مه‌سعوود محه‌مه‌د كانییه‌كی به‌خوڕی زمان و ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه
مامه‌یاره ئه‌حمه‌د
“ژیانێك ئه‌گه‌ر هیچ په‌یامێكی نه‌بێت خاوه‌نه‌كه‌ی رای بگه‌یه‌نێت، نزیك ده‌بێته‌وه له هه‌بوونی میكانیكی، رۆژ و شه‌وی به‌سه‌ردا دێت وه‌ك به‌سه‌ر زینده‌وه‌ری تر و به‌سه‌ر كاڵای بێ گیاندا دێت”
وشه/ مامه‌یاره ئه‌حمه‌د
1ـی نیسانی 2002، ڕۆژی كۆچی دوایی بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف و ئه‌دیبی كورد مه‌سعوود محه‌مه‌ده، ئه‌و كه رۆڵێكی گه‌وره‌ی له دنیای ئه‌ده‌ب و زمان و سیاسه‌تدا گێڕاوه، به‌رهه‌م و بیر و تێزه‌كانی، جێی ڕامان و لێوردبوونه‌وه و تێدا قووڵبوونه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندانی ئه‌و بوارانه‌یه كه مه‌سعوود محه‌مه‌د كاری تێدا كردوون و له چه‌ندان لێكۆڵینه‌وه و بابه‌تی گرینگ و به‌پێزدا، بابه‌ت و بۆچوونه‌كانی وه‌ك به‌ڵگه‌ی پشت پێبه‌ستراو وهكار خراوه.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، له ساڵی 1919 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له كۆیه له دایك بووه، كوڕی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌یه، قۆناغه‌كانی خوێندنی هه‌ر له‌و شارۆكه‌یه ساڵی 1926 ده‌ستی پێ كردووه، دواتر ساڵی 1940دا ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له هه‌ولێر ته‌واو كردووه و له ساڵی 1945دا كۆلێژی مافی له به‌غدا ته‌واو كردووه، له‌و سه‌روه‌خته‌دا هاوكۆلێژی “دڵدار”ی شاعیر بووه.
به‌هۆی لێكنزیكیی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه و مه‌لا فه‌ندیی هه‌ولێر، له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د له هه‌ولێر بۆ خوێندنی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی، به زۆری له ماڵی مه‌لا فه‌ندی ماوه‌ته‌وه و هاوڕێی زۆر نزیكی عزه‌دینی كوڕی مه‌لا فه‌ندی بووه.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، نه‌یویستووه هاوشێوه‌ی باوك و باپیران و پشته‌كانی تری، له خوێندنی حوجره و فه‌قێیه‌تی و دواتر پله‌كانی ئاینیدا به‌رده‌وام بێ، به‌ڵكو چوونه قوتابخانه‌ی پێ په‌سندتر بووه، له كۆیه یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر داوا و به هه‌وڵی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه دروست كراوه و هه‌ر خۆیشی بۆ یه‌كه‌مین جار كچی خۆی بۆ خوێندن ناردووه‌ته ناو كوڕان و زۆر هانی خوێندن و خوێنده‌واربوونی داوه.
مه‌سعوود محه‌مه‌د به‌هۆی ته‌واوكردنی خوێندنی كۆلێژی مافی زانكۆی به‌غدا و چاودێری و خوێندنه‌وه‌ی كتێب و زانست و مه‌عریفه، هه‌میشه بۆچوونی وه‌رگیراوه و پشت پێبه‌ستراو بووه، له سه‌روه‌ختی حوكمی شایانه له عێراق، وه‌ك نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، له ساڵی 1953ـدا بووه‌ته كاندیدی كۆیه بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و به‌سه‌ر ركه‌به‌ره‌كه‌یدا كه نوێنه‌ری حكوومه‌تی عێراق بووه، سه‌ركه‌وتووه و بووه‌ته نوێنه‌ری كۆیه له په‌رله‌مانی عێراق. له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر چالاكانه كاری كردووه و له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌میشه به ڕه‌خنه و بۆچوونه‌كانی، سه‌رنجی به‌رپرسانی باڵای عێراقی ڕاكێشاوه.
دوای رووخانی رژێمی شا و جێگرتنه‌وه‌ی سیستمی حوكمی كۆماری، له سه‌روه‌ختی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، له 1958 بووه‌ته ئه‌ندامی لیژنه‌ی چاكسازیی كشتوكاڵ و له‌وه‌دا كاری به‌رچاوی كردووه و پێشنیازی گرنگی كردووه تا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادگه‌ری، كه‌رتی كشتوكاڵی ڕێك بخرێته‌وه، به جۆرێك له‌گه‌ڵ چه‌ند یاساناسێكی تردا یاسای چاككردنی كشتوكاڵ و ئاودێرییان دانا و ئه‌و یاسایه له 30ـی ئه‌یلوولی ١٩٥٨ـدا به‌ناوی (یاسای چاككردنی كشتوكاڵ له كۆماری عێراق)ـدا بڵاو كرایه‌وه.
دوای رێككه‌وتنی نێوان شۆڕشی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له ساڵی 1963ـدا، مه‌سعوود محه‌مه‌د له 1964ـه‌وه كراوه‌ته وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری باكور و هاوئاهه‌نگی عێراق له‌گه‌ڵ كوردستان، ئه‌وه‌یش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ده‌كه‌ونه نێوان هه‌ردوولاوه. دواتر خۆی ده‌ستی له كار كێشایه‌وه.
له ساڵی 1965ـدا كراوه‌ته ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی خزمه‌ت و ساڵانێكی زۆر له‌و ئه‌ركه‌دا ماوه‌ته‌وه. دواتر كاتێك له 29/8/1970 كۆڕی زانیاریی كورد دامه‌زراوه، بووه‌ته ئه‌ندامی كۆڕ و له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر كار و ئه‌ركی گرینگی جێبه‌جێ كردووه، پاشان بووه‌ته جێگری سه‌رۆك و سهروهختێكیش كه سه‌رۆك له به‌غدا نه‌بووه، سه‌رپه‌رشتی كۆڕی كردووه.
له ساڵی 1991ـه‌وه مه‌سعوود محه‌مه‌د گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمی كوردستان تا له 1/4/2002 له هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد، دواتر له گۆڕستانی ده‌روێش خدر له كۆیه له ته‌نیشت گۆڕی باوكی (مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه) نێژراوه.
مه‌سعوود محه‌مه‌د له ماوه‌ی ساڵانی ته‌مه‌نیدا، خاوه‌ن ده‌یان نووسین و تێز و بۆچوون و لێكۆڵینه‌وه و كتێبی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زمانه‌وانی و لێكۆڵهڤانی و سیاسی بووه، به‌شێك له كتێبه‌كانی:
– ده‌سته‌ودامانی نالی
– حاجی قادری كۆیی به‌شی یه‌كه‌م – به‌غدا – كۆڕی زانیاری كورد ١٩٧٣
– حاجی قادری كۆیی – به‌شی دووه‌م – به‌غدا – كۆڕی زانیاری كورد ١٩٧٤
– حاجی قادری كۆیی – به‌شی سێیه‌م – به‌غدا – كۆڕی زانیاری كورد ١٩٧٦
– وردبوونه‌وه‌یه‌ك له چه‌ند باسێكی رێزمانی كوردی – كۆڕی زانیاری كورد ١٩٧٤
– چه‌پكێك له گوڵزاری نالی – كۆڕی زانیاری كورد به‌غدا ١٩٧٦
– چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی رێزمانی كوردی – به‌غدا – كۆڕی زانیاری كورد ١٩٧٦
– به‌ره‌و راسته‌شه‌قامی ئاخاوتنی كوردی
– زاراوه‌سازیی پێوانه
– حه‌مه‌ئاغای كۆیه
– نامه بۆ ئه‌میر حه‌سه‌ن پوور له هه‌ر كوێیه‌ك بیت
– مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر
– له په‌رۆشه‌كانی ژیان
– كه‌وچكێك شه‌كر بۆ قاوه‌یه‌كی تاڵ
– گه‌شتی ژیانم.
كتێبه عه‌ره‌بییه‌كانی:
– اعاده التوازن الی میزان – مختل.
– الی غورباتشوف العڤیم.
– لسان الكرد.
– التفسیر البشری للتأریخ
– المجتمع البشری لماژا یشبه مستشفی المجانین؟
چۆن له فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا قووڵ بووه‌وه؟
له‌وكاته‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌د قوتابیی كۆلێژی ماف بووه له به‌غدا، كه هاوپۆل و هاوڕێی دڵداری شاعیر بووه، به‌یه‌كه‌وه زۆربه‌ی ئێواران سه‌ردانی هۆڵی وێژه‌ی خاتوو (به‌هیه فه‌ره‌جوڵا)ی كچه كوردی میسریان له گه‌ڕه‌كی ئه‌عزه‌مییه‌ی به‌غدا كردووه، ئه‌وسا ئه‌و خاتوونه زانایه‌ی كورد، مامۆستای (كۆلێژی كچان) بووه له به‌غدا، له‌و ماڵه‌دا به‌رده‌وام كۆڕی فه‌لسه‌فی و هزری ده‌به‌سترا. مه‌سعوود محه‌مه‌د له‌وكاته‌وه بیری كه‌وته سه‌ر فه‌لسه‌فه و شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و دواتر بووه زانایه‌كی فره‌بوار و ته‌نانه‌ت به بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفێكی گه‌وره‌ی كوردیش ناو ده‌برێت.
قووڵبوونه‌وه له فه‌لسه‌فه‌كانی هیگڵ و ماركس
وه‌ك سایتی ویكیپیدیای كوردی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، مه‌سعوود محه‌مه‌د بیرمه‌ندێكی گه‌وره‌ی كورد و روناكبیرێكی دیاری كوردستان بوو، سه‌رچاوه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ و ماركسی به وردی خوێندبووه‌وه و له‌گه‌ڵ باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان به‌راوردی ده‌كردن و له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌نی ئه‌رێنی و له دژی هه‌ندێ لایه‌نیشی نه‌رێنی بوو، به نووسین ده‌هاته گۆڕه‌پانی ده‌مه‌ته‌قێ و وتووێژ و راستی باوه‌ڕی خۆی بوێرانه ده‌رده‌بڕی، شێوازێكی تایبه‌تی هه‌بوو له نووسینه‌كانیدا كه له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیدا نه‌ده‌گونجا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده گوێی به پۆلێنكردنی بابه‌تی نووسینه‌كانی نه‌ده‌دا، ناونیشانی سه‌ره‌كی و سه‌ردێڕی لاوه‌كی به‌سه‌ریه‌كه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرد و باكی نه‌بوو ئه‌گه‌ر پتر له 100 لاپه‌ڕه له نووسینه‌كانی له‌ژێر یه‌ك ناونیشان یان بێ ناونیشان بخاته به‌رده‌م خوێنه‌ری بابه‌ته‌كانی.
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس، زۆرترین كتێبه‌كانی كردووه به كوردی
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵا نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، له‌باره‌ی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه عه‌ره‌بییه‌كانی مه‌سعوود محه‌مه‌د، ده‌ڵێ: ئه‌وه‌یه عیشق, حه‌كیم كاكه‌وه‌یس هه‌موو كتێبه عه‌ره‌بییه‌كانی مه‌سعوود محه‌مه‌دی كردوون به كوردی، وه‌ك زمانی كورد، هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی تهرازووهكی سه‌نگه‌لا، پهرهسترۆیكای گورباشۆڤ، كه دوو كتێبه و كراوه به یه‌ك، بۆ گورباشۆفی مه‌زن، له‌گه‌ڵ سڵاو و هیواخوازیدا، حه‌جێكی تر بۆ به‌ر ده‌رگه‌ی خه‌تێی زانا، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بۆچی به شێتخانه ده‌چێ؟، بۆچوونێك له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی مرۆیی مێژوو. ٨. ده‌مودووی هزر.
مه‌سعوود محه‌مه‌د، زانایه‌كی فره ڕه‌هه‌ند
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵا، نووسه‌ر و وه‌رگێر كه نزیكه‌ی هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی مه‌سعوود محه‌مه‌دی خوێندووه‌ته‌وه و لێی ورد بووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی زانایی و بیرفراوانیی مه‌سعوود محه‌مه‌د بۆ “وشه” ده‌ڵێت, كه‌سێك كتێبی (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر) بخوێنێته‌وه، ده‌زانێت مه‌سعوود محه‌مه‌د ماخۆی فیكرێكی سه‌ربه‌خۆ بووه، له شیته‌ڵكردن و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و پووچاندنه‌وه‌ی خهسمهكهتدا وێنه‌ی نه‌بووه. یه‌كێك شه‌رحی (دیوانی حاجی قادری كۆیی) بخوێنێـته‌وه، ده‌زانێت ئه‌دیب و لێكۆڵه‌رێكی زۆر نایاب و ده‌گمه‌نی كورد بوو، به قووڵی ده‌ست پێ ده‌كات و له‌ناو قووڵایی پرسیارهكانیشدا جێ‌مان ده‌ێڵێ.
“هه‌ر خوێنه‌رێك (زاراوه‌سازیی پێوانه) بخوێنیته‌وه، ده‌زانێت مه‌سعوود محه‌مه‌د (سیبه‌وه‌یهی)ـی زمانی كوردی بوو. هه‌ر كه‌سێك (په‌رۆشه‌كانی ژیان) بخوێنێته‌وه، جوانیی زمانی كوردی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌زانێت ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی له‌م كتێبه‌دا چۆن تێكئاڵاون” حه‌یده‌ر وای گوت.
پێناسه‌ی ژیانی كه‌سانی بێ په‌یام
مه‌سعوود محه‌مه‌د، له یه‌كێك له وته دیاره‌كانیدا، ژیانێك ئه‌گه‌ر هیچ په‌یامێكی نه‌بێت خاوه‌نه‌كه‌ی رای بگه‌یه‌نێت، نزیك ده‌بێته‌وه له هه‌بوونی میكانیكی، رۆژ و شه‌وی به‌سه‌ردا دێت وه‌ك به‌سه‌ر زینده‌وه‌ری تر و به‌سه‌ر كاڵای بێ گیاندا دێت بێ هیچ ههڵاوێردنێك. مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه كه ده‌بێت هه‌موو مرۆڤێك خاوه‌ن ئه‌رك و په‌یامێكی خزمه‌تگوزاری و به‌رهه‌مدار بێت.