مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی
كاتێ ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه زۆری تاساندم‌و تا راده‌یه‌كی باشیش تووشی شۆك‌و سه‌رسامی بووم، نوسینه‌كه به‌زمانێكی نهرمو دۆستانه نووسراوه، به‌ڵام زۆربه‌ی زانیاری‌و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی دژ به كورد‌و مێژووه‌كه‌ی ده‌دوێت.
ناونیشانی كتابه‌كه (الأكراد والنّبی دراسه فی تأریخ الأكراد وجغرافیتهم) نوسه‌ره‌كه‌شی ناوی (أ.د. محمد به‌هجه‌ت قه‌بیسیه) كه پسپۆڕی زمانی عهرهبیو له‌هجه عروبیه‌كان‌و مێژووی كۆنه‌و، له ساڵی 1940 له دایك بووه‌و به ره‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و خه‌ڵكی سوریه، له‌هه‌ر سێ زانكۆی (حه‌له‌ب، تشرین، قاهیره)ش، وه‌ك مامۆستا وانه‌ی گۆتووته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره پێی وایه به به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنته مێژووییه‌كان له‌باره‌ی كورد‌و كوردستانه‌وه نوسیویه‌تی، ده‌یه‌وێ بڵێ كورد هه‌ڵقوڵاوی لای ئیراننو میوانی ئه‌م خاكه‌ن كه‌ناویان لێ ناوه (كوردستان)، باسی كورد‌و مێژووی كورد دهكاو پێی وایه كورد خاك‌و ناو و نه‌خشه‌ی نه‌بووه، بهگشتیو به‌درێژی كۆمه‌ڵێك پرسی له‌و باره‌وه تاوتوێ كردووه، كه‌چی زۆربه‌ی زانیاری‌و ئاماژه‌كانی له‌باره‌ی مێژووی كورده‌وه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زانیاریه مێژوویانهن، كه له كتێبی (كورد‌و كوردستانی د. كه‌مال مه‌زهه‌ر) و (خولاصه‌ی تاریخی كورد‌و كوردستانی محمد ئه‌مین زه‌كی به‌گ)و ته‌نانه‌ت (شه‌ره‌فنامه_ی هه‌ژاری موكریانی) هاتووه، كه باس له به‌شێكی تیره‌و هۆزه كوردیه‌كان ده‌كات.
ئه‌و ده‌ڵێ مێژووی كورد ته‌مومژاویه‌و تا لێی بچیته پێشه‌وه قوڕه‌كه‌ی خه‌ستتر ده‌بێت، بۆیه ئه‌و كتابهم نووسیوه تا ئه‌و هه‌ڵه گه‌ورانه راست بكه‌مه‌وه‌و كوردیش بزانێ بناغه‌كه‌ی چیه‌و چۆنه‌و كهیو له‌كوێوه هاتووه.
جاری هه‌ر زوو ده‌ڵێ: چه‌مكی (كورد) له‌بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیه‌و ئه‌سڵه‌كه‌ی (كرد) كه به‌مانای (دوورخرا، ده‌ركرا) دێت، به‌ڵام دواتر بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كه بكوردێندرێت (واو)ێكیان بۆ زیاد كردووه‌و بۆته (كورد)، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ره‌خنه له پارێزگای دیمه‌شق ده‌گرێ كاتێ ناوی كه‌سایه‌تیه‌كی كورد ( محمد علی) سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی زمانی عه‌ره‌بی_ سوری، له یه‌كێ له‌شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره ناوه‌و نوسراوه (شه‌قامی محمد كورد عه‌لی)، ئه‌مه‌ش به چه‌واشه‌كاری و نهزانیهكی گه‌وره به‌رامبه‌ر به كیان‌و ئۆممه‌ی عه‌ره‌بی داده‌نێت.
سه‌باره‌ت به ناوی كوردستانیشه‌وه ده‌ڵێ: ناوی (كوردستان) كه مه‌به‌ست لێی ئه‌و جه‌زیره نیمچه سێگۆشه‌یه، كه‌وتۆته نێوان ئیران‌و عیراق‌و توركیا‌و ئێستا كورد به مه‌مله‌كه‌تی خۆی ده‌زانن، ناوێكی نوێیه‌و له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه له‌لایه‌ن رۆژئاوا‌و رۆژههڵاتناسهكانهوه به ئامانجگه‌لێكی سیاسی به باڵای ئه‌و ناوچه بڕاوه، وه وشه‌ی (ستان)یشی (كه به‌مانای خاك دێت) بۆ زیاد كراوه، هه‌ر وه‌كو بۆ (پاكستان‌و ئهفغانستانو داغستانو تاجكستان) دایانتاشیوه.
ئه‌و پێی وایه: كوردستان له بنه‌ڕه‌تدا خاكی عه‌ره‌به‌و فڕی كوردانی به‌سه‌ره‌وه نه‌بووه، ده‌ڵێ: له‌سه‌ده‌ی دوانزهمهوه شوێن‌و مه‌مله‌كه‌تی كوردان له شاری (ره‌ی) كه چوار كیلۆمه‌تر له‌شاری تارانه‌وه دوور بووه‌و، ئێستا بۆته گه‌ڕه‌كێك له‌و پایه‌ته‌خته، ده‌ست پێ ده‌كا تا ده‌گاته شاری حه‌لوان، ئه‌مه‌ش به پێی نه‌خشه‌ی (ئیبن حه‌وقه‌ل) له كتێبی (صوره اڵارچ) به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر هێناوه، دواتر به‌هۆی ململانێ‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی نێوان سهفهویو عوسمانیه‌كان، كورد له‌وێ ههڵاتوونو له هه‌ولێر نیشته‌جێ بوون‌و (سوڵتان سه‌لیم قانونی)ش خیوه‌تگایه‌كی له سنوری ئێستای پارێزگای سلێمانی دامه‌زراندووه‌و ماونه‌ته‌وه، ئینجا به‌هۆی ئاڵۆزی‌و شه‌ڕو شڵه‌ژانی بارودۆخه‌كه دوورخراونه‌ته‌وه ناوچه‌ی عه‌فرین تا سوڕاوه‌ته‌وه نزیك سنووری لیبیا، پێشی وایه كورد له ناوه‌راستی ساڵانی 1508و 1623 هاتوونه‌ته كوردستانه‌وه نه‌ك پێشتر.
ئه‌و به‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیه‌تی خاكی كوردستان به‌وه دێنێته‌وه، كه به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان هه‌ردوو تیره‌ی (بن‌و ربیعه)و (بن‌و عقیل) له شمالی عیراق ژیاون‌و (بن‌و مضر)یش له شاری رقه بووه، كه ئه‌مانه به نه‌وه‌ی (عه‌دنان) دادهندرێنو ئه‌میشیان باپیره‌ی گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه، به تێگه‌یشتنی ئه‌و ئه‌وه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان موڵكی عه‌ره‌ب بووه نه‌ك كورد.
له‌باره‌ی زمانی كوردیشه‌وه ده‌ڵێ: زمانی كوردی به یه‌كێ له له‌هجه ئیرانیه‌كان داده‌ندرێ، وه‌كو زمانی ئه‌فغانی له فارسیه‌وه نزیكه، له‌وه‌ش پتر ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر وانیه! وێنه‌ی یه‌ك تابلۆ یان یه‌ك نووسینی كوردیمان پیشان بده‌ن، كه ئاماژه به‌وه بكات ئه‌و خاكه كوردستانه‌و مه‌مله‌كه‌تی كوردانه!؟ با ئێمه هه‌زاران نووسین‌و به‌ڵگه‌و تابلۆی خۆمان ره‌ش كه‌ینه‌وه له‌و خاكه‌دا.
ئه‌و پێی وایه ناوی شاره‌كان زۆربه‌ی عهرهبینو كورد به كوردیان ده‌زانێ، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه كه رژێمی سوریا هیچ هه‌وڵێكی دابێ بۆ سڕینه‌وه یان گۆڕینی ناوی شاره كوردیه‌كان، ئه‌و ده‌ڵێ: عه‌فرین ناوێكی عه‌ره‌بیه‌و مانای خۆی هه‌یه له زمانی عه‌ربیدا سوپاس بۆ خوا نه‌یانتوانیوه بیگۆڕن، به‌ڵام هه‌ردوو شاره‌كه‌ی تر گۆڕدراون، به‌نمونه (قامشلی) وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیه (قامش) به‌مانای (جمع) دێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی لێ كۆبونه‌ته‌وه ئه‌و ناوه‌ی هه‌ڵگرتووه، (لی) پاشگرێكی له‌هجه‌ی (یه‌مانیه) نه‌ك توركی، ئه‌و ناوه له ئێستا كراوه‌ته (قامیشلۆ)و كورداندیتیان، هه‌روه‌ها كۆبانی له بنه‌ڕه‌تدا (عین العرب)ه ئه‌ویش هه‌ر عه‌ره‌بیه، پێی وایه جێگه‌ی پێكه‌نینه كه ناوی ده‌به‌ن به كۆبانی، له‌هه‌مان كات ده‌ڵێ: كاره‌ساته ئه‌و ناوچه‌یه كه كورد به‌هی خۆی دهزانێو تورك توركاندویهتیو له ئه‌سڵیشدا موڵكی عه‌ره‌به، توركیا ناوی گۆڕیوه بۆ (كۆبانی)، بۆ ئه‌وه‌ی مۆركی خۆی پێوه بلكێنێ، وه‌ك چۆن شامئهلی كردۆته زهنجیرلی، ره‌های كردۆته ئۆرفه، هتد..
ئه‌و دكتۆره دێته سه‌ر شاره كوردستانیه‌كانیش ده‌ڵێ: كه‌ركوك له (كرك)وه هاتووه، كه به‌مانای هێزو توانا دێ، (اربیل) وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیه‌و به‌مانای خۆشه‌ویستی خوا دێت، دهوك له (ده‌ك)وه هاتووه، كه مانای شكاو ده‌به‌خشێت، سلێمانی نیسبه‌ته بۆ مه‌لیك سلێمانی قانونی، كه یه‌كه‌م جار خیوه‌تگای بۆ كوردان كرده‌وه، پێشی وایه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی روونه له‌وه‌ی ئه‌م خاكه له بنه‌ڕه‌تدا موڵكی عه‌ره‌به‌و، كورد وه‌ك میوانێك لێی داكوتاوه.
له‌و كتابه‌دا ته‌نها باس له شار‌و شوێن ناكا، به‌ڵكو دێته سه‌ر رهمزو كه‌سایه‌تی‌و به‌شێكی تیره‌و بنه‌ماڵه گه‌وره‌كانی كوردیش، بۆ نمونه ئه‌و ده‌ڵێ: سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییوبی عه‌ره‌به‌و به‌ڵگه‌ش هه‌یه كه ئه‌و سه‌ركرده‌یه خۆی گوتویه‌تی: نه‌سه‌بی من عه‌ره‌بیه،، وێڕای ئه‌مه‌ش مولحهقێكی به كتابه‌كه‌وه ناوه، كه باس له‌وه ده‌كات بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ییوبیه‌كان (كه بنه‌ماڵه‌ی سه‌لاحه‌دینی سه‌ركرده‌یه) نه‌سه‌بی خۆیان ده‌رخستووه‌و عه‌ره‌بن، ده‌شڵێ: هه‌موو مێژووناسان ئه‌و راستیه‌یان گوتووه جگه له مه‌سعوودی نه‌بێ، به‌ڵگه‌یه‌كی تریش به‌وه دێنێته‌وه، كاتێ سه‌لاحه‌دین ده‌چێته حه‌له‌ب مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی ده‌گۆڕێت بۆ مه‌زهه‌بی شافعی، چونكه له حه‌نه‌فی مه‌رج نیه حاكم عه‌ره‌ب بێ، به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌زهه‌بی شافعی كه پێی وایه ده‌بێ حاكم‌و خه‌لیفه عه‌ره‌ب بن.
له‌به‌شێكی تری نووسینه‌كه‌ی ده‌ڵێ: زۆرێك له تیره‌كان ئێستا بۆیان ده‌ركه‌وتووه ره‌چه‌ڵه‌كیان عه‌ره‌به نه‌ك كورد، تیره‌كانی (شێخان، كیتكان، خهلجان، حه‌مدانی، شیشكلی) به نمونه دێنێته‌وه‌و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك له عهروبهتیان ده‌خاته روو، خاڵێكی تر له‌و خاڵانه‌ی ئه‌و كتابه قسه‌ی له‌باره‌وه كردووه، ئه‌وه‌یه كه پێی وایه مێژوو نووسی كورد (محمد ئه‌مین زه‌كی به‌گ) له نووسینه‌وه‌ی مێژووی كوردان زۆر به هه‌ڵه داچووهو زانیاری هه‌ڵه‌شی كۆكردۆته‌وه، نمونه‌ش به عه‌شیره‌ته‌كانی (لولو، جوتی، خالدی، سوباری، حوری) دێنێته‌وه، كه محمد ئه‌مین زه‌كی به تیره‌ی كوردیان ده‌زانێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئه‌مانه عه‌ره‌بن‌و ره‌بتیان به كورده‌وه نیه. بۆیه ده‌ڵێ: تكا ده‌كه‌م بۆ كتێبی (الاكراد الصادر)ی (دافید ماكدویل) بگه‌ڕێنه‌وه، كه مێژووێكی راست‌و دروسته، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كۆن، كه هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه‌و ته‌نها نه‌قل كراوه‌و ته‌دقیق نه‌كراون.
نمونه‌یه‌كی تر به هه‌ریه‌ك له (احمد شه‌وقی، عبدۆ شیخۆ، هۆلۆ پاشا، محمد علی پاشا) دێنێته‌وه‌و، به‌قسه‌ی خۆی له ده‌می خۆیان‌و به پێی به‌ڵگه‌كان، ئه‌وانه خۆیان به عه‌ره‌ب داناوه نه‌ك كورد.
لایه‌نێكی تری نووسینه‌كه دێته سه‌ر په‌یوه‌ندی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به كورده‌وه، كه ئه‌و بۆچوونی هه‌موو ئه‌وانه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه ده‌ڵێن پێغه‌مبه‌ر (محمد‌و ئیبراهیم_ سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت) كورد بوونه.
ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره فكرانه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه به‌هه‌ڵه حاڵی بوون، چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به (علم الدلاله)ی زمانه‌وانی هه‌یه، مه‌سه‌له لێره‌یه: وشه‌ی كورد له بنه‌ڕه‌تدا (كرد) كه به‌مانای ده‌ركردن‌و دوور خستنه‌وه دێت، پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم (كرد) كراوه، واته له (ئه‌ور)ه‌وه ده‌كراوه بۆ (حیران) له‌وێشه‌وه بۆ (میسڕ)و له‌وێشه‌وه بۆ (مه‌ككه)، هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له (مه‌ككه)وه دهكراو دوور خرایه‌وه بۆ (مه‌دینه)، ئه‌وه‌یه تیكهڵاویهكه، كاتێ ئه‌و دوو پێغه‌مبه‌ره له شوێنی خۆیان دهكراونو (كرد) كراون مانای وانیه كوردن! ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی (كرد) ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه به‌مانای ئه‌وه دێت كه دوور خراونه‌ته‌وه، ئه‌ی ئه‌وه نیه ئێوه‌ش له خواری تارانه‌وه (كرد) كراون، واته ده‌ركراون‌و دواتر وشه‌كه كوردێندراوهو كراوه به (كورد).سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه باس له‌وه ده‌كا، كه ئه‌وان وه‌كو عه‌ره‌ب نابێ فه‌زڵی كورد له بیر بكه‌ن، كه له سه‌ده‌ی دوانزه‌و سێزدهمهوه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا دژ به ته‌تار وهستانو قاره‌مانی هه‌ردوو شه‌ڕی (حهتینو عه‌ین جالوت) بوون، دهشخوازێ كورد بیر له برایهتیو پێكه‌وه‌ژیان بكه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب، نه‌ك به‌لای بیر‌و هه‌وڵی ده‌وڵه‌تی كوردی بڕۆن.
ده‌شڵێ: ببورن كه ئێمه بانگه‌شه‌ی عروبه‌ت ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌و دروشمه یه‌كبوونی نێوان عه‌ره‌بی موسڵمان‌و مه‌سیحی پته‌و ده‌كا، كه شه‌ریكی ئێمه‌ن له زه‌ویدا، به‌تایبه‌ت ئه‌و خاكه‌ی ئێستا به كوردستان ناسراوه‌و هی عه‌ره‌بی موسڵمان‌و عه‌ره‌بی سریانی بووه.
پێی وایه شۆرشه‌كانی كورد بۆ ئه‌وه بوونه كوردیزانان له شوێنێك كۆبكه‌نه‌وه، ده‌ڵێ: له‌و چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوو كورد هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی دا، به‌ڵام فه‌شه‌لی هێناوه، نمونه‌ش به شۆڕشی (عه‌بدولره‌حمان پاشا)و شۆڕشی (شێخ سه‌عیدی پیران)و هه‌وڵه‌كان بۆ جێبه‌جێ كردنی په‌یمانی (سیڤه‌ر) دێنێته‌وه، ده‌شڵێ دواجار ئه‌تاتورك په‌یمانی (سیڤه‌ر)ی تێك شكاند‌و (لۆزان)ی هێنایه پێشه‌وه‌و داواكاری سه‌ربه‌خۆی له‌بیر كوردان برده‌وه، زیاتر ده‌ڵێ: دان به‌وه ده‌نێین عه‌ره‌بی سوریا له‌و كاته‌ی گوێی له ده‌نگۆی دروستبوونی سه‌ربه‌خۆیی بووه، ترسی له دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌یه.
ئه‌و پێی وایه نوسینه‌كه‌ی راستكردنهوهو روونكردنه‌وه‌و ده‌رخستنی راستیه‌كانه بۆ مێژوو، ئه‌گه‌رچی پێی وایه تازه شته‌كان مه‌جرای خۆیان وه‌رگرتووه، بۆیه ده‌ڵێ: له ئێستادا زۆربه‌ی كوردان تازه قه‌ناعه‌تیان بۆ دروست بووه، كه كوردستان خاكی هه‌میشه‌یی ئه‌وان بووه، جا چۆن به‌ڵا بخولقینین، به‌ڵایه‌ك ره‌نگه كاریسهی لێ بكه‌وێته‌وه..!
ئه‌مانه‌و چه‌ندین لایه‌نی تر سه‌باره‌ت به مێژووی كورد‌و كوردستان له‌و كتێبه ده‌خاته روو، كه پێم وایه ئاگادار بوون له‌و جۆره فكرانه، شتێكی پێویست‌و ئه‌ركێكی نیشتمانیه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كه‌سانه گوێی عه‌ره‌بی عه‌وام پڕ نه‌كه‌ن له‌و جۆره زانیاریه سهراوژێرانه.
بۆیه من ده‌ڵێم: خستنه رووی وه‌ها نووسینێك بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه گه‌ورانه نه‌بنه ماڵ به‌سه‌رمانه‌وه‌و، وه‌ك ئه‌مانه‌تێك ئه‌ركه راستیان بكه‌ینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه:
پێویسته شاره‌زایانی مێژوو به‌تایبه‌ت مێژووی كورد، ئه‌و بۆچوونانه وڵام بده‌نه‌وه‌و لێی بێ ده‌نگ نهبنو، هه‌ڵه‌كان راست بكه‌نه‌وه‌و راستیه‌كان بۆ مێژوو ده‌رخه‌ن، چونكه ئه‌وه كتابێكه به قه‌باره‌ی (330) لاپه‌ڕه له‌و باره‌وه نوسراوه‌و له شاری دیمه‌شق چاپی یه‌كه‌می 2014 ده‌رچووه‌و نووسه‌ره‌كه‌شی پرۆفیسۆرێكی زانكۆیه.
هه‌روه‌ك ده‌شخوازم له لایه‌نی په‌یوه‌ندارو ته‌نانه‌ت حكومهتو په‌رله‌مانی كوردستان‌و ناوهندو رێكخراوه فهرههنگیو نیشتمانیه‌كان، رێكاری پێویست‌و یاسایی له‌باره‌ی ئه‌و نووسینه بگرنه به‌رو خه‌مێكی لێ بخۆن، چونكه ئه‌وه قسه‌كردنه له‌سه‌ر خاك‌و مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، كه به‌درێژیی ته‌مه‌نی خۆی سته‌می لێ كراوه به قۆناغی ئێستایشه‌وه.
الأكراد والنبي دراسة في تاریخ الاکراد وجغرافیتهم
نووسیني: محمد بهجت القبیسي
دابةزاندنى كتاب