لایەنی گەشتوگوزار لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی دا
نوسینی:فەرهاد پیرباڵ
ساڵی ١١٨٧، پاش سەرکەوتنی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە جەنگی خاچپەرستەکان CROISADE
دژی فلیپ ئۆگەستی فەڕەنسی و ڕیچارد شێردڵ(قلب الاسد)ی ئینگلیز لە یۆرشەلیم،
مەسیحییەکانی کوردستان زەندەقیان دەچێ و دەڵێن:(ئاخۆ سەڵاحەدینی ئەیووبی
دوای ئەوەی قودسی گرت، چی بەسەر ئێمە دێنێ؟) بە تایبەتی چونکە دوای ئەو سەرکەوتنە،
میرە عەرەبەکانی چوارچێوەی دەسەڵاتی سەڵاحەدین، بەبێ مۆڵهت وەرگرتن، کەوتبوونە سزادان
و ئازاردان و باج وەرگرتن لە مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سوڵتان موزەفەر گۆگبەری ١١٢٨- ١٢٣٢ زاوای سەڵاحەدین کە میری هەولێر بوو،
بۆ ماوەی ٤٣ ساڵ (لە ١١٩٠- ١٢٣٢)، خۆی لە جەنگی نابلس لە ١١٨٤ لەگەڵ سەڵاحەدین بوو
.. داخوازی لە سەڵاحەدینی ئەیووبی دەکات، فریای مەسیحییەکانی ژێر ستەمی میرە
عەرەبەکان بکەوێ کە کەوتوونەتە
ئەنفالکردنی ئاشووری – کلدانییەکان. ئەویش هاوڕا فەرمانێک بڵاو دەکاتەوە:
(هەموو مەسیحییەکانی چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەیووبی، پێویستە مافە دینی
و نەتەوەییەکانی خۆیان پارێزراو بێت و ئازادانە بتوانن مومارەسەی دین و
زمان کولتووری خۆیان بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ باجشیان لێ وەربگیرێت!).
ئەم هەڵوێستە “جیاوازەی” سەڵاحەددینی کورد، کورد کە لە ئەوجی دەسەڵاتیشدایە،
زۆر پێچەوانەی دەسەڵاتدارە مسوڵمانە عەرەبەکانی ئەوکات و ئێستایشە. مژاری دکتۆرانامەیەکە،
مەبەستم ئەوەیە وەزارەتە پێوەندیدارەکانی هەرێم، بۆ بە گەشتوگوزارکردنی ئەم بیرۆکە
و جوامێری و تایبەتمەندییانەی سەڵاحەدین و سوڵتان مزەففەر کە پێوەندیان بە
هەولێرەوە هەیە، دەبێ باریکبینانە کاریان لەسەر بکەن و پلانی بۆ
دابنێن بۆ چۆنیەتی بە گەشتوگوزارکردنی و سەرنجڕاکێشانی جیهانی
مسوڵمان و عەرەب و دنیا بۆ هەولێر و بۆ مەولوودی پێغەمبەر و بۆ ئەم
میناتۆرەی کە دەمەوێ شرۆڤەی بایەخەکەی بکەم!
وەک لەم تابلۆ (میناتۆر)ەدا دەردەکەوێت: سەڵاحەدینی ئەیووبی و سوڵتان
موزەفەری هەولێری، سزادانی مەسیحییەکانی عەنکاوە و هاودیان و کۆیە و
شەقڵاوە و ئامێدی و هەموو ناوچەکانی تری کوردستانیان حەرام کرد و
مافە دینی و نەتەوەییەکانی بۆ گەڕاندنەوە و بە یاسا گهرهنتی کردن.
شایانی باسە ئەم فەرمانە سیاسییە ئاشتیخوازانەیەی سەڵاحەدین، کە لە شێوەی
میناتۆرێکی شێوازی (جەزیری) لە ساڵی ١١٨٧ بە زمانی تورکمانی نووسراوە
و نیگاری گومبەتێک و منارەی چۆلیی هەولێری بەسەرەوەیە، بەڵگەنامەیەکی
گرنگە بۆ سەلماندنی هەڵوێستی دادپەروەر و ئاشتیخوازانەی سەڵاحەددین و
سوڵتان مزەففەر لەهەمبەر مەسیحییە کلدۆ-ئاشوورییەکان و یەکسانیی نێوان کورد
و تورکمانەکان لە کوردستاندا.
کەواتە، ئەم خاڵە گرنگەش، دەشێ بکرێتە بنەما و زەمینەیەکی گرنگتر بۆ
بە گەشتوگوزارکردنی شارەکەمان و “سوڵتانەکەمان” و خەون دیتنیشی
بە پێغەمبەرە پیرۆزەکەی ئیسلام کە (مەولوودنامە) و مەولوودکردنیشی بۆ کردە
نەریتێکی تازە لە جیهانی ئیسلامدا.
بۆچی ئەم فەرمانە بە زمانی تورکمانی بووە؟
چونکە سوڵتان موزەفەرخۆی ١١٢٨- ١٢٣٢ ئەم فەرمانەی بۆ ناوچەکانی ژێر
دەسەڵاتی خۆی بڵاودەکردەوە. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێ کە تورکمان هەر
لەو ساڵەوە ١١٨٧ لە هەولێر هەبوونە.
دووەم: زمانی تورکمانی زمانی فەرمیی سەڵتەنەتی هەولێر بووە و تورکمان
بریتیبوون لە بەشێك لە خەڵکی ڕەسەنی هەولێر. لە هەموو ئەمانە گرنگتریش
ڕاستییەکی گرنگ دەسەلمێنێت ئەویش ئەمەیە: هەبوونی تورکمانەکان لە هەولێر
دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیدابوونی تورک و دەسەڵاتی عوسمانییە تورکەکان
لە ئەستەمبۆڵ (ساڵانی ١٣٠٠). چونکە ئەمەتا میناتۆرێکمان لە ساڵی ١١٨٧ لە
هەولێر بە زمانی تورکمانی نووسراوە پێش ئەوەی هێشتا تورک هەر
پەیداش ببن! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە: تورکمان خەڵکی ئەسڵی هەولێرن
و هیچ پێوەندییەکیان بە تورک و تورکیاوە نییە.
ئەم ڕاستییە مێژووییە، کە لەم سەروبەندەی ئەم پڕۆژەیەی مندا دەیدرەوشێنمەوە،
ئینتیمای تورکمان بۆ هەولێر و کوردستان پتەوتر، ڕەگاژۆ دەکات.
من لە کاتێکدا ئەم میناتۆرە بە زمانی تورکمانی و بە ڕووح و (فەرمان) کوردییەی
سەڵاحەدینی ئەیووبیم بە یەکەمین میناتۆڕی کوردی لە قەڵەم داوە ١١٨٧،
لە هەمان کاتدا ئەم میناتۆڕەم کردە سەرچاوەیەک بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەیەکی
سەرشەقام لەسەر ڕێگەی عەنکاوە- هەولێر،
بەرامبەر هوتێل LAMASSU ،شەقامی 100 مەتری!
من لەم پڕۆژەیەمدا بەهرە و سوودم لە مێژوو وەرگرتووە،
وێنە و نیگارەکانی ئەم دیواربەندەی، لەسەر دیواری یەکێتیی جووتیارانی کوردستان بە درێژایی 60 مەتر رەسمم
کردوون. بۆ ماوەی هەشت شەو و هەشت ڕۆژ (لە زستانی ٢٠١٣) سەرچاوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ حەکایەتەکانی
ئەو جەنگە ناودارەی کە بە سەرۆکایەتی عەقڵی کورد سەڵاحەدینی ئەیووبی لە پێناو بەرقەراربوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتای پێ هات.
زیندووکردنەوەی ئەم یادگارییەی سەڵاحەدین و ئەم هەڵوێستە
مرۆڤدۆستانەیەی سوڵتان موزەفەر، کە بووە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و برایەتیی نێوان کوردە مسوڵمان و
مەسیحییە ئاشووری و کلدانییەکان لەلایەک، لەلایەکی تیشەوە
پێکەوەژیانی ئاشتەوایی هەموویان لەگەڵ تورکمانەکانی هەولێر
و کوردستان، تینێکی دیموکراسیانە دەبەخشێتە ئەمڕۆی ژیانی
سیاسیمان و متمانە بەیەکتر کردنێکی هاوچەرخانە
دەبەخشێتە ئەو شارەی ناوی (عەنکاوە)یە و من دیواربەندە 60 مەترییەکەم
لەدیوی هەولێر لە شەقامی سەڵاحەدین درووست کردوە.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی مسوڵمانی کوردستان و مەتڕانی عەنکاوە
و بەڕێوەبەری شارەوانی عەنکاوە و بەڕێوەبەری ئەنستیتووی فەڕەنسی لە هەولێر،
پیشوازییەکی گەرمیان لەم پڕۆژەیەم کرد و بە کارێکی هونەریی
مێژوویی گرینگ لە قەڵەمیان دا. پاریزگاری هەولێریش لە
هەمان ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەم مۆزەخانەیەی سەر شەقام
(زستانی ساڵی ٢٠١٣) لارییان نەبوو کە من بەردەوام بم لە تەواوکردنی.
ئەم پڕۆژە هونەری- مێژوویی- تووریستییەکی گرینگە،
لەلایەن یەکێک لە دەزگە ئەهلییەکانی کوردستان حەقی وایە
بەڵێنی پێ بدرێ کە خەرجییەکانی بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی
بیکەینە مۆزەخانەیەکی سەر شەقام (لە هەولێری پایتەختی گەشتیاریدا).
وێنەی یەکەم: میناتۆڕی فەرمانەکەی سەڵاحەدینی ئەیووبی.
د.فەرهاد پیرباڵ