێنابووە خواری خوارەوە، هاوکات هەڵاوسناێکی گەورە لەرۆبڵی روسیدا دروستکردبوو تا ئەو رادەیەی پارەکە نرخێکی ئەوتۆی نەمابوو. ئەم دۆخە بڕستی لەژمارەیەکی گەورەی چینە هەژارو نەدارەکانی ناو کۆمەڵگای روسیی بڕیبوو.
لێنین، کە سەرکردەی ژمارە یەکی شۆڕشی ئۆکتۆبەرە، لەکاتی جەنگە جیهانیەکەدا نەفیی دەبێت لەسویسرا. ئەڵمانەکان کە دەیانویست روسیا بەشداربوونی خۆی لەجەنگەکەدا بوەستێنێت، بۆئەوەی دەستەکانیان کراوەبێت بۆ بەگژاچوونەوەی فەرەنساو بریتانیا، پەیوەندی بەلێنینەوە دەکەنو باسی گەڕاندنەوەی ئەوی بۆ روسیا لەگەڵدا دەکەن. دواجار ئەڵمانەکان شەمەندەفەرێک بۆ لێنین بەکرێدەگرنو رێگای بۆ خۆشدەکەن بۆ ئەوەی بۆ سان پێترۆس بۆرگ بگەیەنێتەوە بتوانێت دۆخێکی نائارامو زەحمەت بۆ حکومەتی روسیا دروستبکات. لێنین گوێ بەو تانەو تۆمەتانە نەدا کە ئەم گەڕاندنەوەیەیان بەهاریکاریی ئەڵمانیا، کە بەکردەوە لەدۆخی جەنگدا بوو لەگەڵ روسیادا، وەک خیانەتی نیشتیمانیی دەناساند. لێنین گەڕایەوە سانت پێترۆس بۆرگو لەوێ سەرکردایەتی شۆڕشی دژ بەدەسەڵاتدارانی ئەو دەمی روسیا کرد. لەدوای گەڕاندنەوەکەی لەماوەیەکی کورتدا، بەلشەفیکە کۆمۆنیستەکانی لەخۆی کۆکردەوە، بەلشەفیکەکان باڵە رادیکاڵو پەڕگیرەکەی ناو پارتی سۆسیال دیموکراسی روسیا بوون. ئەم گروپە لەلەشەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ دەسەڵاتیان لەسان پێترسبۆرگدا گرتەدەست. یەکەم بەڵێنی لێنینیش بەخەڵکی روسیا، لەکاتی خۆئامادەکردندا بۆ شۆڕش، ئەوەبوو کە کۆتایی بەجەنگ دەهێنێتو وادەکات روسیا لەجەنگەکە پاشەکشە بکات، دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەش لێنین ئەم ئەرکەی ئەنجامداو روسیا بەرەسمی لەجەنگی جیهانی یەکەم پاشەکشەی کرد. هاوکات لێنین بەڵێنی کۆتاییهێنانی بەکاپیتالیزمو بەپیادەکردنی سۆسیالیزمو هێنانە سەرکاری دەسەڵاتی کرێکاران دابو. هەمو ئەمانەش بەشێکبون لەو دونیابینییەی لێنین بۆ شۆڕشو گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی هەیبوو.
وەکو کەسایەتیش لێنین پیاوێکی فرە بەتوانا بو، هەم توانایەکی گەورەی کاری رێکخستنو کۆکردنەوەی هەبو، هەم توانایەکی گەورەی قسەکردنو خوتبەدانو هەم تیوریستێکی سیاسیی ئیرادەگەریش بوو. لەوەش نەدەترسا ئەوەی خۆی بەڕاستی دەزانیی بەهەمو شێوەیەک بەسەر ئەوانیتردا بیسەپێنێت.
ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر
شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕشێک بوو بەڵێنی دابوو کرێکارانو رەنجدەران بکات بەخاوەن وڵاتو نیشتیمانو دەسەڵات، بیانکات بەدروستکەری دونیایەکی نوێو جیاواز لەهەمو ئەو دونیایانەی تا ئەو ساتە مرۆڤ دروستیکردبو. شۆڕشی ئۆکتۆبەر وای نیشانئەدا شۆڕشی دروستکردنی کۆمەڵگایەکە کە کۆتایی بەچەوساندنەوەی چینایەتییو شێوەکانی تری چەوساندەوەی ئینسان بۆ ئینسان دەهێنێت، دونیای یەکسانیی رەهاو برایەتیی رەهاو هاوکاریی رەها دروستدەکات. کۆتایی بەمرۆڤی بێئیشو بێزانینو بێچێژیی هونەرییو مۆسیقییو ئەدەبیی دەهێنێت. سەرەتای مێژویەکی تەواو نوێ لەمێژوی مرۆڤایەتیدا دروستدەکات. بەکورتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەناو خەونێکی ئینسانیی گەورەوە ئەدوا کە رەنگە گەورەترین خەونی ئینسانیی ناو مێژوی مرۆڤ بێت. بەڵام ئەو پرسیارەی دەکرێت لەخۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا ئەم شۆڕشە چی لەم خەونانە کرد؟ ئایا کۆمۆنیستەکانی روسیا دوای سەرکەوتنی شۆڕش چ دونیایەکیان دروستکرد؟ ئایا لینیزم دەیتوانی لانیکەمی ئەو خەونانە دەستەبەربکات؟
وەڵامی کورت بەم پرسیارە ئەمەیە: کۆمۆنیستەکانی دوای شۆڕش سەرجەمی خەونە گەورەکانی بەر لەشۆڕشیان بۆ کۆمەڵێک کابوسی تۆقێنەر گۆڕیی. فۆرمێکیان لەدەسەڵاتی دیکتاتۆرییو کۆنترۆڵکردنو دیسپلینکردن پیادەکرد کەم وێنەیە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا. ئەزموونی دوای شۆڕش ئەزموونی سەپاندنی دەسەڵاتی یەک حیزبو یەک ئایدیۆلۆژیاو یەک هەقیقەتو یەک سەرکردە بوو بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگادا. پارتێک بەناوی ”پێشڕەوبوون“ەوە دیدو خواستو ویستی خۆی بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، ئەوەی ئەم پارتە دەیڵێت دەبێتە دواهەمین راستییو هەمووان ناچاردەکرێن گوێدێریبنو پیادەیبکەن. مەسافەیەک لەنێوان حیزبو دەوڵەتو حزیبو کۆمەڵگاو حیزبو ئابورییدا نامێنێتەوە. دەوڵەت لەوەدەکەوێت دەوڵەتی هەمووان بێتو دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی کۆمۆنیستەکان بەتەنها. ئەو دەستەواژەیەی کە ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت بۆ ناوانی ئەزموونی کۆمەڵگاو دەوڵەتی سۆڤیەتی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەکاریدەهێنێت، دەستەواژەی ”تۆتالیتاریزم“ە. ئەگەرچی کێشمەکێشێکی تیوریی گەورە لەسەر راستییو دروستیی بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەزموونی کۆمۆنیزم لەسۆڤیەتدا لەئارادایە، بەڵام بەبۆچوونی من هێڵە گشتییەکانی دیدی ئارێنت بۆ پێناسەکردنی ئەزموونی ستالینیزم راستو دروستە. تۆتالیتاریزم وەک شێوازێک لەحوکمڕانیی کە جگە لەیەک ئایدیۆلۆژیاو یەک هەقیقەتو یەک پارتی سیاسییو یەک سەرکردە، کە شانیانداداوە سەر دەیەها دەزگای کۆنترۆڵو دیسپلینکردنو سەر بەکارهێنانێکی بەرفراوانی توندوتیژیی، شوێنی هیچ شتێکی دیکەی تیادا نابێتەوە. شۆڕشی ئۆکتۆبەر، هەم لەچاپە لینینیکەیداو دوای ئەویش لەچاپە ستالینییەکەیدا، وێرانکەری پلورالیزمی سیاسییو فیکرییو رەمزییە لەسۆڤیەتدا، بەشێکە لەو پەلامارە گەورەیەی لەسەدەی بیستەمدا دەبرێتە سەر پلورالیزم لەفۆرمە جیاوازەکانیدا.
لەمانگی شوباتی ساڵی ١٩١٧دا کاتێک حکومەتەکەی کرینسکی قەیسەری روسیایان لەدەسەڵات خست، روسیا سەرەتای دروستبونی سیستمێکی فرەحیزبیو فرەدیدو فرەئایدیۆلۆژیی بەخۆیەوە دەبینی، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لێنین ئەم ئەزموونە ساوایەی لەناوبرد. روسیای دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر کەوتە ناو دۆخێکەوە یەک پارتی کۆمۆنیستو یەک ئایدیۆلۆژیای سیاسییو یەک سیستمی هەقیقەت بەڕێوەیدەبات. سەپاندنی ئەم سیستمە یەک جەمسەرەش کارێکی ئاسانو خۆبەخۆو بێبەرگریی نەبو، بەڵکو بەناو یەکێک لەئەزمونە هەرە خوێناوییو هەرە ترسناکەکانی سەدەی بیستەمدا تێپەڕی. لەیەکەمیان جەنگی ناوخۆدا لەنێوان ١٩١٧ تا ١٩٢٢، واتە تەنها لەماوەی نزیکەی پێنج ساڵدا، کۆمۆنیستەکانی روسیا لەنێوان ٥ تا ٩ ملیۆن قوربانییان خستەوە. هەمو ئەو تاوانو بێدەنگکردنو راونانو کوشتنەش بەناوی دروستکردنی دونیایەکی تازەو پاکژو پێرفێکتەوە ئەنجامئەدرا.
پرسیاری سەرەکیی دوای شۆڕش
پرسیاری ژمارە یەکی هەمو شۆڕشێک ئەوەیە چۆن رێگەبگریت لەوەی شۆڕشگێڕەکان سیستمێکی دیکتاتۆرییو خوێناوی دروستبکەن، چۆن نەهێڵیت شۆڕش ببێت بەئامرازێک بۆ دروستبوونی دیکتاتۆریەت، چۆن رێگە بگیرێت لەوەی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ ببن بەپیاوکوژو جەردەکانی ئەمڕۆ. ئەوەی لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە رویدا، ئەوەی سەرەتا لینینزمو دواتر ستالینیزم ئەنجامیاندا، رێگەنەگرتن بوو لەو ئەگەرە وێرانکەرانەی لەناو هەناوی شۆڕشەکاندا ئامادەن. لەڕووی فیکرییەوە زۆر هۆکار بۆ ئەم گۆڕانکارییە وێرانکەرە باسکراوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لەسەری بوەستم خودی لینینیزمە، بەتایبەتی تیورەی ”پارتی پێشڕەو“و وێناکردنی پارتی سیاسیی وەک ”ڕۆشنبیر“ یان وەک ”ڕۆشنبیرێکی دەستەجەمعیی“. بەبۆچوونی من ئەم تیورە سیاسییەو ئەو وێناکردنەی رۆڵی حیزب یەکێک لەبناغە بەهێزەکانی دروستکردنو بەهێزبوونی ئەو شێوازە مۆدێرنو ترسناکەی دیکتاتۆریەت بوو کە لەڕوسیادا دروستبو.