هەڵەبجە لەچەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی دا
سامان سه‌لاح
خوێندكارى دكتۆرا له زانكۆى ئه‌سته‌مبوڵ(به‌شى مێژووى نوێ و هاوچه‌رخ)
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی توێژه‌ری مێژووی كورد ده‌بێته‌وه، نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی نوسراو و باوه‌ڕپێكراوه له سه‌ر مێژووی كورد. هه‌م له به‌ر دواكه‌وتنی كلتووری نوسین و به ئه‌رشیفكردن له نێو كورددا و هه‌م له‌به‌ر ماڵ لێشێوان و وێرانبوونی ئه‌زموونه ئیداريی و سیاسییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان و له‌ناوچوونی به‌ڵگه‌نامه ئیدارییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، گۆڕانكاری و وێستگه مێژووییه‌كانی كوردستان زۆر به ناڕوونی ماونه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی له باشووری كوردستاندا، له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، له كۆتايیهێنان به ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابانه‌وه تا ڕاپه‌ڕین، ماڵی كورد چه‌ندین جار وێران و تاڵان كراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه بیانییه‌كان نه‌بوونایه، به‌شێكی گه‌وره‌ی مێژووی كورد به ناڕوونی و لێڵی ده‌مایه‌وه.
یه‌كێك له‌و سه‌رچاوه بیانییانه‌ش كه به‌شێكی گه‌وره‌ی له مێژووی ئێمه له‌خۆگرتووه ئه‌رشیفی عوسمانییه، كه گرنگترین به‌شی ئه‌م ئهرشیفهش سه‌رۆكایه‌تی ئه‌رشیفی عوسمانییه(başbakanlık osmanlı arşivi)، كه بنكهكهی ده‌كه‌وێته ئه‌سته‌نبوڵه‌وه و نزیكه‌ی 150 ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌خۆگرتووه(1). له‌م ژماره‌یه‌ش به‌شێكی گه‌وره‌ی تایبه‌ته به مێژووی كورد(ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی گه‌وره‌ی مێژووی كورد له ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا بۆ ونكردنی بوونی كورد له سه‌ده‌ی بيسته‌مدا فه‌وتێنراوه). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه كارێكی ئاسان نییه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و زمانه‌ی كه به‌كارهێنراوه زمانێكی تێكه‌ڵ له توركی و ئه‌و وشه فارسی و عه‌ره‌بیانه‌یه كه له زمانی توركیدا واتای تایبه‌تی خۆیان وه‌رگرتووه، له‌هه‌مان كاتدا شێوازی نوسینی به‌ڵگه‌نامه‌كان كه هه‌ندێك جار به خه‌تی زۆر خراپ نوسراون و ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى كه هه‌ندێك وشه و ده‌سته‌واژه به كۆد نوسراوه كه له‌به‌رگرتنه‌وه و كاری ترانسكریپشن تێیاندا پێوستی به سه‌لیقه و شاره‌زاییه‌كی باش هه‌یه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌رشیفی عوسمانیش ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه، بۆ گه‌ڕان به شوێن مێژووی كورددا له‌چوارچێوه‌ی مێژووی عوسمانی‌دا، به‌ڵكو چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی تری وه‌ك واقیعهنوسی(كه مێژوونووسی ڕه‌سمی سه‌ڵته‌نه‌ت) و ساڵنامهكانه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا كه ڕووداو و گۆڕانكاريی و مومته‌له‌كاتی ده‌وڵه‌تی تیا خراوه‌ته ڕوو، كه یه‌كه‌م ساڵنامه له 1847 دا‌و له دوای ڕاگه‌یاندنی ته‌نزیماته‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵام دوای ده‌ركه‌وتنی گرنگی ساڵنامه‌ی ناوه‌ندى كه به ساڵنامه‌ی ده‌وڵه‌تی عالییه‌ی عوسمانییه، ناسرابوو، ده‌ستیانكرد به‌دانانی ساڵنامه‌ی ویلایه‌ته‌كان و یه‌كه‌م ساڵنامه‌ی ویلایه‌تیش ساڵنامه‌ی بۆسنه بوو له ساڵی 1866دا، دواتر بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1890 ساڵنامه‌ی ویلایه‌تی موسڵ ده‌رده‌چێت كه هه‌ندێك ورده‌كاری له باره‌ی پێكهاته‌ی ئیداری ویلایه‌ته‌كه‌وه تیا خراوه‌ته‌ڕوو و كه‌ره‌سته‌ی باشی توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر مێژووی كورد تێدایه. ئه‌گه‌رچی ساڵنامه‌ی موسڵ ته‌مه‌نی زۆر درێژ نه‌بوو، ته‌نها چوار ژماره‌ی لێ ده‌رچوو. له‌م بهڵگهنامانهشدا به‌شێكی په‌یوه‌ندی به مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌یه كه له‌م چه‌ند دێڕه‌دا چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ندێك گۆڕانكاری ئیداری له هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌خه‌ینه ڕوو.
له دوای ڕاگه‌یاندنی ته‌نزیماته‌وه هه‌ندێ گۆڕانكاری ئیداری ده‌كرێت، له مانگی ئازاری 1842دا پێكهاته‌یه‌كی ئیداری نوێ ڕێكخرا، به‌پێی ئه‌و ڕێكخستنه نوێیه‌ش له چوارچێوه‌ی سهنجاقدا كۆمه‌ڵێك گوند به گوندێكه‌وه ده‌به‌سترانه‌وه و یه‌كه‌یه‌كی نوێیان به‌ناوی قه‌زا پێكده‌هێنا و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌زاوه به‌ڕێوه ده‌بران(2)، سهنجاقیش له‌لایه‌ن قایمقامه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا. واته ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی قه‌زاكان ده‌كات له‌م قۆناغه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌زایه نه‌ك قایمقام، ئه‌م شێوازه به‌ڕێوه‌بردنی قه‌زاش له 1842 به‌دواوه به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا 1864و له‌م به‌رواره‌وه یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن له قه‌زادا له به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه ده‌بێته قایمقام له‌پاڵ ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌زادا(3).
له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخستنه نوێیه‌شدا هه‌ریه‌ك له گوڵعه‌نبه‌ر و هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بن به دوو قه‌زا له لیوای سلێمانیدا، له هه‌مان ساڵدا (1258ك/1842ز) محه‌مه‌د خورشید پاشا نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی عوسمانی بۆ دیاریكردنی سنوور له كتێبی (سیاحه‌تنامه‌ی حدوددا) ناوی هه‌ریه‌ك له هه‌ڵه‌بجه(البجه) و گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك دوو قه‌زا ده‌هێنێت. ئه‌گه‌رچی له‌هه‌مان كتێبدا گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك قه‌سه‌به و ههڵبهبجهش وه‌ك ‘قهریه‘ ناویان هاتووه، واته هه‌ریه‌ك له گوندی هه‌ڵه‌بجه و گوڵعه‌نبه‌ر ده‌بن به بنكه‌ی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریان. دوای ئه‌م به‌كارهێنانه‌ش له ساڵنامه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا له ساڵنامه‌ی ژماره(4)ى 1850وه ناوی هه‌ریه‌ك له گوڵعه‌نبه‌ر(گوڵعه‌مبه‌ر) و هه‌ڵه‌بجه (علوچه) هاتووه. له ساڵنامه‌ی 1850دا ته‌نانه‌ت ناوی گوندى (گونده) كه ئێستا یه‌كێكه له ئاواییه‌كانی ناوچه‌ی نه‌ورۆڵی سه‌ر به هه‌ڵه‌بجه وه‌ك یه‌كێك له قه‌زاكانی سه‌ر به لیوای سلێمانی هاتووه(4). له ساڵنامه‌كانی دواتردا، ناوی (گونده) نامێنێت و هه‌ڵه‌بجه (كه له ژماره‌كانی دواتردا ده‌بێته علوجه) و گوڵعه‌نبه‌ر ده‌مێنێته‌وه له‌و ژمارانه‌ی كه له نێوان ساڵانی 1850 بۆ 1869 ده‌رده‌چن(5).
به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه یه‌كه‌ی ئیداری هه‌ڵه‌بجه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه ده‌بێته قایمقامییه‌ت گوڵعه‌نبه‌ر كه له بنه‌ڕه‌تدا ناوی شارۆچكه‌ی خورماڵه، وه‌ك ناوێك بۆ قه‌زاكه به‌كارهاتووه كه ناوهندهكهى هه‌ڵه‌بجه بووه(6). بۆیه كاتێكله ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا له دوای 1869وه قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر به‌كارهاتووه، مه‌به‌ست لێی شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌يه.
ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ك له سه‌ره‌وه باسكرا مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و به چه‌ند ڕێنوسێكی جیاواز هاتووه. بۆ نمونه له ساڵنامه‌كانی نێوان 1850-1869 ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، ناوی گوڵعه‌نبه‌ر و عهلهوچه و دواتر عهلهوجه هاتووه وه‌ك دوو قه‌زای لیوای سلێمانی، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له به‌ڵگه‌نامه‌كانی تردا به “ئهلهبجه”(7)، و به‌كه‌می “حلبجه” ش به كارهاتووه و جار‌و بار (ئهلیجه)ش به‌كارهاتووه.
ناوی گوڵعهنبهریش، كه ده‌بێته ناوی قه‌زاكه، له به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا، ئه‌توانین بڵێین چوار قۆناغی به‌كارهێنانی هه‌یه. قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یه كه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی شانزه‌وه ده‌ستپێده‌كات و تایبه‌ته به قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك خاڵێكی ساربازى و سنووری. دووه‌م به‌كارهێنان ناوی گوڵعه‌نبه‌ره وه‌ك شارۆچكه‌ی گوڵعه‌نبه‌ر كه ده‌كاته خورماڵی ئێستا و به قهصهبهی گوڵعه‌نبه‌ر ناوی هاتووه، له ده‌وروبه‌ری نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده. به‌كارهێنانی سێیه‌میش ناوی گوڵعه‌نبه‌ره وه‌ك قه‌زا له سه‌ره‌تاكانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه له پاڵ هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێن و وارماوا و شوێنه‌كانی تردا تا 1869. به‌كارهێنانی چواره‌میش قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر و قهصهبه و هه‌ندێ جار قه‌رییه‌ی گوڵعه‌نبه‌ره كه له 1869 وه ده‌ستپێده‌كات تاكۆتایی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كه قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه بنكهكهیهتی و قهریهی گوڵعهبهریش به‌شێكه له‌و قه‌زایه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار له‌م ماوه‌یه‌دا قه‌سه‌به‌ی گوڵعهنبهریش (به‌هه‌ڵه) به‌كارهێنراوه بۆ شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه.
له گرنگترین ئه‌و به‌ڵگه‌نامه ئیدارییانه‌ش كه تایبه‌تن به مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌وه ئه‌م چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی كرۆنۆلۆجی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی گۆڕانكاری ئیداری ئه‌خه‌نه ڕوو له هه‌ڵه‌بجه‌دا.
1- جگه له ساڵنامه‌كان ئه‌مه‌ی خواره‌وه كۆنترین به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌رده‌سته له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا كه تێیدا ناوی گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك قه‌زا هاتووه و به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی به هۆی نه‌توانین (عدم اقتدار)وه لاده‌درێت و عه‌بدوڵڵا ئاغا له شوێنی‌دا داده‌نرێت، مێژووی به‌ڵگه‌نامه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ (10ی شه‌عبانی 1272ك/ 16ی نیسانی 1856). له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا گوڵعه‌نبه‌ر وادیاره مه‌به‌ست لێی خورماڵه، نه‌ك هه‌ڵه‌بجه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌دا گوڵعه‌نبه‌ر و هه‌ڵه‌بجه وه‌ك دوو قه‌زای جیا له ساڵنامه‌كاندا ناویان هاتووه.
ئه‌وه‌ی له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ڕوونه ئه‌وه‌یه كه پێش ئه‌م به‌رواره ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی مدیری قه‌زاكه بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه دهگهیهنێك كه پێش ئه‌م به‌رواره‌ش گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك قه‌زا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و دوای ئه‌م به‌رواره‌ش له بهڵگهمهناكانی تردا جگه له ساڵنامه‌كان چ مه‌به‌ست لێی خورماڵ بووبێت و چ مه‌به‌ست لێی هه‌ڵه‌بجه بێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ناوی گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك قه‌زا هاتووه. بۆ نمونه داواكاری موچه‌ی (محه‌مه‌د صادق) كه خه‌ڵكی قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ره له ئه‌سته‌مبوڵدا له به‌رواری 7/9/1859(8). به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌سه‌ر دامه‌زراندنی فه‌تحوڵا ئه‌فه‌ندی وه‌ك مودیری مه‌دره‌سه‌ی قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر له 10ی حوزه‌یرانی 1872دا(9)، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌سه‌ر داهاتی باج له سه‌نجاقی سلێمانی و قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر له 14ی مایسی 1874(10).
2- به‌ڵگه‌نامه‌ی دووه‌م كه به‌رواری یه‌كێك له ڕووداوه گرنگه‌كانی مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌یه بریتییه له جێگیركردنی عه‌شیره‌تی جاف له هه‌ڵه‌بجه و فه‌رمانی دامه‌زراندنی محه‌مه‌د پاشای جاف وه‌ك قایمقامی قه‌زاكه كه له به‌رواری 24/11/1869 نێردراوه بۆ ویلایه‌تی به‌غداد.
وه‌ك له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتووه به‌پێی ئه‌و ڕێكخستنه نوێیه‌ی كه له سه‌نجاقی سلێمانیدا كراوه، یه‌كێك له‌و پێنج قه‌زایه‌ی كه ده‌كه‌وێته سهنجاقهكهوه(11) و بریتییه له ده‌شتی پانوبه‌رینی گوڵعه‌نبه‌ر كه نزیك سنوری ئێرانه و هه‌وارگه‌ی زستانه‌ی عه‌شیره‌تی جافه، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه ده‌كرێته قایماقامییهت و محه‌مه‌د به‌گ( كه دیاره تا ئه‌م كاته نازناوی پاشای وه‌رنه‌گرتووه) سه‌رۆكی جاف ده‌كرێته قایمقامی قه‌زاكه و، زه‌وییه‌كانی ئه‌م قه‌زایه پارچه پارچه دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌م عه‌شیره‌ته‌دا و ئه‌و ماڵانه‌شی كه هاتووچۆی ئێرانیان ده‌كرد نیشته‌جێ ده‌كرێن… و كوڕی ناوبرا و به‌ناوی مه‌حمود به‌گ ده‌كرێته قاپیچی ده‌رگاهی عالی( كه ئه‌م پۆسته‌یان پاراستنی ئاسایشی له ئه‌ستۆدا بوو)….
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا تێبینی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه پێش ئه‌م به‌رواره قه‌زای هه‌ڵه‌بجه له‌بری قایمقام، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌بووه و له‌م به‌رواره به‌ولاوه ئیداره‌ی قه‌زاكه له بهڕێوهبهرایهتیيهوه ده‌بێته قایمقامییه‌ت. به‌م پێیه‌ش ئه‌گه‌ر قه‌زا وه‌ك ناو وه‌رگرین ئه‌وا ساڵی 1842ز مێژووی به قه‌زابوونی شاره‌كه‌یه و ئه‌گه‌ر قه‌زا به‌وشێوازه ئیدارییه وه‌رگرین كه ئێستا هه‌یه، ئه‌وا ساڵی 1869 مێژووی به قه‌زابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه و دانانی یه‌كه‌م قایمقامه بۆ قه‌زاكه.
محه‌مه‌د پاشاش له‌م پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه تا 1873(12)، دواتر له سه‌ر قايل نه‌بوونی به نیشته‌جێكردنی جافه‌كان و وازهێنان له كوێستان و گه‌رمیان نێوانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا تێكده‌چێت و ڕوو ده‌كاته ئێران، ئه‌م هۆكاره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌رچاوه‌كانی جاف‌دا تۆماركراوه له ئه‌رشیفی عوسمانیشدا وه‌ك هۆكاری ڕووكردنه ئێرانی محه‌مه‌د پاشا ئاماژه‌ی پێكراوه(13).
به‌پێی گێرانه‌وه‌كانی كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی جاف له دواى محه‌مه‌د پاشا، محه‌مه‌د به‌گی قادر پاشا ده‌بێته قایمقامی هه‌ڵه‌بجه(14)، وادياره ئه‌ويش زۆر له‌و پۆسته‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه، چونكه به‌پێى ساڵنامه‌ى ويلايه‌تى به‌غدادى ساڵى(1292ك/ 1875-1876ز) محه‌مه‌د ساڵح به‌گ ناوێك قايمقامى گوڵعه‌نبه‌ر (هه‌ڵه‌بجه) بووه(15)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه له ئه‌رشیفی عوسمانی‌دا كه‌مترین نوسراو و به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی گوڵعه‌نبه‌ر ده‌ست ده‌كه‌وێت كه تیایدا گوڵعه‌نبه‌ر خاڵییه له جاف. ئیدی ته‌قریبه‌ن له‌گه‌ڵ كۆچی جافه‌كاندا قورسایی سیاسی گوڵعهنبهریش ده‌كوژێته‌وه و باسی نامێنێت. دواتر به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تری ئه‌رشیفی عوسمانی له 29/3/1877 محه‌مه‌د پاشا مه‌زبه‌ته‌ی بوونه‌وه به قایمقامی هه‌ڵه‌بجه پڕ ده‌كاته‌وه(16) و له‌م پۆسته‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا كاتی كوژرانی له ساڵى 1881.
3- به‌داخه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كمان له به‌رده‌ست نییه له‌سه‌ر فه‌رمان و به‌رواری ده‌قیقی ده‌ستبه‌كاربوونی مه‌حمود پاشا كه دوای باوكی ده‌بێته قایماقامی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام ئه‌مه‌ی خواره‌وه فه‌رمانی له‌سه‌ر كار لابردنی مه‌حمود پاشا و دانانی عوسمان پاشای برایه‌تی وه‌ك قایمقامی هه‌ڵه‌بجه.
ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه، وه‌ك له سه‌ری نوسراوه مه‌حره‌مانه(نهێنی)و مێژووی فرمانه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 25/11/1888 (به پشتبه‌ستن به فرمانی سوڵتان كه سێ ڕۆژ پێشتر ده‌ركراوه واته(22/11/1888) و دواتر به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن سه‌دری ئه‌عزه‌مه‌وه ئاڕاسته‌ی داخلییهی نه‌زاره‌ت (كه ڕۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی بينيوه) ده‌كرێت، به فه‌رمانی ڕه‌سمی(مهكتوبی قه‌ڵه‌می) له به‌رواری 25/11/1888ده‌رده‌چێت.
به‌پێی فرمانه‌كه عه‌شیره‌تی جاف كه له چوارچێوه‌ی سه‌نجاقی سلێمانیدا، به‌سه‌ر قه‌زاكانی شاره‌زوور و بازیان و گوڵعه‌نبه‌ر و ناحییه‌ی صه‌لاحییه(كفری)دا بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌شێوه‌كی گشتی جێگای خۆشنودی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانین، به‌ڵام ڕه‌ئیسی عه‌شیره‌ته‌كه كه له‌هه‌مانكاتدا قایمقامی قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ره به‌هۆی سهرهڕۆییهكانییهوه له پۆسته‌كه‌ی لاده‌برێت و پله‌ی میری میرانی پێ ده‌درێت و ڕه‌وانه‌ی ئورفه ده‌كرێت و ده‌كرێته موته‌سه‌ڕیفی ئه‌و شاره و له جێگایدا عوسمان پاشای برای به قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌نرێت.
. وێنه‌كه فرمانی كۆتاییه و له مسوه‌ده‌كه‌ی ده‌فته‌ری سهدارهتدا ئه‌وه‌ی تیانوسراوه كه عوسمان پاشای برای دوای لابردنی والی موسڵ له شوێنيدا داده‌نرێت، به‌ڵام دواتر هێڵێكی به‌سه‌ردا هاتووه و له فرمانه ڕهسمییهكهدا نه‌ماوه.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه مه‌حمود پاشا هه‌رگیز نه‌چووه به‌ده‌م ئه‌م فه‌رمانه‌وه و دوای چوار مانگ له بری ئورفه ڕوو له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌كات به ئومێدی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌رمانه‌كه(17)، به‌ڵام جارێكی تر نابێته‌وه به قایمقام و له بری ئه‌و عوسمان پاشا قایمقامی هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت.
4- له ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی وعوسمان پاشا و به‌تایبه‌تی له ساڵانی كۆتايی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا چه‌ندین نوسراو ی له دژ به‌رز ده‌كرێته‌وه و چه‌ندین ته‌له‌گرافی نامه گۆڕینه‌وه له سه‌ر هێشتنه‌وه یان لابردنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له نێوان ئه‌سته‌نبوڵ و موسڵدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه له‌م نوسینه‌دا بواری خستنه ڕوویان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ساڵێك به‌ر له لادانی له قایماقمییهت و له حوزه‌یرانی 1907 بۆ لێكۆڵینه‌وه بانگهیشتی موسڵ ده‌كرێت و ماوه‌ی (9)مانگ له موسڵدا ده‌هێڵدرێته‌وه و له شوێنی‌دا جێگری قایمقامی ڕه‌واندز به‌كاتی داده‌مه‌زرێت(18). دواتر له مانگی شوباتی 1908 ده‌گه‌رێنرێته‌وه بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی(19) و له كۆتاییه‌كانی 1908 وه بابه‌تی له‌سه‌ركارلادانی ده‌بێته شتێكی حه‌تمی و ده‌وڵه‌تی عوسمانی بۆ جێگرتنه‌وه‌ی وعوسمان پاشا چه‌ندین هه‌وڵی پڕ وه‌سوه‌سه ده‌دات. له 1/8/1908 والی موسڵ ته‌له‌گرافێك ئاڕاسته‌ی ئه‌سته‌مبوڵ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كه‌سێكی گونجاو له‌گه‌ڵ مه‌زاجی عه‌شائیری جاف‌دا له جێگه‌ی عوسمان پاشادا دابنرێت(20).
له ڕێكه‌وتى 7/12/1908 بڕیاری دانانی عه‌بدولفه‌تاح ئه‌فه‌ندی ده‌درێت كه سه‌ر به عه‌شیره‌تی جافه و تا ئه‌وكات له به‌یروت فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت بووه(21)، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت ئه‌مه سه‌رناگرێت و دواتر له 28/12/1908 فرمانی دانانی ئیسماعیل حه‌قی ئه‌فه‌ندی له قایمقامییه‌تی چارشهنبه(شارێكه ده‌كه‌وێته باكوورى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ)وه له جێی عوسمان پاشا ده‌درێت(22). به‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار به ڕه‌سمی قایمقامێتی گوڵعه‌نبه‌ر ده‌درێته ده‌ستی یه‌كێك له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه و عه‌شیره‌تی جاف، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا له 6/3/1909دا نزیكه‌ی په‌نجا كه‌سایه‌تی شاره‌كه كه به‌شێكیان له بهگزهكانی جافن، ( ئه‌گه‌رچی ناوی مه‌حمود پاشا و كوڕه‌كانی تیا نییه) نامه‌یه‌كی دورودرێژ ئاڕاسته‌ی سه‌دری ئه‌عزه‌م ده‌كه‌ن، له نامه‌كه‌دا داوای ئه‌وه ئه‌كه‌ن كه پێداچوونه‌وه به بڕیاری دانانی كه‌سێكی تر له‌بری جافه‌كان له قایمقامیتی هه‌ڵه‌بجه‌دا بكرێت و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌كه كه‌سێك له به‌گزاده‌كانی جاف و به تایبه‌ت عوسمان پاشا بكرێته‌وه به قایمقام له شاره‌كه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه بیست ساڵه ئاسایشی شاره‌كه‌ی پاراستووه و له‌ناو عه‌شائیری جاف‌دا به‌قسه‌ی ده‌كرێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا هه‌یه(23). زۆری پێ ناچێت ئیسماعیل حه‌قی ئه‌فه‌ندیش، به‌بيانووى نه‌خۆشی (كه دوور نییه له‌ژێر فشاری جافه‌كاندا ئه‌مه‌ی كردبێت) ناتوانێت كاری قایمقامێتی له هه‌ڵه‌بجه‌دا بكات و له مانگی نیسانی 1909دا مشتومڕی دانانی كه‌سێكی تر دێته ئاراوه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا و (10)ڕۆژ دوای نامه‌كه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانی جاف وه‌زاره‌تی ناوخۆ(داخلیه نظارت) نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی والی موسڵ ده‌كات و داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان لێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر دانانی قایمقامی نوێی هه‌ڵه‌بجه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه، وێنه‌ی نوسینه‌وه‌ی تهلهگرافهكهیه.
بۆ به‌ڕێز ڕه‌شید پاشا والی موسڵ:
به هۆی لابردنی قایمقامقی گوڵعه‌نبه‌ر عوسمان پاشا له‌سه‌ر ئه‌و شكایه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كانه‌ی كه دژی ناوبرا و هه‌بوو و دانانی مسته‌فا ئیسماعیل حه‌قی له قایمقامییه‌تی (چهارشهنبه)وه و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستى قایمقامییه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌ته‌واوی له جافه‌كان به نهخوازراز ده‌زانرێت و دامه‌زراندنی برای ناوبراو محه‌مه‌د علی به‌گ به پله‌ی قایمقام به گونجاو ده‌زانرێت. له‌و تهلهگرافنامهی كه عوسمان پاشا ناردوویه‌تی بۆ مه‌جلیسی مه‌بعوسان ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه بیست ساڵه له دابینكردنی ئاسایش‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه و بۆ پارێز له تواناكانی **** و ئه‌وه‌ی كه عه‌شائیره‌كانی قه‌زای ناوبراو گوێڕایه‌ڵی به‌گزاده‌كان ئه‌كه‌ن و له شوێنی وه‌سمان پاشادا *** له به‌رامبه‌ر ته‌عین كردنی كه‌سێكی تردا*** له گه‌ڵ گوزارشتكردن له دۆخی موئسیفانه له‌باره‌یه‌وه و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ته‌له‌گرافه‌ی كه به ئیمزای سه‌رۆكه‌كانی جافه‌وه له 6/3/1909وه له سهلاحییهوه(كفری) نێردراوه موتاڵای بابه‌ته‌كه بكرێت و به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌مه كه‌سێك له به‌گزاده‌كان یان كه‌سێكی ده‌ره‌كی بكرێته قایمقام به‌پێی له‌به‌رچاوگرتنی دۆخه‌كه و به‌رژه‌وه‌ندی(به‌شێكی تری نوسراوه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به شكاتێكهوه هه‌یه كه له مه‌حمود پاشا كراوه).
ئه‌وه‌ی زانراوه ئه‌وه‌یه كه دوای ئه‌م به‌رواره و له‌م ساڵه‌دا عوسمان پاشا كۆچى دوايى ده‌كات، كه دیاره پێشتریش نه‌خۆش بووه، چونكه به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تر كاتێك بانگهێشتی موسڵ كرابوو بۆ لێپێچینه‌وه‌ى جاری یه‌كه‌م چووه‌ته سلێمانی و به‌بیانووی نه‌خۆشییه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌ڵه‌بجه(24).
دوای عوسمان پاشا به‌قسه‌ی مێجه‌رسۆن بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك مه‌جید به‌گى كوڕه گه‌وره‌ى عوسمان پاشا ده‌بێته قایمقامى هه‌ڵه‌بجه(25)، ئه‌گه‌رچی كاتی ده‌سبه‌كاربوون و ده‌ستله‌كاركیشانه‌وه‌ی به ته‌واوی دیار نییه، به‌ڵام له ساڵنامه‌ی 1909ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، ناوی مه‌جید ئه‌فه‌ندی وه‌ك قایماقامی گوڵعه‌نبه‌ر هاتووه(26). ئه‌وه‌ی دوای ئه‌م به‌رواره دێت، عه‌بدولمه‌جید ئه‌فه‌ندییه كه 28/3/19011 فرمانه‌كه‌ی ده‌رده‌چێت و له (مه‌لازگرد)ه‌وه ڕه‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌كه‌ن(27)، دواتر عه‌بدولمه‌جید ئه‌فه‌ندیش له 14/12/1913 له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی به‌گی قایمقامی ئامێدیدا ئاڵوگۆڕی شوێنیان پێ ده‌كرێت(28)، ئه‌م ئاڵوگۆڕه له سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی عوسمانی‌دا له نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی له پله‌ی ئیداری هاوتای یه‌كتردا بوون شتێكی باو بووه و له فه‌رهه‌نگی عوسمانی‌دا به (بهجایش) به‌ناوبانگ بووه كه وشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا له فارسییه‌وه وه‌رگیراوه.
محه‌مه‌د عه‌لی به‌گ به‌رده‌وام ده‌بێت له كاری قایمقامێتی تا 17/6/1914 و له‌م به‌رواره‌وه ئیبراهیم ئهدههمى قایمقامی كۆیه ده‌كرێته قایمقامى هه‌ڵه‌بجه(29). وادياره ئه‌ميش زۆر نه‌ماوه‌ته‌وه، چونكه له ساڵنامه‌ی (1333-1334ك)دا ئه‌مین به‌گ ناوێك وه‌ك قایمقامی گوڵعه‌نبه‌ر ناوی هاتووه(30). ئه‌گه‌رچی جگه له‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌ستدا نییه له‌سه‌ر كاتی ده‌ستبه‌كاربوون و لادرانی. دواتر له 22/6/1916 ئیبراهیم به‌گ كه قایمقامی واردۆ(ده‌كه‌وێته باكووری كوردستانه‌وه) ده‌بێت وه‌ك قایمقام ده‌گوازرێته‌وه بۆ گوڵعه‌نبه‌ر(31) و له 29/10/1916يش سوڵتان به‌گ ده‌بێته قایمقام، ناوبراو له‌و پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه هه‌تا كانونى دووه‌مى1918(32)، له دواى ئه‌ويش وه‌ك له تۆماره عوسمانييهكاندا هاتووه له ڕێكه‌وتى 4/3/1918 ئه‌مین به‌گ ده‌بێته قایمقام(33).
ئه‌مانه چه‌ند بهڵگهنامهیهكن له‌سه‌ر فرمانی ئیداری‌یان و دیار نییه كه چه‌ندیان به فیعلی قایمقامێتییان كردووه له هه‌ڵه‌بجه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه ئه‌وه‌یه كه ئیدی له 1918 و هاتنی ئینگلیزه‌وه قایمقامێتی هه‌ڵه‌بجه ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌ست به‌گزاده‌كانی جاف.
ده‌سه‌ڵاتدارێتی جاف بۆ ئه‌و ماوه درێژه له هه‌ڵه‌بجه‌دا و به‌تایبه‌تیش قایمقامێتی عوسمان پاشا شتێكی تایبه‌ته و په‌یوه‌ندی به سه‌نگ و قورسايی جاف و سروشتی ڕامنه‌كراوی جافه‌وه هه‌بووه و له مێژووی عوسمانی‌دا و به‌ده‌گمه‌ن ڕێگایان به كه‌سێك داوه بۆماوه‌یه‌كی درێژ به‌سه‌ر شوێنێكه‌وه فه‌رمانڕه‌وا بێت، به‌ڵام دوای مه‌جید به‌گ ئیدی فه‌رمانڕه‌وايی ده‌كه‌وێته ده‌ست كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی و له ماوه‌ی ساڵانی (1909 – 1918) دا چه‌ندین كه‌س وه‌ك قایمقام داده‌نرێت و لاده‌برێت.
ئه‌وه‌شی كه ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌كاته‌وه له لادانی سه‌رۆكه‌كانی جاف، له قایمقامێتی هه‌ڵه‌بجه ئه‌وه‌یه كه چیتر جاف وه‌ك عه‌شیره‌تێكی كۆچه‌ر نه‌ماوه‌ته‌وه كه به قسه‌ی سه‌رۆكه‌كانی هه‌وارگه بگوازێته‌وه و بار بكات و ڕام و شاری بوو و خه‌ڵكی به كشتوكاڵ و پیشه‌وه‌رییه‌وه سه‌رقاڵ بوو. پێش نیشته‌جێبوونی جاف هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یده‌توانی بیانخاته ژیر ڕكێفی خۆیانه‌وه. له سه‌رده‌می محه‌مه‌د پاشادا كاتێك عومه‌ر پاشاى والی به‌غدا داوای نیشته‌جێبوونى عهشيرهتهكهى له محه‌مه‌د پاشا ده‌كات، محه‌مه‌د پاشا پێی وا ده‌بێ كه سه‌رقاڵكردنی جاف به كشتوكاڵه‌وه مانای دیلكردنیانه و پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌وان:”وه‌ك بازێك سه‌ربه‌ستن و كوێیان به دڵ بوو له وێ ده‌نیشنه‌وه، چۆن به ده‌ستی خۆیان ده‌ست و په‌لی خۆیان ده‌خه‌نه زنجیره‌وه؟ هه‌ر شوێنێك ئه‌وانی پیا بڕۆن موڵكی جافه چ له ئێران و چ له (خاكی) عوسمانی”(34).
به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه پێش نزیكه‌ی چل ساڵ محه‌مه‌د پاشا له‌سه‌ر نیشته‌جێبوونی جاف دابووی له كۆتاییه‌كانی قایماقامێتی عوسمان پاشادا هاته‌دی و كاری ئاژه‌ڵداری گۆڕاو بوو به كشتوكاڵ و دڵ و گوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌سترابوویه‌وه به زه‌وییه‌كانیانه‌وه و خێوه‌ت و هه‌واری جاف گۆڕابوو به‌و كۆشك و خان و خانوانه‌ی كه جێهێشتن و لێبووردنیان، كارێكی ئاسان نه‌بوو.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
[1] Örenç, Ali Fuat. Yakınçağ Tarihi, Akademi Titiz Yayınları, 2006.s.6
2ARSLAN, Barış. “H. 1265 (M. 1849) DEVLET SALNAMESİNE GÖRE OSMANLI İDARİ YAPISI.” (2007).S.77
3 ARSLAN, Barış. “H. 1265 (M. 1849) DEVLET SALNAMESİNE GÖRE OSMANLI İDARİ YAPISI.” (2007). S.80
4 سالنامه دولت عليه عثمانيه 1266 /4 ص87.
5 بۆ ئه‌مه پشتم به ژماره‌كانى 11 و 12 و 16 و 24ى سالنامه دولت عليه عثمانيه به‌ستووه كه له ساڵه‌كانى 1856 و 1857 و 1861 و 1869 ده‌رچوون.(ژماره‌كانى تر به‌رده‌ست نه‌بوون).
6 Eroğlu, Cengiz, Murat Babuçcuoğlu, and Orhan Özdil. Osmanlı vilayet salnamelerinde Musul. Global Strateji Enstitüsü, 2005.s.31
7 به نمونه BOA, Y..PRK.ASK. 248 6 1 14 Camadıl evvel 1325
8 BOA, MVL 828, 86 9,sefer 1276
9 BOA, İ..DH.. 655, 45538 1 25 CA 1289
10 BOA, İ..DH.. 692 48393 25 L 1891
11 ئه‌و پێنج قه‌زايه بريتي بوون له گوڵعه‌نبه‌ر و قه‌ره‌داغ و بازيان و مه‌رگه و شههرپازار كه ئه‌مه‌ى دوواييان مهركهزهكهى سيتهك بووه. بروانه ساڵنامه‌ى 1874 ى ده‌وڵه‌تى عالييهى عوسمانييه ل 254.
12كه‌ريم به‌گى فه‌تاح به‌گى جاف، ته‌ئريخى جاف، لێكۆڵينه‌وه‌ى كتۆر حه‌سه‌ن جاف 1995، ل 173.
13 BOA, DH.MKT. 1322 89 1
14هه‌مان سه‌رچاوه، ل176.
15ـ سالنامات ويلايت بغداد(1292ك)، دفعه1، مطبعة ويلايت بغداد، ل100.
16 BOA, DH.MKT. 1322, 89 14 L 1294
17 BOA, MV. 43 21, 1306 N 8 (20/4/1890)
18 BOA, DH. ŞFR. 382 66 1323 H 06
19 BOA, DH. ŞFR. 392 106 1323 Ks 22
20 BOA, DH. ŞFR. 406 59 19 Te 1324
21 BOA, DH.MKT. 2677 70 1326 Za. 13
22 BOA,DH.MKT. 2694 10 1326 Z. 4
23BOA, DH.MKT. 2768 28 22 Ş 1324
24 BOA, DH. ŞFR. 380 78 1323 my 09
25وه‌رگيراوه له عادل صديق على، چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌ك له مێژووى هه‌ڵه‌بجه، سلێمانى 2011، ل 176.
26 سالنامهءدولت عليئى عثمانيه 66 1327.
27 BOA, BEO 3874 290512 1329 R. 21
28BOA, BEO 4239 317887 1332 M. 15
29 BOA BEO 4292 321900 1332 B. 24
30سالنامهءدولت عليئى عثمانيه 1333-1334.
31 BOA, BEO 4419 331425 1334 Ş 21
32 BOA, İ..DU İT 44 89 1335 M. 02
33 BOA, İ..DU İT 46 81 1336 C. 21
34 كه‌ريم به‌گى فه‌تاح به‌گى جاف، ته‌ئريخى جاف، لێكۆڵينه‌وه‌ى كتۆر حه‌سه‌ن جاف 1995، ل52.