ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ئیسلامی
د.ئاراس محەمەد ساڵح
مێژوو له بیر و گوتار و دنیابینی موسڵماناندا ڕووبه‌رێكی گه‌وره داگیر ده‌كات، له یه‌ك كاتدا بۆ پیشاندانی وێنای جوانی ڕابردووی موسڵمانان و ئه‌و خزمه‌تانه‌ی پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تیان كردووه له هه‌موو ڕووه‌كانی بیر و ڕۆشنبیريی و شارستانيی و ئازادی مرۆڤ، له هه‌مانكاتدا بۆ جه‌ختكردنه‌وه له سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌كانی ئیسلام پشت به مێژوو ده‌به‌ستین، هه‌روه‌ها بۆ ته‌فسیری زۆر ده‌قی قورئان و سوننه‌ت ده‌بێت بگه‌ڕێينه‌وه بۆ مێژوو، هۆی دابه‌زینی ئایه‌ته‌كان و هۆی ده‌رچوونی (سبب الورود) فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌شێكن له مێژوو، له هه‌مانكاتدا زۆر كات نه‌یاره‌كان ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی مێژووه‌وه گومان له‌سه‌ر بنه‌ما پیرۆزه‌كانی ئیسلام و مێژووی موسڵمانان دروست بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه گرنگی بابه‌تی مێژوومان زیاتر بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه.
بێگومان مێژوو گرنگی تایبه‌تی هه‌یه له تێگه‌یشتن له بنه‌ماكانی ئیسلام و ته‌فسیری ده‌قه‌كان، هه‌روه‌ها وه‌ك بابه‌تێكی زانستی و ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی، له هه‌مانكاتدا وه‌ك بابه‌تێكی په‌روه‌رده‌یی بۆ تێگه‌یشتن له ڕابردوو و ئێستا و دیاریكردنی داهاتوو، مێژوو گرنگی و بایه‌خی زۆری هه‌یه، بۆیه پێویسته له سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو به‌پێی میتۆدی زانستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی مێژووی ئیسلامی دیاری بكه‌یه‌ن.
باسی یه‌كه‌م/ سه‌رچاوه‌كانی مێژووی ئیسلامی
یه‌كه‌م: قورئانی پیرۆز: هه‌رچه‌نده قورئانی پیرۆز كتێبی مێژوو نیه، به‌ڵام زۆر بابه‌تی مێژوویی وه‌ك به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران و ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ گه‌له‌كانیاندا بۆ گه‌یاندنی په‌یامی خوا باس ده‌كات، له هه‌مانكاتدا باسی هه‌ندێ گه‌ل و كه‌سانێك ده‌كات كه له ڕابردوودا كاریگهريیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی مێژوو هه‌بووه، هه‌روه‌ها باسی یاسا خوایيهكان (السنن الالهیه) ده‌كات له بونه‌وه‌ردا، كه خوای گه‌وره زۆر گه‌ل و كه‌سایه‌تی له‌ناوبردووه یان پایه‌دار كردووه به‌هۆی ئه‌و یاسا خواییانه‌وه كه ئاڕاسته‌ی مێژوو و ژیان ده‌كه‌ن.
به‌ڵام یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندی گێڕانه‌وه‌ی قورئان بۆ ڕووداوه مێژوویيه‌كان له به‌رگی چیرۆكێكی هونه‌ریدا باسی ده‌كات و ئاماژه بۆ (كات و شوێن) ناكات، مه‌گه‌ر زۆر به كه‌می هه‌ندێك جار ناوی شوێنێك هاتبێت، به‌ڵام له‌كاتی ته‌فسیركردنی ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزدا ده‌یان لاپه‌ڕه ڕهشكراوهتهوه به گێڕانه‌وه‌ی ئیسرائیلیات و چیرۆكی خورافی، ئه‌م گێڕانه‌وانه هه‌رچه‌نده نابنه به‌ڵگه‌ی مێژوویی، له هه‌مانكاتدا جوانی قورئان و ئامانجی ئایه‌ت و چیرۆكه‌كان له بیركراوه و زۆرجار ده‌یان شتی خورافی و نالۆژیكی به‌ناوی قورئان و پێغه‌مبه‌ران گێڕدراوه‌ته‌وه و له خه‌ڵكی كراوه‌ته ئایين.
هه‌موو ئه‌و چیرۆك و ئیسرائیلیات و گێڕانه‌وانه تێكه‌ڵاو به ته‌فسیری قورئان و كتێبه ئاینیيهكان كراون هه‌موو ڕه‌تده‌كرێنه‌وه نه به‌ڕاست داده‌نرێن نه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی مێژوو، هه‌روه‌ها ئیسرائیلیاتیيهكان به درۆش ناخرێنه‌وه وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رموێت: (لا نصدقهم ولا نكذبهم)، چونكه له‌وانه‌یه شتێك به‌درۆ بخه‌ینه‌وه كه له كتێبه‌كانی ئه‌هلی كتێبدا هاتووه، به‌ڵام ئه‌و شته ئه‌و ڕاستیيه بێت لای خواوه دابه‌زیوه و نه‌گۆڕدراوه، مه‌گه‌ر شتێك قورئان یان سوننه‌تی ڕاستی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ڕه‌تی بكاته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی نوسینه‌وه‌ی مێژوو به‌شێوه‌يه‌كی زانستی بابه‌تێكی نوێیه و سه‌رچاوه مێژوویيهكانی پێش ئیسلام زیاتر له شێوه‌ی گێڕانه‌وه و خورافه و ئه‌فسانه‌دا مێژوویان تۆمار كردووه، له‌به‌رئه‌وه پشتیان پێنابه‌سترێت وه‌ك سه‌چاوه‌ی باوه‌ڕ پێكراو بۆ بابه‌ته ئاینی و مێژووییه ڕابردووه‌كان.
كه‌سێك باسی ئهسحابولكههف (أصحاب الكهف) و شوێن و ناو ته‌نانه‌ت ناوی سه‌گه‌كه‌یان ده‌كات به پشتبه‌ستن به ئیسرائیلیات و چیرۆكی خورافی چۆن ده‌یسه‌لمێنێ ئه‌و شتانه ڕاستن، یان ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر كورد بووه و جلی كوردی له‌به‌ركردووه به‌ڵگه‌یان چیه و چۆن ده‌یسه‌لمێنن، ده‌توانن بیسه‌لمێنن ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر له چ سه‌رده‌م و شوێنێكدا بووه، بێگومان نه‌خێر، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ش له‌وباره‌یه‌وه ده‌كرێت جگه له چیرۆكێكی خورافی شتێكی تر نیه.
دووه‌م: فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ): پێغه‌مبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكی گێڕابێته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی فه‌رموده‌كه ڕاست بێت، ئه‌وه وه‌ك نیگا (وحی) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆ نمونه پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كه ده‌فه‌رموێت: (كان في بَنِي إِسْرَائِيلَ رجل قَتَلَ تِسْعَةً وَتِسْعِينَ نَفْسًا... البخاري: 3470)، ئه‌وه وه‌ك فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وه‌رده‌گیرێت نه‌ك وه‌ك ئیسرائیلیات، پێغه‌مبه‌ر له هه‌ندێ فه‌رموده‌دا ئاماژه به هه‌ندێك له به‌سه‌رهاتی گه‌لانی پێشوو ده‌كات، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بۆ له‌ناوچوون و له‌سه‌ر شانۆی ژیان نه‌ماون، هه‌موو ئه‌مانه باسی مێژوويین، هه‌روه‌ها باس له یاسا خوایيهكان ده‌كات كه له ته‌فسیری ئیسلامی بۆ مێژوو جێگه‌ی گرنگی پێدان و له‌سه‌ر وه‌ستانن.
هه‌روه‌ها له كتێبه‌كانی فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)دا به‌شی (السیر والمغازی) هه‌یه، له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كانی فه‌رموده‌دا كه هه‌موو فه‌رموده ڕاسته‌كانی به سه‌نه‌دی ڕاست و به‌پێی پێوه‌ری زانایانی زانستی فه‌رموده نوسراوه‌ته‌وه، ئه‌م فه‌رمودانه سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕاست و گرنگی مێژووی ئیسلامین، هه‌روه‌ها ده‌كرێت زۆرێك له ڕووداوه‌كانی ناو كتێبی مێژووی ئیسلامی به‌م فه‌رمودانه به‌راورد بكرێن بۆ زانینی ڕاست و دروستی ڕوداوه مێژوویيه‌كان.
سێیه‌م: كتێبه مێژوويیهكان: كتێبه مێژوويیهكانی سه‌ده‌كانی سه‌ره‌تای ئیسلام سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌نی مێژووی ئیسلامین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه نايه‌ت كه هه‌رچی له‌و كتێبانه‌دایه ڕاسته و وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵكو ئه‌و كتێبانه پله‌به‌ندیان هه‌یه له جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر چۆنیه‌تی نوسینه‌وه‌ی مێژوو، هه‌روه‌ها تا چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی گێڕانه‌وه‌كان كردووه، تا چ ئاستێك په‌یوه‌ست بوون به بنه‌ما زانستيیهكانی گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان، هه‌موو ئه‌م خاڵانه له وه‌رگرتنی باسی ڕوداوه‌كانی ناو ئه‌و سه‌رچاوه جێگه‌ی بایه‌خی زۆرن.
كتێبه‌كانی هه‌ریه‌كه له ( الطبقات الكبرى لمحمد بن سعد: ت 230هـ. تاريخ خليفة بن خياط: ت 240هــ. احمد بن يحيى بن جابر البلاذري: ت 279هــ. اليعقوبي: ت 284هــ:
ابن قتيبة: ت 270هــ. ابوحنيفة الدينوري، ت 282هــ. الطبري: ت 310هــ.
المسعودي: ت 346هــ) جیاوازیان هه‌یه، ته‌به‌ری زیاتر جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ڕووداوه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یان گێڕانه‌وه‌ی لاواز و بێبنه‌مای له كتێبه‌كه‌یدا هێناوه، هه‌رچی مهسعودیيه زۆرجار خورافه و قسه‌ی نا لۆژیكی گێڕاوه‌ته‌وه و له كتێبه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی، به‌ڵام ئیبنوكه‌سیر وه‌ك زانایه‌كی گه‌وره‌ی فه‌رموده زیاتر جێگه‌ی لێكدانه‌وه‌ی زانستیيه و كه‌متر ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌ی گه‌وره.
چواره‌م: كتێبی ڕۆژهه‌ڵاتناسان: ڕۆژهه‌ڵاتناسان زۆریان له‌باره‌ی مێژووی ئیسلامه‌وه نوسیوه، هه‌ندێكیان به‌مه‌به‌ست كاریان له‌سه‌ر شێواندنی مێژووی ئیسلام كردووه، هه‌ندێكیان بێلایه‌نانه لێكۆڵینه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام به زۆری ڕۆژهه‌ڵاتناسان به‌مه‌به‌ست بێت یان نا له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی مامه‌ڵه‌یان نه‌كردووه و زیاتر پشتیان به گێڕانه‌وه‌ی لاواز و هه‌ڵبه‌ستراو به‌ستوه، ئه‌و بابه‌ته لاوازانه‌ی خزمه‌ت به بیر و ڕێبازی ئه‌وان ده‌كات گواستویانه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له مێژووی قورئان و سونه‌ت و ژیانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و هاوه‌ڵاندا زۆر جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر سه‌رچاوه لاوازه‌كانی مێژووی ئیسلامی، به‌تایبه‌تی سه‌رچاوه‌ی ده‌سته و گرووپه لاده‌ره‌كانی(الملل والنحل) مێژووی ئیسلامی.
هه‌رچه‌نده زۆرێك له‌وانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و ئایدۆلۆژی كار له‌سه‌ر شێواندنی مێژووی ئیسلامی ده‌كه‌ن زیاتر پشت به‌و سه‌رچاوانه ده‌به‌ستن به بیانوی ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستین و له‌لایه‌ن كه‌سان و داموده‌زگای ئهكادیمیيهوه ئاماده‌كراون، به‌ڵام زۆرێك له‌و سه‌رچاوانه بێلایه‌نانه نه‌نوسراون و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كاندا نه‌كردووه، بۆیه ناكرێت بكرێنه سه‌رچاوه‌ی زانستی.
باسی دووه‌م/ هۆیه‌كانی شێواندنی مێژووی ئیسلامی
یه‌كه‌م/ نهنوسینهوهی مێژووی ئیسلامی له كات و ڕۆژگاری خۆیدا: له‌به‌ر به‌ربڵاوی نهخوێندهواريی و نه‌بوونی ڕۆشنبیری نووسین و كتێب و كتێبخانه له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌به‌رئه‌وه نه‌توانراوه له كات و ڕۆژگاری ڕووداوه‌كاندا تۆمار بكرێن، نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئیسلامی له سه‌ده‌ی سێیه‌می كۆچیه‌وه ده‌ست پێده‌كات، دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له دوو سه‌ده به‌سه‌ر ڕوداوه‌كاندا بێگومان ناتوانرێت ئه‌و ڕووداوه مێژوويیانه به وردی و به‌بێ هه‌ڵه بنوسرێنه‌وه، مێژوونووسه‌كانیش له‌كاتی نوسینی كتێبه‌كانیاندا هاتوون پشتیان به‌و گێڕانه‌وانه به‌ستووه كه له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی بوون.
بێگومان كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه له‌سه‌ر زاری كه‌سانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه نه‌خوێنده‌واری تێدا به‌ربڵاوبووه و له هه‌مانكاتدا ده‌یان ململانێی خۆێناوی شه‌ڕ و به‌ریه‌ككه‌وتنی چه‌كداريی و بوونی ده‌سته و گرووپی لاده‌ر، گومان له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه كه ده‌یان گێڕانه‌وه‌ی ناڕاست و چیرۆكی خورافی و فه‌رموده‌ی هه‌ڵبه‌ستراو دروستكراوه له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته و گروپانه‌وه بۆ شه‌رعیه‌تدان به هه‌ڵوێست و بۆچوون و ڕاستی ڕێبازی گروپه‌كانیان.
دووه‌م/ ده‌سته و گرووپه لاده‌ره‌كان: له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی كێشه‌كانی نێوان خه‌لیفه عه‌لی كوڕی ئه‌بوتالیب و موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بوسوفیان و جه‌نگه‌كانی (الصفین والجمل) و كێشه‌كانی ئیمامه‌ت و ده‌ركه‌وتنی خهورایج و شیعه و دابه‌شبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆ ده‌وڵه‌تی كوفه و دیمه‌شق و مه‌دینه، هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ی نێوان خودی موسڵمانان هۆی به‌هێزبوون له شێواندنی ڕوداوه‌كان، هه‌تا كارگه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خودی موسڵمانانه‌وه هێرش و قسه‌ی ناڕه‌وا به‌رامبه‌ر خه‌لیفه‌كانی ڕاشدین و هه‌ندێ له هاوه‌ڵان بكرێت.
هه‌روه‌ها دوای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سته و گرووپه لاده‌ره‌كان (خهورایخ، شیعه قه‌ده‌ری، موعته‌زیله … هتد) هه‌موو ئه‌م گرووپانه بۆ شه‌رعیه‌تدان به بۆچوونه‌كانیان و دروستكردنی گێڕانه‌وه‌ی ناڕاست و ته‌فسیری هه‌ڵه ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه له شێواندنی مێژووی ئیسلامی، له سه‌رده‌می نوێشدا زۆرێك له ڕۆژهه‌ڵاتناس و كه‌سانێك كه هه‌وڵی شێواندنی مێژووی ئیسلامی ده‌ده‌ن هه‌وڵده‌ده‌ن پشت به كتێبی ئه‌و ده‌سته و گرووپانه ببه‌ستن له نوسینه‌كانیاندا، هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ری زۆریان بووه له شێواندنی ڕووداوه‌كان و ڕووی گه‌شی مێژووی ئیسلامی.
سێیه‌م/ هۆنه‌ر و پیاهه‌ڵدان: نوسینی هۆنراوه و پیاهه‌ڵدان له‌لایه‌ن هه‌ندێ كۆلكه خوێنده‌واره‌وه و گه‌وره‌كردن و بهخورافی كردنی زۆر ڕووداوی مێژوویی كاریگه‌ری هه‌بووه له ناشیرینكردنی مێژووی ئیسلامی و تێكه‌ڵاوكردنی به خورافه و ئه‌فسانه و بابه‌تی نالۆژیكی، ئه‌م چیرۆكه خورافیانه له‌لایه‌ن كه‌سانی میللی و كۆلكه خوێنده‌واره‌وه دروستكراون و خوێندراونه‌ته‌وه و دوایی وه‌ك بابه‌تی مێژووی چونه‌ته زیهنی خهڵكیيهوه.
له ناوه‌ندی ڕۆشنبیريی كوردیشدا ئه‌و جۆره نوسینانه بوونیان هه‌بووه و به‌هۆی خورافی بوون و چێژوه‌رگرتنی خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وار له‌و جۆره چیرۆكانه له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا خوێندراونه‌ته‌وه، كتێبه‌كانی (مه‌ولودنامه و و میعراج نامه و فه‌تحی قه‌ڵای خه‌یبه‌ر و …هتد) ده‌یان شتی ئه‌فسانه و شاخداریان تێدایه و لای خه‌ڵكی بوونه‌ته ڕاستی مێژوویی، هه‌موو ئه‌م جۆره نوسینانه كاریگه‌ری خراپیان بووه له ناشیرینكردنی ڕووداوه‌كانی مێژوو.
چواره‌م/ دانانی كتێب به‌ناوی كه‌سانی باوه‌ڕپێكراوه‌وه: هه‌ندێ ده‌سته و گوروپی لاده‌ر له مێژووی ئیسلامی‌دا كتێبیان داناوه و داویانه‌ته پاڵ كه‌سانی ناسراو خاوه‌ن پێگه و جێگه‌ی متمانه‌ی موسڵمانان بۆ بره‌ودان به ڕێباز و ده‌سته و گروپه‌كانیان، وه‌ك كتێبی (نهج البلاغه) به‌ناوی خه‌لیفه عه‌لی كوڕی ئه‌بی تالبه‌وه و (الامامه والسیاسه) به‌ناوی (ئه‌بو قوته‌یبه‌ی دینه‌وه‌ری) یه‌وه، چونكه دینه‌وه‌ری جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌هلی سوننه بووه.
پێنجه‌م/ نه‌بوونی هۆشیاری مێژوویی: به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵی موسڵماناندا زۆركه‌س قسه له‌باره‌ی مێژووه‌وه ده‌كات، به‌ڵام هه‌موویان ئه‌و هۆشیاریيهیان نیه وه‌ك زانستێكی تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، زۆریان جیاوازیی ناكه‌ن له نێوان ڕووداوه مێژوويیهكان و چیرۆك و ئه‌فسانه و خورافه‌دا، ته‌نانه‌ت له ناوه‌نده ئاینداریيهكهدا ده‌یان خورافه‌ی نه‌شیاو وه‌ك ڕووداوی مێژوویی ده‌ده‌نه پاڵ پێغه‌مبه‌ران و هاوه‌ڵان و كه‌سانی ئه‌فسانه‌یی.
له هه‌مانكاتدا نابێت هه‌رچی له كتێبه مێژوویيهكاندایه بێ لێكۆڵینه‌وه وه‌ربگیرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت و جیاوازی بكرێت له نێوان چیرۆك و ئه‌فسانه و ڕووداوی مێژوویدا.
شه‌شه‌م/ ململانێی ئایدۆلۆژی: له كۆندا ململانێی نێوان ده‌سته و گرووپه‌كان كاریگه‌ری هه‌بووه له شێواندنی مێژووی ئیسلامی‌دا، له سه‌رده‌می نوێشدا ململانێی نێوان ئاڕاسته فكريیه جیاوازه‌كان هه‌وڵی ناشیرینكردنی ئه‌و مێژووه ده‌دات، له ناوه‌ندی ڕۆشنبیريی كوردیدا هه‌وڵی زۆر هه‌یه بۆ شێواندی مێژووی ئیسلامی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ڕووداوه‌كان وه‌ك خۆی تۆمار ناكه‌ن و پشت به‌سه‌رچاوه‌ی لاواز ده‌به‌ستن و ته‌نها ئه‌و بڕگانه ده‌گوێزنه‌وه كه پشتگیری حه‌زو بۆچوونی ئه‌وان ده‌كات، له هه‌مانكاتدا فه‌تحكردن به داگیركردن ناو ده‌به‌ن و غه‌نیمه‌ت به تاڵانی و زۆر شتی له‌و بابه‌تانه.
هه‌ركه‌س دژایه‌تی مێژووی ئیسلامی بكات نه‌ده‌بوو كورد به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌وڵی شێواندنی مێژووی ئیسلامیان بدایه، ئیسلام هاتووه له كوردستان مزگه‌وت و خوێندنگه‌ی ئاینی كردووه‌ته‌وه و ده‌یان ئه‌دیب و شاعیر و مێژوونووس و زانای گه‌وره له‌و مزگه‌وتانه ده‌رچوون و ناوی كوردیان بردوه‌ته هه‌موو گۆشه و كه‌نارێكی ئه‌م جیهانه، له هه‌مانكاتدا سه‌دان ڕه‌وشت و ئاكاری وه‌ك هاوكاريی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی ڕه‌وشتبه‌رزی هێناوه‌ته ناو كورد، له هه‌مانكاتدا له هه‌موو ئاكار و ڕهشتێكی خراپ كوردی پاراستووه.
هه‌روه‌ها ده‌یان بنه‌ماڵه هاتوونه‌ته كوردستان و له‌ناو كورددا تواونه‌ته‌وه و بوونه‌ته به‌شێك له كورد، هه‌ریه‌كه له‌و بنه‌ماڵانه ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه له خزمه‌ت به مێژووی كورد له هه‌موو ڕوه‌كانه‌وه، وه‌ك سه‌یده‌كانی به‌رزنجه و مهردۆخیهكان و نههریيهكان و پیرخدریيهكان و ده‌یانی تر كه هه‌موویان خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری عه‌شیره‌تی جاف خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر پیرخدری شاهۆ و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌ویش ده‌چێته‌وه بۆ سه‌ر سه‌یده‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه به سه‌نه‌دی ڕاست پشتڕاست بكرێنه‌وه، كه‌واته به‌شێكی گه‌وره‌ی میلله‌تی كورد نه‌وه‌ی ئه‌و فاتیحه موسڵمانانه‌یه كه هاتونه‌ته كوردستان.
له هه‌مانكاتدا ده‌یان شتی ناڕاست و دروستكراو ده‌گوێزنه‌وه بۆ ناو نوسینه‌كانیان، هه‌موو ئه‌مانه بۆ ناشیرینكردنی مێژووی ئیسلامیيه، چونكه ده‌زانن مێژووی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی په‌ند و ئامۆژگاريی و په‌روه‌رده‌یی خه‌ڵكی موسڵمانه و له هه‌مانكاتدا موسڵمانان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی بانگه‌واز سودی لێوه‌رده‌گرن.
حه‌وته‌م/ وه‌عز و واعیزه‌كان: واعیزه‌كان له‌كاتی وه‌عز و ئامۆژگاری موسڵماناندا ده‌یان چیرۆك و ڕوداوی ئه‌فسانه‌یی به‌ناوی مێژووی ئیسلامیه‌وه ده‌گێڕنه‌وه بۆ ورژاندنی خه‌ڵكی ساده و نه‌خوێنده‌وار بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی وهعزهكانیان و گه‌وره‌كردنی خۆیان، نازانن كه ئه‌و چیرۆكانه كاریگه‌ری خراپی هه‌یه له‌سه‌ر ناشیرنكردنی دین و له هه‌مانكاتدا گێڕانه‌وه‌ی درۆ حه‌رامه و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) هه‌ڕه‌شه‌ی توندی كردووه له‌وانه‌ی درۆ به‌ده‌میه‌وه ده‌گێڕنه‌وه، ده‌یان چیرۆكی دروستكراو به‌ناوی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵان و هه‌زاران ئیسرائیلیات به‌ناوی ته‌فسیری قورئان و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌رانی پێشووه‌وه باس ده‌كه‌ن بێئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه بنه‌مای ڕاستیان هه‌بێت.
ده‌یان چیرۆكی وه‌ك هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر ژنیان بۆ یه‌كتری ته‌ڵاقداوه و هه‌موویان برسیان بووه و به‌ردیان به‌ستوه به سكیانه‌وه و عومه‌ری كوڕی خه‌تاب كچی خۆی زینده‌به‌چاڵ كردووه و عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز نان و خواردنی خۆشی له‌سه‌ر خۆی حه‌رامكردووه و ئه‌مانه و سه‌دانی تر ڕۆژانه ده‌ده‌ن به‌گوێی موسڵماناندا، ئه‌م واعیزه نهخوێندهوارانهش كاریگه‌ری زۆریان هه‌بووه له شێواندنی مێژووی ئیسلامی.
باسی سێیه‌م/ ڕێبازی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ئیسلامی
مێژووی ئیسلامی ته‌نها تۆماری كۆمه‌ڵێك ڕووداوی ئاسایی نیه، به‌ڵكو مێژووی ئايين و عه‌قیده و شه‌ریعه‌ته، بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به پێغه‌مبه‌ران به‌تایبه‌تی له ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزدا به‌هیچ جۆرێك نابێت ئاسانكاری تێدا بكرێت، چونكه تایبه‌ته به پێغه‌مبه‌رانه‌وه كه یه‌كێكه له بنه‌ماكانی عه‌قیده‌ی ئیسلامی، له زۆر ڕیوایه‌تی ئیسرائیلی و خورافیدا هاتووه كه گوایه فڵان پێغه‌مبه‌ر دڵداريی و ئه‌ڤینی كردووه، ئه‌مه به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ ڕه‌وشتی پێغه‌مبه‌ر و عیصمه‌تی پێغه‌مبه‌راندا یهكنایهتهوه، ئه‌م بابه‌ته بۆ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ریش (السیره النبویه) به‌هه‌مان شێوه‌یه.
هه‌روه‌ها بۆ قۆناغی هاوه‌ڵانیش كه خوای گه‌وره تهزكیهیان ده‌كات و لای ئه‌هلی سوننه به كۆی ده‌نگ (اهل العدل: ڕاستگۆ و دادپه‌روه‌رن) به‌هه‌مان شێوه ئه‌و مێژووه‌ی ده‌نوسرێته‌وه و وه‌رده‌گیرێت ده‌بێت له وه‌رگرتنیدا ئه‌م مه‌نهه‌جه په‌یڕه‌و بكرێت:
یه‌كه‌م/ گێڕه‌ره‌وه: ئه‌و كه‌سه‌ی مێژووی ئیسلامی ده‌گێڕێته‌وه یان ده‌نوسێته‌وه ده‌بێت به‌پێی بنه‌ماكانی زانستی فه‌رموده و زانستی كه‌سناسی(علم الرجال) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، ده‌بێت مه‌رجه‌كانی (الاسلام، العدل، الضبط، العقل) تێدابێت، چونكه ناكرێت كه‌سێك تاوانبار بێت به درۆ و خورافه و له بیرچوونه‌وه و بكرێته سه‌رچاوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه مێژووییه‌كان .
دووه‌م/ ده‌قه‌كه: ئه‌و ده‌قه مێژوويیهی تۆماركراوه ده‌بێت به‌پێی بینش (التصور) و ته‌رازوی ئیسلامی ههڵبسهنگیرێت، چونكه ڕوانینى ئیسلامی جیاوازه له ڕوانینی ماددی یان ماركسی یان هیگڵی بۆ مێژوو، بینشی ئیسلامی بڕوای به جیهانی غه‌یب و ده‌ستی په‌روه‌ردگار له ڕووداوه‌كان و سوننه‌تی خوایی له ڕووداوه‌كانی گه‌ردوندا هه‌یه، گۆڕینی مرۆڤایه‌تی له سه‌ره‌تاكانی فتوحاتی ئیسلاميیهوه له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌یی كه‌مدا له بتپه‌رستیه‌وه بۆ خواپه‌رستی، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گه‌لێكی نه‌خوێنده‌واری وه‌ك عه‌ره‌بی ئه‌و ڕۆژگاره‌وه، بێگومان ئه‌وه هاوكارییه‌كی خوایی له‌گه‌ڵدایه، ئه‌ی بۆ هیچ یه‌كێك له ئیمپراتۆریهتهكانى فارسی و ڕۆمانی نه‌یانتوانی ئه‌و كاره گرنگه بكه‌ن.
هه‌روه‌ها هه‌رده‌قێكی مێژوویی برینداركردنی پێغه‌مبه‌ران و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌رى تێدابێت وه‌رناگیرێت، یان برینداركردنی ئیمامه گه‌وره‌كانی مێژووی ئیسلامی، هه‌رچه‌نده جگه له پێغه‌مبه‌ران كه‌س بێههڵه (معصوم) نیه، به‌ڵام هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی مێژوويی جێگه‌ی گومانن و له‌گه‌ڵ ڕه‌وشت و ئاكاری ئیمانداری ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن زانست یهكنایهتهوه جێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆره.
سێیه‌م/ بێلایه‌نی نوسه‌ر: لێكۆڵه‌ری ئه‌كادیمی ده‌بێت زۆر بێلایه‌نانه ڕووداوه‌كان تۆمار بكات با به‌خواستی ئه‌ویش نه‌بێت، چونكه له كۆندا ده‌سته و گرووپه لاده‌ره‌كان زۆر شتی ناڕاستیان تێكه‌ڵی مێژووی ئیسلامی كردووه، زۆرجار به پاڵنه‌ری مه‌زهه‌ب و كه‌سێكی دیاریكراو گێڕانه‌وه و ڕووداوی دروستكراو كراوه‌ته مێژوو، به‌تایبه‌تی له دوای ده‌ركه‌وتنی شیعه و مه‌سه‌له‌ی ئیمامه‌ت و كێ له پێشتره ببێته ئیمام، له‌م پێناوه‌شدا ده‌یان چیرۆكی ناڕاست و گێڕانه‌وه‌ی بێبه‌نما دروستكرا بۆ به‌هێزكردنی مه‌زهه‌ب و بۆچوونه‌كانیان.
له دوای ململانێی و شه‌ڕه‌كانی خاچپه‌رستان و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی سوپای موسڵمانان زیاتر هه‌وڵی ناشیرینكردنی موسڵمانان و مێژووی ئیسلامی دراوه و ده‌یان كتێب بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نوسراوه. له سه‌رده‌می نوێشدا به‌هۆی ململانێی به‌ره‌ی ئیسلامخواز و به‌ره‌ی چه‌پ و عه‌لمانی هه‌وڵێكی چڕ و به‌رده‌وام هه‌یه بۆ ناشیرینكردنی مێژووی ئیسلامی، چونكه ئه‌و مێژووه یه‌كێكه له‌و سه‌رچاوه بانگه‌وازیانه‌ی خه‌ڵكی موسڵمان سودی زۆری لێوه‌رده‌گرێت له وه‌عز و گوتار و بانگه‌وازدا، بۆیه به‌ره‌ی دژ زۆر هه‌وڵی ناشیرینكردنی ئه‌و سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه ده‌ده‌ن.
له هه‌مانكاتدا واعیز و گوتاربێژه موسڵمانانهكانیش زۆركات بۆ وروژاندنی به‌رامبه‌ر و سه‌رنج ڕاكێشانی خه‌ڵكی ساده ده‌یان چیرۆكی خورافی و بێبهناما به‌ناوی مێژووی ئیسلامیيهوه ده‌گێڕنه‌وه بێئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كتێبه باوه‌ڕپێكراوه‌كانی مێژووی ئیسلامی، وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوه‌ڵان هه‌موویان شه‌و و ڕۆژ له برسا سكیان ئێشاوه و عومه‌ری كوڕی خه‌تاب به كۆڵ ئاردی بردووه بۆ خه‌ڵكی هه‌ژار و عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز هه‌ر نان و پیازی خواردووه و ئه‌مانه و سه‌دان چیرۆكی نالۆژیكی تری له‌و بابه‌ته.
دادگه‌ری: ئه‌و كه‌سه‌ی مێژوو ده‌نوسێته‌وه ده‌بێت دادگه‌ر بێت و بێ لایه‌نانه ڕوداوه‌كان تۆمار بكات، نابێت بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری هه‌واو ئاره‌زووی تایبه‌تی خۆیی و به‌و پێوه‌ره ڕووداوه‌كان تۆمار بكات، هه‌روه‌ها نابێت به پاڵنه‌ری مه‌زهه‌ب و ئایدۆلۆژی تایبه‌تی خۆی ڕووداوهكات ته‌فسیر بكات، ئه‌گه‌ر مێژوونووس بێلایه‌نی خۆی له‌ده‌ستدا و به‌ڕێبازی زانستی و ئه‌كادیمی ڕووداوه‌كانی تۆمارنه‌كرد ئه‌وه هه‌موو نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌كانی جێگه‌ی گومانن و وه‌رناگیرێن.
هه‌ندێ جار لێكۆڵه‌ری مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه مێژوويیه ڕه‌سه‌نه‌كانی وه‌ك ته‌به‌ری ئیبنوكهسیری …هتد، به‌ڵام فێڵێكی زۆر زیره‌كانه ده‌كات و ته‌نها ئه‌و دێڕانه ده‌گوێزێته‌وه كه له‌گه‌ڵ خواست و ئاره‌زووی ئه‌ودا یه‌كده‌گرێته‌وه یان پاش و پێشى ڕسته‌كان ده‌قرتێنێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار ته‌نها گێڕانه‌وه لاواز و بێینهماكان ده‌گوێزێته‌وه كه كتێبه مێژوويیهكان زۆر گێڕانه‌وه‌ی لاوازی تێدایه و دواتریش ده‌ڵێت له ته‌به‌ری و مه‌سعودی ….هتد.. وه‌رگرتووه.
دووه‌م/ بابه‌تی بوون: بابه‌تی بوون واته خۆداڕنینی مێژوونووس یان لێكۆڵه‌ر له هه‌موو حه‌ز و ئاره‌زووه كهسیيهكانی خۆی، نابێت به سۆز و پاڵنه‌ری فكری و بۆچوونی سیاسی خۆی ته‌فسیرى ڕووداوه‌كانی مێژوو بكات، به‌ڵكو ده‌بێت واتا و مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌قه مێژوويیانه چۆنه به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات، نابێت بڕیاری پێشوه‌خت بدات، یان په‌نا بۆ ته‌ئویلاتی خۆی ببات و چۆن خۆی حه‌ز ده‌كات به‌وشێوه‌یه ته‌فسیری ڕووداوه‌كان بكات.
زۆركات لێكۆڵه‌ری موسڵمان ته‌نها ڕووه جوانه‌كانی مێژوو ده‌گوێزێته‌وه و شته ناشیرینه‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه، له هه‌مانكاتدا به‌ره‌ی نه‌یار ته‌نها هه‌وڵی زه‌قكردنه‌وه‌ی شته ناشیرینه‌كان ده‌ده‌ن و به‌وشێوه‌یه وێنا و ته‌فسیری مێژووی ئیسلامی ده‌كه‌ن كه خۆیان ده‌یانه‌وێت، به‌ڵام له هه‌ردوو باره‌كه‌دا مێژوو دروستكراوی ده‌ستی مرۆڤه، ده‌كرێت شتی جوان و ناشیرینی تێدابێت، بۆیه پێویسته لێكۆڵه‌ر ڕێبازێكی زانستی په‌یڕه‌و بكات و حه‌ز و ئاره‌زووی خۆی تێكه‌ڵی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی نه‌كات.
هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ره موسڵمانه‌كان و نه‌یاره‌كانیش هاوسه‌نگی ناكه‌ن له نێوان ڕوداوه سه‌ربازی و ململانێ سیاسیه‌كان و ئه‌و هه‌موو حزمه‌ته گه‌وره‌ی موسڵمانه‌كان كردوویانه به پرۆسه‌ی خوێندن و زانست و ژیار و شارستانی، به‌ڵكو ته‌نها جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه له‌سه‌ر ڕوداوه سه‌ربازی و سیاسیه‌كان.
كۆتایی
له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه مێژووی ئیسلامی له ڕۆژگاری خۆیدا نه‌نوسراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و گرنگیه‌ی دراوه به جه‌ختكردنه‌وه له ڕاستی فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)و كه‌سی گێڕه‌ره‌وه و ده‌قه‌كه له‌لایه‌ن زانایانی فهرمودهناسیيهوه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و گرنگیه نه‌دراوه به تۆماری ڕووداوه مێژوويیهكان و ئاسانكاری كراوه له‌لایه‌ن مێژوونوسانه‌وه له نوسینه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌دا.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك هۆی تر كاریگهریيان هه‌بووه و له‌سه‌ر شتی ناڕاست و چیرۆكی خورافی و ئه‌فسانه و شێواندن كه‌وتووته ناو كتێبه مێژوويیهكان له‌لایه‌ن ده‌سته و گروپه لادهرهكانهوه، له هه‌مانكاتدا هۆنینه‌وه‌ی ده‌یان هۆنراوه‌ی میللی و تێكه‌ڵكردنی به پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌ی ڕێگایه‌ك بووه بۆ تێكه‌ڵبوونی ئه‌و جۆره خورافیاتانه به ڕووداوه مێژوویيه‌كان، هه‌روه‌ها واعیز و گوتاربێژهكان ده‌یان ئیسرائیلیات و خورافه‌یان تێكه‌ڵ به ته‌فسیری قورئان و مێژووی ئیسلامی كردووه و ئه‌مه‌ش هۆیه‌كی تر بووه بۆ شێواندنی مێژووی ئیسلامی.
له‌دوای ده‌ركه‌وتنی بزاڤی ڕۆژهه‌ڵاتناسی و ئه‌نجامدانی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر مێژووی ئیسلامی و هه‌موو بواره‌كانی تری زانسته ئیسلامیيه‌كان و پشتبه‌ستنیان به سه‌رچاوه‌ی ده‌سته و گرووپه لاده‌ره‌كان و به پاڵنه‌ری ئاینيی و سیاسی له هه‌ندێ كاتدا، ئه‌مانیش كاریگه‌ری زۆریان هه‌بووه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی مێژووی ئیسلامی.
له سه‌رده‌می نوێشدا به‌هۆی ململانێی فكريی و ئاڕاسته‌ی سیاسی جیاوازه‌وه هه‌وڵی زۆر دراوه بۆ شێواندنی مێژووی ئیسلامی، چونكه به‌ره‌ی نه‌یار باش ده‌زانن كه مێژووی پڕ سه‌روه‌ری ئیسلامی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی په‌روه‌رده و په‌ندوه‌رگرتن ودهستهچیلهیهكی باشی بانگه‌وازه بۆ موسڵمانان بۆیه هه‌وڵی ناشیرینكردنی ده‌ده‌ن.
له ڕۆژگاری ئێستادا كاتی ئه‌وه هاتووه كه مێژووی ئیسلامی به ڕێبازێكی زانستی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێت و پاكبكرێته‌وه له هه‌موو ئه‌و بابه‌ته ناڕاستانه‌ی تێكه‌ڵاوی كراوه، به‌بێ سۆزی لایه‌نگران و ئاره‌زووی نهیارانهكانی.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
[1]– برِوانة: سيد قطب، في ظلال القرآ‌ن، الطبعة السابعة والثلاثون 1429هـ 2008م، دار الشروق- بيروت، م4 ص 2290-2291.
2 ده‌رباره‌ی (سنن الالهیه) وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ماكانی ته‌فسیری ئیسلامی بڕوانه: د.عمادالدين خليل، التفسير الاسلامي للتاريخ، الطبعة الثالثة 1401هـ1981م، دار العلم للملايين، بيروت- لبنان، ص 231 به‌دواوه. هه‌روه‌ها بڕوانه: د.جمال عبدالهادي محمد مسعود و د. وفاء محمد رفعت جمعة، أخطاء يجب أن تصحح في التاريخ منهج كتابة التاريخ الاسلامي كيف ولماذا، الطبعة الثالثة 1414هـ 1994م، دار الوفاء- القاهرة، ص 18-19.
3– د.محمد صامل السلمى، منهج كتابة التاريخ الاسلامي وتدريسه، الطبعة الأولى 1408هـ 1988م، دار الوفاء- القاهرة، ص 93 به‌دواوه.
4– بڕوانه: د. سيدة اسماعيل كاشف، مصادر التاريخ الاسلامي ومناهج البحث فيه، الطبعة الثانية 1403هـ 1983م، دار الرائد العربي، بيروت- لبنان، ص 83 به‌دواوه. هه‌روه‌ها بڕوانه:د.عمادالدين خليل، حول اعادة كتابة التاريخ الاسلامي، الطبعةالأولى 1426هـ2005م، دار ابن كثير- دمشق، ل83 به‌دواوه.
5– بڕوانه: د.محمد صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي، الطبعة الأولى 1429هـ، دار ابن الجوزي- السعودية، ص 488 به‌دواوه.
6– بڕوانه: د. اسماعيل علي محمد، الاستشراق بين الحقيقة والتضليل، الطبعة السادسة 143هـ 2014م، دار الكلمة- القاهرة، ص 135 به‌دواوه.هه‌روه‌ها بڕوانه: محمد قطب، كيف نكتب التاريخ الاسلامي، الطبعة الأولى 1415هـ1996م، دار الشروق، بيروت – لبنان، ص12-13.
7– بڕوانه: أ.د. محمد أمحزون، منهج دراسة التاريخ الاسلامي، الطبعة الأولى 1432هـ2011م، دار السلام، القاهرة، ص 15-17.
8– بڕوانه: د. سيدة اسماعيل كاشف، مصادر التاريخ الاسلامي ومناهج البحث فيه، ص17بةدواوة.
9– بڕوانه: د.محمد صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي وتدريسه، ص 254-255.
10– بڕوانه: د.محمد صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي وتدريسه، ص 255.
11– بڕوانه: د.عماد الدين خليل، حول اعادةكتابة التاريخ الاسلامي، ل10.
12– بۆ نمونه بڕوانه: شوان عوسمان مسته‌فا، كوردستان و پرۆسه‌ی به ئیسلامكردنی كوردستان، چاپی یه‌كه‌م 2002ز، سلێمانی، ل 140 به‌دواوه. هه‌روه‌ها: فازیل قه‌ره‌داغی، ماسته‌رنامه یان هه‌ڵه‌نامه، هه‌روه‌ها: فوئادی مه‌جید میسری، كۆمه‌ڵگا له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تدا، هه‌روه‌ها: سه‌روه‌ر پێنجوێنی، داگیركردنی شاره‌زور، گۆڤاری دابڕان، ژماره (4)ی ئه‌یلولی 2016، ل4 به‌دواوه.
13– بڕوانه: د.عماد الدين خليل، حول اعادةكتابة التاريخ الاسلامي، ل10 .
14– بڕوانه: أ.د. محمد أمحزون، منهج دراسة التاريخ الاسلامي، ص20 به‌دواوه.
15– بڕوانه: د.محمد بن صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي، ص 88-89.
16– بڕوانه: د.محمد صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي وتدريسه، ص 25-252.
17– بڕوانه: د. محمد صامل السلمي، منهج كتابة التاريخ الاسلامي، ص 133 به‌دواوه.