جینۆسایدی كورد له سایه‌ی حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ڕووسیا
عادل صديق عه‌لى
بارودۆخى كوردانى ڕووسيا به‌ر له جه‌نگى يه‌كه‌مى جيهانى
ته‌واوی سه‌رچاوه مێژووییه‌كانی به‌تایبه‌ت سه‌ده‌و نیوێك و سه‌ده‌ی ڕابردوو، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كورد له هه‌رێمی قه‌فقاس ژیاوه، واته پێش ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه له‌لایه‌ن ڕووسه‌كانه‌وه داگیربكرێت و، سنووره‌كانی سێ ئیمپراتۆریی عوسمانی و ڕووسیا و پاشایه‌تی ئێران دیاری بكرێن. به داگیركردنی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن ڕووسیاوه، كه تێكشكانی پاشایه‌تی ئێران و پاشان عوسمانی له ئه‌نجامی زۆر شه‌ڕی خوێناویدا له سه‌رده‌م و قۆناغی جیاجیادا لێكهوتهوه، به‌شێكی كوردستان خرایه سه‌ر ئیمپراتۆریه‌تی ڕووسیا( ڕووسیا به درێژایی سه‌ده‌ی نۆزده، دوو شه‌ڕی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا واته(1804-1813)و چوار شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی 1805-1813، 1838-1839، 1853-1856، 1877-1878 كردووه). له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕانه‌دا كه زۆرجار پارچه‌یه‌كی كوردستان ده‌بووه گۆڕه‌پانی شه‌ڕه دڕندانه و كاولكارهكانیان، گه‌ل كوردیش توشی زیانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌تایبه‌تی گیانی‌و ئابووری بووه‌و، ناوچه كوردنشینه‌كان له‌ئاكامی شه‌ڕه‌كانیاندا و به‌پێی په‌یمانه‌كانیان، چه‌ندینجار ده‌ست به ده‌ست كراون، دواین جار، به‌پێی په‌یمانی (بریست لیتۆفیسك)، قارس و ئه‌رده‌هان له‌لایه‌ن بهلشهفییهكانهوه، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و پرسكردن به دانیشتوانیان كه زۆربه‌یان كوردبوون، درانه‌وه بۆ كه‌مالیه‌كان.
شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی ڕووسیا و عوسمانی و ئێرانی پاشایه‌تی له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا بگره له پاش یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانیشه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له‌سه‌ر خاكی كوردستان ڕوویانداوه. كورد زیانێكی یه‌كجار زۆری گیانی و ماڵى لێكه‌وتووه چه‌ند جارێك سنووره‌كانی نێوان ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته داگیركه‌ره به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕانه‌وه هه‌ر له‌سه‌ر خاكی كوردستان گۆڕدراون و، هه‌رده‌مێك ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێكیان به‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه و هه‌رێمی كوردستانه‌وه بووه، به‌وچه‌شنه‌ی كه خۆیان ویستوویانه له‌گه‌ڵ دانیشتوانه‌كه‌یدا جوڵاونه‌ته‌وه، دانیششتوانهكهیان یان ده‌ركردووه یان ناچاریان كردوون بۆ شوێنێكی دیكه بگوازنه‌وه، بۆ تێكدانی دیمۆگرافیا و ڕه‌وشی ئه‌تنیكی و قه‌واره‌ی ناوچه و هه‌ندێ له‌و هه‌رێم و ناوچانه بۆ وێنه: قارس، ئه‌رده‌هان، خۆی، ماكۆ و سه‌ڵماس…هتد.
سه‌رچاوه ڕووسییه‌كان هه‌تا كۆتاییه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، باسیان له دابه‌شبوونی كوردستان به‌سه‌ر سێ ئیمپراتۆری ڕووس و ئێران و عوسمانی‌دا ده‌كه‌ن و، بگره گه‌ڕیده و مێژوونووس و سیخوڕ و پیاوانی لهشكريی و ڕۆژهه‌ڵاتناس و…..هتد تا ساڵی 1930، واته ساڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆماری كوردستانی سوور له‌لایه‌ن ڕژێمی ستالینه‌وه، هه‌موویان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه به‌شێكی كودستان ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ڕووسیا (سۆڤیه‌ت)ه‌وه.
ڕووسيا و كورد و جه‌نگى يه‌كه‌مى جيهانى
له ساڵانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا وه‌ك چۆن گه‌لی كورد له‌ژێر كاریگه‌ری بانگه‌وازی جیهاد و به‌ناوی ئیسلامه‌تییه‌وه كه‌وته پشتیوانیكردن له ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ڕووسه‌كانیش كه‌وتنه پشتگیریكردن له میلیشیا ئه‌رمه‌نییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی شه‌ڕی قڕكردن له كوردستان. فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ڕووس كه له‌ژێر كاریگه‌ری سه‌ركرده سه‌ربازییه ڕه‌گه‌زپه‌رست و كوشتارچییهكان و كه‌نیسه‌ی ڕووسى ئه‌رسه‌دۆكسی دابوون، هه‌ربۆیه له دوای تێكشكاندنی عوسمانییه‌كان له كوردستان وێرانكاریی و تاڵان و ئابڕوبردنی”كوردانی كافر و بكوژانی ئه‌رمه‌ن”یان ده‌ستپێكرد، شه‌ڕی له‌ناوبردن له شاری (قامیش)وه ده‌ستیپێكرد بۆ وان و بایه‌زید و به خۆی و ڕه‌واندز و خانه‌قین دا تێپه‌ڕی، ڕووسه‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان ناچاری ده‌ربه‌ده‌ری كرد، به ته‌نها له بایه‌زید و ده‌وروبه‌ری ده‌یه‌كی دانیشتوانه‌كه‌ی مابوونه‌وه و سه‌دان گوند وێرانكران، هێزه كرێگرته ئه‌مه‌نی و ڕووسییه‌كان له دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری كۆمۆنیستی و له‌كاتی په‌ڕینه‌وه‌یان له به‌ره‌ی ئه‌رزڕۆم-زه‌نجان هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵی كوردیان كوشت، ڕۆژانی 14و15/5/1915 شاری وان گه‌وره‌ترین قه‌سابخانه‌ی كورده‌كانی به‌خۆوه بینی به‌ده‌ستی ئه‌و هێزه ئه‌رمه‌نیانه‌ی كه پێشی هێزه‌كانی ڕووسی كه‌وتبوون. ڕووسه‌كان به‌ڵێنيان دابوو شاری وان بگۆڕن به پایته‌ختی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی به‌ڵێن بوو بۆ ئه‌رمه‌نه‌كانی دروست بكات. نزیكه‌ی (250)هه‌زار له‌و ئهرمهنانه كۆبوونه‌وه كه بچنه پاڵ ده‌وڵه‌ت و له‌شكری ئه‌رمه‌نی، به پشتیوانی له‌شكری ڕووسی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نیان ڕاگه‌یاند و نه‌خشه‌ی هێرش و پاككردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی به‌دلیس و دیاربه‌كر ڕاگه‌یه‌نرا، به‌ڵام هێزه‌كانی ڕووسیا له به‌رامبه‌ر دژه هێرشی عوسمانییه‌كان تێك‌شكان.
ڕاپۆرته‌كانی ئینگلیز باسيان له كوشتار و له‌ناوبردنی خه‌ڵكی خانه‌قین به‌ده‌ستی ڕووسه‌كان كردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه نزیكه‌ی (500)كه‌سیان له خه‌ڵكی خانه‌قین كوشتووه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای قوربانییه زۆره‌كانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری، سه‌دان كورد له ترسی كوشتاری به كۆمه‌ڵ هه‌ڵهاتن بۆ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز، ڕه‌واندزیش به هه‌مان ده‌ردی سرێبرینیكای بۆسنه و هێرزهگۆڤینیای ساڵی 1997 لێ به‌سه‌رهات كه هێزه‌كانی سڕبیا ئه‌نجامیاندا، (ئه‌ندرانیك) ئه‌فسه‌ری ئه‌رمه‌نی تینوو به خوێنی كورد نزیكه‌ی (5بۆ6)هه‌زار منداڵ و ئافره‌تی ڕواندزی كوشت، به‌شێوه‌یه‌ك له كۆی (3000) هه‌زار منداڵ ته‌نها (60) منداڵ مابۆوه، زۆربه‌شيان به گولله نه‌كوژراون، به‌ڵكو فڕێدراونه‌ته گه‌لى ڕه‌واندزه‌وه، هه‌روه‌ك له نزيكه‌ى (2000) خانووبه‌ره‌ى ناو شاريش ته‌نها (20) ماڵيان به سه‌لامه‌تى ده‌رچوون. هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى ڕووس و ئه‌رمه‌ن (30) گوندیان له برادۆست وێران‌كرد، هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی بادینان له ترسی ئابڕووی خۆیان به‌ره‌و موسڵ هه‌ڵهاتن و به‌شێكیان له شه‌قامه‌كانی موسڵ له برساندا مردن.
مه‌لا كاكه حه‌مه(نارى شاعير) كه له‌و ده‌مه‌دا ژياوه، له خۆڕا نهيگوتووه:
به موئمين چى، سه‌قه‌ر، دۆزه‌خ، جه‌هه‌ننه‌م مه‌قامى ڕووسيان و ڕووسيانه
دامه‌زراندنی كۆماری كوردستانی سوور
كوردستانی سوور كه پایته‌خته‌كه‌ی شاری(لاچین)بوو، له ئابی 1923دا له چوارچێوه‌ی ئازه‌ربایجاندا وه‌ك هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم دامه‌زرا، كه ژماره‌ى دانيشتوانى زياتر له (48000)كه‌س بوو، سه‌رتاپا له پێنج ناوچه پێكده‌هات كه بریتی بوون له: لاچین و جبراییل و قووبادلو و زه‌نگلان و كهڵبهجهر. پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ییان (72,2%)ی كوردبوون، له ناوچه‌ی كهڵبهجهر (99,2%)ی ناوچه‌ی لاچین (99,2%)ی كوردبوون (حسێن گاجیێڤ)یش وه‌ك سه‌رۆكی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتی (حكومه‌تی خۆجێیی) كوردستانی سوور دیاریكرا. بێگومان ئه‌وه بوو به كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌بار كه دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه خۆیان به كورد بزانن و كوردبوونی خۆیان له‌و خاكه‌ی (كوردستان) كه تێیدا ده‌ژین سه‌لماند.
سنووره‌كانی باكووری ناوچه‌ی كوردستانی سوور به هێڵی سه‌راورد(خگ الراس) زنجیره چیاكانی مراڤداغی ئه‌م ناوچه‌یه له ناوچه‌ی گه‌نجه جیاده‌كاته‌وه (واته له باكووره‌وه زنجیره چیاكانی مراڤداغ كوردستان له ناوچه‌ی گه‌نجه جیاده‌كاته‌وه، ئه‌فراسياو هه‌ورامی)و به هێڵی سه‌راورد زنجیره چیاكانی كانگوور ئالانگیز كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی نور=بائێزدی سه‌ر به ئه‌رمینیا هاوسنووره و له باشووری ڕۆژئاوایشه‌وه كوردستان هاوسنووری ناوچه‌كانی شارئورا-دهریلاگیز(دارالگیز)و زهنگهزوری كۆماری ئه‌رمه‌نستانی سۆڤیه‌ته.
له باشووری ڕۆژههڵاتيشهوه به ڕووباری ئاكیردا ده‌ڕوات، تا سنووره‌كانی ناوچه‌ی پێشووی جه‌بره‌ئیل كه له گوندی(ئهفهندیلهر)ه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا له‌و شوێنه‌ی كه لقی لای چه‌پی ئه‌م ڕووباره‌وه، واته میل خیلۆڤ، ده‌ڕژێته ئه‌م ڕووباره و سه‌ره‌نجام كوردستان له‌گه‌ڵ ناگورناقهرهباغ هاوسنووره، له باشووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، واته له‌و شوێنه‌ی كه ڕووباری میل خیلۆڤ ده‌ڕژێته ڕووباری ئاكیرهوه تا زنجیره چیاكانی موراڤداغ.
هۆكاری دروستكردنی كۆماری كوردستانی سوور
بێگومان دروستكردنی كۆماری كوردستانى سووریش له‌و ناوچه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك فاكته‌ری له پشته‌وه بوو، له‌وانه:
1ـ زۆرینه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه كوردبوون.
2ـ بانگه‌شه‌ی به‌لشه‌فیه‌كان سه‌باره‌ت به یه‌كسانی و ئازادی گه‌لان و مافی چاره‌ی خۆنوسینیان، بێگومان كوردیش یه‌كێك بوو له‌و گه‌لانه.
3ـ بۆ ڕاكێشانی كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌تایبه‌تی باشووری كوردستان كه ئه‌و كات له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیادا بوو.
4ـ ئازه‌ری و ئه‌رمه‌نییه‌كان كێشه‌یه‌كی زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌ی ناگورناقهرهباغ، به دروستكردنی ئه‌و كۆماره كوردییه له نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا تاڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه كرا له‌و ماوه‌یه‌دا.
5ـ داواكاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه بۆ دروستكردنی كۆمارێكی كوردی وه‌ك ته‌واوی گه‌لانی تری سۆڤیه‌ت.
6ـ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه ڕووسه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه به سه‌رۆك هۆز و كهسایهتيیه دیاره‌كانی ناوچه‌كه‌یان ده‌دا كه ئه‌گه‌ر بێت و ناوچه‌كه‌یان ببێته به‌شێك له ڕووسیا ئه‌وا ئه‌وان جیاواز له ئێران و عوسمانیه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و ده‌سڵاتی زیاتریان پێ ده‌ده‌ن.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمار
ڕه‌گه‌زپه‌رستانی تورك به پله‌ی یه‌كه‌م و دوای ئه‌وانیش ئه‌رمه‌نی و ئازه‌رییه‌كان ڕۆڵی به‌رچاویان گێڕا له فشارخستنه سه‌ر سۆڤیه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆماری كوردستانی سوور، سۆڤیهتییهكانيش نه‌یانده‌ویست په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ توركیادا تێكبده‌ن، چونكه هه‌بوونی وڵاتێكی وه‌ها بۆ ئه‌وان ده‌ستی نه‌ده‌دا، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بۆ ئازه‌ربایجانیش نه‌ده‌گونجا، چونكه سنووری كوردستانی سوور ده‌گه‌یشته سنووری كوردستانی ئێران. سه‌رئه‌نجام كۆماره‌كه له 23ی ته‌موزی1930دا ڕووخێنرا و له كۆتایی هه‌مان ساڵیش‌دا وشه‌ى (كورد) و(كوردستانى سۆڤييه‌تى) به فه‌رمی قه‌ده‌غه كرا. جێگه‌ى خۆيه‌تى كه بڵێین سیاسه‌تی میكیاڤیلییانهی میر جه‌عفه‌ر باقرۆڤ كوردانی ناو سنووری ئازه‌ربایجانی به‌ره‌و شاڵاوی توانه‌وه برد، به‌شێوه‌يه‌ك به‌پێى سه‌رژمێرى ساڵى 1975 يه‌ك كورد له ئازربايجاندا بوونى نيه!! بهوكارهشی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی كه‌مالیسته‌كانی كرد، به‌وشێوه‌یه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته پڕ ترس و تۆقێنه‌ره‌كه‌ی ستالین‌دا، كوردستانی سوور له‌نێوبرا.
فشاری توركه‌كان گه‌یشته ئاستێك، سۆڤیه‌تیه‌كان له ساڵی 1935دا ڕێگرییان له به‌ستنی كۆنفڕانسی كوردناسی له باكۆ كرد، دواتریش هه‌موو قوتابخانه و په‌یمانگا و دامه‌زراوه كلتوورییهكانى كورد له‌و وڵاته داخران. ئه‌و داخستنه به‌شێوه‌یه‌ك بوو تا ڕووخانی سۆڤیه‌ت ڕێگه نه‌درا كه ئه‌و جۆره كۆنفڕاسانه ببه‌سترێت. ته‌نانه‌ت به‌لشه‌فیه‌كان پێیانوابوو هه‌موو ئه‌و كۆنفڕانسانهی كوردناسی كه له ده‌ره‌وه به‌ستراون ده‌ستی ئیمپریالیزمیان له پشت بووه، به‌وهۆیه‌شه‌وه ڕێگه‌شیان به هیچ یه‌كێك له كاربه‌ده‌ستانی باڵای وڵات نه‌داوه كه به‌شداری كۆڕ و كۆنفڕانسه كوردییه‌كان بكه‌ن.
سۆڤێتییه‌كان له سه‌ره‌تادا ڕێگرییان ده‌كرد له ئاڵوگۆڕی بڵاوكراوه كوردییه‌كان، دواتر هه‌ستان به داخستنی ڕۆژنامه‌كانی (ڕێیا تازه)و (كوردستانی سۆڤیه‌ت)، ئه‌مه‌ی دواتریان به زمانی كوردی له شاری شوشیێ كه ده‌كه‌وێته نێو پارێزگای قه‌ره‌باغی چیایی ده‌رده‌چوو كه تيايدا پهيمانگاى كوردى بۆ ئاماده‌كردنى مامۆستایان كرابوويه‌وه، ڕاديۆش به زمانى كوردى په‌خش ئه‌كراو مناڵانى كورديش به زمانى دايك ده‌يانخوێند و بڵاوكراوه په‌روه‌رده‌يى و ئه‌ده‌بى و سياسيى و هۆنهرييهكانيش هه‌ر به كوردى ده‌رده‌چوون، هه‌روه‌ك داموده‌زگا ئيدارييهكانيش له چوارچێوه‌ى خۆبهڕێوهبهريدا كاره‌كانيان ڕاده‌په‌ڕاند، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه له كۆتايى ساڵی1929و سه‌ره‌تاى ساڵى 1930دا وه‌ستێنران.
دواتريش كه‌وتنه دوورخستنه‌وه‌ی نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی كورد به‌بیانووی هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیان یاخود په‌یوه‌ندییان به نوسه‌رانی كوردی ده‌ره‌وه، له‌وه‌ش زیاتر پێیان لێناو بواریان نه‌دا به هیچ یه‌كێك له چاپكراوه سۆڤێتییه‌كان كه بابه‌ت و وتار له‌سه‌ر كورد و ئه‌لفوبێی كوردی بڵاوبكه‌نه‌وه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین به‌رهه‌می زۆربه‌ی كوردناسه‌كانی سۆڤیه‌ت به‌رله‌وه‌ی زانستیانه و مێژوویی و بابه‌تیانه بن ئایدۆلۆژیانه و به‌مه‌به‌ست بووه، به‌گشتی سۆڤیه‌ت توانی بزووتنه‌وه‌ی كورد له په‌یوه‌ندی گرتنی به ڕۆژئاواوه داببڕێ و دووری بخاته‌وه، بێگومان هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش پێچه‌وانه‌ى خاڵى(1و2)ى به‌ندى سێيه‌مى په‌يماننامه‌ى جينۆسايده، كه تيايدا هاتووه:
1ـ قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی زمانی گرووپێك له ژیانی ڕۆژانه‌دا یاخود له خوێندنگاكاندا یاخود له چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌كان به زمانی گرووپه‌كه.
2ـ وێرانكردنی یاخود قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبخانه‌كان، مۆزه‌خانه‌كان، خوێندنگاكان، مۆنۆمێنته مێژووییه‌كان، شوێن ئاینی و كلتوورییه‌كانی تایبه‌ت به گرووپه‌كه.
چاره‌نووسی كوردانی سۆڤیه‌ت دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆماری كوردستانی سوور
پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كوردستانی سوور، هه‌ر ناوچه و شارێكی كوردستانیان به‌ناوی” دابه‌شكردنی سسته‌مێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێی ئازه‌ربایجان”ه‌وه، خسته سه‌ر ناوچه یان هه‌رێم و شاره‌كانی تری ئازه‌ربایجان. به‌م چه‌شنه ناوی كورد و كوردستان، یا به‌واتایه‌كی تر قه‌واره‌كه‌یان له فه‌رهه‌نگی سۆڤیه‌تی و ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌تیدا سڕییه‌وه، قوتابخانه و ڕۆژنامه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و، به‌گشتی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردیان نه‌هێشت و، دانیشتوانی كوردی كه‌وتنه به‌ر شاڵاوی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی جیاوازی ڕه‌گه‌زی و تواندنه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆریان له ترساندا ناو و ناسنامه و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان گۆڕی، به ئازه‌رى و كازاغى و نه‌ته‌وه‌كانى تر‌ى سۆڤيه‌ت بۆئه‌وه‌ی ده‌رنه‌كرێن، یان له‌ناو نه‌چن یان كار و ئیشی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن یان بتوانن بخوێنن و كاربكه‌ن و له نیشتمانه‌كه‌ی خۆیاندا بمێننه‌وه. ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر كورد به‌م چه‌شنه هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌به‌ر نه‌بوونی قه‌واره و بواری خوێندن توێندراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش واته بێ ده‌نگبوون و تواندنه‌وه‌یان.
كورده‌كانی سۆڤیه‌ت له كاره‌ساتی تریش نه‌پارێزراون، له‌پێناو نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى كورد له ناوچه‌كانى خۆيان پێش و له‌كاتی جه‌نگی دووه‌مى جیهانیدا به‌تایبه‌ت له ساڵی 1937و 1943و 1944دا به‌پێى بڕيارێكى ئه‌نجومه‌نى كۆميسيارانى گه‌ل بۆ كۆماره‌كانى يه‌كێتى سۆڤيه‌ت به كۆمه‌ڵ ڕاگوێزران بۆ كۆماره‌كانی تری سۆڤیه‌ت، بیانووشیان بۆ ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه ئه‌وه‌بوو” گوایه به‌ره‌ی قه‌فقاس، له‌به‌ر “كۆمه‌ڵانی گومان‌لێكراو” یان “بڕوا پێ نه‌كراو”، كه كوردیش خرابووه ئه‌و خانه‌یه‌وه( به به‌هانه‌ی ئاری بوون و هاوههستییان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانه‌كاندا یان هاوئاینییان له‌گه‌ڵ توركیادا)و، له‌به‌ر نزیكبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا و ئه‌ڵمانیا، ده‌بوو پاكبكرێنه‌وه و دوربخرێنه‌وه، نه‌وه‌ك به ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ یارمه‌تی ئه‌ڵمانه‌كان و توركه‌كان بده‌ن.
ئه‌وه‌بوو كورده‌كانیان له ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیاوه گواسته‌وه، زۆربه‌یان بۆ ئاسیای ناوه‌ڕاست و كازاخستان و ئۆزبه‌كستان و سیبریا. ئهوانهيان كه به‌ر شاڵاوى ڕاگواستنهكهى ساڵى 1944 كه‌وتن بۆ جۆرجيا ڕاگوێزران. گواستنهوهكهشیان به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه و بێ ئاگاداری پێشوه‌خت و به‌شه‌و بوو، به گه‌مارۆدانی گوند و شاره كوردنشینه‌كان و بردنیان به ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی بۆ ئێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و گواستنه‌وه‌یان به شه‌مه‌نده‌فه‌ری تایبه‌ت به ئاژه‌ڵ و بارهه‌ڵگر، به‌بێ ئه‌وه‌ی بهێڵن شتومه‌ك و پێویستی ناوماڵ و سامانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌ن. كاتی كۆكردنه‌وه و ناردن و له ڕێگا، ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌به‌ر ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی سوپای سووره‌وه گولله‌باران كران، یان خۆیان له شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان فڕێ داوه‌ته خواره‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆریشیان له ڕێگا و له‌به‌ر زۆرى سه‌رما و برسێتی و نه‌بوونی خواردن و… گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌تایبه‌ت به‌ساڵاچووان و منداڵان.
كاره‌ساتی ژیانی ئه‌و كورده ڕاگوێزراوانه له شوێنی نوێی نیشته‌جێبوونیان، به‌هۆی بارودۆخی نامرۆڤانه و ڕانههاتنهوه له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای به‌تایبه‌تی سیبریادا، ئه‌وانی ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره كرده‌وه، له تاراوگه و ئۆردووگا زۆره‌ملێكاندا، ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌ژێر كۆنترۆڵ ده‌زگاكانی پاراستنی سۆڤیه‌تدا بوون، گه‌شتكردنیان لێ قه‌ده‌غه‌كرابوو، هه‌روه‌ك پاسپۆرت و ناسنامه‌شیان لێوهرگیرابوویهوه.
ستالین ڕاسته‌وخۆ بڕیاری گولله‌بارانكردنی ده‌ستگیراوانی نه‌ده‌دا، پێویستی به هێزی كرێكار بوو، پێش مردنیان ده‌بوو كار بۆ كۆمه‌ڵگای سۆسیالیزم بكه‌ن، كوشتنی یهكجارهكییان كه‌ڵكێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو، ده‌بوو كێڵگه بكێڵن، ئاژه‌ڵ به‌خێو بكه‌ن، ڕێگه ڕابكێشن، بیابانه چۆڵه‌كان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه دواتر بمرن. بۆیه ده‌توانین بڵێین میتۆده‌كانی ستالین له هیتله‌ر و سه‌دام و ئه‌تاتورك ژیرانه‌تر بوون. به‌كورتی گولله‌باران كردن و برسیكردن و نه‌خۆشخستن و بێكاركردن و له سه‌رمادا سه‌رق بوونه‌وه و خۆكوژی و له خه‌م و ئازاردا مردن و سوكایه‌تیكردن به هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه، وه‌ك ناچاركردن به ڕه‌فتاركردن وه‌ك ئاژه‌ڵ، بگره تا ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر شه‌ره‌ف و نامووس و، ناو و نه‌ته‌وه و دابونه‌ریت گۆڕین و ده‌ركردن و داگیركردنی نیشتمان و گۆڕینی ناوی گوند و كانی و شاخ و هه‌رد و ڕووباری وڵات، گۆڕستانی مردووه‌كان خاپوو بكه‌ن و، سه‌ردانی كه‌سوكار و ناشتنی ته‌رمی مردووه‌كان، هه‌مووی مۆڵه‌تی ڕه‌سمی بێ و نێرینه‌كان بدزن و بێ سه‌روشوێنیان بكه‌ن.
بێ ده‌وڵه‌تی كورد وای له ستالین كرد نه‌ك هه‌ر كۆماری كوردستانی سوور هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و تراژیدیایانه به‌سه‌ر گه‌لی كورددا بهێنێت به‌تایبه‌تی ڕاگواستنی كوردانی ئه‌و وڵاته بۆ كۆماره‌كانی دیكه‌ی سۆڤیه‌ت. له ناوخۆدا گوێ به سكاڵاكانی كوردانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر خراپی ڕه‌وشی ژیانیان نه‌ده‌درا و له ده‌ره‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد ده‌وڵه‌تی نه‌بوو به‌وهۆیه‌شه‌وه نوێنه‌ری له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌بوو نه‌یده‌توانی ناڕه‌زایی دژی سیاسه‌ته‌كانی سۆڤیه‌ت دژی كوردانی ئه‌و وڵاته ده‌رببڕێت. به‌كورتی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه سه‌رانی سۆڤێت به‌رامبه‌ر به هاوڵاتیانی كوردی خۆیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گرتیانه‌به‌ر، به‌رامبه‌ر به هیچ گه‌لێكی دیكه به‌و چه‌شنه نامرۆڤانه و گڵاونهبووه. سه‌رانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و دواتریش ڕووسیا هه‌رگیز بواریان نه‌داوه به كورد ده‌ستی به هیچ پۆستێكی گه‌وره و بچووكی وڵات بگات، ئه‌م حاڵه‌ته له كۆماره‌كانی جۆرجیا و ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجانیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه بوو.
بارودۆخی كوردان دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت
هێشتا به ڕوونی نازانرێت دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت بۆچی كوردستانی سوور دروست نه‌كرایه‌وه، له‌كاتێكدا بازاڕی كارێكی له‌وجۆره گه‌رم بوو، به‌ڵام دیسانه‌وه كورد بوونه قوربانی، به‌وپێیه‌ی له دوای ساڵی 1990وه تارمایی ڕه‌وشێكی نوێ ئاسمانی ژیانی كوردی ته‌نی، ئیدی چه‌ندین كۆماری نوێ هاتنه‌كایه‌وه و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕووبه‌ڕووی سیاسه‌تێكی ڕهگهزپهرتانه بوونه‌وه.
به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت میلله‌ته كه‌مینه‌كانی ئه‌رمه‌نستان به‌تایبه‌تی كورد كه‌وتنه دۆخێكی خراپه‌وه، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ده‌ڕۆیشتن به‌ره‌و وڵاتانی خۆیان، به‌ڵام كورد بێچاره مانه‌وه، نه‌ژادپه‌رسته ئه‌رمه‌نه‌كان كاغه‌زیان ده‌نووسی و به ده‌رگای ماڵه كورده‌كاندا هه‌ڵیان ده‌واسی و ده‌یان ترساندن به‌وه‌ی ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ڕابكه‌ن. كوردانی مسوڵمان ده‌ستیان پێكرد و به‌ره‌به‌ره ڕۆیشتن و ماڵه‌كانیان به بڕێك پاره‌ى كه‌م به ئه‌رمه‌نه‌كان فرۆشت و ڕوویان له ڕووسیا و وڵاته مسوڵمانه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام كوردانی ئێزدی به‌بێ خاوه‌ن مانه‌وه و كه‌وتنه به‌ر زوڵم و سته‌م. ئه‌وه له‌كاتێكدا زۆربه‌ی كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و وڵاته مافه‌كانیان بۆ گه‌ڕێنرایه‌وه له‌كاتێكدا زۆرێك له‌و نه‌ته‌وانه خاوه‌نی خاك و نه‌ته‌وه نه‌بوون، به‌ته‌نها كورد نه‌بێ كه ئه‌و مافه‌شی پێ ڕهوانهبینرا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕووسیاش زۆرباش ئاگاداری كێشه‌ی كوردن له‌و وڵاته‌دا.
له‌وه‌ش زياتر له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردستانی سوور ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كوردانی ئه‌و ناوچه‌یه قوربانی یه‌كه‌می ململانێكانی نێوان ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجانن، ژماره‌یه‌كی زۆریان ئاواره‌ی ڕووسیا بوون، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار ئاواره‌ی ناوچه‌ی ناگورناقهرهباغ، نزیكه‌ی (180-200) هه‌زاریان كوردن.
ئه‌مڕۆ كورده‌كانی قه‌وقاز دابه‌شبوون به‌سه‌ر وڵاتانی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا و جۆرجیا و كازاغستان و چیچان و ڕووسیادا، سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ژیانی ئه‌و كوردانه زینهیده كه یه‌كێكه له‌و ئافره‌ته كوردانه‌ی كه له ئازه‌ربایجان ده‌ژی ده‌ڵێت:” سیاسه‌تی خراپی ستالین و توركه‌كان وایانكرد كورد په‌رته‌وازه ببێت و كۆماره‌كه‌ی له ساڵی 1930دا له‌ناوبچێت”. زینهیده له درێژه‌دا ده‌ڵێت:” كورده‌كان له‌لایه‌ن تورك و ئازهرییهكانهوه به‌چاوێكی كه‌م ته‌ماشا ده‌كرێن، سیاسه‌تی شكاندنی كورد و ناوهێنانیان به دواكه‌وتوو نه‌خوێنده‌وار و چیایی وایكردبوو كورده‌كانی ئازه‌ربایجان شه‌رم له كوردبوونی خۆیان بكه‌نه‌وه، هه‌میشه سیاسه‌تێك هه‌بووه بۆئه‌وه‌ی كورد نه‌خوێنن و به خه‌ڵكێكی نه‌خوێنده‌وار ناوببرێن”. تا ئه‌م ساڵانه‌ى كۆتايش تاكه يه‌ك خوێندنگاى كوردى و سه‌نته‌رێكى ڕۆشنبيرى كوردى له ئازه‌ربايجاندا نه‌بوو، كوردانى توركمانستانيش هه‌مان چاره‌نووس بوونه‌وه، ئه‌وه له‌كاتێكدا به‌پێى هه‌ندێك سه‌رژمێرى له بيسته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا نزيكه‌ى (20)هه‌زار كورد له‌و وڵاته ده‌ژيان.
سه‌رچاوه‌كان
1ـ د.ئه‌فراسياو هه‌ورامى: كوردستانى پشت قه‌فقاس، دۆسيه‌ى تاوانه‌كانى ڕ‌ژێمى سۆڤيه‌ت به‌رامبه‌ر به كورده‌كانى ئه‌م وڵاته، بنكه‌ى ژين، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى، 2006.
2ـ پ.ى. ئهڤير يانۆڤ: كورد له جه‌نگى ڕووسيا له‌گه‌ڵ ئێران و توركيا، بارودۆخى سياسى كوردى توركيا و ئێران و ڕووسيا، و.د.ئه‌فراسياو هه‌ورامى، له بڵاوكراوه‌كانى مه‌كته‌بى بيرو هۆشيارى، سلێمانى، سلێمانى، 2004.
3ـ فاتيح ڕه‌سوڵ: بنچينهى مێژووى بيرۆكه‌ى چه‌پ له كوردستان، چ2، سلێمانى، 2004.
4ـ د.كوردۆ عه‌لى: سۆڤيه‌ت و بزووتنه‌وه‌ى نيشتمانيى كورد، چ2، ده‌زگاى چاپ و په‌خشى حه‌مدى، 2009.
5ـ د.كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د: كوردستان له ساڵه‌كانى شه‌ڕى يه‌كه‌مى جيهانيدا، چاپخانه‌ى كۆڕى زانيارى كورد، به‌غداد، 1975.
6ـ كریستینا كۆیڤۆنهن: جه‌نگی شاراوه له باكووری كوردستان، وه‌رگێڕانی. د.یاسین سه‌رده‌شتی، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕوون، سلێمانی، 2011.
7ـ حه‌سه‌ن گۆران: ديوانى تاهيربه‌گى جاف، چ1، سنندج، 1381شه‌مسى.
8ـ كاكشار نۆرمار: ڕه‌وشى كوردى ئه‌رمه‌نستان له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ، و.دلاوه‌ر عوسمان، ڕۆژنامه‌ى كوردستانى نوێ، ژماره(6890)،5و6/2/2016.
9ـ م.ا.ههسراتيان: كورد الاتحاد السوڤيتى، ت.جبار قادر، گۆڤارى ئه‌كاديمياى كوردى، ژ(25)، 2013.
10ـ ژنه كوردێكى ئازربايجان: له كوردبوونى خۆمان شه‌رممان ده‌كرد، سايتى ئاوێنه،
https//m.facebook.com/story.php?storyـfbid=1333643533322407&id=192698790750226