ئیسلام و كۆیلایه‌تيی
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسلاميی هه‌ر له سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كان و عه‌باسیه‌كانه‌وه تا كۆتا ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان، نه‌ك هه‌ر كاریان نه‌كردوه بۆ ڕیشه‌كێشكردنی كۆيلایهيتی، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی كرده‌یی وه‌كو نه‌رێتی ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌لانی سه‌رده‌می خۆیان، برەویان به كۆیلایه‌تیی و كه‌نیزه‌ك داوه،
نازم عەبدوڵڵا
لەدایكبووی 1963.
ماستەر لە فیكری ئیسلامیی.
له كاتێكدا كه ئیسلام هات، كۆیلایه‌تی سیسته‌مێكی جێگیر و عورفێكی نه‌گۆڕی مەترسیداری نێو ده‌وڵه‌ت بوو، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و هاوه‌ڵه‌كانی وه‌كو نه‌خۆشیه‌ك به ناچاری له‌به‌ر ئه‌و سیسته‌م و عورفه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی هه‌بوون به گشتیی و له‌نێو دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا به تایبه‌تی كه كۆیله‌كان به ئه‌ندازه‌ی نیوه‌ی خه‌ڵكه ئازاده‌كه مه‌زه‌نده ده‌كران، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوه، له‌وحاڵه‌ته ناچاریهشدا، وه‌كو بوخاری له فه‌رموده‌ی ژماره (4403) ده‌گێڕێته‌وه، كه پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و ڕێنمایی داوه، بۆ یهكسانكردنیان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانیاندا، وه‌كو: له خواردن و خواردنه‌وه و جلوبه‌رگدا، هەروەها نابێت كارێكیان پێ بكه‌ن كه له توانایاندا نه‌بێت، نابێت ده‌سته‌واژه‌ی كاره‌كه‌ر و خزمه‌تكاریان بۆ به‌كاربهێنرێت، بۆئه‌وه‌ی تا ئه‌وكاته‌ی ئازاد ده‌بن هه‌ست به كۆیلایه‌تی نه‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی كۆمه‌ڵێك بنەمای گرنگی له ناو موسڵماناندا داناوه بۆ ڕیشه‌كێشكردنی كۆیلایه‌تی، بۆ ڕاستی ئه‌م قسه‌یه‌ش له قورئان و سوننه‌تدا هیچ پرەنسیپ و بنه‌مایه‌ك نییه له سه‌ر شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌ی كۆیلایه‌تی، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه له قورئان و فه‌رموده‌كاندا، چه‌ندین بنه‌مای دامه‌زراو و كارپێكراو هه‌یه بۆ له‌ناوبردنی كۆیلایه‌تی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆیلایه‌تی په‌یوه‌ندی به غه‌یری موسڵمانان و باو و نه‌رێتی ئه‌وكاته‌ی گه‌لانی دونیاوه هه‌بوه، له‌ناوبردنی ته‌نها و تایبه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی موسڵماناندا نه‌بوه، تا به هاوشێوه‌ی: زینا، یان دزی، یان سووخواردن، یان كوشتن، به ده‌قێكی قورئان، یان فه‌رموده‌یه‌كی ڕاشكاوی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ربێت) قه‌ده‌غه بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌ری له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به گشتیی و كۆمه‌ڵگای موسڵمانان به تایبه‌تی شێواندوه، كهقهناعهتیان وایه كۆیلایه‌تی به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه سیسته‌مێكی ڕێگه پێدراوه له ئیسلامدا، ئەمەش لە دوو ئاراستەوە سەرچاوەی گرتوە:
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسلاميی هه‌ر له سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كان و عه‌باسیه‌كانه‌وه تا كۆتا ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان، نه‌ك هه‌ر كاریان نه‌كردوه بۆ ڕیشه‌كێشكردنی جۆره‌كانی كۆيلایهيتی، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی كرده‌یی وه‌كو هه‌موو باو و نه‌رێتی ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌لانی سه‌رده‌می خۆیان، برەویان به كۆیلایه‌تیی و كه‌نیزه‌ك داوه، بنه‌مایه‌كی گرنگی كاری سه‌ربازی و ئابوریان بووه، تاكه شتێك كه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆیله‌دا موسڵمانانی جودا كردۆته‌وه له گه‌ڵانی تر، به سودوه‌رگرتن له ڕێنماییه‌كانی قورئان و فه‌رموده،به ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤانه‌ی یه‌كه یه‌كه‌ی موسڵمانان بووه له‌گه‌ڵ كۆیله‌كاندا.
دوه‌م: فیقهی ئیسلامیی كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆچونی شاره‌زایانی هه‌ر چوار مه‌زهه‌به باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی ئه‌هلی سوننه و مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری شیعه‌كانه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی مێژووی سیاسیی و حوكمڕانی موسڵمانانه ،كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچیه‌وه، واته سه‌ره‌تای حوكمڕانی ئومه‌ویه‌كان، ده‌ستپێده‌كات تا حوكمڕانی سوڵتانی عوسمانییه‌كان، كه رهسهناندنی” تأصیل” سیسته‌می كۆیلایه‌تییه له ڕووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ئه‌م فیقهه تا ئێستاش له جیهانی ئیسلامی‌دا، وه‌كو ده‌قی پیرۆزی شه‌رعی و ئایینی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، نه‌ك وه‌كو كه‌له‌پورێك و پێویستی بهبژاركردن و پیاچونه‌وه هه‌بێت، بۆیه ئێسا ئه‌گه‌ر پرسیار له‌هه‌ر موسڵمانێك بكه‌یت مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن قه‌ناعه‌تیان وایه: كه كۆیله و كه‌نیزه‌ك له ئیسلامدا بنه‌مایه‌كی شه‌رعی هه‌یه، به‌ڵام موماره‌سه‌كردن و پیادهكرنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وكاته‌ی كه گه‌وره‌ی موسڵمانان (خه‌لیفه) به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی تیادا ڕه‌چاوده‌كات.
بۆیه تهتهڵەی فیقهـ و كه‌له‌پور و مێژووی ئیسلامیی یه‌ك ڕه‌هه‌ندی نییه، به‌ڵكو ده‌بێت بیرمه‌ندان و شاره‌زایانی بواری هزر و فیقهی ئیسلامیی له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ست بهڕاستكردنهوهی ئه‌و هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنه بكه‌ن، به جۆرێك له هه‌موو ڕووه‌كانی: سیاسیی و فیكریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ئیسلامی ڕاسته‌قینه له خڵته و پۆخڵه‌واتی مێژوو و واقیعه سیاسیی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سه‌ده‌كانی ڕابردو پاكبكه‌نه‌وه، ده‌بێت ئێمه ئه‌و تێگه‌یشتنه لاره ڕاست بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له ئایه‌تێكی قورئان تێبگه‌ین بگه‌ڕێین به دوای بارودۆخی سیاسیی، ئابوریی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و باری مرۆڤایه‌تی ئه‌وكاته به‌وشێوه‌یه ڕاڤه‌ی بكه‌ین، بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی بڵێین ئیسلام له دۆڵێكهو، موسڵمانان و مێژووی ئیسلامیش له دۆڵێكی تره.
لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم وه‌كو بنه‌مایه‌ك ئاماژه به هه‌ندێك له ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ت بكه‌م ده‌رباره‌ی ڕێزگرتن له مرۆڤ و وشككردنی سه‌رچاوه‌ی كۆیلایه‌تی، كه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و سیسته‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی قورئان و جه‌وهه‌ری ئیسلامدا یه‌ك ناگرێته‌وه، بۆیه وه‌كو (د. مستەفا زه‌ڵمی) ده‌ڵێت “ئیسلام ده‌رگای كۆیلایه‌تیی ته‌سك كردۆته‌وه و ڕێگاكانی لێدهرچونیشی فرهوانكردوه”.
خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێت (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) الاسرا‌ء70 یان ده‌فه‌رموێت (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبياء:107 ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م دوو ده‌قه قورئانیه بیڵێم ئه‌وه‌یه: ئایا چه‌ندە له‌گه‌ڵ ڕێزی مرۆڤ و ڕه‌حمه‌تدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه كه ئیسلام دان به سیسته‌می كۆیلایه‌تیدا بنێت، به جۆرێك كه مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌هه‌ر بیانویه‌كه‌وه بێت مرۆڤه بێدهسهڵاتهكان بكه‌ن به كۆیله، وه‌كو ئاژه‌ڵ مامه‌ڵه و كڕین و فرۆشتنیان پێوه بكه‌ن؟ كه ڕۆژێك له ڕۆژان كه‌سێك به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت له بازاڕی كۆیله‌كان كه‌نیزه‌كێك ده‌كڕێت و دوای چه‌ندین ساڵ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م كه‌نیزه‌كه خوشكی یان دایكیه‌تی!
موسڵمانه‌كان پێیان خۆش بێت یان نا، ده‌بێت هه‌ندێك هه‌نگاو هه‌یه بیگرنه به‌ر بۆ ئازادكردنی كۆیله‌كان.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك به هه‌ڵه كه‌سێكی كوشت، ئه‌وه جگه له مافی كه‌سوكاری كوژراوه‌كه، ئازادكردنی كۆیله‌یه‌ك ده‌بێته هۆی سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ی، وه‌كو خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێت: (وَمَن قَتَلَ مُۆْمِنًا خَطَئًا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مُّۆْمِنَةٍ وَدِيَةٌ مُّسَلَّمَةٌ إِلَى أَهْلِهِ إِلاَّ أَن يَصَّدَّقُواْ) النساء: 92.
كه‌فاره‌تی سوێندی به درۆ وه‌كو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: (لَا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَٰكِنْ يُؤَاخِذُكُمْ بِمَا عَقَّدْتُمُ الْأَيْمَانَ ۖ فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ ۖ) المائدة:89.
یان كه‌سێك به خێزانه‌كه‌ی بڵێت وه‌كو دایكم وایت (وَالَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِنْ نِسَائِهِمْ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا قَالُوا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ يَتَمَاسَّا ۚ ذَٰلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ ۚ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ) المجادلة 3.
یان نزیكبوونه‌وه‌ی ژن و مێرد له مانگی ڕه‌مه‌زاندا ببێته هۆی ڕۆژوشكاندن، وه‌كو له فه‌رموده‌یه‌كدا كه ئیمامی بوخاری و موسلیم دهیگێڕێنهوه: ئازادكردنی به‌نده‌یه‌كه.
ئه‌وانه‌ی پێش ئیسلام به هۆی كوشتن، دزی، ڕێگری و تاوانی جۆراوجۆره‌وه ده‌كران به كۆیله، ئیسلام هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، له جێگه‌ی ئه‌وانه تۆڵه‌ی بۆ هەموو تاوانێك له‌و تاوانانه دانا.
به گژداچونه‌وه‌ی تاڵانی و هه‌ڵكوتانه سه‌رخه‌ڵك و گرتنی خه‌ڵكی له شه‌ڕ و جه‌نگدا، پاشان وه‌كو كۆیله كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌بكات، وه‌كو له فه‌رموده‌یه‌كدا كه ئیمامی بوخاری گێڕاویه‌تیه‌وه، پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سەر بێت) ده‌فه‌رموێت: له ڕۆژی قیامه‌تدا من به‌رانبه‌ر له سێ جۆره كه‌س ده‌گرم و داواكارم له‌سه‌ریان، یه‌كێك له‌وانه: (كه‌سێك كه‌سێكی ئازاد بفرۆشێت و پارەكه‌ی بخوات).
له‌م سه‌رده‌مه‌شدا جیهان به گشتیی له دوو كۆنگره‌ی جیا جیادا هاوڕایه له‌سه‌ر به‌گژداچوونه‌وه‌ی كۆیلایه‌تیی، كۆنگره‌ی یه‌كه‌م له ساڵی 1948، كه جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی لێكهوتهوه، له ماده‌ی4 به ڕاشكاوی ئاماژه‌ی پێداوه، ئه‌م بڕیاره مرۆڤ دۆستانانه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه، كه وه‌رگرتنی بیرۆكه و هه‌ڵوێست و كاری چاكه له هه‌ر كه‌سێكه‌وه بێت، هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كاتێك چووه مه‌دینه بینی به‌بۆنه‌ی ڕزگاربوونی مو‌سا و گه‌له‌كه‌یه‌وه له‌ده‌ست فیرعه‌ون، جوله‌كه‌كان له ده‌ی موحه‌ڕه‌مدا به‌ڕۆژوده‌بن، فه‌رموی ئێمه نزیكترین له مو‌سا، بۆیه پێغه‌مبه‌ریش (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) تیایدا بهڕۆژوبووه، وه‌كو ئیبنولقه‌ییم له كتێبی (الطرق الحكمیة ص14) دا ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر ڕووی گه‌شی دادگه‌ری به هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت ئه‌وه شه‌رع و دینی خوا له‌وێیه”. ئیسلام سروشتی وایه پڕۆژه و پلانی باش و خزمه‌تكردن به مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه بێت وه‌ری ده‌گرێت، وه‌كو قورئان ئه‌فه‌رموێت: (فَبَشِّرْ عِبَادِیالَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ وَأُولَئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ)الزمر18
دووه‌م كۆنگره‌ی جیهانی ئیسلامیی له ساڵی (1990) بۆ مافه‌كانی مرۆڤ كه ڕای بیرمه‌ندان و زانایانی جیهانی ئیسلامییه و ماده‌كانی پشت ئه‌ستوره به ده‌قه‌كانی قورئان و سوننه‌ت، به‌ڕاشكاوی له ماده‌ی11 ئاماژه‌ی به قه‌ده‌غه‌كردنی كۆیلایه‌تی كردوه، هه‌موو ئه‌و خاڵ و ئاماژانه‌ی باسمان لێوه‌كرد، پێمان ده‌ڵێن هیچ گروپ و تاقمێك بۆی نییه به ناوی ئیسلامه‌وه خه‌ڵكێكی تر بكات به كۆیله و كه‌نیزه‌ك، ئه‌گه‌ر بیشیكات ئه‌وه تاوانی گه‌وره‌ی به‌ناوی ئیسلامه‌وه به‌رانبه‌ر به مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام داوه و ئیسلام له‌و جۆره كارانه به‌ریه.