فیدڵ كاسترۆ سه‌رۆكی پێشووی كوبا له‌ته‌مه‌نی 90 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
راول كاسترۆ سه‌رۆكی كوبا له وته‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی نشتیمانی ئه‌و وڵاته، هه‌واڵی كۆچی دوایی فیدڵ كاسترۆی راگه‌یاند، به‌پێی پێگه‌ی prensa-latina ی كوبی.
وتیشی ته‌رمی كاسترۆ رابه‌ری مێژویی شۆڕشی كوبا له‌سه‌ر داوای خۆی ده‌سوتێنرێت.
كاسترۆ له‌ساڵی 1959 بووه سه‌رۆكی كوبا دوای شكستهێنان به حكومه‌تی فولغینسیو باتیستا له‌شۆڕشێكی چهكداریداو بۆماوه‌ی 49 ساڵ له پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه، له‌ساڵی 2008 دوای راگه‌یاندنی خۆ كاندیدنه‌كردنه‌وه‌ی بۆ ویلایه‌تی نوێ راول كاسترۆی برای به‌سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرا.
كاسترۆ له‌ساڵی 1965 سه‌رۆكایه‌تی پارتی شیوعی كرد له كوباو وڵاته‌كه‌ی گۆڕی بۆ سیسته‌می شیوعیه‌ت و سیسته‌می تاكه پارتی ده‌سه‌ڵاتدار. هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1976 بووه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیران و باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی هه‌بوو،
دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك له‌ساڵی 2006 ئه‌ركه‌كانی راده‌ستی برا بچوكه‌كه‌ی و جێگری سه‌رۆك راول كاسترۆ كرد، له ساڵی 2008 پێش پێنج رۆژ له كۆتایی هاتنی ویلایه‌ته‌كه‌ی رایگه‌یاند كه‌نایه‌وێت خۆی بۆ سه‌رۆك یان سه‌رۆك ئه‌ركان هه‌ڵبژێرێته‌وه.
فیدل کاسترۆ سەرکردەیەکى دیارى بزوتنەوەى شیوعییەکانى کوبا بووە لە ماوەى سەدەى ڕابردوودا توانیویەتى دەوڵەتێکى شیوعى لە هەناوى جیهانى ڕۆژئاواى سەرمایەدارى دابمەزرێنێت و بۆ ماوەى ٥٠ ساڵ سەرۆکایەتى ئەو دەوڵەتە بکات و بتوانێت دەوڵەتەکە بپارێزێت.
بەدرێژایی نزیکەی نیو سەدە، فیدڵ کاسترۆ سەرجەم هەوڵەکانی ئەمەریکای شکستپێهێنا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەى، بەڵام نەخۆشی و پیرێتی چۆکی پێ دادا و لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچى دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لاشەکەی دەستوتێنرێت.
دانیشتوانی هاڤانای پایتەختی کوبا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتەبە بیستنی هەواڵەکە توشی شۆک بوون و دڵتەنگ بوون، بەڵام زۆرێک لەو هاوڵاتیە کوبیانەی کە بەهۆی نالەباریی ڕەوشی سیاسی وڵاتەکەیانەوە چوونەتە دەرەوە وڵات، دڵخۆشی خۆیان بە مردنی کاسترۆ نیشاندا.
کاسترۆ کە ساڵى ١٩٢٦ لە خێزانێکى دەوڵەمەند لە دایکبووە، توانی بەیارمەتی (ئارنستۆ چی گیڤارا) شۆڕشگێڕی دیاری ئەمەریکای لاتین و هاوڕێکانییەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی فولجێنكۆ باتیستا بهێنێت و لە ساڵی ١٩٥٩دا بچێتە دەسەڵاتەوە کە بە خێرایى سیستمى حکومڕانى وڵاتەکەى گۆڕى بۆ شیوعى و بەو جۆرە کوبا بوو بە یەکەم وڵات لە جیهانى ڕۆژئاوادا کە سیستمى شیوعى پەیڕەوبکات.
فیدڵ کاسترۆ تا ساڵی ١٩٧٦ سەرۆک وەزیرانی کوبا بووە و دواتریش تا ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆک کۆمار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بەهۆی هەوکردنی ڕیخۆڵەیەوە ڕەوشی تەندروستی بەتەواوەتی تێکچوو، ئەوەش وایکرد لە دوای دوو ساڵ و لە ٢٠٠٨ دا دەستبەرداری دەسەڵات بێت و لە جێگەی خۆی ڕائول کاسترۆی برای دابنێت.
لە ساڵی ٢٠١١ دا دەستبەرداری دوایین بەرپرسیارێتی بوو کە ئەویش پۆستی سکرتێری یەکەمی حزبی شیوعی کوبایە و ئەو پۆستەشی بەهەمان شێوە بۆ ڕائولی برابچوکی جێهێشت.
لە کۆتاییەکانی ژیانیدا، فیدڵ کاسترۆ لە نیمچە دابڕان‌دا ژیانی بەسەربردووە و تەنها سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی وتار بووە لە ڕۆژنامەکان لەبارەی کاروباری نێودەوڵەتیی و جار جاریش چاوی بە سەرکردە بیانییەکان کەوتووە.
کاسترۆ کە کەسایەتییەکی دیاری جەنگی سارد بووە، لە ماوەی ٤٩ ساڵدا بە دەستێکی پۆڵاین و لە چوارچێوەی دەوڵەتەتێکی تاکە حزبیدا کە ئەویش حزبی شیوعییە فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی کردووە، ڕوبەڕوی سیاسەتەکانی ١١ سەرۆکی ئەمەریکی بووەتەوە و بەپێی کتێبی گینیس لە ٦٣٨ هەوڵی کوشتن ڕزگاری بووە.
لە ساڵی ١٩٦١ دا کاسترۆ توانی ڕوبەڕوی هێرشێک لە کەنداوی بەرازەکان لە باشوری کوبا ببێتەوە کە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا بۆ ڕووخاندنی ڕێکیخستبوو.
لە ساڵی ١٩٦٢ دا و دوای جێگیرکردنی موشەکەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەناو خاکی کوبا، بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ قەیرانێکی گەورە لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆن دروستبوو، کە ئەوەش وایکرد جیهان لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی ئەتۆمی نزیک بێت.
بەڵام لەو کاتەوەی ڕائول کاسترۆی تەمەن ٨٥ ساڵ دەسەڵاتی ڕەهای لە کوبا گرتووەتەدەست، ژمارەیەک چاکسازیی ئابووری لە کوبا ئەنجامدراون و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ڕائول لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوت کۆتایی بە دوژمانکاریی نێوان هەردوو وڵات بهێنرێت، لەدوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە دابڕانیش پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
ئەگەرچی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی فیدڵ کاسترۆیان بە شەیتان ناوبردبوو، بەڵام بەلای چینی هەژارەوە فریشتە بووە و زۆرێک لە ڕەوتە چەپەکانی جیهان بە تایبەتی شۆڕشگێرە سۆسیالیستەکان لە ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا بە کەسایەتییەکەی سەرسام بوون و وەک پاڵەوانێک تەماشایان کردووە کە توانیویەتی سەربەخۆیی کوبا لە بەرامبەر ئەمەریکادا بپارێزێت و دژی سیستمی سەرمایەداریی بوەستێتەوە.