یه‌كه‌مین وتاری مام جه‌لال له شۆڕشی نوێ‌دا
مام جه‌لال له كۆتاییه‌كانی مانگی ته‌ممووزی ساڵی 1977 به یه‌كجاریی بۆ كوردستان گه‌ڕایه‌وه و راسته‌وخۆ و له نزیكه‌وه سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی نوێی كرد. له سێ سنووری عیراق – توركیا – ئێران داخیلی كوردستان بۆوه‌و سه‌ره‌تا له ناوچه‌ی برادۆست باره‌گایه‌كی كاتیی دانا، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری سه‌ركرده‌كانی تری شۆڕش و سه‌دان پێشمه‌رگه له پێشوازیی مام جه‌لال دا بوون.
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی 1977 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی و پێشمه‌رگه‌یی سازكرا، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتارێكی وردی پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد، هه‌ر له‌و ساڵه و دوای ماوه‌یه‌ك كۆمیته‌ی لقی ئه‌وروپای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وتاره‌كه‌یان له‌به‌ر كاسێتدا نووسیووه و پاشان تایپیان كرد‌و چه‌ند دانه‌یه‌كیان له‌به‌ر گرته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار بۆ چه‌ند كه‌سێكیان نارد.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌قی وتاری ناوبراوه، شیكاریی ورد بۆ قسه‌كان ناكه‌م، ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم بریتییه له نه‌خشه‌ڕێگای شۆڕشی نوێ و ئاماژه‌ی به چه‌ندان بابه‌ت داوه، كه پێویستیان به لێكدانه‌وه و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كردنه و واپێویست ده‌كات به‌راورد بكرێن به رووداوه‌كانی دوای وتاره‌كه تا به بارودۆخی ئه‌مڕۆی كورد‌و كورده‌واریی ده‌گات.
كۆمیته‌ی لقی ئه‌وروپای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشهكییهكیان بۆ وتاره‌كه نووسیوه ئه‌مه ده‌قی پێشهكییهكهیه:
«له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌ڤاڵی تردا كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون بۆ كوردستان، هه‌ر له پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستیكرد به جهولهكردن به‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كاندا و دوان و لێكۆڵینه‌وه له گیروگرفته‌كان، روون كردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و مه‌سائیله مولیحانهی كه له‌به‌رده‌م شۆڕشی تازه‌ی ئه‌م جاره‌ماندا خۆیان قووت كردۆته‌وه‌و قووت ئه‌كاته‌وه وه له‌یه‌كێ له‌و دانیشتنانه‌دا كه زۆربه‌ی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و سه‌ركرده‌كانی شۆڕش تیایا به‌شداربوون، له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی 1977 وه تا راده‌یه‌ك ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌و هه‌ڤاڵه پێشكه‌وتووانه له زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كانی كوردستانه‌وه هاتبوون.
وه له‌و دانیشتنه‌دا هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌به‌ر رۆشنایی باری ئێستای كوردستان‌و شۆڕش و ئامانجه‌كانی شۆڕشه تازه‌كه‌مان هه‌لومه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتنی و درێژه‌دان و به‌رده‌وامی به خه‌باتی شۆڕش گێڕانه و ته‌قدیر كردنی تێكۆشان و جهودی هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه پاڵه‌وانانه و هه‌ڤاڵانه كه له ناوه‌وه‌ی وڵات خه‌باتی سه‌ختی خوێناوی خۆیان په‌ره پێداوه به‌ره‌نگاری فاشیسته‌كانی به‌غداد بوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ناسینی دۆست‌و دوژمن و گرتنی هێڵی سیاسیی راست، پشت به‌ستن به هێزی له‌بن نه‌هاتووی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشی كوردستان و ده‌ست نیشان كردنی مه‌رجه‌كانی شۆڕش و دانانی نه‌خشه‌ی گونجاو و له‌بار بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی شۆڕش و كه‌م كردنه‌وه‌ی كهموكوڕیو هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه بۆ په‌یداكردنی پێداویستییه‌كانی شۆڕش، چۆنێتی پووچ كردنه‌وه‌ی پیلانه‌كانی دوژمن، دیاریكردنی ناكۆكیی سه‌ره‌كی و لایه‌نی سه‌ره‌كی له له ناكۆكیداو له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌لانه به دوور‌و درێژی دووا و به‌زمانی ساده‌ی پێشمه‌رگه و جه‌ماوه‌ر، وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه وته‌كه‌ی باسی ئه‌و مه‌سائیله مولیحانه ئه‌كات له خه‌باتی ئه‌مڕۆماندا، وه‌ك رووداوێكی مێژوویی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی شۆڕش له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وا فراواندا له‌م باره ناسكه‌و ئاڵۆزه پڕ مه‌ترسییه‌دا له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه دلێرهكاندا به سه‌راحه‌ت ئه‌دوێت.
بۆیه به‌و ئیمكانیه‌ته كه‌مه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به بایه‌خی وته‌كه توانیویانه كه ئه‌و وته‌یه ته‌سجیل بكه‌ن.. هه‌رچه‌نده به‌شێوه‌یه‌كی پچڕ پچڕ‌و كه‌موكوڕیی زۆری تێدا بووه، سه‌باره‌ت به ئاو‌و هه‌واو باری سه‌ربازیی شوێنه‌كه و نه‌بوونی ئیمكانات، كۆمیته‌ی لقی ئه‌وروپاش به‌پێویستی زانی ده‌قی ئه‌و وتاره كه به زمانی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ره وه بۆ ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان وتراوه، چاپی بكه‌ن، به‌و هیوایه‌ی كه هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیمان سوودی لێ وه‌ربگرن».
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی مام جه‌لال-ه:
برایانی خۆشه‌ویست.. به‌ناوی خۆم و هه‌موو ئه‌و برایانه‌ی كه شه‌ره‌فی شادبوون به دیداری ئێوه‌و خاكی پیرۆزی نیشتمانمان وه‌رگرت، زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه و وه سوپاسی هه‌ڤاڵ د. خالد ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و وته‌یه‌ی كه پێشكه‌شی كرد به‌و بۆنه‌یه‌وه.
هه‌ڤاڵان، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه بۆ ریزه‌كانی ئێوه، ده‌بوایه زووتر رووی دابا، به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ند هۆیه‌ك رێگری ئه‌وه بوو كه ویسته‌كانی ئێمه‌ش و ئێوه‌ش زووتر بێته‌دی كه هه‌موومان پێكه‌وه له ریزی شۆڕشی تازه‌ماندا خه‌بات بكه‌ین له پێناوی ئامانجه‌كانی دیاری كراوی شۆڕشه‌كه‌مان كه له‌پێشه‌وه دیموكراتییه بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه‌یه بۆ كوردستانی عیراق.
هه‌ڤاڵان… شۆڕشی ئه‌م جاره‌مان له كات و بارێكی یه‌كجار ناله‌بارو سه‌ختدا روویدا، كه ئێوه له‌ئێمه باشتری ده‌زانن، چونكه زیاترتان له تاڵ‌و تفتی چه‌شتووه، ئه‌و دژواری و زه‌حمه‌تییه‌ی كه هاتووه‌ته رێی ئێوه، هێشتا ئێمه نه‌مان دیووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم كه ئێمه‌ش له دووره‌وه وه‌زعی دژواری وڵاته‌كه‌مان هیچ نه‌بێ به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌زانی، وه به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی راسته‌قینه‌ی وه‌زع و رووداوه‌كانی وڵاتمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌و هه‌موو برایانی تر ده‌توانین زیاتر هاوكاریی بكه‌ین له دانانی رێبازێكی راست و گونجاو بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئه‌م جاره‌مان. شۆڕشی ئه‌م جاره‌مان ده‌بێ سه‌ركه‌وێ، چونكه گه‌له‌كه‌مان زۆر به زه‌حمه‌ت به‌ره‌نگاری شكستێكی تر ده‌بێ وه ئه‌گه‌ر بێت‌و دووچاری شكستێكی تر بێ، خه‌باتی میلله‌تی ئێمه، خه‌باتی خه‌ڵقی عیراق، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی دیكه به‌ره‌و پاش دهڕواتو دوا ئه‌كه‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته زۆر به‌وردی له‌و هۆیانه بكۆڵینه‌وه كه ده‌بێته هۆی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشه‌كه‌مان وه له‌و شتانه خۆمان دوور خه‌ینه‌وه كه ده‌بێته هۆی ژێركه‌وتنی یان دواكه‌وتنی ئه‌و شۆڕشه پیرۆزه‌ی كه ئێوه شه‌ڕه‌فی دهستپێكردنیتان بۆ خۆتان سه‌ندووه.
ده‌بێ دروشممان سه‌ركه‌وتن یان مردن بێت
شۆڕشی ئه‌م جاره‌مان له‌دوای شكانی شۆڕشێكی (14-15) ساڵی كوردستان هه‌ڵگیرسایه‌وه، له‌به‌رئه‌وه گه‌نجینه‌یه‌ك له ده‌رس و ته‌جروبه‌و عیبره‌تمان هه‌یه، كه ده‌بێ كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرین، وه جارێكی تر هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووپات نه‌كه‌ینه‌وه وه ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌بێته هۆی سه‌ركه‌وتن به دوایدا بگه‌ڕێین، په‌یدایان بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌مان سه‌ركه‌وێ. ئه‌م جار ده‌بێ دروشم مان (سه‌ركه‌وتن یان مردن) بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویسته مردنهكهشمان له جێی خۆی بێ، بۆیه گرتنی رێبازێكی راست‌و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كانی زاده‌ی سه‌ركه‌وتنمانه.
شۆرش به‌ڕاستی هه‌ر ئه‌وه نییه مرۆڤ ده‌ست بداته چه‌ك و مل بداته كێوهكانو ده‌ست بكات به ته‌قوتۆق كردن، ئه‌وه لایه‌كی رواڵه‌تی شۆڕشه، لای ده‌ره‌وه‌یه‌تی، ئه‌وه لا میكانیكییه‌كه‌ی شۆڕشه، كاكڵ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی شۆڕش له‌واقیعدا سیاسییه، شۆڕش خه‌باتی سیاسیی چه‌كداره خه‌باتێكی سیاسییه‌و چه‌كی به‌ده‌سته‌وه گرتووه، به‌جۆرێكی تر شۆڕش خه‌بات كردنه به‌جۆرێكی توندوتیژو شۆڕشگێڕانه له پێناوی هێنانه‌دیی ئامانجه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان كه شۆڕشه‌كه‌ی تێدا ده‌كرێ.
ئێمه به‌ته‌جروبه‌ی 15 ساڵ شۆڕشی كوردستانی عیراق بۆمان ده‌ركه‌وتووه، كه لهزروفی ئێستاماندا ئامانجی میلله‌ته‌كه‌مان له دیموكراتییه‌تی راسته‌قینه خۆی ده‌نوێنێ كه بۆ هه‌موو سه‌رانسه‌ری خه‌ڵكی عیراق بێته دی، وه حوكمێكی زاتی راسته‌قینه‌ش كه بۆ كوردستانی عیراق بێته دی، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئێمه دروشمی جیابوونه‌وه‌مان له عیراق هه‌ڵنه‌گرتووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی حوكمی زاتییه‌كه‌ی ئێمه له‌هه‌موو خاڵێكدا به‌شێك ده‌بێ له حكومه‌ته مه‌ركه‌زییه‌كه‌ی به‌غداد، له رووی گیانی ئابوورییه‌وه، له رووی گیانی كشتوكاڵه‌وه، له رووی گیانی قانونییه‌وه، له رووی گیانی زانستییه‌وه، له رووی گیانی مه‌حكه‌مه و گومرگ و هه‌موو روویه‌كی تره‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌كه، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و حوكمی زاتییه كه ئێمه خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین، به جۆرێك نه‌بێ كه ماوه‌ی گه‌شه‌كردن و به‌كارهێنانی ئه‌و حوكمه زاتییه بدا له بۆ خاتری میلله‌تی ئێمه و به پێی ده‌ستكه‌وته‌كانی میلله‌تی ئێمه، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر حوكمی زاتییهكهشمان بدرێتێ، به‌شێوه‌یه‌كی ناوهڕۆك پوچه‌ڵ و ناته‌واوو نادرست ده‌بێ، بۆیه ئێمه كه داوای دیموكراتی بۆ عیراق ده‌كه‌ین، له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه بۆ خۆشیمانه، بۆ میلله‌تی كوردیشه كه ئه‌و سهربهستیو ئازادییهدیموكراتییانهی پێی بدرێت كه تیایدا بتوانێ به‌سه‌ربه‌ستی بیروڕاو هێزو توانای خۆی رێكخات و رێكبخات و بیخاته جۆش‌و خرۆش له‌پێناوی ئامانجه‌كانی خۆیدا.
له‌هه‌مان كاتدا دیموكراسی مه‌رجی ژیان و گه‌شه‌پێدانی ئۆتۆنۆمییه، دیموكراسی ئه‌و ئاوه‌یه كه ماسییه‌كه‌ی حوكمی زاتی تێیدا ده‌ژی، هه‌روه‌كو ماسی ئه‌گه‌ر له‌ناو ئاودا ده‌ری بهێنیت، ده‌مرێ. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئۆتۆنۆمی له دیموكراسی جیابكرێته‌وه، پووچه‌ڵ دهبێتو ده‌مرێت. بۆیه هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان شتیشه، به‌چاوی خۆشمان دیتمان، كه رژێمه فاشیسته‌كه‌ی به‌غدا له به‌غداو له‌سه‌رانسه‌ری عیراق حوكمێكی دیكتاتۆری و شۆڤێنی‌و دوژمن به‌گه‌ل ده‌بات به‌ڕێوه، ئه‌و حوكمه زاتیۆكهی كه ده‌ڵێ داومه به كورد‌و شتێكی زۆره، حوكمێكی زاتی پوچه‌ڵه بێ مانا‌و بێ تام بوو.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رژێمه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رژێمه‌ی ئێستا بایه، ئه‌گه‌ر حوكمێكی دیموكراتیی راسته‌قینه له‌عیراق هه‌بایه، بێگومان ئه‌و حوكمه زاتییه‌ی له لێی وه‌رده‌گیرا، باشتر‌و رێكوپێكتر ده‌بوو، هه‌روه‌ك ئه‌و جۆره شتانه‌ی كه حوكمی دیكتاتۆریی رژێمی عیراق دژی میلله‌تی كورد دهیكان، ئه‌وسا نه‌ده‌كرا. مه‌سه‌له‌ی راگواستنی به‌كۆمه‌ڵی جه‌ماوه‌ری میلله‌تی كورد له خانه‌قین و مه‌نده‌لی و كه‌ركوك و عه‌ینزاله‌و ده‌شتی سلیڤان و شه‌نگار و شێخان و ته‌له‌عفه‌رو زۆر شوێنی تر، ئه‌و شتانه رووی نه‌ده‌دا لهرژێمێكی دیموكراتیدا، خه‌ڵك راگواستن به‌كۆمه‌ڵ، خه‌ڵك ئیعدامكردن به‌بێ محاكه‌مه، خه‌ڵك كوشتن له‌ژێر جه‌زره‌به‌دا، تاڵانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان، راماڵینی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه له سه‌رانسه‌ری سنووری عیراق و ئێران و عیراق و توركیا ده‌ژین، سووتاندنی دێهاته‌كانمان، ئه‌و شتانه له رژێمێكی دیموكراتیدا مومكین نییه رووبدات، چونكه ره‌قابه‌و چاودێریی میلله‌ت هه‌یه و حكومه‌ت پێویستی به ده‌نگ و یارمه‌تیی میلله‌ت هه‌یه، بۆیه شۆڕشه نوێكه‌مان – دروشمه‌كه‌ی شۆڕشی كۆنی دیسان بهریاد كردۆته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی نوێ و له‌سه‌ر رێبازێكی راست ده‌ری بڕیوه‌ته‌وه كه رژێمێكی دیموكراتی بۆ عیراق و حوكمێكی ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه‌بوو بۆ كوردستانی عیراق.
دیاریكردنی دۆست و دوژمن
جا ئێمه كه ئامانجه‌كه‌مان زانی، به پێی ئه‌و ئامانجه ده‌توانین رێگا‌و شوێنی خۆمان دابنێین‌و رێبازی خۆمان دیاری بكه‌ین به‌ره‌و هێنانه‌دیی ئه‌و ئامانجه‌ی كه هه‌مانه، ئه‌گه‌ر ئێمه ئامانجمان جیابوونه‌وه بووایه، به پێی ئه‌و ئامانجه دۆست‌و دوژمنی خۆمان دیاریی ده‌كرد، كه ئامانجمان وه‌كو ئێستا ئۆتۆنۆمییه بۆ كوردستان‌و دیموكراتییه بۆ عیراق، به‌و پێیه ده‌توانین بزانین چۆن رێگای خۆمان دیاری ده‌كه‌ین به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ی كه دیموكراتییه بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمیی راسته‌قینه‌یه بۆ كوردستانی عیراق.
به‌پێی ئامانج، دۆست‌و دوژمن دیاری ده‌كرێت، تۆ دژی كێیت و دۆستت كێیه؟ كێ دوژمنتهو كێ لایهنگرته؟ كه ئامانجه‌كه‌مان دیموكراتی بوو بۆ عیراق، هه‌موو گه‌لی عیراق كه دیموكراتی ده‌وێت، هه‌موو ئه‌و هێزو پارت‌و تاقم‌و كۆمه‌ڵانه‌ی كه له‌عیراقدا دژی دیكتاتۆرییه‌ت خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ دیموكراتی، ده‌بن به دۆست بۆ ئێمه، وه كه ئامانجمان ئۆتۆنۆمی بوو بۆ كوردستان، هه‌موو ئه‌و كورد په‌روه‌ره راسته‌قینانه‌ی كه میلله‌تی خۆیان خۆشدهوێتو ده‌یانه‌وێ ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان وه‌ربگرن، ده‌بن به هاوخهباتو هاوڕێی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی ئێمه، ئه‌گه‌ر ئامانجمان شتێكی تر بێت، به‌و پێیه دۆست و دوژمنه‌كانمان ده‌گۆڕێت. ناسینی دۆست و دوژمن له‌شۆڕشدا شتێكی یه‌كجار گرنگه و مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تییه بۆ سه‌ركه‌وتن.
چه‌ك و ئینسان كامیان یه‌كتریی به‌كارده‌هێنن؟
گه‌لێ كه‌س وا تێنه‌گا شه‌ڕ به چهكو به فیشه‌ك و به پاره ده‌برێته‌وه، هیچ شه‌ڕێك له دنیادا به‌وه نابرێته‌وه به‌تایبه‌تی شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه، شه‌ڕی پێشمه‌رگانه، شه‌ڕی گه‌ل، شه‌ڕی گه‌ل به‌گه‌ل ده‌برێته‌وه، ئینسان له چه‌ك به‌تواناتره، ئینسان چه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئینسان چه‌ك به‌كارده‌هێنێ، ئینسانه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌توانێ چه‌ك به چ جۆرێك بیه‌وێت به‌كاری ببێنێ، چه‌ك نییه ئینسانه‌كه به‌كاربێنی، چه‌ك زاڵ نابێت به‌سه‌ر ئینساندا، ئینسانه زاڵه به‌سه‌ر چه‌كدا، خۆتان ته‌جروبه‌تان هه‌یه، پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی ئێمه چه‌كی زۆر ساكاریان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، به كه‌چه تفه‌نگێك راوه‌ستان دژی دوژمن، كه به‌ڕێی راستا رۆیشت‌و خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌یان كرد، زۆر چاك توانیان به‌ره‌نگاری چه‌كی دوژمن ببن كه زۆر گه‌وره بوو كه تۆپ و ته‌یاره‌و تانك‌و چه‌كی كوشنده‌ی هه‌بوو، زۆر جار له دنیا روویداوه هه‌میشه هه‌روا بووه له‌شۆڕشه‌كانی هه‌موو دنیا، حكومه‌تێك كه شۆڕشی له‌سه‌ر كراوه، چهكدارترو پڕ چه‌كتر بووه، چه‌كی گه‌وره‌و قورسی هه‌بووه، پاره‌ی زۆرتری هه‌بووه، هه‌موو سهروهتو سامانی میلله‌تی له‌ده‌ست بووه‌و شۆڕشگێڕه‌كان هیچیان نه‌بووه، رووت هاتوونه‌ته مه‌یدان، ته‌نها بیروباوه‌ڕێكی نه‌گۆڕیان هه‌بووه به‌هێزی له‌بن نه‌هاتووی میلله‌ت و توانیویانه ئه هێزه بخه‌نه گه‌ڕو بیهێننه جۆش‌و خرۆش و به‌كاری بهێنن به‌ڕێگایه‌كی راست‌و پلانێكی راست‌و رێبازێكی راستداو تیایدا سه‌رده‌كه‌ون.
هه‌میشه حكومه‌ت به‌هێزه‌و شۆڕش لاواز، به‌ڵام.. هه‌ر شۆڕشێك له دنیادا ته‌ماشا ده‌كه‌یت له‌سه‌ره‌تادا زۆر زۆر بێ هێزتره له‌و رژێمه‌ی كه شۆڕشی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌دواییدا ورده ورده هێزی ئه‌و شۆڕشه ئه‌گه‌ر رێبازێكی راستی هه‌بێت پته‌وتر دهبێو به‌ره‌و پێشه‌وه دهڕواتو دوژمنیش به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت و پاشه‌كشێ ده‌كات.
هه‌میشه دوژمن له‌سه‌ره‌تادا به‌هێزتره، ئێستا ئێمه‌ش واین، دوژمنی ئێمه گه‌لێك له‌ئێمه ئههێزتره، دوژمنی ئێمه تۆپی هه‌یه، ته‌یاره‌ی هه‌یه، ده‌بابه‌ی هه‌یه، ساروخی هه‌یه، نوێترین چه‌كی هه‌یه‌و پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه له‌مشه لهبهردهستێتیو سه‌رفی ده‌كا، پاره‌ی نه‌وتی ئێمه، نه‌وتی عیراق، كه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار ناڕاست و به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌پێچه‌وانه‌ی ویست‌و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عیراق به‌كارده‌هێنرێ، كه‌چی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه رێگای راست بگرین، سه‌رده‌كه‌وین، چونكه سه‌ركه‌وتن له‌شۆڕشدا بهچهكو به‌پاره‌و به تۆپ‌و ته‌یاره نییه، ئینسانه كه شه‌ڕ ده‌باته‌وه‌و ئینسانیشه كه شه‌ڕ ده‌دۆڕێنێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئینسانه چاك هێنرایه جۆش‌و خرۆش، چاك پێگه‌یشت، چاك رابه‌ریی كرا، چاك رێبازی راسته‌قینه‌ی خۆی دۆزییه‌وه، ئه‌و ئینسانه سه‌رده‌كه‌وێ، ئه‌گه‌ر ئینسان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بوو، ئه‌وا ژێر ده‌كه‌وێ. له‌دونیادا چه‌سپاوه وه ته‌جروبه‌ی چه‌ندین میلله‌تان ده‌ریخستووه كه میلله‌تێكی بچووك و به‌توانای كه‌مه‌وه، بهههژارییهوه وه به‌بێ چهكییهوه ده‌توانێ ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی په‌لامارده‌ری زۆردار بشكێنێ یان ناچاری بكات كه بشكێت؟
جهزائیرو ڤێتنام به‌نموونه
سه‌باره‌ت به خه‌باتی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌رچه‌نده ئه‌و ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌یه پاره‌و چهكو تۆپ‌و ته‌یاره‌و شتی زۆری هه‌بێ، نموونه‌ی جهزائیرو فه‌ره‌نسا زۆری تر، شۆڕشی جه‌زائیر به‌گوێره‌ی حكومه‌تی فه‌ره‌نسا چكۆڵهو دواكه‌وتوو تره، یه‌ك ملیۆن فه‌ره‌نسی هه‌ر له جه‌زائیر دهژیانو جه‌یشێكی (600 – 700) هه‌زاری فه‌ره‌نسی له جه‌زائیر شه‌ڕی ده‌كرد، به‌ڵام له‌كۆتاییدا جه‌زائیرییه‌كان وایان كرد فه‌ره‌نسایان ناچاركرد كه بكشێنه‌وه‌و له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا بشكێن، هه‌ڵبه‌ته به‌وه نه‌بوو كه جه‌یشی فه‌ره‌نسی له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا بشكێن، به‌ڵكو به‌وه بوو كه بیپسێنن، وای ماندوو بكه‌ن، حكومه‌تی فه‌ره‌نسی له لێكدانهوهیدا له به‌ینی مانه‌وه‌و ده‌رچوون له جه‌زائیر قازانجی خۆی لهدهرچووندا بینی، هه‌روه‌ها شه‌ڕی میلله‌ته قاره‌مانه‌كانی ڤێتنام‌و لاووسو كه‌مبۆدیا دژی گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی دنیا دژی ئیمپریالیزمی ئه‌مریكا كه خاوه‌نی چاكترینو نوێترین چه‌كی دونیایه، پاره‌ی له‌بن نه‌هاتووی هه‌یه، ساڵێ ده‌یتوانی ئه‌مریكا له ڤێتنام 20 هه‌زار ملیۆن دۆلار سه‌رف بكا، وه ئه‌مریكا نوێترین جۆر چه‌كی به‌كارده‌هێنا، كه هێشتا هیچ ده‌وڵه‌تێك هه‌ر نه‌یبیستبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی ڤێتنام و لاووسو كه‌مبۆدیا، حكومه‌تی ئه‌مریكایان ناچاركرد كه نه‌ك له‌ڕێی ئه‌وه‌ی جه‌یشی ئه‌مریكی له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا بشكێنو ده‌ریپه‌ڕێنن، به‌ڵكو له ئه‌نجامدا وای ماندوو بكه‌ن، وه وای بپسێنن وه تهنگو چه‌ڵه‌مه‌یه‌كی وای بۆ دروست بكه‌ن كه حكومه‌تی ئه‌مریكی بیر له‌وه بكاته‌وه كه مانه‌وه‌ی چه‌ند ده‌كه‌وێ له‌سه‌ری و ده‌رچوونی چه‌ند قازانجی هه‌یه، نه‌تیجه وای لێهات ناچاربوو دهربچێتو رابكات، وه میلله‌تان بهئازادیو یه‌كێتیی نیشتمانیی خۆیان گه‌یشتن.
خه‌باتی ئێمه‌و تێكۆشه‌رانی عیراق
ئێمه‌ش له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بێت هه‌مان رێگا بگرین، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزی دوژمن له‌ئێمه به‌هێزترو گه‌وره‌تره، ئێمه ناتوانین دوژمن بشكێنین له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا، ئێمه ده‌توانین دوژمن بپسێنین، ئێمه ناتوانین ئه‌و جۆره چهكو ئه‌و ژماره هێزه‌مان هه‌بێت، كه بتوانین له‌شكری رژێمی فاشیستی عیراق له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا پووچ بكه‌ین و بیپسێنینو ده‌ری په‌ڕێنین و ئه‌سیری بكه‌ین‌و بچینه به‌غدا، ئێمه ده‌توانین ماندووی كه‌ین وه بیپسێنین و وای لێبكه‌ین كه نه‌توانێت درێژه بدات به‌شه‌ڕ، له‌هه‌مان كاتدا چونكه ئێمه ده‌مانه‌وێ حوكمی زاتی وه‌ربگرین، له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیی عیراقدا، وه ئه‌و ماندووكردنو پساندنهی له‌شكرو حوكمی فاشیی عیراق ده‌بێته هۆی زیاتر لهباربوونو ئاسان كردنی شه‌رته‌كانی سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی گه‌لی عیراقیش كه برا عهرهبهكانیشمان له‌شوێنه‌كانی عیراق دژی رژێمی عیراق خه‌بات ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رته‌كانی سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی ئه‌وانیش پێ بگا‌و راپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه له‌به‌غداو له‌سه‌رانسه‌ری شاره‌كانی تری عیراق رووبداو رژێمی دیكتاتۆریی فاشیی عیراق سه‌رنگون بكرێت.
گرێدانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مجاره ئێمه شۆڕشی خۆمان به‌دوو جار ده‌ده‌ینه قه‌ڵه‌م، پارچه‌ی یه‌كه‌م شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی شۆڕشگێڕانی كوردستانه یان شه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌یه له‌كوردستانی عیراقدا كه ئێمه‌و برا عهرهبهكانیشمان له‌گه‌ڵماندا به‌شدار ئه‌بن و ئێستا چه‌ند برای عه‌ره‌ب هه‌یه كه له‌گه‌ڵماندا به‌شداریی شۆڕش ده‌كه‌ن.
به‌شی دووه‌م گرێدانی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌له‌كه‌مان‌و شۆڕشهكهمانه به‌خه‌باتی هه‌موو هێزه شۆڕشگێڕ‌و هێزه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی گه‌لی عه‌ره‌بی عیراقه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئێمه هاوپه‌یمانن و خه‌بات ده‌كه‌ن كه له‌شاره‌كانی تری خوارووی عیراقدا له‌شاره عه‌ره‌به‌كاندا دژی حكومه‌تی فاشیستی كه ئێستا له‌سه‌ر حوكمه‌و ئه‌و خه‌باته پێكه‌وه گرێدراوه هی ئێمه كاری ئه‌وان ئاسان دهكاو هی ئه‌وانیش كاری ئێمه ئاسان ده‌كا، هی ئێمه ئه‌و شه‌رتانه‌ی پێویسته كه پێویسته بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌وانی ده‌هێنێته‌دی، هی ئه‌وانیش پشتیوانییه له خه‌باتی ئێمه‌و تهنگو چه‌ڵه‌مه دروستكردنه بۆ حكومهتو سهرلێشێوانیهتی وه به دوورخستنه‌وه‌ی ئیشهكانیهتی. ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت ئێوه به‌شی زۆرتان پێشمه‌رگه‌ی كۆنن، جارێكی تر شه‌ڕێكی تر جیاواز بوو له شه‌ڕی جاره‌كانی پێشوو كه جه‌یشی عیراق له‌گه‌ڵ میلله‌تی كوردی ده‌یكرد، زۆر به‌ئازایانه‌و گه‌رموگوڕ جه‌یشی عیراق شه‌ڕی ده‌كرد، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی جه‌یشی عیراق پفدرابوو، په‌مپ كرابوو به كۆمه‌ڵێك درۆ‌و ده‌له‌سه یان هه‌ندێك شتی راست دژی شۆڕشی كوردستان بۆی ته‌حلیل كرابوو كه شۆڕشی كوردستان گرێدراوی ئێرانه‌و گرێدراوی ئیمپریالیزمه، دژی عه‌ره‌به‌و له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌ره‌ب په‌یوه‌ندیی نییه‌و جه‌یشی عیراق ده‌چێت وڵات و یه‌كێتی وڵات ده‌پارێزێ، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌م جاره ئه‌و چه‌كه ئه‌و په‌مپه له ده‌ستی حكومه‌تی عیراق ده‌ربهێنین وه نه‌توانێ له‌شكری خۆی پێ په‌مپ بكات كه شۆڕشی كوردستان دژی عه‌ره‌به، شۆڕشی ئێمه دژی عه‌ره‌ب نییه، شۆڕشی ئێمه هاوخه‌باته له‌گه‌ڵ خه‌باتی برا تێكۆشه‌ره عه‌ره‌به‌كانمان، شۆڕشی ئێمه گرێدراوی هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه، شۆڕشی ئێمه دژ به ئیمپریالیزم‌و سههیۆنیزمو كۆنه‌په‌رستییه، شۆڕشی ئێمه هی میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه‌یه‌و سه‌رچاوه‌ی هێزو توانای خۆی، میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه ئه‌بێ وه برا عهرهبهكانیشمان له‌وه‌دا یارمه‌تیمان بده‌ن، به‌هۆی پڕوپاگه‌نده‌و دیعایهیهكی راست‌و ره‌وانه‌وه، له‌شكری عیراقیش تێبگه‌یه‌نین كه ئه‌وان له‌جێیه‌كی هه‌ڵه دژی برای خۆیان شه‌ڕ ده‌كه‌ن، ده‌بێ ورده ورده تێ‌یان بگه‌یه‌نین كه كورد برای ئه‌وانه، كورد داوای حه‌قی خۆی‌و حه‌قی میلله‌تی عیراق ده‌كات، داوای حه‌قی خۆی‌و حه‌قی كه‌سوكاری له‌شكری عیراقیش ده‌كات.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه ئه‌وان ده‌یكه‌ن له دژی میلله‌تی كورد، شه‌ڕێكی هه‌ڵه‌و ناڕه‌وایه‌و هیچ ده‌سكه‌وتی خۆیانی تێدا نییه وه له جێیه‌كی خراپ خۆیان ده‌ده‌ن به كوشت وه هه‌روه‌ها ده‌بێ له‌شكری عیراق ورده ورده به‌هۆی ئێمه‌وه وه به‌هۆی هێزه پێشكه‌وتووه عهرهبهكانیشهوه له‌و راستییه بگه‌یه‌نین كه چیاكانی كوردستان ئه‌و جێگایه نییه، كه ئه‌وان پێویسته شه‌ڕی لێ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌ركی له‌شكری هه‌ر وڵاتێك، هه‌ر حكومه‌تێك ئه‌وه‌یه كه ئه‌م له‌شكره ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌ی بپارێزێ و دژی په‌لاماردان بووه‌ستێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه خۆیان به عه‌ره‌ب ده‌زانن، وه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی عه‌ره‌بییان له ده‌رووندایه، پێویسته ئه‌وان بچن له فهلهستینو له ئوردن و له‌جۆلان بووه‌ستن و له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دوژمنی عه‌ره‌ب شه‌ڕ بكه‌ن، ئه‌وه شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه، ئێمه دوژمنی عه‌ره‌ب نین، ئێمه برای عه‌ره‌بین، تێگه‌یاندنی ئه‌و راستییانه ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌و درۆ‌و ده‌له‌سانه‌ی كه دوژمن له‌شكره‌كه‌ی خۆی دێنێته جۆش و خرۆش پێی له‌ناو ده‌با، له‌به‌رئه‌وه شه‌ڕه‌كه‌یان به جۆرێكی تر ده‌بێ له‌گه‌ڵمان.
ده‌بێ خۆمان به‌شداربین له گۆڕانی حكومه‌تی به‌غدا
ئێمه پێویسته ئه‌و راستییه بزانین كه به‌ته‌نها ناتوانین سه‌ركه‌وین، به‌ته‌نها ئه‌وه چه‌نده‌ها ساڵه خه‌بات ده‌كه‌ین‌و هه‌ر له‌م شاخانه ماینه‌وه‌و وه حكومه‌تیشمان ماندووكرد وه چه‌ندین گۆڕانیش هات له حكومه‌ته‌كانی به‌غداد، ئه‌و گۆڕینانه هیچیان به‌پێی ده‌ستكه‌وت و قازانجی گه‌لی ئێمه نه‌بوو، ره‌نگه ئه‌م حكومه‌ته بڕوات یه‌كێكی كه بێت ئه‌ویش هه‌ر شه‌ڕمان ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش ده‌ڕواو یه‌كێكی كه دێت ئه‌میش هه‌ر شه‌ڕمان ده‌كاته‌وه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته ئێمه خۆمان به‌شداربین له‌گۆڕانی حكومه‌ت له‌به‌غدا، وه له‌هێنانی حكومه‌تێك كه وا ئه‌و دیموكراتییه ئه‌دات به‌عیراق و ئه‌و حوكمه زاتییه بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان كرد، ده‌توانین سه‌ركه‌وین، ئه‌گینا له‌ناو بۆشاییه‌كدا ده‌سووڕێینه‌وه له‌ناو گێژاوێكدا ده‌سووڕێینه‌وه كه لێی ده‌رناچین.
له‌به‌رئه‌وه ئه‌م جاره ئێمه بیروڕامان وایه كه شۆڕشه‌كه‌ی ئێمه گرێدراوی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌موو عیراق بێت، بۆ رووخاندنی حكومه‌ت و هێنانی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی كه نوێنه‌ری هه‌موو هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عیراق بهكوردو عهرهبهوهی تیابێت وه له‌و رێگایه‌دا چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌و دیموكراتی مه‌سه‌له‌ی كوردیش بكه‌ین كه به ئۆتۆنۆمییه‌كی راسته‌قینه ده‌كرێت.
ئێمه هه‌ر گوتمان هێزی دوژمن ئه‌مڕۆ له ئێمه به هێزترهو وه ئێمه لاوازترین له‌ڕووی چهكو تفاقه‌وه، به‌ڵام ئه‌م نیسبه‌ته هه‌تا سه‌ر وا نامێنێ و نابێت، ئه‌و كز ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئێمه رێی راست بگرین، ئێمه زیاد ده‌كه‌ین، تابێت ئه‌و لاواز ده‌بێت، ئێمه به‌هێز ده‌بین.
خۆگرتن‌و مانه‌وه‌ی ئێمه خۆی له‌خۆیدا وه‌سیله‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ لاوازكردنی رژێمی فاشیستی عیراق. وه بۆ پساندنو ماندووكردنیان وه بۆ رووخاندنیان، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه رێی راستما گرت، خۆمان توند به‌سته‌وه به جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مانه‌وه، هه‌موو كوردێكمان وا لێ‌كرد هه‌ست بكات كه ئێمه خزمه‌تكاری ئهوینو له‌پێناوی ئه‌ودا خه‌بات ده‌كه‌ین‌و بۆ میلله‌تی ئه‌و خه‌بات ده‌كه‌ین‌و وامان كرد كه رای گشتیی عیراق له‌وه بگات كه ئێمه برای عه‌ره‌بین وه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی عیراق كه دیموكراتیی راسته‌قینه‌یه خه‌بات ده‌كه‌ین، ئه‌و وه‌خته ئه‌وانیش هه‌موو ده‌بنه دۆست‌و په‌ناو پشتیوانی ئێمه وه دوژمن له‌یه‌ك دادهبڕینو ریزه‌كانی پارچه پارچه ده‌كه‌ین و وه لاواز‌و كزی ده‌كه‌ین، تا وای لێدێت دهتهپێی و ده‌ڕووخێ.
هۆشیارییو تێگه‌یشتن به شه‌هاده‌و خوێنده‌واریی نییه
بۆیه ده‌بێ ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه به‌پێی به‌ڕه‌ی خۆمان پێمان راكێشین وه بزانین كه ئه‌و تاكتیك و شێوه‌ی شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌یه‌ی به‌كاری دێنین هه‌موو هه‌ڵهێنجراوه له‌و راستییه ستراتیجییه‌ی كه دیارمان خست، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی ستراتیجی ئێمه سیاسه‌تی گشتیی ئێمه شكاندنی هێزی رژێمی عیراق نییه، به‌ڵكو ماندووكردن و پساندنێتی، به‌و پێیه تاكتیكه‌كانی شه‌ڕه‌كانمان پلانه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌باتمان به‌جۆرێك ده‌بێت كه بهگونجێت له‌گه‌ڵ شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه شه‌ڕێكه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی شه‌ڕێكی سیاسییه، شه‌ڕێكه كه هه‌موو ئینسانێكی وشیارو تێگه‌یشتوو (وشیارو تێگه‌یشتوو مه‌خسه‌دم ئه‌وه نییه خوێنده‌وارو شه‌هاده‌ی هه‌بێت، زۆر خوێنده‌وارو شه‌هاده‌دار نا تێگه‌یشتوونه‌و وشیاریش نین، زۆر كه‌سی بێ شه‌هاده‌و نه‌خوێنده‌وار تێگه‌یشتوونه‌و وشیاریشن) تێبگات وه بزانی بۆچی ئه‌و چه‌كه به‌كاردێنێ وه بۆچی هاوبه‌شی ئه‌م شۆڕشه ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی كه له ئامانجه‌كه ده‌گه‌ین، ده‌بێ بزانین دۆست‌و دوژمنمان كێیه؟ ئێمه له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌و راستییه گه‌یشتینه مه‌رجێكی زۆر ئه‌ساسی و سه‌ره‌كییه. سه‌ركه‌وتنمان، بۆیه ئێمه كه باسی مه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتن ده‌كه‌ین، له پێش هه‌موو شتێك‌دا ده‌بێ بزانین كه شۆڕشه‌كه‌مان خه‌باتێكی سیاسیی چه‌كداریی گه‌له‌كه‌مانه، تاقمێكی له‌خۆبوردوی فیداكار كه شه‌ره‌فی پێشمه‌رگایه‌تییان هه‌یه‌و خۆیان ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌شێوه‌ی شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه كه باش ده‌زانن ستراتیجی عه‌سكه‌ری شه‌ڕه‌كه‌یان شكاندنی هێزی دوژمن نیه به‌ڵكو پساندنیهتی وه ده‌زانن له‌رووی سیاسیه‌وه خۆگرێدانو خۆبه‌ستنه‌وه به جه‌ماهیری گه‌له‌كه‌مانه‌وه شه‌رتی ئه‌ساسی سهركهوتنو ژیان‌و هانی پێشمه‌رگه‌یه. ئینجا دوای ئه‌وه دۆست‌و دوژمنی خۆمان ده‌بێ بناسین، دوژمنی هه‌ره ئاشكرا‌و دیاری ئێمه ئه‌مڕۆ حوكمی فاشیستی به‌غداد، ئه‌و حوكمه دوژمنی راسته‌وخۆی ئێمه‌یه دو‌ژمنێك كه به‌ره‌نگارمان ده‌بێت ده‌سته‌و یه‌خه ده‌مان گرێ‌و دێ به گژماندا ده‌یه‌وێ بمان كوژێو بمان خنكێنێ ئێمه‌ش دێین به‌گژیا به‌ڵام له‌پشت ئه‌و دوژمنهشهوه دوژمنی كه هه‌یه، ئێمه هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ هه‌موو خهباتو تێكۆشانی خۆمان دژی ئه‌م دوژمنه ته‌رخان ده‌كه‌ین به‌ڵام ده‌بێ له‌بیرمان نه‌چێ له‌دوا رۆژدا تووشی دوژمنی دیكه‌ش ده‌بین به‌ڵام ئه‌مرۆ ده‌بێ ئێمه هه‌موو ئه‌و چین‌و هێزه شۆڕشگێرو پێشكه‌وتنخوازانه‌ی كه ده‌یانه‌وێ دژی ئه‌و حكومه‌ته بجه‌نگین كۆیان كه‌ینه‌وه یه‌كیان خهینو رێكیان خه‌ین بیكه‌ین به گژ ئه‌و دوژمنه‌دا.
په‌یوه‌ندیی گهلو پێشمه‌رگه، په‌یوه‌ندیی ماسی‌و ئاوه‌كه‌یه
ناسینی دۆست‌و دوژمن شه‌رتێكی ئه‌ساسیه دوژمنه‌كه‌مان كه حكومه‌تی فاشستی عیراق هه‌ر خۆی ته‌نها نیه هێزه ئیمپریالیستهكانو كۆنه‌په‌رستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌شی له‌پشته ئه‌و حكومه‌ته نوێنه‌ری هێزه ئیمپریالیستهكانیشه كه عیراق ده‌چه‌وسێننه‌وه‌و له سامان‌و سه‌روه‌تی ده‌خۆن ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستانه كه پشتی ئه‌م حكومه‌ته ده‌گرن ئه‌وانیش دوژمنی ئێمه‌ن، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه ئه‌و دوژمنانه‌مان هه‌یه هه‌میشه ته‌ڵه‌و داومان بۆ ده‌نێنه‌وه ئه‌و ئه‌وه‌ی پێوه‌ی بین‌و پابه‌ندمان كه‌ن به پلانهكانو نه‌خشه‌كانی خۆیانه‌وه به پاشكۆی خۆیانه‌وه گرێمان دهنو نه‌هێڵن خه‌باته‌كه‌مان به رێگایه‌كی راستدا بڕوا.
هێزی میلله‌تی ئێمه سه‌رچاوه‌ی ژیان‌و مانی پێشمه‌رگه‌یه، پێشمه‌رگه كه تێكۆشه‌ری شۆڕشگێری چه‌كدار بێ له پێناوی گه‌لدا سه‌رچاوه‌ی گه‌ل ده‌بێت. په‌یوه‌ندی به‌ینی پێشمه‌رگه‌و میلله‌ت وه‌كو په‌یوه‌ندی به‌ینی ماسی‌و ئاو وایه ئه‌گه‌ر ماسی له ئاو ده‌رهات ده‌مرێ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه له میلله‌ت دابڕا ده‌مرێ، هه‌رچه‌نده به ژماره زۆر بێ، هه‌رچه‌نده چه‌كی زۆربێ، ئه‌گه‌ر پشتیوانی و یارمه‌تی میلله‌تی له‌گه‌ڵ نه‌بێت سه‌رناكه‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته چاك ئاگاداری كردار‌و ره‌فتاری خۆمان بین له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، پێویسته هه‌میشه نه‌ك وه‌كو ئاغای نوێ، به‌گی تازه به‌سه‌ر میلله‌تدا بخورێنو ره‌فتار بكه‌ین، پێویسته وه‌كو خزمه‌تكاری دڵسۆز‌و وشیاری ئه‌و خه‌ڵكه ره‌فتار بكه‌ین ده‌بێ وا له‌هه‌موو كه‌سێك بكه‌ین له میلله‌ته‌كه‌ماندا كه تێبگات به‌راستی ئێمه خزمه‌تكاری ئه‌وین بۆ ئه‌و خه‌بات ده‌كه‌ین وه له پێناوی ئه‌ودا خۆمان به‌خت ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌و راستهیهمان له خه‌ڵك گه‌یاند ئه‌و وه‌خته خه‌ڵك ئێمه‌ی خۆش ده‌وێ یارمه‌تیمان ئه‌دا به‌هه‌موو جۆرێك وه ئه‌بێ ئه‌و راستیه‌مان له‌بیر نه‌چێت كه‌وا ئێمه كوڕی ئه‌و میلله‌ته‌ین وه ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌وا شه‌هید ده‌بن رۆڵه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ن وه ئه‌وانه‌ی كه‌وا دێنه‌وه جێگاشیان وهجێی ئه‌وانیش پڕ ده‌كه‌نه‌وه كوڕی ئه‌و میللهتهنو ئیشه‌كه‌ی ئێمه‌ش هه‌ر له پێناوی ئه‌مه میلله‌ته‌یه، هه‌میشه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه پێویسته شیعارهكهی خۆی له‌بیر بێ، بۆچی خه‌بات ده‌كا ئایا ئێمه چه‌ته‌ین خه‌ڵك رووت ده‌كه‌ینه‌وه؟ ئایا ئێمه زه‌وی گوندمان ده‌وێ بۆ خۆمان داگیری كه‌ین؟ ئایا ئێمه ده‌مانه‌وێ رێگای تیجاره‌ت بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه، ئایا ئێمه كه‌سابه‌ت ده‌كه‌ین یا ئێمه شۆڕش ده‌كه‌ین؟ شۆڕش كه زانیمان چییه كه زانیمان دروشمه‌كه‌مان دیموكراتی بۆ عێراق‌و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراقه هه‌موو ره‌فتاره‌كانمان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه بگونجێ.
خه‌باتی ئێمه درێژخایه‌ن ده‌بێت
مادام یه‌كێك هاتوه گیانی خۆی به‌خت دهكاو ئه‌وه ئه‌وپه‌ری فیداكاری‌و له‌خۆبوردنه مادام ئێمه ئامانجمان هێنانه‌دی دیموكراتی بۆ عێراق‌و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانه وه خۆمان به‌خت ده‌كه‌ین له‌پێناوی ئه‌وه‌دا له‌به‌رئه‌وه پێویسته ره‌فتارو كردارمان له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه بگونجێ له‌گه‌ڵ ئه‌و فیداركاریهی كه ده‌یكه‌ی وه كرداره‌كانت وا نه‌بێ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانج‌و ئه‌و خۆبه‌خت كردنه بێت كه تۆ له پێناویدا ده‌یكه‌ی، ئه‌وه نوخته‌یه‌كی زۆر زۆر گرنگه چونكه ئێمه ئه‌و راستیه بزانین كه خه‌باتی ئێمه درێژخایه‌نه مانای ئه‌وه‌یه ئێمه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ورگی ئه‌م میللهتهمانهوه دهبینو هاتوچۆی به‌سه‌ر ده‌كه‌ین وه ده‌بێته هۆی سوتانی ماڵ‌و دێهاتو به‌تاڵان بردنی ماڵات‌و حهیوانو مێگه‌ڵ و گاوانیشی ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین میلله‌ته‌كه‌مان چاك تێ بكات ئێمه بۆ خزمه‌تی ئه‌و هاتووین له پێناوی ئه‌ودا خه‌بات ده‌كه‌ین گیانی خۆمان له بۆ ئامانجه‌كانی ئه‌و به‌خت ده‌كه‌ین ئه‌و وه‌خته ئێمه له دڵی ئه‌ودا جێگایه‌كی هیچ ئه‌وتۆمان نابێته‌وه كه بهێنێ یارمه‌تیمان بدا بگره له‌به‌ر چاوی ره‌ش ده‌بین وه ئه‌و وه‌خته ئێمه ورده ورده له‌ناو ده‌چین.
كه‌واته پێویستی سه‌رشانمان و ئیشمان هه‌ر ئه‌وه نیه ئێمه شه‌ڕی حكومه‌ت بكه‌ین‌و بێ پسێنین به‌ڵكو وشیاركردنه‌وه‌ی میلله‌تیش ده‌بێته ئه‌ركێكی تری سه‌رشانمان كه پێشمه‌رگه ده‌چێته هه‌ر ناوچه‌یه‌ك وه رێی ده‌كه‌وێته ناو میلله‌ت كه وه‌كو خزمهتكارو دڵسۆزی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی نیشان دا له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ڵسا به وشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سیاسه‌تی رۆژانه‌ی ده‌وڵه‌تی بۆ شیكردنه‌وه وه پلانه‌كانی حكومهتو هێزی كۆنه‌په‌رستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌و هێزه ئیمپریالیزمهكانی كه‌ی له‌پشت ئه‌و حكومه‌ته‌وه درهوهستن رسوا كرد. رێگای یه‌كیه‌تی‌و یه‌كگرتنی هه‌موو هێزه شۆڕشگێرو پێشكه‌وتنخوازه‌كانی میلله‌تی پیشانداوه ورده‌ورده به‌م جۆره ئاستی وشیاری میلله‌ته‌كه‌مان به‌رزده‌كاته‌وه. به جه‌هاله‌ت هیچ شتێك سه‌رناكه‌وێ به ناتێگه‌یشتن هیچ شتێك سه‌رناكه‌وێ ئه‌گه‌ر نه‌زانین له‌پێناوی چیدا خه‌بات ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان نه‌زانێ ئێمه بۆچی خه‌بات ده‌كه‌ین هیچ مومكین نیه سه‌ركه‌وین، ئه‌وه وه‌ختێكی زۆری ده‌وێ به رۆژێك‌و دوو رۆژ نابێ به ساڵێك دووساڵ نایه‌ته دی له‌به‌رئه‌وه خه‌باتی ئێمه درێژخایه‌نه، خه‌بات وه‌ختێكی دوورودرێژی ده‌وێ وه به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ میلله‌ت بۆ ئه‌وه باشه كه ئه‌و خه‌باته درێژخایه‌نه قورس نابێت له‌سه‌ر دڵی میلله‌ت به‌ڵكو پێی خۆش دهبێتو پێشوازی لێ ده‌كات.
پێویستی ریزه‌کانی گه‌ل
له‌لایه‌كی تره‌وه پێویسته ئێمه بزانین كه‌وا بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆرش ئێمه رێكخستنی ریزه‌كانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل زۆر زۆر پێویسته له شار‌و له لادێ، ئه‌وانه‌ی دائیما شۆرش ده‌كه‌ن تاقمێكی كه‌من به‌شی ههرهزۆرهكهی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و به‌شی هه‌ره زۆری ده‌بێ دائما رێكخستنی باشی له‌ناودا هه‌بێ وشیاری سیاسی باش بڵاو بێته‌وه له ریزهكانیا، رێكخستن هه‌بێ وه ئیش‌و خه‌باتی نهێنی هه‌بێ له‌و ناوچانه‌دا كه له‌ژێرده‌ستی دوژمنن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ئێمه كه میلله‌ته‌كه‌مانه هه‌میشه جۆگه‌له‌ی جیاجیای لێوه‌بێ بۆ ناو پێشمه‌رگه، یارمه‌تی، ده‌نگوباس، ئاگاداركردن له فیتو پیلان‌و ئۆینی دوژمن هه‌روه‌ها هه‌موو جۆره شتێكی وا كه پێویسته هه‌تا خه‌باتی ناو شاریش وه‌كو كوشتنی خائینه‌كان ته‌قاندنی مستهودعو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌وا زه‌ره‌ر له دوژمن ده‌ددا وه‌كو بڵاوكردنه‌وه‌ی دهنگوباسو خه‌باتی قاره‌مانه‌ی پێشمه‌رگه‌كان.
پێنج شه‌رته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئێمه
ئێمه له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی دا كه باسی سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كوردستان‌مان كردووه شهرتهكانیمان وا داناوه كه ده‌بێ پێنج شه‌رت بێته‌دی تا ئه‌و خه‌باته دوورودرێژه‌ی ئێمه سه‌رده‌كه‌وێ.
یه‌كێكیان بوونی پارتێكی پێشڕه‌وه كه به‌داخه‌وه ئێمه له‌سه‌رده‌مه‌دا نیمانه، دووه‌هه‌میان یه‌كحستنی هێزه نیشتمانییه پێشكه‌وتنخوازه جیاجیانی خه‌ڵكی كوردستانه ئه‌ویش(یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستانه) كه تییا چه‌ند ته‌یارو جه‌ماوه‌ری گه‌لی شۆڕشگیڕو نیشتمانپه‌روه‌ری هۆشیاری كۆكراوه‌ته‌وه، شه‌رتی سێهه‌میان بوونی هێزی چه‌كداری گه‌ل یانی هێزی پێشمه‌رگه كه ئێستا هه‌مانه‌و خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی خۆی ده‌كا. شه‌رتی چواره‌م یه‌كیه‌تی تێكۆشانه له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی ناو برا عه‌ره‌به‌كانمان له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌و یه‌كیه‌تی تێكۆشانه شه‌رته هه‌م بۆ هێنانه‌دی ئامانجه گه‌وره‌كه‌مان كه دیموكراتییه بۆ عیراق وه هه‌م بۆ سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی ئێمه له پێناوی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عیراق. شه‌رتی پێنجه‌م هه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی ئێمه پێویسته ئه‌ویش یه‌كیه‌تی تێكۆشانه له به‌ینی به‌شه‌كانی كوردایه‌تی، به‌شه‌كانی كوردستانی داگیركراوو دابه‌شكراودا، تاقی كردنه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كانی ده‌وروپشتمان دریخست مه‌سه‌له‌ن ئێران چ زه‌ره‌رێكی هه‌بوو علاقه له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی ئه‌مریكی وه ده‌وڵه‌ته كۆنه‌په‌رسته‌كان چ زه‌ره‌رێكی هه‌بوو ئه‌وانه شۆڕشی كۆنی ئێمه‌یان كرد له جۆكه‌ری یاری وه‌كو خۆیان له راپۆرته‌كانیدا باسی ده‌كه‌ن هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی ئامانجه‌كانی خۆیان هاته‌دی ده‌ستێكی ته‌ڕو تازه‌یان پیاهێناینو فرۆشتیانین، سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌كه‌ش سه‌ری بۆ شۆڕكردنو ده‌سته‌وستان وه‌ستاو خۆی خسته باوه‌شیان به‌م جۆره شۆرشهكهمان رووخا، له‌به‌ره‌ئه‌وه ئه‌م ته‌جره‌به گه‌وره‌یه كه به‌نرخێكی زۆر زۆر له‌سه‌ر میللهتهمكان وه‌ستاوه ده‌بێ ده‌رسێكی زۆر باشی لێ وه‌ربگرین.
هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی كوردستان‌و گه‌لانی ناوچه‌كه
ده‌وڵه‌تانی ده‌وروپشتمان هیچیان دۆستی ئێمه نین به‌تایبه‌تی ئێران‌و توركیا ئه‌وانه باش ده‌زانن كه ئێمه سبه‌ینێ سه‌ركه‌وین كوردستانی ئێران‌و توركیا‌و هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی ئێران‌و توركیا هه‌ڵده‌ستن ئه‌وه بۆ زانینه بۆ ئاگادارییه، ئێمه ئێستا شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقه، خه‌باتی ئێمه دژی حكومه‌تی عیراق و ئاغا ئیمپریالیسته‌كانی حكومه‌تی عیراقه، ئه‌و هێزانه‌ی كه پشتیوانی حكومه‌تی عیراق ئه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌بێ بشزانین چیمان له ده‌وره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه داویانه‌وه به‌تایبه‌تی له‌وه‌ختی ته‌نگانه‌و لێ قه‌وماندا هه‌ڵ نهخهڵهتێینهوه جارێكی كه لوقمێكمان بدهنێو له‌ناویان ژه‌هر هه‌بێ وا ده‌زانین نهرمو خۆشه ده‌یخۆین له‌دوایدا پاش ماوه‌یه‌كی كه دره‌نگ یان زوو ژه‌هره‌كه دهمرینو ته‌واو ده‌بین، ژه‌هر هه‌یه یه‌كسه‌ر نات كوژێ، ژه‌هر هه‌یه چه‌ند ساڵێكی پێ ده‌چێ ئینجا ده‌تكوژێ، ئه‌و جۆره یارمه‌تیانه‌ی كه‌له‌و ده‌وڵه‌ته كۆنهپهرستانهوه بێ له نه‌وعی ئه‌و ژههرانهیه كه پاش چه‌ند ساڵێك ده‌تكوژێ، له‌به‌ره‌ئه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌م كرد كه بزانین چی له ده‌ورمانه به‌ڵام ئێمه هاوخه‌باتین له‌گه‌ڵ میلله‌تی كوردی خۆمان له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانمان له ئێران‌و له توركیا له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ئه‌م هاوخهباتییه شه‌رتێكی پێویسته بۆ سه‌ركه‌وتنی خه‌باتی ئێمه‌و میلله‌تی ئێمه. هه‌روه‌ها له پێشه‌وه باسم كرد كه یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتنی شۆرشهكهمان یه‌كێتی تێكۆشان‌و هاوخهباتییه له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو دونیا، ئه‌مڕۆ دنیا وه‌كو جاران نه‌ماوه پێكه‌وه گرێدراوه به ئه‌نواعی عیلاقاتی بازرگانی‌و سیاسی‌و ئابووری‌و عه‌سكه‌ری له یه‌كی نزیك كردوونه‌ته‌وه هه‌ر ده‌وڵه‌ته له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌تێك عیلاقه‌ی هه‌یه، هه‌ر دنیایه‌ك كۆمه‌ڵ‌و تاقمی تیایه له‌به‌رئه‌وه ئێمه‌ش به‌ته‌نها ناتوانین به‌تاقی ته‌نها خۆمان جیا بكه‌ینه‌وه له‌و شته‌ی كه له دنیادا ده‌بێ، ده‌وڵه‌ته‌كانی كۆنه‌په‌رست له پاش په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی ئێمه بێگومان له‌گه‌ڵ دوژمنی ئێمه رێكده‌كه‌ون، ئێمه با ئێران به نموونه بێنینه‌وه، ئێمه هیچمان دژی ئێران نه‌كردووه، ئێران خراپه له‌گه‌ڵ میلله‌تی كورد ده‌كا، شا بوو كه شۆڕشی كوردستانی فرۆشت‌و به ئاشكرا شا له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسی عه‌ره‌ب مامۆستا حسین هه‌یكه‌ل دا (وه ڕه‌نگه هه‌ندێكتان ئه‌م گفتوگۆیه‌تان دیبێت) كه له‌وێدا به‌ئاشكرا ده‌ڵێت كه شۆڕشێكی كورد هه‌بوو، مه‌سڵه‌حه‌تم ئه‌وه‌بوو كه به‌كاری بێنم وه به‌كارم هێنا هه‌تا حكومه‌تی عیراقم ناچار كرد ئه‌وه‌ی من ده‌ویست بمداتێ، كه دایمێ، به‌ڕه‌ڵام كرد‌و نه‌مویست وه ده‌ڵێ له‌وه سهراحهتترت ده‌وێت قسه‌ت بۆ بكه‌م؟ هه‌یكه‌لیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ نه‌وه‌ڵا ماڵت ئاوا بێ له‌وه سهراحهتتر قسه ده‌وترێ؟ هه‌یه هه‌تا بیكه‌یت؟ ئه‌مه له جیاتی ئه‌وه‌ی شاه پاش ئه‌و هه‌موو خراپه‌و ناپیاویهو نامه‌ردییه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستانیدا كرد ئێستا هێشتا ئێمه قه‌رزارین، ئه‌وان هێشتا تازه زابتو ئه‌فسه‌ریان ناردووه بۆ رانیه بۆ هه‌ندێ شوێنی تر بۆ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ له‌شكری عیراق وه مه‌علومات ده‌ده‌ن به له‌شكری عیراق بۆ به‌ربه‌ره‌كانی ئێمه. تا شۆڕشه‌كه‌مان زیاتر په‌ره بستێنێ دوژمنایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته كۆنه‌په‌رستانه دژی ئێمه تا شۆرشهكهمان زیاتر په‌ره بستێنێ دوژمنایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته كۆنه‌په‌رستانه دژی ئێمه زیاتر ده‌بێ. تا ئه‌و له ئێستاوه خۆمان بۆ ئه‌و دوژمنایه‌تییه ئاماده بكه‌ین. خۆ ئاماده‌كردنی ئێستا و ئه‌وه نییه وه‌كو وتم واز له خه‌باتی یه‌كسه‌ری راسته‌وخۆمان بێنین دژی حكومه‌تی عیراق‌و رووی تفه‌نگمان بكه‌ینه ئێران‌و توركیا، ئه‌وه ئیشی ئێمه نییه ئه‌وه ئیش‌و خه‌باتی میلله‌تی ئێران‌و توركیایه، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه ئاگاداربین له دوارۆژ چیمان لێ ده‌كرێ‌و هه‌ر به ئێستاوه ورده‌ورده به‌پێی توانا ته‌دابیری خۆمان وه‌ربگرین بۆ ئه‌و رۆژه‌ی كه ئه‌وه‌مان لێ ده‌قه‌ومێ. هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی گه‌لانی عهرهبو تورك‌و ئازهرو فارس، میلله‌تانی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست زۆر زۆر پێویسته بۆ ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له وه‌ختی پێویستا خه‌باتمان به‌جۆرێك یه‌كخه‌ین كه بتوانین به‌رامبه‌ر به دوژمنی هه‌موو لایه‌كمان به‌یه‌كه‌وه له‌یه‌ك ریزدا بوه‌ستین,
فه‌له‌ستینی دووه‌م یان ئیسرائیلی دووه‌م؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌مان هێنایه‌دی
ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌مان هێنایه‌دی ئه‌وه شۆڕشه‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێ ئه‌گه‌ر نه‌شمان هێنایه‌دی ئه‌وه زۆر زۆر زه‌حمه‌ته بتوانین به ئامانجێكی باش بگه‌ین وه خه‌باته‌كه‌مان به‌ری ببێت، وه خوێنی شه‌هیدانمان به‌فیڕۆ نه‌ڕوا، له‌به‌رئه‌وه دیسان ئه‌و هه‌موو شتانه به‌م وشه‌یه كورت ده‌كه‌مه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خه‌تێكی سیاسی راستمان بوو سه‌رده‌كه‌وین. خۆ ئه‌گه‌ر خه‌تێكی سیاسی راستمان نه‌بوو چه‌ند رۆژ بین‌و چه‌ند چه‌كمان زۆر بێ وه توانای تۆپ‌و تفاق‌و شتمان چه‌ند زۆربێ سه‌رناكه‌وین وه ئه‌ی دۆڕێنین. ئێمه له‌و خه‌باته‌یدا كه ئێستا ده‌یكه‌ین به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا ئه‌و لایه‌نگیرو پشتیوانیه‌ی پێویسته له میللهتامی دنیا ده‌ستمان نه‌كه‌وتووه‌و لێمان نه‌كراوه ده‌نگی شۆڕشی ئێمه نه‌گه‌یشتۆته دنیا، خۆتان ده‌زانن بۆمبایه‌ك ده‌ته‌قێ لهپهنایهك نه‌فه‌رێك ده‌گیرێ له‌وڵاتێك یان له شارێك چوار كه‌س ده‌كوژرێ هه‌موو رادیۆكانی دنیا باسی ده‌كه‌ن، كه‌چی رۆژ نییه له كوردستانی ئێمه (5-6) فڕۆكه‌ی عیراقی هجوم نههێنێو شه‌ڕ نه‌كرێ سه‌دان كه‌س له دژومن نه‌كوژرێ وه ده‌یانیش له ئێمه شه‌هید ئه‌كرێ، كه‌چی هه‌ر باسی نییه هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه هۆی هه‌یه، خه‌تای خۆمانی تێدایه، به درهجهی یه‌كه‌م، چونكه له رابردوودا ئێمه دۆستمان له‌خۆمان كرده‌وه، سه‌ركردایه‌تی پێشوومان پشتی له دۆست كرد‌و له‌گه‌ڵ دوژمن ده‌ستی تێكهڵاوكرد كه دوژمنیش ده‌ستی لێ به‌رداین، دۆسته‌كانمان نه‌ك هه‌ر به‌فریامان نه‌كه‌وتن، به‌ڵكو به‌لاشماندا نه‌هاتن، ئه‌مڕۆ ئێمه پێیوستمان به‌وه هه‌یه جارێكی كه رووی راستی شۆڕشه تازه‌كه‌مان به‌دنیا بناسینینهوه، عه‌داله‌تی مه‌سه‌له‌ی كورد‌و مه‌سه‌له‌ی میلله‌تی دابه‌شكراوی كورد بۆ دنیا رووون بكه‌ینه‌وه، ورده ورده ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وا لێ بكه‌ین خه‌ڵك تێبگات یه‌كێك له چاكترین هۆیه‌كانی ناساندنی مه‌سه‌له‌ی كورد‌و عه‌داله‌تی مه‌سه‌له‌ی كورد راست‌و ره‌وانی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان به دنیا هاوخهباتیمانه له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌رب وه‌كو ئێستا پێكهاتووین پێكهاتنهكهمان په‌ره‌ی سه‌ندو پێشكه‌وت و هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌ره‌بیش شان به‌شانی ئێمه خه‌باتیان كرد، ئه‌وسا ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمن لێمان دهكاو دژمان ده‌یكا هه‌ر له‌خۆیه‌وه پووچه‌ڵ دهبێو به درۆ ده‌كه‌وێته‌وه. مه‌سه‌له‌ن ئه‌و بوختان‌و توهمهیهی دژمان ده‌ڵێن كه ئێمه ده‌مانه‌وه‌ێ عیراق دابه‌ش بكه‌ین‌و جیا ببینه‌وه وه زه‌ره‌ر له عه‌ره‌ب بده‌ین به‌درۆ ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌وا ئێمه له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌ره‌ب خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ یه‌كێتی راسته‌قینه‌ی عیراق وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا حكومه‌تێكی دیموكراتی بێ بۆ عیراق ئه‌و قسه‌یه هه‌رخۆی له‌خۆیدا به درۆ ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عه‌ره‌ب هاوكاری و هاوخه‌باتیمان بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و توهمه‌و بوختانانه‌ی بۆمان دێنن كه گوایه ئێمه ئیسرائیلی دووه‌مین وه له‌لایه‌كی تره‌وه به‌گژ عه‌ره‌بدا ده‌چین، ده‌رده‌كه‌وێ كه درۆیه وه ئه‌وسا به‌كرده‌وه ئێمه ده‌توانین به‌خه‌ڵكی بسه‌لمێنین كه ئێمه فه‌له‌ستینی دووه‌مین، ئیسرائیلی دووه‌م نین، چونكه ئه‌وه‌ی سه‌هیۆنییه‌كان له فه‌له‌ستین به عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، هه‌مان شته كه رژێمی فاشستی عیراق به كوردی ده‌كه‌ن، خه‌ڵكه راگواستن له شوێنی خۆی ئه‌و شته‌یه كه‌وا سههیونییهكان به عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن، رایان ده‌گوازن له جێگای خۆیان عه‌ینی شته ئه‌وا ئێمه‌ش راده‌گوازن له وڵاتهكانو شاره‌كانی خۆمان ئه‌وان ده‌یكه‌ن به‌هی جوو، ئه‌مانیش ده‌یكه‌ن به‌هی عه‌ره‌ب، ئه‌وان مه‌سه‌له‌ن (حدودی ئامینه‌ی) پێ ده‌ڵێن یانی حدودێكی ئه‌مین ئه‌وه عه‌ینی شت (بیگن) داوای دهكاو ده‌ڵێ به درێژایی روباری ئوردون پێویسته ئێمه موستهعممهراتی جووله‌كه بچێنین تا سنوری خۆمان بپارێزین ئه‌وا(سەدام) میش عه‌ینی شت داوا ده‌كا ده‌ڵێ به‌درێژایی سنووری توركیا-عیراق ئێران -عیراق كورد بۆ ماوه‌ی (20)كم هه‌ڵ كهنینو رای گوێزین وه له‌وێ موسته‌عمه‌ره‌ی عه‌ربی لێ دانێین تا پارچه‌كانی كوردستان له‌یه‌ك دابڕینو به بیانووی ئه‌وه‌ی تهسهلل نه‌بێ بۆ عیراق وه به ئاشكرا ئه‌وه دهنووسنو ده‌یڵێن. ناو گۆڕینی دێهاته‌كانمان له فه‌له‌ستینی یه‌كه‌م كه فه‌له‌ستینی عه‌ره‌به وه له فه‌له‌ستینی دووه‌م كه كوردستانی ئێمه‌یه ده‌كرێ ئه‌م راستیه ئێمه ئه‌گه‌ر بۆ میلله‌تی عه‌ره‌بی روون كه‌ینه‌وه بۆ میلله‌تانی دنیای روون كه‌ینه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی درۆ‌و پروپاگه‌نده‌ی دوژمن سهربگرێو هه‌ڵیان بخه‌ڵه‌تێنێ ئه‌و وه‌خته راستی‌و ره‌وانی مه‌سه‌له‌ی ئێمه ده‌رده‌كه‌وێت و خه‌ڵك پشتیوانی ئێمه ده‌كا كه له دژی حكومه‌ت.
ئێستا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌تا دێ ورده ورده باشتر ده‌روا له پێناوی مه‌سڵه‌حه‌تی ئێمه‌دا به‌تایبه‌تی كه‌وا شۆڕشی ئێمه وه هێزی پێشكه‌وتووی عه‌ره‌بیش ده‌یه‌وێ تێدا به‌شدار بێت، شۆڕشی تازه‌ی ئێمه تا دێ رۆژبه‌رۆژ رووگه‌شی زیاتر بۆ دنیا روون ده‌بێته‌وه به‌تایه‌بتی ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه هه‌ندێ كه‌موكورتی له‌خۆماندا هه‌یه لای به‌ین وه‌كو ئه‌وه‌ی دره‌نگ ده‌نگوباسمان ده‌گاته ده‌ره‌وه ئه‌گه‌ر دهنگوباسی شه‌ڕه‌كانمان زوو نه‌گات به ده‌ره‌وه بڵاو ناكرێته‌وه ئێستا ئێمه له ده‌ره‌وه به پێنج زمان شت بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به عه‌ره‌بی له‌ئه‌مریكا به‌ئینگلیزی له‌فه‌ره‌نسا به فه‌ره‌نسی له ئه‌ڵمانیا به ئه‌ڵمانی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و دهنگو باسه‌ی كه ئه‌بیسترێ له‌مه‌ودوا ئه‌گه‌ر زۆر زوو بتوانین ئیخبارهكانمان بگه‌یه‌نین به‌و وڵاتانه‌و به‌و شوێنانه ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی ئێمه بڵاوده‌بێته‌وه ئه‌و وه‌خته هه‌رچی شتێكمان هه‌یه به‌دنیا راده‌گا وه دنیای پێشكه‌وتوو رای ده‌گۆڕێ له‌سه‌ر ئێمه.
هه‌تا منداڵ نه‌گرێی شیری پێنادرێ
ئێستا ئێمه وه نه‌بێ بێ كه‌س بین، وه نه‌بێ بێ پشت‌و په‌نا بین، به‌ڵام دیسان وه‌كو پێویسته ئه‌و دۆست‌و پشتانهی خۆمان هێشتا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه كۆمان نه‌كردونه‌ته‌وه ئه‌وه له‌سه‌ر ئێمه‌یه، ئینسان هه‌تا سه‌ری خۆی نهخورێنێ خۆرشتی ناشكێ، مه‌سه‌له‌ی كوردی خۆمان هه‌یه ده‌ڵێ هه‌تا منداڵ نه‌گرێی شیری پێنادرێ، له‌به‌رئه‌وه ئێمه‌ش ده‌بێ خۆمان بچین یه‌خه‌ی دنیای پێشكه‌وتوو بگرین، بچینه لای میلله‌تان بچینه لای هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی دنیا، عهدالهتو راستی مه‌سه‌له‌ی كوردیان بۆ روون بكه‌ینه‌وه‌و خه‌ڵك تێبگه‌یه‌نین كه چی هه‌یه له وڵاتی ئێمه‌وه چی لهكایهدایه، تا خه‌ڵك ببێ به دۆست‌و پشتیوانمان، به‌تایبه‌تی ئه‌مجاره شۆڕشی تازه‌ی ئێمه بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه، چونكه شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتووانه‌ی به‌خۆیه‌وه گرتووه، دژی ئیمپریالیزم‌و سههیۆنزمه، دژی كونهپهرستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌یه، دژی حوكمی دیكتاتۆری‌و فاشییه. ئه‌م شۆڕشه چه‌سپاندنی كارێكی گه‌وره ده‌كاته سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چونكه ئێمه له ناوچه‌یه‌كی زۆر زۆر گرنگداین ئه‌م لایهمان كوردستانی توركیایه‌و ئهولایهمان كوردستانی ئێرانه هه‌ردووكیان كارێكی گه‌وره ده‌كه‌نه سه‌ر توركیاش و ئیرانیش وه له عیراق گه‌لی عه‌ره‌بیش گرێدراوی مهنیقهی عه‌ره‌بییه كارێكی زۆر موهیم ده‌كاته سه‌ر مه‌نتیقه‌ی عه‌ره‌بی له‌به‌رئه‌وه جێگیربوون‌و چه‌سپاندنی شۆڕشی ئێمه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌هێنێته هه‌ژان هێنانه هه‌ژانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌سكه‌وتی هیچ ئه‌و هێزه كۆنه‌په‌رست‌و موحافیزكارانهی تێدا نییه كه ده‌یانه‌وێ هه‌موو شت وه‌كو خۆی بمێنێ‌و كه‌س قیڕه قیڕ نهكاو هه‌ركه‌سه له شوێنی خۆی دانیشێ، له‌به‌رئه‌وه بێگومان كاره‌كه‌مان سه‌خت ده‌بێ و زه‌حمه‌ت ده‌بێ، به‌ڵام به‌راستی سهروهریو شه‌ره‌فێكی گه‌وره چاوه‌ڕوانمان ده‌كا.
ده‌بێت باوه‌ڕی نه‌گۆڕمان به سه‌ركه‌وتن هه‌بێت
ئێمه تا ئێستا شۆڕشه‌كه‌مان به پشتیوانی خۆی میلله‌تی خۆیه‌تی وه ئه‌و برا پێشمه‌رگه قاره‌مانانه‌ی كه شه‌ڕیان كردوه به چهكو نانی خۆیان و به‌پشت به‌ستن به خۆیان ئیشه‌كه‌یان درێژه پێدراوه وه ئه‌وه به‌راستی سه‌ره‌تایه‌كی زۆرزۆر باشه، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی زۆر زۆر باشه وه نیشانه‌یه‌كی زۆر دڵخۆشكه‌ره نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه میلله‌تی ئێمه خۆی ده‌توانێ له حه‌قی خۆی دیفاع بكات وه راپه‌ڕێ له‌پێناوی ئامانجی خۆیدا، ئه‌وه هه‌ڵبه‌ته مانای ئه‌وه نیه كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م شۆڕشه كه‌م ته‌رخه‌می بكه‌ن له په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌و پێداویستیه‌كانی شۆڕش له جۆری جیاجیای چهكو فیشهكو پاره بگره به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه واجبیانه زۆر چاك هه‌وڵ بده‌ن وه به‌په‌له هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه به زووترین كات ئه‌و شتانه په‌یدا كهنو بیگه‌یه‌ننه‌وه وڵات‌و بڵاوی بكه‌نه‌وه به‌سه‌ر براده‌راندا، به‌ڵام ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه داده‌رێژرێ تا ته‌ئسیری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و كۆشك‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر دروست ده‌كرێ، بناغه‌ی ئێمه بناغه‌یه‌كی زۆر چاكه وه‌ده‌بێ له شۆڕشدا هه‌میشه ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێ كه هه‌موو رێگرتنه به‌رێك له ژیاندا ههورازو نشێوی تێدایه، خۆشی‌و ناخۆشی تێدایه، له شۆڕشدا هه‌یه ئه‌وه‌ڵ جار زۆر ده‌بێ دوایی كه‌م ده‌بێته‌وه دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه دوایی نوێ ده‌بێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه شتێكی ته‌بیعیه زۆر ئاساییه كه ده‌بینین هه‌ندێكجار خه‌ڵك هه‌یه ماندوو دهبێو ڕادهكاتهوه لای حكومه‌ت هی كه هه‌یه لای حكومه‌ته‌وه ڕا ده‌كاته‌وه ناو شۆڕش هی كه هه‌یه ده‌وه‌ستێ تازه ده‌ست پێ دهكاو گه‌رم دهبێو دێته مه‌یدانه‌وه ئه‌مه ته‌بیعه‌تی ژیانه، ئه‌وه شتێكه له‌هه‌موو دونیا روویداوه له وڵاتی ئێمه‌ش رووی داوه‌و هه‌ر رووش ده‌دا.
وه‌كو مه‌سه‌له‌ن تۆ لێره‌و له‌وێ بڕۆی بۆ رێیه‌ك له‌و رێیه‌دا ههورازو نشێوی تێدایه خۆشی‌و ناخۆشی تێدایه ئه‌و رێی خه‌باته‌ش، رێی ژیانه‌ش هه‌مان شته كه له پێشمانه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته به‌و شتانه مشه‌وه‌ش نهبینو خۆمان ته‌نگاو نه‌كه‌ین به‌وه كه ده‌بینین هه‌ندێ له‌و براده‌رانه‌ی كه له‌گه‌ڵمانن ماندوو دهبنو هه‌ندێك له‌و برایانه ده‌چنه‌وه ناو حكومه‌ت وه هه‌ندێك له‌وانه مومكینه خیانه‌تیشمان لێبكه‌ن ئه‌وه شتێكی ته‌بیعییه، رووی داوه‌و روو ئه‌دا ئێستا تا ساڵێكی كه‌ش ئه‌وه هه‌ر رووئه‌دا ئه‌وه له ژیاندا قانونێك هه‌یه ئه‌و قانونه شتێكی زۆر ساده‌و به‌سیته به خواردن میسالتان بۆ دێنمه‌وه، له‌هه‌موو بزووتنهوهیهكو حزبێك‌و تاقمێك وه شۆڕشێكدا رووئه‌دا ئه‌وه‌ش، مه‌سه‌له‌ی خواردنه، قانونه‌كه به مه‌سه‌له‌ی خواردن بۆتان دێنمه‌وه، بڵێین ئینسان برنج‌و گۆشت بخوا برنج‌و گۆشت شتێكی خاوێنه برنجه‌كه‌ش خاوێنه‌و گۆشته‌كه‌ش خاوێنه، خۆت لێت ناوه‌و خواردت، كه ده‌چێته ناو سكتهوه ده‌بێ به‌دوو به‌ش پاش ئه‌وه‌ی هه‌زم ده‌بێ به‌شێكی ده‌بێ به ئیسقانو گۆشت وخوێن له له‌شدا به‌شێكی دیكه‌ی ده‌بێ به پیساییو ده‌رده‌چێ، هه‌موو ئه‌و قانوونه له‌به‌رچاوتان بێ، له‌هه‌موو كارێك، له شۆڕشدا وایه كۆمه‌ڵێك كۆ ده‌بێته‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵه هه‌ندێكی پیاوو قاره‌مان و تێكۆشهرو نه‌به‌ز ده‌رده‌چێ و هه‌تا سه‌ر ده‌ڕوا، هه‌ندێكیشی خائین دهردهچێو هه‌ندێكیشی ماندوو دهبێو په‌كی ده‌كه‌وێ وه‌كو په‌لكی باینجانێك كه پاك ده‌كرێ‌و په‌لكه‌كه‌ی له‌وێ ده‌كه‌وێ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌خورێ، ئه‌وه ته‌بیعه‌تی ژیانه ئه‌وه قانونی ژیانه ئه‌و قانونه له‌هه‌موو شتێك‌دا خۆی ده‌نوێنێ وه به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا ته‌تبیق ده‌بێ، له‌به‌رئه‌وه هیچ خۆمان سه‌غڵه‌ت نه‌كه‌ین به‌وه‌ی كه چه‌ند براده‌رێكمان چۆته‌وه لای حكومه‌ت وه هه‌ندێكیان را دهكاو هه‌ندێكیان ماندوو ده‌بن وا رووی داوه‌و واش روو ئه‌دا وه ئه‌وه هی كه‌ش دێته‌وه لامان هی كه‌ش راده‌كا، موهیم ئه‌وه‌یه وه‌كو وتمان باوه‌ڕی نه‌گۆڕمان به هێزو توانای خۆمان و به سه‌ركه‌وتنی خۆمان هه‌بێت وه رێگای راست ون نه‌كه‌ین رێگای خه‌باتی شۆڕشگێرانه ون نه‌كه‌ین كه رێگای سه‌ركه‌وتنه ئه‌گه‌ر هاتوو رێبازێكی راستمان گرت رێگای خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ی پشت ئه‌ستووری به جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان رێگای خه‌باتی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتووه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو دنیا، بێگومان ده‌گه‌ینه ئامانجمان بێگومان سهردهكهوینو سه‌ركه‌وتنه‌كه‌مان بێگومان قازانجێكی زۆری میلله‌ته‌كه‌مانی تێدا ده‌بێ وه تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو فیداكاری‌و زهحمهتو ناخۆشیه ده‌داته‌وه كه برا پێشمهرگهكانمانو شه‌هیده قارهمانهكانمانو میلله‌ته‌كان ده‌یده‌ن له‌م رێگایه‌دا.
چه‌ك ناتوانێ مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتن بێ
جا ئێمه پێویسته له‌سه‌رمان هه‌روه‌كو خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ چه‌ك زیادكردن‌و سیلاح پهیداكردنو بۆ په‌یداكردنی چه‌كی دژی ته‌یاره‌و هه‌لیكۆپته‌رو ده‌بابه‌و شتی تر لهههمكان كاتدا خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ چه‌كێكی تر كه له دڵدایه، چه‌كی بیروباوه‌ڕ چه‌كی زانینی رێگای خه‌بات چه‌كی تێگه‌یشتنی قازانجه‌كانمان چه‌كی ناسینی دۆست‌و دوژمنانمان چه‌كی وشیاری سیاسی ئه‌م چه‌كه له‌و چه‌كه زۆر مه‌هیم تره ئه‌م چه‌كه ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌و چه‌كه دادمان نادات ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌كه‌مان بوو چه‌كی وشیاری سیاسیی ئه‌وه چه‌كی دیكه په‌یدا ده‌كه‌ین‌و ئه‌و چه‌كه به ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌وێ، ئه‌وه له‌هه‌موو دنیادا ساغ بۆته‌وه كه وشیاری‌و خه‌باتی راسته‌قینه‌و شۆڕشگێرانه مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنه چه‌ك ناتوانێ مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتن بێ، جاره‌كه‌ی تر له شۆڕشه‌كه‌ی ترمان كه ژێركهوت له سه‌د هه‌زار چهكو عه‌مباری چهكو پاره‌ی زیاتر هه‌بوو له سه‌د هه‌زار چه‌كداری زیاتر هه‌بووبه ملیۆن فیشه‌ك دانرابوو وه هه‌موو جۆره چه‌كێكمان هه‌بوو كه‌چی سه‌رنه‌كه‌وتین وه نه‌ك هه‌ر سه‌رنه‌كه‌وتین، به‌ڵكو به‌یه‌ك ئیتفاقی سیاسی له (11) رۆژدا واتواینهوه كه به‌فری به‌هار وا به ئاسانی ناتوێته‌وه سه‌به‌بی ئه‌وه چی یه؟ سه‌به‌ب ئه‌وه نییه كه پێشمهرگهمانمان ئازا نه‌بوون، ئه‌وه نییه كه چهكو پاره‌ی باشمان نه‌بوو، سهبهبهكه ئه‌وه‌بوو كه خه‌تی سیاسی، رێبازی سیاسی راستمان نه‌بوو، دۆست‌و دوژمنی خۆمان نه‌ناسی بوو، پشتمان به دوژمن به‌ستبوو، روومان له دوژمن كردبوو، ده‌ستمان له‌ناو ده‌ستی دوژمن بوو و پشتمان كردبووه دۆسته‌كانمان، خۆمان لێ دوور خستبوونه‌وه.
له ئه‌رشیفی؛ نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د